17 شوبات؛ وه‌ك رۆژنامه‌نوسێك چیم بینی؟

شنۆ عوسمان


له‌دوای‌ ته‌قه‌كان، گه‌یشتمه‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن هه‌ر له‌وێوه‌ كه‌وتمه‌ راسته‌وخۆ په‌خشكردن، كاتێك زۆری‌ پزیشكه‌كان زانیان خه‌ریكی‌ روماڵكردنم بۆ رادیۆ نه‌وا، زۆر هاوكاریان كردم، به‌ناوی‌ نهێنی‌ لێدوانیان بۆدام. من ئێستاش ناوی‌ ئه‌و پزیشكانه‌ نابه‌م، چونكه‌ ئه‌وان زۆر به‌ویژدان زۆر به‌گه‌رموگوڕی‌ كاریان ده‌كرد، پێیان وتم كه ‌(31) بریندار و یه‌ك شه‌هید هه‌یه‌، به‌ڵام كاتێك به‌رپرسی‌ نه‌خۆشخانه‌ كه‌ ئه‌م وه‌زیری‌ ته‌ندروستیه‌ی‌ ئێستابو، زانی‌ خه‌ریكی‌ روماڵم زانیاری‌ كۆده‌كه‌وه‌ وتی:‌ بڕۆ خۆمان له‌ میدیاكانی‌ خۆمانه‌وه‌ی‌ بڵاوی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، وتم: ئایا رادیۆ نه‌وا هی‌ كورد نیه‌ هی‌ خۆمان نیه‌؟ مه‌به‌ستت هی‌ خۆمان چیه‌! ئێستا خه‌ڵك كوژراوه ‌و خۆتان لێره‌ نیین، وتی:‌ كه‌س زانیاری‌ نه‌داتی‌ به‌دو ئاسایش كردمیه‌ ده‌ره‌وه‌.

له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ له‌ناو نه‌خۆشخانه‌ ئاسایشی‌ تێدابو كاره‌كانمم به‌ئاسانی‌ بۆ نەدەچو به‌ڕێوه‌. پزیشكه‌كان ‌و برینداره‌كانیش هه‌روه‌ها به‌ده‌نگی‌ نزم ئه‌دوان ‌و ئه‌ترسان، برینداره‌كان سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ فیشه‌كیان پێوه‌بو زۆرینه‌یان به‌پێوه‌ راوه‌ستابون، زۆر سه‌رسام بوم به‌ ئازایه‌تی‌ زۆر له‌و گه‌نجانه‌، ته‌حه‌دای‌ ئازاره‌كه‌ی‌ خۆیان ده‌كرد! هۆڵه‌كان ‌و ژور و رێره‌وه‌كانی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن خوێناوی‌ بون، له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ چه‌ند بریندارێك راكێشرابون، ژماره‌شیان له‌ زۆربوندا بون، زۆینه‌شیان مێردمنداڵبون، ئه‌و دو ئاسایشه‌ له‌ جه‌نابی‌ به‌ڕێوه‌به‌ر زۆر باشتربون، وتیان: خوشكم ئێمه‌ش پێمان ناخۆشه‌ ده‌رت ئه‌كه‌ین، وتم: باشه‌ خۆ تێئین تیم پیێ‌ نییه‌ بۆ دو چه‌كدار ئه‌م لاو ئه‌و لام ده‌گرن ‌و ره‌وانه‌م ده‌كه‌ن؟ خۆم ئه‌ڕۆم ئه‌وان له‌ده‌رگا كردمیانه‌ ده‌ری‌ و وتیان دوای‌ وه‌ره‌وه‌. (له‌وكاته‌دا رام وابو ئاسایش باشتربو له‌هه‌ندی‌ به‌رپرسی‌ پزیشكی‌)، هه‌ر له‌وێوه‌ سه‌ردانی‌ بانكی‌ خوێنم كرد به‌ڕێوه‌به‌ری‌ بانكه‌كه‌ وتی:‌ ئه‌مانه‌ویت له‌ رێگای‌ رادیۆی‌ نه‌واوه‌ داوا له ‌هاوڵاتیان بكه‌ین بانكه‌كه‌مان وا خوێنی‌ تیادا نه‌ما، بابێن بۆ به‌خشینی‌ خوێن.

كاتژمێر بو به‌ حه‌وتی‌ ئێواره‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ دادوه‌ری‌ پزیشكی،‌ وتیان: ته‌نها ته‌رمی‌ كوڕێكی‌ تاقانه‌مان بەناوی ‌(رێژوان عەلی‌) بۆ هاتوه ‌و وا ته‌سلیم به‌كه‌سوكاری‌ ده‌كه‌ین، به‌ڵام كاتیك له‌ نه‌واوه‌ پێیان وتم: مه‌نعه‌ته‌جه‌وله ‌و ئیتر ئاگات له‌خۆت بێت، بۆماوه‌یه‌ك چاوه‌ڕێم كرد‌و ئیتر منیش گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ یه‌كسه‌ر سه‌یری‌ ته‌له‌ڤزیۆنی‌ حیزبیه‌كانم كرد كه‌ سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتن، وتیان: یه‌ك كوژراو و چه‌ند بریندارێك هه‌ن. تیڤیه‌كی‌ تریان وتی‌ 3 برندار و كوژراوێك هه‌یه‌. راگه‌یاندنه‌كانی‌ سه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆنیش زۆر به‌ئاسایی ‌‌و به‌ هه‌وای‌ شان كاریان له‌سه‌ر ئه‌م روداوه‌كرد ئه‌و شه‌وه‌. زۆر لام سه‌یربو ئایا تاسه‌ر ئه‌توانن روداوه‌كان بشارنه‌وه‌! هه‌رئه‌و شه‌وه‌ له‌ خۆم پرسی‌ ئایا بۆ هه‌مو لایه‌نه‌كان به‌مه‌تاتی‌ ده‌ست له‌م بابه‌ته‌ده‌ده‌ن.

18- 19- / 2 ئه‌و رۆژه‌ی‌ بڕیاردرا داواكاری‌ بدرێته‌ حكومه‌ت نزیكه‌ی‌ سه‌دان كه‌س كۆبۆوه‌، داواكاریەكان 19 خاڵبون گرتنی‌ ته‌قه‌كه‌ران ‌و رادەستکردنیان بە دادگا خاڵه‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ بو، رۆژی‌ 19 -2 به‌دواوه‌ مه‌ترسیدارترین رۆژەکان بو، چونكه‌ هێزه‌ جوڵه‌پێكراوه‌كان كاردانه‌وه‌ی‌ هه‌بو خه‌ڵكی‌ به‌هێزی‌ زیره‌ڤانی‌ ناوی‌ ده‌بردو پارتیش به‌هێزی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، ده‌رچونێكم به‌ده‌وری‌ شاردا كرد چه‌كی‌ مه‌ترسیدارم بینی،‌ كوڕی‌ زۆر گه‌نجیش به‌رپرس بون له‌و چه‌كانه‌ و خه‌ڵكی‌ سلێمانیش نه‌بون، ئه‌مانه‌ بوبن به‌هۆی‌ كه‌ من سام بكه‌مه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ ئه‌م جه‌یشە‌ ئاشنانین به‌ سلێمانی‌‌ و كه‌سیش ناناسن ‌و به‌هێزترین چه‌كیشیان پێیه‌، بۆیه‌ هه‌رچیه‌ك روبدات به‌ئاسانی‌ كوشتاری‌ زۆری‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هێزه‌دا خه‌ڵك ره‌ق ئه‌ستورتربو ئه‌و رۆژه‌ له‌ به‌رده‌ركی‌ سه‌را خه‌ڵی‌ خۆپیشانده‌ر ژماره‌یان زۆر زۆر تر بو، به‌ڵام به‌ ته‌نها من ‌و ناسك قادر وه‌ك ژن له‌وێبویین. خۆپیشانده‌ران هاواریان ده‌كرد "له‌ زێره‌ڤانی‌ ناترسین ئێمه‌ سلێمانین ‌و نابه‌زین" دیسان داواكاری‌ پێشكه‌شی‌ حكومه‌ت كرا داوای‌ هه‌ڵوێست له‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم كرا، وه‌كو سه‌رۆكی‌ پارتیش داوای‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ جه‌یشەکەی‌ كرا.

هه‌ر له‌نێوان ئه‌و رۆژه‌نه‌دا گرده‌كه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان لێواولێو بو له‌ لایه‌نگرانی،‌ كاتێك گه‌شتمه‌ ئه‌وی‌ بۆم ده‌ركه‌وت كادرانی‌ گۆران دابه‌ش بون به‌سه‌ر دو بۆچوندا، به‌شێكیان داوایان ده‌كرد شه‌ڕبكه‌ن دژی‌ زێره‌ڤانی،‌ به‌شه‌كه‌ی‌ دیكه‌ش داوای‌ دانبه‌خۆداگرتنیان ده‌كرد، هه‌وادارانیشیان بڕیاری‌ دروستكردنی‌ پشتێنه‌ی‌ مرۆیاندا بۆ پاراستنی‌ گرده‌كه،‌ چونكه‌ ئه‌وان ده‌یانوت ئه‌م جه‌یشه‌ هی پارتیه ‌و بۆ لێدانی‌ ئێمه‌ هاتوه‌، له‌ كاتژمێر چواری‌ 19-2 به‌دواوه‌ هه‌وڵی‌ گفتوگۆمدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسی‌ لقی‌ چوار (هیوا مسته‌فا) وتی‌: "پاسه‌وانه‌كان به‌رگریان له‌ خۆیان كردوه‌ پارتی‌ ئامانج بوه‌"، دوای‌ ئه‌وه‌ چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ كابینه‌ی‌ شه‌شی‌ حكومه‌ت كرد، ئه‌ویش وتی‌ "ئێمه‌ له‌ دوكان بوین پێیان وتین جه‌یش، جوڵاوه‌، دوشه‌ممه‌ دانیشتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ین، به‌ مه‌به‌ستی‌ دانانی‌ رێگایه‌ك بۆ ئه‌م باودۆخه‌". دواتر چاوپێكه‌تنم له‌گه‌ڵ مامۆستا عه‌لی‌ باپیر كرد ‌وئه‌ویش وتی: ‌"شانازییه‌ بۆ ئێمه‌ سواری‌ شه‌پۆلی‌ خۆپیشاندانه‌كان ببین وه‌كو ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مه‌ ره‌خنه‌ نیه‌ كه‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم لێمان ده‌گرێت".

ئه‌مانه‌ هه‌موی‌ له‌ ساتێكدا بون ته‌قه‌و بریندار به‌رده‌وامبو، هه‌تا بیست رۆژی‌ یه‌كه‌م خۆپیشاندانه‌كان له‌ لوتكه‌دا بون! عه‌رش ‌و به‌رشی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ له‌رزاند، شه‌هیده‌كان زیادیان كرد برینداره‌كان دو ئه‌وه‌نده‌. ئیتر دیمه‌نی‌ نوێژی‌ به‌رده‌ركی‌ سه‌را له‌سه‌ر كارتۆن، خه‌ڵكی‌ كاكه‌یی ‌‌و چه‌پ و عیلمانیم ئه‌بینی‌ نوێژیان ئه‌كرد‌ و یان ته‌ئیدیان ئه‌كرد! له‌چه‌ند هاوڕیه‌كمم پرسی ئێوه‌ بۆ؟ وتیان با نوێژكه‌رێك زیاتر بێت باشتره‌ ئه‌مه‌ دژی‌ ده‌سه‌ڵاته‌.

ئیتر دوای‌ ئه‌م قۆناغه‌ به‌ته‌واوی‌ دورشمی‌ بروخێ‌ به‌رزكرایه‌وه‌، تا ئه‌و ساته‌ حكومه‌ت ‌و سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم پێوانه‌ی‌ بۆ هه‌زاران كه‌س دانه‌نا، سلێمانی‌ له‌به‌رده‌م خه‌ته‌رێكی‌ گه‌وره‌دا بو، خۆپیشانده‌ره‌كان ره‌نگیان هه‌ڵبزركابو ماندوبون، ده‌نگۆی‌ ئه‌وه‌ بڵاو بۆیه‌وه‌ یه‌كێتی‌ به‌رگری‌ له‌ شاره‌كه‌ ده‌كات، منیش چاوپیكه‌وتنم له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری‌ سكرتێری‌ گشتی‌ یه‌كێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان كرد بۆ نه‌وا‌، راسته‌خۆ بۆچونه‌كانیم گه‌یاند، كه‌ ده‌یه‌وێتـ سلێمانی‌ بپارێزێت. ئه‌و به‌یانامه‌یه‌كی‌ شه‌خسی‌ ده‌نوسی‌ چاوه‌ڕێم كرد نوسخه‌م باتی‌ بۆ نه‌وا، سه‌ره‌تا ده‌ستنوسه‌كه‌ی‌ خۆی‌ پێدام زۆر توند بو، به‌ڵام كه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ به‌ره‌سمی‌ وا نه‌بو راوێژكاره‌كانی‌ ده‌ستكاریان كردو پێن باشنه‌بو، من ‌و بیلالی‌ هاوكارم گوێمان لێبو رازیانكرد. هێشتا من و بیلال له‌وێبوین كه‌ناڵی‌ جه‌زیره‌ گه‌شتنه‌ لای ‌‌و وتیان له‌ رادیۆ نه‌وا گوتوته‌ ئه‌م جه‌یشه‌ یاسایی‌ نیه‌.

دوای‌ چه‌ند رۆژێك هێزی‌ زێره‌ڤانی‌ له‌به‌رچاو شارانه‌وه‌، رۆژ له‌ دوای‌ رۆژ خۆپیشانده‌ران زۆر ده‌بون، به‌ڵام دروشمیشیان تێكه‌ڵاو ده‌بو زۆر له‌ نۆزده‌ خاڵه‌كه‌ تیپه‌ڕیكرد، داوای‌ به‌ئانوسات چاكردنی‌ سیستمی‌ ئیداریان ده‌كرد. داوای‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی‌ حكومه‌ت ‌و په‌رله‌مانیان ده‌كرد. دواتر 8 مارس نزیكبۆوه‌ و ژنان ده‌ركه‌وتن، مافی‌ ژنانیش چوه‌ نێو داخوازیه‌كان، ئه‌وه‌ی‌ تێگه‌یشتم خۆپیشاندان له‌ناو خۆپیشاندا بو، هه‌ربۆیه‌ تاڕاده‌یه‌ك مه‌ساری خۆی‌ له‌ده‌ستداو ئه‌مه‌ش وه‌كو بیانو لای‌ ده‌سه‌ڵات شكایه‌وه ‌و بێ وه‌ڵام هێشنیه‌وه‌ هه‌تا شه‌ست رۆژدوایش كۆتای‌ پێهێنا.

 ئه‌وشتانه‌ی‌ بیرم ناچنه‌وه‌:
•    هه‌رگیز ده‌نگی‌ ئه‌و فیشه‌كه‌ له‌ گوێم ده‌رناچێت كه‌ ئومێدی‌ پێ شه‌هید بو. خوێن‌ و ریشه‌ هاتوه‌كه‌ی‌‌ و قه‌مسه‌ڵه‌ ره‌شه‌ی‌ كه‌ خستبویانه‌ سه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه‌ك‌ و به‌چوار كه‌س پاڵیان ئه‌نا‌و فڕانیان بۆ نه‌خۆشخانه،‌ ئه‌وه‌نده‌م بیره‌ تا گه‌یشته‌ به‌رده‌م ئێمه‌ ویستم وێنه‌ی‌ بگرم نه‌متوانی،‌ چونكه‌ خوێنه‌كه‌ی‌ مه‌یبو دیاربو رۆحی‌ سپاردبو.

•    سیمای‌ كادرانی‌ بزوتنه‌وه‌ گۆڕان له‌ گرده‌كه‌ كه‌ نه‌یانده‌زانی‌ ئاینده‌یان چی‌ لێدێت، روبه‌ڕوی‌ شه‌ڕده‌بنه‌وه‌ یان نا، زۆر قەله‌ق بون.

•    وێنه‌ی‌ ئه‌و رۆژه‌ی‌ دانیشتی‌ یه‌كێتی ‌‌و گۆڕان بو له‌ ماڵی‌ كاك نه‌وشیروان له‌به‌ر ده‌رگای‌ ئه‌وان وه‌ستابوم تا دوای‌ كۆبونه‌وه‌كه‌، یه‌كسه‌ر هه‌واڵه‌كه‌ بگه‌یه‌نمه‌ نه‌وا، نه‌وشیروان مسته‌فا، عوسمانی‌ حاجی‌ مه‌حمود، قادری‌ حاجی‌ عه‌لی‌، مه‌لا به‌ختیار، دلێری‌ سه‌ید مه‌جید ‌و هیرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، به‌ئاسی‌ بۆیه‌ك پێكه‌نین له‌كاتی‌ مالئاوایان له‌یه‌كتر. كاتێك داوای‌ لێدوانم له ‌به‌ڕێز قادری‌ حاجی‌ عه‌لی ‌ كرد، ئه‌و كه‌مێك دواو وتی:‌ ناتوانم ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ بدركێنم. هه‌رچه‌ند زۆر پرسیم ئه‌و نه‌یوت، منیش زۆر مه‌به‌ستم بو بزانم كاك نه‌وشیروان له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا رای‌ چۆنه‌، داوام كرد بۆم بدوێ‌، رێبین هه‌ردی‌ وتی:‌ ئه‌و قه‌سه‌ناكات، مه‌به‌ستم بو بیبینم تا بزانم روخساری‌ دوای‌ ئه‌و روداوانه‌  چی‌ ده‌ڵێت، وتم: باشه‌ با وێنه‌ی‌ بگرم به‌شه‌ڕه‌شه‌ق وتیان: باش خۆی‌ وتی‌: تۆ رادوێت ره‌سمی‌ منت بۆچیه‌؟ وتم: بۆ سایتی‌ نه‌وامه‌. به‌ڵام خۆ یه‌كێتیه‌كانیش هه‌ر ده‌ست نه‌ده‌كه‌وتن بۆ لێدوان بۆ زانیاریدان به‌ هاوڵاتیان.

•    وێنه‌ی‌ ئه‌و نه‌ورۆزه‌ی‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای‌ دابه‌شكرد بۆ دو به‌ش بۆ دو كه‌لتور یه‌كێكی‌ شین ‌و یه‌كێكی‌ شایی‌...

•    وێنه‌ی‌ ناسك قادر كه‌ هه‌میشه‌ سه‌ری‌ راده‌وه‌شاند و له‌ خه‌ساره‌تی‌ گه‌وره‌ ده‌ترسا له‌ گه‌نجه‌كان بكه‌وێت.

هیوادارم له‌ ئاینده‌دا بتوانم رۆژ به‌رۆژی‌ روداوی‌ 17- شوبات بنوسمه‌وه‌.

07/03/2013 بینین: 2524
وتاره‌کانی تری نوسه‌ر
كێ ئه‌ڵێت په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ به‌غداو هه‌رێم باشنیه‌!...
هه‌مو رۆژه‌كان وه‌ك 8 مارسن...
گۆڕان لە ده‌سه‌ڵاتدا...
هه‌مو كوردستان قسه‌ له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی‌ ده‌كات ‌و خه‌یاڵ بۆ چاكسازی‌ هه‌یه‌...
نوێترین هه‌واڵ...
(سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە ...
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ هەڵدەبژێردرێن...
به‌رشه‌لۆنه‌ دوه‌م نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ده‌ستهێنا...
داعش زیندانی تەدمور دەتەقێنێتەوە...
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: دەستور دەبێت سەقامگیری بەدیبهێنێت...
لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە...
بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە...
یەپەگە ئۆپەراسیۆنی دابڕینی داعش لە تورکیا و بەستنەوەی جزیرە و کۆبانی پێکەوە جێبە...
بەڤیدیۆ؛ زەمینلەرزەیەک ژاپۆن دەهەژێنێت .. مەترسی تسۆنامییەکی دیکە دەکرێت...
گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان دەدۆزرێتەوە .. تەرمی (20) ژن و (33) منداڵ و پیری تێ...
بەڤیدیۆ؛ سیناریۆکانی دابەش بونی عێراق...
داعش هێرش دەکاتە سەر شاری حەسەکە...
عه‌بادی: جیاوازی له‌ نێوان کەوتنی رومادی و موسڵدا هه‌یه‌ ...
عەلی باپیر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت...
(20) سه‌ركرده‌ی داعش لە ئەنبار کوژران...
پێشمەرگە شكست بە هێرشێكی داعش دەهێنێت...
هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد...
بیرلسكۆنی: میلان نافرۆشین...
باندێکی (10) کەسى دەستگیر دەکرێن...
شاندێکى گۆڕان بۆ پشتیوانی کورد دەچێتە باکور ...
''لە ساڵێکدا بیانیه‌كانی ناو داعش بەرێژەى (70%) زیادیان کردوە''...
یەک ملیۆن نەمام لە بەردەم مەترسیی وشکبوندان...
بریمه‌ر داوا دەکات چەک بە کورد بدرێت ...
حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت ...
ئێران دەستگیرکردنى چه‌ند تۆڕێكی‌ سه‌ر به‌ داعش رادەگەیەنێت ...