راپۆرتی شیكاری/ محه‌مه‌د ره‌ئوف ئه‌گه‌رچی له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس له 2003 ه‌وه كورد چۆته به‌غداو یه‌ك بست له‌خاكه‌كه‌ی نه‌گه‌ڕاندۆته‌وه، به‌ڵام له‌دوای روداوه‌كانی داعش بونی عه‌ره‌ب له‌پارێزگای كه‌ركوك گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتوه، به‌جۆرێك له‌دوای هاتنی داعشه‌وه ناوچه عه‌ره‌ب نشینه‌كانی كه‌ركوك له‌قه‌زای حه‌ویجه‌و ناحیه‌كانی ره‌شادو ریازو زاب كه زۆرینه‌ی دانیشتوانی عه‌ره‌ب نشینن به‌ته‌واوی كه‌وته ده‌ستی داعش و له‌كه‌ركوك دابڕان، به‌و پێیه‌ش روبه‌ری گشتی پارێزگای كه‌ركوك كه (9 هه‌زارو 679) كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه، نزیكه‌ی (4 هه‌زار) كیلۆمه‌تری له‌ژێر ده‌ستی داعشدایه‌و زیاتر له (5 هه‌زار) كیلۆمهتریشیی له‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دایه. پارێزگای كه‌ركوك له‌قه‌زاكانی (ناوه‌ندی كه‌ركوك، دبس، داقوق، حه‌ویجه) پێكهاتوه. ئه‌مه‌ش گۆڕانكاری له‌رێژه‌ی پێكهاته‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌دا كردوه. به‌وپێیه‌ی پێشتر رێژه‌ی نه‌ته‌وه‌كان تا راده‌یه‌ك به‌مشێوه‌یه بو (50% كورد 34% عه‌ره‌ب 16% توركمان)، به‌ڵام له‌دوای روداوه‌كانی داعش و دابڕانی ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كان رێژه‌كه ده‌بێته نزیكه (70% كورد 14% عه‌ره‌ب 16% توركمان)، به‌ڵام له‌دوای هاتنی ئاواره‌یه‌كی زۆری عه‌ره‌ب بۆ شاره‌كه جارێكی تر رێژه‌ی پێكهاته‌كان ده‌گۆڕێت بۆ نزیكه‌ی (50% كورد 30% عه‌ره‌ب 20% توركمان). ته‌عریبی دوای هاتنی داعش هاتنی داعش بۆ ناوچه‌كه‌و كۆنتڕۆڵكردنی قه‌زای حه‌ویجه‌و ناحیه‌كانی ریاز و ره‌شاد و زاب و ناوچه عه‌ره‌بنشینه‌كانی باشوری كه‌ركوك، گرتنی شاری تكریت، بوه هۆی كۆچكردنی هه‌زاران ئاواره‌ی عه‌ره‌ب بۆ شاری كه‌ركوك، كه ئه‌مه‌ش جارێكی دیكه گۆڕانكاری لهنهخشەی پێكهاته‌كانی كه‌ركوكدا دروستكرد، به وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی كۆچ و كۆچبه‌رانی كه‌ركوك، تا سه‌ره‌تای مانگی 9ی ئه‌مساڵ (60 هه‌زار) خێزانی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب له‌شاره‌كانی دیكه‌ی عێراقه‌وه رویان له‌كه‌ركوك كردوه و به‌رده‌وامیش رێژه‌كه له‌زیادبوندایه. به‌پێی به‌یاننامه‌ی پارێزگاری كه‌ركوكیش، ژماره‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ی كه ته‌نها لهفهلوجهو رومادی‌و ناوچه‌كانی تری پارێزگای ئه‌نباره‌وه هاتونه‌ته كه‌ركوك زیاتر له (2 هه‌زار و 200) خێزانن. هاوكات به وته‌ی سه‌رۆكی لیژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی كوردستان (360 هه‌زار ئاواره رویان له‌شاری كه‌ركوك كردوه كه زۆرینه‌یان عه‌ره‌بن به‌و پێیه‌ش چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئێستا رێژه‌ی كورد له‌و پارێزگایه بوبێته‌وه به (50%) و رێژه‌ی عه‌ره‌ب بۆ (30%) و رێژه‌ی توركمانیش بۆ (20%) به‌رزبوبێته‌وه. هاوكات به‌پێی ئاماری حكومه‌تی عێراق ئاواره‌ی عه‌ره‌ب له‌شاری كه‌ركوك له‌پێش هاتنی داعش (6 هه‌زار خێزان) بون به‌ڵام له‌دوای هاتنی داعشه‌وه بوه به (67 هه‌زار) خێزانی ئاواره‌ی عه‌ره‌ب، واتا رێژه‌ی ئاواره عه‌ره‌به‌كان له‌شاری كه‌ركوك ده‌جار زیادیكردوه، به‌رێژه‌ی (75%) زیادیكردوه، هه‌روه‌ها به‌پێی ئاماری حكومه‌تی هه‌رێم ژماره‌ی ئاواره عه‌ره‌به‌كان كه له‌پێش هاتنی داعشه‌وه به‌هۆی بارودۆخی ئه‌منی (6 هه‌زار خێزان) بون به‌ڵام له‌دوای هاتنی داعشه‌وه رێژه‌كه بۆ (50 هه‌زار خێزان) زیادیكردوه، واتا 8 جار زیادیكردوه به‌رێژه‌ی (85%) زیادیكردوه. مه‌ترسیه‌كه له‌وه‌دایه كه ئه‌م زیادبونه‌ی عه‌ره‌ب كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌شێكیان له‌كه‌ركوك جێگیر بن، به‌بێ عه‌ره‌به‌كانی حه‌ویجه‌و ناوچه عه‌ره‌بیه‌كانی كه‌ركوكه، كه ئه‌گه‌ر دواتر راپرسی بكرێت، ژماره‌و رێژه‌ی عه‌ره‌ب له‌شاری كه‌ركوك زۆر زیاد ده‌بێت. هاوكات له‌ماوه‌ی سێ بۆ چوار مانگی رابردودا ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ی عه‌ره‌ب به‌هۆی هاتنی داعشه‌وه رویانكردۆتهوه كه‌ركوك، به‌پێی وته‌ی ژماره‌یه‌ك له‌و عه‌ره‌بانه‌ی له‌ئێستادا بۆ مانه‌وه‌یان له‌كه‌ركوك سه‌رقاڵی دروستكردنی خانون له‌ناوچه‌یه‌كی ته‌جاوز و خۆپیشاندانیان كرد بۆ ناڕه‌زایی له‌روخانی خانوه‌كانیان، ئه‌وان نزیكه‌ی 60 دۆنم زه‌وی كه ده‌كاته (150 هه‌زار مه‌تر) و (750) پارچه زه‌وی (200 مه‌تری) هه‌ر یه‌كه‌ی به 4 تا 6 ملیۆن دینار له‌به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتیان كڕیوه، له‌ئێستادا ئه‌و ئاواره عه‌ره‌بانه زیاتر له (300) خانویان له‌سه‌ر دروستكردوه به‌ڵام به‌بیانوی زیاده‌ڕۆیی ئیداره‌ی شاره‌كه زیاتر له (200) خانوی روخاندوه، ئه‌و پارچه زه‌ویه‌ی كه له‌لایەن به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتیه‌وه فرۆشراوه به‌عه‌ره‌به هاورده‌كانی كه‌ركوك و 60 دۆنم زه‌ویه‌و ده‌كاته 150 هه‌زار مه‌تر، له‌كاتێكدا كورد سه‌دان ساڵه قوربانی ده‌دات له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی بستێك له‌خاكه‌كه‌ی، هه‌مو ئه‌م هه‌نگاوانه له‌داهاتودا كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان بۆسه‌ر چاره‌نوس و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی شاری كه‌ركوك ده‌بێت. چاره‌نوسی كه‌ركوك دوای داعش له‌دوای كۆتایی هاتنی داعش ململانێ و ناكۆكیه‌كی دیكه له كه‌ركوك سه‌ر هه‌ڵده‌دا، ئه‌ویش ناكۆكی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و به‌غدایه، له‌سه‌ر شێوازی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایه، چونكه به‌پێی ده‌ستور سنوری ئیداری هه‌رێمی كوردستان تا 19/3/2003 و هاتنی هاوپه‌یمانانه بۆ عێراق، بۆیه چاوه‌ڕوان ناكرێت حكومه‌تی عێراق به‌ئاسانی ده‌ست له‌و ناوچانه هه‌ڵگرێت و بیخاته ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمه‌رگه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر رازیش بێت پێشمه‌رگه له‌و ناوچانه بمێنێته‌وه به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، چونكه ده‌كرێت بارودۆخی كه‌ركوك به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای بمێنێته‌وه، یان وه‌ك دیفاكتۆیه‌ك (ئه‌مری واقیع) له‌ژێر كۆنتڕۆڵی پێشمه‌رگه‌دا بمێنێته‌وه، یاخود راده‌ستی هێزه‌كانی عێراق ده‌كرێته‌وه، كه له‌حاڵه‌تی راده‌ستكردنی به سوپای عێراق ئه‌و ئاوارانه‌ی كه له‌دوای روداوه‌كانی داعشه‌وه هاتونه‌ته ناوچه‌كه به ئاسانی هه‌مویان ناگه‌ڕێنه‌وه‌و كه‌سیش ناتوانێت به‌زۆر ده‌ریان بكات، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرسی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پارێزگایه ده‌بێت كه ئه‌گه‌ر هه‌ردو حكومه‌تی ناوه‌ند و هه‌رێم بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی چاره‌نوسی ئه‌و پارێزگایه پشت به جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 و راپرسی ببه‌ستن، چونكه ئه‌گه‌ر راپرسی بكرێت و قه‌زای حهوجهو به‌شێكی زۆری عه‌ره‌ب ئاواره‌كان له‌و ناوچه‌یه‌دا بمێنێته‌وه، ئه‌وا له‌گه‌ڵ توركمان و مه‌سیحیه‌كان كه كورد هیچ ههناگوێكی به ئاراسته‌یان نه‌ناوه تا خۆیان به‌لای كوردا یه‌كلابكه‌نه‌وه، چاوه‌روان ده‌كرێت ئه‌وان چاره‌نوسی كه‌ركوك یه‌كلابكه‌نه‌وه‌و له قازانجی كورد نه‌بێت. به‌و پێیه‌ی له‌ئێستادا رێژه‌ی كورد بۆته نزیكه‌ی (50%) و عه‌ره‌ب (30%) و به‌و ئاوارانه‌ی هاتونه‌ته كه‌ركوكه‌وه، له‌گه‌ڵ (20%)ی توركمان و پێكهاته‌كانی دیكه، كه ئه‌مه‌ش راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر چاره‌نوسی شاری كه‌ركوك دروست ده‌كات، بۆیه ده‌بێت به‌رپرسانی ئیداری كه‌ركوك به پلان و نه‌خشه‌ی ورد مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاوارانه‌دا بكه‌ن، چونكه له‌دوا رۆژدا كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر چاره‌نوسی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌بێت.