"له‌راستیدا گۆڕان‌و یه‌كێتی خاوه‌نی یه‌ك جه‌ماوه‌رن، به واتایه‌كی دی جه‌ماوه‌ری یهكێتیو گۆڕان یه‌كن، به‌ڵام به دو سه‌ركردایه‌تی جیاوازه‌وه"
سازدانی: رۆژنامه
رۆژنامه: به‌هۆی هاتنه‌كایه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه، چه‌ند مانگێكه پێكهاته‌ی سیاسیی كورد گۆڕراوه، ئێوه چۆن له‌و روداوه ده‌ڕوانن؟ پێناسه‌ی ئه‌م هێزه نوێیه له چ چوارچێوه‌یه‌كدا ده‌بینن؟ بونی ئه‌م هێزه چه‌ند كاریگه‌ریی پۆزه‌تیڤی هه‌بوه له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی سیاسیی ههرێمو ئایا ده‌توانین بڵێین، ئه‌م هێزه مانایه‌كی بۆ سیاسه‌ت گه‌ڕانده‌وه؟
خه‌بات عهبدوڵلاَ: پاش راپهڕینو روخاندنی فاشیزمی به‌عسی، ده‌كرێت سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌كو سێیه‌م گرنگترین روداوی مێژوی هه‌ژده ساڵی پێشوی كوردهواری لێی بڕوانرێت.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، یه‌كه‌مین هه‌وڵی جدیی دروستكردنی كه‌لێن بو له‌و سیستمه سیاسییه‌ی كه له چه‌ند بۆنه‌ی تردا به سیستمی (حیزبی قائید) ناوزه‌دم كردوه.
سیستمی سیاسیی كوردیی كه له هه‌ژده ساڵی پێشودا، تاقیگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ههڵتۆقینو ئینتیحاری حیزبی جیاجیا بوه، سیستمێكی بێكێبڕكێو بێئۆپۆزسیۆن بو، ئه‌ڵبه‌ته ئه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه كوردهواری خاوه‌ن هێزگه‌لی ئۆپۆزسیۆن نه‌بوه، ئه‌وه سیستمه سیاسییه‌كه بوه كه هه‌میشه ئۆپۆزسیۆنی كردوه‌ته قه‌ره‌قۆز.
راستییه‌كه‌ی هاوپه‌یمانێتیی ستراتیژی نێوان یهكێتیو پارتی له به‌شێكی گه‌وره‌یدا، هه‌ڵپه‌ساردنی دیموكراسی‌و به دیوێكی تریشدا هه‌ڵپه‌ساردنی كێبڕكێیو ململانێی دیموكراسییانه‌ی نێوان ئه‌و دو هێزه بو. كاركردن به میتۆدی حیزبی قائید رێگر بو له‌وه‌ی، هیچكام له‌و دو حیزبه ئاماده بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وی دی‌دا بچێته كێبڕكێوهو دان به سه‌ركه‌وتنی ئه‌وی دی‌دا بنێت، یان هیچكامێكیان بێنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی دیاریكراویش بێت، یه‌كێكیان له دهسهڵاتداو ئه‌وی تریان ئۆپۆزسیۆن بێت. كاركردن به‌م میتۆده تهقلیدیو نادیموكراسییه وایكرد سه‌ره‌ڕای سازدانی چه‌ندین هه‌ڵبژاردن، سیستمی سیاسی كوردستان له هه‌مو كێبڕكێیه‌ك خاڵی ببێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ش تاقه كێبڕكێی نێوان یهكێتیو پارتی له ساڵی 1992دا كوردستانی به‌ره‌و شه‌ڕێكی ماڵوێرانكه‌ر برد، كوردستان ورده ورده بوه دو ناوچه‌ی قه‌ڵه‌مڕۆی دوجۆر له سیستم، كه میتۆدی كاركردنیان میتۆدی حیزبی قائید بو، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كێبڕكێ‌و ململانێی گه‌ڕانده‌وه ناو سیستمی سیاسی كوردستان.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له به‌شێكی زۆری‌دا گێرانه‌وه‌ی سیاسه‌ت بو بۆ كوردهواری. كوردهواری كه تا ده‌هات ده‌بوه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی حیزبیی به‌ڵام خاڵی له سیاسه‌ت، له میانه‌ی داوه‌تكردنی هاوڵاتی بۆ دهنگدانو گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسه‌كانی چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه، جارێكی تر سیاسه‌ت رۆحی كرایه‌وه به به‌ردا. به‌و پێیه‌ش سیاسه‌ت خۆی كرده‌وه به گشت جومگه‌كانی كوردهواریداو هاته‌وه سه‌ر خوانی هه‌موان. ئاخر گێڕانه‌وه‌ی حورمه‌ت بۆ هاوڵاتی، پێش هه‌ر شتێكی دیكه به‌شداری پێكردنی هاوڵاتییه له سیاسه‌تدا، راستییه‌كه‌ی هاوڵاتی وه‌كو چه‌مكێكی سیاسی- قانونی، ته‌نها له‌میانه‌ی بهشداریپێكردنهوه به مافه‌كانی خۆی شاد ده‌بێت.
به‌شداریكردن هه‌ر به‌ته‌نها مافی ده‌نگدان ناگرێته‌وه. چونكه هه‌روه‌كو چۆن ده‌نگدان مافی هه‌مو هاوڵاتییه‌كه، به هه‌مان شێوه ده‌نگنه‌دانیش مافێكی بێ چه‌ندوچۆنی هاوڵاتییه، له‌وه گرنگتر ره‌خساندنی بواره بۆ گفتوگۆكردنی جدی‌و پشكداری له به‌ڕێوه‌بردنی شار/ كۆمه‌ڵگه‌دا. بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بانگهێشتی هاوڵاتی بو بۆ ئه‌م پرسه گرنگه، بۆ گێڕانه‌وه‌ی مافی هاوڵاتیبون.
رۆژنامه: ئه‌گه‌ر به دیدێكی ره‌خنه‌گرانه‌وه سه‌یری رابردوی ئه‌م هێزه بكه‌ین، ئێوه خاڵه لاواز‌و سلبییه‌كانی له چیدا ده‌بیننه‌وه؟
خه‌بات عهبدوڵلاَ: پێش هه‌رشتێك پێویسته گۆڕان وه‌كو (بزوتنه‌وه)و پاشان گۆڕان وه‌كو (خواست) له یه‌كتر جیابكه‌ینه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وینه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی كه وه‌كو پیاههڵدانو قه‌به‌كردنی رۆڵی بزوتنه‌وه‌كه جاروبار ده‌درێت به گوێمانداو قه‌واره‌ی گۆڕان ته‌نها به ته‌مه‌نی چه‌ند مانگێكی بزوتنه‌وه‌كه پێوانه ده‌كرێت، ده‌بێت قه‌واره‌ی گۆڕان هه‌ر به ته‌نها نه‌به‌ستینه‌وه به مێژوی دروستبونی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه. راستییه‌كه‌ی گۆڕان وه‌كو خواست زۆر پێش ئه‌و مێژوه‌و ده‌نگیش بۆ گۆڕانكاری قه‌ده‌رێكی درێژ ده‌نگێكی دلێرو زیندو بوه. ئه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كردی، جورئه‌تی دروستكردنی ئه‌و سه‌یوانه بو كه دواتر ده‌نگه‌كانی یه‌كخست. گۆڕان وه‌كو خواست ئێستاشی له سه‌ر بێت زۆر زۆر گه‌وره‌تره له قه‌واره‌ی گۆڕان وه‌كو بزوتنه‌وه.
به پێچه‌وانه‌ی خواستی گۆڕانكاری، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش تا ئێستا ته‌عبیره له سیستمێكی ته‌قلیدی كه تیایدا كاریزما/سه‌ركرده‌ی تاكو ته‌نها بزوێنه‌ری سه‌ره‌كییه‌تی.
كاراكته‌ری كاریزمایی كه زیاتر سه‌ر به كۆمه‌ڵگه تهقلیدییهكانهو له میانه‌ی شۆڕش‌و كوده‌تاوه كار بۆ گۆڕانكاری ده‌كات، كه‌متر له خه‌می ریفۆرمی سیستمدایه. راستیه‌كه‌ی چه‌مكی (ئه‌یگۆڕین) كه دروشمی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بو، دروشمێكه زۆرتر بۆ ژێرهوژوركردنی سیستمی باو نه‌ك بۆ كاركردن تیایدا. هه‌ر بۆیه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ناخی خۆیدا هه‌ڵگری پارادۆكسێكی ئێجگار ئاڵۆزه، ره‌نگه هۆكاری ساردبونه‌وه‌ی هه‌ندێ چالاك‌و ئه‌ندامه‌كانی پێوه‌ندی به‌و پارادۆكسه‌وه هه‌بێت، پارادۆكسی گۆڕینی سیستم له لایه‌ك‌و هه‌وڵدان بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ هه‌مان سیستمدا له لایه‌كی دییه‌وه.
گۆڕینی سیستم به شێوه ریشهییهكهی ته‌نانه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش، ئه‌و حه‌زه بو كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی پێ خسته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه، به‌ڵام ئه‌م حه‌زه له‌گه‌ڵ حه‌زی خۆگونجاندن‌و به‌تایبه‌تیش له‌گه‌ڵ حه‌زی ئه‌و ره‌وته كۆنزه‌رڤاتیڤ‌و (پارتیزاده)یه‌ی كه به نیازه ته‌نها له پێناوی شكست پێهێنانی ئه‌وی دی/ یه‌كێتیدا ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ پارتیدا دابه‌ش بكاته‌وه، حه‌زێكی ته‌واو دژه. له‌راستیدا گۆڕان‌و یه‌كێتی خاوه‌نی یه‌ك جه‌ماوه‌رن، به واتایه‌كی دی جه‌ماوه‌ری یهكێتیو گۆڕان یه‌كن، به‌ڵام به دو سه‌ركردایه‌تی جیاوازه‌وه، له هه‌مان سوَنگهوه گۆڕان وه‌كو بزوتنه‌وه ئه‌و ده‌مه له كۆتاییه‌كانی خۆی نزیك ده‌بێته‌وه كه بۆ وه‌ده‌رنانی یه‌كێتی له دهسهڵاتو لوتشكاندنی، ببێته شه‌ریكی پارتی.
شهریكایهتی له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیو ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانێتیش به هه‌مان شێوه‌ی كێبڕكێ‌و ململانێ خه‌سڵه‌تێكی زیندوی دیموكراسییه، به‌ڵام پێداگری پارتیزادهكانی ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌له‌كردن بۆ نزیكبونه‌وه له پارتی‌و پشتگیریكردنی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه له‌هه‌مان كاتدا سه‌رۆكی پارتیشه بۆ گرتنه‌ده‌ستی جڵه‌وی هێزی چه‌كداری كورد‌و هه‌مو ئه‌و پهسنو پیاهه‌ڵدانه بێتامانه‌ی كه له راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌وه به سه‌رۆكی پێشوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ههڵدهدرێتو سه‌رۆكی ئێستای حكومه‌تی پێ بچوك ده‌كرێته‌وه، هیچ گومانێك له‌وه‌دا ناهێڵێته‌وه كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌كو یه‌كێك له خاڵه هه‌ره لاواز‌و له‌هه‌مان كاتدا مهترسیدارهكانیشی، هێشتا ته‌جاوزی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی نه‌كردوه. ئه‌مه‌ش له ساناترین لێكدانه‌وه‌دا گۆڕان وه‌كو بزوتنه‌وه، ده‌كاته‌وه به تاقمێكی جیابۆوه له حیزبی دایك.
یه‌كێك له ده‌ركه‌وته‌كانی تری ئه‌م پارادۆكسه، جیاوازی یان نارۆشنی جیهانبینییه له‌نێوان سه‌ركرده‌و كادره‌كانی جارانی یه‌كێتی ناو بزوتنه‌وه‌كه‌و ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه ئێستا له پهرلهمانو هه‌ندێك داوده‌زگای بزوتنهوهكهدایه.
پێش هه‌ر شتێك پێویسته ئه‌ندام پارله‌مانه‌كانی گۆڕان، ئه‌وه‌یان لا رۆشن بێت كه ئه‌وه خودی خۆیان نه‌بون خه‌ڵك ده‌نگی پێدان به‌تایبه‌تیش كه ئه‌و به‌ڕێزانه ته‌نها ته‌عبیرن له نوخبه‌یه‌كی بچوكی ئه‌كادیمی‌و خه‌ڵكی رۆژنامه‌نوس، به‌ڵكو خه‌ڵك ده‌نگی به‌و سه‌رمایه رهمزیو مه‌عنه‌وییه دا كه به‌درێژایی ته‌مه‌نی یه‌كێتی، به‌شێكی سه‌ركرده‌كانی ئێستای گۆڕان به‌وپه‌ڕی جوامێرییه‌وه كه‌ڵه‌كه‌یان كردبو، خه‌ڵك ئه‌ندام په‌رله‌مانه به‌ڕێزه‌كانی گۆڕانیان نه‌ده‌ناسی، خه‌ڵك ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ی ده‌ناسییه‌وه كه به‌شێكی ئه‌م سه‌ركردایه‌تییه‌ی پێ ده‌ناسرایه‌وه. نه‌وه‌ی نوێ بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك خوێن وایه بۆ جه‌سته، به‌ڵام سپڵهییهكی یه‌كجار گه‌وره‌یه كه جاروبار لێرهولهوێو به‌ناوی (ململانێی نه‌وه‌كان)ه‌وه باس له ململانێی نێوان "نه‌وه‌ی نوێ"ی ناو بزوتنه‌وه‌كه‌و نه‌وه كۆنه‌كه ده‌كرێت.
ئه‌م بێمنه‌تی نواندنه له هاوڕێو تێكۆشه‌ره سیاسییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رهگو ریشه‌ی قوڵی هه‌یه‌و وه‌كو نه‌خۆشییه‌كی پیس خه‌ریكه جه‌سته‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ش ده‌ته‌نێته‌وه.
رۆژنامه: ئێستا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه خۆی ئۆرگانیزه بكات، به رای ئێوه ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه چۆن هه‌نگاو بنێت به‌ره‌و دروستكردنی فه‌لسه‌فه‌ی پارتێكی رامیاری نوێ؟
خه‌بات عهبدوڵلاَ: حیزب‌و رێكخراوی سیاسی كوردیی له بنهإهتدا بونه‌وه‌رێكی نائاساییه، حیزبی كوردیی كه وه‌كو ده‌زگایه‌كی رێكخستنی مۆدێرن‌و به چاولێكه‌ریی له مۆدێلی خۆرئاوایی له نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه ورده ورده په‌یدابو، تاكه مۆدێلی باڵای رێكخستنی كوردهواری بوه. له‌ڕاستیداو به‌هۆی نه‌بونی ده‌وڵه‌ته‌وه، حیزبی كوردیی به‌تایبه‌تیش له‌كاتی سهرههڵدانو شۆڕشدا دهوڵهتۆكهیهكی كوردیی بوه.
حیزب كه له خۆرئاوا سه‌ریهه‌ڵدا جێگه‌ی به دو ده‌زگای تر لێژ كرد، ئه‌وانیش كه‌نیسه‌و خێڵ بون، به‌ڵام له كوردستان حیزب خۆی بۆوه به ته‌كیه‌و دیوه‌خان. له‌به‌رئه‌وه‌ش كه حیزبی كوردیی حیزبی بهرگریو حیزبی "ده‌ره‌وه‌ی قانون" بوه، له‌سه‌رێكه‌وه له بارودۆخێكی نائاساییدا له‌دایك بوه، له‌سه‌رێكی تریشه‌وه ته‌ماهی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا كردوه‌و خۆی بۆته‌وه به ده‌وڵه‌ت. بۆیه هه‌مو ئه‌و ئامڕازو داوده‌زگایانه‌ی كه بۆ ده‌وڵه‌ت پێویستن: هێزی چه‌كدار، ماسمیدیا، پاره‌وپول، حه‌شامات...هتد، ئه‌میش بۆ خۆیی فه‌راهه‌م كردوه.
حیزبی كوردیی مۆدێلێكی ستالینییه كه به پره‌نسیپی سێنتراڵیزمی دیموكراتی كارده‌كات، (پارتی پێشڕه‌و) ئه‌لگۆو سه‌رمه‌شقی حیزبایه‌تیكردنی كوردیی بوه. له‌به‌رئه‌وه‌ش كه به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی دروستكه‌رانی بڕیار له ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا سه‌ر به هه‌مان كایه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردین، بۆیه ئه‌گه‌رچی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی وه‌كو حیزبێك رانه‌گه‌یاندوه، به‌ڵام له‌م یان ئه‌و ره‌فتارو هه‌ڵوێستدا ده‌چێته‌وه ناو هه‌مان جوغز.
راستییه‌كه‌ی نازانم مه‌به‌ستتان له "دروستكردنی فه‌لسه‌فه‌ی پارتێكی رامیاری نوێ" چییه، به‌ڵام پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێش هه‌ر شتێك خاوه‌نی جیهانبینییه‌كی رۆشن بێت كه تیایدا هاوڵاتیو نه‌ته‌وه چه‌قی كاركردنی بن، له بریتی دروستكردنی تاكه‌كه‌سی فهناتیكهو پشتبه‌ستن هه‌ر ته‌نها به حه‌شامات‌و فراوانكردنی كایه‌ی توڕه‌یی، كار بۆ دروستكردنی كولتوری لێبوردهییو ئاڕاسته‌كردنی به‌رهه‌مهێنه‌رانه‌ی خه‌ڵك‌و سه‌رخستنی دۆزی نه‌ته‌وه‌یی كورد بكات.
رۆژنامه: هه‌ندێك له رۆشنبیران بۆچونی جیاوازیان له‌سه‌ر به (حیزببون)ی گۆڕان هه‌یه، هه‌ندێك پێیانوایه ئه‌گه‌ر گۆڕان بڕیاری خۆبهحیزبكردنی دا، ئه‌وا ئینتحار ده‌كات، ئێوه بۆچونتان چۆنه؟
خه‌بات عهبدوڵلاَ: به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچونی هه‌ندێك له‌وانه‌ی هه‌وڵی تیۆریزه‌كردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی گوایه ناحیزبیو نائایدۆلۆژی دهدهنو بزوتنه‌وه‌كه‌یان له خه‌ڵك كردۆته عاجباتی، حیزب ئامڕازی سه‌ره‌كی دیموكراسی مۆدێرنه، چما دیموكراسی مۆدێرن له ده‌ره‌وه‌ی حیزب‌دا بونی هه‌یه؟.
راستییه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خۆی جۆرێكه له رێكخستن. كۆمه‌ڵناسی فه‌ره‌نسی مۆریس دۆڤهرژێ پێیوایه حیزب كۆبونه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه پێكه‌وه به‌مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی چه‌ند ئامانجێكی دیاریكراو كارده‌كه‌ن. حیزب لای هارۆلد لاسویل بریتییه له كۆبونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵه كه‌سانێكی ناو كۆمه‌ڵگه كه كێشه گشتییه‌كان ده‌خه‌نه به‌رده‌م لایه‌نه پێوهندیدارهكانو كاندیدی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ستنیشان ده‌كه‌ن.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی حیزبی سیاسی چه‌ند توخمێكی سه‌ره‌كی له‌خۆده‌گرێت، ئه‌وانیش: جه‌ماوه‌ر، هه‌ندێك بنه‌ماو پره‌نسیپ، رێكخستن، سهركردایهتیو ئنجا هه‌وڵدان بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات. ئاخۆ گه‌لۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌مو ئه‌م توخمانه‌ی له‌خۆیدا كۆنه‌كردۆته‌وه؟.
له‌راستیدا تیۆریزه‌كردن بۆ ناحیزبیبونو نائایدۆلۆژیبونی بزوتنه‌وه‌كه جگه له هه‌وڵێكی ناچڵ بۆ خۆجیاكردنه‌وه له‌وانی دی، چی تر نییه. ئه‌مه هه‌وڵێكه بۆ دروستكردنی جیاوازی. به‌ڵام ترس له دروستكردنی حیزب یان رێكخراوێكی سیاسی لای سه‌رانی بزوتنه‌وه‌كه پێوه‌ندی به دو هۆكاری سه‌ره‌كییه‌وه هه‌یه، یه‌كێكیان ترسه له دوباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌مان ئه‌زمونی حیزبی كوردیی، دوه‌میشیان ترسه له له‌ده‌ستدانی به‌شێك له‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه بزوتنه‌وه‌كه به‌هۆی نادیارییهكهیو شاردنه‌وه‌ی جیهانبینیو بونی ره‌وتی جیاجیا له‌ناو بزوتنهوهكهداو به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی، له خۆیدا كۆیكردونه‌ته‌وه.
ئه‌گه‌ر دان به‌وه‌دا بنێین كه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌كو روداوێكی كتوپڕ سه‌ریهه‌ڵداو هه‌ر به‌و پێیه‌ش زیاد له قه‌واره‌ی خۆی هه‌ڵئاوساو به‌شێوه‌یه‌كی ناسروشتی گه‌شه‌ی كرد، ئه‌وا ده‌بێت بڵێین بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش پێویستی به نۆرماڵیزهكردن هه‌یه. ترس له نۆرماڵیزهكردنهوهی گۆڕان نابێت بزوتنه‌وه‌كه به هه‌ڵواسراوی بهێڵێته‌وه. دواجار پێویسته بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش ببێته‌وه به بونه‌وه‌رێكی ئاسایی‌و له جوغزی بونه‌وه‌ره ئه‌فسانه‌ییه‌كان ده‌ربچێت.
حاڵی حازر بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان جۆرێكه له رێكخستن، ترس له ئاشكراكردنی، ترسه له كه‌شفكردنی نادیار.