پانۆرامای گرنگترین روداوه‌کانی ساڵی 2014

ئامادەکردنی: رێبوار محەمەد

ساڵی (2014)، به‌ ساڵێکی پڕ له‌ روداو و گۆڕانکاری داده‌نرێت له‌ڕوی سیاسی و ئابوری و بواره‌کانی دیکه‌ له‌ کوردستان و عێراقیش، لەناویاندا سەرهەڵدانی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی موسڵ و چەند ناوچەیەکی خاکی هەرێمی کوردستان و دواتریش روبەڕوبونەوەی پێشمەرگە لەگەڵ چەکدارانی ئەو رێکخراوە.

جگەلەوەش، لە بڕیارێکی مێژوییدا، پەرلەمانی کوردستان رەزامەندی دەربڕی لەسەر ناردنی هێزی پێشمەگە بۆ شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی هاوکاریکردنی شەڕڤانان لە روبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش، هەروەها پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم لەسەر بنەمای حکومەتی بنکە فراوان، رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداو دەستبەرداربونی نوری مالیکی لە خۆ کاندیکردن بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی حکومەت، بەشێکی دیکەن لە دیارترین روداو و گۆڕانکارییەکان لە ساڵی (2014)دا.

کانونی دوەم:
•    هه‌رێمی‌ كوردستان، یه‌كه‌م كاروانی‌ نه‌وتی‌ له‌ كێڵگه‌كانی‌ شێخانه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێلی‌ بارهه‌ڵگر ره‌وانه‌ی‌ بازاڕەکانی دەرەوە كرد.

•    رۆژی (2/1/2014)، هاوڵاتیانی قەزای سەیدسادق، دوای ئەوەی دژی کەمی خزمەتگوازری خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا، بەڵام بەهۆی دروستبونی گرژی و ئاڵۆزی و تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە، گەنجێک بە ناوی (بڕیار حەسەن) کوژرا و زیاتر لە (20) کەسی دیکەش برینداربون.

•    بۆ یەکەمجارو لەڕۆژی (14/1/2014)، بان کی مۆن، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان گەیشتە شاری هەولێرو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بۆ ئەوە هاتوین، تاکو گوێ لە داخوازی پەنابەران بگرین، ئەوەی ئەمڕۆش لێرە بینیم سەبارەت بە رەوشی پەنابەران بە راستی دڵم تەنگ دەکات.

شوبات:
•    رۆژی (19/2/2014)، حکومه‌تی عێراق و حكومه‌تی‌ کانتۆنه‌کانی رۆژئاوای کوردستان رێکه‌وتنێکیان واژۆکرد سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی‌ ده‌روازه‌ی‌ ته‌ل كۆچه‌ر له‌نێوان عێراق و رۆژئاوای‌ کوردستان.
•    وه‌فدێكی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، سه‌ردانی‌ قه‌ندیل-یان كرد و له‌گه‌ڵ جه‌میل بایك، هاوسه‌رۆك و ئه‌ندامانی‌ كه‌جه‌كه‌، كۆبونه‌وه‌و ره‌وشی‌ خۆرئاوا و باكور و باشوری‌ كوردستان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كراو، لەوتەیەکیشدا، جه‌میل بایك وتی: "ئه‌گه‌ر گۆڕان دروست نه‌بوایه‌، پێشكه‌وتنی سیاسی‌ له‌ باشوری‌ كوردستان به‌دینه‌ده‌هات".

•    بۆ هەڵوەشاندنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاران، لە بەغداو چەند شارێکی دیکەی عێراق، خۆپیشاندانی جەماوەری دەستیپێکرد.

•    موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری‌ ره‌وتی‌ سه‌در به‌شێوه‌یه‌كی‌ كتوپڕ كشانه‌وه‌ی‌ ته‌واوه‌تی‌ خۆی‌ له‌كاری‌ سیاسی‌ راگه‌یاند‌و دوپاتیکردەوە، بۆ له‌مه‌ودوا هیچ كوتله‌یه‌كی‌ په‌رله‌مانی‌‌و هیچ پۆستێك له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ حكومه‌ت نوێنه‌رایه‌تی‌ ئه‌و ناكات.

ئادار:
•    رۆژی (1/3/2014)، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی عێراق ژماره‌ی پێوانه‌یی شکاندو ئەو ژمارەیەش‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن به‌رمیل نه‌وتە له‌ رۆژێكدا.

•    رۆژی (4/3/2014)، ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هه‌ڵیانكوتایە سه‌ر بینای‌ ئه‌نجومه‌نی‌ قه‌زای‌ سامه‌را له‌باشوری‌ شاری‌ تكریت له‌پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دین‌و باره‌گاكه‌یان كۆنترۆڵكرد.

•    رۆژی (4/3/2014)، ئەحمەد داود ئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی تورکیا و وەفدێکی یاوەری سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کردو لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆبونەوە.

•    رۆژی (10/3/2014) بە بەشداری هەزاران کەس لە ئەندامانی رەوتی سەدر لە شارە جیاوازەکانی عێراق خۆپیشاندان دژی نوری مالیکی دەستیپێکرد.

•    رۆژی (12/3/2014)، بە بەشداری نوێنه‌ری‌ (40) ده‌وڵه‌تی‌ عه‌ره‌بی‌‌و رۆژئاوا، كۆنگره‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ روبه‌ڕبونه‌وه‌ی‌ تیرۆر لە شاری بەغدا بەڕێوەچو، کە‌ ماوه‌ی‌ دو رۆژ به‌رده‌وام بو.

•    رۆژی (13/3/2014)، حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری هه‌رێمی كوردستان بڕیاری به‌ پارێزگاكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی ئیمزاكرد.

•    رۆژی (22/3/2014) له‌خاڵێكی‌ پشكنینی‌ ناوچه‌ی‌ جادریه‌ی‌ به‌غدا رۆژنامه‌نوس و مامۆستای زانكۆ د.محه‌مه‌د بدێوی كوژرا و مولازم ئه‌حمه‌د ئیبراهیم لە پاسەوانی سەرۆکایەتی کۆمار تۆمه‌تباركرا بە کوشتنی ئەو رۆژنامەنوسە، دواتریش دادگای کەتنی ناوەندی لە بەغدا، بڕیاری زیاندانیکردنی هەتاهەتایی بەسەر ئەو ئەفسەرە کوردەدا سەپاند.

نیسان:
•    رۆژی (29/4/2014) لە پەرلەمانی کوردستان، د. یوسف محەمەد سادق بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، ئەوەش گۆڕانێکی نەوعی بو لە سیستمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، کە پاش هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئەیلولی (2013) هات و بۆ یەکەمجار لەمێژوی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، کەسێک پۆستێکی سیادی لەوشێوەیە وەردەگرێت، کە لەسەر بنەمای باگراوندی شۆڕشگێڕی و شاخ و نزیکی لە بنەماڵە حوکمڕانەکانەوە نەبوە، بەڵکو لەسەر بنەمای لێهاتویی و متمانە پێدانیەوە بوە لەلایەن خەڵکەوە.

•    رۆژی (30/4/2014)، دوای چەندین جار لە دواکەوتن، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن لە هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم ئەنجامدرا، ئەوەش هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

ئایار:
•    رۆژی (12/5/2014)، یه‌كه‌م حاڵه‌تی نه‌خۆشی ئیفلیجی منداڵان له‌ پارێزگای ئه‌نبار تۆماركرا و رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیش باری لەناكاوی له‌ عێراق راگه‌یاند.

•    رۆژی (19/5/2014) كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، ئه‌نجامی به‌رایی هه‌ڵبژاردنه‌كانی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکردەوەو لیستی ده‌وڵه‌تی یاسای نوری مالیكی به‌ بردنه‌وه‌ی (92) كورسی پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناو له‌ (10) پارێزگای عێراقیش یه‌كه‌م بو. هاوکات بزوتنەوەی گۆڕانیش (9) کورسی پەرلەمانی عێراقی مسۆگەرکردو لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانیش لەپلەی یەکەمدا بو، بە جۆرێک زیاتر لە (53) هەزار دەنگ لە پێش سه‌رجه‌م لیسته‌ ركابه‌ره‌كانه‌وه‌ بو.

•    رۆژی (20/5/2014) دوای (8) مانگ لە پێکهێنانی حکومەت دواجار لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە، نێچیرڤان بارزانی بە دەنگی (99) ئەندامی پەرلەمان، بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت ناونرا و قوباد تاڵەبانیش بەکۆی (78) دەنگ بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت دەستنیشانکرا.

•    رۆژی (22/5/2014)، دەنگەکان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەێم بڵاوکرایەوەو سەرەڕای سەرنج و تێبینیەکان لەسەر ئەنجامەکان و پاکێتی پرۆسەکە، بزوتنەوەی گۆڕان لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانی لیستی یەکەم بو کە (359.600)دەنگی بەدەستهێناو د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، کە سەرۆکی لیستەکە بو زیاتر لە (240) هەزار دەنگی بەدەستهێنا.

حوزەیران:
•    رۆژی (7/6/2014)، له‌ ژماره‌یه‌ك ناوچه‌ی‌ شاری‌ موسڵ یەکەمین  پێكدادانی‌ توند له‌ نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان‌و چه‌كدارانی‌ سه‌ربه‌ رێكخراوی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ له‌ عێراق‌و شام- داعش دەستیپێکردو بەهۆشیەوە، (21) پۆلیس کوژراو ژماره‌یه‌ك پۆلیسی‌ دیکەش رفێنرا.

•    رۆژی (7/6/2014)، بەهۆی پێکدادانی نێوان چەکدارانی داعش و سوپای عێراق لە ناوچە سوننە نشینەکان، هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ خرانه‌ حاڵه‌تی‌ ئاماده‌باشیه‌وه‌.

•    رۆژی (10/6/2014) چه‌كدارانی‌ داعش ده‌ستیانگرت ‌به‌سه‌ر بینای‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا‌و فڕۆكه‌خانه‌‌و زیندانی‌ گرتن‌و گواستنه‌وه‌ی‌ موسڵداو له‌ ناوچه‌كانی‌ كه‌ناری‌ راست‌و چه‌پی‌ شاری‌ موسڵدا بڵاوبونه‌ته‌وه‌، بەوەش دوەمین گەورە شاری عێراقیان کۆنتڕۆڵکرد.

•    دوای ئاڵۆزبونی ره‌وشی ئه‌منی پارێزگای نه‌ینه‌واو كۆنتڕۆڵكردنی شاری موسڵ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه‌، ئه‌سیل نوجێفی، پارێزگاری نه‌ینه‌وا گه‌یشته‌ شاری هه‌ولێر و شاری موسڵی بەجێهێشت.

•    رۆژی (11/6/2014)، فه‌ریق روكن عه‌لی‌ غه‌یدان، فه‌رمانده‌ی‌ هێزه‌ وشكانیه‌كانی‌ عێراق و فه‌ریق روكن عه‌بود قه‌نبه‌ر، هاوكاری‌ سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای‌ عێراق، له‌سه‌ر فه‌رمانی نوری‌ مالیكی به‌ تۆمه‌تی كه‌مته‌رخه‌می و چۆكدادان له‌به‌رده‌م داعش فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیان بۆ ده‌ركرا.

•    لە ناحیەی (سنونێ)ی سەر بە شەنگال، هێزی پێشمەرگە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە پەلاماردراو ئەوەش یەکەمین روبەڕوبونەوەی داعش و پێشمەرگە بو دوای گرتنی موسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە.

•    چه‌كدارانی‌ داعش كونسوڵی‌ توركیایان له‌ موسڵ و (24) كه‌س له‌ هاوكاران و پاسه‌وانه‌كانی‌ رفاندو دواتریش  باره‌گای‌ كونسوڵگه‌ری ‌توركیا دەستی بەسەردا گیرا.

•    چه‌كدارانی داعش شاری تكریتی ناوه‌ندی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینیان كۆنتڕۆڵكردو ده‌ستیان به‌سه‌ر بینای پارێزگاو زانكۆی تكریت و سه‌ته‌لایه‌تی سه‌ڵاحه‌دیندا گرت و ئه‌حمه‌د جبوری پارێزگاریشیان ده‌ستگیركرد.

•    رۆژی (13/6/2014) كامه‌ران نه‌جم، فۆتۆگرافه‌رو رۆژنامەنوس لە شەڕێکی روبەروبونەوەی چەکدارانی داعش و پێشمەرگەدا بریندار بو، دواتریش بە برینداری کەوتە دەست چەکدارانی داعش و تا ئێستا ئازادنەکراوە.

•    رۆژی (13/6/2014)، مامۆستا (شێخ محه‌مه‌د به‌رزنجی) پێشه‌وای‌ كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی كوردستان له‌نه‌خۆشخانه‌ لە سلێمانی كۆچی دوایی كرد.

•    رۆژی (18/6/2014) دوای (270) رۆژ بەسەر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان،  له‌ ده‌یه‌مین كۆبونه‌وه‌ی خۆیدا، په‌رله‌مانی كوردستان متمانەی‌ بە کابینەی هه‌شته‌می حكومه‌ت بەخشی.

•    رۆژی (22/6/2014) سه‌رۆك‌ و ئه‌ندامانی‌ خولی‌ پێشوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ دوای (9) ساڵ كۆتایهاتنی‌ كاره‌كانیان راگه‌یاند و ماڵئاواییان له‌ پارێزگا كرد.


تەموز:
•    رۆژی (9/7/2014) دوای (2) ساڵ و هەشت مانگ لە زیندانیکردنی، سەید ئەکرەم، بەڕێوەبەری پێشوی گومرگی ئیبراهیم خەلیل، لە زیندانی دهۆک ئازادکراو دواتریش لە پەیامێکدا وتی: ئازادکردنی من گرنگ نیە ئازادیی خۆی گرنگترە.

•    رۆژی (15/7/2014)، لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەلیم جبوری بە سەرۆکی نوێی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا، هاوکات ئارام شێخ محه‌مه‌د، لەسەر لیستی بزوتنەوەی گۆڕان و لە پشکی کورد، بە جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا، به‌وه‌ش گه‌نجێكی‌ دیكه‌ی‌ گۆڕانخواز به‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیانی‌ گۆڕانخوازی‌ كوردستان و بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان پۆستێكی‌ باڵای‌ وه‌رگرت.

•    رۆژی (19/7/2014)، جەلال‌ تاڵه‌بانی‌، سکرتێری گشتی یەکێتی و سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق، دوای‌ تێپه‌ڕبونی‌ (19) مانگ به‌سه‌ر نه‌خۆشكه‌وتنی‌ و وه‌رگرتنی‌ چاره‌سه‌ر له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی‌ ئه‌ڵمانیا، گەڕایەوە شاری سلێمانی.

•    رۆژی (24/7/2014) لەدانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا و لە گەڕی دوەمی هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆماردا، د. فوئاد مەعسوم (211) دەنگی بەدەستهێناو بوە سەرۆک کۆماری عێراق.

ئاب:
•    رۆژی (3/8/2014‌) لەچوارچێوەی هێرشەکانی داعش بۆ سەر ناوچە جیاوازەکان لە عێراق و ناوچەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان، قەزای شەنگالی سەر بە پارێزگای موسڵ کەوتە دەست داعش و هەزاران کەسیان لە ئافرەت و پیاو و منداڵی ئێزیدیان دەستبەسەر کردو بەرەو موسڵیان بردن.

•    رۆژی (10/8/2014‌)، دوای چوار رۆژ له‌ كۆنتڕۆڵكردنی مەخمور لە لایەن چەکدارانی داعشەوە، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ته‌واوی شاری مه‌خموری كۆنتڕۆڵكرده‌وه‌.

•    هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە هاوکاری فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و سوپای عێراق توانیان ناحیەی گوێر بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکەن و لەدەستی چەکدارانی داعش پاکیبکەنەوە.

•    رۆژی (11/8/2014‌) د.فوئاد مه‌عسوم، سه‌رۆك كۆماری عێراق مه‌رسومی كۆماری ژماره‌ (152)ی ده‌ركرد بۆ راسپاردنی حه‌یده‌ر عه‌بادی، وه‌ك كاندیدی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مانی بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق.

•    فڕۆکەیەکی عێراقی لەچیای شەنگال کەوتە خوارەوە، کاتێک هاوکاری و پێداویستی گەیاندە ئاوارە ئێزیدیەکان و بەهۆیەوە فڕۆکەوانەکە گیانی لەدەستداو (20) کەسی دیکەش برینداربون، لەناو بریندارەکانیشدا ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری کورد هەبو.

•    رۆژی (12/8/2014‌) به‌هۆی زۆری ژماره‌ی ئاواره‌كان له‌ پارێزگاكه‌، پارێزگاری دهۆك باری نائاسایی راگه‌یاند.

•    رۆژی (14/8/2014‌) نوری‌ مالیكی پاش دو خول مانەوەی لەپۆستی سەرۆک وەزیران، دەستبەرداری خۆ کاندیدکردن بو بۆ ویلایەتی سێیەم و پشتیوانی‌ خۆی‌ بۆ حه‌یده‌ر عه‌بادی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی نوێ ده‌ربڕی.

•    رۆژی (18/8/2014‌)، تەواوی بەنداوی موسڵ لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کۆنتڕۆڵکرا.

•    رۆژی (20/8/2014‌) ئەو وەزیرە كوردانەی پێشتر بایكۆتی دانیشتنەكانی حكومەتەکەی نوری مالیكیان كردبو، گەڕانەوە بەغدا.

•    رۆژی (22)ی ئاب له‌كاتی به‌ڕێوه‌چونی نوێژی هه‌ینیدا له‌ ناوچه‌ی وه‌یسی دیاله‌ ژماره‌یه‌ك چه‌كدار هێرشیانكرده‌ سه‌ر مزگەوتی موسعه‌بی كوڕی‌ عومه‌یرو زیاتر له‌ (68) نوێژخوێنیان كوشت و دواتر چەکدارانی شیعەیان بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیە تۆمەتبار کران.

•    رۆژی (31/8/2014‌)، دوای (80) رۆژ لە گەمارۆدانی لە لایەن چەکدارانی داعشەوە گەمارۆی ناحیەی ئامرلی لەلایەن سوپای عێراق و پێشمەرگەوە شکێنرا.

ئەیلول:
•    رۆژی (1/9/2014‌)، هێزەکانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عێراق ناحیه‌ی‌ سلێمان به‌گی‌ سه‌ر به‌ قه‌زای‌ خورماتوی‌ پارێزگای‌ سه‌ڵاحه‌دینیان کۆنتڕۆڵکرد.

•    رۆژی (8/9/2014‌) لەمیانی کۆبونەوەیەکدا کە لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی بەڕێوەچو، سەرکردایەتی سیاسی کورد بڕیاریدا بە کۆمەڵێک داواکارییەوە بەشداری حکومەتەکەی حەیدەر عەبادیدا بکات.

•    رۆژی (8/9/2014‌)، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق متمانه‌ی بە حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بەخشی و پاشان له‌گه‌ڵ (24) وه‌زیردا له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان سوێندی یاساییان خوارد.

•    رۆژی (12/9/2014‌) فرانسوا هۆلاند سەرۆکی فەرەنسا بەسەردانێکی رەسمی گەیشتە شاری هەولێر.

•    رۆژی (20/9/2014‌) ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، بڕیارێکی چارەنوسسازی سەبارەت بە عێراق دەرکردو بڕیاریدا پشتیوانی له‌ عێراق بكات له‌ شه‌ڕی‌ دژ به‌ داعش.

•    رۆژی (30/9/2014‌) له‌ كۆبونه‌وه‌ی پەرلەمانی کوردستاندا،‌ پرۆژه‌ بڕیاری (ناونانی‌ پارێزگای‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ پایته‌ختی‌ ئاشتیی‌ كوردستان) په‌سه‌ندكرا.


تشرینی یەکەم:
•    رۆژی (15/10/2014‌) دوای دو رۆژ كۆبونه‌وه‌ی به‌رده‌وام په‌رله‌مانی كوردستان به‌ كۆی ده‌نگ پرۆژه‌ بڕیارێكی په‌سه‌ندكرد، كه‌ به‌فه‌رمی كانتۆنه‌كانی رۆژئاوای كوردستانی ناساندو داوای له‌ حكومه‌ت کرد کە به‌ فه‌رمی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كانتۆنه‌كانی رۆژئاوای كوردستان بكات.

•    رۆژی (20/10/2014‌) هەرێمی کوردستان کاروانێکی گەورەی چەک و تەقەمەنی رەوانەی شاری کۆبانی کردو فەرماندەی سەربازی ئەمەریکاش لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا ئاشکرایکرد، کە هاوکارییەکان، هەرێمی کوردستان ئامادەی کردوە و بە فڕۆکەی ئەمەریکی رەوانەی کۆبانی کراوە.

•    له‌ كۆبونه‌وه‌ی پەرلەمانی کوردستاندا به‌ئاماده‌بونی مسته‌فا سه‌ید قادر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ رۆژی (22/10/2014) بڕیاری ناردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بۆ كۆبانێ په‌سه‌ندكراو په‌رله‌مانتاران‌ به‌ چه‌پڵه‌ڕێزان و وتنه‌وه‌ی سرودی ئەی‌ ره‌قیب‌ پێشوازیان له‌بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كرا.

•    رۆژی (25/10/2014‌) له‌هێرشی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ بۆ سه‌ر داعش و ئازادكردنه‌وه‌ی‌ ناحیه‌ی‌ زوممار، سێ برای پێشمەرگە شەهید بون کە خه‌ڵكی‌ ناحیه‌ی‌ سیده‌كانی‌ سه‌ر به‌ قه‌زای‌ سۆران بون به ‌ناوه‌كانی‌ (ئه‌حمه‌د مه‌لا عوسمان، فه‌رسه‌ت مه‌لا عوسمان، مه‌ولود مه‌لا عوسمان) و هەر‌سێكیشیان خێزاندار بون.

•    رۆژی (28/10/2014‌)، هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌ چه‌كی قورس و مامناوه‌نده‌وه‌ گه‌یشتنه‌ شاری دهۆك و دواتریش له‌ خاڵی سنوری ئیبراهیم خه‌لیله‌وه‌ چونە خاكی توركیاو له‌وێشه‌وه‌ بۆ شاری كۆبانێ له‌ رۆژئاوای كوردستان.

•    لە ماوەی هەفتەی کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا، چه‌كدارانی داعش زیاتر لە (250) كه‌سی سەر بە عه‌شیرەتی ئه‌لبونه‌مریان لە ئەنبار كوشت.


تشرینی دوەم:
•    رۆژی (2/11/2014‌)، قه‌ڵای هەولێر‌ خرایە سه‌ر نه‌خشه‌ی شوێنه‌واره‌ كه‌له‌پوریه‌كانی جیهان.

•    رۆژی (12/11/2014‌) له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی له‌ پۆسته‌ سه‌ربازیه‌كاندا ئه‌نجامیدا، بابه‌كر زێباری، سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عێراقی لادا کە ناوبراو دوای پرۆسه‌ی رزگاری عێراق له‌ ساڵی (2003)ەوە له‌سه‌ر پشكی كورد پۆستی لەو پۆستەدا بو.

•    مەسعود بارزانی و د. یوسف محەمەد سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پیرمام کۆبونەوەو چۆنییەتی كاركردنیان لەبارەی سازان و سەرخستنی كۆنگرەی نەتەوەیی و سازانی لایەنەکان لەسەر پرسی دەستور کرد.

•    رۆژی (13/11/2014‌) عادل عەبدولمەهدی، وەزیری نەوتی عێراق گەیشتە هەولێرو لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا گەیشتنە رێککەوتن، بەپێی رێککەوتنەکەش حکومەتی عێراق بڕی (500) ملیۆن دۆلار دەداتە‌ حكومه‌تی هه‌رێم، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌رێم رۆژانه‌ بڕی (150) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ده‌خاته‌ ژێر ركێفی فیدڕاڵه‌وه‌.

•    رۆژی (16/11/2014‌) د.كه‌مال فوئاد، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر و ئەندامی پێشوی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ به‌رلینی پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا کۆچی دواییکرد.

•    رۆژی (19/11/2014‌) تەقینەوەیەک لەبەردەم بینای پارێزگای هەولێر لەرێگەی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراو بەهۆیەوە (39) کەس شەهید بون و برینداربون، دواتریش داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند.

•    رۆژی (23/11/2014‌)، دوای سێ مانگی پڕ لە شەڕ و پێكدادان و قوربانیدانی دەیان پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان  ناحیەی جەلەولایان کۆنتڕۆڵکردەوە.

•    لەکۆتاییەکانی مانگی تشرینی دوەمی رابردودا، هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەرجەم دەشتاییەکانی بناری حەمرینی لە چەکدارانی داعش پاککردەوە و لەسەر بەنداوی حەمرینیش ئاڵای کوردستان هەڵکرا.

کانونی یەکەم:
•    لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا بەرێژەی (50%) موچەی بەرپرسە باڵاکان کەمبکرێتەوە.

•    خولی‌ سێیه‌می‌ كۆبونه‌وه‌كانی نێوان وه‌فدی‌ هه‌رێم‌و به‌غدا به‌سه‌رۆكایه‌تی‌ حەیدەر عه‌بادی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ به‌ڕێوه‌چو، تیایدا هه‌ردولا گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن کە هه‌رێم پابه‌ندكرا به‌ناردنی‌ (250) هه‌زار به‌میل نه‌وت له‌رۆژێكدا، له‌گه‌ڵ هه‌نارده‌كردنی‌ (300) هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی‌ كه‌ركوك، له‌به‌رامبه‌ردا به‌غدا پابه‌ندكراوه‌ به‌دابینكردنی‌ نیوه‌ی‌ موچه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه و به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم کە (17%)یە، رێككه‌وتنەش‌ له‌ (1/1/2015)ەوە‌ ده‌چێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وە.

•    رۆژی (9/12/2014)، شاندی‌ دانوستانكاری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ شاری‌ سلێمانی‌ رێككه‌وتنی‌ نێوانیانیان بۆ حكومه‌تی‌ خۆجێی‌ پارێزگای سلێمانی‌ و پارێزگای هەڵەبجە رێککەوتن.

•    رۆژی (10/12/2014‌) وەزارەتی پێشمەرگە ئامارێکی سەبارەت بە شەڕی روبەڕوبونەوەی داعش بڵاوکردەوەو رایگەیاند، لە رۆژی (10/6/2014) و لەکاتی سەرهەڵدانی شەڕەوە، (727) پێشمەرگە شه‌هید بون و (سێ) هه‌زار و (564) بریندار و (34) پێشمەرگەش  بێسه‌روشوێنن.

•    رۆژی (12/12/2014‌) پرۆسەی خولی سێیەمی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەستیپێکرد.

•    رۆژی (14/12/2014) مەسعود بارزانی، لە نامەیەکدا بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەحەوت خاڵدا رێنمایی نوێی بۆ یەکخستنەوەو رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاراستەکردن.

•    رۆژی (26/12/2014‌) عەلی لاریجانی، سەرۆکی ئەنجومەنی شورا (پەرلەمان)ی ئێران، سەردانی هەرێمی کوردستان و دواتریش سەردانی بینای پەرلەمانی کوردستان و لەلایەن د.یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکانەوە پێشوازی لێکرا.

•    رۆژی (28/12/2014‌)، قەزای چەمچەماڵ بە بڕیارێکی فەرمی لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لابراو خرایە سەر پارێزگای سلێمانی.

•    رۆژی (28/12/2014‌)، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری کڕینی ئۆتۆمبێلی بۆ پەرلەمانتاران هەڵوەشاندوەو ئاماژەی بەوە کرد، کڕینی ئۆتۆمبێل جێگەی ناڕەزایی بەشێکی هاوڵاتییانی هەرێمە بۆیە ئەو پرۆسەیەمان هەڵوەشاندەوە.


01/01/2015 بینین: 17718
 
زیاتر
 1      
نوێترین هه‌واڵ...
(سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ هەڵدەبژێردرێن
به‌رشه‌لۆنه‌ دوه‌م نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ده‌ستهێنا
داعش زیندانی تەدمور دەتەقێنێتەوە
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: دەستور دەبێت سەقامگیری بەدیبهێنێت
لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە
بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە
یەپەگە ئۆپەراسیۆنی دابڕینی داعش لە تورکیا و بەستنەوەی جزیرە و کۆبانی پێکەوە جێبەجێدەکات
بەڤیدیۆ؛ زەمینلەرزەیەک ژاپۆن دەهەژێنێت .. مەترسی تسۆنامییەکی دیکە دەکرێت
گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان دەدۆزرێتەوە .. تەرمی (20) ژن و (33) منداڵ و پیری تێدایە
بەڤیدیۆ؛ سیناریۆکانی دابەش بونی عێراق
داعش هێرش دەکاتە سەر شاری حەسەکە
عه‌بادی: جیاوازی له‌ نێوان کەوتنی رومادی و موسڵدا هه‌یه‌
عەلی باپیر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت
(20) سه‌ركرده‌ی داعش لە ئەنبار کوژران
پێشمەرگە شكست بە هێرشێكی داعش دەهێنێت
هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد
بیرلسكۆنی: میلان نافرۆشین
باندێکی (10) کەسى دەستگیر دەکرێن
شاندێکى گۆڕان بۆ پشتیوانی کورد دەچێتە باکور
''لە ساڵێکدا بیانیه‌كانی ناو داعش بەرێژەى (70%) زیادیان کردوە''
یەک ملیۆن نەمام لە بەردەم مەترسیی وشکبوندان
بریمه‌ر داوا دەکات چەک بە کورد بدرێت
حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت
ئێران دەستگیرکردنى چه‌ند تۆڕێكی‌ سه‌ر به‌ داعش رادەگەیەنێت
نەتەوە یەكگرتوەكان: 85 هەزار كەس لە رومادی هەڵاتون
واشنتۆن كوبای لە لیستی پشتیوانانی تیرۆر دەرهێنا
سەدان كۆچبەری نایاسایی لە كەناراوەكانی ئیتالیا رزگاردەكرێن
قەتەر لە بەغدا باڵیۆزخانە دەكاتەوە
پلاتەر بۆ جاری پێنجەم وەك سەرۆكی (فیفا) هەڵبژێردرایەوە
لەبارەی هەڵبژاردنەكەی (فیفا)وە
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فیفا كەوتە قۆناغی دوەم
مەرجەعیەتی شیعە: دورنییە جەنگێكی خوێناوی هەڵگیرسێت
''کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەن بودجەی یەک ساڵی هەرێم بدەن''
سلێمانی؛ كۆنگرەی سێیەمی ئازادی ژنانی كوردستان بەڕێوەدەچێت
بەوێنە؛ سەردانی وەزیری دارایی بۆ لای خانەنشینان
هەولێر؛ سەندیكای پارێزەران بایكۆتی كۆنگرەی دادوەری دەكات
پسپۆڕێكی بواری تیرۆر: داعش تەنها لە شەڕی كۆڵان بە كۆڵان شارەزایە
سوریا؛ بەری نوسرە شاری ئیدلەب كۆنتڕۆڵ دەكات
كۆمەڵی ئیسلامی سێیەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت
هەڵەبجە؛ روداوێکی هاتوچۆ پێنج کەسی کردە قوربانی
حەویجە؛ داعش هێزێكی تایبەت بە سزادانی ژنان پێكدێنێت
لیبیا؛ داعش گەورەترین بنكەی ئاسمانی لە شاری سەرت کۆنتڕۆڵکرد
یەمەن؛ هۆزە میلیەكان شاخی عەریش-یان كۆنتڕۆڵ كرد
جۆش ئارنست: ئەمەریكا بەرپرس نیە لە ئاسایشی عێراق