فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: كورد ناتوانێت هه‌موو ناوچه دابڕاوه‌كان بگێڕێته‌وه
Wednesday, August 22, 2007 |
|
|
سازدانی: نه‌ژاد جه‌لال
به‌پێی ده‌ستووری عیراقی و مادده‌ی 140 ده‌بوایه تا كۆتایی ساڵی 2007 بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی كه‌ركوك و ناوچه‌دابڕاوه‌كان بدرێت، هه‌نگاونه‌نانی جددی و ئه‌گه‌ری جێبه‌جێنه‌بوونی مادده‌كه و ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانكاری له سیاسه‌تی ئه‌مریكا و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140 له‌ڕێگای نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانه‌وه كۆمه‌ڵێك باسن له‌ئارادان، ئه‌گه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140 و كێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان بسپێررێت به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد ده‌بێت، یان به‌پێچه‌وانه‌وه؟ خه‌مساردی سه‌ركردایه‌تی كورد له جێبه‌جێكردنی مادده‌كه‌دا چ كاریگه‌رییه‌كی ده‌بێت له‌ئاینده‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان؟ به‌رپرسیارێتی جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌ی 140 ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی كێ؟ توركمان و قورسایی توركمانه‌كان له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی شاری كه‌ركوك، چ رۆڵێك ده‌بینێت؟ ئه‌گه‌ر ریفراندۆم كرا و كۆتاییه‌كه‌ی به‌خواستی كورد نه‌بوو چی رووده‌دات؟
به‌ڕێز كاك فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژیی كوردستان له‌م گفتوگۆیه‌دا له‌سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌رانه ده‌دوێت:
• به‌پێی مادده‌ی 140 ده‌بوو تاكۆتایی ئه‌مساڵ بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان بدرێت، كه به"ناوچه‌ی ململانێ" داده‌نرێت، تائه‌و كاته‌ش ده‌بوو هه‌رسێ قۆناغی (ئاساییكردنه‌وه، سه‌رژمێریكردن، ریفراندۆم) جێبه‌جێبكرایه، پێتانوایه به‌م ماوه كه‌مه‌ی كه ماوه هیچ شتێكی ئه‌وتۆ بكرێت بۆ مادده‌ی 140؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: مادده‌ی 140 ده‌بێت هه‌ر جێبه‌جێبكرێت، به‌ڵام مه‌رج نییه به‌و شێوه‌یه جێبه‌جێبكرێت كه خۆمان ده‌مانه‌وێت و بیری لێده‌كه‌ینه‌وه، ده‌بێت ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی مادده‌كه درێژبكرێته‌وه و ده‌بێت پێش سه‌ری ساڵ بڕیاری له‌سه‌ر بدرێت، بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت بخرێته ناو ده‌ستووره‌وه، بۆئه‌وه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌ی دانراوه كه به‌خاڵه‌كانی ده‌ستووردا بچێته‌وه ده‌بێت فه‌رمانێكی پێبدرێت كه لایه‌نه‌كان به‌و جۆره رێككه‌وتوون، ئه‌وكاته له‌ده‌ستووردا باس له‌وه ده‌كرێت بۆ ماوه‌ی ساڵێك درێژبكرێته‌وه، واته له‌كۆتایی ساڵی 2008 پرۆژه‌كه جێبه‌جێبكرێت، ره‌نگه هه‌ندێك میكانیزمی تر بێته پێش، ره‌وتێكی تر بۆ مادده‌كه بدۆزێته‌وه.
• مه‌به‌ستان چییه له میكانیزمی تازه و دواخستنی مادده‌كه؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كانی په‌یوه‌ست به مادده‌ی 140 نه‌یانتوانی جێبه‌جێی بكه‌ن به‌پێی به‌شی كۆتایی داڕشتنی مادده‌كه، كه له‌ده‌ستووردا هاتووه، ده‌بێت داوا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایش یان نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بكرێت ناوبژیوانێك دیاریبكات بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌كه.
• به‌رێزتان فراوانكردنی رۆڵی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له عیراق و به‌تایبه‌تی مادده‌ی 140 چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، كه پێده‌چێت نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هه‌ندێك لایه‌نی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی بكاته لایه‌ن له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كه؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌وه‌ی مادده‌ی 140 جێبه‌جێده‌كات ره‌نگه ئێمه نه‌بین، ئه‌گه‌ر گروپه عیراقییه‌كان نه‌یانتوانی كێشه‌كه چاره‌سه‌ربكه‌ن، ده‌بێت نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان راسپێرن كێشه‌كه‌یان بۆ چاره‌سه‌ر بكات، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش كه‌سێك دیاریده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنی مادده‌كه، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌خۆیه‌وه چاره‌سه‌ری كێشه‌یه‌ك ناكات ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان خۆیان داوای لێنه‌كه‌ن، ئه‌و بڕیاره‌ی دوای ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كه ده‌رفه‌تی فراوانكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی له‌ناوخۆی عیراق زیادكردووه، زیاتر په‌یوه‌نده به ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانیی هه‌یه، نه‌ك كه‌ركوك، ئه‌وه‌ی كه په‌یوه‌ندی به‌كه‌ركوكه‌وه هه‌یه ئێمه له‌دوو قۆناغدا پێویستمان به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێت.
قۆناغی یه‌كه‌م: قۆناغی ئێستایه له‌كاتی جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 دا، ئه‌ویش كاتێك ده‌چنه‌سه‌ر سه‌رژمێری و ریفراندۆم، ره‌نگه پێویستمان به‌یارمه‌تی ته‌كنیكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هه‌بێت.
قۆناغی دووه‌م: كه ئاستێكی فراوانه، بریتییه له‌وه‌ی كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان خۆی چاره‌سه‌رێك ده‌ستنیشانده‌كات و ده‌یسه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كان، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه داوا له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بكرێت هه‌ڵبستێت به چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه له‌كاتێكدا لایه‌نه عیراقییه‌كان شكستبهێنن له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌دا.
نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌كه به‌دوو شێوه ده‌كات.
یه‌كه‌م: هه‌ڵده‌ستێت بهردوستكردنی هه‌رێمێكی سه‌ربه‌خۆ له كه‌ركوك.
دووه‌م: یان هه‌ڵده‌ستێت به‌دابه‌شكردنی ناوچه‌كه به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوان.
• پێتانوایه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان قه‌راره‌كانی له به‌رژه‌وه‌ندی كوردبێت؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه بێلایه‌ن بێت، ئێمه زۆرجار دیدمان بۆ مه‌سه‌له‌كان سه‌قه‌ته، ئێمه ده‌مانه‌وێت خاڵی 140 به‌و جۆره جێبه‌جێبكرێت كه خۆمان ده‌مانه‌وێت، به‌ڵام سیاسه‌ت شتی وای تێدانییه، تۆ هه‌وڵ بۆ شتێك ده‌ده‌یت كه له‌وانه‌یه 100% به‌ده‌ستیبهێنیت، له‌وانه‌یه 10% به‌ده‌ستیبهێنیت، به‌ڵام له‌هه‌موو بوارێكدا تۆ شتێكت به‌ده‌ستهێناوه، هه‌لومه‌رج و چانس رۆڵی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا هه‌یه، من پێم وایه ئه‌گه‌ر ئێمه نه‌مانتوانی هه‌موو كه‌ركوك بگێڕینه‌وه، لانی كه‌م ده‌توانین نیوه‌ی كه‌ركوك بگێڕینه‌وه، ده‌بێت به‌وه‌ش رازیبین.
• پێتان وایه گه‌لی كورد و شه‌قامی كوردی ئه‌وه له سه‌ركردایه‌تی كورد قبوڵده‌كات؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌مه توانای ده‌سه‌ڵاتی ئێمه‌یه، شه‌قامی كوردی ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش قبوڵنه‌كات ئاماده‌نییه بچێت شهڕبكات و چه‌ك هه‌ڵبگرێت له‌پیناو كه‌ركوكدا، شه‌قامی كوردی زۆرجار به‌هه‌ڵه گوزارشت له‌خۆی ده‌كات، زیاتر شته‌كانی دوورن له واقیع و مه‌نتق.
• گۆڕانكاری له سیاسه‌تی ئه‌مریكادا نییه، بۆنموونه (رایان كرۆكه‌ر) له‌لێدوانێكدا به‌ئاشكرا وتی: "ئه‌مساڵ ریفراندۆم له‌سه‌ر مادده‌ی 140 ناكرێت" خه‌لیل زادیش به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ كار بۆ بهنێودهوڵتیكردنی كێشه‌ی عیراق ده‌كات؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی ئه‌مریكی شتی وا له‌ئارادانییه، به‌ڵام ئێمه زۆر ههستیارێن له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانانه، بۆنموونه قادر عه‌زیز نوێنه‌ری سه‌رۆكی هه‌رێم له لیژنه‌ی 140 دا، ناڕه‌زایی خۆی به‌رامبه‌ر كرۆكه‌ر ده‌ربڕی و وتی: "ئه‌مه ده‌ستوه‌ردانه له كاروباری ناوخۆی عیراق و شتێكه له ده‌سه‌ڵاتی باڵیۆزی ئه‌مریكادا نییه"، به‌ڵام ئه‌گه‌ر باڵیۆزی ئه‌مریكا لێدوانێكی به‌جۆرێكی تر بوتایه، ده‌بێت مادده‌ی 140 له‌كاتی خۆیدا جێبه‌جێبكرێت، له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووم كاك قادر عه‌زیز بیوتایه ده‌ستوه‌ردانه له كاروباری عیراق، ئه‌مریكییه‌كان لێپرساویهتییهكی گه‌وره‌تریان له‌سه‌ر شانه وه‌ك لێپرسراوییه‌تی سه‌ركردایه‌تی كوردنییه ئه‌وان ده‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب و كورد و سوننه و شیعه و توركمان...هتد بكه‌ن، ئه‌وان زۆرجار ده‌بێت هه‌ڵوێستیان جیاوازبێت.
• به‌ڕێزتان پێتان وانییه رێككه‌وتنی چوارقۆڵی نێوان یه‌كێتی و پارتی و ئه‌نجومه‌نی باڵا و حزبی ده‌عوا، گرنگییه‌كی ئه‌وتۆی به مادده‌ی 140 نه‌داوه؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: له رێككه‌وتنه چوارقۆڵییهكهدا مادده‌ی 140 به‌هه‌مان شێوه‌ی لێدوانه‌كه‌ی كرۆكه‌ر باسكراوه، به‌ڵام به به‌كارهێنانی وشه‌ی جیاوازتر، واباسكراوه كه هه‌وڵده‌درێت به‌وجۆره‌ی له‌ده‌ستوردا هاتووه ئه‌مساڵ جێبه‌جێبكرێت، به‌تایبه‌تی سه‌رژمێریكردن.
ئه‌ی ئه‌گه‌ر جێبه‌جێنه‌كرا چار چییه؟ ئه‌م خاڵه خۆی وه‌ڵامی خۆی ده‌داته‌وه، ئێمه بۆیه جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه له‌سه‌ر لێدوانه‌كه‌ی كرۆكه‌ر، به‌ڵام بۆ ئه‌م خاڵه‌مان بیرچووه كه سه‌ركرده‌ی دوو حزبه گه‌وره‌كه‌ی كوردستان (مام جه‌لال و كاك مه‌سعود) رازیبوون له‌سه‌ر وه‌ها رێككه‌وتنێك.
• به‌پێی ده‌ستوری عیراق دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ده‌توانێت رۆڵببینێت له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی مادده‌ی 140دا، پێتان وایه كه ئه‌م دامه‌زراوه‌یه به‌تایبه‌تی به‌ڕێز مام جه‌لال به‌و رۆڵه‌ی خۆی هه‌ستاوه؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی نییه، به‌پێی دستوور هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی نییه، هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له سیستمی پارله‌مانی عیراق دراوه‌ته سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه ئه‌نجام ئه‌و ده‌سه‌ڵاته دراوه‌ته ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی كه داوا له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بكات كه مه‌سه‌له‌كه چاره‌سه‌ربكات.
• ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی ناتوانێت هیچ رۆڵێكی تر ببینێت؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: به‌پێی ده‌ستور له مادده‌ی 140 دا ته‌نیا ئه‌و رۆڵه‌ی پێدراوه.
• پێتان وانییه سه‌ركردایه‌تی كورد كه‌مته‌رخه‌مبووه و نه‌یتوانیوه كاری جددی بكات بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140؟ منافه‌سه‌ی حزبیی چی زیانێكی گه‌یاندووه به مادده‌كه؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: من پێم وایه سه‌ركردایه‌تی كورد كه‌مته‌رخه‌مییه‌كی زۆری هه‌بووه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتدا ئێمه وه‌ك گه‌لی كورد گه‌لێكی رێكخراو و به بهرنامهنین له كاروباری خۆماندا، مه‌سه‌له‌كه هه‌ر سه‌ركردایه‌تی ناگرێته‌وه، سروشتی گه‌لی كورد سروشتێكه له‌كاركردندا به به‌رنامه كارناكات، به‌ڵام لێپرسراوییهتییهكه زیاتر سه‌ركردایه‌تی ده‌گرێته‌وه، چونكه ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
• كێ به‌رپرسی یه‌كه‌مه له جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌ی 140؟ كورد؟ عه‌ره‌ب؟ ئه‌مریكا؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: كورده، خۆمانین، چونكه به‌رنامه‌یه‌كمان نه‌بووه بۆ مه‌سه‌له‌كه، بۆنموونه نه‌مانتوانیوه كێشه‌ی ئاواره‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ین، نه‌مانتوانیوه په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ گروپه ركهبهرهكانمان دروستبكه‌ین، نه‌مانتوانیوه نموونه‌یه‌كی جوان له ده‌سه‌ڵاتداری پێشكه‌ش بكه‌ین تا گروپ و ناوچه‌كانی تر پێیان خۆشبێت ببنه به‌شێك له هه‌رێمه‌كه‌مان، كۆمه‌ڵێك شتی تر كه نه‌مانتوانیوه بیانكه‌ین، زۆر شت هه‌یه كاریگه‌ری خراپی هه‌بووه له‌سه‌ر كه‌ركوك، ئێمه كه نه‌توانین خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌ش به هاووڵاتییانی خۆمان بكه‌ین، چۆن هاووڵاتییه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئێمه پێی خۆشه بێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێمه، ناوچه‌كه‌ی ببێته به‌شێك له‌و هه‌رێمه‌ی ئێمه، ئه‌گه‌ر ئێمه خزمه‌تگوزاریمان پێشكه‌ش بكردنایه و گه‌نده‌ڵی نه‌بوایه له‌ناوماندا ئه‌وكات عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانیش پێیان خۆش‌بوو ببنه به‌شێك له هه‌رێمی كوردستان.
• گرنگی نه‌دان به توركمان و كه‌مه نهتهوایهتییهكانی تر له‌لایه‌ن كورده‌وه، به‌تایبه‌تی پارتی و یه‌كێتی، نه‌بۆته هۆی جێبه‌جێنه‌كردنی مادده‌كه؟ له‌كاتێكدا توركمان نه‌ته‌وه‌ی دووه‌من له هه‌رێمی كوردستان، به‌رێزتان پێتان وانییه كه بێپشتیوانیی توركمان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك زه‌حمه‌ته؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: چاره‌سه‌ره‌كان كه دیاریكراون بۆ مه‌سه‌له‌كان هه‌موویان كێشه‌ی تێدایه، بۆنموونه له‌ڕیفراندۆمدا ناتوانین هه‌موو ناوچه‌كان بگێڕینه‌وه بۆ هه‌رێمی كوردستان، هه‌ندێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه و هه‌ندێكی ناگه‌ڕێته‌وه، ئێمه تائێستا شێوازێكمان گرتۆته‌به‌ر زیاتر رووخساری سه‌پاندنی پێوه‌دیاره، ئێمه هه‌وڵده‌ده‌ین 140 بسه‌پێنین به‌سه‌ر لایه‌نه‌كانی تردا، لایه‌نه‌كانی تریش به‌رهه‌ڵستییه‌كی زۆری ئه‌مه ده‌كه‌ن، ئێمه نامانه‌وێت وتوێژ له‌سه‌ر مادده‌ی 140 بكه‌ین، ده‌مانه‌وێت بیسه‌پێنین ئه‌گه‌ر ئێمه رازی بووین به وتووێژ ده‌توانین چاره‌سه‌ری بكه‌ین، به‌ڵام نه‌ك چاره‌سه‌رێك كه شه‌قامی كوردی بیری لێده‌كاته‌وه.
• به‌ڕێزتان پێتانوانییه كه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه كه سه‌ركردایه‌تی كورد رازیبووه خاكی خۆی بخاته مزایده و ریفراندۆمه‌وه، كه مێژوویه‌ك هه‌یه و ده‌یسه‌لمێنێت كه ئه‌م ناوچانه كوردستانن؟ ئه‌م وتاره‌ی دوایی كاك نه‌وشیروان هه‌مان شت به‌سه‌ركردایه‌تی كورد ده‌ڵێت؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: نازانم، به‌ڵام ئێمه مادام له‌ده‌ستوردا به ریفراندۆم رازیبووین، مانای وایه كه ئێمه ده‌ستبه‌رداری مێژووی بوونی هه‌رناوچه‌یه‌ك بووین، كه تۆ باسی ریفراندۆم ده‌كه‌یت له‌شوێنێكدا، ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌و شوێنه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆیان ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌وشوێنه پێش دوو سه‌دساڵ یه‌كلاكه‌روه‌ی كوردستانیش بووبێت، تۆ ده‌ستبه‌رداری ئه‌و لایه‌نه مێژووییه بوویت، ئێستا گرنگه كه چه‌ند كورد هه‌یه یان ژماره‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر چه‌نده كێشه‌كه‌ی به‌لای خۆیدا ده‌شكێنێته‌وه، چونكه به‌ده‌نگدان كێشه‌كه یهكلادهكریَتهوه.
• ئێستا بیربۆچوونێكی تر له‌لایه‌ن هه‌ندێك له نووسه‌ر و رۆشنبیران دروستبووه، بۆنموونه وتاره‌كه‌ی خه‌بات عه‌بدوڵا كه له رۆژنامه‌ی رۆژنامه و سایتی سبه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه، پێشنیارده‌كات بۆ سه‌ركردایه‌تی كورد، كه ئه‌گه‌ر نه‌توانرا مادده‌ی 140 له كه‌ركوك جێبه‌جێبكرێت، ئه‌وا ده‌كرێت له‌ناوچه‌كانی تر له‌م كاته‌دا جێبه‌جێبكرێت؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: راسته، له پارله‌مان و لیژنه‌ی دهستكارییهكانی ده‌ستوریش شتێكی له‌م بابه‌ت باسكراوه، به‌ڵام ئه‌مه به‌ستراوه‌ته‌وه به‌دروستكردنی هه‌رێمی كه‌ركوك، ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر كه‌ركوك ببێت به هه‌رێمێك، ئه‌وا ئێمه ئاماده‌ین ناوچه‌كانی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی مادده‌ی 140 چاره‌سه‌ر بكه‌ین، ئێستا ئێمه ده‌توانین هه‌ندێك ناوچه چاره‌سه‌ربكه‌ین بۆنموونه مه‌خمور كه كێشه‌یه‌كی سنوورییه له‌نێوان پارێزگای هه‌ولێر و موسڵ، پارله‌مان ده‌توانێت بڕیاری له‌سه‌ربدات، چونكه ئه‌م ناوچه‌یه پێش ساڵی 1991 سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێربووه، ده‌كرێت ئه‌مه بگه‌ڕێته‌وه بۆ پارێزگای هه‌ولێر، به‌ڵام كێشه‌ی خانه‌قین، چونكه له‌وه‌ته‌ی پارێزگای دیاله دروستبووه خانه‌قین سه‌ر به دیاله، ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌ی كه عیراق سێ ویلایه‌ت بووه، خانه‌قین سه‌ر به ویلایه‌تی به‌غدا بووه نه‌ك موسڵ ناتوانرێت وه‌ك مه‌خمور چاره‌سه‌ربكرێت، كێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان جیاوازن، بۆیه ئاله‌تی چاره‌سه‌ركردنیان جیاوازه.
• بۆچوونی سه‌ركردایه‌تی كورد چۆنه بۆ ئه‌م جۆره چاره‌سه‌ره؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: سه‌ركردایه‌تی كورد تائێستا به‌وردی و به‌جددی لێی نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه یه‌كێكه له چاره‌سه‌ره‌كان ئه‌گه‌ر بیری لێبكرێته‌وه.
• سه‌ركردایه‌تی كورد به‌تایبته‌ی به‌رێز مام جه‌لال، زۆربه‌ی هه‌وڵه‌كانی بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی یه‌كگرتووی عیراقه، كه لایه‌نه‌كانی عیراق به‌م نارێكخراوییه و شپرزه‌ییه‌وه قبوڵی كێشه‌ی كورد و مادده‌ی 140 ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م لایه‌نانه ببنه‌وه به‌یه‌ك ده‌ست، پێتانوانییه مێژوو دووباره ده‌بێته‌وه و هه‌ڵوێستی حكومه‌تی عیراقیش وه‌ك حكومه‌ته‌كانی پێشوو نابێت؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: مه‌سه‌له‌كه به‌و جۆره نییه، ئه‌وه‌ی كه ئێمه كێشه‌مان له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه سوننه‌كانن، ئه‌وان دیدێكیان هه‌یه كه جیاوازه له دیدی كورد و شیعه، سوننه قبوڵی ئه‌وه‌ناكه‌ن كه ده‌سه‌ڵاتیان له‌ده‌ست ده‌رچووه، ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵات بێته‌وه ده‌ستیان، به‌ڵام ئه‌وه جێگای قبوڵنییه، چونكه شیعه زۆرینه‌ن.
هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تی كورد به‌تایبه‌تی به‌رێز تاڵه‌بانی له‌و روانگه‌یه‌وه دێت كه نائارامی عیراق كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر كوردستان ده‌بێت، ئێمه له‌پێناو خۆمان هه‌وڵده‌ده‌ین سه‌قامگیری له‌عیراقدا به‌دیبهێنین، نه‌ك له‌پێناو سوننه و شیعه‌دا.
• به‌ڕێزتان داهاتووی ناوچه دابڕاوه‌كان و كه‌ركوك چۆن ده‌بینیت؟
- فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد: من ده‌ڵێم ناتوانین هه‌موو ناوچه‌كان بگێڕینه‌وه، به‌ڵام تازۆر بگێڕینه‌وه باشتره، هه‌ندێك ناوچه گۆڕانی دیمۆگرافی به‌سه‌ردا هاتووه، ره‌نگه نه‌توانین بیگێڕینه‌وه، هه‌ندێك ناوچه‌ی تر ره‌نگه په‌یوه‌ندی به جوگرافیا و فاكته‌ری ئابوورییه‌وه هه‌بێت، هه‌ندێكی تر له‌وانه‌یه بۆیهكلاییكردنهوهی فاكته‌ری نێوده‌وڵه‌تی و ئیقلیمی رۆڵی تیاببێنێت، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا ئێمه ناوچه‌یه‌كی فراوانمان له‌به‌رده‌مدایه، ئه‌وه‌نده‌ی پێمانبكرێت ده‌یگێڕینه‌وه، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه نه‌مانتوانی بیگێڕینه‌وه له‌ده‌ستمان ده‌چێت و په‌یوه‌ندی به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه كۆتایی دێت، چونكه ئه‌و سنووره‌ی كه دیاریده‌كرێت سنووری كۆتایی عه‌ره‌ب و كورده، عه‌ره‌ب جارێكی تر ناتوانێت بێته‌وه بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئێمه‌ش ئه‌و ناوچانه‌ی كه له‌ده‌ستمان چووه، ناتوانین ئیتر باسیبكهین.
|
|
Print |
|
Send this link
|
Add
to favorites
|
|
|
|