داواکارییەکانی کورد لە بەغدا
|
راپۆرتی / محه‌مه‌د ره‌ئوف
له‌دوای ساڵی 2003ەوە روخانی رژێمی به‌عسه‌وه كورد به گوڕ‌و تێنێكی گه‌وره‌وه چوه به‌غداو به ئومێدی قۆناغێكی نوێ له‌پرۆسه‌ی سیاسی عێراق و به‌ده‌ستهێنانی مافه چاره‌نوسسازه‌كانی، به‌ڵام ساڵ له‌دوای ساڵ خه‌ونه‌كانی كورد له‌به‌غدا به‌ره‌و كاڵبونه‌وه رۆیشتون و لایه‌نه عێراقیه‌كانیش ورده ورده نیه‌ته‌كانیان به‌رامبه‌ر به كورد رونتر ده‌كه‌نه‌وه له دژایه‌تیكردنی مافه چاره‌نوسسازه‌كانی كورد، به‌ڵام دۆخی سیاسی و ئه‌منی و قه‌یرانی ئابوری، هه‌رێم و به‌غدا به ئاراسته‌ی لێكنزیك بونه‌وه كێش ده‌كات، به جۆرێك به‌غدا پرسی بودجه‌و كورتهێنانی بودجه‌و له‌ده‌ست ده‌رچونی كێڵگهنهوتیهكانی كه‌ركوك و هه‌رێمیش قه‌یرانی دارایی به‌ناچاری دوای یه‌ك ساڵ له‌ناكۆكی توند‌و بودجه بڕین ده‌چنه‌وه سه‌ر مێزی گفتوگۆ.
هه‌رچه‌نده ئه‌م جۆره گفتوگۆیانه به‌رده‌وام و له‌دوای ناكۆكیهكانهوه بونی هه‌بوه، به‌ڵام نه‌یتوانیوه كێشه‌كان به‌ته‌واوی چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵكو ته‌نها ساردیهكانی رهواندۆتهوهو دواتر ناكۆكیه‌كان سه‌ریانهه‌ڵداوه‌ته‌وه، كورد تا ئه‌مڕۆش به هه‌مان میكانیزمی ساڵی 2003 ده‌یه‌وێت كێشه‌كانی چاره‌سه‌ر بكات و تا ئه‌مڕۆش نه‌ك كێشه‌كانی 2003ی چاره‌سه‌ر نه‌كردوه، به‌ڵكو كێشه‌كانی زیاتر ئاڵۆزاندوه، كه ئه‌سته‌مه به ئاسانی توانای كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌كانی هه‌بێت، كورد چه‌ندین پرسی هه‌ڵپه‌سێردراوی له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه له‌وانه:
یه‌كه‌م/ نه‌وت و بودجه
ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا زیاتر كێشه‌و ناكۆكیه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدای زیاتر قوڵكردۆته‌وه پرسی نه‌وت و گرێبه‌سته نهوتیهكانه، كه تائێستا له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق یاسای نه‌وت و غاز په‌سه‌ند نه‌كراوه، بۆیه حكومه‌تی هه‌رێم ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وت به مافی خۆی ده‌زانێت و پێیوایه ده‌ستوریه‌و حكومه‌تی عێراقیش تا ئه‌مڕۆ ناردنه ده‌ره‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆییانه‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن هه‌رێمەوە به نایاسایی و نا ده‌ستوری له‌قه‌ڵەم ده‌دات، هه‌رچۆنێك بێت له‌ئێستا كورد رۆژانه زیاتر له 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ره‌وانه ده‌كات و 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له رێگه‌ی سۆمۆوه ره‌وانه ده‌كات و ئه‌وی دیكه‌شی بۆ خۆی، ئه‌مه‌ش له‌رێكه‌وتنه سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زیری نه‌وتی عێراقدا هاتوه، به‌ڵام چاوه‌ڕوان ناكرێت به ئاسانی حكومه‌تی عێراق به‌و هه‌نگاوه رازی بێت.
هه‌رچی پرسی بودجهشه كه له‌ساڵی 2004 و له‌سه‌رده‌می حكومه‌تی ئینتیقالی ئه‌یاد عه‌لاویدا پشكی كورد به رێژه‌ی 17% جێگیر كراوه، به‌ڵام ناڕه‌زایی لای لایه‌نه عێراقیه‌كان دروستكردبو له رابردودا بۆیه حكومه‌تی عێراق دوای ده‌ركردنی بودجه‌ی سیادی و حاكیمه ئینجا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم ده‌نێرێت كه له‌دوای ساڵی 2009 ه‌وه له 12% زیاتر نه‌بوه‌و هه‌ندێك جار بۆ 10% دابه‌زیوه، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی دوه‌می نوری مالیكی به‌وه‌ش رازی نه‌بو، به‌ڵكو بڕیاری بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی ده‌ركرد له‌سه‌ره‌تای ساڵی 2014، ئه‌مه‌ش قه‌یرانی نه‌بونی بودجه‌و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی لێكهوتهوه، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی له پرۆژه بودجه‌ی 2014 ی عێراق كه تا ئێستاش په‌سه‌ند نه‌كراوه، داوا له‌هه‌رێم كراوه رۆژانه 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ره‌وانه بكات، به‌ڵام هه‌رێم ئه‌و بڕیاره‌ی ره‌تكردۆته‌وه، زیاتریش داوایان ده‌كرد ته‌واوی داهاتی هه‌رێم ببرێته‌وه به‌غدا ئینجا به‌غدا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم ده‌نێرێت، هه‌رچه‌نده حكومه‌تی عێراق وه‌ك پێشمه‌رج 500 ملیۆن دۆلاری ره‌وانه‌ی هه‌رێم كرد و له‌پرۆژه بودجه‌ی 2015شدا كه له‌ئێستادا له‌به‌رده‌ستی حكومه‌تی عێراقه 17% بۆ هه‌رێم جێگیركراوه، به‌ڵام ئه‌و جێگیركردنه مانای ئه‌وه نیه به‌غدا رازی بوه ته‌واوی بودجه بۆ هه‌رێم بنێریت ته‌نها به ناردنی 150 هه‌زار به‌رمیلی رۆژانه‌ی هه‌رێم له‌رێگه‌ی سۆمۆوه، به‌ڵكو به‌غدا له‌ئێستادا خواستی له ره‌وانه‌كردنی نه‌وتی كه‌ركوكه به‌ناچاری له رێگه‌ی هه‌رێمه‌وه، ئه‌مه تا ئاستێك به‌غدای ناچاركردوه مل بۆ هه‌ندێك مه‌رجی هه‌رێم بدات.
له‌پرسی بودجه‌و نه‌وتدا گرنگه هه‌رێم سه‌رچاوه‌ی داهات و فرۆشی نه‌وتی خۆی زامن بكات، چونكه له‌ساڵی رابردودا ده‌ركه‌وت هیچ زه‌مانه‌تێكی ئابوری و بودجه‌ی هه‌رێم له‌به‌غدا نیه.
دوه‌م/ پرسی پێشمه‌رگه
ئه‌گه‌رچی بڕیار بو له‌دوای ساڵی 2006 ه‌وه به‌غدا بودجه‌ی پێشمه‌رگه خه‌رج بكات و له‌چوارچێوه‌ی سوپای عێراقیدا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكات، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ ئه‌و پرسه وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه بودجه‌ی پێشمه‌رگه به زیاتر له 9 ترلیۆن دینار مه‌زه‌نده ده‌كرێت كه به‌غدا نه‌یداوه‌ته هه‌رێم، هه‌رچه‌نده چه‌ند جارێك هه‌وڵدراوه ئه‌و پرسه یه‌كلا بكرێته‌وه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتونه‌ته ئه‌نجام، به‌وپێیه‌ی به‌غدا له‌سه‌رده‌می مالیكی‌دا رازیبو پاره‌ی 200 هه‌زار پێشمه‌رگه بدات، به‌ڵام به‌مه‌رجێك ناوی پێشمه‌رگه بخرێته به‌رده‌ستیان و له‌ژێر ده‌ستی سوپای عێراقیدا بن، به‌ڵام حكومه‌تی هه‌رێم به‌وه رازی نه‌بوه‌و وتویه‌تی ده‌بێت ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ پێشمه‌رگه ته‌رخانكراوه بدرێته حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌ت خۆی بودجه‌كه به‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌دا دابه‌شبكات، ئه‌و پرسه تا ئه‌مڕۆش وه‌ك خۆی ماوه‌ته‌وه، له‌پرۆژه بودجه‌ی 2015ی عێراقیشدا، پێدانی بودجه‌ی پێشمه‌رگه به‌ستراوه‌ته‌وه به رێكه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر ئه‌و پرسه پاشان به‌غدا بودجه‌ی پێشمه‌رگه ده‌نێرێت، واتا تائێستاش وه‌ك ساڵی 2006 وایه‌و هیچ نه‌گۆڕاوه.. ئەمەش سەلماندنی ئەو راستییەیە كه هیچ به‌رپرسێكی به‌غدا نایه‌وێت پێشمه‌رگه به‌هێز بێت و له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هه‌رێم خۆیدا بێت و بودجه‌كه‌شی له به‌غداوه بێت، گرنگه به‌رپرسانی كورد له هه‌رێمه‌وه سه‌رچاوه‌ی موچه‌ی پێشمه‌رگه دابین بكه‌ن.
سێیه‌م / پرسی ناوچه جێناكۆكه‌كان
له‌دوای هاتنی داعشه‌وه پرسی ناوچه جێناكۆكه‌كان گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه، به جۆرێك به‌شی زۆری ناوچه جێناكۆكه كوردستانیه‌كان له‌ئێستادا له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌دایه‌و به‌رپرسانی كورد و په‌رله‌مانی كوردستانیش به بڕیار ئه‌وه‌یان چه‌سپاندوه كه نابێت پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه بكشێته‌وه، له‌ئێستادا باشوری كوردستان (كوردستانی عێراق) روبه‌ره‌كه‌ی (86269) كیلۆمه‌تر دوجایه، ئه‌و روبهرەی باشوری كوردستان به‌سه‌ر سێ ناوچه‌دا دابه‌ش ده‌بێت كه پێكدێت لە:
1- هه‌رێمی كوردستان سنوری ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم.
2- ناوچه‌ی كوردستانی رزگاركراو
3- ناوچه‌ی كوردستانی رزگارنهكراو
سنوری ئیداری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه له‌ده‌ستوری عێراقدا تا سنوری پێش روخانی رژێمی به‌عسه به‌تایبه‌تیش ده‌ستپێكردنی هێرشی هاوپه‌یمانان له 19/3/2003 ئه‌و سنوره‌ش بریتیه له (41939) كیلۆمه‌تر دوجا، كه ده‌كاته (48.6%) هاوكات سنوری ناوچه جێناكۆكهكانیش له ئێستادا دابه‌شبوه به‌سه‌ر ناوچه‌ی كوردستانی (به رزگاركراو و رزگارنهكراوهوه) كه نزیكه‌ی (44330) كم2، واتا (51.4%)ی خاكی باشوری كوردستان پێكدێنێت، كه له‌ئێستادا به‌شێكی زۆری ئه‌و ناوچانه له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌دایه كه ناوچه‌كانی (كه‌ركوك به قه‌زاكانی داقوق و دبس، قه‌زای دوزخورماتو، قه‌زای خانه‌قین، قه‌زای مه‌خمور، قه‌زای شێخان له‌موسڵ و ناحیه‌كانی ره‌بیعه‌و زومار سه‌ر به قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر) كه به‌نزیكه‌ی (17 بۆ 20 هه‌زار كیلۆمه‌تر چوار گۆشه ده‌كات) بۆیه گرنگه بۆ كورد به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شی خاكی كوردستانی رزگار بكات و له‌دوای كۆتایی هاتنی داعش ئه‌و ناوچانه جێنه‌هێڵیت و بیكاته ئه‌مری واقیع (دیفاكتۆ)، چونكه له‌م دۆخه‌دا نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌مەریكا و ئه‌وروپاش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیفاكتۆیا ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر له‌ڕێی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) ی ده‌ستوره‌وه بێت، ئه‌وا كورد به‌شێكی زۆری خاكه‌كه‌ی ده‌دۆڕێنێت كه به نزیكه‌ی نزیكه‌ی (22671) كم2 به‌ڕێژه‌ی (51.1%)ی خاكی كوردستانی ده‌دۆڕێنێت.
بۆیه گرنگه كورد جارێكی تر بۆ چاره‌سه‌ری پرسی ناوچه جێناكۆكه‌كان باس له‌جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستور نه‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر ته‌نها بێ ده‌نگ بێت له‌سه‌ری باشتره، به‌ڵام به‌و دۆخه‌وه كه پێشمه‌رگه له‌وناوچانه نهكشێتهوهو ئیداره‌كردنی ئه‌و ناوچانه له‌ژێر كۆنتڕۆڵی كوردا بێت.
یه‌كلاكردنه‌وه‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كورد له‌به‌غدا هه‌روا ئاسان نیه، به كۆبونه‌وه‌و دو كۆبونه‌وه كێشه‌كان یه‌كلا نابنه‌وه، كورد پێویستی به پته‌وكردن و به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆیه‌تی له‌هه‌رێمی كوردستان و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئابوری و به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵه‌تی نه‌ك پشت به‌ستن به به‌غدا، به‌ڵام گرنگه كورد له‌به‌غدا بێت بۆ به‌رگریكردن و رێگه‌گرتن له‌هه‌ر پرۆژه‌و بڕیارێك كه زیان به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی گه‌لی كورد بگه‌یه‌نێت، هه‌رچه‌نده له‌دوای 2003 ه‌وه كورد چه‌ندین پۆستی ههستیارو گرنگی هه‌بوه، به‌ڵام ئه‌و پۆستانه نه‌یانتوانیوه پرسه‌كانی كورد یه‌كلا بكه‌نه‌وه، ره‌نگه به‌شێكی بۆ ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه كه له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌زگایه‌ك نه‌بوه بۆ لێپرسینه‌وه‌ی نوێنه‌رانی كورد له‌به‌غدا، هه‌روه‌ك نه‌وشیروان مسته‌فا له بابه‌تێكدا به‌ناوی (نوینه‌رایه‌تی كورد، له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی عێراقدا: چی كردوه‌و ئه‌بو چی بكردایه؟ ) كه لە رۆژی 4/10/2008 دا له سایتی سبه‌ی بڵاویكردۆته‌وه هاتوه: له‌هه‌رێمی كوردستان هیچ لایه‌نێكی ده‌ستوری، قانونی، سیاسی، ته‌نانه‌ت حیزبی، نیه ده‌سه‌ڵاتی لێپرسینه‌وه‌ی هه‌بێ له گه‌ڵ هیچ كام له ئه‌ندامانی نوێنه‌رایه‌تی كورد له ده‌زگای بڕیاردانی سیاسی عێراقیدا. ئه‌وانیش ئه‌وه‌نده‌ی له خه‌می مسۆگه‌ر كردنی پله و پایه‌ی به‌رز و ده‌سكه‌وتی تایبه‌تیدا بون بۆ خۆیان و خزم و دهسوپێوهندهكانیان ئه‌وه‌نده له خه‌می چه‌سپاندنی مافه‌كانی كوردا نه‌بون له مه‌یدانی جێبه‌جێكردندا، ویسته‌كانی ئه‌وان هاته‌دی و خواسته‌كانی ئێمه كه‌وته گه‌روی نه‌هه‌نگه‌وه!
|
|