| 
مێدیای کوردی و کەسابەت!
 | 
 
 
نهبهز جهلال 
بژێویی و ئومێدی گەیشتن بەجۆری پیاکەوتن و سروشتی ژیان و خۆشگوزەرانی ئەم دەڤەرە، رێچکە و رەوشتی پیشەیی و کۆمەڵایەتی لای زۆرێک لەم کۆمەڵگایە گۆڕیوە.! 
 
ئاڵۆزیەک دەبینیم، بۆتە گرێ کوێرە و بۆم ناکرێتەوە،! لەم وڵاتە موچە خۆری بن دیوار هەیە و مزگەوتێکی خێرخوازی نیو ملیۆن دۆلاری کردۆتەوە، مەلای پێش نوێژ خاوەنی هۆتێلە، مامۆستای زانکۆ کۆمپانیای هەیە، پلەدار و بەرپرسی سەربازی گەورە بۆتە بازرگانی گەورەی وڵات و بە پارەکانی دەمانژییەنێت و بە پلەکەشی دەمانپارێزێت، گەلێکیش لێی مەمنونین.! 
 
چالاکوانی مەدەنیمان هەیە موچەی سەربازی بەناهەق وەردەگرێت و خەریکی کەمپینی ناهەقیەکانە بۆ دەوڵەت. دکتۆرمان هەیە پشکنینت بۆدەکات و دەنێرێتە تاقیگەکەی خۆی، پاشان لە دەرمانخانەکەی دەرمانەکانت پێدەفرۆشێت و دوایی تەواو بونی دەنکە دەنکەی دەرمانەکان، دەتهێنێتەوە حزوری جەنابیان، هەروەها سیستمی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ نەخۆشەکان و کەڵەکە کردنی پارەکانی. 
 
مامۆستامان هەیە دوای دەوام دەرسی تایبەتی دەڵێتەوەو بڕی وەرگرتنی ماندوبونی هەرخوێندکارێک هێندەی موچەی مانگێکی مامۆستاییەکەی پێ نۆشدەکات، ئەندام پەرلەمانمان هەیە پەیامنێری کەناڵێکە و گەردنی بەکورتەنامە ئازاد دەکات و بەرپرسیارێتی کورتەنامەکەی لا گرنگترە لە پڕۆژە و گوێگرتنی ناو هۆڵی پەرلەمان.  
 
کادری حیزبیمان هەیە خزمەت بە حیزب دەکات و بودجەی خۆی هەیە و موچەی بندیواری لە سەرشانی حکومەتی هەرێمە، سیاسی نەخوێندەوارمان هەیە خەریکی دەرمانە و دکتۆریشمان هەیە بەسوپەرمارکێت و دۆنمەوە عەوداڵە.! 
 
 سەرنوسەری رۆژنامەی ئەهلیمان هەیە، خاوەنی ریزە دوکان و چەند ئاپارتمانێکی گران بەهای ناوازەیە، کۆلکە خوێندەواری خو گیرمان هەیە بۆتە رۆژنامەنوس و لە چوار شوێندا شەن و کەو دەکات و بەشاراوەیش موچە وەردەگرێت و خۆی لێ بێدەنگ کردوە. لەسەر ستونی رۆژنامەکان ستون بۆ داهاتوی رەنگ رێژ دەکات. 
 
شانۆکارمان هەیە کتێب دەفرۆشێت، کتێب فرۆشمان هەیە راگەیاندنکارە و دەزگای چاپ و پەخشی هەیە.! 
 ئەفسەرمان هەیە دوکاندارە و چاوەڕوانی دابەزینی دۆلاری بازاڕە بۆ بارەکەی، دوکاندارمان هەیە کۆمپانیای حەج و عومرەی هەیە و لەژێرەوە بازرگانی خانوبەرە دەکات. 
 
پۆلیسمان هەیە شۆفێری تاکسییە و لە کاتە گونجاوکاندا بە ژمارە تەلەفۆنەکەی وەستای سپلیتە!، باخەوانمان هەیە بیر هەڵکەن و کارەبا چیە.! 
 
 ئەم هەمو چییە و چۆنەی ئەم دەڤەرە و ئاڵۆزکاوی و جەنجاڵی خەڵک و بژێویەکەی، ئەستەمە مرۆڤی پیشەیی و ئاسایی بدۆزیتەوە.!؟ ئەم بێ ئۆقرەییەی دروست بوە پریشکی بەر هەموان و بۆ هەموانە کە بەداخەوە ئەوەی بەرپرسیاری زۆری بەردەکەوێت و هەوڵی رێککردنەوەی رێگا و دۆزینەوەی چارەسەری لەئەستۆیە لەم دۆخەدا مێدیایە و دەبێت بەرنامەکاری راستەقینەی خۆی بگرێتەبەر و کۆمەڵگا بخاتەوە سەر رێچکە ئاسایی و سروشتیەکەی خۆی. 
 
بەداخەوە زۆرێکیش لەمانە دەرفەت لەهەمو ئەگەرە خراپ و شێواوەکانی ئەم هەرێمە وەردەگرن و دەیکەنە دەرمان و دەرخواردی رۆحی خەڵکە بەشمەینەتەکەی دەدەن و ناسڵەمێنەوە لە کاردانەوەکانی. 
 
ئەوان ناترسن لە چای خواردنەوە و بەردی گورچیلەی لێ دەردەکەن، لە ناوەخنی باشەکاندا خراپەکان دەدۆزنەوە، لەناو خراپەکاندا چاکە دروست دەکەن. 
 
بە پارەکەی کەسابەت و بازرگانی لەمێدیاوە دەبنە خاوەن پۆست و پارە و دەبنە دۆستی کلیل بەدەستەکانی بەهەشت و خۆشگوزەرانی!. 
 
ئەوانە لەبەری رەنجی ئەنفال و هەڵەبجە و کارەساتەکانی ئەم وڵاتە کلیلەکانیان بۆخۆیان برد و جەهەنەمیشیان بە چارەنوسی ئێمە بەخشی!.
 
    
 | 
 
| 
 | 
 
 
         |