گاردی نیشتمانی له تاكتیكه‌وه بۆ ستراتیژ
|
(سبەی):
ده‌ستپێك
رۆژی 10ی حوزه‌یرانی 2014 موسڵ به‌ته‌واوی كه‌وته ده‌ست داعش و یه‌ك رۆژ دوای ئه‌وه‌ش به‌هه‌مان شێوه، تكریت له‌لایه‌ن داعشه‌وه كۆنترۆڵكرا، ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنج بو، شكستهێنانی پێنج فیرقه‌ی سوپای عێراق بو، له‌ماوه‌ی 24 سەعاتدا، ئه‌وانیش فیرقه‌كانی (2-3-4-12-18) كه نزیكه‌ی 70 هه‌زار سه‌رباز ده‌بون.
مه‌ترسی داعش زیادیكرد به‌جۆرێك ئه‌م هێزه نزیك بونه‌وه له ده‌روازه‌كانی به‌غدای پایته‌خت. له‌م كاته‌دا مه‌رجه‌عی باڵای شیعه (عه‌لی سیستانی) هاته سه‌رخه‌ت، به‌دیاریكراوی سێ رۆژ پاش كه‌وتنی موسڵ. (سیستانی) فه‌توای(«جیهاد»ی كیفایی) ده‌ركرد، به‌وهۆیه‌وه چه‌ندین میلیشیای نانیزامی پێكهاتن خۆیان بۆ جه‌نگی داعش ئاماده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی داعش ده‌ستی به به‌غداو پارێزگاكانی خواروی عێراق نه‌گات. به‌م جۆره له‌كۆكردنه‌وه‌ی میلیشیا شیعه‌كانی عێراق (حهشدیشهعبی) دروستكرا. به‌ره‌زامه‌ندی مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكات، میلیشیا یاساغكراوهكانی وه‌ك (سوپای مه‌هدی و سه‌رایا سه‌لامو سوپای به‌درو عه‌سائبی ئه‌هلی حهقو حزبوڵا-باڵی عێراق و سوپای موختار و لیوای ئه‌بو فه‌زڵ عه‌باس....)* له‌ناو پرۆژه‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا جێگای خۆیانكردهوه.
له‌م نێوانه‌دا هێزه سونییهكان خۆیان وه‌ك مه‌غدورترین پێكهاته‌ی عێراق پێناس كرد، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی رۆژی 11ی حوزه‌یرانی 2014 شاندێكی ئێرانی گه‌یشتنه به‌غدا، پاش چه‌ند رۆژێكیش فتوای پێكهاتنی حه‌شدی شه‌عبی ده‌ركرا. لێره‌وه سونه‌كان پێكهێنانی حه‌شدی شه‌عبیان به پرۆژه‌ی ئێرانیه‌كان ناوبرد، ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنی پێگه‌ی هێزه شیعه‌كانی عێراق‌و قه‌تیسكردنی سوننه‌كان.
دوباره بیرۆكه‌ی چه‌كداركردن و پشتوانی كردنی ملیشیا سونیه‌كانی وه‌ك (ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازی شۆڕشگێڕانی عه‌شایر، سوپای ئیسلامی، سوپای موجاهیدین، پیاوانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی، كه‌تیبه‌كانی سه‌وره‌ی عه‌شرین، ئه‌نسارئیسلام. سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه** چ له‌لایه‌ن هێزه سیاسی و هۆزه سونیه‌كانی عێراقه‌وه، چ له‌لایه‌ن ئهمەریكاشهوه. بەڵام ئه‌م هه‌نگاوه جیاوازتربو له‌وانه‌ی پێش خۆی، چونكه ئه‌مجارە هێزه سونیه‌كان ئه‌م بیرۆكه‌یه‌یان له‌دو توێی پرۆژه‌یه‌كدا گه‌ڵاڵه‌كرد به‌ناوی پرۆژه‌ی (گاردی نیشتیمانی عێراقی) كه خۆی له‌كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌می هێزه میلیشیاكانی شیعه‌و سوننه‌دا ده‌بینێته‌وه، له‌چوارچێوه‌ی یه‌ك سوپای نیزامی‌دا، بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی داعش. ئه‌م پرۆژه‌یه وه‌ك پێش مه‌رجی به‌شداری هێزه سونییهكان له سه‌روبه‌ندی دانوستانه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق، پێشكه‌ش به‌پاڵێوراوی پێكهێنه‌ری كابینه‌ی نوێی حكومهتكرا.
ئهمەریكیهكان له ساڵی 2006دا وه‌ك تاكتیكی له‌نێوبردنی قاعیده پشتگیریان له میلیشاو خێڵه عه‌ره‌به سونییهكان كرد، له چوارچێوه‌یی دروستكردنی هێزێك به‌ناوی (صحوه)، ئه‌م هێزه تارادهیهكرۆڵی بینی له لاوازكردنی رێكخراوی قاعیده‌دا. هه‌ربۆیه پاش بانگه‌واز بۆ به‌شداری خۆبه‌خشی له حه‌شدی شه‌عبی به پاڵپشتی ئێران، وه‌ك یه‌كێك له ستراتیژه نوێیه‌كانی ئه‌مەریكا، به پاڵپشتی ئه‌مەریكا بۆ هێزه سونییهكان پرۆژه‌ی گاردی نیشتمانی هاته به‌رباس، بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی داعش به‌ئامانجی له‌ناوبردن یاخود لاوازكردنی.
یه‌كێك له خاڵه گرنگه‌كانی متمانه به‌خشینی سونیه‌كان به كابینه‌كه‌ی عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، لێره‌وه سه‌رچاوه‌ی گرت. به پێی ئه‌و رێكه‌وتنه‌ی كه هێزه سونیه‌كان له‌گه‌ڵ عه‌بادی و ده‌وڵه‌تی یاسا ئیمزایانكرد له‌ژێر چاودێری ئه‌مەریكادا، به ئامانجی له‌نێوبردنی گروپی داعش و هاوشێوه‌كانی، له‌و ناوچه سونیانه‌ی كه داعش فه‌رمانره‌وایه‌تیان ده‌كات، بریتی بوو له پێكهێنانی گاردی نیشتیمانی.
له پێناو به یاساییكردنی پێكهێنانی (گاردی نیشتیمانی)، له پڕۆژه یاسای بودجه‌ی 2015ی عێراقدا، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی بودجه‌ی بۆ ته‌رخانكرد و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش رێكه‌وتی 26/2/2015 رایگه‌یاند كه (پرۆژه یاسای گاردی نیشتیمانی) به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی گه‌یشتوته به‌رده‌ستیان. ئامانجی ئه‌م پرۆژه‌یه، وه‌ك له هۆكاره‌كانی دهرچواندنیدا هاتوه به‌شداری پێكردنی هاوڵاتیانی پارێزگا جیاوازه‌كانه، له به‌ره‌نگار بونه‌وه‌ی تیرۆر و پاراستنی موڵك و ماڵی هاوڵاتیان و داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانی حكومه‌ت.
له‌م راپۆرته‌دا هه‌وڵدراوه خوێندنه‌وه‌یه‌كی خێرا بۆ پرۆژه‌یاسای گاردی نیشتیمانی بكرێت، دواتر باس له‌كاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌كانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ش له‌سه‌ر عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی تاوتوێ كراوه.
یه‌كه‌م: كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی پرۆژه یاسای گاردی نیشتمانی
پرۆژه یاسای گاردی نیشتیمانی له 29 ماده پێكهاتوه، دابه‌شكراوه به‌سه‌ر پێنج به‌شدا به‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه:
به‌شی یه‌كه‌م: پێناسه و ئامانج
ئه‌م به‌شه له 3 ماده پێكهاتوه ماده‌ی (1) پێناسه‌ی پێكهاته‌كانی گاردی نیشتمانی كردوه كه پێكهاتون:
1. له رۆڵه‌كانی عێراق، مه‌به‌ست لێی ئه‌و كه‌سانه‌ن كه به پێی فه‌رمانی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ژماره (118)ی ساڵی 2008 گرێبەستیان له گه‌ڵ حكومه‌تدا هه‌یه، له پێناو پاراستنی نیشتمان له تیرۆر.
2. حه‌شدی شه‌عبی، مه‌به‌ست لێی ئه‌و كه‌سانه‌ن به‌خۆبه‌خشی یان گرێبه‌ست هاوكاری هێزه چه‌كداره‌كان ده‌كه‌ن، له پێناو به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆردا.
ماده‌ی (2) ئامانجی یاساكه‌یه، كه خۆی ده‌بینێته‌وه له (دروستكردنی هێزی سه‌ربازی له پارێزگاكان، ئه‌مه‌ش له‌رێگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی گروپه جیاوازه‌كانی نێو حه‌شدی شه‌عبی و رۆڵه‌ی پێكهاته جیاوازه‌كانی عێراق) له‌چوارچێوه‌ی هێزێكی رێكخراودا.
به‌شی دوه‌م: بنیادنان و ئه‌رك و فه‌رمانه‌كانی گاردی نیشتیمانی
ئه‌م به‌شه پێكهاتوه له (3) مادده، كه تێیدا باس له (پێكهاته‌ی سه‌ركردایه‌تی گاردی نیشتمانی، شێوازی پێكهێنان، ئه‌رك و فه‌رمانی گاردی نیشتیمانی، ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌و داموده‌زگا تایبه‌تمه‌ندانه‌ی كه ئیشوكاره‌كان به‌رێوه ده‌به‌ن).
به‌شی سێیه‌م: فه‌رمانده‌ی گاردی نیشتمانی "سه‌رۆكی ئه‌ركان"
ئه‌م به‌شه پێكهاتوه له (3) مادده، باس له سه‌ركردایه‌تی هێزه‌كانی گاردی نیشتمانی ده‌كات، به پێكهاته‌یه‌كی جیاواز له سوپای عێراق، كه فه‌رمانده و سه‌رۆكی ئه‌ركانی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، به‌ڵام به‌هه‌مان شێوه‌ی سوپای عێراق له لایه‌ن فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن. هه‌روه‌ها باس له ئه‌رك و مه‌هامه‌كانی فه‌رمانده‌ی گاردی نیشتیمانی سه‌رۆكی ئه‌ركان له‌م به‌شه‌دا كراوه.
به‌شی چواره‌م: پێكهاته‌ی هێزی گاردی نیشتمانی
ئه‌م به‌شه پێكهاتوه له (11) ماده، باسی (پێكهاته‌ی گاردی نیشتمانی، شێوازی خزمه‌تكردنی گاردی نیشتیمانی، هێزی یه‌ده‌گی گاردی نیشتیمانی، مه‌رجه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌چنه نێو ریزه‌كانی گاردی نیشتمانی، موچه و چه‌كدار كردن، هه‌روه‌ها شێوازی تایبه‌ت به پێداویستیه‌كانی سوپا و شێوازی جل وبه‌رگ) كراوه.
به‌شی پێنجه‌م: حوكمه كۆتاییه‌كان
ئه‌م به‌شه پێك هاتوه له (8) مادده و باس له‌وه ده‌كات كه هه‌مان ئه‌و یاسا و رێنماییانه‌ی تایبه‌تمه‌ندن به هێزه چهكدرارهكان له عێراقدا، به‌هه‌مان شێوه به‌سه‌ر گاردی نیشتمانیشدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، چ له روی خزمه‌تكردن، چ له‌روی خانه‌نشینكردن و سزادانه‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌و بارودۆخانه‌ش دیاری ده‌كات كه ئاماده‌سازی بۆ جوڵه‌پێكردنی هێزی یه‌ده‌گی تێدا ئه‌نجام ده‌درێ هاوكات ماف و ئیمتیازاتی شه‌هیدانی ئه‌م هێزه‌شی دیاری كردوه. له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی ئه‌ندامانی ئه‌م هێزانه له كۆلێژ و بنكه‌كانی مه‌شق پێكردن له وه‌زاره‌تی به‌رگری، وه‌ك چۆن باسیش كراوه له باره‌ی رێنمایه‌كانی جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌وه.
دوه‌م: به سوپاكردنی ملیشیا چه‌كداره‌كان و كاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌كانی
ئه‌م پرۆژه یاسایه ئامانجی سه‌ره‌كی جێكردنه‌وه‌ی كۆی میلیشیا چه‌كداریه سونی و شیعیه‌كانی عێراقه له چوارچێوه‌ی هێزێكی چه‌كداری رێكخراوه‌یی نیزامی‌دا. ئه‌م هه‌نگاوه به‌واتای رزگاركردنی ملیشیا چه‌كداره‌كان دێت، له هه‌ر لێپیچینهوهیهكی یاسایی، لهسوپاكهدا دیاریكراوه، كه ئه‌م هێزه وه‌ك سوپای عێراق خاوه‌نی فه‌رمانده و سه‌رۆكی ئه‌ركان و داموده‌زگای تایبه‌ت به‌خۆی ده‌بێت، له ده‌ره‌وه‌ی سوپای عێراق. به‌م جۆره‌ش له‌عێراق جۆرێك له لامه‌ركه‌زی سوپایی دروست ده‌بێت، چونكه هه‌ر پارێزگایه‌ك سوپایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی ده‌بێت، ئه‌م سوپایه‌ش پارێزگاری له‌و سنوره ده‌كات كه پارێزگاكه‌ی له پارێزگایه‌كی دیكه جیاده‌كاته‌وه. به‌مانایه‌كی تر، ئه‌م هه‌نگاوه بریتیه له یاساییكردنی كاری ملیشیا سه‌ربازیه‌كان. جێگه كردنهوهیانه له‌نێو گاردی نیشتمانی عێراقدا و له برگه‌كانی یاساكه‌دا به شێوه‌یه‌كی ورد ئه‌م رێوشوێنانه رونكراونهتهوه.
زۆرێك له بۆچونه‌كان پێیان وایه ره‌نگه له قۆناغی ئێستادا گاردی نیشتیمانی و ملیشیاكان رۆڵیان هه‌بێت، له لاوازكردن و رێگری كردن له پێشرهویهكانی داعش. به‌ڵام دور نییه له ئایندەیەكی نزیكدا ئه‌م ملیشیایانه دوای ئه‌وه‌ی راهێنانیان پێده‌كرێت و پرچه‌ك ده‌كرێن له چوارچێوه‌ی گاردی نیشتمانی، نه‌بنه مایه‌ی هه‌ره‌شه‌ی زیاتر بۆ سه‌ر كیانه جیاوازه‌كانی عێراق به‌گشتی و هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی.
أ. كاریگه‌ریه نێگه‌تیڤه‌كانی له‌سه‌ر عێراق
1. ئه‌م یاسایه رێگه به‌وه ده‌دات كه جگه له سوپای عێراق، هه‌موو پارێزگایه‌ك سوپایه‌كی تایبه‌تی خۆی هه‌بێت، به‌مه‌به‌ستی پارێزگاریكردن له سنوری ئه‌و پارێزگایه‌ی كه تێیدا داده‌مه‌زرێت. بێگومان ئه‌مه‌ش پێكدانان و ناجێگیری و هه‌ره‌شه‌ی زیاتری ئه‌منی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت.
2. له‌رێگه‌ی ئه‌م پرۆژه یاسایه‌وه هه‌مو هێزه ملیشیاییهكانی سنوری پارێزگا جیاوازه‌كان ده‌خزێنرێنه نێو گاردی نیشتمانی، له كاتێكدا خودی گروپ و هێزه ملیشیایهكان له‌سه‌ر بنه‌مای تایفه‌گه‌ری دروستبون، ئه‌مه‌ش وایكردووه كه له رابردودا رۆلێكی نێگه‌تیڤ ببینن.
به مانایه‌كی تر ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی رابردودا هێزه میلیشیاكان رۆڵیان هه‌بوه له دروستكردنی مه‌ترسی و توندوتیژی و ناسه‌قامگیری سیاسی و پێشێلكاری بۆ سه‌ر دۆخی ئاسایشی مرۆیی له عێراقدا، له ئێستاشدا وا بڕیاره خودی ئه‌و گروپ و ده‌سته میلیشیا چه‌كدارانه له‌نێو گاردی نیشتیمانی عێراقدا جێگه‌یان بكرێته‌وه.
3. پرۆژه یاساكه جۆرێك له دڵه راوكێی بۆ سێ هێزه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی عێراق (شیعه‌و سونه‌و كورد) دروستكردوه. بۆ نمونه هه‌رچه‌ندە بیرۆكه‌ی گاردی نیشتیمانی سونه‌كان خاوه‌نین، بەڵام ترسیان له‌وه هه‌یه كه ئه‌م هه‌وڵه ببێته هۆكارێك بۆ به یاسایی كردن و به‌فه‌رمی كردنی میلیشیا شیعه یاساغ كراوه‌كان. له به‌رامبه‌ردا شیعه‌كان نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه ئه‌م پرۆژه‌یه رێگه خۆشكهربێت بۆ ئه‌وه‌ی سونه‌كان له‌پاڵ هێزی سیاسی‌دا، ببنه خاوه‌ن هێزی سه‌ربازی، ئه‌مه‌ش مه‌یلی ناوه‌ندێتی هێز و ده‌سه‌ڵاتی شیعه له عێراقدا لاواز ده‌كات. ئه‌وه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌گه‌ر هه‌یه سونه‌كان له پارێزگاكانی خۆیاندا ئه‌م هێزه یه‌كبخه‌ن و به‌كرده‌وه بیكه‌ن به سوپایه‌كی هاوته‌ریب بۆ خۆیان. كوردیش له‌و نێوانه‌دا ترسی له ئایندهی ئه‌م هێزه هه‌یه، به‌و پێیه‌ی كه ئه‌گه‌ر هه‌یه ئه‌م هێزه سنوری ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی ببه‌زێنێت و گرفت بۆ كورد دروست بكات، به‌تایبه‌ت له‌ناوچه كوردستانیه دابرێندراوه‌كان.
4. به‌ر له ده‌رچونی یاساكه هێزه سونی و شیعییه‌كان كێشه‌یان له نێواندا دروست بووه له‌باره‌ی ده‌سه‌ڵات و ئاستی گوێڕایهڵبونی ئه‌م هێزه بۆ دهسهلاَتێكی دیاریكراو. بۆ نمونه شیعه‌كان داواده‌كه‌ن ئه‌م هێزه له‌ژێر فه‌رمانی سه‌رۆك وه‌زیراندا بێت. به‌و پێیه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانه.سونه‌كانیش به پێچه‌وانه‌وه، داوا ده‌كه‌ن ئه‌م هێزه له‌روی گوێرایهڵیهوه به فه‌رمانه‌كانی پارێزگاره‌كانه‌وه ببه‌سترێته‌وه، له‌روی سهڵاحیاتیشهوه جموجۆڵیان له‌چوارچێوه‌ی پارێزگاكاندا نه‌چێته ده‌ره‌وه.
5. به‌پێی یاساكه هێزه‌كانی گاردی نیشتمانی فه‌رمانده‌و سه‌رۆكی ئه‌ركانی تایبه‌ت و پێكهاته‌ی ئیداری هاوتای سوپای عێراقیان هه‌بێت، ئه‌مه‌ش بۆ خۆی واده‌كات دو هێزی جیاواز له‌نێو سوپای عێراقدا دروست ببێت.
6. هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی گاردی نیشتیمانی ناچێته ژێر مه‌رجه‌كانی یاسای (ریشه‌كێشكردنی به‌عس)، به‌م جۆره‌ش ئه‌فسه‌ر و پله‌داره دورخراو و خانه‌نشینكراوه‌كانی سه‌ر به‌رژێمی پێشوی عێراق ده‌توانن له‌رێگه‌ی گاردی نیشتیمانی عێراقه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه.
7. گاردی نیشتیمانی بارگرانیه‌كی ئابوری خراپ له‌سه‌ر دۆخی داهات و دارایی عێراق دروست ده‌كات، چونكه ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی ده‌خزێنرێنه نێو گاردی نیشمانییه‌وه به زیاتر له 500 هه‌زار چه‌كدار مه‌زه‌نده ده‌كرێن، ئه‌مه‌ش پشت به‌ست به لێدوانێكی (حه‌یده‌ر ئه‌لعه‌بادی) له 18/10/2014 كه رایگه‌یاند " ژماره‌ی ئه‌و چه‌كدارانه‌ی له كه‌مپه‌ینی –حشد الشعبی– به‌شداربون 500 هه‌زار چه‌كدارن".
8. یه‌كێكی تر له كاریگه‌رییه نێگه‌تیڤه‌كانی گاردی نیشتیمانی، بریتییه له‌وه‌ی كه ئه‌م هه‌نگاوه كۆمه‌ڵگای عێراقی زیاتر به‌ره‌و سه‌ربازی و میلیتاریزه‌كردن ده‌بات. ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی له ئاینده‌دا ئه‌وه‌نده خراپ ده‌بێت، كه جێگه به هێزه مه‌ده‌نی و دیموكراتخوازه‌كان لێژ ده‌كات له پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا.
9. دور نییه كه ئه‌م هێزانه ببنه مایه‌ی هه‌ره‌شه بۆ سه‌ر خودی هاونیشتیمانیانی پارێزگا جیاوازه‌كان، چونكه به ئاسانی به‌كارده‌هێنرێن له‌لایه‌ن پیاوانی ئاینی و سه‌رۆك هۆز و خێڵ و به‌رپرسه سیاسی و سه‌ربازییه جیاوازه‌كانه‌وه، ئه‌مه‌ش له پێناو پاراستنی چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی تایبه‌ت و دیاریكراودا.
10. بەهۆی ئه‌و دابه‌شبونه هه‌رێمی و تایفه‌گه‌ریه‌ی كه عێراقی به‌سه‌ردا دابه‌شكراوه، زۆر به ئاسان ئه‌گه‌ر هه‌یه بۆ به‌كارهێنانی هێزه جیاوازه‌كانی نێو (گاردی نیشتمانی) له‌لایه‌ن هێزه ئیلقیمیهكانی وه‌ك (ئێران و توركیا)، ئه‌مه‌ش له پێناو جێبه‌جێكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه تایبه‌تیه‌كانیان. به‌م شێوه‌یه‌ش دور نییه كه گوێرایه‌ڵیان بۆ هێزه هه‌رێمیه‌كان زیاتر بێت له گوێرایه‌ڵیان بۆ حكومه‌تی فیدراڵی.
11. ئه‌م پرۆژه یاسایه نا ناوه‌ندی (لامركزی) سوپایی له عێراق دێنێته كایه‌وه، چونكه به‌پێی ره‌شنوسی یاسای گاردی نیشتمانی هه‌ر پارێزگایه‌ك خاوه‌نی هێزی سه‌ربازی ده‌بێت، كه پێكهاتوه له (گاردی نیشتمانی و پۆلیس). ده‌رئه‌نجامی ئه‌م هه‌نگاوه‌ش خۆی له دابه‌شكردنی زیاتری هێزی سه‌ربازی و چه‌كداری عێراقدا ده‌بینێته‌وه.
12. گاردی نیشتیمانی رێگه خۆش ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك هه‌ره‌شه بێت له‌سه‌ر پێكهاته‌یه‌كی تری عێراق، ئه‌مه‌ش زیاتر دۆخی ئه‌منی عێراق به‌ره‌و ناجێگیری ده‌بات.
13. دور نییه گاردی نیشتیمانی ته‌نانه‌ت ناكۆكی له‌نێوان پێكهاته‌كان و خێڵه‌كانی هه‌مان تایفه دروست نه‌كات، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پشكیان له نێو گاردی نیشتمانیدا.
14. له‌رێگه‌ی ئه‌م یاسایه‌وه خێڵ و پێكهاته جیاوازه‌كانی عێراق، ده‌بنه خاوه‌نی چه‌ك و جبه‌خانه، چونكه به‌شێك له میلیشیاكان له‌لایه‌ن خێڵهكانهوه پێكهێنراون، له‌لایه‌ن ئه‌و پێكهاتانهشهوه به‌رێوه‌ده‌برێن و سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێن.
15. بەهۆی نه‌بونی متمانه له نێوان پێكهاته‌كانی عێراق، به‌رده‌وام ئه‌م ملیشیا به یاسایی كراوانه ده‌بنه مایه‌ی هه‌ره‌شه بۆ عێراق و هه‌رێم.
16. گروپه توندره‌وه‌كانی نمونه‌ی داعش یان هه‌ر گروپێكی تری توندره‌و كه له ئاینده دروست ببێت ده‌توانن زۆر به ئاسانی سود له پێكهێنانی ئه‌م هێزانه وه‌ربگرن، به‌تایبه‌ت بۆ خوَخزاندنه نێو پێكهاته‌و شانه‌كانی ئه‌م هێزانه‌وه. له پێناو ئاراسته‌كردنیان به‌مه‌به‌ستی سود گه‌یاندن به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی داعش یان هه‌ر گروپێكی توندره‌وه‌ی دیكه، كه له ئاینده‌دا دروست ببێت.
ب. كاریگه‌ریه نێگه‌تیڤه‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان
به پێی یاساكه له ناوچه كوردستانیه دابراوه‌كان ئه‌م هێزه سه‌ربازیه، واته (گاردی نیشتمانی)دروست ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش بۆخۆی چه‌ندین مه‌ترسی و هه‌ره‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات له دیارترینیان:
1. به پێی یاساكه هێزی گاردی نیشتمانی له ناوچه كوردستانیه دابراوه‌كان دروست ده‌كرێت، به‌م جۆره‌ش پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ی ئه‌و ناوچانه له چوارچێوه‌ی گاردی نیشتمانیدا كۆده‌كرێنه‌وه، گومانی تیا نییه ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ناجێگیری سیاسی و ئه‌منی له‌و ناوچه‌كه‌دا به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت. واته به‌جۆرێك له جۆره‌كان و له‌رێگه‌ی ئه‌م میكانیزمه‌وه ناوچه‌كان له‌ژێر كۆنترۆڵی هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌هێنرێن.
به‌مانایه‌كی تر ئه‌م یاسایه ئه‌و گروپانه ده‌ستنیشان ده‌كات كه ده‌خرێنه نێو چوارچێوه‌ی پێكهاته‌ی ئه‌م هێزه سه‌ربازییه‌وه، به‌تایبه‌ت له‌و ناوچانه‌ی كه له ساڵی (2003)ه‌وه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمدان. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش ده‌بێته مایه‌ی هه‌ره‌شه بۆ سه‌ر ته‌واوی هێزه كه‌مینه‌كانی ئه‌و ناوچانه. چونكه ئه‌م یاسایه ماف ده‌دات به‌و گروپانه هێزی تایبه‌تیان هه‌بێت. سه‌رئه‌نجام ئه‌مه‌ش ده‌بێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئارامی بارودۆخی ئه‌منی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌و ناوه‌ندانه‌دا.
2. ئامانج له پێكهێنانی گاردی نیشتمانی له نێوبردنی رێكخراوی داعشه، به‌تایبه‌ت له‌و ناوچه سونیانه‌ی كه ئه‌م رێكخراوه ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه. بهلاَم خودی یاساكه ده‌ریده‌خات كه ئامانج له پێكهێنانی گاردی نیشتیمانی ته‌نها بۆ له ناوبردنی داعش نیه، به‌ڵكو یاساكه ئه‌م هێزه‌ی وه‌ك هێزێكی چه‌كداری به‌رده‌وام له چوارچێوه‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق ناوبردوه. واته سیفه‌تێكی به‌رده‌وامی پێبه‌خشیوه به مان و نه‌مانی داعش. ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه به‌م رێگایه سه‌رجه‌م ملیشیا چه‌كداره سونی و شیعه‌كانیش ده‌خزێنرێنه نێو ئه‌م پێكهاته سه‌ربازیه نوێیه‌وه، دورنییه وه‌ك رابردو رویداوه ئه‌م سوپایه‌ش ببێته هه‌ره‌شه بۆ سه‌ر ناوچه كوردستانیه دابرێنراوه‌كان.
3. پێكهێنانی گاردی نیشتمانی له ناوچه كوردستانیه دابرێنراوه‌كان، ده‌بێته مایه‌ی رێگریكردن له جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140، به‌تایبه‌ت له‌و ماوه‌یه‌ی كه حكومه‌تی عێراقی به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌رعه‌بادی بریاری له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی داوه، له‌و رێكه‌وتننامه سیاسیه‌ی كه كابینه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر پێكهێنرا.
4. ئه‌م یاسایه رێگه خۆشكه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی هۆزه كورده‌كان و به‌رپرسانی سه‌ربازی، هێزی تایبه‌ت له‌نێو گاردی نیشتمانی عێراق بۆخۆیان دروست بكه‌ن. ئه‌مه‌ش مه‌ترسی دروست ده‌كات بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هه‌رێم، چونكه به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی له دوای روداوه‌كانی موسڵ، خه‌ڵك و هۆزه‌كانی ئه‌و ناوچانه نیگه‌رانیان لا دروستبوه، به‌تایبه‌ت له به‌رامبه‌ر هه‌ندێك له‌و به‌رپرسانه‌ی ئیداره‌ی دۆخی ئه‌منی ئه‌و ناوچانه ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش رێگه خۆش ده‌كات بۆ دروستكردنی پشێوی بوَ سه‌ر سنور و ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان.
5. ئه‌و میلیشیا سه‌ربازیانه‌ی كه له ماوه‌ی رابردودا هاوكاری رێكخراوی داعش بون، بۆ هێرشكردنه سه‌ر كوردستان، ئه‌مجاره له‌چوارچێوه‌ی (گاردی نیشتمانی) پرچه‌ك ده‌كرێن و راهێنانیان پێده‌كرێت. له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی چه‌كدارانی ئه‌م ملیشیانه تا ساڵی 2003 ده‌ستیان به‌سه‌ر خاكی كوردستاندا گرتبو، له ئێستاشدا خه‌ون به گێرانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌وه ده‌بینن، پێویسته ئه‌مه‌ش وه‌ك مه‌ترسیه‌ك له ئاینده‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
6. ئه‌و ناوچانه‌ی كه سه‌ر به سنوری هه‌رێمی كوردستانن و له ئێستادا له ژێر كۆنترۆڵی داعشدان گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێم ئاسان نابێت، چونكه له‌ئێستادا دانیشتوانه عه‌ره‌به‌كانی له‌رێگه‌ی گاردی نیشتمانی رێكده‌خرێنه‌وه. دواتر له دۆخی پاشه‌كشه‌و چۆڵكردنی ئه‌و ناوچانه له‌لایه‌ن داعشه‌وه، به فشاری گاردی نیشتیمانی و حه‌شدی شه‌عبی، چیتر ئه‌ستمه ئه‌م ناوچانه به ئاسانی بخرێنه‌وه ژێر ركێفی حكومه‌تی هه‌رێم، وه‌ك ئه‌وه‌ی چۆن له ماوه‌ی رابردودا له جه‌له‌ولا و سه‌عیده رویدا.
سه‌ره‌رای ئه‌و پشتگیریانه‌ی كه هێزه سیاسیه‌كان له‌سه‌ره‌تادا بوَ پێكهێنانی گاردی نیشتمانی هه‌یان بوو به‌سه‌رجه‌م پێكهاته مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی عێراق، به‌ڵام چه‌ندین رێگری هه‌ن له‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی پێكهێنانی گاردی نیشتمانی و به‌خشینی شه‌رعیه‌تی یاسایی به‌م هێزه سه‌ربازییه، كه ده‌كرێت به‌م شێوه‌یه دیارترین ئه‌و رێگریانه بخه‌ینه رو.
سێیه‌م: ئه‌مەریكا و ئێران و پێكهاته‌كانی عێراق له‌نێوان رێگری و قبوڵكردنی گاردی نیشتمانی
به‌هێزبونی شیعه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانه به‌رده‌وامه‌كانی ئێران له هاوكێشه سیاسیه‌كانی عێراق له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، به‌رده‌وام نیگه‌رانی لای ئهمەریكیهكان دروستكردوه. ئه‌مه‌ش به‌رونی ده‌ركه‌وت پاش دروستكردنی حه‌شدی شه‌عبی. به‌تایبه‌ت كه ئه‌مەریكا بریاریدا دوباره سود له ئه‌زمونی رابردوو وه‌ربگرن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ساڵی 2006 دا تاقیانكرده‌وه. كه باشترین میكانیزمیش له‌ئێستادا بۆ ئه‌مەریكا دوباره دابه‌شكردنه‌وه‌ی هێزی سه‌ربازییه به‌سه‌ر پێكهاته جیاوازه‌كاندا و به‌دیاریكراویش به‌سه‌ر لایه‌نه سوننه‌كاندا. به‌م جۆره ده‌گوترێت گاردی نیشتیمانی پێشنیارێكی ئه‌مەریكییه و زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندی هێزه سونیه‌كاندا خۆی ده‌بینێته‌وه.
بۆ ئهمەریكیهكان چه‌ند ئامانجێك هه‌یه له پێكهێنانی گاردی نیشتیمانی، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه كه ئه‌مەریكا ده‌یه‌وێت له‌رێگه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه سوننه‌كان بهێنێته‌وه سه‌رگۆره‌پانی سیاسی و سه‌ربازی عێراق و جێگه به پاوانخوازی شیعه‌كان لێژ بكات. دووه‌مین ئامانجی ئهمریكاله پێكهێنانی گاردی نیشتیمانی خۆی له دۆزینه‌وه‌ی كۆسپێكی یاسایی و دیمۆگرافی و جیۆسیاسی ده‌بینێته‌وه بۆ رێگری له‌به‌رده‌م په‌لهاویشتنی ئێران له عێراقدا. ئامانجی كۆتایش بریتییه له‌دروستكردنی هێزێكی یه‌كگرتووی فره پێكهاته بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی داعش.
له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه ئێران دودڵه له‌هه‌ڵكردنی گڵۆپی سه‌وز بۆ لایه‌نه شیعه‌كانی عێراق بۆ قایل بون له‌سه‌ر پرۆژه‌ی گاردی نیشتیمانی، به‌تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ی كه ئێران توانیویه‌تی به عه‌مه‌لی له‌رێگه‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه له چه‌ند پارێزگایه‌كی عێراق دژ به داعش جه‌نگی مه‌یدان به‌رێوه به‌رێت.
له ئێستادا به كرده‌وه ئێران عێراقی كردوه‌ته مه‌یدانی هه‌ژمونی خۆی و وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی شیعی پێناسه‌ی ده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه ئاماده نییه هیچ ئاسانكارییه‌ك بكات كه‌له‌به‌رژه‌وه‌ندی ته‌رازوی هێزی سونه و كورددا بشكێته‌وه. به‌م جۆره ئێران دژایه‌تی ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌كات. چونكه له ئێستادا عێراق له ژێر كاریگه‌ری و هه‌ژمونی ئێراندایه، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌سته‌مه ئێران به‌ته‌واوی پشتگیری له‌م پرۆژه‌یه بكات، چونكه ئێران له دو ره‌هه‌نده‌وه سه‌یری ئه‌م پرۆژه‌یه ده‌كات، ره‌هه‌ندێكی ناوخۆی كه به‌هۆیه‌وه ورده ورده شیعه‌كان له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات دورده‌خاته‌وه. ره‌هه‌ندێكی دیكه‌ش خۆی له‌ترسی ئێران ده‌بینێته‌وه به‌تایبه‌ت له‌روی جیۆپۆڵه‌تیكی و به‌هێزكردنی هیلالی سونی له‌ناوچه‌كه‌دا.
له‌سه‌ر ئاستی شیعه‌كانی عێراق ئه‌وه‌ی به‌رونی ده‌بینرێت ئه‌وه‌یه كه ئه‌م هێزانه سه‌ره‌تا پێشوازیان له‌م پرۆژه‌یه ده‌كرد، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ستبوو به زیادبونی هه‌ره‌شه‌كانی داعش له سه‌ر به‌غداد. بەڵام له دوای دروستبونی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش، له‌ئێستادا به‌شێكی زۆر له‌هێزه شیعیه‌كان ئه‌و پێشوازییه گه‌رمه لهگاردی نیشتیمانی ناكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا گشت توانای خۆیان بۆ حه‌شدی شه‌عبی كورتكردوه‌ته‌وه و به ئاشكرا دژایه‌تی پێكهێنانی گاردی نیشتمانی ده‌كه‌ن. هه‌ندێكی دیكه‌ش له‌و هێزه شیعیانه‌ی كه خاوه‌ن ملیشیای چه‌كدارن، له پێناو جێكردنه‌وه‌ی ملیشیاكانی خۆیان و چه‌كداركردنیان له چوارچێوه‌ی گاردی نیشتمانی و به‌هێز تر بونیان له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق جۆرێك له‌پشتگیری له دروستكردنی هێزێكی چه‌كداری به‌ناوی گاردی نیشتمانی ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداریشه به‌حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه له‌ئێستادا تێبینی ده‌كرێت، كه ئه‌گه‌ر له باشترین دۆخیشدا یاساكه تێبپه‌ڕێنرێت، ئه‌وا مه‌رج نییه عه‌باددی سه‌رجه‌می ئه‌و داواكاریانه جێبه‌جێ بكات كه هێزه سونیه‌كان به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی گاردی نیشتمانی به‌رزیانكردوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیداریشه به هێزه سونیهكانهوه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م هێزانه‌ش له‌دوای روداوه‌كانی موسڵه‌وه له نێوان خۆیاندا دابه‌شبوو ناكۆكن. هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ی له رابردوودا ئیداره‌ی مه‌له‌فی سونیان ده‌كرد، له ئێستادا ناتوانن به ئاسانی كۆنترۆڵی ئه‌و دابه‌شبونه‌ی هێزه سونیه‌كان بكه‌ن، به‌هۆی دابران و دوركه‌وتنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه له شه‌قامی سونی.
بۆ هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م پرۆژه‌یه له ئاینده‌دا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره دروست ده‌كات. له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌سته‌مه هێزه سیاسیه‌كانی هه‌رێم ئه‌م پرۆژه‌یه به‌و دۆخه‌ی ئێستاوه قبوڵبكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ره‌شنوسه‌كه‌دا هاتوه (هه‌رچه‌ند تاكو ئه‌م ساته‌ش به فه‌رمی له لایه‌ن هیچ هێزێكی كوردستانیه‌وه ره‌ت نه‌كراوه‌ته‌وه).
راسپارده‌كان
1. فراكسیۆنی هێزه كوردستانیه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رێگری له‌وه بكه‌ن یاسای گاردی نیشتمانی ده‌ربچێت، چونكه ئه‌م یاسایه شه‌رعیه‌ت ده‌داته ملیشیا سونی و شیعیه‌كانی عێراق، كه له ئه‌نجامدا چاوه‌روانی هه‌ره‌شه‌یان بۆسه‌ر هه‌رێمی كوردستان لێده‌كرێت.
2. بۆ هه‌مان مه‌به‌ست له رێگه‌ی كاری دیبلۆماسیه‌وه هه‌وڵبدرێت له‌گه‌ڵ ئهمریكاو هێزه شیعیه‌كان مه‌ترسیه‌كانی پێكهێنانی گاردی نیشتمانی بخرێتهرو، ئه‌وه رونبكرێته‌وه كه دروستكردنی له‌شكری سه‌ربازی له‌م شێوه‌یه له قازانجی دوَخی ئه‌منی عێراقدا نیه، ره‌نگه له ئێستا رۆڵی هه‌بێت له لاوازكردنی داعش له ناوچه سونیه‌كاندا، به‌ڵام ده‌رئه‌نجام و لێكه‌وته‌كانی ئایندهی باش نابێت، به‌تایبه‌ت بۆ دۆخی ئه‌منی عێراق. هه‌ربۆیه پێویست ناكات یاسای بۆ پێكهێنانی هێزێكی له‌م چه‌شنه ده‌ربكرێت.
3. هه‌روه‌ها پێویسته گاردی نیشتمانی وه‌ك تاكتیكێك ته‌ماشا بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی توندوتیژی و چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كانی پشت داعش له عێراقدا، نه‌ك به بنه‌مایه‌كی ستراتیژی ته‌ماشا بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی توندوتیژی له عێراقدا.
4. پێویسته فراكسیۆنه كورده‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پێداگیری له‌سه‌ر ئه‌وه بكه‌ن، كه عێراق پێویستی به لامه‌ركه‌زی ئیداری و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان له نێوان پێكهاته‌كان هه‌یه. نه‌ك لامه‌ركه‌زی سه‌ربازی. چونكه ئه‌وه‌ی له رابردودا هێزه سونیه‌كان داوایان ده‌كرد لامه‌ركه‌زی له ئیداره‌دانی وڵات و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان بو، نه‌ك لامه‌ركه‌زی سه‌ربازی.
5. ئه‌گه‌ر له هه‌نگاونان بۆ سێ راسپارده‌ی سه‌ره‌وه سهركهوتونهبن:
- ده‌بێت پێداگیری له ده‌رنه‌چونی یاساكه بكهنو یاخود لایه‌نی رێزپهریهك بۆ ناوچه كوردستانیه دابراوه‌كان له یاساكه‌دا دابنرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ناوچانه به‌ده‌ر بن له پێكهێنانی ئه‌و هێزه، به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ی كه له دوای روداوه‌كانی موسڵ كه‌وتونه‌ته ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی هه‌رێم.
- پارێزگا كوردستانیه‌كانی هه‌رێم (جگه له شاره‌كانی سلێمانی و هه‌ولێر و دهۆك) به‌ركه‌وته‌ی كورد بۆ گاردی نیشتمانی له‌رێگه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه ئاراسته‌ی حكومه‌تی فیدراڵی بكرێ و سه‌رپه‌رشتی بكرێت. نه‌ك به سه‌ربه‌خۆی له‌و ناوچانه پێكبهێنرێن، به بێ گه‌رانه‌وه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم، چونكه ئه‌مه رێگه خۆشده‌كات كه سه‌ركرده سه‌ربازیه‌كان و سه‌رۆك عه‌شیره‌ته كورده‌كان له‌و ناوچانه هێز بۆ خۆیان دروستبكه‌ن، له چوارچێوه‌ی گاردی نیشتمانیدا. ئه‌مه‌ش له ئاینده‌دا ره‌نگه دژ به به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی هه‌رێم له‌و ناوچانه‌دا به‌كاربهێنرێت.
- له یاساكه‌دا ئه‌و بچه‌سپێنرێت كه هاوتای چه‌كداركردنی گاردی نیشتمانی له پارێزگاكانی تری عێراق، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ركه‌وته‌ی هه‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌روی موسته‌حه‌قاتی ماددی و سه‌ربازییه‌وه.
- به‌پێی یاساكه گاردی نیشتمانی سوپایه‌كه، هاوتای سوپای عێراق. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوری عێراقه، چونكه ناكرێت دو سوپا له‌یه‌ك وڵات‌دا هه‌بن، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته پێداگری له‌م پێشێلكاریه بكرێت و رێگری لێبكرێت.
- پێداگری له‌وه بكرێت كه پاراستنی پارێزگاكان له ئه‌ستۆی هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆیه، بۆیه ناكرێت هێزێكی تر له پارێزگاكاندا هه‌بێت، كه ده‌سه‌ڵاتیان له ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس باڵاتر بێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات پۆلیس له جێبه‌جێكردنی ئه‌رك و فه‌رمانه یاساییهكانیدا سه‌ركه‌وتو نه‌بێت.
- له یاساكه‌دا ده‌سه‌ڵاتێكی زۆر فراوان دراوه به هێزه‌كانی گاردی نیشتمانی، به‌مه‌ش ده‌بنه مایه‌ی هه‌ره‌شه بۆ هێزه مه‌ده‌نی و دیموكراتیخوازه‌كان له پارێزگاكان، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته جه‌ختبكرێته‌وه له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی، تاوه‌كو نه‌بێته مایه‌ی هه‌ره‌شه بۆ سه‌ر ئه‌و هێزانه.
ده‌رئه‌نجام
دروستكردنی هێزێكی سه‌ربازی به‌ناوی گاردی نیشتمانی، هه‌وڵی ملیشیا چه‌كداره‌كانی عێراقه بۆ خۆ رێكخستنیان له چوارچێوه‌یی سوپایه‌كی تایبه‌ت بۆ پارێزگاكان. له‌ئاكامیشدا ئه‌م سوپایه نه‌ك ئارامی و سه‌قامیری سیاسی بوَ عێراق ناگێرێته‌وه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه بارودۆخی عێراق به‌ره‌و ئاڵۆزبون و لێكترازانی سیاسی و سه‌ربازی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بات. له‌م ورانگهیهشهوه ئه‌م هێزه ده‌بێته مه‌ترسیه‌كی گه‌وره بۆ هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانیه دابراوه‌كان. هه‌رچه‌نده گاردی نیشتمانی بۆ سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عێراق سودمه‌ند ده‌بێت، بەڵام له‌و نێوانه‌دا كورد زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت.
ره‌نگه دروستكردنی گاردی نیشتمانی رۆڵیی هه‌بێت له لاوازكردنی داعش و توندوتیژیه‌كان له‌عێراق بەڵام بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی ده‌بێت و درێژه ناكێشێت، واته ده‌بێت وه‌ك ته‌كتیك لێی بروانرێت نه‌ك ستراتیژ، چونكه له‌رابردودا ملیشیا سونیه‌كان(صحوه) توانیان قاعیده لاواز بكه‌ن، به‌ڵام سه‌رئه‌نجام داعش دروستبوو، واته ده‌توانین بڵێن وه‌ك تاكتیك دروستكردنی ئه‌م هێزه سه‌ربازییه رۆڵی ده‌بێت، به‌ڵام له‌ڕوی ستراتیژییه‌وه ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كات دروستكردنی هه‌رێمی سونه و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته له عێراقدا، نه‌ك قۆرخكردنی له‌لایه‌ن تائیفه‌یه‌كی دیاریكراو. چونكه ئه‌وه‌ی رێگه خۆشكه‌ر بو له‌هاتنی داعش بۆ عێراق ئه‌و تاكڕه‌ویه بو كه لایه‌نی شیعی له به‌ڕێوه‌بردنی عێراق له‌نێوان ساڵانی 2010- 2014 موماره‌سه‌ی كرد، سه‌ر ئه‌نجامیش ژینگه‌یه‌كی وه‌های هێنایه ئاراوه كه داعش زۆر به ئاسانی توانی سودی لێببینێت و گه‌شه‌و په‌ره‌سه‌ندن بهئۆرگانیزهكردنی رێكخراوه‌كه‌ی ببه‌خشێت.
سه‌رچاوه‌كان
- پرۆژه یاسای گاردی نیشتیمانی.
- پاسه‌وانی نیشتیمانی، راپۆرتی گۆڤاری شار پرێس، ژماره 44، له 1/3/2015.
- هێزێك گه‌وره‌تر له سوپا، سایتی شارپرێس:
http://www.sharpress.net/Direje.aspx?Jimare=27422
- سۆران كامه‌ران، میلیشیا شیعه‌كان... تارماییه‌ك به‌سه‌ر ناوچه دابڕاوه‌كان، سایتی سبه‌ی:
http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=41356&LinkID=14
- ئاریان ره‌وف، گاردی نیشتیمانی.. چاره‌سه‌ر یان ئاڵۆزكردنی زیاتری دۆخی ئه‌منی عێراق، سایتی سبه‌ی:
http://sbeiy.com/Detail.aspx?id=39137&LinkID=14
- مسته‌فا حه‌بیب، میلیشیا شیعه‌كان له سوپا به‌هێزترن، سایتی كوردستانی نوێ:
http://www.knwe.org/Direje.aspx?Cor=5&Besh=Witar&Jimare=32506
- أبرز الملیشیات المسلحه فی العراق، علی الموقع الالكترونی:
http://www.aljazeera.net/news/reportsandinterviews/2014/9/8
- أبرز 5 میلیشیات شیعیه مسلحه فی العراق، علی الموقع الالكترونی:
http://www.kurdiu.org/details.php?section=hawal&lang=2&id=14649
- جماعات مسلحه عراقیه، علی الموقع الالكترونی:
http://ar.wikipedia.org/wikiجماعاتمسلحهعراقیه
- میلیشیات الحشد الشعبی وسرایا الخراسانی أقوی من الجیش، علی الموقع الالكترونی:
http://www.alquds.co.uk/?p=301785
- Iran's new group in Iraq: Saraya al-Khorasani
http://www.al-monitor.com/pulse/originals/2015/01/iran-iraq-saraya-al-khorasani.html#
|
|