سازدانی : هۆشیار عه‌بدوڵا
له دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ی روبه‌ڕو نه‌وشیروان مسته‌فا باس له دواین روداوه‌كانی هه‌رێمی كودستان و خۆپیشاندانه‌كان ده‌كات، هاوكات باس له به‌رنامه و پڕۆژه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستا و رایده‌گه‌یه‌نێت: " له‌راستیدا ئه‌م خۆپیشاندانانه نه ده‌ستی ئێرانیان له‌پشته نه ده‌ستی شۆڤێنییه‌كانی عه‌ره‌بیان له‌پشته، نه‌ده‌ستی ئێمه‌یان له‌پشته، به‌ڵكو ئه‌مه كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكن داواكارییه‌كی ره‌وایان هه‌یه كه پێویسته ئه‌م حكومه‌ته و حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌ده‌نگیانه‌وه بچن، له‌باتی ئه‌وه‌ی تۆمه‌تی ناڕه‌وایان بخه‌نه‌پاڵ هه‌قی وایه داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن".
KNN: با له به‌یاننامه‌كه‌ی 17ی مانگه‌وه ده‌ست پێبكه‌ین كه تیایدا باستان له‌وه كردوه رێگا نه‌درێت كاری گێره‌شێوێنی ئه‌نجام بدرێت، ئه‌وه‌ش وا لێكدرایه‌وه كه ئێوه به خۆپیشانده‌ران ده‌ڵێن گێرشێوێن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: بێگومان ئێمه به خۆپیشانده‌ران ناڵێین گێره‌شێوێن، هه‌رگیز وایان پێ ناڵێین، ره‌نگه له‌ناو چه‌ند هه‌زار خۆپیشانده‌رێكدا چه‌ند كه‌سێكی تیا بێت كه بیانه‌وێت گێره‌شێوێنی بكه‌ن، به‌ڵام ئێمه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه كاتێك كه یاسای خۆپیشاندان هاته ناو په‌رله‌مانه‌وه، هه‌مو كه‌س ده‌زانێت ئێمه چۆن داكۆكیمان كردوه له‌وه‌ی كه یاسایه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ی هاوچه‌رخ بۆ خۆپیشاندان دابنرێت، ئێمه پێمان وابه خۆپیشاندان مافێكی ئاسایی هه‌مو هاوڵاتیانه، یه‌كێكه له شێوازه‌كانی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی، ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی له‌و رۆژه‌دا ئه‌نجامدرا، ئێمه له‌سه‌ر كاته‌كه‌ی رازی نه‌بوین، پێمان باش نه‌بو له‌وكاته‌دا و له‌و رۆژه‌دا خۆپیشاندان بكرێت، هه‌روه‌ها ئێمه له پێكهاته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی خۆپیشاندانه‌كه‌دا به‌شدار نه‌بوین، به‌ڵام ئه‌و رونكردنه‌وه‌یه‌ی ئێمه دهرمانكردوه هی كاتێكه كه هێشتا ته‌قه نه‌بوه و هێشتا خوێنی تیا نه‌ڕژاوه، به‌ڵام كاتێك كه زانیاریمان پێگه‌یشت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه جارێكی تر ته‌قه له خۆپیشانده‌ران كراوه و خوێنی تیا رژاوه و گه‌نجی كوردی تیا كوژراوه، ئێمه یه‌كه‌م شت كه كردمان به‌یاننامه‌كه‌مان كێشایه‌وه، دوه‌م شت كه كردمان روماڵی هه‌مو روداوه‌كانمان كرد، ئێمه كه‌وتینه نێوان دو شته‌وه، له‌نێوان ئه‌وه‌ی كه ئێمه به‌رگری له باره‌گای حیزبێك بكه‌ین، به‌رگی له كورسی و قه‌نه‌فه و مێز بكه‌ین، یاخود به‌رگری له خوێنی گه‌نجی كورد بكه‌ین، به‌رگری له ژیانی هاوڵایی كورد بكه‌ین، بێگومان ئێمه خوێنی گه‌نجی كورد و ژیانی هاوڵاتی كوردمان هه‌ڵبژارد، له‌به‌رئه‌وه له نێوان به‌رد و گوللـه‌دا ئێمه به‌ردمان هه‌ڵبژارد و كه‌وتینه ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م به‌یاننامه‌كه‌مان كێشایه‌وه و دوه‌م روماڵی هه‌مو روداوه‌كانمان به‌فراوانی كرد له رادیۆ و له ته‌له‌فزیۆن و له سه‌رجه‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندندا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئێمه كه‌وتینه دیفاعێكی سیاسی، دیفاعێكی قانونی، دیفاعێكی ئیعلامی له خۆپیشانده‌ره‌كان و مافی خۆپیشانده‌ره‌كان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌قیان نه‌فه‌وێت له ئه‌نجامی ئه‌مانه‌ش ئێوه خۆتان ده‌زانن هێزێكی زۆر گه‌وره هاتنه سه‌رمان.
KNN: بابێینه سه‌ر خۆپیشاندانه‌كان، كێن ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر جاده‌ن؟ یاخود خۆپیشانده‌ران كێن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر جاده‌ن له راستیدا ئه‌وانه نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕینن، ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر جاده‌ن ئێستا خۆپیشاندان ده‌كه‌ن ئه‌وانه نه‌وه‌یه‌كن كه پێیان وایه نه‌وه‌ی ئێمه واته نه‌وه‌ی پێش راپه‌ڕین، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی كه له خه‌باتی ژێرزه‌مینیدا كاری كردوه، كه له شاخدا كاری كردوه، ئێستا ئیحتیكاری هه‌مو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی حكومڕانی و حیزبایه‌تییان له كوردستاندا كردوه، ئه‌و نه‌وه‌یه‌ن كه خۆیان وا ته‌سه‌ور ده‌كه‌ن كه مه‌حرومن له به‌شداریكردن له ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری‌دا، نه‌وه‌ی نوێن، جیاوازی ئه‌و نه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئێمه‌دا ئه‌وه‌یه كه له زه‌مانی ئێمه‌دا نه سه‌ته‌لایت هه‌بوه نه ته‌له‌فزیۆن هه‌بوه، نه مۆبایل هه‌بوه نه ئیمه‌یڵ هه‌بوه نه ئینته‌رنێت هه‌بوه، ئه‌مانه هیچیان نه‌بون، ئه‌مانه نه‌وه‌یه‌كن كه‌وتونه‌ته ژێر كاریگه‌ریی ته‌كنه‌لۆجیای دنیا و شۆڕشی ته‌كنه‌لۆجیای نوێوه، نمونه‌یه‌ك: له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه به‌گوێره‌ی هه‌ندێك له‌و سه‌رژمێرییانه‌ی كه ئێمه له‌لامانه، زیاتر له 50 هه‌زار گه‌نجی كورد خوێندنی باڵایان ته‌واو كردوه له زانكۆكان و په‌یمانگاكانی كوردستانی عێراقدا، له‌و 50 هه‌زار كه‌سه ئه‌گه‌ر بێیت حساب بكه‌یت بڕواناكه‌م 50 كه‌سیان توانیبێتی بگاته ناوه‌نده‌كانی بڕیاردان چ له سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان و چ له حكومه‌تدا، سه‌یری مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كان، سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كان، به‌رپرسی لقه‌كان، به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كان، وه‌زیره‌كان، بریكاری وه‌زیره‌كان، به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان، باڵیۆز و كونسوڵه‌كان، له كێ هه‌ڵبژێردراون؟ له نه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵبژێردراون كه نه‌وه‌ی پێش راپه‌ڕینن، نه‌وه‌ی دوای راپه‌ڕین خۆی به خاوه‌ن ده‌زانێت، راسته فریای ئه‌وه نه‌كه‌وتوه پێشمه‌رگایه‌تی بكات، فریای ئه‌وه نه‌كه‌وتوه له ئه‌شكه‌وتدا بژی، فریای ئه‌وه نه‌كه‌وتوه خه‌باتی ژێرزه‌مینی بكات، به‌ڵام به مافی سروشتی خۆی ده‌زانێت كه له داموده‌زگاكانی ئێستای هه‌رێمی كوردستان چ داموده‌زگا حیزبییه‌كان بێت چ داموده‌زگا حكومه‌تییه‌كان بێت به‌شی خۆی هه‌بێت، ئه‌مه ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی دوای راپه‌ڕینه كه هه‌ست به‌وه ده‌كات به‌شێكه له به‌شداریكردن له ده‌سه‌ڵاتی سایسیدا له ژیانی ئابوری‌دا له ژیانی رۆشنبیری‌دا ده‌یه‌وێ به‌شی خۆی وه‌ربگرێت و مافی خۆشیه‌تی، بۆیه ئێمه پشتیوانی لێ ده‌كه‌ین.
KNN: ده‌وترێت ئه‌و خۆپیشاندانانه ده‌ستی ده‌ره‌كی له پشته‌وه‌یه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌مه زۆر له‌ملا و له‌ولا ئه‌وترێ، ئه‌مه نه‌ك هه‌ر ده‌سه‌ڵاتداری كوردی گه‌لێك ده‌سه‌ڵاتداری تر له دنیادا ئه‌م قسه بێمانایه‌یان كردوه، ئه‌گه‌ر باسی ده‌ستی ده‌ره‌كی ده‌كه‌ن هه‌ندێكجار باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌ستی ئێرانی تیایه، هه‌مو كه‌سێك ده‌زانێت كه ئێرانییه‌كان چی ده‌ستێكیان هه‌بو له دروستكردنی ئه‌م حكومه‌ته‌ی كه ئێستا له به‌غدا حكومڕانی ده‌كات، چه‌ند ده‌ستیان هه‌بو له‌وه‌ی كه هه‌ندێ كه‌س و هه‌ندێ حیزب پله‌وپایه‌ی به‌رز له حكومه‌تی عێراقیدا وه‌ربگرن، ئێستا هه‌مومان ده‌زانین كه باشترین په‌یوه‌ندی ئه‌منی و په‌یوه‌ندی بازرگانی و په‌یوه‌ندی سیاسی و په‌یوه‌ندی ئابوری له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و حیزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و حیزبه‌كانی ئێران‌دا هه‌یه، حیزبه‌كانی كوردستانی عێراق، ده‌سه‌ڵاتداره‌كانیان هه‌مو له تاران و شاره‌كانی ئێران‌دا نوسینگه و ئۆفیسیان هه‌یه له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی ئێران كونسوڵخانه‌ی هه‌یه له هه‌ولێر و له سلێمانی، رۆژانه سه‌دان كه‌س له كوردستانی عێراقه‌وه ده‌چن بۆ ئێران و له ئێرانه‌وه دێن بۆ عێراق، ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن ده‌ستی ده‌ره‌كی مه‌به‌ستیان ئێرانه، مه‌به‌ستیان له‌و قسه‌یه ئه‌وه‌یه كه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان و ئینگلیز و خۆرئاوا بكه‌ن به‌گژ ئێمه‌دا و بڵًێن ئێران له‌پشت ئه‌مانه‌وه‌یه، له راستیدا مه‌علومه كه ئێران پشتیوانی كێی كرد به‌وه‌ی كه پله و پۆست له به‌غدا وه‌ربگرێت، له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌ڵێن ئه‌مانه عه‌ره‌به شۆڤێنییه‌كانیان له‌پشته، من هه‌ر له خۆتان ده‌پرسم و له رای گشتی كورد ده‌پرسم خه‌ڵكینه كێ شۆڤێنییه‌كانی عه‌ره‌بی برده‌وه بۆ ناو په‌رله‌مانی عێراقی و بردیه‌وه بۆ ناو حكومه‌ت و كارێكی وای كرد كه له به‌رزترین پله‌وپایه‌ی حكومه‌تی عێراقیدا جێگیر ببن، واتا ئه‌گه‌ر ده‌ستی شۆڤێنییه‌كانی عه‌ره‌بی له‌پشته یان ده‌ستی ئێرانی له‌پشته، با ئه‌و ده‌سته ببڕن، به‌ڵام له‌راستیدا ئه‌مانه نه ده‌ستی ئێرانیان له‌پشته نه ده‌ستی شۆڤێنییه‌كانی عه‌ره‌بیان له‌پشته، نه‌ده‌ستی ئێمه‌یان له‌پشته، به‌ڵكو ئه‌مه كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكن داواكارییه‌كی ره‌وایان هه‌یه كه پێویسته ئه‌م حكومه‌ته و حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌ده‌نگیانه‌وه بچن، له‌باتی ئه‌وه‌ی تۆمه‌تی ناڕه‌وایان بخه‌نه‌پاڵ هه‌قی وایه داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكه‌ن.
KNN: باست له‌وه كرد كه نه ده‌ستی ئێوه‌ی لهپشه، به‌ڵام بۆچونێك هه‌یه كه ئێوه وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌م خۆپیشاندانانه هه‌ڵده‌سوڕێنن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌م خۆپیشاندانانه له راستیدا خه‌ریكه ده‌بێته دیارده‌یه‌كی تازه له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیدا، له‌ماوه‌ی 20 ساڵی رابردودا مونافه‌سه له‌نێوان حیزبه‌كاندا كه بوه، زۆرتر مونافه‌سه‌كه له‌سه‌ر بنچینه‌ی سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری بوه، زۆرجار ئه‌كه‌ر سڕینه‌وه‌ش نه‌بوبێت له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌وه بوه كه لایه‌ك لاكه‌ی تر بكات به پاشكۆی خۆی، ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌یبینین له‌م خۆپیشاندانانه‌دا ده‌بینین كه جۆرێك له پلوڕالیزم واتا جۆرێك له فره‌یی و ته‌عه‌دودیه‌ت هاتوه‌ته پێشه‌وه، ئه‌وانه‌ی له‌م خۆپیشاندانانه‌دا به‌شداری ده‌كه‌ن هه‌مو ئه‌و كه‌سانه‌ن كه خۆیان هه‌ست به مه‌زڵومی و هه‌ست به بێبه‌شی ده‌كه‌ن، له‌ناو ئه‌وانه‌دا خه‌ڵكی تیایه له قاعیده‌ی پارتییه خه‌ڵكی تیایه له قاعیده‌ی یه‌كێتییه، خه‌ڵكی تیایه له یه‌كگرتوی ئیسلامییه خه‌ڵكی تیایه له كۆمه‌ڵی ئیسلامیه، خه‌ڵكی تیایه له بزوتنه‌وه‌یه خه‌ڵكی تیایه له سۆشیالیسه خه‌ڵكی تیایه له زه‌حمه‌تكێشانه خه‌ڵكی تیایه له بێلایه‌نه، به‌ڵێ لایه‌نگره‌كانی ئێمه‌شی تیایه.
KNN: به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ده‌وترێت گۆمه‌كه‌ی به ته‌واوه‌تی له كوردستان شڵه‌قاند، مه‌سه‌له‌ی به‌یاننامه 7 خاڵییه‌كه‌ی ئێوه‌یه، ئه‌و داواكارییانه‌ی كه ئێستا جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر شه‌قام هه‌یه‌تی، زیاتره له سه‌قفی ئه‌و داواكارییانه‌ی كه ئێوه له به‌یاننامه 7 خاڵییه‌كه‌دا داواتان كرد؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ده‌توانین بڵێین له هه‌ندێ روه‌وه له یه‌ك ده‌چن، ره‌نگه داواكاری شه‌قام زیاتر بێت له داواكارییه‌كانی ئێمه، داواكارییه‌كانی ئێمه به‌زۆری له ده‌وری هه‌ندێ خاڵی سیاسی ده‌سوڕێته‌وه كه په‌یوه‌ندی به ئاینده و ستراتیژی سیسته‌می سیاسی وڵاته‌كه‌وه هه‌یه، ئه‌و خاڵانه‌ی ئێمه پێشنیازمان كردوه له راستیدا پێمان وایه چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی ئه‌و قه‌یرانه سیاسییه‌یه كه ئێستا له كوردستانی عێراقدا هه‌یه، پێمانوایه ئه‌مه چاره‌سه‌ری ئه‌و خهلهلهیه كه له سیسته‌می سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، پێمانوایه چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تییه بۆ ئه‌و خه‌له‌له‌ی كه له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌دا هه‌یه، ئێمه له‌سه‌ر ئاستی ستراتیژی كۆمه‌ڵێك شتمان پێشنیاز كردوه، داواكارییه‌كانی خه‌ڵك خه‌می رۆژانه‌ی خۆیانه و په‌یوه‌ندی به پێویستییه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌وه هه‌یه، ئه‌وه‌ی ئێمه په‌یوه‌ندی به جه‌وهه‌ری سیسته‌می سیاسییه‌وه هه‌یه ئه‌وانه‌ی ئه‌وان په‌یوه‌ندی به خه‌می رۆژانه و بهپێویستییهكانی رۆژانه‌ی شه‌قامی كوردی و دانیشتوانی كوردستانی عێراقه‌وه هه‌یه، له‌وه‌دا داواكارییه‌كانی هه‌ردولامان یه‌ك ده‌گرێته‌وه ره‌نگه له هه‌ندێ شتی تردا یه‌ك نه‌گرێته‌وه.
KNN: ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا له كوردستان هاتوه‌ته ئاراوه بێگومان پێویستی به گفتوگۆی سیاسی دانیشتنه له‌سه‌ر مێز، تا چه‌ند مه‌بده‌ئی گفتوگۆتان قبوڵه یاخود ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه مه‌بده‌ئی گفتوگۆ نه‌ك هه‌ر قبوڵی ده‌كه‌ین، به‌ڵكو به‌پێویستی ده‌زانین و پێشمان وایه ئه‌م سه‌رده‌مه سه‌رده‌می گفتوگۆیه، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت تائێستا ته‌قلیدێك له بزوتنه‌وه‌ی كوردیدا هه‌بوه، ده‌مانه‌وێت ئه‌مجاره ته‌قلیدێكی تازه بێنینه پێشه‌وه، له حه‌ره‌كه‌ی كوردیدا مه‌سه‌له‌ی موجامه‌له و ئه‌و كۆبونه‌وانه‌ی ماچ و موچی تیا ده‌كه‌ن و خواردنی تیا ده‌خۆن و داده‌نیشن و بۆ رهسمگرتنی ته‌له‌فزیۆن تیایدا پێ ده‌كه‌نن، پێمان وایه ئه‌م قۆناغه تێپه‌ڕیوه، پێمان وایه ئێستا سه‌رده‌مێك هاتوته پێشه‌وه كه سه‌رده‌می گفتوگۆی جددیه، سه‌رده‌مێكه كه داده‌نیشیت له‌باتی ئه‌وه‌ی موجامه‌له‌ی یه‌كتری بكه‌ن، ده‌بێ خاڵه سه‌ركییه‌كان بێننه پێشه‌وه بۆئه‌وه‌ی موناقه‌شه‌ی جددی بكه‌ن، موكاشهفه بكه‌ن موسارهحه بكه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتر، هه‌مو بیروبۆچونه‌كانی یه‌كتری باس بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی ته‌فاهوم و نوقته‌ی هاوبه‌ش بدۆزنه‌وه، ئێمه چیتر به‌لامانه‌وه گرنگ نیه بۆ نمونه من بڕۆم بچم له‌گه‌ڵ یه‌كێك له كه‌سه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان دابنیشین و ئه‌ملا و ئه‌ولای یه‌كتری ماچ بكه‌ین و له ته‌له‌فزیۆندا ده‌ربكه‌وین و پێكه‌وه له‌سه‌ر مێزێك نان بخۆین و له دواییدا بێینه ده‌ره‌وه و هیچمان به هیچ نه‌كردبێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێمان باشه ئێمه له‌هه‌مو جێگایه‌كدا گفتوگۆ بكه‌ین، ئێمه له په‌رله‌مانی كوردستاندا گفتوگۆ ده‌كه‌ین له په‌رله‌مانی عێراقدا گفتوگۆ ده‌كه‌ین له ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكاندا گفتوگۆ ده‌كه‌ین له ژوره تاریكه‌كاندا گفتوگۆ ده‌كه‌ین، گفتوگۆی دوقۆڵی ده‌كه‌ین گفتوگۆی چه‌ندقۆڵی ده‌كه‌ین، حه‌ز ده‌كه‌م لایه‌نگره‌كانی ئێمه دڵنیا بن له‌وه‌ی كه ئێمه چ له ژوری داخراوا چ له ژوری كراوه‌دا چ له ژوری روناكدا چ له ژوری تاریكدا، له په‌رله‌ماندا ئێمه هیچ داواكارییه‌كی تایبه‌تیمان نیه بۆ خۆمان و رێكخراوه سیاسییه‌كه‌مان، داواكارییه‌كانی ئێمه داواكاریی گشتییه و ئه‌وانه‌یه كه ئێمه پێمانوایه چاره‌سه‌ری قه‌یرانی كوردستان ده‌كات، ئێمه بچین بۆ هه‌ر جێگایه‌ك هه‌مان ئه‌و قسانه ده‌كه‌ین كه باوه‌ڕمان پێیه‌تی و داواكاری گشتین بۆیه پێویست ناكات هیچ كه‌سێك نیگه‌ران بێت له‌وه‌ی كه ئێمه له ژوری تاریكدا قسه ده‌كه‌ین یاخود له ژوری روناكدا قسه ده‌كه‌ین، چونكه هه‌مان قسه ده‌كه‌ین.
KNN: به‌ڵام زۆرجار وه‌كو خۆت باست كرد ئه‌م جۆره گفتوگۆیانه له‌م دۆخه‌دا به تایبه‌تی، نیگه‌رانی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت؟ لانی كه‌م هه‌ندێ خه‌ڵك پێی وابێت ره‌نگه زۆر جار ئه‌م گفتوگۆ سیاسییانه له‌سه‌ر حسابی ئه‌وان ده‌كه‌وێته‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه به ناوی كه‌سه‌وه گفتوگۆ ناكه‌ین ته‌نها به‌ناوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه نه‌بێت، خۆپیشانده‌ران له هه‌مو جێگایه‌ك خۆیان ئه‌نجومه‌نیان دروستكردوه و نوێنه‌ریان داناوه بۆ گفتوگۆكردن، له‌به‌رئه‌وه ئێمه هه‌رگیز خۆمان به ده‌مڕاستی ئه‌وان نازانین و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه ناچین قسه بكه‌ین، ئێمه كه ده‌چین بۆ قسه‌كردن و گفتوگۆكردن به‌ناوی خۆمانه‌وه قسه ده‌كه‌ین، هه‌ربۆیه ئێمه پێمان باش بو ئه‌وان خۆیان قسه‌كه‌ری خۆیان هه‌بێت و ئه‌نجومه‌نی خۆیان هه‌بێت، داواكاری خۆیان هه‌بێت، فیعله‌ن خۆیان كه‌وتونه‌ته گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ پێمان ناخۆش بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه پێمان خۆشه و پشتیوانی له داواكارییه‌كانیان ده‌كه‌ین.
KNN: ئێوه وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ڤیتۆتان له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێكی سیاسی هه‌یه بۆ گفتوگۆكردن یاخود گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی سیاسی ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئێمه له كوردستانی عێراقدا ڤیتۆمان له‌سه‌ر هیچ لایه‌نێك نیه، به پێچه‌وانه‌وه ئێمه پێمان وایه گفتوگۆكردن له‌نێوان دو لایه‌ندا چه‌ند ناكۆك بن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا، ئه‌وا تۆ ده‌توانیت لهبیروبۆچونهكانی ئه‌و تێبگه‌یت ئه‌ویش ده‌توانێت له بیروبۆچونه‌كانی تۆ تێبگات، ده‌توانن پێكه‌وه رێكبكه‌ون و به رێككه‌وتن بێنه ده‌ره‌وه، ده‌توانن رێكیش نه‌كه‌ون، به‌ڵام رێزی یه‌كتری بگرن، زه‌مانی سڕینه‌وه‌ی یه‌كتری تێپه‌ڕیوه، ئێستا زه‌مانی قبوڵكردنی یه‌كترییه.
KNN: بابێینه سه‌ر ئه‌و پڕۆژه هاوبه‌شه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئۆپۆزسیۆندا واته له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتودا واژۆتان كرد، بۆچونێك هه‌یه كه ئێوه له‌م پرۆژه هاوبه‌شه‌ی ئۆپۆزسیۆن په‌شیمان بونه‌ته‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌وه راست نیه، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌و دو لایه‌نه‌دا گه‌یشتوینه‌ته سه‌ر كۆمه‌ڵێك خاڵ، پێمانوایه ده‌ستمان خستوه‌ته سه‌ر خه‌له‌له جه‌وهه‌رییه‌كانی ئه‌م قه‌یرانه‌ی كه ئێستا له كوردستانی عێراقدا هه‌یه، ده‌ستمان خستوه‌ته‌سه‌ر خه‌له‌له جه‌وهه‌رییه‌كانی كه كێشه له ده‌ستوردا هه‌یه، له‌و یاسایانه‌دا هه‌یه كه په‌یوه‌ندی به سیسته‌می سیاسییه‌وه هه‌یه، ده‌ستمان خستوه‌ته‌سه‌ر ئه‌و خهلهلانهی كه له سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردندا هه‌یه.
KNN: واتا لانی كه‌م له‌سه‌ر 21 خاڵی ناو به‌یاننامه‌كه ره‌زامه‌ندن؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: له‌سه‌ر هه‌مو خاڵه‌كان ره‌زامه‌ندین ره‌نگه ته‌نها له یه‌ك شت‌دا كێشه‌یه‌ك له‌نێوان ئێمه و ئه‌واندا هه‌بێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه پێمانوایه ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا حكومه‌تێكی لاوازه، حكومه‌تێكی دوفاقه، حكومه‌تێكی بێده‌سه‌ڵاته، ئه‌م حكومه‌ته لهباریا نیه له توانیدا نیه كه بتوانێت ئه‌و خاڵانه جێبه‌جێ بكات.
KNN: تا چه‌ند بایه‌ختان بۆ یه‌كڕیزیی ئۆپۆزسیۆن هه‌یه له كوردستان وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌مه پرسیارێكی زۆر به‌جێیه، ئێمه نه‌ك هه‌ر یه‌كڕیزیی ئۆپۆزسیۆن، ئێمه یه‌كڕیزیی كوردیشمان به‌لاوه گرنگه، ئێمه به لامانه‌وه گرنگه كه كورد له كه‌ركوك یه‌كڕیز بێت، پێمان گرنگه كورد له به‌غدا یه‌كڕیز بێت، پێمان گرنگه كورد له به‌رده‌ركی سه‌رای سلێمانی یه‌كڕیز بێت، پێمات گرنگه كورد له‌به‌رده‌می ئه‌مه‌ریكاییه‌كاندا یه‌كڕیز بێت، ئێمه یه‌كڕیزیمان زۆر به‌لاوه گرنگه چ له‌نێوان ئۆپۆزسیۆندا بێت چ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تردا بێت، هه‌ربۆیه ئێمه سه‌ره‌تای گفتوگۆ به سه‌ره‌تایه‌كی قبوڵ ده‌زانین بۆئه‌وه‌ی هه‌مومان بتوانین جۆرێك له یه‌كڕیزی سیاسی بهێنینه كایه‌وه.
KNN: له خاڵی سێیه‌می بهیاننامهكهتاندا باس له هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كه‌ن، دواجاریش یه‌كێتی و پارتی هاتنه ژێرباری ئه‌وه‌ی كه دان بنێن به‌وه‌ی كه به‌ڵێ با هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت، سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی پێوه‌خت راتان چیه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت به‌شێكه له پاكێجێك، ئه‌مه جۆرێكه له ئینتیقائیهت، جارێكی تر گه‌ڕاوینه‌ته‌وه بۆ ئه‌و ئسلوبه كۆنه‌كه‌ی كه به‌كاریان ده‌هێنا، ئێمه 7 خاڵمان پێشنیاز كردوه ئه‌و یه‌ك خاڵی به‌دڵه كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌تی ده‌چێت ئه‌و خاڵه هه‌ڵده‌بژێرێت، ئه‌مه جارێكی كه ده‌مانباته‌وه بۆ ئه‌و ئینتیقائیهتهی كه له رێكه‌وتنی سیاسی‌دا هه‌میشه بوه به‌هۆكاری ئه‌وه‌ی كه شكستی به رێكه‌وتنه‌كه هێناوه، ئه‌مه به‌شێكه له پاكێجێك، ئێمه وه‌ختێك باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بكرێت، ئه‌گه‌ر به‌م داموده‌زگایه‌ی ئێستا هه‌ڵبژاردن بكرێت ئه‌وا هه‌ڵبژاردن هیچ مانایه‌كی نییه، چونكه به‌م داموده‌زگایه ره‌نگه ئه‌نجامێكی هه‌بێت كه له ئه‌نجامه‌كه‌ی ئێستا باشتر نه‌بێت و حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات زیاتر قۆرخكاری بكه‌ن، بۆیه ئێمه كه باسی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كه‌ین مه‌رجه‌كانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت واتا پێداویستییه‌كانی ئه‌وانه چیه؟ له‌پێشدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌یه و پێكهێنامی حكومه‌تێكی ئینتیقالییه بۆئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی ماوه‌ی گواستنه‌وه بكات له‌م قۆناغه‌وه بۆ قۆناغێكی تازه، به‌لامانه‌وه گرنگه ئه‌و حكومه‌ته كه دروست ده‌بێت به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه شه‌ش وه‌زاره‌تی بێلایه‌ن بێت له خه‌ڵكی سه‌ربه‌خۆ و له خه‌ڵكی پرۆفیشناڵ كه غه‌یره حیزبی بن، ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ش بریتین له وه‌زاره‌تی ناوخۆ و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و وه‌زاره‌تی دارایی و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان و وه‌زاره‌تی دا و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، ئه‌مانه ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ن كه ده‌توانن هه‌ڵبژاردن به لایه‌ك ببه‌نه‌وه و به لایه‌كی بدۆڕێنن، بۆیه پێمان باشه هه‌روه‌كو چۆن له به‌غدا داوا ده‌كه‌ن ده‌ڵێن ده‌بێت وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری داد و وه‌زیره‌كانی تر خه‌ڵكی سه‌ربه‌خۆ بێت، بۆچی بۆ ئه‌وان ره‌وایه و بۆ ئێمه ناڕه‌وایه، ئێمه‌ش له كوردستان داوا ده‌كه‌ن كه ده‌بێ ئه‌م وه‌زاره‌تانه به كه‌سانی بێلایه‌ن بسپێردرێت، ئه‌م كه‌سه بێلایه‌نانه ده‌توانین رێككه‌وتنی له‌سه‌ر بكه‌ن كه خه‌ڵكی غه‌یره حیزبی بن، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌زگایانه له خزمه‌تی حیزبێكدا بێت ئه‌وا له هه‌ڵبژاردندا هه‌مویان به‌كارده‌هێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌كرێت ئه‌وا به‌ڕای ئێمه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت هیچ مانایه‌كی نیه و ئێمه پشتیوانی لێ ناكه‌ین.
KNN: بۆچونێك هه‌یه كه ئێوه وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به هیچ شتێك رازی نین و كه‌س نازانێت ئێوه چیتان ده‌وێت؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: من پێموایه حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵات نازانێت چی ده‌وێت، ته‌نها یه‌ك شتی ده‌وێت، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ده‌یه‌وێت له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه، هه‌ربۆیه كۆڵه‌واره له چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه و گیروگرفتانه‌ی كه دێته رێگه‌ی، به پێچه‌وانه‌وه ئێمه زۆرباش ده‌زانین چیمان ده‌وێت و كورتمان كردوه‌ته‌وه له 7 خاڵدا، دو خاڵیان دهربێنهره ده‌ره‌وه كه بریتییه له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكومه‌ت و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، پێنجه‌كه‌ی تری پێموایه هیچ كه‌س ناتوانێت بڵێت جێبه‌جێ ناكرێت، ئه‌و پێنج خاڵه چاره‌سه‌ری ستراتیژییه بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه له كوردستاندا هه‌یه له‌ئێستا و له ئاینده‌یه‌كی نزیكیشدا بۆئه‌وه‌ی جارێكی تر توشی ئه‌م كێشه‌یه نه‌بینه‌وه كه له كوردستانی عێراقدا هه‌یه، بۆئه‌وه‌ی حكومه‌تێك بێته كایه‌وه، په‌رله‌مانێك بێته كایه‌وه كه جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی خه‌ڵك بێت و خه‌ڵك پێی باش بێت، ده‌بێت ئه‌و خاڵانه جێبه‌جێ بكرێت، وه‌ختێك ئێمه باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه ته‌زكیه‌ی حیزبی نه‌مێنێت، وه‌ختێك باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه ئاسایش بێلایه‌ن بكرێت، وه‌ختێك باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه هێزی پێشمه‌رگه بێلایه‌ن بكرێت، وه‌ختێك باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین ده‌زگای ئاسایش و ده‌زگای زانیاری له ده‌زگایه‌كی حیزبییه‌وه بكرێت به ده‌زگایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، وه‌ختێك باسی ئه‌وه ده‌كرێت كه پێشمه‌رگه له‌باتی ئه‌وه‌ی له مونافه‌سه‌ی سیاسی‌دا به‌كاربهێنرێت و لایه‌ك بیهێنێته سه‌ر لایه‌ك، ببێت به ده‌زگایه‌كی نیشتمانی لایه‌نگر بۆ گه‌ل و نیشتمان نه‌ك به قسه‌ی سه‌ركردایه‌تی حیزب بكات، ئێمه زۆر به رونی ده‌زانین چیمان ده‌وێت، ئێمه ده‌مانه‌وێت ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه ده‌وڵه‌تی گه‌ل ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنچینه‌ی هاوڵاتیبون بنیات بنرێت نه‌ك له‌سه‌ر بنچینه‌ی حیزب و ئینتیمای حیزبی پێكبهێنرێت، ئێمه ده‌وڵه‌تی حیزبمان ناوێت، ئێمه ده‌وڵه‌تی هاوڵاتیمان ده‌وێت، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌كان ده‌وێت، ده‌وڵه‌تی گه‌لمان ده‌وێت، ئه‌مه خواستی ئێمه‌یه كه ده‌مانه‌وێت، ئه‌وان نازانن چیان ده‌وێت.
KNN: كه‌واته لێره‌دا یه‌كێك له پرسیاره زۆر گرنگه‌كان دێته پێش بریتییه له‌وه‌ی، ئێوه وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ژێر سایه‌ی ئه‌م حكومه‌ته ده‌چنه هه‌ڵبژاردنه‌وه؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ته‌جروبه‌ی رابردو ده‌ریخست كه 2000 كه‌سیان نان‌بڕاو كرد، ئێمه ده‌مانه‌وێت به‌هۆی هه‌ڵبژاردنی داهاتوه‌وه كۆمه‌ڵگایه‌كی ئاسوده، هاوڵاتییه‌كی ئاسوده، هه‌ست به‌وه بكات كه له وڵاتێكدایه كه ئازادی هه‌یه و ئاسوده‌یه، ئێمه نامانه‌وێت خه‌ڵك به نانبڕین بده‌ین واتا له‌نێوان هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت و له‌نێوان هه‌ڵبژاردن نه‌كردندا، ئێمه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختمان ناوێت بۆ ئه‌وه‌ی 2000 كه‌سی تر نان‌بڕاو نه‌بێت، ئێمه پێمان باشه پێش هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت كۆمه‌ڵێك له‌و شتانه جێبه‌جێ بكرێت، بۆئه‌وه‌ی جارێكی كه خه‌ڵك ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێت چاوی لێ سور ده‌كه‌نه‌وه یان له وه‌زیفه ده‌ری ده‌كه‌ن، ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێ موچه‌كه‌ی ده‌بڕن، ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێ خانه‌نشینییه‌كه‌ی ده‌بڕن، ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێ نه‌قڵی ده‌كه‌ن له شوێنێكه‌وه بۆ شوێنێكی تر، ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێ به‌شه‌و ده‌یفڕێنن، ترسی ئه‌وه‌ی نه‌بێ ته‌قه له ماڵه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه جێبه‌جێ نه‌بن، نه‌وه‌ڵا ئێمه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختمان ناوێت.
KNN: سورن له‌سه‌ر به‌یاننامه 7 خاڵییه‌كه‌ی 29/1؟
نهوشسیروان مسته‌فا: به‌ڵێ ئێمه سورین له‌سه‌ر ئه‌و به‌یاننامه‌یه، پێشمان وایه ئه‌و 7 خاڵه ئه‌گه‌ر وردی بكه‌یته‌وه هه‌مو خواسته‌كانی كه له 20 ساڵی رابردودا هه‌مو كۆمه‌لانی خه‌ڵك چ به رۆژنامه چ به قسه‌كردن، چ به گفتوگۆ داوایانكردوه، ئێستا ئێمه خۆمان خه‌ریكین هه‌ریه‌كێك له‌و ماددانه‌ی له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا نوسراوه ورده ورده بیكه‌ین به قانون و پرۆژه‌بڕیار و بیكه‌ین به پرۆژه‌ی وا كه قابیلی جێبه‌جێكردن بێت، ئیتر قۆناغی ئه‌وه به‌سه‌رچوه كه ئێمه شیعارات باس بكه‌ین بڵێین جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت، بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی ئه‌مانه شیعاراتن، ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین ئه‌مانه هه‌موی ورد بكرێته‌وه كه وه‌ختێك تۆ باسی ئه‌وه ده‌كه‌یت حیزب له حكومه‌ت جیابكرێته‌وه چۆنی جیا ده‌كه‌یته‌وه؟، بۆ نمونه تۆ ئه‌گه‌ر بته‌وێت حیزب له حكومه‌ت جیا بكه‌یته‌وه له ده‌زگای ئاسایش‌دا پێویستیت به‌وه هه‌یه له‌پێش هه‌مو شتێك‌دا ئه‌و رێكخستنه حیزبییه‌ی كه پارتی و یه‌كێتی هه‌یانه له‌ناو ئاسایشی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆكدا باره‌گاكانیان نه‌مێنێت و كۆمیتهكانیان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، له‌پێش هه‌مو شتێك‌دا گرنگ ئه‌وه‌یه كه له به‌ڕێوه‌به‌ر و به‌ره‌وژور كه‌سانی بێلایه‌ن دابنرێت، له‌پێش هه‌مو شتێك‌دا پێویسته كه ئیتر ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتی دادگایان نه‌مێنێت، نه‌توانن خه‌ڵك بگرن راوی بنێن و هه‌ڵبكوتنه سه‌ر ماڵان، ئه‌م ئه‌ركه بسپێردرێت به دادگاكان و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری و ئه‌وان ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و دانی زانیاری‌یان هه‌بێت به حكومه‌ت، واتا ئێمه مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه له شیعارات و له قۆناغی شیعاراتهوه ئیتر ده‌بێت بگوێزینه‌وه بۆ قۆناغی جێبه‌جێكردنی وردكردنه‌وه‌ی شیعاره‌كان به هه‌نگاوی عه‌مه‌لی و بیكه‌ین به بڕٍیار و پرۆژه.
KNN: به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و جموجۆڵه به‌رفراوانه‌ی له ناوچه‌كه هه‌یه، به‌و خرۆشانهشهوه كه له شه‌قام هه‌یه و به‌و جموجۆڵه سیاسییه‌ش كه له ئاستی ئۆپۆزسیۆندا هه‌یه، تا چه‌ند ئومێدت به‌وه هه‌یه واتا گه‌شبینن به‌وه‌ی كه ئه‌مجاره ده‌سه‌ڵات له كوردستاندا چاكسازی تیا ده‌كرێت و ماكیاج ناكرێت؟
نه‌شیروان مسته‌فا: ته‌جروبه‌ی وڵاتانی پێش ئێمه ده‌ریخستوه كه ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ئه‌و حكومه‌ت و ئه‌و حیزبه حاكمانهی كه ئه‌گه‌نه قۆناغێك له‌به‌رده‌می دوڕیانێكدا ده‌بن، ئێستا ئێمه له كوردستان ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوه‌ته ئه‌و دوڕیانه، رێگایه‌كیان به‌ره‌و توندوتیژی ده‌ڕوات، به‌رێگای سه‌ركوتكردن خه‌ڵك سه‌ركوت بكه‌یت، به‌رێگای گرتن و كوشتن و راونان و نانبڕین و ...هتد، رێگای دوه‌میش رێگای پیاچونه‌وه‌یه به خۆدا و رێگای قوڵكردنی داواكارییه‌كانی خه‌ڵكه، رێگای چاكسازیی سیاسییه، ئێمه له‌به‌رده‌می دو رێگادا راوه‌ستاوین، یه‌كێتی و پارتی ده‌توانن رێگای توندوتیژی بگرن، ده‌توانن رێگای چاكسازی بگرن، رێگای توندوتیژی سه‌ره‌تاكه‌ی ده‌ستی پێكردوه ئه‌وه‌تا خه‌ڵك ده‌گرن خه‌ڵك ده‌كوژن خه‌ڵك بریندار ده‌كه‌ن، هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن، من ئومێدم وایه له‌و رێگایه په‌شیمان بنه‌وه، چونكه هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نه‌یتوانیوه تا سه‌ر به رێگای توندوتیژی حكومڕانی بكات، ئومێدم وایه رێگای دوه‌م بگرنه‌به‌ر، كه رێگا قبوڵكردنی خواسته‌كانی خه‌ڵكه، رێگای چاكسازی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریه، من ئومێدم وایه رێگای دوه‌م بگرنه‌به‌ر.
KNN: له كۆتایدا ده‌پرسین، تا چه‌ند چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌ین كه به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین له‌ناو ریزی خۆپیشانده‌راندا ببینین؟
نه‌وشیروان مسته‌فا: ئه‌گه‌ر پێویستی كرد به‌ڵێ به‌شداری ده‌كه‌ین.
بۆ بینینی ده‌قی دیمانه‌كه كلیك لێره‌دا بكه...