نه‌به‌ز جه‌لال
پێشینه‌ی ئه‌و جۆره هه‌ڵسوکه‌وته ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته رامیارییه‌ی که پۆسته سه‌روه‌رییه‌کانی عێراق، بۆ هه‌ندێك سه‌رکرده‌ی رامیاریی ده‌سته‌به‌ری کردن‌و ده‌ستواڵای کردن بۆ هه‌وڵی به‌رقه‌رارکردنی جۆرێک ئاشته‌وایی له عێراقداو پاراستنی یه‌کپارچه‌یی خاکه‌که‌یو سه‌روه‌رییه‌کانی نیشتیمانی عه‌ره‌ب، هه‌روه‌ها له‌پاڵ پهستاندنو بنه‌بڕکردنی جوڵانه‌وه تیرۆریستیه‌کانی عێراق‌و به‌ره‌وپێشبردنی به‌رنامه‌کاری ئه‌مه‌ریکییه‌کان له‌خۆرهه‌ڵاتی ناوین.
بێگومان ئه‌و هه‌وڵانه له روی جێبه‌جێکردنه‌وه پشتیان به پلانی ورد‌و هه‌مه‌لایه‌نه نه‌به‌ستبو؛ که‌سێتییه جێبه‌جێکه‌ره‌کان کاراو به‌سه‌لیقه نه‌بون. بۆیه ده‌بینین به‌رهه‌می ئه‌و ئاشته‌واییه‌ی که له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بنه‌مای دۆستایهتیو په‌یوه‌ندیی دێرینی کهسییو رێکخراوه‌یی ساڵانێك له‌وه‌وبه‌ره‌وه به‌ڕێوه ده‌چون، له توێکڵێکی وشك زیاتر هیچ کرۆكو ناوکێکی بۆ ئاشته‌واییه‌که دروست نه‌کردو پوچ‌و بێبه‌رهه‌م مایه‌وه!
ته‌قینه‌وه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی پایتهختو ناوچه جێناکۆکییه‌کان، به‌ڵگه‌ی سه‌رنه‌که‌وتنی ئه‌و ئاشته‌واییه درۆینه‌ن که به‌دڵنیایی ملیۆنان دۆلاری له بودجه‌ی ده‌وڵه‌ت لوش دا، دواجار ئه‌و بهههدهربردنهی سامانی وڵات، بوه فشاری ئابوریی به‌سه‌ر باری ژیانی به‌شی به‌رینی مرۆڤه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی عێراقییه‌وه، که ده‌با ده‌وڵه‌ت له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌کانی دژهگهندهڵییدا به‌دواداچونی بۆ بکردنایه‌و به‌پێی خواست‌و به‌رژه‌وه‌ندیی که‌سیی کاره‌کته‌ره رامیارییه‌کان له‌ژێر درۆی بانگه‌شه‌ی (دیمۆکراسیی بۆ عێراق) تێنهپهڕێنرانایه.
ئه‌وه کاره‌ساته، سهرکردهگهلێك تاکسالارانه له‌بری گه‌ل بڕیار بدهنو سامانی وڵات به هه‌وانته تهخشانو په‌خشان بکه‌ن.
ئێستاش یه‌کێتی جۆرێك پلانی هاوشێوه‌ی بۆ کوردانی ئه‌وروپا هه‌نارده کردوه؛ (یه‌کێتی) ئه‌و پلانه به مه‌به‌ستی راکێشانهوهو ههڵخهڵهتاندنهوهی کوردانی تاراوگه بۆ ژێر سایه‌ی هاوپه‌یمانێتییه پڕ خهوشو گومانه‌که‌ی (پدك و ینك) به‌ڕێوه ده‌بات... هه‌موشمان به‌و راستییه ئاشناین، که کوردانی تاراوگه هه‌میشه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه وه‌ك کوردی پله دو ته‌ماشا کراون‌و به‌های هاونیشتیمانییانهیان بۆ دانه‌نراوه؛ زه‌قترین به‌ڵگه‌ش، به‌دبه‌کارهێنانی ئه‌و کوردانه‌ی تاراوگه‌یه له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقداو بێبهریکردنیانه له ده‌نگدان ده‌رباره‌ی چاره‌نوسی نیشتیمانه‌که‌یان له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارله‌مان‌و سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان له (25/7/2009)دا.
ئاشتبونه‌وه؟!
نوێنه‌رایه‌تی (بیرۆی سیاسی یه‌کێتی) له وڵاته‌وه، به هه‌ماهه‌نگیی نوێنه‌ری سکرتێری گشتیی له ئه‌وروپا، به شێوه‌یه‌کی به‌ربڵاو، له وڵاتی (هۆڵاند)ه‌وه به‌ره‌و وڵاته‌کانی تری ئه‌وروپا، به مه‌به‌ستی رێکخستنه‌وه‌ی رێکخستنه ههڵوهشاوهکانو دڵڕاگرتنی ئهندامو لایه‌نگره زویرهکانو ئاشتکردنه‌وه‌ی تۆراوهکانو راکێشانه‌وه‌ی دابڕاوه‌کان ده‌ستیان به کۆبونه‌وه‌و په‌یوه‌ندیی کرد. مه‌به‌ستیان له‌و هه‌وڵانه، تاودانی کوردانی تاراوگه‌یه بۆ به‌شداربون له پلانی کاری داهاتوی لیستی کوردستانی بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق. دیاره ئه‌وان ده‌زانن ئه‌مجاره بڕیاری بێبه‌ریکردنی کوردانی تاراوگه له ده‌نگدان، له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌واندا نییه‌و (به‌غدا) بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، بۆیه ناچارن به‌هه‌ر نرخێك بێت کوردانی تاراوگه بۆ ئه‌وه تاو بده‌ن گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیویان بکه‌ن ((ئه‌سپی تۆپیو مه‌به‌ست له وته‌یه‌کی نه‌سته‌قه نه‌ك دروشمه‌که‌ی لیستی کوردستانی)).
دیاره خۆسهخڵهتکردنی (یه‌کێتی) به‌هۆی شکستی گه‌وره‌ی ههڵبژاردنهکانهوهیه که ئه‌و پارته‌ی توشی داخورپان کردوه‌و هه‌مو پێوه‌رو ئاماره‌کانی سه‌باره‌ت به بنکه‌ی جهماوهرییو ژماره‌ی ده‌نگه‌کانی ئاوه‌ژو ده‌رچون.
به‌خۆداچونه‌وه‌و خۆڕاستکردنه‌وه بۆ (یه‌کێتی) بوه به پێداویستیی مانه‌وه؛ راست وایه ئیدی ئه‌و پارته خۆی وه‌ك خۆی ببینێت‌و دوای فانتازیاو خه‌یاڵی پفههڵدراو زلکراو نه‌که‌وێت. ده‌بێت پێ له‌و راستییه بنێت که له هه‌ڵبژاردنه پارله‌مانییه‌که‌ی (25/7)دا سنوری خۆی نیشان دراو سه‌ری دای له (به‌ردی ئه‌لحه‌د)ی ناڕه‌زاییه‌کانی کۆمه‌ڵگه... (ناوچه‌ی سه‌وز) ئێسته بۆته (ناوچه‌ی گۆڕان)و پێویسته چییدی ده‌سته‌به‌ندییه‌کانی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی لافی ناوچه‌ی سه‌وز لێنه‌ده‌ن.
به‌ڵێنه‌کانی ئاشتکردنه‌وه له‌لایه‌ن (یه‌کێتی)یه‌وه:
- گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مو مافه نه‌دراو زه‌وتکراوه‌کان له شێوه‌ی (پێدانه‌وه‌ی پایه‌و پیشه، خانه‌نشینکردن، پێدانی پارچه‌زه‌وی، باربۆ به بڕه‌پاره‌ی 15 ملیۆن دینار که سه‌ره‌تا بۆ پێشمه‌رگه دانه‌بڕاوه‌کان بو، به‌ڵام ئێستا بۆ هه‌مو که‌سێکه‌و بۆئه‌وه‌ی بگونجێنرێت ناونیشانی جۆراوجۆری بۆ ده‌دۆزنه‌وه).
-پێدانی پاره به‌ناوی کۆمهكو دڵسۆزیی‌و وه‌فاوه. به‌ڵێنی کار‌و پشتیوانیی له ناو پارت‌و میرییو کۆمپانیا بازرگانییه تایبه‌ته‌کانی کوردستان. ده‌ستگیرۆیی پاره له‌ژێر ناوی هاوڕێیهتیو هاریکارییو له رێگه‌ی پهیوهندییو سۆزی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه. بایه‌خ به ناوچه‌گه‌ریی. داهێنانی خزمخزمێنه‌ی مۆدێرنی جیاواز له شێوازی کلاسیك.
-هه‌وڵدان بۆ ئاشتکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی گهرمیانو که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان، ئه‌وه‌ش پاش ئه‌و هه‌مو تاوانی داکۆکیکردنو داڵده‌دانه‌ی تاوانبارانی وه‌ك (سوڵتان هاشم، نزار خه‌زره‌جی، وه‌فیق سامه‌رائی...هتد)!
به کورتیی ئه‌وسا باڵاده‌ست دهیانڕوانیو نازیان به‌سه‌ر زه‌ویشدا ده‌کرد، ئێستا ترس به‌رۆکی گرتون. ئه‌و کارانه‌ی پێویستبو بکرێن نه‌کران؛ ده‌یانه‌وێت پاش شکست ببنه جێی بڕوا‌و متمانه‌و خه‌ڵك به‌ڵێنیان لێ بکڕێت. میلله‌ت له شهوڕۆژێکی ئاشتبونه‌وه‌دا سینه‌ی ره‌شیان بشۆنه‌وه‌و بیانکه‌نه‌وه به رۆڵه نازدارو خۆشه‌ویسته‌کانی جاران. لایان وایه به چاره‌سه‌ری روکهشو سه‌رپێیی میلله‌ت ده‌بێته‌وه به ههڵفریودراوی به‌ڵێنه‌کانیان.
چۆن خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، پاش ده‌ربازکردنی تاوانباری فڕۆکه‌وان (تاریق ره‌مه‌زان)و سوك سه‌یرکردنی که‌یسی هه‌ڵه‌بجه له‌لایه‌ن سهرهوهتان، بڕوا به به‌ڵێنه بێ نێوه‌رۆکه‌کانی خواره‌وه‌تان ده‌که‌ن؟!
چۆن تاکی کورد بتوانێت متمانه‌ی پێتان هه‌بێت، کاتێك له‌به‌رده‌م دوژمنانی نه‌ته‌وه‌ماندا خهجاڵهتمان دهکهنو پێمان ده‌ڵێن دروستبونی ده‌وڵه‌تێك بۆ کورد خه‌ونی شاعیرانه‌یه؟!
چۆن بتوانین بێدادییه بێژمارهکانتان له‌بیرخۆمان ببه‌ینه‌وه؟ چۆن شه‌ققه‌ی ئه‌و چه‌پڵانه‌ی لهنێوهۆڵی پلینۆم‌دا فایله‌کانیان ههڵفڕاندو پاشان وه‌ك کۆتری ئاشتی له‌به‌رانبه‌ر ئێمه‌ی به(بایهقوشو تێکده‌ر)کراو نیشتنه‌وه له‌بیر ده‌کرێن؟!
پارتێك، سه‌رکرده‌که‌ی به‌ده‌می خۆی بڵێت، ناتوانم قینم له کوردکوژێکی وه‌ك (سه‌ددام) بێت‌و ئاماده‌بێت داڵده‌ی خێزانه‌که‌ی بدات‌و به خزمی خۆیان بزانێت؛ له‌وبه‌ریشه‌وه هه‌زاران رۆڵه‌ی کورد بکاته سوته‌مه‌نی دروشمی قه‌به‌و به‌رده‌وام خه‌ریکی دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌کردن بێت، چۆن ئێمه‌ی کوردانی تاراوگه به که‌وڵه ساخته‌که‌ی ئه‌و پارته‌و به‌ڵێنه‌کانی فریو ده‌خۆین.
|