|
Thursday, September 22, 2011 |
سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتو: له‌ڕێی که‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕه‌وه لێکۆڵینه‌وه له‌گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کانی هه‌رێم ده‌که‌ین |
(سبه‌ی):
سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوی ئیسلامی له په‌رله‌مانی کوردستان ئاماژه به‌وه‌ده‌دات، که گرێبه‌سته‌کانی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌کان له ساڵی2003 وه ده‌ستیپێکردوه، ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌کات، سه‌ردانی پاڵاوگه نه‌وتیه‌کان ده‌که‌ن بۆ چاودێریکردن و پشکنینی کاره‌کانیان.
عومه‌ر عه‌بدولعه‌زیز، سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی کوردستان، به (سبه‌ی) راگه‌یاند: به‌پێی لێدوانی وه‌زیری سامانه سروشتییه‌کان، گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کان له ساڵی 2003 وه ده‌ستیپێکردوه، ئه‌م گرێبه‌ستانه‌ش که ئێمه بینیومانه ئه‌وانه‌ن له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌کاربونی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌کانه‌وه ئیمزاکراون، بۆیه ده‌بێت توێژینه‌وه له ناوه‌رۆکه‌کانیان بکه‌ین، چونکه ته‌نها کۆنوسه‌کان ئاماده‌کرابون، بۆیه ناتوانین بریارێک له سه‌ر ناوه‌رۆکه‌کانیان بده‌ین، تا پیشانی که‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زا یان نه‌ده‌ین بۆ لێکۆڵینه‌وه و شرۆڤه‌کردن.
ئه‌وه‌شی وت: هه‌رچه‌نده پێشتر گرێبه‌سته‌کان له به‌رده‌ستی که‌سانی پسپۆڕ و شاره‌زای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌کان بوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی تازه‌یه دانانی ده‌قی گرێبه‌سته‌کان بو له به‌رده‌ست په‌رله‌مانتاران، ئێستاش کۆپییه‌ک لای ئێمه‌یه و ده‌توانین هه‌رکاتێک بمانه‌وێت پیشانی که‌سانی شاره‌زا و پسپۆڕی بده‌ین.
ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: راسته داهاتی نه‌وت راگه‌یه‌نراوه، به‌ڵام به‌وه‌ش کۆتایی نایه‌ت، ده‌بێت په‌رله‌مان وه‌ک لایه‌نێکی چاو‌دێر، به‌دواداچونی مه‌یدانی بۆ بکات، ئێمه‌ش وه‌ک سه‌رۆکی فراکسیۆنه‌کان و لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه، سه‌ردانی پاڵاوگه‌کان ده‌که‌ین و پشکنین ده‌که‌ین.
سه‌باره‌ت به چۆنێتی مامه‌ڵه‌کردنی فراکسیۆنه‌کانی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ ئه‌و گرێبه‌ستانه‌دا، سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتوی ئیسلامی وتی: گرێبه‌سته‌کان سه‌دان لاپه‌ڕه‌ن هه‌ر گرێبه‌ستێکیش هێنده‌ی کتێبێکی گه‌وره ده‌بێت و هه‌موشی به زمانی ئینگلیزی نوسراوه و ده‌سته‌واژه‌ی زانستیه، بۆیه زمانزانین و سه‌یرکردنی سه‌رپێیی زانیاری ته‌واومان ناداتێ، له‌به‌رئه‌وه هه‌رسێ فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن بڕیارمانداوه، گرێبه‌سته‌کان بده‌ین به که‌سانی پسپۆڕ بۆ پێداچونه‌وه. |
|
|