سازدانی: رۆژنامه
سه‌ركۆ عوسمان، نوێنه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی "گۆڕان، یه‌كگرتو، كۆمه‌ڵ"، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی "رۆژنامه"دا، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، له‌نێوان لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆندا، هیچ جۆره رێككه‌وتنێكی فیكری و ئایدۆلۆژی نییه. سه‌باره‌ت به به‌رنامه (22) خاڵییه‌كه‌ی سێ لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنهكهش، ده‌ڵێت: بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌و كێشانه‌ی له‌به‌رنامه‌كه‌دا باسمانكردوه، پڕۆژه‌ی تایبه‌تمان له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی پسپۆڕ و شاره‌زاوه ئاماده‌كردوه.
رۆژنامه: لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی ئۆپۆزسیۆن، چییه و بۆچی دروستبوه؟
سه‌ركۆ عوسمان: روداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پاڵنه‌ری سه‌ره‌كی بون بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، خۆیان له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا كۆبكه‌نه‌وه، كه به‌رنامه‌ی چاكسازییه و دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌كی سیاسییه به مه‌به‌ستی كۆتاییهێنان به‌م قه‌یرانه سیاسییه‌ی روبه‌ڕوی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ته‌وه.
لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، بۆ دژایه‌تیی هیچ لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتێك یه‌كیان نه‌گرتوه، به‌ڵكو بۆ هاوكاریكردنی خه‌ڵكی كوردستانه كه چیتر زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بن له‌م بارودۆخه‌ی كه تێیكه‌وتوین. هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش، ئه‌م لیژنه‌یه هاته‌كایه‌وه له‌نێوان هه‌ر سێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆندا، بۆ هه‌ماهه‌نگی و به‌دواداچون و سه‌رپه‌رشتیكردنی كارنامه‌كه و یه‌كهه‌ڵوێستی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌و روداو ئه‌گه‌رانه‌ی له‌م قه‌یرانه‌دا دێنه‌ئاراوه به ئامانجی چاكسازیكردنێكی بنه‌ڕه‌تییانه.
رۆژنامه: بۆچی هه‌ندێكجار، هه‌ست به تێڕوانینی زۆرجیاواز له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی سێ هێزه ئۆپۆزسیۆنهكهوه، له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا ده‌كرێت؟
سه‌ركۆ عوسمان: له‌ڕاستیدا، له‌وكاته‌وه كه ئه‌م لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگییه له‌نێوان هه‌رسێ لایه‌ندا پێكهێنراوه، بۆچونه جیاوازه‌كان كه‌متر بونه‌ته‌وه و چه‌ندینجار به‌یاننامه و رونكردنه‌وه‌ی هاوبه‌شمان له‌سه‌ر روداو و گۆڕانكارییه‌كان بڵاوكردوه‌ته‌وه كه گوزارشت له بۆچونی هاوبه‌شی هه‌رسێ لایه‌ن ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌رنامه‌ی كاره‌ی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان داڕێژراوه كه خۆی له رێككه‌وتننامه (22)خاڵییه‌كه‌دا ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام زۆر ئاساییه كه هه‌ندێكجار تێڕوانینی جیاواز هه‌بێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌نها به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش كۆی كردوینه‌ته‌وه و له‌و چوارچێوه‌یه‌دا كار ده‌كه‌ین بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان كه هه‌مو لایه‌كمان دركمان پێ كردوه و پێوستییه‌كی حه‌تمییه له‌م بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستاندا.
رۆژنامه: لایه‌نی ده‌سه‌ڵات، زۆركات تانه له‌ئێوه ده‌دات، چۆن ئێوه وه‌ك بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه هێزێكی نیشتمانی و عه‌لمانین، جۆرێك له هاوپه‌یمانێتیتان له‌گه‌ڵ دو لایه‌نی دیكه دروستكردوه كه هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیای ئیسلامین؟
سه‌ركۆ عوسمان: وه‌ك پێشتر باسم لێ كرد، هه‌ر سێ لامان، سێ لایه‌نی سیاسین و باوه‌ڕمان به خه‌باتی په‌رله‌مانی و مه‌ده‌نی هه‌یه، ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا، له به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا كۆی كردوینه‌ته‌وه كه په‌یوه‌سته به چاره‌نوسی سه‌رجه‌م كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه له چینوتوێژه جیاوازه‌كان، به تێڕوانینه فیكری و ئایدۆلۆژییه جیاوازه‌كانیانه‌وه، به ئیسلامی و عه‌لمانییه‌وه. ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی ئێمه، به‌رنامه‌ی هه‌مو لایه‌كه به بێ جیاوازی له سه‌رتاسه‌ری ئه‌م وڵاته‌دا، چونكه په‌یوه‌ندی هه‌یه به ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكه‌وه. هیچ جۆره رێككه‌وتنێكی فیكری و ئایدۆلۆژی، له‌نێوانماندا نییه و هه‌ر لایه‌نیك سه‌ربه‌سته چ ئایدۆلوژیایهكی هه‌یه، ئه‌وه گرفتی ئێمه نییه، گرفتی ئێمه چاره‌سه‌ری كێشه‌كانه له به‌رنامه‌یه‌كی هاوهبهشدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی خه‌ڵكی كودرستان و پاراستنی ئه‌زمونه‌كه‌مان له‌م قه‌یرانه.
رۆژنامه: له لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی ئۆپۆزسیۆندا، زۆر باس له پابه‌ندبون ده‌كه‌ن به به‌رنامه (22)خاڵییهكهتانهوه، ئایا ئه‌و( 22) خاڵه، ته‌نها لائیحهیهكه، یاخود پرۆژه‌تان بۆ خاڵه‌كان ئاماده‌كردوه؟
سه‌ركۆ عوسمان: ئه‌و پڕۆژه‌یه، (20) خاڵی بۆ ده‌ستنیشانكردنی كێشه‌كانه و (2) خاڵی پێوستییهكه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان وه‌ك میكانیزمێك بۆ چاكسازی بنه‌ڕه‌تی له سیستمی حوكمدا له كوردستان، دو خاڵه‌كه‌ش كه ده‌بێت بڕیاری لێبدریت له‌لایه‌ن هه‌مو لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه كه خۆی له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تدا ده‌بینێته‌وه، به‌وپێیه‌ی ئه‌م حكومه‌ته‌ی ئێستا، كارا نییه و سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كه‌ی شه‌رعییه‌تی له‌ده‌ستداوه، چونكه نه‌یتوانیوه به‌پێی پێویست له‌گه‌ڵ داواكارییه‌كانی هاوڵاتییاندا بێت و ناتوانێت ئه‌و چاكسازییانه بكات، بۆیه ده‌بێت حكومه‌تێكی كاتی و بێلایه‌ن به‌ته‌وافوق له‌نێوان سه‌رجه‌م هێزه سیاسییه‌كاندا پێكبهێنرێت بۆ خۆئاماده‌كردن بۆ هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خت، ئه‌و حكومه‌ته نوێیه ده‌بێته میكانیزمی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان كه خۆی له‌و (20) خاڵدا ده‌بینێته‌وه كه له رێككه‌وتننامه‌كه‌ی هه‌رسێ لایه‌نی ئۆپۆزسیۆندا ده‌ستنیشانكراوه.
ئێمه وه‌ك ئۆپۆزسیۆن، بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌و كێشانه، پڕۆژه‌ی تایبه‌تمان هه‌یه كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكانی پسپۆڕ و شاره‌زاوه ئاماده‌كراوه، به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌زگا و وه‌زاره‌تانه‌ی كاریگه‌رییان هه‌یه له‌سه‌ر ئاكامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ده‌بێت ببنه دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی و دوربخرێنه‌وه له ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ستی لایه‌نێك، یان حیزبێك و له چنگی ده‌سه‌ڵات بهێنرێنه ده‌ره‌وه و بكرێنه موڵكی هه‌مو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان
بۆ نمونه، پڕۆژه‌مان هه‌یه بۆ چاكسازی له بواری په‌روه‌رده‌دا، چاكسازی و بهشفافكردنی دارایی و ئابوری و هه‌روه‌ها پڕۆژمان هه‌یه بۆ یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه بۆ هێزیكی نیشتمانیی كه كاری پارێزگاری كردنه له سنوری كوردستان له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی وه‌زاتی پێشمه‌رگه و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌بێت، پڕۆژه‌ی ئاماده‌كراومان هه‌یه بۆ یه‌كخستنی هێزه‌كانی پۆلیس و ئاسایش و ده‌زگاكانی هه‌واڵگری و بێلایه‌نكردنی له‌ده‌ستی حیزبه‌كان. پڕۆژه‌مان هه‌یه بۆ بواری دادوه‌ریی و بێلایه‌نكردنی و پاراستنی سه‌روه‌ریی و سه‌ربه‌خۆیی دادگا و یاسا، هه‌روها چه‌ندین پڕۆژه‌ی دیكه‌مان هه‌یه، وه‌ك پێكهێنانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و لیژنه‌ی نه‌زاهه‌ی كوردستان و... تاد. ئه‌مه هه‌موی به یاسا رێكده‌خرێت له په‌رله‌مانی كوردستان، به ته‌وافوقی سیاسی، له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی باروگوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان كه هیچ كه‌س زه‌ره‌رمه‌ند نه‌بێت له‌م پرۆسه‌یدا، بۆیه ده‌ڵێین، مه‌رجمان نییه، به‌ڵكو پڕۆژه‌مان هه‌یه بۆ گفتوگۆ‌و دیالۆگ.
رۆژنامه: هاوكات، به‌ئاگان له بۆچونی ده‌وڵه‌تان له‌سه‌ر ئه‌و قه‌یرانه‌ی روی له هه‌رێم كردوه، ئایا سروشتی ئه‌و تهدهخولانهی لایه‌نی ده‌ره‌كی چۆن بوه؟
سه‌ركۆ عوسمان: له‌دوای روداوه‌كانی (17) شوباته‌وه، میدیاكان و چاودێرانی سیاسی و نیوده‌وڵه‌تی و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، به وردیی له‌و قه‌یرانه سیاسییه‌ی كوردستان ده‌ڕوانن و به‌دواداچونیان بۆ كردوه له روانگه‌ی به‌رگریكردن له مافی مرۆڤ و مافی تاك بۆ خۆپیشاندان و داواڕهواكانیان كه ئه‌ركی ده‌سه‌ڵاته وه‌ڵامی خۆپشاندران بداته‌وه، ئه‌مه‌ش به‌شێكه له پره‌نسیپی وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا و خۆرئاوا، هه‌ر بۆیه چه‌ند جارێك به فه‌رمی و له رێگه‌ی په‌یوه‌ندیكردن به ده‌سه‌ڵات و لایه‌نه سیاسییه‌كانه‌وه، هۆشدارییان داوه له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه و له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان باسیان كردوه و نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه به‌رامبه‌ر به پێشێلكارییه‌كان و به‌كارهێنانی توندوتیژی به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران و رۆژنامه‌نوسان و ده‌زگاكانی میدیای ئازاد.
رۆژنامه: بۆچی لایه‌نی ده‌سه‌ڵات "یه‌كێتی و پارتی"، له راگه‌یاندن و خیتابیاندا، وا باس ده‌كه‌ن كه ئه‌مه‌ریكییه‌كان، گڵۆپی سه‌وزیان بۆ ههڵكردون سه‌باره‌ت به‌و شێوازه‌ی ئێستایان كه به‌رامبه‌ر خۆپیشانده‌ران ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، ئایا به‌ڕاست وایه؟
سه‌ركۆ عوسمان: حه‌ز ده‌كه‌م، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه رون بكه‌مه‌وه، ئه‌مه‌ریكا خۆی له بنیاتنانه‌وه‌ی عیراقێكی نوێ‌دا رۆڵێكی سه‌ره‌كی هه‌بوه، بۆئه‌وه‌ی ببێته نمونه‌یه‌ك بۆ سه‌رجه‌م وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕست له بنیاتنانی دیموكراتیدا، بۆیه ئه‌مه‌ریكا هیچ كاتێك له‌گه‌ڵ پیشێلكاریدا نییه به‌رامبه‌ر به مافی تاك بۆ ده‌ربڕینی بۆچونه‌كانی. ئه‌مه‌ریكا، بێلایه‌نه و هه‌وڵ ده‌دات ئه‌من و ئاسایش له عێراق و كوردستاندا به‌رقه‌رار بێت و هیچ جارێك گڵۆپی سه‌وز بۆ هیچ لایه‌ك هه‌ڵناكات دژ به‌لایه‌كی تر، به‌ڵام ئه‌وه لایه‌نی ده‌سه‌ڵاته كه ده‌یه‌وێت ئه‌و جۆره ئاماژه‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی پیشانی خه‌ڵك بدات له میدیاكانیاندا. له كاتی سه‌ردانه‌كانیاندا، لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی له‌گه‌ڵ هه‌مو لایه‌نێك كۆده‌بنه‌وه و گوێیان لێده‌گرن و گفتوگۆ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر بارودۆخه‌كه، ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه لایه‌نگیری لایه‌كن و دژی لایه‌كی ترن. ده‌سه‌ڵات، تائێستا چه‌ندینجار ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی له‌ناو خه‌ڵكدا وروژاندوه، چ به نوسین له رۆژنامه‌كانیاندا، یان له چاوپێكه‌وتنی به‌رپرسه‌كانیاندا له كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌وه، بۆ به‌رژوه‌ندی خۆیان به‌كاریانهێناوه.
رۆژنامه: له دواكۆبونه‌وه‌ی هه‌ردو مه‌كته‌بی سیاسی "پارتی و یه‌كێتی"دا، بانگه‌واز ده‌كه‌ن بۆ گفتوگۆ، راتان چییه؟
سه‌ركۆ عوسمان: گفتوگۆ، له‌ژێر حوكمی عه‌سكه‌رتاری و لوله‌ی تفه‌نگ و تۆقاندندا، هیچ مانایه‌كی نییه، ئێمه له‌گه‌ڵ دیالۆگین، وه‌كو پێشتریش باسمكرد، پڕۆژه‌مان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م قه‌یرانه و ئاماده‌ین له‌سه‌ر پرۆژه‌ی چاكسازی، دیالۆگ بكه‌ین، به‌ڵام ده‌بێت بارودۆخه‌كه ئارام بێته‌وه‌و سیمای عه‌سكه‌رتاریی كۆتایی پێبێت و هیچ جۆره هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌یه‌كی چه‌كداریی نه‌مێنێت، ئه‌و كات ئه‌و بانگه‌وازه مانای ده‌بێت.