سازدانی: سبه‌ی
به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌ڵبه‌ندی كلتوریی كورد له ده‌نهاخ، بڕوای وایه، كه «ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه پێویسته بۆ دروستكردنی لۆبی له ره‌وه‌ندی كوردیدا زۆر لاوازن».
ئازاد كاكه‌ڕه‌ش له‌م دیداره‌دا له‌گه‌ڵ سبه‌ی سه‌باره‌ت به دروستكردنی لۆبی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌دوێت، هاوكات باسی چالاكییه‌كانی مهڵبهندهكهشیان ده‌كات.
سبه‌ی: سه‌ره‌تا به له‌وه‌وه ده‌ست پێ بكه‌ین، ئێوه ماوه‌یه‌كی درێژه وه‌ك كوردێك له ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ژین، ئایا ره‌وه‌ندی كوردی له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به تایبه‌ت له ئه‌وروپا چی كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه له‌سه‌ر ناساندنی كێشه‌ی كورد؟
ئازاد كاكه‌ڕه‌ش: كاریگه‌ری زۆری هه‌بو، هه‌ر له‌دوای ساڵی 1975ه‌وه ره‌وه‌ندی كوردی وه‌ك ره‌وه‌ندێكی سیاسی هاتۆته وڵاتانی ئه‌وروپا، باكگراوندێكی سیاسی هه‌بوه، هه‌ر له‌وكاته‌وه له روداوی جیاوازدا بۆ وڵاتانی خۆرئاوا كۆچیكردوه، له‌كاتی شه‌ڕی ئێران-عێراقدا، كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفاله به‌دناوه‌كه، كۆڕه‌وی ساڵی 1991 و كۆڕه‌وی 31ی ئاب، كۆمه‌ڵی كورد وه‌نه‌بێ لێره كاریان بۆ مه‌سه‌له ره‌واكه‌یان نه‌كردبێت، له هه‌ر وڵات و به‌شێكی زۆری شار و شارۆچكه‌كان خۆیان رێكخستۆته‌وه چ له رێكخستنی حیزبی‌دا بوبێت یان رێكخراوی كلتوری و رۆشنبیرییان دروست كردوه، به‌شێوازی جۆراوجۆر سته‌می ده‌سه‌ڵاتی ناوخۆ یان ده‌ره‌كیان گه‌یاندۆته لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار له‌و وڵاته‌ی كه تیا ژیاون. تۆڕێكی به‌رفراوانیان دروست كردوه له‌ڕوی په‌یوه‌ندییه‌وه به ڕێكخراوه حكومی و ناحكومییه‌كان، توانیویانه له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته یان په‌رله‌مانی ئه‌وروپی چه‌ندین چاوپێكه‌وتن و كۆڕ و سیمینار سازبده‌ن، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌یان په‌رله‌مانتاری ئه‌و وڵاتانه و چه‌ندین كه‌سایه‌تی سیاسی و زانستیان بردۆته‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان و له‌نزیكه‌وه ئاڵوگۆڕی فكر و دیدوبۆچون و پێشخستنی په‌یوه‌ندی دولایه‌نه كراوه و ئه‌مه و چه‌ندین كاری دی كه ئه‌مڕۆ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی، ئابوری ده‌نگ و ره‌نگی هه‌یه، نمونه‌ی چه‌ندین خوێندكار توانیویانه له بواره جیاجیاكاندا دبلۆم به‌ده‌ست بهێنن و به‌ئه‌زمونێكی زۆره‌وه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ كوردستان، نمونه‌یه‌كی تر مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورد له‌شاری ده‌نهاخ پێشنیاری كۆنگره‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی (كۆنگره‌ی به جینۆسایدناساندنی ئه‌نفال ساڵی 2008) كرد له شاری هه‌ولێر، كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی لێ‌كرد، له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی تر چه‌ندین په‌رله‌مانتار و كه‌سایه‌تی زانستی گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردستان، چه‌ندین رێكخراوی تریش هه‌مان هه‌ڵوێستیان هه‌بوه، وێڕای تۆڕێكی ئینته‌رنێتی به‌هێز كه كوردستان ده‌به‌ستێته‌وه به هه‌مو جیهان.
سبه‌ی: پێتوانییه دروستكردنی لۆبی كوردی پێویستێیهكه بۆ ئه‌مڕۆی كورد، بۆ رێكخستنی ره‌وه‌ندی كوردی و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌رێم و هه‌مو به‌شه‌كانی تری كوردستان؟
ئازاد كاكه‌ڕه‌ش: پێشه‌كی پێویسته بیڵێم لۆبی چیه؟
لۆبیكردن پرۆسه‌یه‌كه كه رێكخراو و گروپه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن كاریگه‌ریان له‌سه‌ر بڕیاردانی لایه‌نێك یا ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراو هه‌بێت. لۆبی بریتیه له هاندانی ئه‌و لایه‌نانه‌ی له بڕیاردانه‌وه نزیكن و كوَمهڵێك گروپ و رێكخراو پێیهه‌ڵده‌سن به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسیه‌كان له پله‌ی یه‌كه‌مدا یا به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری، كۆمه‌ڵایه‌تی یان یاسایی.
ئه‌م رێكخراو و گروپانه ئامانجی مه‌ودا دوریان هه‌یه و ده‌یانه‌وێت به‌ڕێگه‌ی فشاركردنێكی زۆری به‌رده‌وامی رێكخراو له‌سه‌ر سه‌نته‌ره‌كانی بڕیاردان به‌ده‌ستبهێنن. له‌م پرۆسه‌یه‌دا سه‌رمایه و رۆژنامه و راگه‌یاندن رۆڵێكی زۆر كاریگه‌ریان هه‌یه تا زۆرترین فشار له‌لایه‌ن هاوڵاتیانی ئاساییه‌وه بخوڵقێنن و ئه‌مه‌ش به‌ده‌وری خۆی رای گشتی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌كارده‌هێنرێت. نمونه‌ی زیندومان هه‌یه وه‌ك لۆبی جوله‌كه‌كان، له‌سه‌ر ئاستی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و زۆر له وڵاتانی دونیا كاریگه‌رییان هه‌یه و له‌وێشه‌وه خزمه‌ت به وڵاته‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن. به‌ڵام بۆ ئێمه‌ی كورد نه‌توانراوه لۆبی دروست بكرێت و ئه‌و پێكهاتانه‌ی كه پێویسته بۆ دروستكردنی لۆبی له ره‌وه‌ندی كوردیدا زۆر لاوازن، ده‌كرێت بپرسین بۆچی؟ هه‌ر له پێناسه‌كه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه لۆبی پێویستی به ئابورییه‌كی به‌هێز و كۆده‌نگی سیاسی و راگه‌یاندنێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه، ئه‌مه له ره‌وه‌ندی كوردیدا به‌دی ناكرێت، چونكه حیزبه‌كان به‌تایبه‌تی حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی كوردستان ده‌ور و كاریگه‌ریی سلبیان هه‌یه له تهوعیهكردنی به‌شێكی زۆری ره‌وه‌ندی كوردی، به‌كورتییه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان پیاده‌ی ده‌كه‌ن به‌شێوازی جۆراوجۆر له‌ناو به‌شێكی ره‌وه‌ندی كوردیشدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، ئه‌م دابه‌ش بونه وای كردوه كه بڵێم لۆبی ئه‌سته‌مه له‌ناو ره‌وه‌ندی كوردی دروست بێت.. نمونه‌یه‌ك باس بكه‌م خۆپیشاندانێك بكرێت، كه له په‌رژه‌وه‌ندی كۆی میلـله‌ت و هه‌رێمی كوردستان بێت گه‌ر لایه‌نێك مۆڵه‌تی بۆ وه‌رگرتبێت ئه‌وا لایه‌نه‌كانی تر ئاماده نابن، بیر له‌وه ناكرێته‌وه كه ئه‌مه بۆ په‌رژه‌وه‌ندی میلـله‌ته. بهحیزبیبونی به‌شێكی ره‌وه‌ندی كوردی و جێبه‌جێ كردنی به‌رنامه‌ی حیزبی له ده‌ره‌وه كاریگه‌ری خراپی دروست كردوه له‌سه‌ر به‌ش به‌ش بونی رهوهندهكه، ئه‌و سزا سیاسیه‌ی كه له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه جۆره ترسێكی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ش دروست كردوه كه پهرژهوهندییهكی بچوكیان هه‌یه له كوردستان، به‌كورتیه‌كه‌ی لای ده‌سه‌ڵاتداران حیزب ئامانجه. گه‌ر بپرسن وانیه! شه‌ڕی ناوخۆ له‌مێژودا زۆر دور نییه، هه‌ر لایه و هێزی وڵاتێكی ئیقلیمی هێنا بۆ ده‌ركردنی ئه‌ویتر، نمونه‌یه‌كی تر، له باڵوێزخانه‌كانی عێراق به‌پێی ده‌ستور هه‌رێمه‌كان ده‌توانن نوێنه‌رایه‌تی خۆیان هه‌بێت، به‌ڵام تا ئه‌مساته ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد ئه‌م مافه دهستوریهیان پشتگوێ خستوه، زیاتر بایه‌خ به نوێنه‌رایه‌تی حیزبی و رێكخراوه‌كانیان له‌ده‌ره‌وه‌ی باڵوێزخانه‌كان ده‌ده‌ن، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه ره‌وه‌ندی كوردی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی بێچاره‌سه‌ری هه‌یه وه‌ك دو ناوی و ئه‌و خوێنكارانه‌ی كه‌وا پسوڵه‌ی مانه‌وه‌یان نییه له‌م وڵاتانه‌دا. ئه‌مه‌یه خهتهرییهكه كه ده‌سه‌ڵاتداران له‌كوردستان حیزب و بنه‌ماڵه‌یان كردۆته ئه‌مانج.. له ئه‌وروپاش درێژه به‌و سیاسه‌ته‌یان ده‌ده‌ن.. كه‌واته لۆبی له ئه‌وروپا و به‌و عه‌قڵیه‌تی حیزبیه و به‌م شێوه‌یه ناكرێت.
سبه‌ی: ئه‌وه‌ی كه له ئه‌وروپادا ده‌بینرێت و كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌ر شه‌قامه‌كانی ئه‌وروپا كوردانی توركیان (باكوری كوردستان) یان بڵێین ئه‌و كوردانه‌ن كه له په‌كه‌كه‌وه نزیكن، به‌ڵام كوردانی باشور (هه‌رێمی كوردستان) ئه‌و كاریگه‌رییان نییه یان به‌وشێوه‌یه نییه كه توانیبێتیان له مهسهلهكاندا به یه‌ك ده‌نگ و ره‌نگ بێنه وه‌ڵام، هۆكاری ئه‌مه چییه؟
ئازاد كاكه‌ڕه‌ش: كوردانی باكوری كوردستان له‌لایه‌ك ژماره‌یان زیاتره، رێكخستنێكی پته‌ویان هه‌یه و هێزێكی ئابوریشن... سه‌باره‌ت به كوردانی باشور هه‌روه‌ك له پێشه‌وه ئیشاره‌م پێداوه، حیزب به ئه‌قڵیه‌تی شاخ به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان هاته گۆڕه‌پانی ئه‌وروپا، بۆ نمونه ساڵی 1975 یه‌كه‌م ده‌سته‌ی كورد هاتنه هۆڵه‌ندا هه‌ر له‌ناو فڕۆكه‌كه‌دا بو بون به دو به‌شه‌وه كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه كه بارودۆخی سیاسی كوردستان راسته‌وخۆ ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ره‌وه‌ندی كوردی هه‌بوه و هه‌یه‌تی، كه بوار نه‌دراوه به به‌شێكی زۆری كوردانی ده‌ره‌وه كه ئینتیمای نه‌ته‌وه بكه‌نه ئامانج و سودمه‌ند بن له ئه‌زمونی كه‌مه نه‌ته‌وه‌كانی تر، حیزب به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بوبێت ده‌ستی وه‌رداوه‌ته ناو به‌شێكی زۆری رهوهندهكهوه و به خزمه‌تی خۆی پێش خزمه‌ت به‌نه‌ته‌وه كاری له‌سه‌ر كردوه، به‌ڵام هه‌نوكه هاوكێشه‌كه گۆڕدراوه، له‌وه‌ته‌ی ئۆپۆزسیۆن هاتۆته مه‌یدانه‌وه كوردانی باشور هه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه ده‌ركه‌وت كه گیانێكی تازه‌یان بهبهرداهاتوه و ئه‌و له‌ده‌ستدانه‌ی پێش‌و ورده ورده ده‌گه‌ڕێته‌وه.
سبه‌ی: ئێوه به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌ڵبه‌ندی كولتوری كوردن له ده‌نهاغ، ده‌كرێت بزانین ئه‌و مه‌ڵبه‌نده چییه و چی كاریگه‌رییه‌كی هه‌یه، یان ئێوه ساڵانه چه‌ند سیمنار و كۆبونه‌وه‌یه‌ك بۆ یاده‌کانی ئه‌نفال و كیمیابارانه‌وه سازده‌ده‌ن، ئه‌وه‌ی ئێوه ده‌كه‌ین چ كاریگه‌رییه‌كی هه‌بوه له‌سه‌ر ناساندنی كاره‌سات و مه‌ینه‌تییه‌كانی كه به‌سه‌ر كورددا هاتوه، یان به‌دیوێكی تردا ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی ئێوه ته‌نها ئه‌و چالاكیانه ئه‌نجام ده‌دات كه په‌یوه‌ندی به هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌بێت؟
ئازاد كاكه‌ڕه‌ش: مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورد له‌سه‌ره‌تای دروست بونیه‌وه وه‌ك پێداویستییه‌كی كوردانی ئێره دروست بو، وه بوه پردێكیش له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌نده، دیاره ئه‌م جۆره رێكخراوانه رێكخراوێكن شه‌رعیه‌تی یاساییان هه‌یه، ئه‌و چالاكییانه‌ی كه سازی ده‌كه‌ین، به‌شێكی زۆری ئه‌و بابه‌ت و ته‌وه‌رانه‌ن كه تایبه‌ته به ژیانی هۆڵه‌نده، له‌ڕوی خۆگونجاندن، دیالۆگ له‌نێوان گروپه جیاجیاكانی هۆڵه‌نده، كۆڕ‌و سیمینار له‌سه‌ر توندوتیژی دژ به ژنان، چۆنیه‌تی خۆگونجاندن له‌نێوان دو كلتوری جیاوازدا، یاساكانی ئه‌م وڵاته و ماف و ئه‌ركه‌كانی. بێگومان به‌ده‌ریش نین له ئه‌ركه نه‌ته‌وایه‌تیه‌كانمان كه له‌و چالاكییانه‌ی تایبه‌ته به كوردستان ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوه، هه‌مو ساڵێك بۆ یاده‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه چالاكی سازده‌كه‌ین به‌هه‌مه‌ئاهه‌نگی له‌گه‌ڵ چه‌ند رێكخراوێكی تر، هه‌روه‌ها ڤێستیڤاڵی نه‌ورۆز ساڵانه له به‌رنامه و پلانی مهڵبهندهكهدایه، ئه‌مه و بێجگه له‌وه‌ی كه چه‌ندین پسپۆر له بواره جیاجیاكاندا له هه‌رێمی كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌نده بانگهێشتمان كردون به‌شدار بون له چالاكییه‌كانی مه‌ڵبه‌ندا. سه‌ره‌ڕای مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورد، به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگایه‌كم به‌ناوی ده‌زگای پێكه‌وه‌كاركردنی رێكخراوه كوردییه‌كان له هۆڵه‌ندا، كه پێكهاتوه له 8 رێكخراو، سێ رێكخراوی باشوری كوردستانه و پێنج رێكخراوی باكوری كوردستانه، له‌به‌رنامه‌ی كارماندایه كه ڤیستیڤاڵی نه‌ورۆز به‌ناوی ئه‌و ده‌زگایه‌وه بكه‌ین، هه‌روه‌ها بۆ یادی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌رنامه‌مان هه‌یه. كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوانه و پێكه‌وه كاركردن متمانه‌ی زیاتر ده‌به‌خشێته ره‌وه‌ندی كوردی و ده‌زگا و لایه‌نه هۆڵه‌ندییه‌كانیش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هاوكاریمان ده‌كه‌ن و رٍویهكی جوانیش پێشكه‌ش به ئێره ده‌كه‌ین.
سبه‌ی: وه‌ك ئاشكرایه ئێستا ئێوه یه‌كێكن له هه‌ڵسوڕاوه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له هۆڵه‌ندا، بۆچی كاركردنتان له‌م بزوتنه‌وه سیاسییه‌دا هه‌ڵبژاردوه له كاتێكدا ئه‌ركێكی تریشتان له‌سه‌ر شانه كه به‌ڕێوه‌بردنی مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورده له ده‌نهاغ؟
ئازاد كاكه‌ڕه‌ش: ئه‌ركێك كه تایبه‌ته به كۆمه‌ڵی كورد له هۆڵه‌نده، ئه‌و چالاكیانه‌یه كه مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورد و ده‌زگای پێكه‌وه‌كاركردنی رێكخراوه كوردییه‌كان پێشكه‌شی ده‌كات، ئه‌ركێكی تر نه‌ته‌وه‌ییه، په‌یوه‌ندی به هاوكێشه سیاسیه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان زه‌روره‌تێكی مێژوییه، لای هه‌موان ئاشكرایه كه سیسته‌می سیاسی له هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و چ ئاقارێك ده‌ڕوات بۆیه كاركردن له بزوتنه‌وه‌یه‌كی وادا كه ئێمه لێره ده‌توانین له‌ڕوی تۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كانمانه‌وه خزمه‌ت به‌و به‌رنامه‌یه بكه‌ین كه گۆڕین دروست ده‌كات له‌هه‌رێمی كوردستان.. ئاشكرایه له‌پرۆسه‌ی دیموكراتیدا پێویسته ئۆپۆزسیۆن هه‌بێت گه‌ر نا ئه‌و سیسته‌مه به‌ره‌و تاكڕه‌وی ده‌ڕوات.
سبه‌ی: دوای سه‌رهه‌ڵدانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تاڕاده‌یه‌ك هه‌ست به‌وه ده‌كرێت كه كوردانی باشور چالاكتربون و چالاكیتان هه‌یه چی له‌خۆپیشاندان یان یاداشت ناردن بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌ته‌كانی ئه‌وروپا له‌سه‌ر كێشه و گرفته‌كانی هه‌رێم، وه‌ك تۆپبارانی سنوره‌كان له‌لایه‌ن توركیا و ئێرانه‌وه یان ئه‌وه‌ی بۆ نانبڕاوه‌كان كردتان یان ئه‌وه‌ی ئێستا بۆ یاسای خۆپیشاندان ده‌یكه‌ن، هۆكاری ئه‌مه چییه؟ بۆ ئێستا ئه‌وه به‌ره‌یه له ره‌وه‌ندی كوردی فراوان بوه كه هه‌ست ده‌كه‌ن بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان و روداوه‌كان كاریگه‌ری له‌سه‌ریان هه‌یه؟
ئازاد كاكه‌ڕه‌ش: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌روازه‌یه‌كی كردۆته‌وه له‌وپه‌ڕی چه‌پ بۆ ئه‌وپه‌ڕی راست، هه‌ڵگری به‌رنامه‌ی چاكسازییه، و ئه‌و ته‌وقه حیزبیه نه‌ماوه بۆیه ره‌وه‌ندی كوردی بۆ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌ك كه وابه‌سته بێت به ژیانی خه‌ڵكه‌وه له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی و هه‌ڵوێست ده‌نوێنێت.
سبه‌ی: وه‌ك مه‌ڵبه‌ندی كولتوری كورد له ده‌نهاغ و وه‌ك تاكێكی كوردی و هه‌ڵسوڕاوێكی گۆڕان، چی به‌رنامه‌یه‌كتان هه‌یه له 2011دا كاری له‌سه‌ر بكه‌ن كه په‌یوه‌ندی به كوردستان و كورده‌وه هه‌بێت؟
ئازاد كاكه‌ڕه‌ش: وه‌ك مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورد بۆ ساڵی 2011 چه‌ندین پڕۆژه‌مان له بواره جیاجیاكاندا هه‌یه كه په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵی كورده‌وه هه‌یه له هۆڵه‌ندا، بانگهێشت كردنی چه‌ند پسپۆڕێك له هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی تر بۆ ئه‌و چالاكییانه. به‌رنامه‌مان هه‌یه بۆ یاده‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه. هه‌روه‌ها جیا له‌كاره‌كانی مه‌ڵبه‌ندی كلتوری كورد، وه‌ك گۆڕان له به‌رنامه‌ماندا هه‌یه كه په‌خشێكی رادیۆمان هه‌بێت كه كوردستانیش بگرێته‌وه، ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ی ئێستا هه‌مانه به زمانه‌كانی هۆڵه‌ندی، عه‌ره‌بی و ئینگلیزی ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت.