(سبه‌ی):
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق داوای له په‌رله‌مانی تورکیا کردوه ئه‌و بڕیاره‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه، که بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی سوپای وڵاته‌که‌ی له‌ناوچه سنورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان دهریکردبو، په‌رله‌مانتارێکیش داوا ده‌کات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌وڵه‌کانی له‌وباره‌یه‌وه بخاته‌گه‌ڕ.
به‌هۆی پرۆژه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنور، كه له لایه‌ن پارتی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیاوه پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرابو، په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته بڕیاری شه‌ڕكردن و ئۆپه‌راسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی سنوری له‌دژی په‌كه‌كه بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی‌تر درێژكرده‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه عه‌لی عه‌لاق، ئه‌ندامی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بڕیاره‌که‌ی په‌رله‌مانی تورکیا ره‌تده‌کاته‌وه سه‌باره‌ت به درێژکردنه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌کانی سوپای تورکیا له‌ناوچه سنورییه‌کانی هه‌رێمی کوردستان.
عه‌لاق بۆ (سۆمه‌ریه‌نیوز) داواشی له‌په‌رله‌مانی تورکیا کرد ئه‌و بڕیاره‌ی خۆی بکێشێته‌وه‌و رێگه‌نه‌دات سوپای وڵاته‌که‌ی، ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ناوچه سنورییه‌کانی خاکی عێراقدا ئه‌نجام بدات.
ئاشکراشیکرد، پێش چه‌ند رۆژێک په‌رله‌مانی عێراق داوای له په‌رله‌مانی تورکیا کردبو بڕیارێکی له‌و شێوه‌یه ده‌رنه‌کات، هاوکات عه‌لاق داوای له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش کرد هه‌وڵه دبلۆماسییه‌کانی له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کان بخاته‌گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی تورکیا رێز له سه‌روه‌ری خاکی عێراق بگرێت.