گاردی نیشتیمانی.. چاره‌سه‌ر یان ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخی ئه‌منی عێراق
|
ژوری توێژینەوەی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان
ئا: ئاریان ره‌ئوف
(تێبینی و پێشنیاره‌كان سه‌باره‌ت به "پرۆژه‌ی گاردی نیشتمانی" له عێراق)
له‌چوار ساڵی رابردوی حكومرانی عێراق دۆخێكی پڕ كێشه و قه‌یران و نائارامی به‌سه‌ر عێراقدا باڵی كێشا به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی هێزه سیاسیه‌كانی عێراق و سه‌رنه‌كه‌وتنیان له‌دانانی وه‌زیره‌كانی ناوخۆ و به‌رگری، هه‌روه‌ها به هۆی سیاسه‌تی تاك لایه‌نی مالیكی، به‌هۆی ئه‌و دابه‌شبونه تایفه‌گه‌ریه‌ی عێراقی تێكه‌وتوه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد له‌ناوچه سونه نشینه‌كان ژینگه‌یه‌كی وه‌ها دروست ببێت كه سه‌رله‌نوێ گروپه توندڕه‌وه‌كان گهشهبكهنهوه خۆیان سازبده‌ن بۆ ئیداره‌دانێكی سه‌ربازی له‌ناوچه سونه نشینه‌كان.
ئه‌م دۆخه‌ی ناوچه سونه نشینه‌كان ژینگه‌یه‌كی باشی دروستكرد كه گروپی داعش به‌هاوكاری میلیشیا سونیه‌كانی عێراق كه بتوانێت زۆر به ئاسانی كۆنتڕۆڵی چه‌ند شارێكی سونه نشین بكه‌ن له‌عێراق، له‌وانه (شاری موسڵ، شاری تكریت، به‌شێك له‌پارێزگای ئه‌نبار و دیالە)، له‌دوای ئه‌م داگیركاریه‌ی داعش، حكومه‌تی عێراقی پێكهێنرا به به‌شداری هێزه سونیه‌كان و به كۆمه‌ڵێك مه‌رجی لایه‌نه سیاسیه‌كانی عێراق، یه‌كێك له مه‌رجه‌كان بریتی بو له پێكهێنانی (گاردی نیشتمانی) به تایبه‌ت له ناوچه سونه نشینه‌كان.
له‌ئێستا به مه‌به‌ستی پێكهێنانی گاردی نیشتیمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پڕۆژە یاسایه‌كی ئاماده‌كردوه‌و ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری و ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عێراق كردوه به مهبهسیتی دیراسه‌كردنی له‌پێناو ئاراسته‌كردنی بۆ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به مه‌به‌ستی ده‌رچواندنی.
ئامانجی ئه‌م په‌یپه‌ره تیشك خستنه سه‌ر گاردی نیشتیمانی و باكگراوه‌ندی ئه‌و هێزانه‌ی ده‌خزێنرێنه نێو گاردنی نیشتمانی و دهرهاوێشتهكانیهتی له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمی كوردستان. خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ خاڵه‌كانی پڕۆژه یاسایه‌كه و هه‌روه‌ها خستنه‌ڕوی چه‌ند راسپارده‌یه‌ك:
یه‌كه‌م/ شكستی سوپا‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ملیشیاكان
له‌هه‌ر تێكچونێكی بارودۆخی ئه‌منی عێراقدا ملیشیا چه‌كداره‌كان به شێوه‌یه‌كی كتوپڕ ده‌رده‌كه‌ونه‌وه، له‌كاتی دهركهوتنهوهشیان سوپا هیچ رۆڵیكی نابێت به پێچه‌وانه‌وه سه‌ركرده عه‌سكه‌ریه‌كانی سوپا فه‌رمانه‌كانیان له‌سه‌رۆكی میلیشیاكان وه‌رده‌گرن .
له‌دوای شكستهێنانی سوپای عێراق له‌شاره سونه نشینه‌كان و به تایبه‌ت له‌شاری موسڵ و تكریت، له‌ڕوی هونه‌ری و له‌ڕوی مه‌عنه‌ویه‌وه شتێك نه‌ما ناوی سوپا بێت، هه‌ربۆیه كتوپڕ مه‌رجه‌عه شیعیه‌كان له‌پێناو پاراستنی بەغدا و ناوچه شیعیه‌كان داوایان له هاونیشتمانیه شیعیه‌كان كرد، كه له چوارچێوه‌ی ملیشیا شیعیه‌كان خۆیان سازبده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری داعش و گروپه ملیشیا سونیه‌كان ببنه‌وه هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش له‌سه‌رجه‌م شاره شعیه نشینه‌كان ده‌ستكرا به كۆكردنه‌وه‌ی جه‌نگاوه‌ر له‌چوارچێوه‌ی كه‌مپینی (حشد الشعبی). به‌شێك له ئه‌و هێزه ملیشیایه شیعیانه پێشتر لەگۆڕه‌پانی سیاسی عێراق هه‌بون و به‌شێكی تریان كاره‌كانیان وهستاندبو، ئه‌م روداوه ئه‌وه‌ی پیشانی عێراقیه‌كاندا كه له‌عێراقدا شتێك نه‌ماوه ناوی سوپای نیشتیمانی بێت، به‌ڵكو ئه‌و هێزه ملیشیایهكانه یاری به دۆخی ئه‌منی عێراق ده‌كه‌ن. بۆ زیاتر تێگه‌یشتن له‌گروپی ملیشیا شیعی و سونیه‌كان و شكستی سوپا به باشی ده‌زانین به كورتی باس له هۆكاره‌كانی شكستی سوپا و گرنگترین گروپه ملیشیا شیعی و سونیه‌كانی عێراق بكه‌ین.
أ. هۆكاره‌كانی شكستی سوپای عێراقی
1. قۆرغكردنی سوپا له‌لایه‌ن هێزه شیعیه‌كان.
2. جگه له‌پێكهاته‌ی شیعی كورد و سونه‌كان كه‌مترین رێژه‌ی سوپای عێراقیان پێكده‌هێنا به تایبه‌ت كورد رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م بو.
3. گه‌نده‌ڵی له‌دابه‌شكردنی ئه‌ركه سه‌ربازیه‌كان، به‌شێوه‌یەك كه مامه‌ڵه‌ی بازرگانی به پۆسته سه‌ربازیه‌كانی عێراق ده‌كرا.
4. نه‌بونی متمانه‌ی هاوڵاتیانی عێراق به سوپا له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ی ده‌كرانه سه‌ر هاوڵاتیان.
5. خزاندنی ملیشیا تایفهگهریهكان و سه‌ركرده ملیشیایهكان بۆ نێو سوپا.
6. پێكهێنانی سوپا له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ی.
7. لاوازی دیسپلینی سه‌ربازی به‌هۆی ناشاره‌زایی ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی كه له‌رێگه‌ی ملیشیاكانهوه خزانێنرابونه نێو سوپا.
ب. میلیشیا شیعی و سونیه‌كانی عێراق
- ملیشیا شعیهكان
ملیشیا شیعیه‌كان مێژوی دروستبون و سه‌رهه‌ڵدانی زۆرینه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می حكومڕانی به‌عسیه‌كان له‌عێراق، به‌شێك بون له‌به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، ژماره‌یه‌كی تریان له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له ساڵی 2003 سه‌ریانهه‌ڵدا، به‌شێك له‌م ملیشیا شیعیانه دژی داگیركاری ئه‌مەریكا بون، چالاكی سه‌ربازیان دژ به هێزه‌كانی ئه‌مەریكا ئه‌نجامدا، هەروەها زۆرینه‌یان به‌شداربون له‌و جه‌نگه تایفه‌گه‌ریه‌ی توشی عێراق هات له‌ساڵانی 2006-2008. له‌خواره‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین گرنگترین ئه‌و ملیشیانه بخه‌ینه‌ڕو، كه رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌یه له‌دۆخی ئه‌منی عێراق، به تایبه‌ت ئه‌و ملیشیایانانهی كه به‌ره‌نگاری هێرشه‌كانی داعش بونه‌وه له كاتی هێرشه‌كانی بۆ داگیركردنی شاری به‌غداو به‌عقوبه و شاره‌كانی تر.
1. رێكخراوی به‌در (منظمه البدر)
گروپێكی ملیشیایی شیعیه له‌ساڵی 1981 دامه‌زراوه تاكو ساڵی 2010 باڵی سه‌ربازی ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی عێراق بو. له‌سه‌ر ده‌ستی محمد باقر الحكیم دامه‌زراوه كه یه‌كێك له‌مه‌رجه‌عه دیاره‌كانی شیعه‌یه. له‌لایه‌ن هادی عامری (وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی پێش‌و) سهرپەرشتی ده‌كرێت. تا پێش جیابونه‌وه‌ی له‌ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی به فه‌یله‌قی به‌در (فیلق بدر) ناوده‌برا له‌ساڵی 2010 وه‌ك كوتله‌یه‌كی سیاسی خۆی ناساند، بەڵام دوای هێرشه‌كانی داعش له‌حوزه‌یرانی 2014 بۆ سه‌ر شاره‌كانی عێراق خۆی چهكداركردهوه، شایه‌نی باسه به به‌هێزترین ئه‌و ملیشیا سه‌ربازیانه داده‌نرێت كه به‌ره‌نگاری هێرشه‌كانی داعش بویه‌وه به تایبه‌ت رێگریكرد له داگیركردنی شاری به‌عقوبه له‌لایه‌ن داعشه‌وه.
رێكخراوی به‌در رێكخراوێكی تۆكمه‌ی سه‌ربازیه خاوه‌ن توانایه‌كی سه‌ربازی گه‌وره‌ی راهێنراوهو زیاتر له 12 هه‌زار چه‌كداری هه‌یه، له‌كاتی تێكچونی باردۆخی ئه‌منی عێراق هه‌مو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیه‌كی له‌جۆری سوك و قورس له لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه بۆ دابین ده‌كرێت. ئه‌م رێكخراوه په‌یوه‌ندی پته‌وی له‌گه‌ڵ گاردی شۆڕشی ئێرانی (حرس الثورى الایرانی) هه‌یه هه‌روه‌ها له لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی پاڵپشتی ده‌كرێت. پێگه‌ی جوگرافیای له‌پارێزگای دیاله‌یه.
2. سه‌رایای سه‌لام (سرایا السلام)
گروپێكی ملیشیای سه‌ر به ره‌وتی صهدره كه پێشینه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ساڵی 2003 به ناوی (جیش المهدی) ناوده‌بران بەڵام له‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌عێراق به بڕیارێكی موقتەدا سه‌در هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه، له دوای هێرشه‌كانی داعش بۆ شاره‌كانی موسڵ و تكریت، له‌سه‌ر بڕیاری موقته‌دا سه‌در سه‌رله‌نوێ دروستكرایه‌وه، بەڵام له‌ژێر ناوی سه‌رایای سه‌لام. ئه‌م گروپه گروپێكی چه‌كداری به‌توانایه له‌ڕوی سه‌ربازیه‌وه‌و خاوه‌نی 60 هه‌زار جه‌نگاوه‌ره، خاوه‌نی جبهخانهیكی سه‌ربازی گه‌وره له‌چه‌كی جۆری قورس و سوك، پێگه‌ی جوگرافیای دابه‌شبوه به‌سه‌ر شاره‌كانی به‌غدا و دیاله و كه‌ركوك.
3. عهصائب ئه‌هل حه‌ق (عصائب اهل الحق)
مێژوی دروستبونی ئه‌م گروپه ملیشیایه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 2007 دوای جیابونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی دیاری ره‌وتی سه‌در (قیس خزعلی) له‌ره‌وتی سه‌در، چونكه پێشتر گروپێك بون له (جیش المهدی) به‌ناوی (المجامیع الخاصه)، چالاكیه‌كانیان جۆری بون له‌ناو (جیش المهدی)، له‌دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌عێراق له‌ساڵی 2011 بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كرد كه چه‌ك داده‌نێن و به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌كه‌ن، به یه‌كێك له‌گروپه ملیشیایه توندڕه‌وه‌كانی شیعه هه‌ژمارده‌كرێن، یه‌كه‌م ملیشیای شیعەیه كه به ئاشكرا چه‌ندین جار هه‌ڕه‌شه‌ی له‌كورد كردوه. سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوی عێراق هاوكاری سه‌ربازی ده‌كردن، خاوه‌نی نزیكه‌ی 5000 هه‌زار جه‌نگاوه‌رن، له‌كاتی خراپبونی بارودۆخی ئه‌منی عێراق سوپای عێراق پێداویستی سه‌ربازی له‌جۆری چه‌كی قورس و سوكی پێشكه‌ش ده‌كات. پێگه‌ی جوگرافیایان له ناوچه‌كانی بەغدا و دیاله‌یه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م ملیشیا گه‌ورانه‌ی شیعیه‌كان له‌عێراق چه‌ندین ملیشیای شیعی تریش هه‌ن گرنگترینیان (جیش المختار) كه له‌لایه‌ن (واثق بطاط) سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، هه‌روه‌ها (لوا‌و أبو الفضل العباس) كه له‌لایه‌ن (قاسم الطائي) سه‌رپه‌شتی ده‌كرێت.
- میلیشیا سونییهكان
مێژوی ده‌ركه‌وتن و سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رجه‌م ملیشیا سونیه‌كان له‌عێراقدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوای روخانی سیسته‌می حوكمڕانی به‌عسیه‌كان له‌عێراق له‌ساڵی 2003، له‌سه‌ره‌تادا ئامانجی دروستبونی ئه‌م ملیشیایانه وه‌ك له‌به‌یاننامه‌ی خۆراگهیاندنی زۆرینه‌یاندا هاتوه بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی داگیركردنی عێراقه له‌لایه‌ن هێزه ئهمەریكیهكانهوه دامه‌زراون. بەڵام دواتر شێوه كاركردنیان گۆڕاو بون به به‌شێك لهههڵگیرسێنهرانی ئه‌و جه‌نگه تایفه‌گه‌ریه‌ی له‌عێراقدا به‌رپابو له‌نێوان ساڵانی 2006-2008، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه بۆكردنه به‌پێی بارودۆخه مێژوییه‌كان گۆران له‌م هێزه ملیشیانهدا روده‌دات. ئه‌م میلیشیانه له‌لایه‌ن وڵاتانی كه‌نداو به ئاشكرا هاوكاری ده‌كرێن. ژماره‌ی سه‌رجه‌م گروپه ملیشیا سونیه‌كان نزیكه‌ی 20 هێزی ملیشیا ده‌بن. هه‌ربۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ین به كورتی له‌سه‌ر ئه‌و گروپه ملیشیانه هه‌ڵوه‌سته بكه‌ین كه رۆڵێکی سه‌ره‌كیان هه‌بو له‌هه‌ماهه‌نگی كردنی داعش له‌داگیركردنی موسڵ و تكریت و چه‌ندین شارۆچكه له دیاله له‌لایه‌ن داعشه‌وه.
1. ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی خێڵه‌كانی عێراق (المجلس العسكری لعشائر العراق)
به گه‌وره‌ترین و فراوانترین پێكهاته‌ی میلیشیا سونیه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت، چونكه زۆرینه‌ی خێڵه عه‌ره‌بیه سونیه‌كان به‌شداریان هه‌یه له‌م ملیشیایه، له‌ڕوی سنوری جوگرافیهشهوه له‌سه‌رجه‌م پارێزگا سونیه‌كان هه‌ن و هه‌روه‌ها له‌شاره‌كانی به‌غدا و دیاله‌ش بونیان هه‌یه، یه‌كێك له‌خاڵه به‌هێزه‌كانی ئه‌م گروپه ئه‌وه‌یه شانه‌ی نوستوی له‌زۆرینه‌ی ناوچه‌كان هه‌یه هه‌ركات پێویستی پێبێت به‌كاریان ده‌خات به كورترین ماوه، چونكه له‌ئه‌ندامانی خێڵه عه‌ره‌به‌كان پێكهاتوه. له‌ڕوی دیسپلینی سه‌ربازی و راهێنانه‌وه هێزیكی تۆكمه‌ی سه‌ربازی هه‌یه، چونكه پێكهاته‌كانی له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رانی كۆنی سوپای عێراق سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
2. كه‌تیبه‌كانی شۆڕشی بیست (كتائب ثورة العشرین)
یه‌كه‌م گروپی ملیشیای سونیه كه له‌عێراق راگه‌یه‌ندرابێت، نزیكه له‌ده‌سته‌ی یه‌كێتی زانایانی موسوڵمانی عێراقی، كه سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن كه‌سایه‌تی ئاینی سونیه‌كان (حارث الضاري) به‌ڕێوه‌ده‌برا، وه‌ك له‌به‌رنامه‌ی كاریان هاتوه بزوتنه‌وه‌یه‌كی جیهادیه ئامانجی رزگاركردنی عێراقه له‌داگیركاری، پێكهاته‌ی ئه‌م گروپه ملیشیایه دو باڵی هه‌یه یه‌كێکیان باڵی مه‌كته‌بی سیاسیه ئه‌ویتریان باڵی عه‌سكه‌ریه، ئه‌م هێزه ملیشیایه یه‌كێك بو له‌و هێزه چه‌كدارانه‌ی كه رۆڵێكی كاریگه‌ریان هه‌بو له‌و جه‌نگه تایفگهریهی توشی عێراق هات له‌ساڵانی 2006-2008 به پاساوی پارێزگاریكردنی هاوڵاتیه سونیه‌كان له‌هێرشی ملیشیا شعیهكان، له كاتی هێرشه‌كانی داعش بۆ شاره‌كانی موسڵ و تكریت رۆڵێكی كاریگه‌ری هه‌بو له‌هاوكاری كردنی گروپی داعش، پێگه‌ی جوگرافیان له‌شاره‌كانی بەغدا، دیاله، ئه‌نبار، موصل و تكریت هه‌ن. ئه‌م گروپه ملیشیایه له‌لایه‌ن وڵاتی سعودیه‌وه هاوكاری ده‌كرێن.
3. سوپای پیاوانی رێبازی نه‌قشه‌به‌ندی (جیش رجال الطریقه النقشبندیه)
به یه‌كێك له‌میلیشیا كاریگه‌ره‌كانی سونه هه‌ژمار ده‌كرێت له‌عێراق، له‌لایه‌ن عیزەت دوری جێگری سەدام حسین سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، پێكهاته‌كه بریتیه له به‌عسیه‌كانی عێراق و چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی ئیسلامی كه سه‌ر به ئیخوانه‌كانی عێراقن، به‌هۆی به‌هێزی و رۆڵیان له داگیركردنی شاره‌كانی موسڵ و تكریت و هه‌ندێك شارۆچكه‌ی دیالە له‌ئێستادا ئیداره‌ی ئه‌و شارانه له‌لایه‌ن ئه‌م ملیشیایهوه ئیداره ده‌كرێن. هه‌روه‌ها به‌وه ناسراون له‌ڕوی عه‌سكه‌ریه‌وه به‌هێز و راهێنراون شاره‌زان له شه‌ڕكردن به‌هۆی ئه‌و باكگراوه‌نده سه‌ربازیه‌ی هه‌یانبوه پێشتر.
جگه له گروپی چه‌كدارانی داعش كه له‌ئێستا به‌گه‌وره‌ترین گروپی چه‌كداری سونیه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت له‌عێراق چه‌ندین ملیشیای سونی ناوچه‌یی له‌عێراقدا بونیان هه‌یه.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه بۆكردنه سه‌رجه‌م ئه‌م میلیشیا سونیه عێراقیانه له‌كاتی هێرشه‌كانی گروپی داعش بۆ سه‌ر شاره‌كانی موسڵ و تكریت ژوری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان (غرفه العملیات) پێكهێنابو بۆ هه‌ماهه‌نگی كردن له‌گه‌ڵ یه‌كتری.
دوه‌م / گاردی نیشتمانی له تاكتیكه‌وه بۆ ستراتیژ: هه‌وڵی به یاسایی كردنی گروپه ملیشیایهكان
دروستكردنی گاردی نیشتیمانی عێراق به یه‌كێك لهستراتیژیهكانی ئه‌مەریكا بۆ له‌ناوبردنی داعش له‌عێراقدا داده‌نرێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تاكتیكی ئه‌مەریكا له‌ساڵی 2006 بۆ له نێوبردنی قاعیده له‌عێراق گرتیه‌به‌ر له‌ڕێگه‌ی پشتوانیكردنی عه‌شیره‌ته عه‌ره‌به سونیه‌كان ئه‌ویش به دروستكردنی (سەحوە) كه رۆڵێكی زۆر باشیان هه‌بو له لاوازكردنی قاعیده له‌عێراقدا، بەڵام له دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ساڵی 2011 و هه‌روه‌ها به‌هۆی به‌ده‌ستهێنانی زۆرترین كورسی په‌رله‌مانی له‌لایه‌ن سونه‌كانی عێراقه‌وه، ئه‌و رۆڵه‌یان نه‌ما، چونكه حكومه‌تی عێراق و هێزه شیعیه‌كان له‌هه‌وڵی لاوازكردنیان ئه‌دا. بەڵام له‌دوای داگیركردنی چه‌ند شارێكی عێراق له‌لایه‌ن داعشه‌وه به پشتیوانی ملیشیا سونیه‌كان له حوزه‌یرانی 2014 دوباره بیرۆكه‌ی چه‌كداركردن و پشتیوانیكردنی ملیشیا سونیه‌كان له‌لایه‌ن ئهمەریكیهكانهوه سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌ره‌نگاری بونه‌وه‌ی ده‌ركردنی داعش له‌شاره سونیه‌كان.
له‌كاتی دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراقی به‌سه‌رۆكایه‌تیی حه‌یده‌ر عه‌بادی یه‌كێك له‌خاڵه گرنگه‌كانی متمانه به‌خشینی سونیه‌كان به كابینه‌كه‌ی حید عەبادی به‌پێی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی كه هێزه سونیه‌كان له‌گه‌ڵ حیدر عبادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردویانه به چاودێری ئهمەریكیهكان پێكهێنانی گاردی نیشتمانیه، ئامانج له‌پێكهێنانی گاردی نیشتمانی بۆ له نێوبردنی گروپی داعشه له‌و ناوچه سونیانه‌ی كه داعش فه‌رمان ره‌وایه تیاندا، به هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی پۆلیس و سوپا.
به‌دوای ئه‌و رێكه‌وتننامه ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق پرۆژه یاسایه‌كی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی عێراق كردوه به ناوی (تشكیل الحرس الوطنی) به مانایه‌كی تر ئه‌م هه‌نگاوه به یاساییكردنی كاری ملیشیا سهربازیهكانهو جێكردنهوهیانه له‌نێو گاردی نیشتمانی، كه ئه‌مه‌ش به هه‌ڕه‌شه‌كی تر بۆ عێراق دێته ژماردن، ره‌نگه له‌قۆناغی ئێستادا ملیشیاكان رۆڵیان هه‌بێت بۆ له نێوبردن و رێگریكردن له‌پێشڕه‌وی داعش بەڵام له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌م ملیشیانه دوای ئه‌وه‌ی راهێنانیان پێده‌كرێت و پڕچه‌ك ده‌كرێن له‌چوارچێوه‌ی گاردی نیشتمانی ده‌بنه مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.
أ. به یاسایكردنی میلیشیاكان و كاریگه‌ریه نێگه‌تیڤه‌كانی له‌سه‌ر عێراق
1. ئه‌م یاسایه رێگه به‌وه‌ده‌دات كه جگه له‌هێزی سوپای عێراق، هه‌مو شارێك سوپایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه به مه‌به‌ستی پارێزگاریكردن له‌خۆی ئه‌مه‌ش پێكدانان و ناجێگیری و هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتری ئه‌منی له‌عێراق دروست ده‌كات.
2. بارگرانیه‌كی ئابوری خراپ له‌سه‌ر ئابوری عێراق دروست ده‌كات، چونكه ژماره‌یه‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی ده‌خزێنرێنه نێو گاردی نیشتیمانی به زیاتر له 500000 هه‌زار چه‌كدار مه‌زه‌نده ده‌كرێت. (حەیدەر عەبادی له 18/10/2014 له کۆنگرهیهكی رۆژنامه‌وانی وتی ژماره ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له كه‌مپه‌ینی- حشد الشعبی- به‌شداربون 500000 هه‌زار چه‌كدارن).
3. كۆمه‌ڵگای عێراقی زیاتر به‌ره‌و سه‌ربازی ده‌بات، كه ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له ئاینده‌دا ئه‌وه‌ندە خراپ ده‌بێت جێگه‌یه‌ك بۆ هێزه مه‌ده‌نی و دیموكراتخوازه‌كان له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا ناهێڵێته‌وه.
4. له‌رێگه‌ی ئه‌م پرۆژه یاسایه هه‌مو هێزه ملیشیاییهكانی هه‌ر پارێزگایه‌ك ده‌خزێنرێنه نێو گاردی نیشتیمانی، له‌كاتێكدا ئه‌م میلیشیایانه‌ش له‌سه‌ر بنه‌مای تایفه‌گه‌ری دروست بون، هه‌روه‌ها له‌رابردودا رۆڵێكی نێگه‌تیڤیان هه‌بوه. به مانایه‌كی تر ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر عێراق دروستكردوه خودی ئه‌م هێزه ملیشیایانهن. كه به‌رده‌وام مایه‌ی توندوتیژی و پێشێلكاری و ناسه‌قامگیری سیاسی و هه‌ڕه‌شه بون له‌سه‌ر ئاسایشی مرۆیی له‌عێراق.
5. ئه‌م هێزانه ته‌نانه‌ت ده‌بنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی خودی ئه‌و پارێزگایه، چونكه به ئاسانی به‌كارده‌هێنرێن له‌لایه‌ن خیڵه‌كان و به‌رپرسه سه‌ربازیه‌كان له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان و مانه‌وه‌یان له ده‌سه‌ڵات هاوڵاتیانی پێ سه‌ركوت ده‌كه‌ن.
6. به‌هۆی ئه‌و دابه‌شبونه ئیقلیمیه تایفه‌گه‌ریه‌ی كه عێراق به‌سه‌ریدا دابه‌شبوه، ئه‌م هێزه سه‌ربازیه (گاردی نیشتیمانی) زۆر به ئاسانی له‌لایه‌ن هێزه ئیقلیمیه‌كان به‌كارده‌هێنرێن بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خۆیان، و پابه‌ند نابن به حكومه‌تی فیدراڵیه‌وه.
7. ئه‌م پرۆژه یاسایه نا ناوه‌ندی (لامركزی) سوپایی له‌عێراق دێنێته كایه‌وه، چونكه به‌پێی ره‌شنوسی یاسای گاردی نیشتیمانی هه‌ر پارێزگایه‌ك خاوه‌نی هێزی سه‌ربازی كه پێكهاتوه له (گاردی نیشتمانی و پۆلیس) له‌ژێر ئه‌نجومه‌نێكی تایبه‌تی پارێزگاكه‌دا ده‌بن بۆ هیچ هێزێكی حكومه‌تی فیدراڵ نیه بێته ناو پارێزگا تاكو ره‌زامه‌ندی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه وه‌رنه‌گرێت. كه ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش زیاتر سوپا لاواز ده‌كات، هه‌روه‌ها رێگه خۆشده‌كات كه هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك هه‌ڕه‌شه‌بێت له‌سه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تر و زیاتر دۆخی عێراق به‌ره‌و ناجێگیری ئه‌منی ده‌بات.
8. ناكۆكی نه‌نانه‌ت له‌نێوان پێكهاته‌كان و خێڵه‌كانی هه‌مان تایفه دروست ده‌كات له‌سه‌ر پشكیان له‌نێو گاردی نیشتمانی.
9. به‌هۆی نه‌بونی متمانه له‌نێوان پێكهاته‌كانی عێراق به‌رده‌وام ئه‌م ملیشیا به یاسایی كراوه ده‌بنه مایه‌ی ههڕەشه بۆ عێراق و هه‌رێم.
10. له‌رێگه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه خێڵه‌كانی عێراق ده‌بنه خاوه‌نی چه‌ك و جبه‌خانه، چونكه به‌شێك لهمیلیشیاكان له‌لایه‌ن خێڵهكانهوه پێكهێنراون.
11. گروپه توندره‌وه‌كانی له‌نمونه داعش ده‌توانێت به ئاسانی سودیان لێوه‌ربگرێت، خۆی بخزێننه نێو پێكهاته‌كه‌ی له‌پێناو ئاراسته‌كردنی به‌سودی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی داعش.
ب. به یاسایكردنی میلیشیاكان و كاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێم
به پێی یاساكه له ناوچه كوردستانیه‌كانیش ئه‌م هێزه سه‌ربازیه (گاردی نیشتیمانی دروست ده‌كرێت ئه‌مه‌ش بۆ خۆی چه‌ندین هه‌ڕه‌شه بۆ هه‌رێم دروست ده‌كات له‌وانه:
1. به پێی یاساكه گاردی نیشتیمانی له شاری كه‌ركوك له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكاری (32% بۆ كورد 32% بۆ توركمانه‌كان 32% بۆ عه‌ره‌ب 4% بۆ مه‌سیحیه‌كان)، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش له‌چوارچێوه‌ی به‌ركه‌وته‌ی كوردا جێگه ده‌كرێنه‌وه. له‌رێگه‌ی ئه‌م خاڵه‌وه دوباره كه‌ركوك له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان دهردهكرێتهوه.
2. ئه‌م یاسایه رێگه خۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی هۆزه كورده‌كان و به‌رپرسانی سه‌ربازی هێزی تایبه‌ت له‌نێو گاردی نیشتیمانی عێراق بۆ خۆیان دروست بكه‌ن ئه‌مه‌ش ببێته مایه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هه‌رێم، چونكه به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌دوای روداوه‌كانی موسڵ خه‌ڵك و هۆزه‌كانی ئه‌و ناوچانه نیگه‌رانیان لادروست بوه به‌رامبه‌ر هه‌ندێك له‌و به‌رپرسانه‌ی ئیداره‌ی سه‌ربازی ئه‌و ناوچانه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش رێگه خۆشكه‌ره كه پشێوی بۆ هه‌رێم دروست بكات.
3. ئه‌و ملیشیا سه‌ربازیانه‌ی كه له‌ماوه‌ی رابردودا هاوكاری گروپی داعش بون بۆ هێرشكردنه سه‌ر كوردستان له‌چوارچێوه‌ی ئه‌م هێزه سه‌ربازیه (گاردی نیشتیمانی) پڕچه‌ك ده‌كرێن و راهێنانیان پێده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی چه‌كدارانی ئه‌م میلیشیانه تا ساڵی 2003 زه‌ویوزاری كوردیان داگیركردبو، تاكو ئێستاش خه‌ون به گێڕانه‌وه‌ی ده‌بینن بۆ خۆیان، هه‌ربۆیه ئه‌م میلیشیانه به‌رده‌وام ده‌بنه مایه‌ی ههڕەشه بۆ هه‌رێمی كوردستان.
4. به‌شێك له‌و ناوچانه‌ی هه‌رێم كه له‌ئێستادا له‌ژێر کۆنتڕۆڵی داعشدان گەڕاندنهوهیان بۆ هه‌رێم به‌ئاسانی نابێت، چونكه له‌ئێستادا دانیشتوانه عه‌ره‌به‌كانی له‌رێگه‌ی گاردی نیشتیمانی رێكده‌خرێنه‌وه، له‌كاتی پاشه‌كشه‌كردنی داعش یان هێرش بۆ كردنی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و سوپای عێراقی ئه‌ستمه ئه‌م ناوچانه بكه‌ونه‌وه ژێر ركێفی حكومه‌تی هه‌رێم.
5. رێگری ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ماده‌ی 140 جێبه‌جێبكرێت له‌و ماوه‌ی كه حكومه‌تی عێراقی به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی بڕیاری له‌سه‌ر داوه.
سه‌ره‌رای ئه‌و پشتگیریانه‌ی كه هێزه سیاسیه‌كان له‌سه‌ره‌تادا بۆ پێكهێنانی گاردی نیشتیمانی هه‌یانبو به‌سه‌رجه‌م پێكهاته مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی عێراق، بەڵام چه‌ندین رێگری هه‌ن له‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی پێكهێنانی گاردی نیشتیمانی و به‌خشینی شه‌رعیه‌تی یاسایی به گاردی نیشتمانی، له‌خواره‌وه ئه‌و رێگریانه ده‌خه‌ینه‌ڕو.
ج. رێگریه‌كانی سه‌رخستنی پێكهێنانی گاردی نیشتمانی
1. پێشنیارێكی ئهمەریكیهو زیاتر له‌به‌رژه‌وه‌ندی هێزه سونیهكانه و له لایه‌ن ئێرانه‌وه دژایه‌تی ده‌كرێن، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له ئێستاشدا عێراق زیاتر له‌ژێر كاریگه‌ری هه‌ژمونی ئێراندایه، ئه‌سته‌مه حەیدر عەبادی و سه‌رجه‌م ئه‌و داواكاریانه جێبه‌جێ بكات كه هێزه سونیه‌كان ده‌یكه‌ن به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی گاردی نیشتیمانی.
2. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێزه شیعیه‌كان سه‌ره‌تا پێشوازیان له‌م پرۆژه‌یه كرد به‌هۆی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش له‌سه‌ر به‌غدا، بەڵام له‌دوای دروستبونی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش ئه‌و پێشوازیه گه‌رمه‌ی لێناكرێت له‌لایه‌ن هێزه شیعیه‌كان به ئاشكرا دژایه‌تی پێكهێنانی گاردی نیشتمانی ده‌كرێت.
3. هێزه سونیه‌كانی عێراق له نێوان خۆیاندا دابه‌شبون و ناکۆكن به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی له‌دوای روداوه‌كانی موسڵدا رویاندا، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له رابردودا ئیداره‌ی مه‌له‌فی سونیان ده‌كرد له‌ئێستادا به ئاسانی ناتوانن كۆنتڕۆڵی ئه‌و دابه‌شبونه‌ی هێزه سونیه‌كان بكه‌ن به‌هۆی دابڕانیان له‌هاوڵاتیانی سونه.
4. ئه‌م پڕۆژه‌یه هه‌ڕەشه‌یه‌كی سه‌ره‌كی ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، بۆیه هێزه سیاسیه‌كانی هه‌رێم به‌وشێوه‌یه قبوڵی ناكه‌ن كه ره‌شنوسه‌كه‌دا هاتوه. (هه‌رچه‌ند تاكو ئێستا به فه‌رمی له لایه‌ن هیچ هێزێكی كوردستانی ره‌ت نه‌كراوه‌ته‌وه).
ده‌رئه‌نجام و راسپارده‌كان
1. فراكسیۆنی هێزه كوردستانیه‌كان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رێگری له‌وه بكه‌ن یاسایه‌ك ده‌ربچێت به‌ناوی گاردی نیشتمانی، چونكه ئه‌م یاسایه شه‌رعیه‌تدانه به ملیشیا سونی و شیعیه‌كانی عێراق له‌ئه‌نجامدا ده‌بنه مایه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ هه‌رێمی كوردستان.
2. بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له‌ڕێگه‌ی كاری دیپلۆماسیه‌وه هه‌وڵبدرێت له گه‌ڵ ئهمەریكاو هێزه شیعیه‌كان مه‌ترسیه‌كانی پێكهێنانی گاردی نیشتیمانی بخرێته‌ڕو، ئه‌وه رونبكرێته‌وه كه دروستكردنی له‌شكری سه‌ربازی له‌م شێوه‌یه له قازانجی دۆخی ئه‌منی عێراقدا نیه، ره‌نگه له‌ئێستا رۆڵی هه‌بێت له لاوازكردنی داعش له‌ناوچه سونیه‌كان، بەڵام ده‌رئه‌نجامی دواتری باش نابێت بۆ دۆخی ئه‌منی عێراق. هه‌ربۆیه پێویست ناكات یاسای بۆ ده‌ربكرێت و هه‌روه‌ها وه‌ك تاكتیكێك ته‌ماشا بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی توندوتیژی له‌عێراق نه‌ك به بنه‌مایه‌كی ستراتیژی ته‌ماشا بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی توندوتیژی له عێراق.
3. عێراق پێویستی به لامه‌ركه‌زی ئیداری و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له نێوان پێكهاته‌كان هه‌یه نه‌ك نا ناوه‌ندێتی سه‌ربازی. چونكه ئه‌وه‌ی له‌رابردودا هێزه سونیه‌كان داوایان ده‌كرد نا ناوه‌ندی له ئیداره‌دانی وڵات و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان بو نه‌ك نا ناوه‌ندی سه‌ربازی.
4. ئه‌گه‌ر له هه‌نگاونان بۆ سێ راسپارده‌ی سه‌ره‌وه سهركهوتونهبن (ده‌بێت پێداگیری له ده‌رنه‌چونی بكه‌ن له‌سه‌ریان) ئه‌وا هه‌موار له یاساكه‌دا بكه‌نه‌وه به‌وه‌ی:
أ. هیچ ریزپهریهك (استثناء) بۆ شاری كه‌ركوك له یاساكه‌دا نه‌مێنێت به‌ڵكو وه‌ك هه‌مو شاره‌كانی تر مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵدا بكرێت.
ب. ئه‌و هێزانه‌ی پێشمه‌رگه كه له‌ناوچه كوردستانیهكاندان بمێننه‌وه و به‌ده‌ربن له پێكهاته‌ی گاردی نیشتمانی.
ج. له‌شاره كوردستانیه‌كانی هه‌رێم (جگه له‌شاره‌كانی سلیمانی، هه‌ولێر و دهۆك) به‌ركه‌وته‌ی كورد بۆ گاردی نیشتیمانی له‌رێگه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه ئاراسته‌ی حكومه‌تی فیدراڵی بكرێت، نه‌ك به‌سه‌ربه‌خۆیی له‌و ناوچانه پێكبهێنرێن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، چونكه ئه‌مه رێگه خۆشده‌كات كه سه‌ركرده سه‌ربازیه‌كان و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته كورده‌كان له‌و ناوچانه هێز بۆ خۆیان دروست بكه‌ن له‌چوارچێوه‌ی گاردی نیشتیمانی، ئه‌مه‌ش له ئاینده‌دا ره‌نگه دژ به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌رێم له ئه‌و ناوچانه‌دا به‌كاربهێنرێت.
5. به‌شێك له‌ماده‌كانی یاساكه زۆر ناڕونه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی گاردی نیشتیمانی به ته‌واوه‌تی رون نه‌كراوه‌ته‌وه.
6. ره‌نگه دروستكردنی گاردی نیشتیمانی رۆڵی هه‌بێت له لاوازكردنی داعش و توندوتیژیه‌كان له‌عێراق، بەڵام بۆ ماوه‌یه‌كی كاتییه‌و دێژه ناكێشێت، واته ده‌بێت وه‌ك ته‌كتیك لێی بڕوانرێت نه‌ك ستراتیژ، چونكه له‌رابردودا ملیشیا سونیه‌كان (سەحوە) توانیان قاعیده لاواز بكه‌ن، بەڵام سه‌رئه‌نجام داعش دروست بو، واته ده‌توانین بڵێین وه‌ك تاكتیك دروستكردنی ئه‌م هێزه سه‌ربازیه رۆڵی ده‌بێت، بەڵام له‌ڕوی ستراتیژیه‌وه ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م مهسهلهیهدهكات دروستكردنی هه‌رێمی سونه و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته له عێراق نه‌ك قۆرغكردنی له‌لایه‌ن تایفه‌یه‌كی دیاریكراو. چونكه ئه‌وه‌ی رێگه خۆشكه‌ر بو له‌هاتنی داعش بۆ عێراق ئه‌و تاكڕه‌ویه بو له‌به‌ڕێوه‌بردنی عێراق له‌ساڵی 2010- 2014 كه ژینگه‌یه‌كی وه‌های دروستكرد داعش به ئاسانی بتوانێت زۆرینه‌ی ناوچه سونیه‌كان داگیر بكات.
|
|