مالیکی، شەبەحەکەی ئێران

چیا عه‌باس

نوری و جەواد و ئاغای موحسینی مالیکی، ئەو ناوانەن سەرۆک وەزیرانی عێراق بەپێی کات وشوێن لە ژیانیدا بەکاری هێناون.

کاتێک لە نیسانی 2006 مالیکی بو بە سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژنامەنوسێکی ئەمه‌ریکی نوسیبوی: "جەواد مالیکی" کێیە؟ کەس ئەیناسێ؟. پێنج ساڵ دواتر دنیا تەنها بەناوە رەسەنەکەی ناوی دەبات.

پۆختەیەکی ژیانی
ئەلمالیکی ساڵی 1950 لە دایکبوە و لە هۆزی بەنی مالیکە. خاوەنی بەکالوریۆسە لە ئسوڵی دین و ماستەر لە زمانی عەرەبی. ماوەیەک لە بواری خوێندن لە حلە کارمەند بوە. لە کۆتایی شەستەکانی سەدەی رابردو و کاتێک خوێندکاری زانکۆ بوە پەیوەندی بە حیزبی دەعوەوە کردوە. باپیری (محمد حسن ابی المحاسن) شاعیر بوە و سەرۆکی ئەنجومەنی میللی بوە، کە لە ساڵی 1920 دژ بە بەریتانیا کاریکردوە و وەزیری خوێندنیش بوە لە سەردەمی شا فەیسەڵ دا. مالیکی و هاوسەرەکەی (فەلیحە خەلیل) چوار کچ و دو کوڕیان هەیە.

لە کۆتایی ساڵی 1979 پاشئەوەی پەیوەندی لەگەڵ حیزبی ده‌عوە ئاشکرابو لە عێراق هەڵهات و لە رێگەی ئوردونەوە لە سوریا گیرسایەوە. لە سوریا ناوی خۆی بۆ جەواد گۆڕی. لە ساڵی 1982 روی لە ئێران کرد و لەوێ ناوی ئاغای موحسینی لەخۆی نا. مالیکی تا ساڵی 1990 لە ئێران مایەوە و گەڕایەوە بۆ سوریا و لەوێ مایەوە تا ئەمه‌ریکا و هاوپەیمانەکانی عێراقیان داگیرکرد و سەدامیان روخاند. لەو چارەکە سەدەی لە دەرەوەی عێراق بوە پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریا و ئێران و (حزب اللە) لە لوبنان دروستکردوە. دەیان کەس لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری مالیکی لەلایەن سەدامەوە لەناوبراون.

کامپەکەی ئەهواز
لە سەرەتای ساڵەکانی هەشتاکاندا کامپێک نزیکەی 20 کم دور لە شاری ئەهواز و نزیک لە سنوری عێراق بۆ چەکداران و لایەنگرانی حیزبی دەعوە دروستکرابو، جێنشینەکانی مەشقی سەربازیان پێدەکرا و لەوێشەوە مەفرەزەیان بۆ ناو عێراق دەنارد. دامەزرێنەری کامپەکە، (حسین الشامی) ناوی کامپەکەی نابو "واحە چروپرەکە". ئاغای موحسینی مالیکی وەک بەرپرسێکی دەعوە لەو کامپە موحازەرەی سیاسی دەوتەوە، لایەنگری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بو هەرچەندە فەرمانەکانی لە لوتکەی ئاینی جیاوازەوە وەردەگرت. لەو کامپە مالیکی بانگەشەی دەکرد: "شەهیدبون رەگ و ریشەمان بەهێز دەکەن نەک هەڵیان دەکێشن". عزەت شابەندەر کە لە حەفتاکانەوە لە سەرکردەکانی دەعوە نزیکبوە دەڵێت: "ئەو کات مالیکی بە لێپرسراوانی باڵای دەعوە دەوردرابو کە زۆربەیان گوێرایەڵ و موتیعی ئێران بون و لە راستیدا ئێران بە ریمۆت دەعوەی بەڕێوەدەبرد و خۆشیان بوێت یا تاڵ دەعوە و ئێران هەمیشە لەیەک پێخەفدان".

بایەخدانی ئێران بە دەعوە رو لە کاڵبونەوە بو، ئێرانیەکان یەک لایەنانە بڕیاریان دا عێراقیەکانی دژ بە سەدام لە گروپێکی نوێدا رێکبخەنەوە، مەجلیسی ئەعلای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق. زۆربەی ئەندامانی دەعوە رەتیان کردەوە لەو مەجلیسەدا رێکبخرێن و لایان وابو ئەو مەجلیسە کوڕە مودەلیلەکەی ئێرانە. کامپەکەی مالیکیش درایە دەست مەجلیسی ئەعلا و لە سەرەتای 1983 کۆتایی بە دەسەڵاتی دەعوە لە کامپەکە هێنرا. کار گەیشتە ئەو ئاستەی تەنانەت بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوەی مالیکی لە ئێران داوای نوسراوی پشتگیری مەجلیس ئەعلایان لێدەکرد.

پاش روخاندنی سەدام مالیکی گەڕایەوە عێراق و کرا بە جێگری سەرۆکی لیژنەی باڵای هەڵکێشانی رەگ و ریشەی بەعس و لە کانونی دوەمی 2005 بۆ ئەنجومەنی نیشتمانی هەڵبژێردرا. ئەندامی لیژنەی دەستوری نوێی عێراق بو کە لە ئۆکتۆبەری 2005 دا دەستورەکە پەسندکرا.

جەعفەری و مالیکی
لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی کانونی یەکەمی 2005 ئیبراهیم جوعفەری هاوڕێی مالیکی لە حیزبی دەعوە کرا بە سەرۆک وەزیران. لە نیسانی 2006 ناچارکرا دەستبەرداری ئەو پۆستە بێت. لەو کاتانەدا مالیکی یەکێک بو لەو چوار کەسەی کە لەلایەن CIAەوە لە سەر پەیوەندیان لەگەڵ ئێراندا چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرابو (ئەوانی تریش حسێن شەهرستانی و عەلی ئەدیب و کەسایەتیەکی تر بون). زالمی خەلیلزاد، باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە عێراق لەو ئاڵوگۆڕەدا رایگەیاند: "مالیکی سەر بە ئێران نیە و ئێران فشارێکی زۆر دەکات تا جەعفەری بمێنێتەوە". لە مایسی 2006 حیزبی دەعوە مالیکی لە جیاتی جەعفەری کرد بە سکرتێری گشتی و بەو شێوەیە مالیکی جێی جەعفەری گرتەوە و حکومەتی مالیکی یەکەمی پێکهێنا.

ئێران پشتگیری تەواوی لە جەعفەری دەکرد و بۆ مانەوەی لە رێگەی دیبلۆماتەکانی و نامەی تایبەتەوە هەڕەشەی توندی لە بەرپرسانی عێراق کردبو، ئەگەر پشتیوانی جەعفەری نەکەن. فاکتەری کاریگەر بۆ خستنی جەعفەری هەڵوێستی ئایەتوڵڵا سیستانی بو کە لەدوا رۆژەکاندا رایگەیاند، کە دەبێت جەعفەری بڕوات. هەڵبژاردنی مالیکی سەرکەوتنێکی شەخسی بو بۆ زاڵمای خەلیلزاد و لەپشت کۆکردنەوەی 143 دەنگی کورد و سوننە و لایەنەکانی تری ناو پەرلەمان بو بۆ خستنی جەعفەری.

مالیکی و ئەمه‌ریکا
لە ساڵی 2007 خاتون هیلاری کلنتۆن و کارل لێڤین دو ئەندامی کۆنگرێس لەگەڵ چەند سیاسەتمەدارێکی تری ئەمه‌ریکا داوایان کرد کە مالیکی لە پۆستەکەی لاببرێت وکەسێکی تر کە "کەمتر پەرتەوازەکەر و زیاتر بۆ یەکگرتن کاربکات" هەڵبژێرن. ئەو دوانە نەیان شاردەوە کە مالیکی زۆرتر سەرقاڵی شیعەکانە نەک ئاشتبونەوەی نیشتمانی. لە بەرامبەردا مالیکی رەدەی دانەوە و وتی: سیناتۆرە دیموکراتەکان وادەزانن عێراق موڵکی خۆیانە و هۆشیان بەبەربێتەوە و رێز لە دیموکراسی بگرن. وێرای ئەوەی هەڵوێستی دۆستانەی مالیکی بۆ ئێران و نزیکبونەوە لێی مایەی نیگەرانی ئەمه‌ریکیەکان بوە و هۆکاری دروستبونی گرژی نێوانیشیان بوە، وەلێ سەرۆک بوش پشتگیری لە مالیکی دەکرد وبیانوەکەی ئەوەبو کە ئەوە کاری عێراقیەکانە کێ بۆ ئەو پۆستە دیاریدەکەن.

مالیکی لەماوەی یەکەم حوکمڕانیدا و لە تەمموزی 2006 سەردانی واشنتۆنی کرد و لەگەڵ سەرۆک بوش کۆبوەوە و لە کۆنگرێسیش وتارێکی پێشکەش کرد. ئەم سەردانە بوە مایەی پرۆتێست و نیگەرانی ژمارەیەکی زۆر لە کۆنگریس مان و سیاسەتمەدارانی ئەمه‌ریکا و بەتایبەت بەرامبەر بەهەڵوێستی مالیکی لە پشتگیریکردن لە (حزب اللە)ی لوبنان و ئیدانەکردنی ئیسرائیڵ. تەنانەت سەرۆکی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس Howard Dean مالیکی بەدژایەتیکردنی رەگەزی سامی وەسفکرد.

لە هەندێک راپۆرتی دبلۆماسیدا کە لە ساڵی 2009 دا ئاشکرابون باسدەکرێت کە شا عەبدوڵای سعودیە وتویەتی بەهیچ شێوەیەک متمانەی بە مالیکی نیە و پێشتر بەڵینی پیداوە کار بۆ ئاشتبونەوەی نیشتمانی بکات، بەڵام هیچی وای نەکردوە و بۆیە هیچ متمانەی پێناکرێت و بە دەق وتویەتی: "من متمانە بەم پیاوە ناکەم، ئەو عەمیلێکی ئێرانە". شا عەبدوڵا بە سەرۆک بوش و دیک چێنی جێگری وتوە: "من چۆن چاوم بە پیاوێک بکەوێت کە متمانەی پێناکەم، لەوکاتەوەی هاتۆتە دەسەڵات دەرگای بۆ دەسەڵاتی ئێران لە عێراق واڵاکردوە".

حوکمڕانی یەکەم
مالیکی بۆ چەسپاندنی پێگەی خۆی و لەژێر فشاری دەرەوە و ناوەوە و بۆ راگرتنی هاوسەنگی هێز هەڵمەتێکی دژ بە گروپە چەکدارەکان دەستپێکرد، کە تیرۆر و کوشتنیان کردبوە کاری رۆژانەیان و لەوانەش سوپای مەهدی سەر بە موقتەدا سەدر. هەرچەندە هێزەکانی ئەمه‌ریکا، بەتایبەت هێزی ئاسمانی، رۆڵی بەرچاویان لە تەمێکردنی میلیشیاکانی سەدردا هەبو، مالیکی خۆی لە پشت ئەو پاساوەدا دەشاردەوە و راستەوخۆ کوشتنی برا شیعەکانی لە ئەستۆ نەدەگرت. مالیکی دوای ئەم هەڵمەتە توانی رێکەوتنی ئەمنی و کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا لە کۆتایی ساڵی 2011 سازبکات، بەرەی کوردیشی بەقسەی شیرین و دەستی دەستی پێکردن بێدەنگ کردبو. ئەم پراکتیکە میکاڤیلی ئاسا و دو رویانە بە سەرکەوتن و بەخێر بۆی گەڕانەوە، ئێران بە چاوێکی جیاواز لە جاران هەڵسەنگاندنی مالیکی دەکرد. بۆ ئێران گرنگە بەرژەوەندیەکانی بپارێزرێت و عێراق نەبێتە مەترسی لە سەری، گرنگ نیە کێ ئەو کارە ئەنجام دەدات. مالیکی لە سەردانە زۆرەکانی بۆ ئێران و بە پیاوەکانی ئێران لە عێراق ئامادەی خۆی دەربڕیبو ببێتە شەبەحێکی ئێرانی، بەڵام بێ عەمامە و بە قاتو بۆیمباخ و زمانی سەردەمەوە.

مالیکی لە ماوەی حوکمڕانی یەکەمدا به‌ فێڵاوی مامەڵەی دەکرد، مەترسی و فشاری ئێرانی بەکاردەهێنا تا سازشکردنی سوننە و رۆژئاوا بۆخۆی مسۆگەربکات و پێی دەوتن بەپێچەوانەوە ئێرانیەکان بەتەواوی دەبنە حاکمی عێراق. تادەهات دەسەڵاتی ئێرانیەکان لە عێراقدا لە هەڵکشاندندا بو و میلیشیا شیعەکان، سوپاکانی مەهدی و بەدر، لەلایەن ئێرانەوە یارمەتی هەمە جۆر دەدران و مالیکیش بە خراپ بەکارهێنانی پۆستەکەی زۆر کائاسانی بۆ کردون، تەنانەت ناڕاستەوخۆ کارئاسانی بۆ کاری توندوتیژی و کوشتنی ئەمه‌ریکیەکان و بۆ سوپای قودس و بەرپرس و چەکدارەکانیان لە عێراق کراوە. مالیکی تادەهات سیما و رەنگی شەبەحێکی ئێرانی لەخۆ دەگرت.

مالیکی دەسەڵات و پۆستەکەی بەکارهێنا بۆ چەسپاندنی پێگە و هێزی حیزبی دەعوە و زۆربەی باڵادەستەکانی دەوروبەری لە کوڕەکانی حیزبەکەی ئەون، زۆرێک لەوانە لە گەندەڵی و کاری نایاساییەوە تێوەگلاون. لە هەڵبژاردنەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق لە کانونی دوەمی ساڵی 2009 دەعوە سەرکەوتنی بەدەستهێنا و رکابەرە شیعەکانی تری توشی شکست کرد. ئێران دەیویست بەرەی شیعە یەکگرتو و بەهێز بمێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە فشارێکی زۆری لە مالیکی دەکرد.

مالیکی و ئێران
باسمان کرد چۆن پێشتر ئێران مامەڵەی لەگەڵ مالیکیدا لەسەر خاکی ئێران کردوە.
زۆربەی کارە تێکدەرەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی سوپای قودسەوە ئەنجام دەدرێن. ئێرانیەکان لە عێراق مەشق بە گروپە چەکدارەکانی دژ بە ئەمه‌ریکا دەکەن و چەک و زانیاری و یارمەتی لۆجیستیکیان پێدەدەن. زۆربەی ئەم یارمەتیانە بۆ سوپای مەهدی و میلیشیاکانی مەجلیسی ئەعلایە و لەگەڵ پارتە کوردەکانیش لینکێکی باشیان هەیە. لە هەمان کاتیشدا سوپای قودس ئەو میلیشیایانەی لە گروپەکانیان جیادەبنەوە مەشقیان پێدەکەن و یارمەتیان دەەن، وەک ئەو چەکدارە زۆرەی کە لە سوپای مەهدی جیابونەوە بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی زیاتری گروپە چەکدارەکان.

مالیکی لەم هەمو کەین و بەینە بەئاگابوە و زۆربەی فەرمانەکانی ئێرانی جێبەجێ کردون.

لەنێو زۆربەی عێراقیەکاندا و بەشێکی بەرچاو لە شیعەکان ئێران ئەوەندە خۆشەویست نیە، بەدرێژایی مێژو ئێران لەو کاتانەی گۆمی عێراق لێڵ بوە راوی خۆی کردوە. مالیکی بەهۆی سەرقاڵیبونی بەحیزبەکەی و بەمەزهەبەکەیەوە نەبۆتە زەمینەخۆشکەری ئاشتبونەوەی نیشتمانی و بەپێچەوانەوە گویڕایەڵی بۆ ئێران و خۆپەرستنی وایانکردوە کە ئارامی و ئاسایشی عێراق تابێت رو لەخراپبون بکات، ئەوەش دەقاودەق مەبەستی دەسەڵاتدارانی ئێرانە. مالیکی وەک زۆربەی سیاسیە هاوجۆرەکانی لە ئێرانەوە فێربوە کە دەتباتە سەر ئاو و بەتینویەتیش دەتهێنێتەوە. مالیکی لەگەڵ کورد دەقاودەق ئەو راستیەی سەلماندوە و بۆیە دەبێت کورد زۆر ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ئەو مەودا ستراتیژەی ئێران هەیەتی بکات، ئەمەش پابەندە بەویستی سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە، ویستێک تا ئەم ساتەش پێچەوانەکەی پراکتیزە کراوە.

ئێرانیەکان گەیشتبونە قەناعەت کە ناتوانن مالیکی نەخوێننەوە و خۆیان زیاتر لێی نزیک دەکردەوە. لە دیداری ئایەتوڵڵا خامنه‌یی لەگەڵ مالیکی لەمیانەی سەردانی بۆ بەدەستهێنانی پشتگیری ئێران بۆ خولی دوەمی سەرۆک وەزیران رایگەیاند: "خوازیارم و پشت بەخوا کە هەیمەنەی ئەمه‌ریکا بەسەر عێراقدا بە زویی کۆتایی بێت، ئەمەش کێشە نیشتمانیەکانی عێراق چارەدەکات". مالیکی لە بەرامبەردا رایگەیاند، کە پەیوەندیەکانی نێوان عێراق و ئێران ستراتیژین، بێئەوەی مەبەست لەم لێدوانە قورسە رونبکاتەوە.

مالیکی و بلۆکی شیعەی ناوچەکە
بۆ یەکلاییکردنەوەی مالیکی بۆ خولی دوەمی سەرۆک وەزیران ئێران رۆڵێکی هەستیاری بینی لە دانانەوەی مالیکی و رازیکردنی کوتلەکانی تری شیعە و بەتایبەت موقتەدا سەدر بۆ ئەو مەبەستە. لە کاتی سەردانی مالیکی بۆ ئێران و لێدوان لەگەڵ ئایەتوڵڵا خەماینی و سەرۆک کۆمار ئەحمەدی نەژادی هەر دوکیان پشتگیری خۆیان بۆ مالیکی دەربڕی. دواتر جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاغای رەوف شەیبانی رایگەیاند: "دیاریکردنی مالیکی (بۆ سەرۆک وەزیران) گونجا و دروستە و ئێران رێز لە هەڵبژاردنی مالیکی دەگرێت"، مالیکی بۆ هەمان مەبەست سەردانی سوریاشی کرد.

ئێران بۆ سازدانی رێکەوتنێکی هەستیار وەساتەتێکی زۆری لەگەڵ وڵات و هێزەکانی ناوچەکە کرد تا حکومەتێکی سەر بە ئێران لە عێراقدا بێنێتە سەرپێ. بەپێی چەند سەرچاوەیەکی رۆژئاوا رۆڵی ئێران بڕیاردەر بوە لە گرێدانی مالیکی و موقتەدا سەدر بەیەکەوە. رێکەوتنەکە سوریا و (حزب اللە)ی لوبنان و شیعە باڵادەستەکانیشی تێدایە و لە پەراوێزیشیدا کوردە گوێڕایەڵەکان بۆ ئێران. بەپێی ئەو رێکەوتنە بۆ رازیکردنی کورد تاڵەبانی وەک سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێتەوە و مالیکی وەک سەرۆک وەزیران دەست بەکاربێت و ئێرانیش وەک هێزێک بۆ ئیحتواکردنی بەرژەوەندیەکانی ئەمه‌ریکا کاربکات، کاتێک ئەمه‌ریکا شێوازی پەیوەندی و مامەڵەکردنی لەگەڵ عێراقدا لە چوارچێوەی سەربازیەکی بەهێزەوە بۆ سیڤیلی دەگۆرێت.

گۆڕانی هەڵوێستی موقتەدا سەدر بەرامبەر بە مالیکی لە ئاکامی هەڵوێستی باوکی رۆحی سەدریەکان بو، ئایەتوڵڵا کازم الحیری، دوای ئەمیش ئێرانیەکان بەزەقی هاتنە سەرخەت. مالیکی بۆ قۆستنەوەی هەلەکە سەرۆکی دیوانەکەی لەگەڵ (عبدالحلیم الزهیری)، سەرکردەیەکی باڵادەستی دەعوە، بۆ قوم نارد و لەوێش لەگەڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی (حزب اللە) (محه‌مه‌د کەوسەرانی) و فەرماندەی سوپای قودس (قاسم سلێمانی) کۆبونەتەوە. سێ هەفتە دواتر ئەحمەدی نەژادی لە فرۆکەخانەی شام لەسەر رێگای بۆ کۆبونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەگەڵ بەشار ئەسەد بۆ ماوەی دو سەعات کۆبوتەوە و مەبەستی سەرەکی قەناعەت پێکردنی ئەسەد بوە لە سەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران لەلایەن مالیکیەوە، ئەو سەردەمە پەیوەندیەکانی مالیکی و سوریا گرژ و نائاساییبون. رۆژێک دوای ئەوەی پشتگیری سەدر بۆ مالیکی ئاشکرابو ئەسەد سەردانی ئێرانی کرد. هەردو ئایەتوڵلا خامنه‌یی و حەسەن نەسروڵڵای سەرکردەی (حزب اللە) دەستخۆشیان لە هەنگاوەکەی سەدر کرد. مالیکی ئەم هەمو کەسایەتیە شیعانەی ئاگادار کردۆتەوە کە دوای کۆتایی ساڵی 2011، دوا وادەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا، بەهیچ جۆرێک رازی نابێت مانەوەی ئەمه‌ریکیەکان نوێ بکرێتەوە یا درێژ بکرێتەوە یا بنکەی سەربازیان هەبێت یا کارئاسانی بۆ ئەمه‌ریکا و بەریتانیا بکات. پێدەچێت مالیکی عێراق بە موڵکی عەشیرەتەکەی بزانێت تا بەو جۆرە حوکمی لەسەر بدات. ئوسامە نوجەیفی ئەمه‌ریکا بە گوناهباری سەرەکی دەزانێت کە بێدڵی ئێران ناکات و دەڵێت: کار وابڕوات داگیرکەرانی ئەمه‌ریکی دەگۆڕێن بە داگیرکەرانی ئێرانی.

مالیکی ئێستا وئایندە
پاڵپشتی ئێران و سوریا بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، کشانەوەی هێزەکانی ئەمه‌ریکا، مسۆگەرکردنی بێدەنگی تورکیا، سودوەرگرتن لە سیاسەتی ئەمه‌ریکا بۆ چارەکردنی کێشە ناوچەییەکان لەرێگەی دیالۆک و لێدوانی وڵاتانی ناوچەکان، خۆپیشاندان و راپەرینەکانی میسر و یەمەن و لیبیا وتونس و بەحرێن بەرەی کلاسیکی نەتەوەیی سوننەی عەرەبی لاواز و پەرتەوازە کردوە، مسۆگەرکردنی بێدەنگی کورد و رازیکردنیان بە پارەوپول، ئەم هەمو هەلومەرجانە زۆر لەبارن تا مالیکی بە ئارەزوی خۆی حوکمڕانی بەڕێوەببات و زەمینەی هاربونی ئەم شەبەحەی ئێرانن لە عێراقدا.

نیشانە سەرەتاییەکان بۆ کورد مەترسیدارن، پشتگیری مالیکی بۆ هەموارکردنەوەی دەستور، هەنگاو بەهەنگاو پوچەڵکردنەوەی مادەی 140، تەعریبکردنی بەشێکی بەرچاوی ناوچە دابڕێنراوەکان، پەلاماردانی سەربازی و ژێربەژێری کورد لەو ناوچانە، هێرش و تەعەدای بەردەوامی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێم ئەو کارانانەن کە مەترسی تەواوی نەک لەسەر نمونەی حوکمرانی کورد دروستکردوە، بەڵکو هەڕەشەیەکی جدیە لەسەر بەرژەوەندی نەتەوەیی کورد. کەم کەس هەن باوەڕبکەن کە باڵادەستەکانی کورد بتوانن شتێکی ئەوتۆ بۆ ئەو مەسەلانە بکەن، تەنانەت بەشێک لێیان بەخەستی چونەتە ناو ئەو گەمە قێزەوەنەوە و دەرچونیان لێی مەحاڵە، بۆیە رێگەی گونجا و دروست ئەنجومەن یا پلاتفۆرمێکی نەتەوەییە کە لە کوردستانەوە سەرهەڵبدات و ببێتە ئەو قەڵغانەی کە بەرگری لە نمونەی حوکمڕانیمان و لە بەرژەوەندی باڵای نەتەوەییمان بکات.

مالیکی لەسەر روداوەکانی سوریا و قەسابخانەکەی بەشار ئەسەدی هاوخەون و مەزهەبی لۆمەی خۆپیشاندەران دەکات، هاوکات میوانداری شاندێکی فەرمی حکومەتی سوریا و بازرگانانی سوری دەکات و لەگەڵیاندا باس لە پتەوکردنی پەیوەندیەکان دەکات، پێشتریش وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی عێراقی کردوە. ئەم هەڵوێستەی بەتەواوی پێچەوانەی هەڵوێستی بو کاتێک هاومەزهەبەکانی لە بەحرەین دژ بە میری سوننەی ئەو دورگەیە خۆپیشاندانیان دەکرد و مالیکی کەشتیەک پر لە یارمەتی بۆ خۆپیشاندەران نارد و داوای لە دەسەڵاتداران دەکرد وازبهێنن.

تاوانەکان دژ بە جێنشینبوانی کەمپی ئەشرەف لە نیسانی ئەمساڵدا هۆکاری ئەو داوا فەرمیەی دادگایەکی ئیسپانی بو تا لیکۆڵینەوە لەگەڵ مالیکی بکەن، بۆ ئەو تاوانانە سادق لاریجانی، سەرۆکی هەیئەی دادی ئێرانی، دەستخۆشی لە مالیکی کرد و داوای کرد وڵاتانی ئەورپاش لاسایی بکەنەوە لە تەمێکردنی گروپەکانی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانی.
 
بەپێی سەرچاوە فەرمیەکانی کۆماری ئیسلامی رێکەوتنێک لەگەڵ حکومەتی مالیکی هەیە بۆ پەلاماردانی پژاک لە خاکی عێراقدا، هەمان ئەو سەرچاوانە رازیبونی مالیکی یان بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکان دژ بە پژاک راگەیاند. وەک پیشەی بەردەوامیان پیاوێکی مالیکی ئەم هەواڵانەی بەبێ بنەما وەسفکرد.

تا کار لەکار نەترازاوە دەبێت کورد زۆر وریا و هێمنانە مامەڵە لەگەڵ ئەم شەبەحە و ئەو هەورە رەشەی بەرەبەرە خەریکە ئاسمانی کوردستان دەتەنێت بکات. رێکەوتنی کورد لەسەر پێناسەکردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و پاراستن و گەشەپێدانی حوکمڕانی خۆماڵی و هەڵوەستەکردنێکی نەتەوەیی جدی لە بەرامبەر لەتبون و پەرتەوازەبونی بەرەکانی تری حوکمڕانی لە عێراقدا بەئاراستەی بەهێزکردنی پێگەمان لە حوکمڕانی بەغدا و پاراستنی دەسکەوتەکان و بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی لەسایەی دۆخی هەشت ساڵی دوایید بێ چارە قەتیسبون، ئەو کارانەن کە بونەتە ئەرکێکی نەتەوەیی بۆ ئێستا و ئایندە.


23/08/2011 بینین: 11314
وتاره‌کانی تری نوسه‌ر
به‌ناوی گۆڕانه‌وه‌ ... یا به‌ رۆحیه‌تی گۆڕان؟...
بارزانی نێوان به‌غدا و واشنتۆن...
گۆڕان و یه‌کێتی به‌ره‌وکوێ؟...
وێڕای جیاوازیه‌کانی گۆڕان و یه‌کێتی...
چۆن سه‌رۆکێکمان پێویسته‌؟...
ئه‌گه‌ر مام جەلال بتوانێت ...
نیو سه‌ده‌ نێوان نه‌وشیروان مسته‌فا و مسعود بارزانی...
بۆچی شه‌ڕ یه‌خه‌ی کوردی گرتوه‌؟...
نوێنه‌رانی کورد و قه‌یرانه‌کان‌ ...
شه‌ڕی داعش... چۆن؟...
بۆچی داعش په‌لاماری کوردستانیدا؟...
کورد له‌داوی دڵه‌ڕاوکێی ئه‌مەریکادا...
گۆڕان و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌...
چه‌ند جه‌مسه‌رێکی یه‌کێتی بۆ واده‌که‌ن؟‌...
ئایا گۆڕان په‌له‌ی کردوه‌؟...
گۆڕان و کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی یه‌کێتی...
چاوه‌ڕوانی چی بین له‌ رێکه‌وتن؟...
گۆڕان... گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تا!...
سلێمانی و هاوسه‌نگی هێز...
کورد و جه‌نگی دوه‌م دژ به‌تێرۆریزم...
گۆڕان و پارادۆکسی حوکمڕانی...
میحنه‌تی کورد و ده‌ربازبون ...
تارمایی رێکه‌وتنی ستراتیژی...
هیتله‌ره‌که‌ی‌ ئیسلام...
یه‌کێتی... تاکه‌ی به‌م شێوه‌یه‌؟...
پارتی و یه‌کێتی له‌ ته‌رازوه‌که‌ی داعشدا...
چۆن مامه‌ڵه‌ی گو‌رگه‌ بۆره‌که‌ بکه‌ین؟...
ئایا ئه‌مه‌ ناچاریه‌ له‌ گه‌ڵ به‌غداد؟...
ته‌نگه‌به‌ره‌کانی به‌رده‌م کورد...
مه‌راق و خه‌مه‌کانی بارزانی...
داوێنی به‌رپرسیاریه‌تی سه‌رکردایه‌تی کورد؟...
راگه‌یاندنێکی خۆپه‌رستانه‌ له‌ شه‌ڕکردنی داعشدا...
سه‌رۆک کۆمارێکی بێ شانس...
ناڕه‌زایه‌تی له‌ گۆڕان... بۆچی؟...
سه‌ربه‌خۆیی به‌ئیجازه‌ی ده‌ستور...
ده‌وڵه‌تی کوردی نێوان ده‌ڵه‌مه‌یی و ئه‌گه‌رێکی به‌هێزدا...
داعش و هه‌ریسه‌ی کوردی...
به‌ڵێ کاک نه‌وشیروان ''تاکڕه‌وه‌''...
داعش منداڵێکی لاسار له‌ گه‌مه‌ی گه‌وره‌کاندا...
کورد له‌به‌رده‌م دو‌ڕیانێکدا...
ئێران چی لێمان ده‌وێت؟...
بۆ یه‌کێتی واده‌کات؟...
ته‌وقه‌کانی سه‌ر سلێمانی و رێگه‌چاره‌؟...
ئه‌مجاره‌ ده‌نگ به‌ هه‌مو ره‌نگه‌کان بده‌م؟...
کزبونی ئه‌ستێره‌ی یه‌کێتی... بۆچی؟...
عه‌مره‌کاران‌ لەنێوان‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و پێکهێنانی کابینه‌دا...
کورد و زه‌لکاوه‌که‌ی مالیکی...
گۆڕان و هزری نه‌ته‌وه‌ و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌کان...
کابینه‌ی هه‌شت و متمانه‌و رۆحی نه‌ته‌وه‌یی...
یه‌کێتیه‌کی خنجیلانه‌...
گۆڕان و پارتی له‌به‌رده‌م ئه‌زمونێکی سه‌ختدا...
گۆڕان له‌ سه‌نگی مه‌حه‌کدا...
برینه‌کانی یه‌كێتی و عشقێکی پڕوکاوه‌...
گۆڕان و ئیرسی مام جەلال...
گۆڕان و ئیرسی حوکمڕانی پێشو...
بۆچی و چۆن گۆڕان به‌ره‌و ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوات؟...
ئه‌سته‌نگه‌کانی به‌رده‌م گۆڕان له‌ حوکمڕانیدا...
کاوه‌ گه‌رمیانی له‌ چاوڕوانی گۆدۆدا...
گۆڕان و پارتی و دڵته‌نگبوه‌کان...
گۆڕان و کۆتایی قۆناغێك...؟...
سلێمانی نێو به‌رداشی دوانه‌ی ده‌سه‌ڵات...
دکتۆر به‌رهه‌م و گارده‌ دێرینه‌کانی یه‌کێتی...
هه‌رێم لە پاشکۆی تورکیادا ...
وه‌ستان به‌یه‌که‌وه‌ و که‌وتن به‌ته‌نیا...
پاش ده‌نگدان؟...
پێش ده‌نگدان ... بیان ناسن...
حوکمڕانی ترس...
سێرکی نه‌ته‌وه‌یی...
خه‌ون و شه‌ڕه‌ شیرینه‌کان...
نه‌ترسان له‌ مێژو...
بۆ پارتیه‌کان...
پارتی بۆ وا ده‌کات؟...
ده‌ستوری ده‌ستی دو...
سیاسه‌ت و ده‌ستور: زیمبابۆ و کوردستان...
سیاسه‌تی (ده‌سکه‌ گوڵه‌که‌ی) ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌کێتی...
دید و هه‌ڵسه‌نگاندنێک بۆ حوکمڕانی بارزانی‌...
دوانه‌ی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵبژاردنه‌کان...
وه‌همی چاکسازی و سه‌رابه‌که‌ی ئۆپۆزسیۆن و داتاشینی ده‌سه‌ڵات‌ ...
بودجه‌ و به‌قاڵی...
تارماییه‌کانی په‌یوه‌ندی کورد و ئیسرائیل...
له‌ ماڵئاوایی ئه‌مساڵدا، وانه‌یه‌ک بۆ منداڵانی شاره‌که‌م...
(ئه‌میره‌که‌ی) میکافیلی یا(پاشاکه‌ی) هۆبیس؟...
هه‌ڵه‌ تێمه‌گه‌ن... مالیکی بۆخۆی راست ده‌کات...
ئێران و بارزانی...
هه‌رێمێکی‌ ره‌ش و سپی...
تارماییه‌کانی نه‌وتی هه‌رێم...
رێکه‌وتنی سێپته‌مبه‌ر و ئاراسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی‌ ...
کوردستان، ته‌کساسێکی نوێی نه‌وتچیه‌‌ ئه‌مەریکیه‌کان...
نه‌وت فرۆشێکی گه‌ڕۆک...
مێژوی کۆمه‌ڵه و حکایه‌ت بێژه‌کان...
36+ ؟...
گۆڕان و به‌رپرسیاریه‌تی...
بارزانی بۆ وایکرد...
ئەم دۆخە بەرەو کوێ؟...
بەڕێزان و متمانە...
گرێبەستی سیاسەت و مۆراڵ لە باشوری کوردستان...
پێش داڕماندن...
کارنامەی بارزانی و هزری نەتەوەییمان...
دیلێماکەی بارزانی...
جارێکی تر تاڵەبانی و بارزانی و مالیکی...
لە سلێمانییه‌وه‌ -2-...
لە سلێمانیەوە ...
گۆڕان بەرەو کوێ؟...
کورد و قەیرانی شیعە و سوننە...
تاڵەبانی و بارزانی، دو روی یەک دراو...
سەقامگیری و ئارامی و مەترسیەکان...
مەملەکەت تەنها بە پاشا بەڕێوە ناچێت...
کورد له‌ نێوان مەرجەعیەتی کوردستان و نوێنەرایەتی بەغدا...
ئیمپراتۆریەتێک لەسەر خۆڵەمێش... یا ...؟...
گۆڕان و هاوسەنگی هێز لە کوردستان...
پەتای ئێرانی و......
نزای دانوستان...
دوانەی ستەمکاری لە کوردستان: هێز و دەسەڵات ...
کردار شەرتە، ئەمما چ کردارێک؟...
میدیای حیزب لەنێوان جادوگەری و پەیامی یەزدانیدا...
ناسنامە و شەرعیەت لە گێژاوی قەیراندا...
تاڵەبانی و پشکی لەم قەیرانەدا...
سوتاندنی رۆما و سلێمانی...
سلێمانی دەستەمۆ ناکرێت...
ئایندەیەکی نادیار...
شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ و ستەمکارەکانی ئەمڕۆ...
ئەم دو سەرکردەیە و مێژو و ئێستا...
منداڵە یاخیبوەکان...
دەسەڵات لەبەردەم نابوتی سیاسیدا...
خۆپێشاندانەکان لەنێوان لوتکەی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا...
قەیران و ئاغاکانی دیموکراسیەت...
نەدەبو گۆڕان......
ئایا گۆڕان و دەسەڵات دەگەنە ئەنجامێک؟...
پێگەی کورد لە سیاسەتی ئەمه‌ریکادا...
ئێمە ته‌نها فریشتە نین...
دەسەڵاتدارانی کورد وهاوکێشەی سیاسەتی واقیعی...
گۆڕان لەنێوان کەلەپوری چه‌قبه‌ستو و عەقڵانیەتدا...
بەغدا لە مالیکی دوەمدا چی لە کورد دەوێت؟...
کشانەوەی گۆڕان، سەرەتا و ئه‌زمونێکی نوێ ...
فانتۆمی بیابان و تەرێتی و شکانی...
خەزانی حیزب...
گۆڕان‌و داڕشتنێکی جیاواز...
گۆڕان و دەسەڵات و نەتەوە...
گۆڕان و یەکێتی، سارێژکردنی برینەکان...
هەرێم لە جەنجاڵی سیاسەتی "هێزی نەرم"ی تورکیادا...
گۆڕان و ئایندەی ناسیۆنالیزمی کوردی...
رێککەوتنامەی نه‌ته‌وه‌یی یا گرێبەستی حیزبی...
دەسەڵات و قەیرانێکی سەخت...
یەک هەڵوێستی تەڵەیە یا بەردی نزا؟ ...
لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا... بەرەوکوێ؟...
گۆڕان خەریکی چیە؟...
قه‌ناعه‌ت و پێداچونه‌وه‌...
ره‌شبینیه‌ك: مه‌ترسیه‌كانی شورای حیزب...
لە دامێنی هەڵوەستەیەکدا...
كارله‌كار ترازاوه‌...
ده‌نگ بۆچی بده‌م؟ ...
گۆڕان له‌نێو خواست‌و واقیعدا...
ده‌مكوتكردن یا...؟...
گۆڕان له‌به‌رده‌م ئه‌رك و ئه‌گه‌ره‌كاندا...
هه‌ڵه‌بجه‌ و راسته‌یه‌كان له‌چه‌ند لاپه‌ره‌یه‌كی مێژودا...
سلێمانی و باب العالی و سه‌دری ئه‌عزه‌م
بابی عالی چیه‌؟...
ده‌ریای عێراق وكه‌شتی كوردی...
زۆرینه‌ی بێده‌نگ و ئۆپزسیۆنكردن له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مان...
"گێژه‌ڵوكه‌ی نێو فنجان" یا شنه‌بای گۆڕان...
ترس له‌ شكست و سزادانی دیموكراسیه‌ت...
ئایا شكستی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی كۆتایی جه‌لالیه‌؟...
چه‌مكی شكست له‌ هزری وشكی برینداربوی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتیی دا...
ده‌سته‌ وتاقمه‌كانی ده‌وروبه‌ری مام جه‌لال و فرمێسكه‌كانی خوایه‌ك...
ئایا مام جه‌لال یش براوه‌ نیه‌؟...
ئه‌وان......
جه‌مسه‌رگه‌ری وگۆڕان ونیه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌ك...
هێمنی گه‌رده‌لولێك...
دوالیزمی (حیزب وده‌سه‌ڵات) له‌ به‌رامبه‌ر گۆراندا...
بێ ناونیشان...
هه‌ڵبژاردن له‌سایه‌ی هێرشی حیزبدا...
باسێك له‌ مێژویه‌كی داپۆشراو...
ئه‌تككردنی جوانیه‌كان...
پلاسیبۆی كوردی *...
سه‌راب و زوقم...
لیستی نوێكردنه‌وه‌ و ئه‌گه‌ره‌كان...
توڕه‌یه‌ نیشتمان... توڕه‌یه‌...
حكومه‌ت ‌و حیزب به‌ره‌و كوێ‌؟...
قه‌ڵایه‌كی گه‌وره‌... یه‌كێتیی ناو یه‌كێتی‌و تێكده‌رانی...
ته‌لقینكردنی ریفۆرم ‌و زیندوبونه‌وه‌ی...
وشكی‌و نه‌زۆكی خه‌یاڵێك...
زۆرینه‌ وكه‌مینه‌ وبۆچونێكی جیاواز...
به‌ره‌وكوێ ؟...
به‌ڵای‌ گه‌نده‌ڵی...
چاره‌نووس وچاوه‌زار...
قه‌یرانه‌كانی كوردو تای ته‌وافوق و دیموكراتیه‌ت و ده‌ستور...
ته‌وافق و په‌رته‌وازه‌بوون...
ئه‌مه‌ریكا و كورد: چه‌ند ساڵێك له‌ گه‌مه‌كردن...
كوێر و چاوساغ...
ره‌نگ و ئاوازی جیا...
ریفۆرم .. و چێشتی مجه‌ور... و گۆڕان...
باشوور و توركیا، ئه‌وه‌ی ئاشتی بوێت ده‌بێت خۆی بۆشه‌ر ئاماده‌بكات...
وه‌رزی كاڵبونه‌وه‌ وهه‌ڵساندنه‌وه‌ ...
تاریكی ئه‌شكه‌وت و سوننه‌تی په‌رستگه‌...
ئایا چیتر ماوه‌.....؟...
شێر و خه‌ت...
هه‌ڵه‌ی مێژوو و مێژووی هه‌ڵه‌...
گرێ كوێره‌كان...
كێ ده‌پرسێته‌وه‌؟...
ساتی راستییه‌كان...
ته‌وافقی كوردی بۆ چییه‌؟...
چه‌پ و ریفۆرم و "نۆستاڵجی"...
كێ دۆڕاوه‌... توركیا؟...
كوردایه‌تی له‌نێوان "كوردستان یا نه‌مان"‌و "كوردستان ‌و مان"...
كه‌ركوك و بۆچوونێكی جیاواز...
ئایا پارتی چی ده‌وێت؟...
نوێترین هه‌واڵ...
(سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە ...
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ هەڵدەبژێردرێن...
به‌رشه‌لۆنه‌ دوه‌م نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ده‌ستهێنا...
داعش زیندانی تەدمور دەتەقێنێتەوە...
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: دەستور دەبێت سەقامگیری بەدیبهێنێت...
لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە...
بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە...
یەپەگە ئۆپەراسیۆنی دابڕینی داعش لە تورکیا و بەستنەوەی جزیرە و کۆبانی پێکەوە جێبە...
بەڤیدیۆ؛ زەمینلەرزەیەک ژاپۆن دەهەژێنێت .. مەترسی تسۆنامییەکی دیکە دەکرێت...
گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان دەدۆزرێتەوە .. تەرمی (20) ژن و (33) منداڵ و پیری تێ...
بەڤیدیۆ؛ سیناریۆکانی دابەش بونی عێراق...
داعش هێرش دەکاتە سەر شاری حەسەکە...
عه‌بادی: جیاوازی له‌ نێوان کەوتنی رومادی و موسڵدا هه‌یه‌ ...
عەلی باپیر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت...
(20) سه‌ركرده‌ی داعش لە ئەنبار کوژران...
پێشمەرگە شكست بە هێرشێكی داعش دەهێنێت...
هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد...
بیرلسكۆنی: میلان نافرۆشین...
باندێکی (10) کەسى دەستگیر دەکرێن...
شاندێکى گۆڕان بۆ پشتیوانی کورد دەچێتە باکور ...
''لە ساڵێکدا بیانیه‌كانی ناو داعش بەرێژەى (70%) زیادیان کردوە''...
یەک ملیۆن نەمام لە بەردەم مەترسیی وشکبوندان...
بریمه‌ر داوا دەکات چەک بە کورد بدرێت ...
حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت ...
ئێران دەستگیرکردنى چه‌ند تۆڕێكی‌ سه‌ر به‌ داعش رادەگەیەنێت ...