شەنگال لە بەرداشی شەڕی براکاندا
|
ئامادەکردنی/ رێبوار محەمەد
دامەزراندنی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە قەزای شەنگال، ململانێی لایەنەکانی تۆخکردەوە بەتایبەتیش لەنێوان پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستاندا.
ململانێکان لەکاتێکدایە، هێرش و مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی عێراق و بەشێکی خاکی هەرێمی کوردستانیش لەئارادایە، بەڵام بەوتەی چاودێران، رەنگە لەئێستاداو لەسەروبەندی ئەو مەترسیانەدا، کێشەو ململانێکان زەق نەکرێنەوە، بەڵام دوای تێپەڕاندنی دۆخی ئێستا، کێشەکان توندتر دەربکەونەوەو شەنگال بە "بەرداشی شەڕی داهاتوی براکان" لەقەڵەم دەدەن.
لەبارەی شەنگالەوە
شەنگال، لەڕوی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای موسڵەو نزیکەی (120) کلم لەناوەندی شارەکەوە دورەو بە دوەم گەورەترین قەزای عێراق دادەنرێت، دانیشتوانەکەی زیاتر لە (200) هەزار کەس دەبێت و روبەرەکەی (3188) كیلۆمەتر دوجایە. رێژەی (%85)ی دانیشتوانەکەی سەر بە ئاینی ئێزیدین.
سەرچاوەکان، مێژوی شەنگال بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێننەوە، بە جۆرێک لە ساڵی (1075)ی زاینیدا ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە (30) ھەزار کەس بوە، لە ساڵی (1394) ژمارەی خانوەکانی زیاتر لە (35) ھەزار بوە.
مێژونوسان ئاماژە بە چەند قۆناغێکی داگیرکردنی شەنگال دەکەن و دەڵێن: لە کاتی هاتنی تەیموری لەنگ بۆ شەنگال، (35) هەزار خانوی ناوچەکەی روخاندوەو ناوچەکەی بە تەواوەتی لەگەڵ زەویدا تەخت کردوە. هەروەها عوسمانیەکانیش لە ساڵی (1516)دا هاوشێوەی شارو شارۆچکەکانی دیکەی کوردستان، شەنگالیان داگیرکردوە، بەوەش قەزاکە بۆتە مەیدانی ململانێ و بەیەکدادانی نێوان عوسمانیەکان و سەفەوییەکان.
لەساڵانی نێوان (1940- 1980)، چەند گۆڕانێکی بنەڕەتی لەبونیادی شاری شەنگالدا ھێنراوەتە کایەوە، کە گۆڕانکاریەکان بە ئاڕاستەی تەعریب کردن و گۆڕانی دیمۆگرافیای شارەکە بوە. یەکەم ھەنگاوی ئەو تەعریبەش پێدانی (233355) دۆنم زەوی لەرۆژهەڵاتی شەنگال بو بۆ ئەو ھۆزە عەرەبانەی کە لە دەرەوەی شەنگال و پارێزگای نەینەواوە ھێنرابون. بە هاتنیشیان، هۆزە عەرەبەکان دەستیان بەسەر زەویەکانی قەزاکەدا گرت، بە تایبەتیش لە بەشی باکورو ناحیەی (سنون)ی سەر بە شەنگال.
ستراتیژیەتی شەنگال
پێش ئەوەی باس لە ستراتیژێتی شەنگال بکەین دەبێت باس لە ناحیەی رەبیعەی سەر بە قەزای تەلەعفەری پارێزگای نەینەوا بکەین، کە بەوتەی شارەزایان رەبیعە تاکە رێڕەو و پانتایی زەمینییە کە ناوچەی شەنگال بە هەرێمی کوردستانەوە دەبەستێتەوە، بەبێ ناوچەی رەبیعە سەختە قسە لەسەر گەڕانەوەی شەنگال بکەین بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ناحیەی رەبیعە، لەسەر سنوری عێراق لەگەڵ سوریاو لەسەر رێگای نێوان قامیشلۆ بۆ موسڵ ھەڵکەوتوە.
بایەخی ستراتیجی شەنگال بۆ هەرێمی کوردستان کاتێک مانابەخش و بەرجەستە دەبێت کە شەنگال و دەوروبەری لەرێگای رەبیعەوە بە هەرێمی کوردستانەوە ببەسرێتەوە، چونکە بایەخی ستراتیژی شەنگال و رەبیعە تەواوکەری یەکترین و بێ رەبیعە ناکرێت بیر لەبایەخی ستراتیژی شەنگال بکرێتەوە.
د. ئارام رەفعەت و د. شێرکۆ کرمانج لەنوسینێکیاندا، باس لە ستراتیژیەتی شەنگال دەکەن و دەڵێن: ئەگەر ناوچەکانی شەنگال و رەبیعە بەگرێدراویی لەژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمدا بمێننەوە، ئەوا ئەو ناوچانە دەکات بە بژاردەیەکی دیکە بۆ لوله نهوت و گازهکانی کوردستان تاوەکو لهڕێی سوریاوه بگهیەنرێن به دهریای ناوهڕاست و لهوێشهوه بۆ بازاڕی جیهانی، ئەوەش هەژمونی تورکیا بەسەر هەرێمی کوردستان کاڵتر دەکاتەوە.
جگەلەوەش، شەنگال پشتێنەیەكی بەهێزی كوردی بەدەوری شاری موسڵدا بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەکات، ئەوەش هاوکارە بۆ کەمکردنەوەی گۆڕانی دیمۆگرافی هاوکات كاریگەری موسڵی عەرەبی كەم دەکاتەوە، جگە لەوەش ئەو پشتێنە عەرەبییەی بەهۆی تەعریبەوە بەدەوری كەركوكدا دروست بوە کاڵتر دەکاتەوە.
بایەخێكی دیكەی ستراتیژی ناوچەی شەنگال بونی زنجیرە چیای شەنگالە كە راستەوخۆ بۆتە لەمپەرێكی جوگرافی لەبەردەم بیابانێكی بەرینی عەرەبی لە ناوچەکەدا، ئەمەش گرنگییەکەی لەوەدایە کە دەبێتە بەربەستێکی بەرگری بۆ هەر هێرشێك بۆ سەر كوردستان چ لەلایەن سوریا یاخود عێراق یاخود توركیاوە بێت.
لەڕوی بازرگانی و ئابوریشەوە، شەنگال وەك ناوچەیەكی بە ناوبانگ لە بەرهەمهێنانی گەنم و جۆ بایەخێكی گەورەی هەیە بەتایبەت بۆ زامنكردنی ئاسایشی خۆراكی كوردستان بەمەرجێک ئەگەر پرۆژەی ئاودێری بە دەشتی شەنگال و رەبیعە بگەیەنرێت.
هەروەها لە حاڵەتی گەمارۆی ئابوری لەلایەن توركیا یان عێراق، ئەوە بە بونی ناوچەكانی شەنگال و رەبیعە، هەرێم دەتوانێت دەروازەی سوریا یان كانتۆنە كوردییەكە بەكاربهێنێت. وەک توێژەرانیش ئاماژەی بۆ دەکەن، شەنگال و رەبیعە دەرفەتی پەیداكردنی زیاتر لە هاوپەیمانێك بۆ هەرێم دابین دەکات لە ناوچەکەدا.
ئەو رۆژەی شەنگال کەوتە دەست داعش
بەرەبەیانی رۆژی (3)ی ئابی (2014) شەڕ لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەو چەکدارانی داعش لە قەزای شەنگالی سەر بە پارێزگای موسڵ رویداو دواتریش قەزاکە کەوتە دەست چەکدارانی داعش و هێزەکانی پێشمەرگە پاشەکشەیان کردو لە سەعات (10)ی سەرلەبەیانی، قەزای شەنگال لە لایەن چەکدارانی داعشەوە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵکرا.
دانیشتوانی قەزاکەش لە کۆچکردندا بون بەرەو دهۆک و ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان. جگە لە کۆنتڕۆڵکردنی قەزاکە، هەردو كۆمهڵگهی گرد زهرگ و شیپا شێخ خدر کەوتنە دەست چەکدارانی داعش.
دوای کۆنتڕۆڵكردنی شەنگال، ناحیەکانی رەبیعەو زوممار لەلایەن داعشەوە کۆنتڕۆڵ کران و هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە پاشەکشەیان کرد. لەگەڵ پێشڕەوییەکانی داعش و گەیشتنیان بە مەخمور، گوێر و خازر کە سێ هێڵن بە ئاراستەی هەولێر، مەترسییەکانی داعش زیاتر بو، تا دواجار ئەمەریکا هاتە سەر خەت و یەکەم گورزیان لە داعش وەشاند.
لەوبارەیەشەوە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم لە چاوێکەوتنێکیدا رایگەیاند، کە "داعش گەیشتنە گوێر زۆری نەمابو بگەنە فڕۆكەخانەی هەولێر. بۆیە بۆ مێژو دەڵێین رۆڵی ئەمەریكا لەو كاتەدا زۆر گرنگ بو، گورزی گەورەیان لە داعش دا" کە دواتر هاوکاری بەرفراوانی سەربازی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بۆ پێشمەرگە لێکەوتەوە، ئەوەش گۆڕینی هاوسەنگی هێز بو بەلای هێزی پێشمەرگەداو دواتر کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکان لەدەستی داعش.
بەپێی دوایین زانیارییەکانیش، لەئێستادا چیای شەنگال و بەشێکی زۆری قەزاەکە لە لایەن پێشمەرگەوە ئازادکراوە و وەک فەرماندە سەربازییەکانیش ئاماژەی بۆ دەکەن، داعش توانای هێرش و بەرگری ئەوتۆشی نەماوەو هێزی پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدایەو چاوەڕوانی فەرمانی سەربازین، بۆ ئەوەی تەواوی ناوچەکانی قەزاکە کۆنتڕۆڵ بکەنەوە.
هاتنە ناوەوەی پەکەکە
دوای گرتنی قەزای شەنگال لە لایەن چەکدارانی داعش، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان رایگەیاند: بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعش ھێز رەوانەی شەنگال دەکەین.
داواشی لە گەلی کورد کرد ھاوشێوەی ئەو یەکڕیزییەی بۆ پشتیوانیکردنی ھەرێمی کۆبانێ نیشانیاندا، خاوەندارێتی لە شارۆچکەی شەنگالیش بکەن و وتی: سنورەکان ھیچ مانایەکیان نەماوە ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هاوکاری باشور و رۆژئاوا و باکوری کوردستان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆرو دوژمنانی کورد.
دوای وتارەکەی قەرەیلان، دەیان گەریلای ھێزی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازی پەکەکەیە، بەرەو شەنگال بەرێکەوتن.
دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان
دوای داگیرکردنی شەنگال و ئەو دۆخەی هەرێمی گرتەوە، پهرلهمانی كوردستان دوهم دانیشتنی نائاسایی پهرلهمان لەمەڕ دۆخەکەو داگیرکردنی شەنگال و دۆخی ئاوارەکانی ئەو قەزایە ئەنجامدا.
لەپێشتریشدا سهبارهت به دۆخی ناوچه كوردستانیهكانی دهرهوهی ههرێم، رۆژی (3)ی تهمموزی (2014) یهكهم دانیشتنی نائاسایی پهرلهمانی كوردستان به میوانداری مهسعود بارزانی بهڕێوهچو، بۆ گفتوگۆكردن لهسهر دۆخی ناوچه كوردستانیه كێشه لهسهرهكان.
دوەمین کۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمان تایبەت بو بە خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنە تایبەتەکانی پەرلەمان لەسەر روداوەکانی رابردوی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان و ژیانی ئاوارەکان و پرسی بە جینۆسایدناساندنی کارەساتی شەنگال.
لای خۆشیەوە، د.یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمان رایگهیاند، لەسەر ئاستی جیاواز و دیبلۆماتی توانییان وڵاتانی زلهێز و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان بخەنە سەر خەت. جگەلەوەش لە تاوانی جینۆسایدی شەنگال و ئاوارە مەسیحییەکانی ناوچە دابڕێنراوەکان وڵاتانی زلهێزیان ئاگادار کردوەتەوە.
پێکهێنانی ئەنجومەن.. هەنگاوە بەرەو کانتۆن؟
رۆژی چواشهممە (24)ی کانونی دوەمی ئەمساڵ، لهچیای شهنگال به ئاماده بونی (200) نوێنهری کوردانی ئێزیدی و نوێنهری ژمارهیهک پارت و لایهنی سیاسی کوردانی ئێزدی نزیک له (پەکەکە)، کۆنفرانسێک له ژێر ناوی (خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ئیرادەی ئێمەیە)، بهڕێوهچو، کە تێیدا ئەنجومەنێک بۆ شەنگال هەڵبژێردرا.
کۆنفراسەکە دروستکردنی ئهنجومهنێکی سهربهخۆی بەدوادا هات، ئەوەش بە یهکهم ههنگاو بۆ دروستکردنی کانتۆنی خۆبهڕێوهبهری دیموکراتی شهنگال دادەنرێت کە چاودێرانی ئەو کۆنفراسە ئاماژەیان پێکرد.
میدیاکانی نزیک لهپهکهکهش بڵاویانکردەوە، ئەو ئەنجومەنە لە (27) کەس پێکهاتوەو بناغەی ئیدارەی کانتۆنی شەنگال دەبێت، ناوی ئەنجومەنەکەش (ئەنجومەنی ئێزدییەکانی شەنگال)ە، ئەو (27) کەسەش نوێنەرایەتی هەریەک لە پەنابەرانی کوردی ئێزدی کهمپی نەورۆز لە دێرک، کوردانی ئێزدی کهمپەکانی ههرێمی کوردستان و چیای شنگال دەکەن.
سەرباری کاردانەوەکان بەرامبەر پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە، بەشێکی تری کاردانەوەکانیش بەرامبەر بەشداربوانی کۆنفرانسەکە بو، بە تایبەتیش بەشداریکردنی حوسێن دەرمان، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی موسڵی یەکێتی، کە ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ پشتیوانیکردنی ئەنجومەنەکەی شەنگالی نزیک لە پەکەکە لێکدرایەوە.
کاردانەوەکان
لەیەکەم کاردانەوەدا دوای دروستکردنی ئەنجومەنەکە، فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بەتوندی ئیدانەی ئەو کۆنفرانسەی کردو ئەوەی بە "دەستوەردانی پەکەکە" لەسەروەری باشوری کوردستان و سیاسەتی خۆ فەرزکردن ناوبرد.
هەروەک داواشیکردبو، پەرلەمان و حکومەت و تەواوی لایەنە سیاسیەکان و رای گشتی، بەرامبەر بەوکارە بوەستنەوەو سنورێک بۆ ئەو سیاسەتە چەوتە دابنێن.
بەهەمان شێوە یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێستی فەرمی خۆیان لەسەر خۆبەڕێوەبەری دیموكراتی شەنگال بڵاوکردەوەو دژایەتی خۆیان بۆ ئەو ئەنجومەنە راگەیاندو جەختیان کردەوە، کە دروستكردنی كانتۆن یان ههر چوارچێوهیهكی جیا له ههرێمی كوردستان به توندی رهتدهكهنهوە.
هاوکات سهرۆكایهتی پهرلهمانی كوردستانیش راگەیەندراوێکی سەبارەت بە "ههوڵێك بۆ جیاكردنهوهی شهنگال له ههرێمی كوردستان" بڵاوکردەوەو رایگەیاند: ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە رەتدەکەینەوەو بە هەڕەشەی دەزانین بۆ یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خرابوەڕو، بیرکردنەوە لە دروستکردنی کانتۆن لەکاتێکدایه بەداخەوە تائێستاش سیمای دو ئیدارەیی لەهەرێمی کوردستان دەبینرێت و بە هەمو لایەکمانەوە کار بۆ ئەوە دەکەین ئاسەوارەکانی دو ئیدارەیی نەهێڵین و هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکبخەین و بیکەینە هێزێکی نیزامی، نەک بیر لە دروستکردنی کانتۆنێکی تر بکرێتەوە.
هەر سەبارەت بەهەمان بابەت، كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی ئاماژەی بەوەکرد، دامەزراندنی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری ئێزدییەكان لە شەنگال، پێویستی بە دیراسەكردن و رای هەمولایەنەكان هەیەو لە لێدوانێکیدا کە سایتی فەرمی حیزبەکەی بڵاویکردەوە، وتی: وەك یەكێتی هەر كار و پرۆژەیەك كە قازانجی كوردی تێدا نەبێت، پشتگیریی ناكەین. ئەوەش وەك ئاماژەیەك بۆ دروستكردنی ئەنجومەنی ئێزدییەكانی شەنگال.
دواتریش مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەیاننامەیەکی توندی لەسەر هەوڵەکانی پەکەکە بڵاوکردەوەو رایگەیاند: ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وێڕای ریسواكردنی هەوڵەكانی پەكەكەو هاوكارەكانی بۆ دابڕینی شنگال لە كوردستان و خۆسەپاندنیان بەسەر ئیرادەی كوردانەی ئێزیدیاندا، هەروەها داوایان لێ دەكەین هەرچی زوە ئەم گێچەڵە لە هەرێمی كوردستان دور بخەنەوە و بە دروستكردنی ناكۆكی لەناو نەتەوەكەماندا و لێكترازاندنی ریزەكانی گەلەكەمان دڵی داعشی تیرۆریست و نەیارانی گەلی كوردستان خۆش مەكەن.
لەبەرامبەردا، هاوسەرۆکایەتی کەجەکە لە راگەیەندراوێکدا، رەتیکردەوە، ئەوان هەوڵ بۆ جیاکردنەوە شەنگال لە هەرێمی کوردستان بدەن و دەڵێن: ئەو لێدوانانەی دەدرێن کە گوایە ھەوڵدەدرێت شەنگال لە باشوری کوردستان جیابکرێتەوە راست نین.
باس لەوەشکراوە،کۆبونەوەکەی شەنگال لە دەرەوەی تەڤگەری ئێمەیەو لەلایەن ئێزدیان ساز کراوە، کۆبونەوەیەکی بەو رەنگە لەلایەن جڤاتی ئێزیدی سەر بەتەڤگەرەکەمان و گفتوگۆکردن لەسەر ھەندێک کێشەی دیکەیە، ئەمەش دەبێت زۆر بەئاساییەوە پێشوازی لێ بکرێت.
لای خۆشیەوە د. کامەران مەنتک، مامۆستای زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات، بە گشتی کێشهی ئیداره لهههرێمی کوردستان ههیه و شەنگالیش بوەتە بهشێک لهو کێشهیه، بهڵام هیچ گومانێک نیه لهسهر ئهوهی ناوچهیهکی کوردستانهو کار بۆ ئهوه کراوه بگهڕێتهوه سهر ههرێمی کوردستان.
هەروەک پێشیوایە، دوای پهلاماری چەکدارانی داعش و کەوتنی شەنگال، دۆخهکه بهجۆرێکی تر گۆڕاوهو دەڵێت: لەپێشتردا شهنگال لهژێر دهستی پارتی بوە، بهڵام ئێستا لهژێر دهسهڵاتی ئەو حیزبە دهرچوه و زۆرینهی خهڵکی شەنگال لە ئێستادا لایهنگری پارتێکی دیکەن" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ پەکەکە.
شەنگال لە بەرداشی شەڕی براکاندا
دامەزراندنی ئەنجومەنێکی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی لە لایەن پەکەکەوە لەقەزای شەنگال، ململانێکانی پارتی و پەکەکەی تۆختر کردەوە، کە مێژوی ناکۆکییەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردو، بەڵام ناکۆکییەکانی ئەمجارە ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرتوە، بەجۆرێک کە بەڕای چاودێران، "شەنگال بەرداشی شەڕی داهاتوی براکان دەبێت".
دوای داگیرکردنی قەزای شەنگال لە لایەن چەکدارانی داعش و هێرشەكانی بۆ سەر باشور و رۆژهەڵاتی كوردستان، ئەو ململانێیانە بە شێوەیەكی زۆر فراوان زەق بوەتەوە، بەشێک لە چاودێرانیش ئەم دەستێوەردانەی پەکەکە لە شەنگال وەک کارتێکی فشار بەرامبەر پارتی لێک دەدەنەوەو راڤەی بۆ دەکەن، چونکە بەم کارەیان دەیانەوێ سنورێک بۆ دەستێوەردانەکانی پارتی لە رۆژئاوای كوردستان دابنێن.
بەو پێیەی لەكاتی كارەساتی شەنگال و چۆڵكردنیدا شەڕڤانانی یەپەگەو پەكەكە بەرگریان كردوەو شەهیدیان داوە، ئەوانیش دەیانەوێ لە ئایندەی شەنگالدا رۆڵیان هەبێ و خاوەن بڕیار بن.
یەکێکی دیکە لە کێشەکانی نێوان پەکەکەو پارتی لەسەر شەنگال ترسی کەمبونەوەی جەماوەرو لایەنگرانیانە، چونکە وەک چاودێران باسی لێوە دەکەن، پەکەکە پێیوایە پارتی نابێت دەستبخاتە نێو کاروباری رۆژئاواوە، پارتیش بۆچونی وایە مادام پەكەكە بەرنامەی هەیە لە ئایندەی شەنگالدا رۆڵی هەبێ، كەواتە ئەوە كاریگەری دەخاتە سەر هەژمونی پارتی و پارتی ناتوانێت هەزمی بکات.
سەبارەت بە رۆڵی پەکەکە لەرزگارکردنی شەنگال، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی وێڕای ئەوەی دەستخۆشی لە پەکەکە دەکات بۆ یارمەتیدان و بە هاناوەهاتنی براکانیان لە شەنگال، بەڵام دەشڵێت: ئەوەی پەکەکە دەیگوت، هێندەی ریکلام و راکێشانی حیزبی و قۆستنەوەی دۆخێک بو، ئەوەندە ئەوە شتێکی کردارەکی نەبو.
لە ئاست ململانێکانی پەکەکەو پارتی، هەوڵی چارەسەری ئەو دۆخە دراوە و زیانەکانی بەریەککەوتنی ئەو دو لایەنە هەستپێکراوە، بۆ ئەو مەبەستە مولکیە بیرتانا، پەرلەمانتاری شاری قەرسی پارتی دیموکراسی گەلان (هەدەپە) سەردانی نوێنەرایەتی پارتی لە ئەنقەرە کردو دواتریش پەکەکە، داوایکرد، شەڕی راگەیاندنی نێوان لایەنە سیاسییەکان رابگیرێ و ئەوەی دوپات کردەوە، کە ''ئەو شەڕە بە قازانجی دۆزی کورد نییە".
لەگەڵ هەمو ئەمانەشدا، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، ئایا پەکەکەو پارتی قەزای شەنگال دەکەنە مەیدانی بەریەککەوتنیان؟ یاخود پارێزگاری لە دەستکەوتەکان دەکەن بە قازانجی دۆزی رەوای کورد. داهاتو وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەداتەوە.
|
|