ئاماده‌كردنی: فازل حه‌مه‌ڕه‌فعه‌ت له‌دوای سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی "به‌هاری عه‌ره‌بی" له‌هه‌موكات زیاتر ململانێ تایه‌فییه‌كان له‌ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌ره‌ده‌سه‌نێ، ئه‌م ململانێیانه‌ش به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌لایه‌ن دو جه‌مسه‌ری ته‌قلیدییه‌وه ئاڕاسته ده‌كرێن كه ئه‌وانیش بریتین له‌عه‌ره‌بستانی سعودییه‌و كۆماری ئیسلامی ئێران. بۆ گه‌یشتن به به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسییهكانیو سعودییه كار له‌سه‌ر پرسی پێكهاته‌ی سوننی ده‌كات له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌به‌رانبه‌ردا ئێران كار له‌سه‌ر جوڵاندنی شیعه‌كان ده‌كات له ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌ب. سه‌ره‌تایه‌كی كورت له‌باره‌ی شیعه "شیعه" دوه‌مین گه‌وره مه‌زهه‌بی ئاینی ئیسلامه، له‌ناو ره‌وتی مێژودا، ئه‌م تائیفه‌یه به "شیعه‌ی عه‌لی" یان "شوێنكه‌وتوانی عه‌لی" ناسراون. زۆرجار ده‌سته‌واژه‌ی شیعه بۆ "شیعه دوانزه ئیمامییهكان" به‌كارده‌هێنرێت ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م ره‌وته له‌ناو مه‌زهه‌بی شیعه‌دا زۆرینه‌ن. شیعه‌كان وای ده‌بینن كه له دوای كۆچی دوای پێغه‌مبه‌ر (د.خ)، عه‌لی كوڕی ئه‌بو تالب تاكه خه‌لیفه‌یه كه به‌پێی ده‌قه ئاسمانییه‌كان ده‌بێت په‌یڕه‌وی لێ بكرێت، له‌مباره‌یه‌شه‌وه هه‌ندێك به‌ڵگه له‌ناو ئایهتو فه‌رموده‌كانی پێغه‌مبه‌ر ده‌هێننه‌وه. ریشه‌ی وشه‌ی "شیعه" له‌وشه‌كانی "شیاع" یان "مشایعه" وه‌رگیراوه كه به واتای "شوێنكه‌وتن" یان "ملكه‌چبون" دێت، له‌مباره‌یه‌وه (ئیبن مه‌نزور) ده‌ڵێت: شیعه به هه‌ر قه‌ومێك ده‌وترێت كه له‌سه‌ر بۆچونێك هاوڕابن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌م وشه‌یه بۆ هه‌مو ئه‌و كه‌سانه به‌كارده‌هێنرێت كه شوێنكه‌وته‌ی ئیمامی عهلیو ئال‌و به‌یتن. وشه‌ی "شعه" له‌چه‌ندین ئایه‌تی قورئاندا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، به‌ڵام به‌واتای جیاواز بۆ نمونه: "وَإِنَّ مِنْ شِيعَتِهِ لَإِبْرَاهِيمَ ". له‌مێژوی ئیسلامدا ناوی "شیعه" بۆ زۆر گروپ‌و كۆمه‌ڵه به‌كارهاتوه له‌وانه "شیعه‌ی عوسمان" و "شیعه‌ی مه‌عاویه" و چه‌ند كۆمه‌ڵه‌یه‌كی تر، به‌ڵام شیعه‌كان خۆیان ده‌ڵێن وشه‌ی شیعه له‌دوای مردنی پێغه‌مبه‌ره‌وه سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه، بۆ ئه‌مه‌ش نمونه به فه‌رموده‌یه‌ك دەهێننەوە كه تێیدا پێغه‌مبه‌ر له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی ئیمامی عه‌لیدا سه‌باره‌ت به باشترین ئافهرێندراوهكان ده‌ڵێت "أنت وشیعتك" واته "باشترین مرۆڤه‌كان بریتین له عهلیو شوێنهكهوتوهكانی" شیعه‌كان ئه‌مه‌یان كردوه‌ته به‌ڵگه ده‌ڵێن شیعه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ پێغه‌مبه‌ر خۆی‌و له‌دوای ئه‌وه‌وه سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه. لێره‌وه هه‌ندێك له‌شیعه‌كان زیاتر دهڕۆنو نه‌ك ئه‌وه‌ی شیعه به شتێكی دروستكراوی دوای كۆچی پێغه‌مبه‌ر نازانن، به‌ڵكو وه‌ك یه‌كێك له‌پایه‌كانی ئاینی ئیسلام لێكدانه‌وه‌ی بۆ ئه‌كه‌ن. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ناوخۆشیاندا شیعه‌كان دابه‌شده‌بن به‌سه‌ر سێ ره‌وتدا كه بریتین له (دوانزه ئیمامی- زه‌یدی- ئیسماعیلی). له‌به‌رانبه‌ردا مه‌زهه‌به‌كانی تری ئیسلام به دیاریكراویش هه‌ندێك له‌زانایانی سوننه‌مه‌زهه‌ب ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌ی وشه‌ی "شیعه" بۆ سه‌ر زمانی پێغه‌مبه‌ر به شتێكی دروستكراو دادهنێنو ده‌ڵێن ئه‌م بابه‌ته له‌لایه‌ن فه‌رمانڕه‌واو سوڵتانه‌كانه‌وه دروستكراوه به‌مه‌به‌ستی دوركه‌وتنه‌وه له‌كرۆكی ئه‌و په‌یامه‌كه‌ی كه پێغه‌مبه‌ر هێناویه‌تی. "كه‌نداوی عه‌ره‌ب" له‌فه‌رهه‌نگی جوگرافیادا ناوچه‌ی "كه‌نداوی عه‌ره‌ب" به‌و وڵاتانه ده‌وترێت كه ده‌كه‌ونه (باشوری خۆرئاوای كیشوه‌ری ئاسیا) و به‌سه‌ر "كه‌نداوی عه‌ره‌ب"دا درێژبونه‌ته‌وه وه‌ك عه‌ره‌به‌كان ئه‌م ناوه‌یان لێناوه (ئێران له‌میدیاكانی خۆیدا به كه‌نداوی فارس ناوی ده‌هێنێت- ئه‌مه ناكۆكییه‌كی تره‌وه لێره‌دا باسی لێوه ناكرێت). "كه‌نداوی عه‌ره‌ب" نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌ب له‌ناوچه‌ی باشوری خۆرئاوا ئێران جیاده‌كاته‌وه، واته به زمانێكی سیاسی ئاینی ناوچه‌ی هه‌ژمونی سیاسی شیعه له‌ئێران جیاده‌كاته‌وه له‌ناوچه‌ی هه‌ژمونی سیاسی سوننه له‌نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌ب. هه‌مو ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بییانه‌ی كه له‌به‌ری باشوره‌وه تا باكور ده‌كه‌ونه سه‌ر ئه‌م كه‌نداوه پێیان ده‌وترێت وڵاتانی كه‌نداوی عهرهبو پێكدێن له هه‌شت وڵات (سوڵتاننشینی عومان- ئیماراتی عه‌ره‌بی- قه‌ته‌ر- به‌حره‌ین-عه‌ره‌بستانی سعودیه- كوه‌یت- عێراق‌و ئێران). ئه‌و وڵاته عه‌ره‌بییانه‌ی كه ده‌كه‌ونه سه‌ر ئه‌م كه‌نداوه به‌یه‌كه‌وه یهكێتییهكیان دروستكردووه به ناوی "وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو" ته‌نیا عێراق ئه‌ندام نییه له‌م یه‌كێتییه‌دا، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ر "كه‌نداوی عه‌ره‌ب" عێراق له‌گه‌ڵ یهمهنو ئورداندا كاندیده بۆ ئه‌وه‌ی ببێته ئه‌ندام. لێره‌وه ده‌توانرێت وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌ب به هه‌ریه‌كه له‌وڵاتانی (سوڵتاننشینی عومان- ئیماراتی عه‌ره‌بی- قه‌ته‌ر- به‌حره‌ین- عه‌ره‌بستانی سعودیه- كوه‌یت) دیاری بكرێت كه "شه‌ش" وڵاتن. شیعه‌كان له كه‌نداو یه‌كه‌م: عومان ناوی ته‌واوه‌تی "سوڵتاننشینی عومانه" پایته‌خته‌كه‌ی شاری "مه‌سقه‌ت"ه، ده‌كه‌وێته (باشوری خۆرهه‌ڵاتی) ناوچه‌ی نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌ب، روبه‌ره‌كه‌ی نزیكه‌ی (309,500) كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه. رژێمی حوكم له‌م وڵاته "سوڵتاننشینی بۆماوه‌ی"یه، بنه‌ماڵه‌ی (ئال سه‌عید) حوكمڕانی دهكهنو له‌ئێستادا (قابوس بن سه‌عید) سه‌رۆكایه‌تی ده‌وڵه‌ت ده‌كات. ده‌ستوری عومان رێگه به دروستكردنی پارتی سیاسی نادات، به‌ڵام مافی ده‌نگدانی بۆ هه‌مو هاوڵاتییه‌ك له‌ته‌مه‌نی 21 ساڵیدا دیاریكردوه ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شورا. به‌پێی سه‌رژمێرییه‌ك كه له‌ساڵی 2010 دا كراوه، رێژه‌ی دانیشتوانی ئه‌م وڵاته گه‌یشتوه‌ته (2 ملیۆن‌و 773 هه‌زار) كه‌س، رێژه‌ی شیعه‌كان له‌م وڵاته به دیاریكراوی نازانرێت، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ی (جۆن بیتهرسۆن) كه دیارترین توێژه‌ره خۆرئاواییه‌كان له كاروباری عوماندا پێكهاته‌ی شیعه‌و هندۆسه‌كان هه‌ردوكیان به‌یه‌كه‌وه رێژه‌ی 5% ی پێكهاته‌ی دانیشتوان له عومان پێكده‌هێنن. ئه‌م توێژه‌ره كه له ساڵی 2004 دا توێژینه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی عومانه‌وه له رۆژنامه‌ی "میدل ئێست جۆرناڵ" بلاَوكردوتهوه ده‌ڵێت"ئهبازییهكان رێژه‌ی 45% ی عومان پێكده‌هێنن سوننه‌كانیش رێژه‌ی 50%". بۆ زانیاری خوێنه‌ر (ئهبازییهكان مه‌زهه‌بێكی تری ئاینی ئیسلامن، نه شیعه‌ن‌و نه سوننه، بۆ زانیاری زیاتر ده‌توانن سەیری ئه‌م لینكه بكه‌ن). هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تر هه‌ن باس لهوهدهكهن رێژه‌ی شیعه‌كان لهسوڵتاننشینی عومان ده‌گاته نزیكه‌ی (100 هه‌زار) كه‌س، ئه‌مه به‌پێی ئاماری دانیشتوان له ساڵی 2003 دا كه ئه‌وكات ژماره‌ی دانیشتوانی وڵات (2 ملیۆن‌و 330 هه‌زار) كه‌س بوه. شیعه‌كان له‌عومان هه‌ندێك مزگهوتو شوێنی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، دیارترین مزگه‌وتی شیعه‌كان له‌و وڵاته مزگه‌وتی (ره‌سول ئه‌عزه‌م)ه. دوه‌م: ئیماراتی عه‌ره‌بی ناوی ته‌واوه‌تی (ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتو)وه، پایته‌خته‌كه‌ی شاری (دوبه‌ی)یه، ده‌كه‌وێته‌سه‌ر كه‌ناری باشوری "كه‌نداوی عه‌ره‌ب"، ناونانی به ئیمارات وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌و (حه‌وت) ئیماره‌ته‌ی كه وڵاته‌كه پێكده‌هێنن. رژێمی سیاسی له‌م وڵاته له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری ساڵی 1971 دانراوه، وڵات له‌لایه‌ن چه‌ند ده‌سته‌یه‌كه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت كه به‌ستراون به‌یه‌كه‌وه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی رژێمی حوكم (پادشایی ده‌ستوری)یه. له‌ڕوی ئابورییه‌وه ئیمارات یه‌كێك له گه‌شه‌سه‌ندوترین وڵاته‌كانی جیهان له سه‌ده‌ی نوێ‌دا، له‌ڕوی یه‌ده‌گی نه‌وته‌وه له‌پله‌ی حه‌وته‌مدایه له‌سه‌ر ئاستی جیهان. به‌گوێره‌ی سه‌رژمێری ساڵی 2010 ژماره‌ی سه‌رجه‌می دانیشتوانی ئیماراتی عه‌ره‌بی (8 ملیۆن‌و 264 هه‌زار 70) كه‌سه، له‌م ژماره‌یه هاوڵاتی ره‌سه‌نی وڵات ته‌نیا رێژه‌ی 16% ی پێكدوههێنێتو ئه‌وه‌ی كه ده‌مێنێته‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ن كه له‌و وڵاته جێگیربون به‌ڵام به ره‌گه‌ز خه‌ڵكی ئه‌وێ نین. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی خه‌ڵكی ئیمارات سوننهمهزههبنو له‌سه‌ر ریبازی ئیمامی شافیعین، به‌ڵام له‌ناو ئه‌وانیشدا كه‌مینه‌یه‌كی شیعه‌مه‌زهه‌ب هه‌یه. راپۆرتی ساڵی 2006 ی"ئازادییه ئاینییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی جیهان" كه ساڵانه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌ریده‌كات ده‌ڵێت "ژماره‌ی شیعه‌كان له‌ناو سه‌رجه‌می گشتی دانیشتوانی ئیماراتی عه‌ره‌بی ده‌گاته نزیكه‌ی 15%" ئه‌مه له‌كاتێكدایه له‌و ساڵه‌دا كه ئه‌م ئاماره بڵاوبوه‌ته‌وه سه‌رجه‌می دانیشتوانی ئه‌و وڵاته (4 ملیۆن‌و 500 هه‌زار كه‌س) بوه. هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی تر هه‌ن ده‌ڵێن شیعه‌كان له ئیماراتی عه‌ره‌بی رێژه‌ی 10% تێناپه‌ڕێنن. زۆرینه‌ی شیعه‌كان ئیمارات له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی (دوانزه ئیمام)ن، له‌ڕوی رهگو ریشه‌وه جیاوازن، زۆرینه‌یان عه‌ره‌بن‌و پێیان ده‌وترێت "البحارنه" واته ئه‌وانه‌ی كه له‌خۆرهه‌ڵاتی دورگه‌ی عه‌ره‌بییه‌وه هاتون وه‌ك بهحرهینو (ئیحساو قه‌تیف) له سعودیه، شیعه ئێرانییه‌كانیش هه‌ن كه له‌و وڵاته پێیانده‌وترێت "العجم"، هه‌ندێكی تریان به رهگو ریشه هیندین. زۆرینه‌ی ئه‌و ئێرانیانه‌ی كه له‌ئیمارات ده‌ژین له‌دوای شۆرشی ئیسلامی ئێرانه‌وه هاتون، به‌پێی راپۆرتێك كه له 26 ی كانونی دوه‌می 2007 له رۆژنامه‌ی شه‌رقولئه‌وسه‌ت بڵاوبوه‌ته‌وه، به‌گوێره‌ی ئاماری نافه‌رمی ژماره‌ی ئێرانییه‌كان له ئیمارات ده‌گاته (نیو ملیۆن) كهسو زۆرینه‌یان له‌شاری دوبه‌ی نیشته‌جێ بون. له‌پاڵ ئه‌ماندا چه‌ند هه‌زار كه‌سێكی تری شیعه هه‌ن كه سه‌ربه ره‌وتی (ئیسماعیلی)ن، زۆرینه‌یان به‌ره‌گه‌ز هیندیو پاكستانین. له ئیماراتی عه‌ره‌بی شیعه‌كان چه‌ند مزگهوتو حوسهینیهو شوێنی ماتهمگێرانیان هه‌یه، به‌ڵام هه‌مو ئه‌مانه موڵكی تاكهكهسنو حكومه‌ت هیچ پشتیوانییه‌كیان ناكات، له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ئهوقافو كاروباری ئاینیشه‌وه به‌شێوه‌ی فه‌رمی مه‌لا بۆ ئه‌م شوێنانه دیارینه‌كراوه، لێپرسراوانی ده‌وڵه‌ت به‌شێوه‌یه‌كی چڕ چاودێری ئه‌و وتارانه ده‌كه‌ن كه له‌م مزگهوتو حوسهینیانه ده‌خوێندرێنه‌وه. دیارترین مزگه‌وتی شیعه‌كان له ئیمارات مزگه‌وتی (ئیمام عه‌لی)یه له شاری دوبه‌ی پایته‌خت، له ته‌نیشت ئه‌م مزگه‌وته‌دا دو شوێنی ماته‌مگێڕانی تایبه‌ت به شیعه‌كان هه‌یه. سێیه‌م: قه‌ته‌ر ده‌كه‌وێته خۆرهه‌ڵاتی نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌ب، له‌باشوره‌وه سنوری وشكانی له‌گه‌ڵ سعودیه هه‌یه له‌گه‌ڵ ئیمارات‌و بهحرهینیشدا سنوری ئاوی هه‌یه. ساڵی 1971 سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرتوه‌و له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی (ئال سانی)یه‌وه حوكمڕانی ده‌كرێت، رژێمی سیاسی له‌م وڵاته "میرایه‌تی"یه، شێخ ته‌میم بن حه‌مد بن خه‌لیفه ئال سانی-یه كه نۆیه‌مین فه‌رمانڕه‌وای بنهماڵهكهیهتیو ساڵی 2013 ده‌سه‌ڵاتی له باوكی وه‌رگرت. نه‌وت سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی ئابوری قه‌ته‌رو رۆژانه (ملیۆنێك) به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌مده‌هێنێت. به‌گوێره‌ی سه‌رژمێری ساڵی 2013 ژماره‌ی دانیشتوانی قه‌ته‌ر (ملیۆنێك‌و 963 هه‌زارو 124) كه‌سه، رێژه‌ی 83% ی دانیشتوانی ئه‌م وڵاته له شاری ده‌وحه‌ی پایته‌خت ده‌ژین. راپۆرتی ساڵی 2006 ی "ئازادییه ئاینییه‌كان"ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رێژه‌ی شیعه‌كان له قه‌ته‌ر له ده‌گاته 10%، ئه‌مه له‌كاتێكدایه له‌و ساڵه‌دا كه ئه‌م ئاماره‌ی تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه ژماره‌ی دانیشتوانی قه‌ته‌ر (900 هه‌زار) كه‌س بوه. شیعه‌كانی قه‌ته‌ر به هه‌مان شێوه له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تره‌وه هاتونو هه‌یانه پێیان ده‌وترێت "البحارنه" واته ئه‌وانه‌ی له به‌حره‌ینه‌وه هاتون هه‌روه‌ها "العجم" یش هه‌یه كه له‌ئێرانه‌وه. زۆرینه‌ی شیعه‌كان قه‌ته‌ر په‌یڕه‌وی لهئایهتوڵا عه‌لی سیستانی گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه‌كانی عێراق ده‌كه‌ن، سه‌رباری ئه‌وه‌ی مه‌زهه‌بی گشتی ده‌وڵه‌ت حه‌نبه‌لی-یه به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی سعودییه شیعه‌كان له قه‌ته‌ر تاڕاده‌یه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی ئازادانه‌تر په‌یڕه‌وی رێوڕه‌سمه ئاینییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. له‌ڕوی یاسایشه‌وه قه‌ته‌ر له‌ساڵی 2005وه ژوری مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ری له‌ناو دادگاكان بۆ خه‌ڵكانی شیعه جیاكردوه‌ته‌وه‌و شیعه‌كان له‌وێ به‌پێی یاسای جه‌عفه‌ری پرسه‌كانی هاوسهرگیریو جیابونه‌وه‌و میرات‌و دۆسیه‌كانی تر یه‌كلاده‌كه‌نه‌وه. سه‌رباری ئه‌مه به‌ڵام هێشتا له خوێندنگه‌كاندا له‌قه‌ته‌ر وانه‌ی ئاین به‌پێی مه‌زهه‌بی سوننی ده‌وترێته‌وه. دیارترین مزگه‌وتی شیعه‌كان له‌قه‌ته‌ر مزگه‌وتی "البحارنه"یه له‌گه‌ڵ مزگهوتو ناوه‌ندی "ئیمام سادق" له گه‌وره‌ترین حوسهینییهكانیشیان حوسه‌ینییه‌ی "ره‌سول ئه‌عزه‌م"ه له شاری ده‌وحه‌ی پایته‌خت. چواره‌م: به‌حره‌ین به‌حره‌ین دڵی شیعه‌كانه له‌ناوچه‌ی "كه‌نداوی عه‌ره‌ب"، رێژه‌ی شیعه‌كان له‌م وڵاته به 60% بۆ 80% ده‌خه‌مڵێندرێت له‌كۆی سه‌رجه‌می دانیشتوان. ژماره‌ی دانیشتوانی ئه‌م دورگه‌یه به‌پێی سه‌رژمێری ساڵی 2010 گه‌یشتوه‌ته (ملیۆنێك‌و 200 هه‌زار) كه‌س، له‌م ژماره‌یه رێژه‌ی ئه‌وانه‌ی خه‌ڵكی ره‌سه‌نی وڵاته‌كه‌ن 46% ده‌بێت، پاشماوه‌كه‌ی كه رێژه‌ی 54% ه هاوڵاتی ره‌سه‌نی وڵاته‌كه نین. تائێستا ئامارێكی فه‌رمی سه‌باره‌ت به ژماره‌ی شیعه‌كان له به‌حره‌ین له‌به‌رده‌ستدا نییه، ره‌نگه ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سیاسی له پشت بێت، به‌ڵام ئاماره نافهرمییهكام ده‌ڵێن زۆرینه‌ی گه‌لی ئه‌و وڵاته له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی شیعه‌ن. راپۆرتی "ئازادییه ئاینییه‌كان له‌جیهاندا" كه ساڵی 2006 وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌ریكردوه رێژه‌ی شیعه‌كان له‌م وڵاته له نزیكه‌ی 70% ده‌خه‌مڵێنێت، شیعه‌كانی به‌حره‌ین له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی (دوانزه ئیمامی)ن كه مه‌زهه‌بی كارپێكراوه له كۆماری ئیسلامی ئێرانیش. له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی "به‌هاری عه‌ره‌بی" ساڵی 2011 شیعه‌كانی به‌حره‌ین له‌دژی ده‌سه‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌ی (ئال خه‌لیفه) راپه‌ڕین، به‌ڵام لهرێككهوتنێكدا وڵاتانی یه‌كێتی هاریكاری كه‌نداو راپه‌ڕینه‌كه‌یان سه‌ركوت كرد، ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی ناردنی هێزێكی هاوبه‌شی وڵاتانی كه‌نداو بۆ ناو خاكی به‌حره‌ین. شیعه‌كانی به‌حره‌ین گروپێكی سیاسی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه به‌ناوی "كۆمه‌ڵه‌ی ویفاق" به‌ڵام رێبه‌رێكی ئاینی تایبه‌ت به خۆیان نییه‌و په‌یڕه‌وی له مه‌رجه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن. پێنجه‌م: سعودیه ناوی ته‌واوه‌تی (عه‌ره‌بستانی سعودیه)یه، ده‌كه‌وێته باشوری خۆرئاوای كیشوه‌ری ئاسیا‌و به‌شێكی گه‌وره‌ی نیمهدورگهی عه‌ره‌بی پێكدههێنێتو پایته‌خته‌كه‌ی شاری (ریازه). رژێمی سیاسی له‌م وڵاته "پادشایی"ه، پادشا سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاته‌و سیاسه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌ت ئاڕاسته دهكاتو هه‌ر خۆشی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی شورا هه‌ڵده‌بژێرێت، بنه‌ماڵه‌ی (ئال سعود) حوكمی ئه‌م وڵاته‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه. نه‌وت شاده‌ماری سه‌ره‌كی ئابوری ئه‌م وڵاته‌یه، له‌یه‌ده‌گی نه‌وتدا سعودیه له‌پله‌ی دوه‌مدایه له‌سه‌ر ئاستی جیهان. به‌هه‌مان شێوه ژماره‌ی شیعه‌كان له‌ناو پێكهاته‌ی دانیشتوانی ئه‌م وڵاته‌دا تائێستا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نازانرێت، به‌ڵام (گروپی نێوده‌وڵه‌تی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگژه‌كان) كه به (ICG) ناسراوه‌و باره‌گاكه‌ی له‌شاری برۆكسله ساڵی 2005 راپۆرتێكی له‌ژێر ناوی "پرسی شیعه له‌عه‌ره‌بستانی سعودیه" بڵاوكردهوهو تێیدا رێژه‌ی شیعه‌كان له‌م وڵاته به 10% بۆ 15% ده‌خه‌مڵێنێت. ئه‌م رێژه‌یه‌ش له كۆی دانیشتوانی سعودییه له ساڵی 2004 كه ئه‌وكات نزیكه‌ی (22 ملیۆن‌و 670 هه‌زار) كه‌س بوه. شیعه‌كان له‌سعودیه له‌ناوچه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی وڵات جێگیربون، كه ده‌وڵه‌مه‌ندن به سامانی نه‌وت به‌تایبه‌تیش ناوچه‌كانی (ئیحساو قه‌تیف). سه‌رباری ئه‌مه هه‌ندێك كه‌مینه‌ی شیعه له ناوچه‌كانی تر بڵاوبونه‌ته‌وه له‌وانه له شاری مه‌دینه‌ی منه‌وه‌ره، له‌ناوچه‌ی (نه‌جران)یش له باشور شیعه‌ی ئیسماعیلی هه‌ن كه سه‌ربه هۆزی (یام)ن. هه‌ر له‌باشوری وڵات له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر شیعه‌ی زه‌یدی هه‌ن وه‌ك ناوچه‌كانی (عهسیرو جیزانو نه‌جران) لهخۆرئاواش له ناوچه‌كانی (جه‌دده‌و یه‌نبوع) هه‌ن. زۆرینه‌ی شیعه‌كانی سعودیه له‌سه‌ر مه‌زهه‌بی (دوانزه ئیمام)ن، له روی پهیڕهوكردنیشهوه دابوشبونو هه‌ندێكیان په‌یڕه‌وی لهئایهتوڵا خومه‌ینی دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران دهكهنو هه‌ندێكی تریان له ئایه‌توڵا عه‌لی سیستانی مه‌رجه‌عی شیعه‌كانی عیراق، هه‌ندێكیش په‌یڕه‌وی لهئایهتوڵا سادق شیرزای لهقومو ئایه‌توڵا محه‌مه‌د ته‌قی موده‌ریسی له‌كه‌ربه‌لاو ئایه‌توڵا محه‌مه‌د حه‌سه‌ن فه‌زلوڵا له‌لوبنان ده‌كه‌ن. به‌مدواییانه شیعه‌كانی سعودیه هاوشێوه‌ی به‌حره‌ین هه‌ندێك جموجوڵیان ده‌ستپێكرد، به‌ڵام هه‌رزو له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ریازه‌وه سه‌ركوتكران. شیعه‌كان له‌سعودیه هه‌ندێك مزگهوتو شوێنی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، به‌ڵام له‌لایه‌ن رژێمی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌و وڵاته‌وه به توندی چاودێری ده‌كرێن، وه‌ك ده‌وترێت دادگای تایبه‌ت به خۆیان بۆ دانراوه كه به "دادگای ئهوقافو وهسایا" ناسراوه‌و سه‌ربه وه‌زاره‌تی داده، به‌ڵام سه‌رباری ئه‌مه كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وام نیگه‌رانه له‌ره‌وشی شیعه‌كان لهسعودیهو ده‌ڵێت مافه‌كانیان پێشێل ده‌كرێت. شه‌شه‌م: كوه‌یت ده‌كه‌وێته گۆشه‌ی باكوری خۆرئاوای "كه‌نداوی عه‌ره‌ب"، له‌باكوره‌وه عیراق‌و له‌باشوره‌وه سعودیه هاوسێیه‌تی، به‌پێی ئاماری ساڵی 2010 ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی (3 ملیۆن) كه‌سه. له‌ڕوی رژێمی سیاسییه‌وه به‌پێی ئه‌وه‌ی لهدهستورهكهیدا هاتوه كوه‌یت "ئیماره‌تێكی پشتاوپشته"و له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی (ئال سوباح)ه‌وه حوكمڕانی ده‌كرێت. له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا په‌یڕه‌وه‌ی له‌سیستمی پادشایی ده‌ستوری دهكرێتو په‌رله‌مان به‌شێوه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی هه‌ڵده‌بژێردرێت. شیعه‌كان له‌كوه‌یت كه‌مینه‌ن، به‌پێی راپۆرتی ساڵی 2006 ی "ئازادییه ئاینییه‌كان" رێژه‌ی 30% ی سه‌رجه‌می دانیشتوان پێكده‌هێنن كه له‌و ساڵه‌دا سه‌رجه‌می گشتی دانیشتوانی كوه‌یت نزیكه‌ی (2 ملیۆن‌و 900 هه‌زار) كه‌س بوه. هه‌مان راپۆرت ده‌ڵێت نزیكه‌ی 100 هه‌زار كه‌سی شیعه‌مه‌زهه‌ب له‌كوه‌یت هه‌یه كه ناسنامه‌یان پێنه‌دراوه، دكتۆر فه‌لاح مهدیریس كه توێژه‌رێكی دیاری كوه‌یته له‌كتێبێكیدا كه له‌ژێر ناونیشانی "بزوتنه‌وه‌ی شیعه له‌كوه‌یت" له‌ساڵی 1999 بڵاویكردوه‌ته‌وه ده‌ڵێت "شیعه‌كانی كوه‌یت دابه‌شبون به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه به‌ره‌گه‌ز عه‌ره‌بن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی كه به‌ره‌گه‌ز ئێرانین." ساڵی 2006 بۆ جاری یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی كوه‌یت رێگه‌یاندا به خه‌ڵكی شیعه‌مه‌زهه‌ب كه‌ژاوه‌ی ماته‌مگێڕان به‌بۆنه‌ی ساڵڕۆژی كوژرانی ئیمامی حوسێن. له‌پاڵ ئه‌مه‌دا شیعه‌كان له‌كوه‌یت ژماره‌یه‌ك مزگهوتو حوسه‌ینییه‌ی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه. قسه‌ی كۆتایی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئاستی ئازادییه ئاینییه‌كان بۆ خه‌ڵكی شیعه له‌وڵاتانی كه‌نداوی عه‌ره‌ب سنورداره‌وه له‌مباره‌یه‌وه راپۆرتی رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زۆرجار ره‌خنه له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاتانه ده‌گرێت. كۆماری ئیسلامی ئێرانیش كه خۆی به خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی شیعه‌كان ده‌زانێت له هه‌مو جیهان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سه‌رزه‌نشتی رژێمه‌كانی ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌ب ده‌كات، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌مه‌شدا وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌كه‌نداو له‌سه‌رو هه‌موشیانه‌وه عه‌ره‌بستانی سعودیه ره‌خنه له‌ئێران ده‌گرێت به‌وه‌ی ئازادی ئاینی نه‌داوه‌ته ئه‌و عه‌ره‌به سونییانه‌ی كه له ناوچه كه‌ناراوییه‌كانی كه‌نداوی عه‌ره‌بدا ده‌ژین له‌ناو خاكی ئێران‌دا.