ده‌سه‌ڵات به‌شێوازی حیزبیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كێشه نه‌ته‌وه‌یه‌كاندا ده‌كات
|
دیمانه: سه‌نگه‌ر كورده
جه‌لال جه‌وهه‌ر، هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ره‌خنه له مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێت به‌رامبه‌ر كه‌ركوك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان و پێیوایه ئه‌وله‌ویه‌تی به‌رپرسانی هه‌رێم له گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ماوه‌ی نۆ ساڵی رابردو، مه‌سه‌له‌ی نه‌وت بوه و ماده‌ی (140)یش دوا مه‌سه‌له بوه.
له‌و دیمانه‌یه‌دا كه تایبه‌ت به دۆخی كه‌ركوك (سبه‌ی) له‌گه‌ڵی سازیداوه، ئه‌و هه‌ڵسوڕاوه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو كه سه‌رقاڵبونی هه‌رێم به پرسی نه‌وت، ئه‌و بڕوا و تێگه‌یشتنه‌ی لای حكومه‌تی ناوه‌ند دروستكرد كه خاك ئهلهویهت نیه له‌لای ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد، ئه‌وه‌ش وایكردوه دۆخ و شوێنی كورد له حكومه‌تی فیدراڵیش له داشكانی به‌رده‌وامدابێت.
هه‌روه‌ك باس له‌وه ده‌كات كه كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا كێشه‌یه‌كی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌ییه و كێشه‌ی زیاتر له (35%)ی خاكی كوردستان زیاتر له دو ملیۆن كورده، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم به شێوازی حیزبیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م كێشانه ده‌كات و ده‌ڵێت: "ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی یان نه‌كرد به بنه‌مای مامه‌ڵه‌ی سیاسی خۆیان له‌گه‌ڵ شیعه و عه‌ره‌بی سونه"، بۆچونیشی وایه كه ئه‌وه وایكردوه كورد له‌ماوه‌ی رابردودا كه‌وتوه‌ته مه‌وقیفی به‌رگریه‌وه.
له‌باره‌ی كاركردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه و پێشكه‌شكردنی نه‌خشه‌رێگا، دەڵێت: "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به مه‌سئولیه‌تی خۆی ده‌زانێت له پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كاندا هه‌میشه له پێشه‌وه بێت و راو نه‌خشه و پڕۆژه‌ی خۆشی هه‌بێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات به چاوی گومان و به حه‌ساسیه‌تێكی زۆره‌وه ده‌روانێته راو بۆچون و پڕۆژه و نه‌خشه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن و به موئامه‌ره‌یان ده‌زانێت و سڵی لێده‌كاته‌وه".
سبه‌ی: زۆرێك له چاودێران روخانی رژێمی به‌عس به هه‌لێكی مێژویی ده‌گمه‌ن ده‌زانن كه كورد ده‌یتوانی له‌و كاته‌دا ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان، یان لانی كه‌م كه‌ركوك و به‌شێكی ئه‌وناوچانه‌ی بگه‌ڕاندایه‌ته‌وه به‌ڵام نه‌یكرد، تێڕوانینی ئێوه له‌باره‌ی ئه‌و بۆچونه‌و هۆكاره‌كه‌ی چیه؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: یه‌كه‌م؛ رژێمی به‌عس ته‌نیا له‌سه‌ر ده‌ستی كورد نه‌ڕوخا، تا هه‌مو ئیختیاری دوای روخاندن له ده‌ستی خۆیدا بێت، به‌ڵكو هه‌مو ده‌سه‌ڵات و خیارهكان له ده‌ستی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی بو.
كورد یه‌كێك بو له ئۆپۆزسێنهكانی رژێمی به‌عس، به‌ڵام كورد ده‌یتوانی زۆر له‌وه زیاتر به ده‌ست بهێنێت له رۆژانی رزگاریدا، چونكه زه‌مینه‌یه‌كی له بار رهخسابو، ئه‌گه‌ر یه‌كێتی و پارتی رێكبونایه له‌گه‌ڵ یه‌ك (ئه‌گه‌ر چی رێكه‌وتنی پێش وه‌ختیان هه‌بو).
له‌وه‌ش زیاتر تا ساڵی یه‌كه‌م و دوه‌می دوای رزگاری عێراقیش، زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار هه‌بو بۆ كڕینی خانوی عه‌ره‌بی ته‌عریب، به ته‌رخانكردنی چه‌ند سه‌د ملیون دۆلارێك، له‌و ده‌یان ملیار دۆلاره‌ی به ناوی هه‌رێمی كوردستانه‌وه وه‌رده‌گیرا، به‌ڵام پارتی و یه‌كێتی له سه‌ر ئه‌وه‌ش رێكنه‌كه‌وتن.
ئه‌وه‌ی جێگای نیگه‌رانی جێگای پرسیار و لێپرسینه‌وه‌یه، ئه‌وه‌یه بۆ ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان و نوێنه‌ره‌كانی كورد له به‌غدا داكۆكی پێویستیان نه‌كرد له مافه ده‌ستورییه‌كانی كورد و جێبه‌جێكردنی ماده‌ی (140) له ده‌ستوری عێراق له ماوه‌ی نۆ ساڵی رابوردودا، بۆ ئه‌و شه‌ڕه‌یان نه‌گواسته‌وه بۆ ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و حكومه‌تی فیدڕالی عێراق!؟
سبه‌ی: خۆ له‌دوای پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه، زۆربه‌ی كات نێوانی هه‌رێم و ناوه‌ند ئاڵۆز بوه یان په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌ندروست نه‌بوه، به‌ڵام وه‌ك چاودێران ده‌ڵێن ئه‌و ئاڵۆزیه به‌هۆی خاكه‌وه نه‌بوه كه كێشه‌ی له‌مێژینه‌ی كورده، به‌ڵكو حیزبه فه‌رمانڕه‌واكان له‌م ده‌رفه‌ته‌دا زیاتر هه‌وڵی به‌هێزكردن ئابوری خۆیان داوه و ئاڵۆزیه‌كه به‌هۆی گرێبه‌سته نه‌وتیه‌كانه‌وه بوه، رای ئێوه چیه؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: كورد له مفاوه‌زاتی خۆی به‌یه‌كگرتویی روبه‌ڕوی به‌غدا نه‌بوه‌ته‌وه له ماوه‌ی رابردودا، به‌ڵكو هێزه سیاسیه‌كان دیدو تێگه‌یشتنی جیاوازیان هه‌بوه له‌سه‌ر مامه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا و ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌رێمی كوردستان له مفاوه‌زه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا له ماوه‌ی نۆ ساڵی رابردو، مه‌سه‌له‌ی نه‌وت بوه، دوای نه‌وتیش میزانییه‌ی ساڵانه، پێشمه‌رگه، ماده‌ی (140)یش دوا مه‌سه‌له بوه.
به‌ڵێ نه‌وت گرنگه بۆ ژێرخانی وڵات، به‌ڵام هه‌رگیز گرنگتر نییه له خاك (كه‌ركوك، سنجار، خانه‌قین، دوز، مه‌خمور...)، گوێنه‌دان به خاكی وڵات له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه، جگه له‌وه‌ی ده‌بێ ئیحائێك بۆ دوژمن و نه‌یاره‌كان كه كورد خاكی خۆی لا گرنگ و پیرۆز نییه، شۆڤێنست و مه‌زهه‌ب په‌رسته‌كانی عه‌ره‌ب زیاتر هان ده‌دات بۆ مه‌به‌ستی داگیركردن و داپچڕاندنی زیاتر، ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ش دروست ده‌كات له‌لای تاكی كورد، كه كورد خاكی خۆی خۆشناوێ و لای پیرۆز نییه و به‌ئاسانی ده‌سبه‌رداری ده‌بێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئینتماو وه‌لائی نیشتیمانی كزببێت له كوردستان، به‌م جۆره‌ش هه‌م خاك و هه‌م میلله‌ته‌كه‌مان ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
سبه‌ی: جگه له‌و ئیحائهی باست كرد، سه‌رقاڵبونی هه‌رێم و به‌رپرسانی، به پرسی نه‌وت و كارنه‌كردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خاكی كوردستان چ ده‌رفه‌تێكی ره‌خساندوه بۆئه‌وه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندی و لایه‌نه عێراقیه‌كان ئه‌و ناوچانه به خاك كورد نه‌زانن یان رێگریه‌كان له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ كوردستان زیاد بكه‌ن؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: كورد هه‌لێكی زێڕینی بۆ ره‌خسا له دوای روخانی رژێمی به‌عس، به‌پێی ئه‌وه‌ی هێزو لایه‌نه سیاسیه‌كانی كوردستان رێكخراو و ئاماده‌تر بون له هێزه‌كانی تری عێراق، به‌ڵام سه‌رقاڵبونی هه‌رێم به پرسی نه‌وت، ئه‌و بڕوا و تێگه‌یشتنه‌ی لای حكومه‌تی ناوه‌ند دروستكرد كه خاك ئهلهویهت نیه له‌لای ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوه هۆی ئه‌وه‌ی حكومه‌تی فیدڕالی خۆی له جێبه‌جێكردنی مافه ده‌ستوریه‌كانی كورد و ماده‌ی (140) بدزێته‌وه و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران جورئه‌ت بكات و ده‌ستوری عێراق پێشێل بكات و ناوچه جێناكۆكه‌كان بكات به ناوچه تێكه‌ڵه‌كان، به‌هۆی یهكنهبونی لایه‌نه كوردیه‌كان و ئیزدیواجیه‌ت له سیاسیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له گه‌ڵ به‌غدا.
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه دۆخ و شوێنی كورد له حكومه‌تی فیدراڵی له داشكانی به‌رده‌وامدایه.
سبه‌ی: باس له‌وه ده‌كرێت ئێستا زیاتر له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس ته‌عریب له‌و ناوچانه ده‌ستی پێكردوه، رای ئێوه له‌سه‌ر ئه‌وه چیه، ئایا ئه‌وه‌ش هه‌مان سیاسه‌ت و كاری هه‌ڵه‌ی حیزبه فهرمانڕهواكانه؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: ئه‌و زانیاریه دروست نیه، كه ده‌وترێ ئێستا له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس ته‌عریب زیاتره، به‌ڵام به پێی زانیاری ئێمه دو حاڵه‌تی ترسناك هه‌یه له سنوری پارێزگای كه‌ركوك ، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه:
یه‌كه‌م: له‌و ماوه‌یه‌ی كه تیرۆر سه‌ری هه‌ڵداوه له عێراق، چه‌ند هه‌زار خێزانێكی عه‌ره‌ب له پارێزگاكانی دیاله و به‌غدا و موسڵ و...، رویان كردوه‌ته پارێزگای كه‌ركوك، به‌بیانوی ئه‌وه‌ی كه‌ركوك پارێزگایه‌كی سه‌قامگیر تر بوه و هه‌لی كاركردنی زۆرتره، به‌رای من نه‌ده‌بو ئه‌وه قبوڵ بكرێت له‌مكاته‌دا، لانی كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ی كێشه‌ی ته‌عریبی هه‌یه، هه‌م كه‌ركوك وه‌ك به‌شێكی پارێزگاكانی تری عێراق هه‌میشه ئامانجی تیرۆرستان بوه و سه‌قامگیریش نه‌بوه له‌ڕوی ئه‌منییه‌وه، بۆیه ده‌بێت پارێزگای كه‌ركوك نه‌خشه‌ی هه‌بێت بۆ كۆتایی هێنان به‌م حاڵه‌ته.
دوه‌م: به‌شێكی زۆر له خێزانه هاورده‌كانی ته‌عریب مامه‌ڵه‌ی گه‌ڕانه‌وه ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌و شار و شارۆچكه‌كانی خۆیان له پارێزگاكانی خوارو ناوه‌راستی عێراق، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی قهرهبوهكه (بیست ملیۆن دینار) وه‌رده‌گرن، له گه‌ڕه‌كێكی تری كه‌ركوك خانویه‌ك ده‌گرن و ده‌مێننه‌وه، بۆیه پێویسته بۆ ئه‌وه‌ش پارێزگای كه‌ركوك و لیژنه‌ی ماده‌ی (140) له كه‌ركوك نه‌خشه‌و میكانیزمێك دابنێن بۆ رێگه‌گرتن له‌م فریودانه .
سبه‌ی: دوای پێكهێنانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنی دیجله دۆخه‌كه ئاڵۆز بو، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌رباری نیگه‌رانی له سیاسه‌ت و كاره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، له كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه سیاسیه‌كان له‌باره‌ی كێشه‌ی ئۆپۆراسیۆنی دیجله له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم به‌شداری كرد و نه‌خشه رێگایه‌كی شه‌ش خاڵی خسته‌ڕو، ئه‌وه له چ سۆنگه‌یه‌كه‌وه بو كه له‌كاتی پێشكه‌شكردنیدا كاردانه‌وه‌ی باشی لێكهوتهوه و یه‌كه‌م پرۆژهشه له‌وباره‌یه‌وه پێشكه‌ش كرابێت؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: دروستكردنی قیاده‌ی عه‌مه‌لیاتی دیجله له سنوری هه‌رسێ پارێزگای كه‌ركوك، دیاله، سه‌لاحه‌دین نه‌خشه‌یه‌كی مه‌ترسیداره بۆ كورد، به‌تایبه‌تی كه كورد روبه‌روی سیاسه‌تی پاكتاوی ره‌گه‌زی و قڕكردن بوه‌ته‌وه له‌و سێ پارێزگایه و پارێزگای موسڵ، بۆیه بێ ده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی له مه‌سه‌له‌یه‌كی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی وا هه‌ستیاردا، سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی كوردستان ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه.
بۆیه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به مه‌سئولیه‌تی خۆی ده‌زانێت له پرسه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی یه‌كاندا هه‌میشه له پێشه‌وه بێت، راو نه‌خشه و پڕۆژه‌ی خۆشی هه‌بێت.
سبه‌ی: به‌ڵام تائێستا ده‌سه‌ڵات ئاماده نیه كار له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌یه بكات؟ ئه‌گه‌ر هات و نه‌خشه رێگاكه به هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت كاردانه‌وه‌ی ئێوه چی ده‌بێت ئایا ئاماده‌ن جارێكی تر چاره‌سه‌ر بخه‌نه‌ڕو؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌مڕۆ به چاوی گومان و به حه‌ساسیه‌تێكی زۆره‌وه ده‌روانێته راو بۆچون و پڕۆژه و نه‌خشه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن، ئه‌ویش به رای من له‌به‌ر ئه‌وه‌یه؛ ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان هه‌مو راو پڕۆژه و نه‌خشه‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن به موئامه‌ره ده‌زانێت له دژی خۆی و سڵی لێ ده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵات وا تێده‌گات ئه‌گه‌ر پشتگیری عه‌مه‌لی له هه‌ر پرۆژه‌یه‌كی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن بكات، ئه‌وه ده‌بێ به نیشانه و خاڵی لاواز بۆی.
هه‌مو ئه‌مانه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نن كه ده‌سه‌ڵات متمانه‌ی به خۆی نیه، چونكه گومانی له هه‌مو لایه‌كه، ئه‌وه‌ش سیاسه‌ت و ره‌وشتی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌یه كه بڕوایان به دیمكراسیه‌ت نیه، گۆڕان به به‌رپرسیاریه‌تی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌زانێ هه‌ر كاتێك پێویست بو نه‌خشه‌ی له‌م جۆره ئاماده بكات.
سبه‌ی: راتان چییه له سه‌ر كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا، تێڕوانینی ئێوه بۆ ئه‌و میكانیزمه‌ی ده‌ڵات چیه كه خۆی له ناردنی ئه‌و وه‌فدانه ده‌بینێته‌وه كه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نێوان هه‌رێم و ناوه‌ند و دانوستاندن ده‌چنه به‌غدا، زۆربه‌ی كات ئه‌و وه‌فدانه به ده‌ستبه‌تاڵی و بێ چاره‌سه‌ر ده‌گه‌ڕێنه‌وه هۆكاره‌كه‌ی چییه؟ ده‌بێت ئه‌و وه‌فدانه كێ بن و به چ ئهجێندایهكهوه بچنه به‌غدا بۆئه‌وه‌ی گفتوگۆ و كۆبونه‌وه‌كانیان ئه‌نجامی هه‌بێت و دۆخه‌كه ئاسایی بكاته‌وه؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا له ناوه‌ڕۆكدا كێشه‌یه‌كی نیشتمانی نه‌ته‌وه‌ییه، كێشه‌ی زیاتر له (35%)ی خاكی كوردستان و كێشه‌ی زیاتر له دو ملیۆن كورده، كێشه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ته‌كه‌مانه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان تا ئه‌مڕۆ وه‌ك كێشه‌یه‌كی حیزبی و به شێوازی حیزبیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م كێشانه ده‌كات.
ده‌سه‌ڵات له كوردستان، وای نه‌كردوه هاوڵاتیان به گشتی و هێزه سیاسیه‌كان شه‌ریكی راسته‌قینه بن له‌م مه‌سه‌له‌یه.
به‌ڕای من به‌شێكی كه‌موكورتیه‌كانی دانوستاندنی نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌بونی پسپۆڕ و شاره‌زای هه‌مه لایه‌نه‌ی سیاسی، ئابوری، دارایی، نه‌وت، سه‌ربازی و ... له كاروباری دانوستاندن به‌شێوه‌یه‌كی دامه‌زراوه‌یی.
بۆیه لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن له‌ماوه‌ی رابردودا پرۆژه‌یه‌كی نیشتمانی‌یان پێشكه‌ش كرد بۆ مه‌به‌ستی به نیشتمانی و دامه‌زراوه‌كردنی پرسی دانوستاندن.
سبه‌ی: له سه‌روبه‌ندی ئاڵۆزیه‌كاندا له (12/12)دا سه‌رۆكی هه‌رێم بڕیارێكی ده‌ركرد بۆئه‌وه‌ی به‌ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان بوترێت "ناوچه كوردیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم" ئه‌و بڕیاره له ناوخۆ و ده‌ره‌وه به دو شێوه روبه‌ڕوی ره‌خنه بوه‌وه، تێرَوانینی ئێوه له‌وباره‌یه‌وه چیه؟ ئایا پێتانوایه ته‌نها گۆڕێنی ئه‌و ناوه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر ده‌كات یان ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم شێوازی سیاسه‌ت و كاركردنیان بگۆڕن له‌كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌ی تر بۆئه‌وه‌ی بیانگه‌ڕێننه‌وه بۆ باوه‌شی هه‌رێم؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: به‌داخه‌وه به‌شێكی دیاری كار‌و به‌رنامه‌كانی ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت كار‌و به‌رنامه‌ی لایه‌نه سیاسیه‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مای په‌رچه‌كردار بینا ده‌كرێت.
ئه‌م بڕیاره په‌له‌كردنی پێوه دیاره و دیقه‌تی پێویستی تێدا نه‌بو، بۆیه بڕیاری وا هه‌موجار شوێنی ته‌واوی خۆی ناگرێ، به‌ڕای من چاكتر وابو، نوێنه‌ره‌كانی كورد له به‌غدا به گشتی و نوێنه‌ره‌كانی كورد له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌تایبه‌تی، داوایان له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق (مالیكی) تۆمار بكردایه له دادگای ده‌ستوری عێراق، له‌سه‌ر ئه‌و سه‌رپێچییه ده‌ستوریه‌ی كردی بۆ به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی عه‌ره‌بی سوننه (ناوچه جێناكۆكه‌كانی كرد به ناوچه تێكه‌ڵه‌كان).
ره‌نگه ئه‌و كاردانه‌وه‌یه ئاسایی بێت له رۆژنامه‌نوس و نوسه‌ر و ته‌نانه‌ت حیزب و رێكخراوێكیش روبدات، به‌ڵام ئاسایی نیه بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی یاسایی كه بینای یاسا‌و بڕیاره‌كانی خۆی له‌سه‌ر ده‌ستوری عێراق بكات.
هیچ گومانی تێدا نییه زیاتر (35%)ی خاكی كوردستان ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مه راستیه‌كی جوگرافی و مێژوییه، كه ئه‌و ناوچانه به‌شێكی كوردستانه.
سبه‌ی: بابێینه سه‌ر هه‌ڵبژاردن، بۆ جاری دوه‌م ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه‌ركوك له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان دوابخرێت، به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه ناكۆكه‌كان چییه له ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن له كه‌ركوك؟ یان بۆچی لایه‌نه ناكۆكه‌كان نایانه‌وێت ئه‌و هه‌ڵبژاردنه بكرێت؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: له سایه‌ی رێكه‌وتنی ستراتیجی نێوان كورد و شیعه‌ی عێراق و به‌هۆی بێ خه‌می و خۆش باوه‌ڕی زیادی سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد به شیعه و سیاسه‌تی سازان له عێراق. شیعه و عه‌ره‌بی سوننه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پلانێكیان له دژی كورد و كوردی كه‌ركوك داڕشت و جێبه‌جێیان كرد له ساڵی (2008)دا، ئه‌وه‌ش به ده‌ركردنی یاسای ژماره (36) ی ساڵی (2008)، كه به پێی ماده‌ی (23)ی ئه‌و یاسایه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌هۆی دروستكردنی به‌ربه‌ستی جۆراو جۆری یاسایی به‌ته‌واوی په‌كخرا له كه‌ركوك.
به پێی ئه‌و یاسایه ده‌بێ :
یه‌كه‌م: ده‌سه‌ڵاته‌كانی كارگێری و ئه‌منی و وه‌زیفه گشتیه‌كان دابه‌شبكرێ به تایبه‌تی پارێزگار و جێگری پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان، كه ئه‌مه پرۆسه‌یه‌كی زۆر زه‌حمه‌ته له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، جگه له‌وه‌ش ناڕه‌وایی و بێ دادی زۆری تێدایه، چونكه رێژه‌ی یپكهاتهكان و ده‌نگه‌كانیان وه‌ك یه‌ك نیه و زۆریش جیاوازه.
دوه‌م: دیاریكردنی زیاده‌ڕه‌وی له موڵكی گشتی به‌تایبه‌تی له پارێزگای كه‌ركوك له‌دوای 9/4/2003...
سێیه‌م: پێداچونه‌وه و وردبینی له تۆماری ده‌نگده‌ر له پارێزگای كه‌ركوك .
چواره‌م: جگه له‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێك به‌ربه‌ست و میكانیزمی تریان دانا كه ئه‌وه‌نده‌ی تر كاری سازانی نێوان پێكهاته‌كان سه‌خت و ئه‌سته‌م كردوه.
ئه‌م یاسایه ته‌نیا له سه‌ر پارێزگای كه‌ركوك جێبه‌جێ ده‌كرێت، ده‌بو سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد ئه‌وه قبوڵ نه‌كات و له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و حوكومه‌تی به‌غدا بكشێته‌وه، یان ده‌بو پێ دابگرێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م یاسایه هه‌مو ئه‌و پارێزگایانه‌ش بگرێته‌وه كه زیاتر له یه‌ك پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زهه‌بی تێدایه، وه‌ك موسڵ، دیاله، سه‌لاحه‌دین، به‌غدا...
نه‌ده‌بو كورد بڕوا و متمانه‌ی به شیعه هه‌بێت له مه‌سه‌له‌ی كه‌ركوكدا، چونكه لایه‌نه‌كانی شیعه له عێراق هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به ئاشكرا به‌رگریان له سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌ب كردنی كوردستان كرد، به ده‌لیلی ئه‌وه‌ی نه سیاسه‌تی ته‌عریبكردنی كوردستانیان رسواو حه‌رام كرد له ئاستی سیاسی و مه‌زهه‌بی و نه راستگۆ و هاوكاری كورد بون له جێبه‌جێكردنی بڕگه بنچینه‌یه‌كانی ماده‌ی (140).
سبه‌ی: ئه‌ی له‌ئێستادا كورد كه‌وتوه‌ته كوێی هاوكێشه‌ی ئاڵۆزی و ناكۆكیه‌كانی كه‌ركوكه‌وه، ئێستا رۆڵی ته‌ماشاكه‌ر ده‌بینێت بزانێت چی روده‌دات و دواتر كاردانه‌وه‌ی هه‌بێت، یان پڕۆژه و به‌رنامه‌یه‌كی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و دۆخه هه‌ڵپه‌سێردراوه؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: بون و رۆڵی كورد له به‌غدا ساڵ له دوای ساڵ كه‌متر ده‌بێته‌وه و داده‌شكێ، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوه بۆ سه‌ر دۆخی كورد له كه‌ركوك هه‌ربۆیه كورد له‌ماوه‌ی رابردودا كه‌وتۆته مه‌وقفی به‌رگری له سنوری كه‌ركوك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان.
ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له ماوه‌ی نزیكه‌ی ده ساڵی رابرودا سه‌ركه‌وتونه‌بون له سیاسه‌تی خۆیان له‌گه‌ڵ شیعه و سونه‌دا، ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی یان نه‌كرد به بنه‌مای مامه‌ڵه‌ی سیاسی خۆیان له‌گه‌ڵ شیعه و عه‌ره‌بی سونه .
ئه‌گه‌رچی به‌شێكی داخوازیه‌كانی كورد له ده‌ستوری عێراقدا جێگیر كراوه، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له جیاتی ئه‌وه‌ی پێدابگرن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مافه ده‌ستوریه‌كان سهرقاڵكراون به ده‌ستكه‌وت و پۆستی حوكمرانی له به‌غدا، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی نیگه‌رانیه ئه‌وه‌یه تا ئه‌مرۆش كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای سیاسیه‌وه كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی داواكان له ده‌ستوری هه‌میشه‌ی عێراقدا چاره‌سه‌ری بۆ دیاری نه‌كرابێت.
سبه‌ی: سه‌ره‌ڕای ئه‌و رهخنانهتان له ئه‌دای ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد له كه‌ركوك و ناوچه كوردستانیه كێشه له‌سه‌ره‌كان، به‌ڵام ئه‌مجاره به لیستێكی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه كوردستانیه‌كان، بهدهسهڵاتیشهوه به‌شداری ده‌كه‌ن هۆكاری ئه‌وه چییه؟ ئامانجتان له‌و به‌شداریكردنه چییه؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: له‌م قۆناغه‌دا ئێمه به‌پێویستی ده‌زانین كوردی ناوچه ته‌عریبكراوه‌كان یه‌كگرتو بن، ته‌نانه‌ت له هه‌ڵبژاردنه‌كانیش به‌یه‌كه‌وه بن، تا ئه‌و شوێنه‌ی ناوچه داگیركراوه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و كۆتایی به زوڵم و سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و مه‌زهه‌بی دێت له‌و ناوچانه، به‌و جۆره بیانوش دروست نابێت بۆ لایه‌ك، تۆمه‌ت بۆ لایه‌كی تر دروست بكات به بۆنه‌ی شكست هێنانیان له هه‌ڵبژاردنه‌كان.
سبه‌ی: وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هیچ به‌رنامه و پرۆژه‌یه‌كی دیاریكراوتان هه‌یه بۆ ناوچه كوردستانیه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان؟ به‌تایبه‌تی بۆ دیاریكردنی چاره‌نوسیان به‌پێی ماده‌ی (140)ی ده‌ستوری عێراقی؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئێمه رامان وایه ماده‌ی (140) جێبه‌جێ بكرێت و ناوچه داگیركراوه‌كان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام حسابی ئه‌وه بكرێ كه به‌شێكی ئه‌و ناوچانه پێكهاته‌ی تری وه‌ك توركمان و عه‌ره‌ب و كلدوئاشوری تێدایه وه‌ك ناوچه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك، مه‌خمور، دوز... بۆیه ده‌بێت و پێویسته تایبه‌تمه‌ندی ئه‌م ناوچانه له‌به‌رچاوبگیرێت، ته‌نانه‌ت ده‌بێت له ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستانیش ئه‌م حاڵه‌ته تایبه‌تی یانه جێگیر بكرێت، هه‌ربۆیه به رای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن یه‌كێك له كه‌موكورتیه‌كانی پرۆژه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وه‌یه وه‌ك پێویست تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌به‌رچاو نه‌گیراوه.
سبه‌ی: له ئێستاداو دوای تێكچونی دۆخی ته‌ندروستی سه‌رۆك كۆمار له‌كاتێكدا كه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌و جێگایانه‌ن كه بۆی براون، هێزه‌كانی سوپای عێراقیش به‌هه‌مان شێوه له‌و شوێنانه ماون كه بۆی هێنراون له سنوری ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، به‌ڵام هیچ گۆڕانكاریه‌ك له ئارادا نیه، تێڕوانینی ئێوه بۆ دۆخه‌كه چیه؟ ئایا ده‌بێت دوای ئه‌وه كورد بیر له چی بكاته‌وه و چۆن هه‌نگاو بنێت؟
جه‌لال جه‌وهه‌ر: به رای ئێمه، ئه‌م جۆره دانوستاندنه زۆر ناته‌واوه، چونكه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به نادروستی ده‌ستی پێكرد، ده‌بو قیاده‌ی سیاسی هه‌ردولا له‌سه‌ر مه‌بادئی گشتی رێكه‌وتنیان ئیمزا بكردایه، مه‌سه‌له‌ی جێبه‌جێ كردنیش بۆ لیژنه‌كانی ئیداریی و هونه‌ری سه‌ربازی بوایه.
بۆیه رای من وایه كورد سه‌نگه‌ره‌كانی خۆی به هێزو قایمتر بكات، چونكه متمانه نه‌ماوه له نێوان هه‌ردولاو پێویسته كورد یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بێ له هه‌مو مه‌یدانه‌كانی سیاسی و دیبلۆماسی و جه‌ماوه‌ریی.
ده‌بێت لایه‌نه‌كانی ده‌سه‌ڵات له كوردستان چاو بخشێننه‌وه به‌شێوازی حوكمڕانی، له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتی بون رێكبخرێته‌وه و دامه‌زراوه‌كانی بكات به دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی له جێگای دامه‌زراوه‌ی حیزبی، بۆئه‌وه‌ی هاوڵاتیان بكرێن به هاوبه‌شی راسته‌قینه له پرۆسه‌ی حوكمرانی له كوردستان.
هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانی سیاسی و دیبلۆماسی له ئاستی عێراق، هه‌رێمایه‌تی، نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وله‌ویه‌تی هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا.
جگه له‌وه ئێران ده‌وڵه‌تێكی گه‌وره و گرنگه له ناوچه‌كه‌دا، په‌یوه‌ندی سیاسی و ئابوری به‌هێزی هه‌یه له‌گه‌ڵ هه‌ردولا و سنورێكی هاوبه‌شی دورو درێژ و قوڵاییه‌كی مه‌زهه‌بی هه‌یه له عێراق، بۆیه ده‌بێت كورد سود له په‌یوه‌ندی سیاسی و دیبلۆماسی خۆی له‌گه‌ڵ ئێران وه‌ربگرێ، به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری سیاسی و ئاشتیانه له‌گه‌ڵ به‌غدا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا كورد ده‌بێت كار له‌سه‌ر رۆڵی فاكته‌ری نێوده‌وڵه‌تیش بكات بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ به‌غدا، چونكه فاكته‌ری نێوده‌وڵه‌تی رۆڵی گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌یه له شهر و ململانێكانی ناوچه‌كه و دونیا.
|
|