بومه‌له‌رزه‌ی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان

ئارام قادر حه‌مه‌سور

لە 25/7/2009وه‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌كی سیاسی باشوری كوردستانی گرتۆته‌وه‌ به‌پله‌ی جیاواز له‌كات و شوێنی جیاوازدا، دوای ئه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ناوی لیستی گۆڕان به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كانی  25/7/2009ی كرد بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و دوای ئاشكراكردنی ئه‌نجامی ده‌نگه‌كان بزونته‌وه‌ی گۆڕان توانی نزیكه‌ی نیو ملیۆن ده‌نگ بێنێت و بو به‌خاوه‌نی 25 كورسی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای بومه‌له‌رزه‌ سیاسییه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ بو, چونكه‌ ئه‌م ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ خه‌ڵك و حیزبه‌كان چاوه‌ڕوان نه‌كراو بو وه‌ك بومه‌لەرزه‌ بو، دوای چه‌ندین ساڵ له‌ده‌سه‌ڵاتی نیوه‌ به‌نیوه‌ی یه‌كێتی و پارتی، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك بومه‌له‌رزه‌ گۆمی سیاسه‌تی له‌ كوردستان شڵه‌قاند، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی جوتحیزبی سیاسه‌تی ناشیرینكردبو به‌ گه‌نده‌ڵی و خزمایه‌تی و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌سه‌ر ئه‌م دو حیزبه‌دا.

سیاسه‌ت له‌وكاتدا وه‌ك به‌له‌مێك وابو له‌ ناوه‌ندی ده‌ریایه‌كدا دو سه‌ڵبه‌ی لاواز ده‌یانجوڵاند، بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان سه‌ڵبه‌یه‌كی به‌هێزبو تابه‌له‌می سیاسه‌ت له‌ كوردستان به‌ره‌و كه‌ناری سیاسه‌ت وه‌ك جوانی و ئه‌خلاق و هونه‌رو زانست و یاسا به‌رێت، له‌و كاته‌دا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناڕه‌زایی چه‌ند ساڵه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی هه‌ڵمژی و كردی به‌هێزیك له‌ فراكسیۆنی په‌رله‌مانداو په‌رله‌مانی كوردستانی پێ له‌رزاند، له‌ په‌رله‌مانێكی پڕ به‌ڵێوه‌ بۆ په‌رله‌مانێكی به‌ڵێو نه‌خێر، له‌ په‌رله‌مانێكی چه‌پڵه‌ڕێزانه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانێكی مێزكوتان و ململانێی سیاسی نه‌رم، پاشان راگه‌یاندنی بون به‌ ئۆپۆزسیۆنی بزوتنه‌وه‌كه‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌كی تری سیاسی بو بۆ حكومڕانی له‌كوردستاندا، چونكه‌ یه‌كه‌مجار بو حیزبێكی سیاسی به‌ ئاشكراو به‌ هێزی ئۆپۆزسیۆن بونی خۆی رابگه‌یه‌نێت، ئه‌و كات دوای حه‌ڤده‌ ساڵ له‌ده‌سه‌ڵاتی جوتحیزبی و دابه‌شبونی كوردستان بۆ هه‌رێمی سه‌وزو زه‌رد بون به‌ ئۆپۆزسیۆن كارێكی قورس و ئازایانه‌بو، به‌مه‌ش یه‌كێك له‌غه‌ریزه‌و پایه‌كانی دیموكراسی تێربو كه‌ بریتییه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆن له‌ناو سیسته‌می حكومڕانیدا، چونكه‌ ئۆپۆزسیۆن به‌رده‌وام وه‌ك كامێرای شاراوه‌ وایه‌ به‌سه‌ر كاره‌كانی حكومه‌تدا.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ به‌هۆی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ ئاستی هۆشیاری سیاسی تاكه‌كان به‌رزده‌بێته‌وه‌و روحی ململانێی سیاسی نه‌رم زیادده‌كات، له‌مه‌شدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تاڕاده‌یه‌كی باش ئامانجی خۆی پێكا، به‌فراكسیۆنێكی به‌هێز كاری خۆی كردو په‌رله‌مانی بێده‌نگی كرد به‌ په‌رله‌مانی ده‌نگه‌ده‌نگ و هات و هاوار، دواتر به‌هۆی به‌رپابونی به‌هاری عه‌رەبی و گوێنه‌گرتنی حكومه‌ت له‌داخوازی خه‌ڵك و بزوتنه‌وه‌كه‌ له‌ساڵی 2011داوای روخان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد، ئه‌مه‌ش بومه‌له‌رزه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو بو بۆ حكومه‌ت و پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ ئاگا هێنایه‌وه‌، دواتر خۆپیشاندانه‌كانی 17ی شوبات به‌رپابو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و راگه‌یاندنه‌ به‌هێزه‌كه‌ی ئه‌وكاتی پاڵپشتی خۆپیشانده‌رانی كردو كوردستان به‌ره‌و قۆناغێكی تری پڕ كێشه‌ كێش چو، هێزی سه‌ربازی له‌لایه‌ن جوتحیزبی ده‌سه‌ڵات به‌كار هاتو چه‌ندین شه‌هیدی لێكه‌وته‌وه‌.

دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2014 بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵاتی قبوڵكردو چه‌ند وه‌زاره‌ت و پۆستی وه‌رگرت كه ‌به‌شێكیان زۆر گرنگن، وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری و پێشمه‌رگه‌ گرنگترینیانن كه‌ به‌رده‌وام ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ ره‌خنه‌ی ئاراسته‌ كردون، له‌ وتارێكمدا له‌مانگی پێنجی ساڵی رابردو له‌هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه‌دا به‌ناونیشانی (بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌نگوینی ده‌سه‌ڵات) ئاماژه‌م به‌م دوو وه‌زاره‌ته‌ دابو پێموابو "ئه‌م دو وه‌زاره‌ته‌ ته‌رازوی باش و خراپی چوار ساڵی داهاتوی بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌نگوینه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتیش بزوتنه‌وه‌كه‌ توشی شه‌كره‌ بكات ئه‌وه‌ به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت".

ماوه‌یه‌كه‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌وه‌زاره‌تی داراییه‌وه‌ ئاراسته‌ی موچه‌ خۆرانی بندیوار كراوه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ هه‌زاران بندیوار خراونه‌ته‌ سه‌ردیوارو یان ده‌بێت ده‌وام بكه‌ن یان موچه‌كه‌یان ده‌بڕدرێت، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌نگوینی له‌ كلۆری داردا دۆزیبێته‌وه‌، ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ زه‌بری گه‌وره‌ی له‌بندیواره‌كانی پارتی و یه‌كێتی ده‌دات، كه‌ ساڵەهای ساڵه‌ له‌ ماڵه‌وه‌ ئه‌م پاره‌یه‌ به‌بێ ماندو بون ده‌خۆن، ئه‌مانه‌ش به‌شێكی گه‌وره‌ی ده‌نگده‌رانی ئه‌م دو حیزبه‌ پێكده‌هێنن كه‌ به‌ پاره‌ دڵیان راگیراوه‌، له‌ هه‌موی‌ گرنگتر بێده‌نگی یه‌كێتی و پارتییه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م چاكسازییانه‌ی وه‌زیره‌كه‌ی گۆڕان، بۆیه‌ گۆڕان له‌ڕێگه‌ی ئه‌م وه‌زاره‌ته‌وه‌ له‌ناو حكومه‌تدا بمێنێته‌وه‌ یان بێته‌ ده‌ر كاری خۆی كردوه‌، چونكه ‌ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ سحری بزوتنه‌وه‌كه‌یه‌ و چه‌ندین مه‌له‌فی گه‌وره‌ی گه‌نده‌ڵی لایه‌ بۆیه‌ پله‌ی بومه‌له‌رزه‌ سیاسییه‌كه‌ی گۆڕان له‌م وه‌زاره‌ته‌وه‌ زۆر به‌رزه‌، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش وه‌زاره‌تێكی گرنگه‌ له‌ده‌ستی بزوتنه‌وه‌كه‌دا ئه‌م وه‌زاره‌ته‌ش به‌هه‌زاران بندیواری تێدایه‌ وه‌ك پێشمه‌رگه‌كان ده‌ڵێن به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ بندیواره‌كان له‌ترسان نایه‌ن بۆ به‌ره‌كانی شه‌ڕو به‌شێكیان وازییان هێناوه‌ یان موچه‌كه‌یان بڕدراوه‌، یه‌كگرتنه‌وه‌و یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌ له‌م وه‌زاره‌ته‌وه‌ وه‌ك بومه‌له‌رزه‌یه‌ بۆ هه‌ندێك له‌سیاسییه‌كان،  چونكه‌ به‌م یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ هێزێكیان نامێنێت تا هه‌ڕه‌شه‌ی پێبكه‌ن له‌ نه‌یاره‌كانییان و ڕۆژنامه‌نوسان و كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن.

سه‌رچاوه‌ی به‌هێزی ئه‌م بومه‌له‌رزه‌یه‌ی گۆڕان لەكوێوه‌یه‌؟ بێگومان به‌شێكی بۆ خودی رێكخه‌ری گشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و به‌شه‌كه‌ی تریش بۆ ده‌وروبه‌ری نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ كه‌سانی شاره‌زاو گه‌نج و زیره‌كن، له‌ ساڵی 2009 تائێستا پیاوی روداوه‌كانه‌ چۆن؟ هه‌مو قسه‌و چاوپێكه‌وتنێك و سه‌ردان و ده‌ركه‌وتن و ته‌نانه‌ت بێده‌نگ بونی مایه‌ی پرسیاری حیزبه‌كان و راگه‌یاندنه‌كانه‌، ئێستاش یه‌كێتی له‌گرده‌كه‌ سه‌ردانی ده‌كه‌ن بۆ هێمن كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی و رێنماییه‌كانی، پارتی و خودی مه‌سعود بارزانی له‌ گشت پرسه‌كاندا پرسی پێده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ باگراوندی فكری و سیاسی ئه‌م پیاوه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌وه‌گه‌ڕێین خاكییه‌كه‌ی سیاسییه‌كانی سه‌رسام كردوه‌ و جورئه‌ته‌ سیاسییه‌كه‌ی ئامانجه‌كانی پێشده‌خات و گه‌نجه‌كانی بردۆته‌وه‌ سه‌ره‌وه‌ی هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ماستاوچیه‌تی كردوه‌ به‌ عه‌یبه‌یه‌كی سیاسی، پێموایه‌ له‌داهاتوشدا له‌ڕێگه‌ی خوێندكاره‌كانییه‌وه‌ له‌ جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات بومه‌له‌رزه‌ی به‌هێزی تر ئاراسته‌ ده‌كات، له‌هه‌مویان نزیكتر یه‌كخستنی هه‌ڵوێست بۆ پێداچونه‌وه‌و ئاماده‌كردنی ره‌شنوسی ده‌ستور و چه‌سپاندنی سیسته‌می پارله‌مانی كه‌ ده‌مێكه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت، هه‌روه‌ها بونی شه‌فافییه‌تی زیاتر له‌وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان و یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌و ئاشكرا كردنی ته‌واوی داهاتی گومرگه‌كان خه‌ونی داهاتوی بزوتنه‌وه‌كه‌ن، كشانه‌وه‌ له‌حكومه‌ت بومه‌له‌رزه‌یه‌كی تره،‌ چونكه‌ ماوه‌ی ساڵێكه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ بنكه‌ ته‌سك و لوتكه‌ فراوانه‌، له‌سه‌دان پۆست بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ند پۆستێكی كه‌می له‌ده‌سته‌ پێموا كشانه‌وه‌ باشترین شته‌ ئه‌گه‌ر هه‌ربه‌م شێوه‌یه‌ بێت، چونكه‌ به‌م پۆسته‌ كه‌مانه‌ بزوتنه‌وه‌كه‌ به‌ڵێن و خه‌ونه‌كانی پێنایه‌ته‌دی و ده‌نگده‌رانی لێی قبوڵناكه‌ن.
17/05/2015 بینین: 1932
وتاره‌کانی تری نوسه‌ر
له‌ستایشی كتێبدا...
راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه ‌و حكومه‌ته‌ لاوازه‌كه!...
بومه‌له‌رزه‌ی راستڕه‌وه‌كانی ئه‌وروپا و ترسی توندڕه‌وی...
ئێمه ‌و شۆكنه‌بون...
ئۆپۆزسیۆن، له‌ تاقیكردنه‌وه‌ی حكومڕانیدایه‌...
قه‌یرانی راگه‌یاندنی كوردی...
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و هه‌نگوینی ده‌سه‌ڵات...
نوێترین هه‌واڵ...
(سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە ...
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ هەڵدەبژێردرێن...
به‌رشه‌لۆنه‌ دوه‌م نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ده‌ستهێنا...
داعش زیندانی تەدمور دەتەقێنێتەوە...
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: دەستور دەبێت سەقامگیری بەدیبهێنێت...
لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە...
بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە...
یەپەگە ئۆپەراسیۆنی دابڕینی داعش لە تورکیا و بەستنەوەی جزیرە و کۆبانی پێکەوە جێبە...
بەڤیدیۆ؛ زەمینلەرزەیەک ژاپۆن دەهەژێنێت .. مەترسی تسۆنامییەکی دیکە دەکرێت...
گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان دەدۆزرێتەوە .. تەرمی (20) ژن و (33) منداڵ و پیری تێ...
بەڤیدیۆ؛ سیناریۆکانی دابەش بونی عێراق...
داعش هێرش دەکاتە سەر شاری حەسەکە...
عه‌بادی: جیاوازی له‌ نێوان کەوتنی رومادی و موسڵدا هه‌یه‌ ...
عەلی باپیر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت...
(20) سه‌ركرده‌ی داعش لە ئەنبار کوژران...
پێشمەرگە شكست بە هێرشێكی داعش دەهێنێت...
هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد...
بیرلسكۆنی: میلان نافرۆشین...
باندێکی (10) کەسى دەستگیر دەکرێن...
شاندێکى گۆڕان بۆ پشتیوانی کورد دەچێتە باکور ...
''لە ساڵێکدا بیانیه‌كانی ناو داعش بەرێژەى (70%) زیادیان کردوە''...
یەک ملیۆن نەمام لە بەردەم مەترسیی وشکبوندان...
بریمه‌ر داوا دەکات چەک بە کورد بدرێت ...
حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت ...
ئێران دەستگیرکردنى چه‌ند تۆڕێكی‌ سه‌ر به‌ داعش رادەگەیەنێت ...