دیداری: به‌رهه‌م عومه‌ر
له‌م دیداره‌دا ئاڵا تاڵه‌بانی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان، باس له ماف و داواكارییه‌كانی كورد ده‌كات له حكومه‌تی نوێی عێراقدا، هاوكات ئاڵا پێیوایه كه "به دڵنیاییه‌وه، حه‌قوایه داوای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه نه‌كه‌ین، كورد واباشتر ئه‌مجاره پۆستێكی خه‌ده‌می باشتر وه‌ربگرێت، وه‌كو وتم، وه‌زاره‌تی پلاندانان به وه‌زاره‌تێكی گرنگ ده‌زانم، جگه له چه‌ند وه‌زاره‌تێكی تریش وه‌كو (دارایی و نه‌وت)".
سبه‌ی: هه‌ندێك له چاودێرانی سیاسی پێیان وایه: كورد ناتوانێت پۆستی سیادی وه‌ربگرن، چونكه ئه‌و خاڵانه‌ی هه‌یبو له وه‌رگرتنی پۆستی (سه‌رۆك كۆمار و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان)دا به‌كاری هێناوه، ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه تا چه‌ند راسته؟
ئاڵا تاڵه‌بانی: نه‌خێر وانیه، چونكه من پێم وایه جاری دانوستانی راسته‌قینه بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت یان دابه‌شكردنی پۆسته وه‌زاریه‌كان ده‌ستی پێنه‌كردوه، هه‌روه‌ها میكانیزمی دابه‌شكردنی پۆستی وه‌زاریه‌كان تا ئێستا یه‌كلانه‌بوه‌ته‌وه كه به‌چ میكانیزمێك ده‌بێت، به‌وپێیه‌ی زیاتر له بۆچونێك هه‌یه و هه‌ندێك ده‌ڵێن: به‌شێوه‌ی خاڵ بێت، هه‌ندێكیش باس له‌وه‌ی ده‌كه‌ن به میكانیزمی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن پۆسته‌كان دابه‌ش بكرێت، به‌پێی كورسیه‌كانی په‌رله‌مان وه‌زاره‌تت به‌ركه‌وێت، باس له‌وه‌ش ده‌كرێت ده‌بێت ته‌وافوقی نیشتمانی و حكومه‌تی شه‌راكه‌ت (به‌شداریكردنی هه‌مو پێكهاته‌كانی عێراقی له حكومه‌ت) ره‌چاو بكرێت، چونكه هه‌ندێك پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی له عێراقدا وه‌كو ئاشوریه‌كان و توركمانه‌كان، ئه‌وه‌نده كورسییان به‌ده‌ستنه‌هێناوه كه پۆستێكی وه‌زاریان بدرێتێ، به‌ڵام ده‌بێت ره‌چاوبكرێت له‌وه‌ی كه ئه‌وانیش به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسین و پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌م حكومه‌ت و ده‌وڵه‌ته‌ن، به‌شدارن له په‌رله‌مان و حه‌ز ده‌كه‌ن به‌شداربن.
له‌به‌رئه‌وه تائێستا رێكنه‌كه‌وتون له‌سه‌ر میكانیزمی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كه، بۆیه جارێ دیارنیه كێ چی و چه‌ند وه‌زاره‌تی به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام من ده‌ڵێم: نه‌خێر هاوپه‌یمانی كوردستانی بێجگه له ئیستیحقاقه نهتهویهكهی خۆی و ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردن، به‌پێ خاڵ و ته‌وافوقیش بێت، بۆی هه‌یه داوای پۆستێكی وه‌زاری سیادی بكات له‌گه‌ڵ پۆستێكی خه‌ده‌می و ئینسانی.
سبه‌ی: وه‌كو ئه‌وه‌ی له قسه‌كانتا ئاماژه‌ت پێكرد، بۆ "وه‌رگرتنی پۆستێكی وه‌زاری سیادی"، پێت وایه بۆ قۆناغی ئاینده، چ پۆستێكی سیادی گرنگه بۆ كورد به‌ده‌ستی بێنێت و له دانوستانه‌كاندا هه‌وڵی بۆ بدات؟
ئاڵا تاڵه‌بانی: كۆمه‌ڵێك وه‌زاره‌ت سیادین، به‌ڵام هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندیان راسته‌وخۆ به هه‌رێمه‌وه هه‌یه زیاتر له‌وانیتر، به‌بۆچونی خۆم پێم وایه وه‌زاره‌تی پلاندانان یه‌كێكه له وه‌زاره‌ته زۆر گرنگه‌كان كه كورد داوای بكات، وه‌زاره‌تی به‌رگریش وه‌زاره‌تێكی باشه، وه‌زاره‌تی دارایی وه‌زاره‌تێكی باشه، جگه له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه كه نادرێته‌وه به كورد، هه‌رچه‌نده ئێمه داوای ده‌كه‌ین، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مجاره بۆ كورد نه‌بێت، چونكه له دو خولیدا بۆ كورد بوه، به‌ڵام من پێم وایه به‌ده‌ر له‌وانه وه‌زاره‌تی نه‌وت و وه‌زاره‌تی دارایی گرنگن و حه‌قوایه كورد داوای بكات.
سبه‌ی: ئێستا لایه‌نی كوردی سوربونی كورد پیشان دده‌ن، سوربونی كورد پیشان ده‌ده‌ن بۆ سێباره بهدهستهێناوهوهی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، ئایا به‌باشتری نازانیت ئه‌و هه‌وڵانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی وه‌زاره‌تێكی دیكه‌ی گرنگ بدرێن؟
ئاڵا تاڵه‌بانی: به دڵنیاییه‌وه، حه‌قوایه داوای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه نه‌كه‌ین، كورد واباشتر ئه‌مجاره پۆستێكی خه‌ده‌می باشتر وه‌ربگرێت، وه‌كو وتم، وه‌زاره‌تی پلاندانان به وه‌زاره‌تێكی گرنگ ده‌زانم، جگه له چه‌ند وه‌زاره‌تێكی تریش وه‌كو (دارایی و نه‌وت).
سبه‌ی: ئه‌و قورساییه‌ی ئێستا كورد هه‌یه‌تی له په‌رله‌مانی عێراقدا چه‌ندێك زامنی ئه‌و داخوازیانه‌ی قۆناغی ئایندهی كورد ده‌كه‌ن له عێراقدا؟
ئاڵا تاڵه‌بانی: ئێمه ئه‌م جاره‌ش وه‌كو جاره‌كه‌یتر بگره باشتریش سه‌نگی كورد قورسای كورد ژماره‌ی كورسیه‌كانی نیه ئه‌وه‌نده‌ی بونی خۆیه‌تی وه‌كو مكونێك وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كی عێراقی، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ش پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌رگیرایه‌وه، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌ساسه‌ش یه‌ك له حجێگرهكانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان درایه‌وه به كورد، چونكه ئه‌گه‌ر به‌پێی كورسی بێت، ئێمه چواره‌م كوتله‌ی ناو په‌رله‌مانین، به‌ڵام وه‌رگرتنی ئه‌م پۆستانه وه‌كو پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیه، پێم وایه كورد سه‌نگی زۆر باشتره له‌ناو په‌رله‌مان، به‌ڵام ئه‌مه‌ش ته‌جروبه‌یه‌كی تره و ده‌م و چاوه‌كان گۆڕاون، كوتله‌كان جیاوازیان هه‌یه له‌روی ژماره و چۆنایه‌تیه‌وه، ئێمه له‌به‌رده‌م تهحدیهكی زۆر گه‌وره ده‌بین، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی رابردودا نه‌مانكردوه ئه‌مجاره به‌و سه‌نگه‌ی ئێستا هه‌مانه داخوازیه‌كانی كورد و داكۆكیكردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه تائێستا ده‌ستمان كه‌وتوه كاری باش بكه‌ین.
سبه‌ی: سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد ده‌ڵێت: ده‌بوایه كورد له چه‌ند دانیشتنی یه‌كه‌می په‌رله‌ماندا هه‌ندێك داخوازی خۆی هه‌یه بیخاته به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه و ئیشی له‌سه‌ر بكرێت، ئێوه‌ش به‌رنامه‌ی سێ رۆژی ئایندهی په‌رله‌مانتان وه‌رگرتوه، تا چ ئاستێك بابه‌ته هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان یان ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه گرنگه و په‌یوه‌ندی به ژیانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه هه‌یه، جێگایان كراوه‌ته‌وه له‌به‌رنامه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌ماندا؟
ئاڵا تاڵه‌بانی: ئه‌م كۆبونه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی دادێت كۆبونه‌وه‌ی گشتگیرن، بابه‌تی زۆر تایبه‌تی تێدا نیه، به‌ڕاستی نازانم بابه‌تی چاره‌نوسساز و گرنگ بخرێته ناو به‌رنامه و به‌رنامه‌ی كاره‌وه، چونكه هێشتا په‌رله‌مان سه‌ره‌تای كاره‌كانێتی، به پێچه‌وانه‌وه پێویستمان به‌وه‌یه ده‌ستوبرد بكه‌ین له دروستكردنی لیژنه‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاری ئێمه (كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵ) هه‌موی له‌ناو لیژنه‌كانی په‌رله‌ماندا ده‌بێت، ده‌بێت به‌په‌له لیژنه‌ی به‌دواداچونی ماده‌ی 140 دروست بكه‌ینه‌وه، كه له خولی رابردوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا لیژنه‌یه‌كی كاتی بو، بۆئه‌وه‌ی بتوانین چاودێری ماده‌ی 140 بكه‌ین، من پێم وایه ئێمه ده‌توانین له رێگای لیژنه‌كانه‌وه چاودێری هه‌مو مه‌سه‌له‌كان بكه‌ین و ده‌شكرێت له‌كاتی خۆی و دوای ده‌ست به‌كاربونی لیژنه‌كان به‌رنامه‌كانی دیكه‌مان له بواری خوێندنی باڵا، خزمه‌تگوزاریی، دارایی...هتد، له رێگای لیژنه‌كانه‌وه پێشنیاری بكه‌ین، جا ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی یاسابێت یان ئه‌گه‌ر پێویستی به بڕیارێك هه‌بێت، بیخه‌ینه ناو به‌رنامه‌ی كاری په‌رله‌مانه‌وه.
سبه‌ی: لایه‌نی كوردی چ به‌رنامه‌یه‌كی ئاماده‌كردوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوانه‌ی له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌نددا به‌بێ چاره‌سه‌ر ماونه‌ته‌وه، به تایبه‌تی ماده‌ی 140؟
ئاڵات تاڵه‌بانی: به‌ڵێ به‌رنامه‌مان هه‌یه و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێم، كۆمه‌ڵێك خاڵ له‌خۆده‌گرێت كه به‌رنامه‌ی كارمانه، له‌وانه مه‌سه‌له‌ی چاككردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، هه‌روه‌ها ئه‌و 19 خاڵه‌ی كه فراكسیۆنه‌كان كردویانه‌ته به‌رنامه، هێشتا به‌رنامه‌ی حكومه‌ت پێشكه‌ش نه‌كراوه، جێبه‌جێكردنی داخوازیه‌كانی ئێمه و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان هه‌موی له په‌رله‌مان نیه و به‌شێكی له سوڵته‌ی جێبه‌جێكردندایه، په‌رله‌مان ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه و یاسا ده‌رده‌كات و یاسا هه‌موار ده‌كات، بڕیاری خراپ ره‌تده‌كاته‌وه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن به ته‌واوه‌تی له‌لای حكومه‌ته، حكومه‌تیش هێشتا پێك نه‌هاتوه، داخوازییه‌كانی ئێمه چ 19 خاڵهكه و چ هه‌ر داخوازیهكیتر... ده‌بێت له به‌رنامه‌ی حكومه‌تدا جێگای بكه‌ینه‌وه، ده‌بێت چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه نوری مالیكی دوای ئه‌وه‌ی ته‌كلیف ده‌كرێت به‌ره‌سمی له كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا، 30 رۆژی له به‌رده‌مدا ده‌بێت بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت و دانانی به‌رنامه‌كه‌ی، ده‌بێت به‌رنامه‌كه‌ی مالیكی كه هاته په‌رله‌مان ئه‌و داخوازیانه‌ی ئێمه له خۆ بگرێت و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ئێمه متمانه‌ی پێده‌ده‌ین و موساده‌قه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
سبه‌ی: ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی كه لیستی ئه‌لعێراقیه سوره له‌سه‌ری كه ده‌بێت دروستبكرێت (ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی بۆ سیاسه‌تی ستراتیژی عێراق)، تا چ ئاستێك كورد ئه‌توانێت تێدا چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی خۆی تێدا یه‌كلای بكاته‌وه؟
ئاڵا تاڵه‌بانی: هێشتا زوه حكوم بده‌ین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی بۆ سیاسه‌تی ستراتیجی بتوانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام پێموایه ئه‌وه یه‌كێك له رێگاكان بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌مو ئه‌و كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوانه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
جاری دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه كارێكی ئاسان نیه، پێش هه‌مو شتێك ده‌بێت یاسایه‌ك ده‌ربكرێت له په‌رله‌مان، ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه‌ش مشت‌و مڕێكی زۆری ده‌وێت له په‌رله‌مان، ئایه ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه چیه، ئه‌ندامه‌كانی چۆن ده‌بن، بیرمان نه‌چێت كورد به دڵنیاییه‌وه ئه‌ندام ده‌بێت له‌و ئه‌نجومه‌نه و له‌سه‌ر ئاستی باڵا نوێنه‌رایه‌تی ده‌بێت، من پێم وایه پێكهێنانی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه ساڵێك ده‌خایه‌نێت، به‌ڵام تا ئه‌و كات ئێمه ده‌بێت له رێگای په‌رله‌مان و سوڵته‌ی جێبه‌جێكردنه‌وه كێشه‌كانی خۆمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.