وه‌زیری ئه‌وقاف: له هه‌ولێرەوە ده‌ستمان پێكرد
|
ئاماده‌كردنی: سبه‌ی
كه‌مال موسلیم، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایده‌گه‌یه‌نێت؛ دوای به‌دواداچون و زانینی كه‌موكوڕیه‌كان ده‌ستیان به چاكسازی و گۆڕانكاری كردوه له وه‌زاره‌ته‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ش له‌په‌یمانگا ئیسلامیه‌كانه‌وه ده‌ستیان پێكردوه و دواتریش كار له‌رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری قوتابخانه ئاینه‌كان ده‌كه‌ن و ئینجا به‌شه‌كانی دیكه.
له‌م دیداره‌یدا لەگەڵ (سبه‌ی)، نكۆڵی له‌وه نه‌كات کە له وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا "موچه‌خۆری بن دیوار" هه‌یه، به‌ڵام پێیوایه ئه‌وه‌نده زۆر نیه وه‌ك هه‌ندێك له‌میدیاكان ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ن و ده‌ڵێت: "له‌ناو قه‌زای ناوەندی هه‌ولێر لیژنه‌مان پێكهێناوه بۆ ئه‌و بابه‌ته و له پارێزگاكانی دیكه‌ش ده‌ست به هه‌مان كار ده‌كه‌ین".
باس له‌وه‌ش ده‌كات، له‌دوای هاتنه‌ئارای ئه‌م دۆخه ناهه‌مواره و ئاواره‌بونی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی مه‌سیحی و ئێزیدی و كوردانی رۆژئاوا‌و عه‌ره‌به‌كانی موسڵ و ده‌وروبه‌ری بۆ هه‌رێم، كاریان كردوه بۆ به‌ده‌مه‌وه‌چونیان و كردنه‌وه‌ی ده‌رگا كه‌نیسه‌كان به‌ڕوی مه‌سیحیه‌كانداو له‌ئێستاشدا بڕیاریان داوه به جێكردنه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌هۆڵی بۆنه ئاینه‌كان.
"حه‌ره‌می مزگه‌وته‌كانیش بۆ ئاواره‌كان واڵاده‌كه‌ین"
له‌چه‌ند رۆژی رابردوداو به‌هۆی ئه‌و باو بارانه‌ی روی له هه‌رێمی كوردستان كردوه به‌شێكی زۆری ئاواره‌كان توشی ناڕه‌حه‌تی بون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی تا ئێستا وه‌ك پێویست كه‌مپیان بۆ دابین نه‌كراوه و به‌شێكیان ته‌نها له خێمه‌یه‌كی ئاسایی و له‌ناو ده‌شتاییه‌كاندان.
كه‌مال موسلیم، وه‌زیری ئه‌وقاف، له‌وبارەیه‌وه و هه‌وڵه‌كانی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه، ده‌ڵێت: "له‌سنوری بادینان و شارۆچكه‌ی عه‌ربه‌ت له‌سلێمانی كه به‌شێكی زۆری ئاواره‌كانیان تێدا نیشته‌جێیه نه‌توانراوه وه‌ك پێویست شوێنیان بۆ دابین بكرێت و به‌هۆی ئه‌و باو بۆرانه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوشه‌وه به‌شێكی زۆریان توشی ناڕه‌حه‌تی بون به‌تایبه‌تیش دۆخی کەسە بەتەمەنەکان و ژن و منداڵه‌كانیان زۆر ناله‌باره، بۆیه به‌پێویستمانزانی هاوكارییان بكه‌ین".
وتیشی: "له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زانایان و چه‌ند مامۆستایه‌كی ئاینی گفتوگۆم كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕوی شه‌رعیشه‌وه پرسیاریان لێبكه‌ین كه ئایا ده‌گونجێت ئه‌و شوێنانه بده‌ین به ئاواره‌كان تێیدا نیشته‌جێ ببن یان نا، هه‌مویان كۆده‌نگبون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌كاتی پێویستی مرۆڤ و ئه‌و دۆخه نائاساییه‌ی دێته ئاراوه ئاساییه جێگه‌ی لێقه‌وماوان بكرێته‌وه به‌تایبه‌ت له‌هۆڵ و شوێنه ئاینه‌كاندا، بۆیه ئه‌مڕۆ كه ده‌وامی فه‌رمی نه‌بو، تا به نوسراو پێیان رابگه‌یه‌نین و خۆم له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه په‌یوه‌ندیم به به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كانی ئه‌و سنورانه‌وه كردوه و داوام لێ‌كردن هۆڵی بۆنه ئاینه‌كان له‌و شوێنانه بده‌نه ئاواره‌كان به‌تایبه‌ت شوێنی ته‌عزێ".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌گه‌ر زۆر پێویستیش بو له‌هه‌ندێك مزگه‌وتیش به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی زۆر قه‌ره‌باڵغ نین له كاته ئاساییه‌كاندا، حه‌ره‌می مزگه‌وته‌كانیش به‌ڕوی ئاواره‌كاندا ده‌كه‌نه‌وه "پێمراگه‌یاندون له هه‌ر شوێنێك پێویست بو داوایان لێ‌كردن جێگه بۆ ئاواره‌كان ته‌رخان بكه‌ن، له‌سه‌ره‌تادا شوێنی بۆنه ئاینیه‌كانیان بده‌نێ ئه‌گه‌ر هه‌ر زۆر زه‌رور بون ئینجا حه‌ره‌می مزگه‌وته‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌كار بهێنن، چونكه حه‌ره‌می مزگه‌وته‌كانیش شوێنی به‌جێهێنانی ئه‌ركه ئاینیه‌كان و نوێژكردنه، بۆیه تا زۆر پێویست نه‌بێت ناتوانین حه‌ره‌می مزگه‌وته‌كانیان بده‌ینێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئاماده‌ی هه‌مو هاوكاریه‌كین بۆ یارمه‌تیدانی خوشك و برا ئاواره‌كان له‌م دۆخه‌دا".
چاكسازیه‌كان ده‌ستپێكراون
كه‌مال موسلیم، باس له‌وه ده‌كات كاتێك پۆستی به‌ڕێوه‌بردنی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی پێدراوه یه‌كجار تێبینی له‌سه‌ر كاروباره‌كانی هه‌بوه‌و ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات كه له‌سه‌ره‌تادا به‌دواداچونی كردوه بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت كه‌موكوڕیه‌كان له كوێدان و پێویسته چۆن چاره‌سه‌ر بكرێن.
ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕو، كه به شێنه‌یی ده‌ستیان به ئه‌نجامدانی چاكسازی و راستكردنه‌وه‌ی كه‌موكوڕیه‌كان كردوه و نمونه‌ی ئه‌وه دێنێته‌وه كه هه‌ر له به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسه‌ی به‌جێهێنانی فه‌ریزه‌ی حه‌ج ئه‌مساڵدا هه‌ندێك گۆڕانكاری كراوه و زه‌وابت دانراوه بۆ مورشیده‌كان و ئه‌و كارانه‌ش وایكردوه "پرۆسه‌كه باشتر به‌ڕێوه‌بچێت".
هێمای بۆ ئەوەشکرد، عه‌میدی په‌یمانگا ئیسلامیه‌كان ده‌گۆڕدرێن و ئه‌مجاره له‌ڕێی (سی ڤی)یه‌وه داده‌نرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه بێت و كام كه‌سانه زیاتر مه‌رجه پێویسته‌كانیان تێدابێت ئه‌وانه داده‌نرێن و ده‌ڵێت: "جگه‌له‌وه‌ش بۆ پرۆسه‌ی وه‌رگرتنی خوێندكار له‌و په‌یمانگایانه زه‌وابتمان داناوه و بۆ پرۆگرامه‌كانیش كه ئه‌مساڵ نه‌مانتوانی به ته‌واوه‌تی بیانگۆڕین، له‌ڕێی لیژنه‌ی تایبه‌ته‌وه هه‌ندێك گۆڕانكاریمان له تێدا كردون".
وتیشی :"له نزیكه‌وه سه‌ردانی قوتابخانه ئاینیه‌كانیشم كردوه و له‌وێش گۆڕانكاری ده‌كه‌ین له به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان و ستاف و چاكسازی له سیتمی خوێندن و شێوازی پڕۆگرامه‌كانیاندا ده‌كه‌ین و پێداویستیه‌كانیان دابین ده‌كه‌ین و دواتریش له بواره‌كانی دیكه كارده‌كه‌ین".
"موچه‌خۆی بن دیوار هه‌یه؛ رێكیان ده‌خه‌ینه‌وه"
وه‌زیری ئه‌وقاف نكۆڵی له‌وه ناكات له وه‌زاره‌تەكه‌یدا "موچه‌خۆری بندیوار" هه‌یه، به‌ڵام پێیوایه ئه‌وه راست نیه كه ده‌وترێت ده‌یان هه‌زار موچه‌خۆری بن دیوار‌یان هه‌یه و ده‌ڵێت: "من نه‌مدیوه، به‌ڵام ده‌ڵێن ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن بڵاویكردوه‌ته‌وه كه ده هه‌زار موچه‌خۆری بن دیوار له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف هه‌یه و یه‌كێكی دیكه‌ش نوسیویه‌تی (20) هه‌زاره، هه‌مو ئه‌وانه ناڕاستن، چونكه به هه‌مو وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف (15) هه‌زار و هه‌ندێك موچه‌خۆری هه‌یه ئیتر چۆن (10 یان 20) هه‌زاریان بن دیواربن؟".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نایشارێته‌وه كه ده‌شێت له‌و موچه‌خۆرانه‌یان هه‌بێت و نایه‌كسانی له‌دابه‌شكردنی فه‌رمانبه‌راندا هه‌بێت و له‌وباره‌یه‌وه وتی: "هه‌روه‌ك وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه له ئه‌وقافیش ره‌نگه موچه‌خۆری بن دیوار هه‌بێت، به‌ڵام به‌و رێژه و ژماره زۆره نیه كه باس ده‌كرێت، ئێمه له‌و روه‌شه‌وه ده‌ستمان به كاركردن و چاكسازی كردوه به‌شێوه‌یه‌ك له له‌ناو قه‌زای مه‌ركه‌زی هه‌ولێر لیژنه‌مان پێكهێناوه بۆ به‌دواداچون بۆ كادیر و خزمه‌تگوزاری مزگه‌وته‌كان، بۆ نمونه ره‌نگه مزگه‌وتێك زیاد له قه‌باره‌ی خۆی كارمه‌ندی بۆ دانرابێت، به‌ڵام مزگه‌وتی كه هه‌بێت كادیری پێویستی نه‌بێت ئه‌وه رێكده‌خه‌ینه‌وه و ده‌بێت كارمه‌نده‌كان به یه‌كسانی به‌پێی قه‌باره و شوێنه‌كان دابنرێن، له ئێستادا كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه بۆ مزگه‌وته‌كان كۆتایی هاتوه و (216) كه‌س له‌و خزمه‌تگوزارانه له شوێنه‌كانی خۆیان زیادن بۆیه ده‌یانگوازینه‌وه بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌میان هه‌یه".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو كه دوای هه‌ولێریش ده‌ست به هه‌مان كار ده‌كه‌ن له پارێزگاكانی دیكه‌ش، "ئه‌وه‌ش له‌پێناو دابه‌شكردنی خزمه‌تگوزاره‌كان به یه‌كسانی، نه‌ك مزگه‌وتێك (15) خزمه‌تگوزاری هه‌بێت و مزگه‌وتێكی دیكه‌ش كه‌سی نه‌بێت یان یه‌ك كه‌سی هه‌بێت".
كۆمپانیا سعودیه‌كه؛ (1) ملیۆن (6000) هه‌زار دۆلاره‌كه‌ی نه‌گه‌ڕاندوه‌ته‌وه
له‌كابینه‌ی پێشوی حكومه‌تی هه‌رێمدا و زیاتر له (یه‌ك) ملیۆن و (600) هه‌زار دۆلاری وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینی كه‌وته لای كۆمپانیایه‌كی فڕۆكه‌وانی سعودیه به‌ناوی لاما و دادگای ئه‌و وڵاته‌ش بڕیاری گه‌ڕانده‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی دا، به‌ڵام تائێستا پاره‌كه نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه كه‌مال موسلیم، ده‌ڵێت: "به وردی له‌سه‌ر خه‌تین بۆ ئه‌و بابه‌ته و كارده‌كه‌ین بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كه لای كۆمپانیای لامایه له وڵاتی سعودیه، به‌تایبه‌ت كه له دادگا كێشه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه كۆتایی هاتوه و پێویسته ئه‌و كۆمپانیایه بڕی ئه‌و پاره‌یه كه یه‌ك ملیۆن و زیاتر له (600) هه‌زار دۆلاره بیگه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌وه‌ش ته‌نها جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه ماوه".
باسی له‌وه‌شكرد كه له ئه‌مساڵیش له مه‌وسیمی حه‌جدا چه‌ند كه‌سێكیان راسپاردوه و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌یان پێداون له‌گه‌ڵ پارێزه‌ره‌كه‌یان له‌و وڵاته گفتوگۆ بكه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كان و"به‌پێی زانیاریه‌كان پارێزه‌ره‌كه‌مان وا له‌گه‌ڵیدا رێككه‌وتوه كه به سێ قیست پاره‌كه بگه‌ڕێنێته‌وه، ره‌نگه قۆناغی یه‌كه‌م وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی له‌باره‌وه دراوه دو ملیۆن ریاڵی سعودیمان بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه كه ده‌كاته نزیكه‌ی (500) هه‌زار دۆلار و چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ین، به‌ڵام به ره‌سمی تائێستا هیچ پاره‌یه‌ك نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه".
|
|