گۆڕان به ئه‌گه‌ری یه‌كجار زۆر ده‌نگه‌كانی زیاد دەکات
|
سازدانی: سبەی
د. بورهان یاسین، لێكۆڵه‌ری سیاسی كورد ئاماژه بۆ ئەوە دەکات، كه له‌هه‌ڵبژاردنی داهاتو ئۆپۆزیسیۆن نه‌ك هه‌ر پێگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات، به‌ڵكو ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه كه ئۆپۆزیسیۆن ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، "بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش به ئه‌گه‌ری یه‌كجار زۆر ئاستی ده‌نگه‌كانی له (ههڵبژاردنی٢٠٠٩)زیادده‌كات".
د.بورهان یاسین له‌ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و به‌هێزی ئۆپۆزسیۆن له‌وروه‌وه ده‌ڵێت: مرۆڤ ده‌توانێت به ئاسانی بڵێت كه بۆ یه‌كه‌مجار ده‌رفه‌تێكی راسته‌قینه هه‌یه بۆ بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له مه‌سعود بارزانی.
سه‌باره‌ت بهپهنابردنی پارتی بۆ ته‌زویر ده‌ڵێت، بەبۆچونی خۆم ئه‌م جاره‌یان پارتی نه‌ك هه‌ر ده‌ست بۆ ته‌زویر ده‌بات، به‌ڵكو بگره به‌شێوه‌یه‌كی زۆر چڕتر و تا ئه‌و راده‌یه‌ی بۆی ده‌چێته‌سه‌ر ته‌زویر ده‌كات. به‌هانه‌یه‌كی ساده‌ش بۆ ئه‌و بۆچونه ئه‌وه‌یه كه ئه‌مجاره پارتی، بۆ یه‌كه‌مجار له ماوه‌یه‌كی دورودرێژدا، ترسی جددی هه‌یه له له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆ كه گرنگترینیان به‌هێزبونی ئۆپۆزسیۆنه و زێده‌بونی ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵكه، دواجار حیزبێك له ٣١یئابدا بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌شكری سه‌دامی هێنابێته سه‌ر كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كورد، ده‌بێت چه‌ند سروشتی بێت كه هه‌مان حیزب ته‌زویر و ئامرازی نادیموكراتییانهی تر به‌كارببات بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا؟
سه‌باره‌ت به نارونی له‌سیاسه‌تی یه‌كێتی ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ده‌خوازێت دواڕۆژی هه‌بێت و تهندروستبون و تۆكمه‌یی خۆی بپارێزێت و حیزبی دواڕۆژ و دڵسۆز و چاكسازیخوازان بێت، نه‌ك حیزبی هه‌ندێک سه‌ركرده‌ی چاوچنۆك و چاوبرسی، ئه‌وا هیچ بژارده‌یه‌كی تری نیه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه قه‌بوڵی به‌رنامه‌ی چاكسازی ریشه‌یی بكات".
د. بورهان یاسین، كه ئێستا له‌وڵاتی سوید مامۆستای زانكۆیه ره‌خنه‌ش له‌سیاسه‌تی ئه‌مدواییه‌ی ئۆپۆزسیۆن به‌رامبه‌ر نامه‌كه‌ی بارزانی ده‌گرێت و ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێویست بو ئۆپۆزیسۆن ئه‌و ده‌رفه‌ته نه‌دات به ده‌سه‌ڵات و جگه له‌مه‌ش هه‌ر زو تۆپه‌كه‌ی بخستایه‌ته‌وه یاریگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له رێگای داواكردن لێی كه مه‌به‌ستی خۆی له ناردنی ئه‌م وه‌ڵامانه بۆ په‌رله‌مان ته‌واو و بێ په‌ناو پێچ رون و ئاشكرا بكات".
سبه‌ی: له ئێستادا ژینگه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان له دۆخێكی ناته‌ندروست و قه‌یراناوی قوڵدایه، به‌ڕێزتان وه‌ك چاو‌دێر و لێكۆڵه‌رێكی سیاسی چۆن وێنای بارودۆخه‌كه ده‌كه‌ن؟
د. بورهان یاسین: شاراوه نییه كه ماوه‌یه‌كی دورودرێژه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و له‌گه‌ڵ ئه‌ویشدا ته‌واوی كۆمه‌ڵگای باشوری كوردستان له قەیرانێكی قوڵدا ده‌ژی. له لایه‌كی تره‌وه چاره‌سه‌رنه‌كردنی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و قه‌یرانه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، یا راستتر بڵێین له لایه‌ن دو حیزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كه، قه‌یرانه‌كه‌ی رۆژ لەدوای رۆژ به‌ره‌و ئاقاری ترسناكتر و هه‌ڵدێری سیاسی ترسناكتر پاڵداوه. ئه‌وه‌ی راستیبێت ئه‌مڕۆ ته‌واوی ره‌هه‌نده‌كانی سیاسه‌ت و سیاسەتكردن له باشوری كوردستان، جا چ ره‌هه‌ندی سیسته‌می سیاسی و باری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان بێت یا سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ به‌غدا، له كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی چاره‌سه‌رنه‌كراوی قوڵدا دەژی.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ئه‌وه‌ی به تایبه‌تی له‌م رۆژانه‌دا روده‌دات ئه‌وه‌یه، كه باسوخواسی هه‌ڵبژاردنه‌كان راده‌ی بارگرژی و نیگه‌رانی و مه‌ترسی له سیناریۆی نه‌خوازراو زیاتر كردوه. هه‌رچه‌نده ئه‌وه جاری یه‌كه‌م نیه كه له رۆژانی به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كان بارگرژی و ههواوكهشی قه‌یراناوی ده‌بنه سیامی رۆژانه‌ی سیاسه‌ت له باشوری كوردستان، به‌ڵام به تایبه‌تی ئه‌م جاره‌یان چه‌ند جیاوازییه‌كی هه‌یه له جارانی پێش‌و:
یەکەم، نه‌بونی ده‌رفه‌تی یاسایی و ده‌ستوری له‌به‌رده‌م مه‌سعود بارزانی كه خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كاندید بكاته‌وه. دوەم، دوركه‌وتنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی له مه‌شهه‌دی سیاسی و بڕیاری یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كان به لیستی سه‌ربه‌خۆ. سێیەم، ئه‌وه‌ی كه زۆر گرنگه ئه‌وه‌یه چیتر ئه‌وله‌ویاتی پارتی و یه‌كێتی رو له هه‌ڵبژاردنه‌كان یهكانگیرنین له‌گه‌ڵ یه‌كتردا و بگره دو ئاراسته‌ی جیاش دروست بون له نێوان ئه‌م دو حیزبه‌دا. ئه‌گه‌رێكی كراوه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م حاڵه‌ته ببێته بنه‌مایه‌كی گرنگ كه ده‌رهاوێشته‌ی زۆر جیا دهرهاوێژێت، نه‌ك هه‌ر له شێوازی ده‌نگدان به‌ڵكو بگره له بژارده سیاسییه‌كانی ئه‌و دو حیزبه‌شدا له مه‌ڕ هاوپه‌یمانییه‌كانی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانیش. چوارەم، بونی ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی كه ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه نه‌ك هه‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كان پێگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات، به‌ڵكو بگره ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه كه ئۆپۆزیسیۆن ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، واته حكومه‌تی داهاتو دامه‌زرێنێت. جگه له‌وه‌ش ئه‌وه‌ی كه نوێیه ئه‌وه‌یه كه ئۆپۆزیسیۆن بژارده‌ی خۆی (واته كاندیدی خۆی) هه‌بێت بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی كه ئه‌و كاندیده زۆر به هێز بێت و له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا براوه‌ش بێت.
له لایه‌كی تره‌وه ئه‌وه‌ی كه قه‌یرانه‌كه قوڵتر ده‌كاته‌وه و به ئه‌گه‌ری زۆر بارودۆخه‌كه به‌ره‌و ئاقاری نه‌خوازراویش ببات ئه‌وه‌یه، یەکەم، چیتر مۆنۆپۆلی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن پارتی و یه‌كێتییه‌وه ئه‌و ئاسانه نیه، ئه‌گه‌ر ئه‌سڵه‌ن مومكینیش بێت. دوەم، ئێستاش پارتی هه‌ڵگری زهنیهتێكی ترسناكه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌و حیزبه به كه‌متر له ده‌سه‌ڵات رازی نابێت، واته هه‌ر شتێك ده‌كات بۆ پاراستنی پێگه‌ی خۆی له ده‌سه‌ڵات جا له سه‌ر حسێبی هه‌ر شتێك ده‌بێت با ببێت، هه‌تا بگره ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر حسێبی به‌رژه‌وه‌ندییه هه‌ره باڵاكانی خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌زمونه سیاسیه‌كه‌شی بێت. پارتی به كه‌متر لە باڵاده‌ستی له ده‌سه‌ڵاتدا و له پێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ سه‌رۆكه‌كه‌ی رازی نییه.
ده‌رئه‌نجامی ئه‌م شێوه بۆچونه ئه‌وه‌یه كه پارتی له رابردودا دودڵی نه‌كردوه له ده‌ستبردن بۆ هه‌ندێک بژارده‌ی نه‌خوازراو، بگره ته‌نیو به تاوان و خیانه‌ت، ئێستاش و له داهاتوشدا دودڵی ناكات. هه‌ر ئه‌وه‌شه كه سه‌رچاوه‌ی نیگه‌رانی و دودڵی و مه‌ترسیه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان له سیناریۆكانی رۆژانی داهاتو. له لایه‌نی تره‌وه گرنگه خه‌ڵك و به تایبه‌تی ئۆپۆزیسیۆن ئه‌و باوه‌ڕه به راشكاوی بخه‌نه‌ڕو كه له‌گه‌ڵ ئه‌و رابردوه‌ش كه پارتی هه‌یه‌تی، چیتر ئه‌و حیزبه ناتوانێت به مەیلی خۆی و هه‌ر كاتێك ویستی كوردستان پاڵ بدات بۆ ئاقاری شه‌ڕێكی تری براكوژیێكی تر.
سبه‌ی: كێشمه‌كێشمی ده‌ستور بوەته چه‌قی ململانێنی نێوان گۆڕان و ئۆپۆزیسیۆن و یه‌كێتی له لایه‌ك و پارتی دیمۆكراتی كوردستانیش له لایه‌كی تره‌وه ته‌نها كه‌وتوه. به دیدی ئێوه سهرنجام پارتی مل بۆ رێگه رستهقینهكه، كه ده‌ستورێكی سه‌رده‌مانه‌مان هه‌بێت ده‌دات، یا نه‌خێر سه‌ركێشی پارتی دۆخه‌كه به‌ره‌و ئاقارێكی دیكه‌ی مه‌ترسیدار ده‌بات؟
د. بورهان یاسین: له راستیدا مرۆڤ ناتوانێت وا به ئاسانی و كتومت یه‌كێتی بخاته به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆن له مه‌ڕ مه‌سه‌له‌ی ده‌ستور و ره‌هەنده په‌یوه‌ندیداره‌كان. ئه‌مڕۆ ده‌توانین باس له دو دانه هه‌ڵوێستی رون و ئاشكرا بكه‌ین: یه‌كێكیان هی پارتییه كه هێشتان پێداگرییه له‌سه‌ر خستنه راپرسی ره‌شنوسی ده‌ستور، ئه‌وی تریشیان دژه‌كه‌یه‌تی كه هه‌ڵوێسی ئۆپۆزیسیۆنه له پێداگری له‌سه‌ر هه‌مواركردنی ره‌شنوسه‌كه به‌ر له‌وه‌ی كه بخرێته راپرسیه‌وه. هه‌ڵوێستی یه‌كێتی له ئێستادا ده‌رباره‌ی ده‌ستور و مه‌سه‌له په‌یوه‌ندیداره‌كان، دو خه‌سڵه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت، كه یه‌كێكیان تا بكرێت ناڕونی بونه له هه‌ڵوێست و ئه‌وی تریشیان ئه‌وه‌یه كه تا بكرێت سودوهرگرێت له په‌یوه‌ندییه هاوتهریبهكانی، له لایه‌ك له‌گه‌ڵ پارتی و له لایه‌كی تره‌وه له‌گه‌ڵ پارتی. به مانایه‌كی تر ئه‌مڕۆ یه‌كێتی زیاتر سیاسه‌ت له‌سه‌ر ناڕونی له هه‌ڵوێست و گۆڕانكاری له هه‌ڵوێست له ماوه‌یەك بۆ ماوه‌یه‌كی تر و دوالیزم له هه‌ڵوێست دەکات. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی یه‌كێتی په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵێک فاكته‌ره‌وه هه‌یه كه گرنگترینیان بریتییە لە
یەکەم، نه‌بونی یه‌كهه‌ڵوێستی له سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆ كه گرنگترینیان غیابی تاڵه‌بانییه له ماكینه‌ی به‌رهه‌مهێنانی بڕیار. دوەم، هه‌رنه‌بێت له ئێستادا تا بكرێت یه‌كێتی هه‌وڵی ئه‌وه‌ده‌دات كه ئه‌و هاوسه‌نگیه زۆر هه‌ستیاره‌ی نێوان هاوپه‌یمانی ستراتیژی له‌گه‌ڵ پارتی له لایه‌ك و "رێكه‌وتنی" ده‌باشان له لایه‌كی تره‌وه راگرێت. ئه‌م هاوسه‌نگی راگرتنه‌ش له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆیه. یه‌كێك له هۆیه‌كان ئه‌وه‌یه كه یه‌كێتی هه‌وڵده‌دات ئه‌و پێگه‌یه‌ی كه له‌ده‌ستیداوه له رێگای راگرتنی ئه‌و هاوسه‌نگییه (یا ئەگه‌ر حه‌ز بكه‌یت بڵێیت یاریكردن به‌و هاوسه‌نگییه) به‌ده‌ستی بهێنێته‌وه. به مانایه‌كی تر ئه‌و هاوسه‌نگیه بكات به بنه‌مای به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی له رێگه‌ی سودوه‌رگرتنی سیاسی له‌و راستییه‌ی كه پارتیش و ئۆپۆزیسیۆنیش هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن كه یه‌كێتی له هه‌ڵوێستی خۆیان نزیك بكه‌نه‌وه و له هه‌نگاوه گرنگه‌كاندا پشتگیری ئه‌و حیزبه به‌ده‌ستبهێنن. سێیەم، ئه‌م سیاسه‌تی هاوته‌ریبه‌ی یه‌كێتی رۆلێكی گرنگ تر ده‌بینێت له راگرتنی توكمهیی و یه‌كڕیزی له ناوخۆی حیزب‌دا، هه‌م له ئاستی سه‌ركردایه‌تی و هه‌میش له ناو ریزه‌كانی كادیره مامنهوهنجی و ئه‌ندام و لایه‌نگرانیدا. به مانایه‌كی تر پێگه‌ی لاوازتر و بارودۆخی ریكخراوه‌یی و جیاوازی له هه‌ڵوێسته‌كان له ناو ریزه‌كانی یه‌كێتیدا، رێگه نادات كه ئه‌و حیزبه وا به ئاسانی یه‌كێك له‌و دو بژارده‌یه (رێكه‌وتنی ده‌باشان یا هاوپه‌یمانی ستراتیژی) هه‌ڵبژێرێت. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه یه‌كێتی به ئاگادارییه‌وه ناخوازێت یه‌كێكیان هه‌ڵبژێرێت و خۆی بخاته به‌ره‌ی دژ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كه‌ی تر؛ ئه‌مه‌ش رێك شێوه‌یه‌كه له كاركردن به تیۆریه‌كه‌ی روبه‌رت پوتمان (تێوری دانوستاندنی دو دانه مێز). له راستیدا ئه‌م تێورییه زۆرتر بۆ تێگه‌یشتنی په‌یوه‌ندیه‌كان و هاوسه‌نگیه‌كانی نێوان سیاسه‌تی ناوخۆ به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان به‌كاردێت.
به پێی تێگه‌یشتن له هه‌ڵوێستی یه‌كێتی، له رێگه‌ی به‌كاربردنی ئه‌م تیۆریه، له نێوان دو مێزی دانوستاندا یه‌كێتی خۆی ده‌بێنێته‌وه: له‌سه‌ر یه‌كێك له‌و مێزانه یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسۆن دانوستاندن ده‌كات و بگره كۆكه له‌گه‌ڵی، له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی تر له‌گه‌ڵ پارتی دیمۆكراتی كوردستان دانوستاندن ده‌كات و بگره كۆكیشه له‌گه‌ڵی.
پرسیارێكی گرنگ ئه‌وه‌یه ئایا ئه‌م شێوه سیاسه‌تكردنه‌ی یه‌كێتی له نێوان ئۆپۆزیسۆن له لایه‌ك و پارتی له لایه‌كی تر تا كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره هه‌ر وا ئاسان نییه و گرێدراوی كۆمه‌ڵیك شته كه گرنگترینیان. یه‌كه‌م، هاوسه‌نگییه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتییه و دوه‌م شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن به گشتی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و هه‌ڵوێسته‌كانی و سێیه‌میشیان ئه‌وه‌یه كه پارتی به چه‌ند و چی رازی ده‌بێت كه بیدات به یه‌كێتی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه بۆ به‌ره‌ی خۆی رابكێشێت. له لایه‌كی تره‌وه شتێك كه مرۆڤ تا راده‌یه‌كی زۆر ده‌توانێت به پشتڕاستییه‌وه پێشبینی بكات، ئه‌و ئهگهرهیە كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا به‌ره‌وڕوبونه‌وه‌ی هه‌ره چاره‌نوسساز له نێوان پارتی و یه‌كێتی رو بدات، زۆر به تایبه‌تیش له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ته‌زویر؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه چیتر شته‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی ٥٠ به ٥٠ نیه له نێوان ئه‌و دو حیزبه و له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه یه‌كێتی به لیستی جیاواز داده‌به‌زێت ئیتر یه‌كێتی به راده‌ی ئیسراری ئۆپۆزیسۆن و بگره زیاتریش، چاودێری چالاكیه‌كانی پارتی بكات له مه‌سه‌له‌ی ته‌زویر و فرتوفێڵ له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. هه‌تا بگره ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه كه یه‌كێتی بكه‌وێته شێوه‌یه‌ك له هاوكاری و له‌یه‌كگه‌یشتن (با ئه‌مه نهڕهسمی و نهنوسراویش بێت) له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسۆن له‌مه‌سه‌له‌ی رێگه‌نه‌دان به پارتی كه به شێوه‌یه‌ك ته‌زویر بكات، ده‌رهاوێشته‌كانی هه‌ڵبژاردن به ته‌واوه‌تی له قازانجی خۆی و به زیانی ئه‌وانی تر بشكێنێته‌وه.
سبه‌ی: یه‌كێتی نیشتمانی، هه‌م به هۆی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ پارتی و هه‌میش به هۆی دوركه‌وتنه‌وه‌ی تاڵه‌بانی، له دۆخێكی "وڕبون"و نه‌بونی دیدێكیرۆشندایه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ روداوه‌كان، به بڕوای ئێوه هه‌ڵوێستی دروست و گرنگ بۆ یه‌كێتی خۆی له به‌رامبه‌ر پرسی ده‌ستور ده‌بێت چۆن بێت؟
د. بورهان یاسین: له‌و باوه‌ڕه‌دام كه له وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ی پێشترت به‌شێكی زۆری وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی تیایه. ئه‌وه ماوه‌ته‌وه بڵێین كه پارادۆكس یا موفاره‌قه له‌وه‌دایه كه یه‌كێتی له‌م رۆژانه‌دا رێك ئه‌و ناڕونییهی بۆ خۆی كردوه به ستراتیژ: "سیاسه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌موان و دژی هه‌موان." له لایه‌كی تره‌وه نامه‌وێت ئامۆژگاری یه‌كێتی بكه‌م چی بكات باشه: وه‌ك هه‌ندێك له سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی ده‌ڵێن "حیزبه‌كه‌یان سه‌ركردایه‌تیه‌كی هه‌یه كه بیر ده‌كاته‌وه و پێویستی به‌وه نیه خه‌ڵك ئامۆژگارییان بكات!" به‌ڵام ده‌كرێت شتێك به پشتڕاستییهكی زۆره‌وه بڵێین ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه ئه‌گه‌ر یه‌كێتی ده‌خوازێت دواڕۆژی هه‌بێت و تهندروستبون و تۆكمه‌یی خۆی بپارێزێت و حیزبی دواڕۆژ و دڵسۆز و چاكسازیخوازان بێت، نه‌ك حیزبی هه‌ندێک سه‌ركرده‌ی چاوچنۆك و چاوبرسی، ئه‌وا هیچ بژارده‌یه‌كی تری نیه ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت كه قه‌بوڵی به‌رنامه‌ی چاكسازی ریشه‌یی بكات و ستراتیژه دواڕۆژییهكانیشی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا بخه‌مڵێنێت!
سبه‌ی: ئێستا له كوردستان ده‌سه‌ڵات ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی بهستوەتهوه به پرسی ده‌ستوره‌وه، له كاتێكدا ده‌بوایه به‌ده‌ر له مه‌سه‌له‌ی ده‌ستور هه‌ڵبژاردنه‌كان به ئاسایی له‌كاتی خۆیدا ئهنجامدرانایه، به‌ڕێزتان چۆن له‌و سیناریۆیه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوانیت؟
د. بورهان یاسین: به باوه‌ڕی خۆم ئه‌م پرسیاره، یا ئه‌م بابه‌ته، دو ره‌هه‌ندی گرنگی هه‌ن یه‌كێكیان ترسی پارتی له‌وه‌ی كه ئه‌مه دوایین ده‌رفه‌تیانه بۆ تێپه‌ڕاندنی ده‌ستور، ئه‌گه‌ر نا له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتو هاوسه‌نگیه‌كان له ناو په‌رله‌مان به شێوه‌یه‌ك ده‌گۆڕێن كه ئیتر چیتر بۆ پارتی فه‌راهه‌م نابێت كه ده‌ستورێكی "به دڵی خۆی" تێپه‌ڕێنێت. ره‌هه‌نده‌كه‌ی تر ئه‌وه‌یه كه پارتی هه‌مو هه‌وڵێكی خستوەتهگهڕ بۆ سێباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی مه‌سعود بارزانی، دوای ئه‌وه‌ی له چه‌ند هه‌وڵێكی پێشویان سه‌ركه‌وتو نه‌بون كه بۆ هه‌مان مه‌به‌ست دایان. ئێستا وایلێهاتوه كه به لایه‌ن پارتییه‌وه ئیتر یا ئه‌وه‌تا قه‌بوڵكردنی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بارزانی یا ئه‌وه‌تا هه‌ر سیناریۆ یا بژارده‌یه‌كی تر كه یه‌كێك له‌وانه دواخستنی هه‌ڵبژادنی سه‌رۆكی هه‌رێمه بۆ كاتێكی نادیار. له‌م باره‌یه‌شه‌وه دوایین یاری كه پارتی كردی ئه‌وه بو كه وه‌ڵام و تێبینییهكانی هێزه سیاسییه‌كان، له لایه‌ن سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه نێردران بۆ په‌رله‌مان. مه‌به‌ستێكی شاردراوه‌ی ئه‌م یارییه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌وه بو كه یه‌كێتی نزیكبكرێتهوه له هه‌ڵوێستی پارتی، چونكه هه‌ڵوێستی یه‌كێتی میانڕهوبو نه ته‌واو وه‌ك هی ئۆپۆزیسیۆن بو و نه وه‌كو هی پارتی و به ئاسانی ده‌كرا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا بێت و پارتی سودی لێوه‌رگرێت. له راستیدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم بوه هۆی كرانه‌وه‌یه‌ك له‌و قه‌یرانه‌ی كه پارتی و سه‌رۆكه‌كه‌ی له سه‌ره‌تای مانگی ئهپرێلهوه تێیكهوتبون و پڕۆسیهكیش ده‌ستیپێكرد كه زیاتر هی كاتكوشتن و فرتوفێڵه تا هه‌ر شتێكی تر. له‌م پهیوهستهشدا پێویست نه‌بو كه هه‌ر زو، راسته‌وخۆ دوای ناردنی وه‌ڵامی هێزه سیاسییه‌كان بۆ په‌رله‌مان، رهنگدانهوهكان له لایه‌ن ئۆپۆزیسۆنه‌وه به‌و شێوه‌یه پۆزه‌تیڤ بن. چونكه هه‌رزو ده‌ركه‌وت كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه پێویست بو ئۆپۆزیسۆن ئه‌و ده‌رفه‌ته نه‌دات به ده‌سه‌ڵات و جگه له‌مه‌ش هه‌ر زو تۆپه‌كه‌ی بخستایه‌ته‌وه یاریگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم له رێگای داواكردن لێی كه مه‌به‌ستی خۆی له ناردنی ئه‌م وه‌ڵامانه بۆ په‌رله‌مان ته‌واو و بێ په‌ناوپێچ رون و ئاشكرا بكات، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌سله‌ن ئۆپۆزیسیۆن قسه‌یه‌ك بكات یا هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ك وه‌رگرێت له‌و باره‌یه‌وه. ئه‌گه‌ر نا ئه‌وه‌ی رویدا زیاتر جۆرێك بو له بواری هه‌ناسه‌دان و كرانه‌وه له‌و قه‌یرانه‌ی كه پارتی و سه‌رۆكه‌كه‌ی تێیكهوتبون. له راستیدا هه‌ر زو ده‌ركه‌وت كه مه‌به‌ستێكی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌و هه‌نگاوه ئه‌وه بو كه ده‌ستی واڵابێت له ئه‌نجامدانی هه‌ندێک كاریتر وه‌ك سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ روسیا و دواتر كۆبونه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، كه وه‌ك هه‌ر جارێكی تر سه‌ردانێكه له خزمه‌ت خۆی و حیزبه‌كه‌ی، له كاتێكدا كه توانی هه‌ر نه‌بێت بۆ ماوه‌یه‌كی كه‌میش بێت په‌رله‌مان و مه‌یدانی سیاسی له كوردستان به پرسی گفتوگۆ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ده‌ستور له په‌رله‌مان خه‌ریك بكات دور له گرنگیدان به هه‌ندێک مه‌سه‌له‌ی تر. ئه‌وه‌ی پێویستیشه بگوترێت ئه‌وه‌یه كه كۆی هه‌ڵسوكه‌وته دیپلۆماسییه‌كانی پارتی و سه‌رۆكی هه‌رێم له ماوه‌ی دواییدا رو له به‌غدا و ناوچه و جیهان به یه‌ك مه‌به‌ست ده‌چێته پێش، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه سه‌رۆكی هه‌رێم له رێگه‌ی ئه‌م هه‌نگاو و چالاكییانه‌ی ده‌خوازێت به ناوخۆ و ده‌ره‌وه بڵێت، كه كلیله‌كانی سیاسه‌تكردنی هه‌رێم له ده‌ست ئه‌ودان و له داهاتوشدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و لایه‌نانه له‌وه‌دایه، كه ئه‌و له‌و پۆسته‌ی ئێستایدا بمێنێته‌وه و به‌بێ ئه‌و بهرژهوهندییەکان ده‌كه‌ونه مه‌ترسییه‌وه!
به هه‌ر حاڵ له خوێندنه‌وه‌یه‌كی به په‌له‌ی ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی دوایدا گوزەراوه و ئێستاش ده‌گوزه‌رێت له‌سه‌ر مه‌یدانی سیاسی له كوردستان، من گومان ده‌كه‌م هه‌ر نه‌بێت هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له كاتی خۆیاندا بكرێن. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م شته‌ش رونه‌دات و هه‌ڵبژاردنه‌كان له كاتی خۆیاندا بكرێن، دو شت پێویستن. یه‌كێكیان ئه‌وه‌یه كه ئۆپۆزیسۆن ئه‌م مه‌ترسییه به جددی وه‌رگرێت و له هه‌مو ئاسته‌كانی سیاسه‌ت و دیپلۆماسی به چڕی و وردی كاری له‌گه‌ڵدا بكات، ئه‌وه‌ی تریشیان پێویسته یه‌كێتی خۆی نه‌كات به ئامرازێكی دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان. یه‌كێتی هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده ده‌كات ئه‌گه‌ر وا بزانێت كه ته‌نها زه‌ره‌رمه‌ند له‌و دواخستنه ئۆپۆزیسیۆنه، به‌ڵام خۆی براوه‌یه، چونكه له دواخستنێكی ئه‌وهادا ئۆپۆزیسیۆن و یه‌كێتیش زه‌ره‌رمه‌ندن! دواجار ئه‌گه‌ر ئه‌و یاریانه‌ی كه پارتی ده‌یانكات بۆی بچنه سه‌ر، ئه‌وا بێ سێ و دو ئه‌زمونی باشوری كودستان نه‌ك هه‌ر زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م ده‌بێت و پاشه‌كشه‌یه‌كی جددی به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵكو بگره ئه‌گه‌ری رۆچونی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان به‌ره‌و هه‌ڵدێرێكی سیاسی مه‌ترسیدار ئه‌گه‌رێكی كراوه ده‌بێت.
سبه‌ی: ته‌زویرو ساخته‌كاری و پێشێلكاری یاسایی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمدا به‌شێكه له سیمای ده‌سه‌ڵات، به تایبه‌ت پارتی. به‌ڕێزتان چۆن له‌م ره‌فتاره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم ده‌ڕوانن؟
د. بورهان یاسین: ته‌زویر و فرتوفێڵ له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌وه ده‌رچوه كه روداوێك بێت گرێ‌دراو به یه‌كێك له هه‌ڵبژاردنه‌كان. ئه‌وه‌ی راستی بێت هه‌ر له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ١٩٩٢ ئاشكرا بو كه به شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ته‌زویر ئه‌نجامدراوه، زۆر به تایبه‌تیش پارتی ئه‌نجامده‌ری سه‌ره‌كی ئه‌و ته‌زویره بوه. هه‌ر له‌و كاته‌وه له هه‌مو هه‌ڵبژاردنه‌كان ته‌زویر بوه به کەلتور به تایبه‌ت بۆ پارتی دیمۆكراتی كوردستان. ئه‌م کەلتوره ده‌ربڕی زۆر شته كه گرنگترینیان باوه‌ڕ نه‌بونه به سه‌ره‌تاییترین و ساده‌ترین پره‌نسیپه‌كانی سیسته‌می دیموكراسی كه ئه‌ویش پره‌نسیپی (یه‌ك كه‌س یه‌ك ده‌نگ)ه. جگه له‌وه‌ش ته‌زویر له هه‌ر تاكه ده‌نگێكدا خیانه‌تێكی سیاسی و پاشقولگرتنێكی خاڵی له مۆڕالی سیاسییه كه له‌وانی تر ده‌كرێ و خه‌سڵه‌تی هه‌ڵبژاردن ده‌گۆڕێت له‌وه‌ی كێ و كام هێز ده‌توانێت باشترین پرۆگرامی هه‌ڵبژاردن پێشكه‌ش بكات، بۆ پێشبڕكێیه‌ك كه تیایدا ته‌زویر و فرتوفێڵ و ئامراز و ئامرازی بردنه‌وه‌یه و پێوه‌ری سه‌ركه‌وتنه. له راستیدا ته‌زویر له هه‌ڵبژاردن ناشیرین‌ترین شێوه‌ی پیاده‌كردنی پره‌نسیپی ماكیاڤیللییه له‌وه‌ی كه ئامانج ره‌وایی ده‌دات به ئامراز. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، له‌م حاڵه‌ته‌دا گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات یا راستر وایه بڵێین مانه‌وه له ده‌سه‌ڵات له حاڵه‌تی پارتیدا ئامانجی هه‌ره گرنگه، كه‌واته باكاربردنی هه‌ر ئامرازێك ره‌وایه جا با ئه‌و ئامرازه ئه‌وپه‌ڕی نادیموكراتییانه و پڕیش بن له خیانه‌تكردن به هێز و ده‌نگده‌رانی تر. به بۆچونی خۆم ئه‌م جاره‌یان پارتی نه‌ك هه‌ر ده‌ست بۆ ته‌زویر ده‌بات، به‌ڵكو بگره به شێوه‌یه‌كی زۆر چڕتر و تا ئه‌و راده‌یه‌ی بۆی ده‌چێته سه‌ر ته‌زویر ده‌كات. به‌هانه‌یه‌كی ساده‌ش بۆ ئه‌و بۆچونه ئه‌وه‌یه، كه ئه‌مجاره پارتی بۆ یه‌كه‌مجار له ماوه‌یه‌كی دور و درێژدا، ترسی جددی هه‌یه له له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆ كه گرنگترینیان به‌هێزبونی ئۆپۆزیسیۆنه و زێده بونی ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵكه، ئه‌ویتریشیان دابه‌زینی یه‌كێتییه به لیستی جیاواز. هه‌رچه‌نده ئێمه له ئێستاوه نازانین دوای هه‌ڵبژاردن هاوپه‌یمانییه‌كان بۆ دامه‌زراندنی حكومه‌ت به چ ئاراسته‌یه‌كدا ده‌چن و چۆن ده‌خه‌مڵێن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ده‌كرێت له ئێستادا بگوترێت ئه‌وه‌یه، كه ده‌رگا بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێك (خوازراو یا نه‌خوازراو) كراوه‌یه.
دواجار حیزبێك له ٣١ی ئابدا بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له‌شكری سه‌دامی هێنابێته سه‌ر كه‌رامه‌تی نه‌ته‌وه‌یی كورد، ده‌بێت چه‌ند سروشتی بێت كه هه‌مان حیزب ته‌زویر و ئامرازی نادیموكراتییانهی تر به‌كارببات بۆ مانه‌وه‌ی خۆی له هه‌مان ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌دا؟
سبه‌ی: وه‌ك رای شه‌خسی به‌ڕێزتان ئه‌گه‌ر به هه‌ر شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بارزانی خۆی كاندید كرده‌وه بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم، پێتانوایه ئه‌م جاره له به‌رامبه‌ر كاندیدێكی هاوبه‌شی ئۆپۆزیسیۆندا چاره‌نوسی چی لێدێت؟
د. بورهان یاسین: مرۆڤ ده‌توانێت به ئاسانی بڵێت كه یه‌كێك له جیاوازییه هه‌ره پێشچاوهكانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنانه به ئه‌گه‌ری زۆر مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌بێت. له جارانی پێشودا ئه‌لته‌رناتیڤێكی به‌هێز له ئۆپۆزسیۆنێكی رێكخراو به كاندیدێكی به هێزه‌وه نه‌بوه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ده‌نگی پێبدات. هه‌رچه‌نده له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠٠٩دا ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه د. كه‌مال میراوده‌لی هێنای كه‌م یا زۆر ٢٥%ی ده‌نگه‌كان بو، كۆمه‌ڵێك هێمای زۆر گرنگی به‌خشی و چه‌ند شتێكیشی جەختكردهوه، كه یه‌كێك له‌وانه تێكشكاندنی ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی پارتی بو كه گوایه هیچ كه‌سێك و بژارده‌یه‌ك ناتوانێت ركابه‌ری له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانیدا بكات.
به بڕوای خۆم كۆمه‌ڵێك شت هه‌ن وا ده‌كه‌ن كه مرۆڤ بۆ ئه‌و باوه‌ڕه بڕوات كه كاندیدی ئۆپۆزسیۆن ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌مه، نه‌ك هه‌ر بۆ هێنانی ده‌نگێكی زۆر به‌رامبەر بارزانی. به‌ڵكو سه‌ركه‌وتوش بێت له بردنه‌وه‌ی پێگه‌ی سه‌رۆكایەتی هه‌رێم له هه‌ڵبژاردنه‌كان. هه‌رچه‌نده ئه‌مه بابه‌تێكی هه‌ستیاره و من ناخوازم باس له هه‌مو ورده‌كارییه‌كانی مه‌رج و پێداویسته‌كان بۆ سه‌ركه‌وتنی كاندیدی ئۆپۆزیسیۆن بکەم، به‌ڵام مرۆڤ ده‌توانێت به ئاسانی بڵێت كه بۆ یه‌كه‌مجار ده‌رفه‌تێكی راسته‌قینه هه‌یه بۆ بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له مه‌سعود بارزانی. تۆكمه‌یی ئۆپۆزیسیۆن، كه به تایبه‌تی ئه‌و توكمهییه وه‌ك ئه‌لته‌رناتیڤ، توانیویه‌تی دڵنیاییبون و متمانه‌ی به‌شێكی باش له خه‌ڵكی كوردستان به‌ده‌ست بهێنێت، هه‌روه‌ها دابه‌زینی یه‌كێتی به لیستی سه‌ربه‌خۆ دو شتی پۆزه‌تیڤن له‌م ئاراسته‌یه‌دا.
هه‌رچه‌نده ناكرێت له ئێستاوه بزانین ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی یه‌كێتی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم چۆن ده‌نگ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌وه بڵێین كه كه‌سایه‌تی كاندیدی ئۆپۆزسیۆن ده‌توانێت رۆڵێكی گرنگ ببینێت له یه‌كلاكردنه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری ده‌نگه‌كانی لایه‌نگران و ئه‌ندامانی یه‌كێتی به قازانجی خۆی. هه‌ڵبه‌ته شتێك كه ئاسانكاری بكات بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری یه‌كێتی به ئازدییه‌كی زۆرتر ده‌نگ بده‌ن ئه‌وه‌یه، كه یه‌كێتی خۆی رزگار بكات له‌و وه‌همه‌ی كه له داهاتودا وا به ئاسانی ده‌توانێت كورسی سه‌رۆك كۆماری، به تایبه‌تی دوای مام جه‌لال به‌ده‌ست بهێنێت. رونتر بیڵێین: چیتر یه‌كێتی وا به ئاسانی و به‌و ئۆتۆماتیكیهته كورسی سه‌رۆكی هه‌رێم نادات به پارتی، چونكه له به‌رامبه‌ردا پارتی یارمه‌تی یه‌كێتی ده‌دات بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی سه‌رۆك كۆماری! ئازادبون له وه‌همێكی تریش ئه‌ویش به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌ی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمه به كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی راسته‌قینه‌وه كه كه‌مێك كه‌متر بن له هی سه‌رۆكی هه‌رێم و له غیابی سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌مان ده‌سه‌ڵاتی هه‌بن پێداویستیه‌كی تره. له راستیدا له ماوه‌ی ٨ ساڵی رابردودا به‌و شێوه‌یه‌ی كه سه‌رۆكی هه‌رێم مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ جێگری خۆی (كۆسره‌ت ره‌سوڵ)دا كردوه، نه‌ك هه‌ر به‌رجه‌سته‌كردنی كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی گرنگ و راسته‌قینه نه‌بوه له پێگه‌ی ئه‌و جێگرهدا، به‌ڵكو رێك به پێچه‌وانه‌وه، تا كراوه له رێگه‌ی بێده‌سه‌ڵاتی ئه‌و جێگره‌وه سه‌رۆكی هه‌رێم و پارتی به‌رده‌وام بێڕێزی به‌و جێگره و به یه‌كێتی كردوه! پێویسته ئه‌مڕۆ به‌ر له هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك یه‌كێتییه‌كان خۆیان له جێگری سه‌رۆكی هه‌رێم (كۆسره‌ت ره‌سوڵ) بپرسن ئایا ئه‌م جێگره چه‌نده ئاگاداری ورده‌كاری و ئه‌جێندای ئه‌و سه‌ردانه‌ی دوایی سه‌رۆكی هه‌رێمه بۆ روسیا و كۆبونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیادا؟ له راستیدا ئازادبونی یه‌كێتی له‌م دو وه‌همه و بگره له هه‌ندێک وه‌همی تریش، ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له پێگه‌یه‌كی به هێزتره‌وه به‌رامبه‌ر به پارتی ره‌فتار بكات و جیهانبینییه‌كه‌ی له جیهانبینییه‌كی زۆر ناواقیعبینانهوه بكات به جیهانبینیه‌كی واقیعبینانه بۆ ئه‌وه‌ی دواجار ئه‌م جیهانبینیه‌ش بكات به بنه‌مای سیاسه‌تێكی زۆر جیاواز له‌وه‌ی كه تا ئێستا په‌یڕه‌و و پیاده‌ی كردوه.
سبه‌ی: ئه‌ی بۆچونتان سه‌باره‌ت به ئاستی جه‌ماوه‌ری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و چاره‌نوسی ئه‌م هێزه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتودا چۆنه؟
د. بورهان یاسین: نایشارمه‌وه كه كه‌م یا زۆر ساڵێك به‌ر له ئێستا هه‌ندێك نیگه‌ران بوم له‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات خه‌ریكه له‌وه سه‌ركه‌وتو بێت له كردنی بزاڤی گۆڕان به هێزێكی سیاسی نۆڕماڵ (ئاسایی و ناجیاواز)، بزوتنه‌وه‌یه‌ك كه ره‌نگ و سیمای سیاسی كاڵ و بێڕهنگبوبێتهوه. به‌ڵام دواتر ئه‌و بزاڤه پیشانیدا كه ناخوازێت و ئاماده‌ش نیه ببێت به ژماره‌یه‌كی نۆڕماڵ له هاوكێشه‌ی سیاسی‌دا. له راستیدا له ماوه‌ی دواییدا ئه‌و بزاڤه نه‌ك هه‌ر توانی هه‌وڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات له نۆرماڵكردنی تێكبشكێنێت، به‌ڵكو به راده‌یه‌كی زۆر جیاوازییهكانیشی جەختبكاتهوه و ئه‌و جیاوازییانه‌ش بۆ خه‌ڵكی به جوانی رونبكاته‌وه. ده‌شتوانین به ئاسانی بڵێین كه میدییاكانی خه‌مڵێنراو له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و بزاڤه به تایبه‌تی كه‌ناڵی (KNN) پێگەی سبەی و ژوره‌كان به‌تایبه‌تی ژوری ئابوری، رۆڵێكی یه‌كجار گرنگییان بینیوه له جەختكردنهوهی ئه‌و راستییه‌ی كه بزاڤی گۆڕان هێزێكی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی جیاواز (موتهمهییز)ه و بگره ئه‌لته‌رناتیڤێكی جددیشه بۆ ده‌سه‌ڵات. خۆرێكخستنی ئه‌و بزاڤه له ماوه‌ی رابردودا رۆڵێكی گرنگی هه‌بوه له تۆكمه‌كردنی ریزه‌كانی ئه‌و بزاڤه. جگه له‌وه‌ش شتێك كه رۆلێكی گرنگی بینیوه له زیادهبونی جه‌ماوه‌ری هه‌رسێ هێزی ئۆپۆزیسیۆن، ئه‌وه بوه كه ئه‌م هێزانه به‌رده‌وام گره‌ویان داوه به كاری هاوبه‌ش، هه‌رچه‌نده ده‌سه‌ڵات له لای خۆیه‌وه هه‌مو هه‌وڵێكی داوه بۆ په‌رته‌وازه‌كردن و تێكدانی یه‌كڕیزی ئه‌و هێزانه. په‌یامێكی گرنگ بێ په‌ناوپێچ له لایه‌ن ره‌مزه هه‌ره گرنگه‌كانی ئۆپۆزیسۆن ئه‌وه بوه، كه به رونی جەختیان كردوەته‌وه شتێك نیه به ناوی ئۆپۆزسیۆنی سیكولار (عه‌لمانی) له لایه‌ك و ئیسلامی (یا دینی) له لایه‌كی تره‌وه، به‌ڵكو یه‌ك دانه ئۆپۆزسیۆن هه‌یه.
ده‌ره‌نجام له‌وه‌ی كه گوترا، وه‌ك خاڵی لێوهدهرچون، مرۆڤ ده‌توانێت بڵێت كه بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتو بزاڤی گۆڕان به ئه‌گه‌ری یه‌كجار زۆر نه‌ك هه‌ر ئاستی ده‌نگه‌كانی، كه له هه‌ڵبژاردنی ٢٠٠٩دا به‌ده‌ستیهێنا ده‌پارێزێت، به‌ڵكو بگره زۆریش زیادده‌كات.
سبه‌ی: له‌م رۆژانه‌دا به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ندێك حه‌قیقه‌تی مێژویی هه‌ڵدایه‌وه، ئه‌ویش چاره‌نوسی كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان بو كه "تاڵه‌بانی له‌به‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆماری و بارزانیش له‌به‌ر تێكنه‌چونی هاوسه‌نگی حیزبه‌كه‌ی له هه‌رێم". رێگربون لە گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر هەرێم، جه‌نابتان چۆن له بۆچونه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌ڕوانن، كه پێموایه به‌رێزیشتان پێش چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێستا ئاماژه‌تان به‌وه داب‌و كه وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار بێ باجی گه‌وره نیه؟
د. بورهان یاسین: به باوه‌ڕی خۆم وتاره‌كانی رێكخه‌ری گشتی بزاڤی گۆڕان، نه‌وشیروان مسته‌فا، له كۆنفرانسه‌كانی ئه‌و بزاڤه‌دا له رۆژانی دواییدا به تایبه‌تی ئاماژه‌كانی ده‌رباره‌ی هه‌ولێر و ناوچه‌ی بادینان و ناوچه دابڕاوه‌كان ئاماژه و هێمای زۆر گرنگیان تێدا بو. له راستیدا ده‌بوایه هه‌ر له سه‌ره‌تادا ئه‌م هێمایانه ده‌رباره‌ی ستراتیژی گۆڕان به راشكاوی بگهیهندرانهته خه‌ڵكی كوردستان. به تایبه‌تی كه به‌رده‌وام گومڕاییه‌ك له‌سه‌ر ناوچهییبونی بزاڤی گۆڕان هه‌بوه.
قسه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه دواخستنی چاره‌سه‌ری ناوچه‌دابڕاوه‌كان باجێك بو كورد دای بۆ به‌ده‌ستهێنانی كورسی سه‌رۆك كۆماری ئاماژه‌یه‌كی ترسناك بو. به‌ڵام به بارێكی تردا بۆ خۆم ئه‌وه نه‌ك هه‌ر شتێكی نوێ نه‌بو به‌ڵكو زۆریش پێشبینیكراو بو. به‌نده به‌ر له هه‌شت ساڵ پرسیارێكی گرنگم وروژاندوه له بابهتێكمدا به ناوی "هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و پۆستی سه‌رۆك كۆماری له گۆشه‌بینینی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه" كه له ١/٥/٢٠٠٥دا بڵاوكراوه‌ته‌وه و دواتر له كتێبێكمدا به ناوی "عیراقی دوای سه‌دام و چاره‌نوسی باشوری كوردستان" (لاپه‌ڕه ١٢١-١٥٣) پرسیارێكی گرنگم وروژاند. پرسیاره‌كه‌ش رێك ئه‌وها بو "ئایا كورد وه‌كو گه‌ل له چوارچێوه‌ی عیراقدا ده‌بێت باجێكی سیاسی و ستراتیژی چه‌نده گه‌وره بداته لایه‌نی عه‌ره‌بی له عێراق، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م لایه‌نی عه‌ره‌بییه قبوڵ بكات كه كوردێك ببێت به سه‌رۆك كۆماری ئه‌و وڵاته‌ی كه خۆیان به وڵاتێكی عه‌ره‌بی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و قبوڵیش ناكه‌ن ئه‌و ناسنامه‌یه‌ی بگۆڕدرێت؟" (تكایه بڕوانه لاپه‌ڕه‌ی ١٣١ له په‌رتوكی ناوبراو). ده‌كرێت به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان قسه‌كه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌كو وه‌ڵامێكی بێ پێچوپه‌نای ئه‌م پرسیاره ته‌ماشا بكرێت و تێگه‌یشتنی بۆ بكرێت. گه‌ر حه‌ز بكه‌ی بڵێی قسه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا پشتراستكردنه‌وه‌ی ئه‌و گومان و مه‌ترسیه‌یه كه خۆی له قوڵایی فكری پرسیاره‌كه‌دا حه‌شارداوه. له راستیدا نه‌ك هه‌ر ئه‌م پرسیاره، به‌ڵكو كه وتاره ناوبراوهكهم ده‌خوێنیته‌وه ته‌ماشا ده‌كه‌یت به‌نده له سه‌روبه‌ری پرۆسه‌ی لكاندنه‌وه‌ی باشوری كوردستان به ده‌وڵه‌تی عیراقه‌وه به ترس و گومانێكی زۆره‌وه له ته‌واوی پڕۆسه سیاسییه‌كان ده‌ڕوانم نه‌ك هه‌ر له مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌دابڕاوه‌كان. نه‌وشیروان مسته‌فا له وتاره‌كه‌یدا ئه‌و چاره‌سه‌رییه‌ی كه له مادده‌ی ١٤٠ی ده‌ستوری عیراقی‌دا هاتوه به هی به‌یانی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ چواند. به‌ڵام به بۆچونی خۆم سه‌روبه‌ری ته‌رتیبه فیدراڵیه‌كان له ده‌ستوری عێراقدا، تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی په‌یوه‌ندی به چاره‌سه‌ری ته‌واوی كێشه‌ی كورده‌وه هه‌یه، دیوێكی تری ته‌واوی به‌یانی ١١ی ئادارن. به‌م مانایه‌ش ئه‌و خاڵه‌ی كه من به‌رده‌وام جەختم له‌سه‌ر كردوەته‌وه ئه‌وه بوه، كه فیدراڵی به‌و مانایه‌ی كه له ده‌ستوری عیراقدا هاتوه ناوێكی تره بۆ ئۆتۆنۆمی و زیاتر نا. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، له لێكۆڵینه‌وه و قسه‌و باسه‌كانی پێشومدا ئه‌وه‌م جەختكردوەتهوه كه ئه‌م فیدراڵیه له هه‌ندێكیش له ئۆتۆنۆمییهكانی دونیا لاوازتره. له راستیدا هه‌ر له‌و بابه‌ته‌ی كه له سه‌ره‌وه ناوی برا بۆچونێكی پێشتری خۆمم جەختكردۆتهوه كه ئه‌ویش گومانێكی خۆم بوه له سه‌روبه‌ری مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ كێشه‌ی كورد و شێوازی چاره‌سه‌ركردنی به رێگای لكاندنه‌وه‌ی باشوری كوردستان به عێراقه‌وه، كاتێك ده‌ڵێم "خه‌ڵكی كورد له باشوری كوردستان به‌شداریان كرد له دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تێك كه دواجار بچن داوای مافه‌كانیان له هه‌مان ده‌وڵه‌ت بكه‌ن!" (بڕوانه لاپه‌ڕه ١٢١ له هه‌مان په‌رتوك) وا ده‌زانم ئه‌م ده‌ربڕینه به شێوه‌یه‌كی پوخت نه‌ك هه‌ر كێشه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان، به‌ڵكو ته‌واوی كێشه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ به‌غدا و شێوه‌ی چاره‌سه‌ركردنیان كۆده‌كاته‌وه. جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌ر لێره‌دا خوێنه‌ر ئاگادار بكه‌مه‌وه كه من له‌دو نامه‌ی به‌دوای یه‌كتردا بۆ حكومه‌ته‌كانی پارتی و یه‌كێتی (له ١٠/٤/٢٠٠٣ وه ١١/٤/٢٠٠٣دا) واته راسته‌وخۆ دوای كه‌وتنی رژێمی سه‌دام، ئه‌و دو حكومهتهم له سیناریۆیی دامه‌زراندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێ ده‌وڵه‌تێك و دواتر "پاڕانه‌وه" له هه‌مان ده‌وڵه‌ت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی، خسوەتهڕو. (تكایه بۆ بینینی ده‌قی هه‌ردو نامه‌كه بڕوانه پاشكۆی هه‌مان په‌رتوكی ناوبراو).
|
|