ئەیدز لە کوردستانە!

د.گۆران عه‌بدوڵا‌

دواجار وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانی بەوەدا نا کە ئەیدز لە کوردستاندا هەیە و پلانێکیشی بۆ "بنبڕکردنی" ئەو نەخۆشیە داڕشت و بڵاوکردەوە. دەڵێین دواجار، چونکە تا چەند ساڵێکی کەمی پێش ئێستا، وەزارەتی تەندروستی لە دەمی وەزیری تەندروستی پێشوەوە، نەک تەنها نکۆڵی لە هەبونی نەخۆشیەکە لە کوردستاندا دەکرد، بەڵکو ئەوانەی کە باسیان لە هەبونی نەخۆشیەکە دەکرد بە "ئاژاوەگێڕ" وەسفی کردن.

هەرچەندە ئەم دانپێنان و پلانانە بۆ روبەڕوبونەوەی نەخۆشیەکە، لە رواڵەتدا جێگای دڵخۆشی و دەستخۆشین، بەڵام لەگەڵ تۆزێک وردبونەوە لە کواڵیتی ئەو داتایانەی وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئەیدز بڵاویاندەکاتەوە لە سەر زاری وەزیری تەندروستی ئێستا و بەرپرسانی تری وەزارەت و ناوەڕۆکی ئەو پلانەی کە بۆ "بنبڕکردنی" نەخۆشیەکە بڵاوکراوەتەوە، ئەو هەستە خۆشانە کۆتاییان پێدێت و دەبنە هەڵم.

وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی تری وەزارەت، داتای جیاواز و هەندێک جار دژ بەیەکیان لە سەر رادەی بڵاوی ئەیدز لە کوردستاندا پێشکەشی میدیاکان کردوە. لە مانگی پێنجی پارساڵدا، وەزیری تەندروستی، د.تاهیر هەورامی بە میدیاکان دەڵێت کە ٧٠ حاڵه‌تی نەخۆشی ئەیدز لە کوردستاندا هەیە و تەنها ٦ لەوانە کوردن و ئەوی تر بیانین. وەکو وەزیری پێشو و وەزیری تەندروستی ئێستا، ئەوانەی کە باسی داتای جیاواز لەوەی ئەوان دەکەن، وەکو کەسانێک وێنا دەکات کە "به‌رژه‌وه‌ندیان له‌ ترساندنی‌ خه‌ڵكدایه‌". هەر خودی وەزیری تەندروستی دوای تێپەڕبونی زیاتر لە ساڵێک لەسەر ئەو لێداوانە، دەڵێت کە لە ساڵی ٢٠١١دا، "١٨ حاڵەتی ئه‌یدز هەبوە و ساڵێ داهاتوش دەبێت بە ١٨٠". جگە لەوەی کە ئەو ژمارانە ناکۆکی زۆریان تیایە و لەیەکەوە دورن و بەڵگەن لەسەر ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ژمارە و داتای تەواوی لە بەردەست نیە لەسەر ئەوانەی کە توشی نەخۆشیەکە بون، خودی وەزیری تەندروستی لە لێدوانی پێشویدا، خەڵکی ترساندوە و ژمارەی زۆرتری بە بەراورد بە لێدوانی دوەمی پێشکەشکردوە.

خوێندنەوەیەکی سەرپێیی ئەو داتایانە، بۆ هەمو لایەکی روندەکاتەوە، کە وەزارەتی تەندروستی کێشەیەکی گەورەی هەیە لە شکستهێنانی لە پێشکەشکردنی داتای تۆکمە و راستەقینە لەسەر نەخۆشیەکە. ئەو داتایانەی وەزارەتی تەندروستی بە تەنها لە روی ژمارەوە دژ بەیەک نین، بەڵکو کێشەی گەورەتریان هەیە. بۆ نمونە ئەو ژمارانە پێمان ناڵێن ئایا ئەو کەسانەی کە وەزارەت باسیان دەکات، توشی ڤایرۆسەکە بون یا نەخۆشیەکەیان هەیە. جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەو دو چەمکەدا و وەزارەت بە تەواوەتی ئەو جیاوازییەی پشتگوێخستوە. ئەو کەسەی کە توشی ڤایرۆسی HIV دەبێت، مەرج نیە دەمودەست توشی نەخۆشی AIDS ببێت. بەلای کەمەوە ڤایرۆسەکە 10 ساڵی دەوێت بۆ ئەوەی بە تەواوەتی نیشانەکانی نەخۆشیەکە لە کەسی توشبو دەربخات. بۆیە وەزارەتی تەندروستی پێمان ناڵێت کە ئایا ئەو کەسانەی ئەو باسیان دەکات بە تەنها توشی ڤایرۆسەکە بون یاخود نەخۆشیەکەشیان هەیە؟. ئەم جیاوازیە بە تەنها سودێکی ئاکادیمی و زانستی نیە، بەڵکو لە روی پراکتیکی و شێوازەکانی چارەسەر و روبەڕوبونەوەی نەخۆشی و پەتاکە گرنگی گەورەیان هەیە کە لێرە بوار نیە باسیان بکەین.

لە لایەکی ترەوە، وەزارەت بە هیچ شێوەیەک رونی ناکاتەوە کە خەسڵەتی ئەو کەسانەی هەڵگری ڤایرۆسەکەن یا نەخۆشیەکەیان هەیە، چەندیان ئافرەتن و چەندیان پیاون و تەمەنیان چەندە و چۆن توشی ڤایرۆسەکە بون. دیسان ئەو زانیاریانە، گرنگی گەورەیان هەیە لە رۆشنکردنەوەی رێگاکانی خۆپاراستن لە تەشه‌نەکردنی زیاتری پەتاکە و بڵاوبونەوەی لەڕێی چڕکردنەوەی رێگاکانی خۆپاراستن بۆ ئەو تەمەن و رەگەز و کەسانەی کە زیاتر توشی نەخۆشیەکە بون و رێگەگرتن لەو میکانیزمانەی کە ڤایرۆسەکە لە رێیانەوە بڵاودەبێتەوە.

بەداخەوە، کێشەی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ نەخۆشی ئەیدز لە کوردستاندا بە تەنها لەمەڕ مامەڵەی نازانستیانەی وەزارەتەکە لەگەڵ داتاکانی ئەو نەخۆشیە کۆتایی نایەت. بەڵکو وەزارەتی تەندروستی خۆی و هەرێمی کوردستانیش توشی گرفتێکی گەورەتر دەکات لەڕێی بڵاوکردنەوە و جێبەجێکردنی کۆمەڵێک رێنمایی کە وەکو وەزارەت خۆی دەڵێت بۆ "بنبڕ" کردنی نەخۆشیەکەیە. کەمترین شتێک لەمەڕ ئەو رێنماییانەی کە وەزارەتی تەندروستی بەم دواییانە بڵاویکردەوە، دەکرێت بوترێت ئەوەیە کە کارەساتن و هیچ بنەمایەکی زانستی و مرۆییان نیە.

با سەرەتا لە ئامانجی ئەو رێنماییانەوە دەستپێبکەین و بزانین تا چەند ئەو رێنماییانە، بابەتین و تا چەند دەتوانن بڵاوبونەوەی نەخۆشی ئەیدز لە کوردستاندا کەمبکەنەوە یا نەهێڵن. پێم وانیە هیچ وڵاتێک هەبێت لە دنیادا ئەوەندەی وەزارەتی تەندروستی متمانەی بەخۆ هەبێت و بەبێ دودڵی بڵێت کە ئەو لە رێی کۆمەڵێک رێنماییەوە دەتوانێت نەخۆشیەکی وەکو ئەیدز لە کوردستاندا بنبڕبکات. هەڵبەتە پێویست ناکات کە قسە لەسەر رادەی بڵاوبونەوە و قورسی کۆنترۆڵکردنی ئەیدز لە جیهاندا بکەین. وڵاتگەلێکی وەکو ئەمه‌ریکا و به‌ریتانیا و فەرەنسا، نزیکەی سێ دەیەیە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئەیدزن و هەوڵی کەمکردنەوەی بڵاوبونەوەی دەدەن و کەمترین سەرکەوتنیان لە بوارەکە بەدەستهێناوە بە تایبەتی لە وڵاتە ئەفه‌ریقیەکاندا. کەسێک یا وڵاتێک لەو وڵاتانە تا ئێستا زاتی ئەوەی نەکردوە کە بڵێت من یا ئێمە دەمانەوێت ئەیدز لە ناوچەیەک یا شوێنێک یا وڵاتێک بنبڕ بکەین. وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تەنانەت کێشەی هەیە لەوەی کە داتای تۆکمەش بڵاوبکاتەوە، چۆن بوار بە خۆی دەدات کە بەڵێنی گەورەی لە ئاستی "بنبڕکردنی" نەخۆشیەکە لە کوردستاندا بدات؟

یەک وەڵام بۆ ئەو پرسیارەی سەرەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە کە وەزارەتی تەندروستی سیاسەتی کاردانەوەی توندی بەرامبەر بە نەخۆشیەکە بەکارهێناوە. بە واتایەکی تر، وەزارەتی تەندروستی بەبێ ئەوەی وردتر تەماشای داتاکانی بەردەمی بکات و بێ ئەوەی سەیری ئەزمونی وڵاتانی تر بکات و بێ ئەوەی میتۆدە زانستیەکانی روبەڕوبونەوە و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە جێبەجێبکات، دەیەوێت دەستبەجێ و لە ماوەیەکی کورت و بەچەند رێنماییەک، نەخۆشیەکی گەورەی وەکو ئەیدز لەناوبەرێ. ئەم کاردانەوەی وەزارەتی تەندروستی لە راستیدا هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ کاردانەوەکانی پێشوتری هەمان وەزارەت بە نکۆڵیکردن لە هەبونی نەخۆشیەکە لە کوردستاندا نیە. کاردانەوەی پێشو، سەرخستنە ناو خۆڵ بو و ئەوەی ئێستاش سەیرکردنی ئاسمان و شکستە لە تەماشاکردنی بەرپێی خۆ.

کاره‌کتەر و خەسڵەتی سەرەکی ئەو رێنماییانەی کە وەزارەتی تەندروستی بڵاویانیکردوە، بریتیە لە تاقیکردنەوەی بەزۆری ئەو هاوڵاتیە عێراقی (بە کوردیشەوە) و بیانیانەی کە سەفەری ناوەوە و دەرەوەی کوردستان دەکەن. رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بەوەوە نەوەستاوە کە دەیەوێت هەمو کەسێک بە زۆر تاقیبکاتەوە، بەڵکو ئەمری کردوە کە تێچوی تاقیکردنەوە و پشکنینەکە خودی ئەو کەسە بیدات کە پشکنینی بۆ دەکرێت. ئەم بەشە سەرەکیەی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی دو گریمانەی هەڵەی تیایە: گریمانەی یەکەم ئەوەیە کە ئەیدز لە دەرەوەی کوردستانەوە دێت و لە ناوەوە کێشەمان نیە و گریمانەی دوەمیش ئەوەیە کە ئەیدز تەنها لەڕێی سێکس کردنەوە دەگوازرێتەوە. وەکو وتمان هەردو گریمانەکە هەڵەن و چیرۆکی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە لە عێراقدا لەڕێی خوێنی پیسەوە ئەوەمان پێدەڵێت کە نەخۆشیەکە تەنها لەڕێی سێکسەوە بڵاونابێتەوە و هەروەها کێشەکانی تایبەت بە ماڵەکانی لەشفرۆشی لە کوردستاندا ئەوە رەتدەکاتەوە کە ئەیدز تەنها لە دەرەوەی کوردستانەوە دێتە ژورەوە. جگە لەم گریمانە هەڵانە، تاقیکردنەوەی بەزۆری هاوڵاتیان، هەرە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ پێشێلدەکات و هیچ حیسابێک بۆ مافی نەخۆش لە رەتکردنەوە یا قەبوڵکردنی پشکنین یا چارەسەری پزیشكی ناکات. ئەگەر بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی تۆزێک خۆیان ماندو بکردایە و سەردانی پێگەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانی تایبەت بە ئەیدز بکردایە، ئەوا دەیانزانی کە هەردو رێکخراوەکە دژی پشکنینی بەزۆرن. ریکخراوی تەندروستی جیهانی ئامۆژگاری وڵاتان دەکات کە لە پشکنینی ئەیدزدا، پێویستە سێ مەرج لەپێش چاو بگرن؛ نهێنی پارێزی، رەزامەندی و فەراهەمکردنی راوێژکاری بۆ ئەوانەی کە پۆزەتیڤن بۆ ڤایرۆسەکە. ئەو سێ مەرجە مانای ئەوە دەبەخشن کە هیچ کەسێک بۆی نیە بە بێ رەزامەندنی کەسەکە خۆی پشکنین بکات و دەبێت ئەنجامی پشکنینەکە بە تەنها کەسەکە خۆی بیزانێت و کەسی تر بۆی نەبێت ئەنجامەکە بزانێت و دواتریش ئەگەر کەسەکە ویستی، خزمەتی راوێژکاری فەراهەمبکرێت بۆ ئەو کەسانەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن بۆ ئەوەی ئامۆژگاری و رێنمایی پێویستیان بۆ فەراهەم بکرێت لەسەر چۆنیەتی چارەسەر و پاراستنی کەسانی تر لە مەترسی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە.

ئەوەی وەزارەتی تەندروستی دەیکات لەم میانەدا، نەک تەنها پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، بەڵکو لەکەدارکردن و ناوزڕاندنی ئەو کەسانەشە کە رەنگە پۆزەتیڤ بن، چونکە وەزارەتی تەندروستی لە رێنماییەکاندا، مافی ئەوە بەخۆی دەدات کە ناو و ناسنامەی ئەو کەسە بڵاوبکاتەوە و دەزگاکانی سنور و ئاژانسە پەیوەندیدارەکانی تری لێئاگاداربکاتەوە.

توێژینەوە زانستیەکانی لەو وڵاتانەی کە ئەم جۆرە سیاسەتانە بەرپا دەکەن دەریخستوە، کە ئەم سیاسەتانە کاریگەریەکی ئەوتۆیان لەسەر کۆنترۆڵکردن و کەمکردنەوەی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە نیە، چجای "بنبڕکردن"ی نەخۆشیەکە، وەکو ئەوەی کە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئیدیعای دەکات.

هۆکارەکانی ئەو هەڵە گەورانەی کە وەزارەتی تەندروستی تێیکەوتوە لە بەشێکی گرنگی سیاسەتی تەندروستی، کە کۆنترۆڵكردنی نەخۆشیەکی هەستیاری وەکو ئەیدزە، تۆزێک رونتر دەبێتەوە کە تەماشای سەرچاوەی سەرەکی ئەو رێنماییانە دەکەین. وەکو ئەوەی وەزارەتی تەندروستی لەسەرەتای رێنماییەکەدا ئاشکرای کردوە، سەرچاوەی ئەم رێنماییانە، یاسای ژمارە ٨٩ ساڵی ١٩٨١، سەردەمی حوکمی بەعسە. هەڵبەتە، دۆزینەوەی رون لێرەدا ئەوەیە کە وەزارەتێکی تەندروستی کوردی، پەنا دەباتە بەر یاسایەکی سواو و کۆنی سەردەمی بەعس بۆ ئەوەی سیاسەتەکانی لە بواری تەندروستیدا دابڕێژێ. ئەگەر ئەمە بە تەنها بۆ خۆی کارەسات و ماڵوێرانی بێت بۆ بەرپرسانی وەزارەتەکە، ئەوا شێوازی داڕشتن و ناوەڕۆکی رێنماییەکە، پڕە لە دەستەواژە و مانا و ئارگۆمێنتی ئەو زەمەنە و دارودەستەکانی ئەو حکومەتەی ئەوسا. وەکو ئەوەی سەرکردە و وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕیوەبەرە گشتیەکان، بەرگریان هەبێت لە هەمو جۆرە نەخۆشیەک، رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی هەمو ئەوانە لە پشکنین بەدەر دەکات و بە رونی پلەکانیان ریز دەکات وەکو کەسانێک کە نابێت پشکنینی ئەیدزیان بۆ بکرێت. ئەگەر لەوە گەڕێین کە ئەمە بۆ خۆی جیاکاریەکی گەورەیە لە نێوان خەڵکی ئاسایی و سەرکردە و بەپرسەکان، کە ئیشی وەزارەتێکی وەکو تەندروستی نیە بیکات و دەبێت ئەو وەزارەتە لە پاراستنی ژیانی هەمومان بە یەک چاو سەیری هەموان بکات و جیاکاری نەکات، ئەگەر لەوەش گەڕێین کە وەزارەتی تەندروستی جۆرێک لە بیرکردنەوە کۆنترۆڵی دەکات کە سەرکردەکان بە پیرۆز دەزانێت و خەڵکی ئاساییش بە پیس و جێگای گومان، دەڵێم ئەگەر لەوانە هەمو گەڕێین، دەبینین چی تێڕوانینێکی نازانستی و تەسکبینانە سیاسەتەکانی وەزارەتی تەندروستی بەڕێوەدەبات. تێڕوانینێک کە تەنها سێکس وەکو هۆکاری سەرەکی گواستنەوەی ئەیدز تەماشا دەکات و هۆکارەکانی تری گواستنەوە وەکو بەکارهێنانی ئامرازی پیسبو بە ڤایرۆسەکە بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری، یا بەکارهێنانی خۆینی پیس بۆ نەخۆش یا گواستنەوە لە دایکێکی توشبو بۆ منداڵەکەی، پشتگوێدەخات یا بۆ "لحاجە فی نفس یعقوب"، خۆی لێیان گێل دەکات.

ئەم رێنمایانەی وەزارەتی تەندروستی، نەک تەنها نەخۆشی ئەیدز لە کوردستاندا بنبڕ ناکات، بەڵکو رەنگە ببێتە فاکتەرێکی یارمەتیدەری بڵاوبونەوەی زیاتری نەخۆشیەکە. هیوادارین وەزارەتی تەندروستی بەم رێنماییانەدا بچێتەوە و زانستیانەتر و بابەتیانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم مەترسیە تەندروستیە تازەیە بۆ سەر هاوڵاتیانی کوردستان بکات.
 
سەرچاوەکان:
پێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دكتۆر زریان: تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی ئایدز له‌خه‌ڵكی كوردستان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه‌
http://www.krg.org/articles/detail.asp?rnr=26&lngnr=13&anr=16582&smap=01010200
 
خەندان؛ ئایدز لە کوردستان گەیشتۆتە (٧٠) حاڵەت. http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=7477&Jor=1
 
خەندان: "ئه‌مساڵ (18) حاڵه‌تی ئایدز هه‌بوه‌ و ساڵی داهاتوش ده‌بێت به‌ (180)"
http://www.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=31251&Jor=5
 
پێگەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ بڵاوكردنه‌وه‌ی رێنماێی تایبه‌ت بۆ كۆنترۆڵ كردنی نه‌خۆشی كه‌می به‌رگری له‌ش (ئه‌یدز) له‌هه‌رێمی كوردستان
http://www.krg.org/articles/detail.asp?smap=01010200&lngnr=13&rnr=26&anr=42121
 
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی/ و ڕێکخراوی ئەیدزی نەتەوە یەکگرتوەکان: سیاسەتی تایبەت بە پشکنینی ئەیدز
http://www.who.int/hiv/pub/vct/statement/en/


19/11/2011 بینین: 3850
وتاره‌کانی تری نوسه‌ر
کوردستان پێویستی بە بیمەی تەندروستی هەیە؟ نەخێرێکی گەورە و بەڵێیەکی بچوک...
ئاکامە تەندروستیەکانی قەیرانی دارایی و بەرپرسیارێتی وەزارەتی تەندروستی...
پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستی یا رەتاندنەوەی هاوڵاتیان؟...
ئەزمونی وڵاتان لەجیاکردنەوەی کەرتی گشتی و تایبەتی تەندروستی: تورکیا بە نمونە...
پاڵنەرە تەندروستیەکانی گۆڕانکاری ئیداریی لە پارێزگای سلێمانیدا...
کوردستان ٢٠٢٠: دیدگا یا رەچەتەیەک بۆ کارەسات...
پرۆژەیەک بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵەغی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان...
٢٠١٣: ساڵێکی ناخۆش بۆ سیستمی تەندروستی...
چی لە تەندروستی بکەین؟: نەخشەڕێگایەک بۆ ریفۆرمی تەندروستی لە کوردستاندا ...
بۆچی گۆڕان وەزارەتی تەندروستی وەرگرێت؟...
دەرمان خەڵک کوێر ناکات خەڵکی گەندەڵ کوێری کردوین!...
خەمەکانی بودجەی تەندروستی ساڵی ٢٠١٣...
وەزیرێکی باش لە سیستمێکی خراپدا...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانی کوردستان(٩)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانی کوردستان(٨)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانی کوردستان (٧)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان (٦)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان (٥)...
هۆتێل یا نەخۆشخانە؟...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-٤-...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-٣-...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان -2-...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-1-...
رەنگ و بۆن و پلەی گەرمی وەزارەتی تەندروستی...
چۆن سەندیکایەک بۆ پزیشکان؟...
وەزارەتی کەرتی تایبەتی تەندروستی...
سەلاحەدین لە زەمەنی NDIدا...
تەندروستی کۆبونەوە پێنج قۆڵیەکە...
لە پەراوێزی بودجەدا: میکانیزمێکی جیاواز بۆ خەمڵاندنی بودجەی تەندروستی...
بیمه‌ی ته‌ندروستی نه‌ک شۆفێری!...
که‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌ست له‌ کارده‌کێشێته‌وه‌؟...
خۆپیشاندانی ته‌ندروستی و ته‌ندروستی خۆپیشاندان...
کارمه‌ندانی ته‌ندروستی کامیان هه‌ڵده‌بژێرن: سیاسه‌ت یا پیشه‌؟...
ئه‌گه‌ر بودجه‌ی ته‌ندروستی که‌مکرایه‌وه‌!...
بودجه‌ی ته‌ندروستی 2011...
کردار شه‌رته‌، به‌ڵام کام کردار؟...
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هی خه‌ڵکه‌!...
وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان!...
رێکخراوه‌ نوستوه‌که‌ خه‌به‌ری بوه‌وه‌!...
بڕیارێکی تری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی...
رێکخراوه‌ نوستوه‌که‌ که‌ی‌ خه‌به‌ریئه‌بێته‌وه‌؟...
زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌روندروستن!...
گه‌ردونی ته‌ندروستی له‌ 7 مانگی رابوردودا...
بودجه‌ی ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان...
نوێترین هه‌واڵ...
(سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە ...
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ هەڵدەبژێردرێن...
به‌رشه‌لۆنه‌ دوه‌م نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ده‌ستهێنا...
داعش زیندانی تەدمور دەتەقێنێتەوە...
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: دەستور دەبێت سەقامگیری بەدیبهێنێت...
لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە...
بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە...
یەپەگە ئۆپەراسیۆنی دابڕینی داعش لە تورکیا و بەستنەوەی جزیرە و کۆبانی پێکەوە جێبە...
بەڤیدیۆ؛ زەمینلەرزەیەک ژاپۆن دەهەژێنێت .. مەترسی تسۆنامییەکی دیکە دەکرێت...
گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان دەدۆزرێتەوە .. تەرمی (20) ژن و (33) منداڵ و پیری تێ...
بەڤیدیۆ؛ سیناریۆکانی دابەش بونی عێراق...
داعش هێرش دەکاتە سەر شاری حەسەکە...
عه‌بادی: جیاوازی له‌ نێوان کەوتنی رومادی و موسڵدا هه‌یه‌ ...
عەلی باپیر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت...
(20) سه‌ركرده‌ی داعش لە ئەنبار کوژران...
پێشمەرگە شكست بە هێرشێكی داعش دەهێنێت...
هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد...
بیرلسكۆنی: میلان نافرۆشین...
باندێکی (10) کەسى دەستگیر دەکرێن...
شاندێکى گۆڕان بۆ پشتیوانی کورد دەچێتە باکور ...
''لە ساڵێکدا بیانیه‌كانی ناو داعش بەرێژەى (70%) زیادیان کردوە''...
یەک ملیۆن نەمام لە بەردەم مەترسیی وشکبوندان...
بریمه‌ر داوا دەکات چەک بە کورد بدرێت ...
حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت ...
ئێران دەستگیرکردنى چه‌ند تۆڕێكی‌ سه‌ر به‌ داعش رادەگەیەنێت ...