ئیسرائیل و هەڵبژاردنی پەرلەمانی (کنێست)

ئا/ ژوری هەڵبژاردنی بزوتنەوەی گۆڕان

ئیسرائیل
- پێگەی جوگرافی:
ئیسرائیل دەوڵەتێکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئاسیا، لە باکورەوە هاوسنورە  لەگەڵ لوبنان، لەباکوری رۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ سوریا، لە رۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ئوردن و وڵاتی میسریش دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای وڵاتەکەوە.
- کورتەیەکی مێژویی نەتەوەی جولەکە :
فەڵەستین تا پێش جەنگی جیهانی یەکەم لەژێر ڕکێفی دەوڵەتی عوسمانیەکاندا بو، بەڵام پاش کۆتایهاتنی جەنگ و لە تشرینی دوەمی ساڵی 1917 دەوڵەتی بەریتانیا لەرێگەی (بلفۆڕ)ی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتیەوە، بەڵێنی پشتگیری و دروستکردنی قەوارەیەکی نەتەوەیی بۆ جولەکە دا، هەربۆ ئەم مەبەستەش (وڵسن)ی سەرۆکی ئەو کاتەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا رازیبو، بەهەمان شێوە فەڕەنسا و ژاپۆن و ئیتاڵیا رازی بون.

لە ساڵی 1918 جولەکە ئەنجومەنێکی ئامادەکارییان دامەزراند کە یەکێ لەئەرکەکانی ئەوە بو لەڕێگەی چەند دامەزراوەیەکەوە کارەکانی جالییەی جولەکە راپەڕێنێ و نیشتەجێیان بکات و بەرگری لە بەرژەوەندیەکانیان بکات لەبەرامبەر وڵاتانی عەرەبدا.

ساڵی 1920 یەکەم کۆمەڵەی دامەزراندنی جولەکە هاتە کایەوە کە (314) ئەندام بون و نوێنەرایەتی پارتە سیاسیەکانی جولەکەیان دەکرد کە ژمارەیان نزیکەی (20) پارت بو، ئەم کۆمەڵەیە بەرزترین دەستەی یاسا دانان بو، کە ئاستی کۆنگرەی گشتی رێکخراوی جیهانی جولەکە بو.

ساڵی 1947 بەریتانیا بڕیاری دا کە کێشەی فەڵستین بەرزبکاتەوە بۆ کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان، پاش ئاڵو گۆڕی بیروڕاو تاوتوێکردنی ئەو کێشەیە بڕیاردرا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە رەوانەی ناوچەکە بکرێت پاشان لیژنەکە دو رێگایان پێشنیار کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە
1- دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکگرتو بۆ عەرەب و جولەکە.
2- دابەشکردنی فەڵەستین و پێکهێنانی دو دەوڵەتی عەرەبی و جولەکە.
هەروەها هێشتنەوەی قودس بە بێلایەنی و نەتەوە یەکگرتوەکان سەرپەرشتی بکات.
- راگەیاندن و چۆنیەتی دروستبونی دەوڵەتی ئیسرائیل:
لەسەدەی نۆزدە و ساڵی 1948 لیژنەی جێبەجێکردنی ئاژانسی جولەکە بڕیاری دامەزراندنی ئەنجومەنی گەلی وەک دەستەیەکی یاسا دانان دەرکرد، لە 14ی ئایاردا بەڕێوەبەرێتی گەل لەبەردەم ئەنجومەنی گەلدا دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلی راگەیاندو دەسەڵاتی کاتی بەسەرۆکایەتی (بن گریۆن) دامەزرا، لە ساڵی 1882 – 1973 بەچەند قۆناغێک و لەچەندین وڵاتی جیهانەوە جولەکە کۆچی کرد بۆ ئیسرائیل.

- دانیشتوان و شارەکانی ئیسرائیل:
ژمارەی دانیشتوانی ئیسرائیل نزیکەی (8,010,000) کەسە (75%) جولەکەیە و (20%)ی عەرەبە لەگەڵ بونی چەند کەمە نەتەوەیەکیتر، بەم شێوەیە زۆرینەی دانیشتوانی جولەکەن .

لەگرنگترین شارەکانی ئیسرائیل
1- قودس: (پایتەختی نیشتیمانی ئیسرائیل) کە بارەگای سەرۆکایەتی و پەرلەمان و حکومەت و دادگای باڵای تێدایە، بەڵام دانپێدانانێکی نێودەوڵەتی نیە لەسەری وەک پایتەختی وڵاتی ئیسرائیل بەهۆی بونی ناکۆکی لەسەری.
2- تەلئەبیب: ناوەندی بازرگانی دەوڵەتی ئیسرائیلە،زۆرینەی باڵوێزخانەی وڵاتان دەکەونە ئەم شارەوە.
3- حەیفا: شارێکی مێژوی و رۆشنبیری و گەشتوگوزارییە.

ئیلات: لە گرنگترین کەنارە ئاوییەکانی ئیسرائیلە کە دەکەوێتە سەر دەریای سور، ناوچەیەکی بازرگانی و گەشتوگوزارییە.

- دەستور لە دەوڵەتی ئیسرائیل:
دەوڵەتی ئیسرائیل یاسای بنەڕەتی هەیە کە لەلایەن کنێستی ئیسرائیلەوە دەرچوە، دەسەڵاتەکانی کنێست و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی دەوڵەت دیاری دەکات ئەنجومەنی وەزیران بەرپرسیارە بەرامبەر کنێست، لە ژێر سەرپەرشتی رەمزی سەرۆکی دەوڵەتدایە ژیانی دەستوری وڵات و ژیانی تاکەکانی کۆمەڵی ئیسرائیل بەهۆی یاسای بنەڕەتیەوە بە باشترین شێوە رێکخراوە و هەڕەمی سیاسی وڵات داڕێژراوە.


- هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکان لە ئیسرائیل:
سیستمی ئیسرائیل بە سیستمێکی پەرلەمانی دەەناسرێت کە سیستەمەکە بنەماکانی بەبەرجەستەکردنی هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتی یاسا دانان و جێبەجێکردن دێتەدی ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی دو ماف بۆ ئەو دەسەڵاتانە:
1- مافی کنێست بە نەدانی متمانە بەوەزارەتەکان کە پێیدەوترێت لێپرسراوێتی سیاسی وەزارەتەکان بەرامبەر بە نوێنەرایەتی کنێست.
2- مافی حکومەت بۆ لابردنی دەستەی نوێنەرایەتی و دواتر دروستکردنی بە هەڵبژاردنی گشتی نوێ.

لە سیستمی ئیسرائیلدا مافی لابردن بە تەنها بە کنێست دراوە نەک حکومەت، چونکە (یاسا بنەڕەتیەکان) مافی داوە بە کنێست بە متمانە نەدان بەحکومەت بەم پێیەش حکومەت دەست لەکار دەکێشتەوە هەروەها حکومەت دەستەوەسانە بەرامبەر نوێنەرایەتی کنێست کە هەر کاتێک بیەوێت وەزارەتێک بخات یان لای ببات .

سەرۆکی دەوڵەت لە لایەن ئەندامانی کنێستەوە هەڵدەبژێردرێت، سەبارەت بە دیاری کردنی ئەو کەسەی کە دەنگی بۆ ئەدەن ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان (١٢٠) ئەندامەو (١٠) ئەندام دەتوانن کەسێک دیاری بکەن بۆ ئەو پۆستە، دەنگدانەکە بەشێوەیەکی نهێنی ئەنجامدەدرێت و ئەگەر ئەو  پاڵێوراوە زۆرینەی رەهای دەنگەکانی بە دەست هێنا، ئەوا سەرکەوتن بە دەستدەهێنێت، بۆیە سەرۆکی دەوڵەت هەمیشە ملکەچی بڕیاری کنێستەو بەتایبەت ئەو پارتانەی کە خاوەنی زۆرترین ئەندامن.

ماوەی سەرۆکایەتی پێنج ساڵەو لە دوجار زیاتر ناتوانێت خۆی هەڵبژێرێت. سەرۆکی کنێست هەمیشە ڕۆڵی جێگری سەرۆک کۆمار دەبینێت لە کاتی ئامادە نەبونی یان نەخۆش کەوتنی یان دورخستنەوە و دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک کۆمار. سەرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیل پەیڕەوی ئەو دەساڵاتانە ناکات کە سەرۆکی دەوڵەتانی تری پەرلەمانی پەیڕەوی دەکەن لەبەر ئەوەی دەسەڵاتەکانی کەمکراوەتەوە، بەواتایەکی تر پایەی سەرۆک لاوازە لە چاو وڵاتە پەرلەمانیەکانی تری جیهان.

- دامەزراوەکانی حکومڕانی لە ئیسرائیل:-
یەکەم/ کنێست (پەرلەمان):
کنێست مانای ئەنجومەنی یاسادانان دەبەخشێ و دامەزراوەیەکی گرنگەو رۆڵی سەرەکی دەبینێت لە هەلومەرجی سیاسی ئیسرائیلدا.
1- پێکهاتەی کنێست و سیستمی هەڵبژاردنی ئەندامەکانی کنێست
ژمارەی ئەندامانی کنێست (120) ئەندامەو چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردن ئەنجامدەدرێت، هەمو هاوڵاتیەکی ئیسرائیلی ئەتوانێت بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردن بکات بە مەرجێک تەمەنی (18) ساڵی تەواو کردبێ و دەتوانێت تەنها دەنگ بدات بەڵام ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات ئەبێت تەمەنی (٢١) ساڵی تەواو کردبێت.

سیستمی هەڵبژاردن بەشێوەی نوێنەرایەتی رێژەیی (Representation system  Proportional ) و بە لیستی داخراو دەبێت بەم پێیە هەرپارتێک یان هەر کەسێک بتوانێت (750) واژۆ کۆبکاتەوە ئەتوانێت بەشداری بکات و لیستێک پێشکەش بکات، لێرەدا دەبینین لەم شێوە هەڵبژاردنەدا دەنگدەرەکان پابەندن بە بیرو باوەڕی سیاسیەوە کە دەنگدەدەن بە لیست، بێ لایەنەکان کە سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نین وەک پێویست بەشداری ناکەن لە پڕۆسەکەدا، بەهۆی زۆری کاندیدی لیستەکانەوە لێهاتوی و شارەزای کەسەکان دەرناکەوێ و دەنگدەر ناتوانێت بەشێوەیەکی دروست بیان ناسێ و کەسی شیاو هەڵبژێرێت، ئەم شێوە هەڵبژاردنە کارئاسانی دەکات بۆ پارتەکان و هەرلایەنە بە گوێرەی بنکە جەماوەریەکەی ژمارەی کاندیدەکان لە لیستەکاندا دیاری دەکات.

ئەم جۆرە هەڵبژاردنە کاریگەری خۆی لە سەر لاواز بونی پارتە گەورەکان هەیەو لە بەرژەوەندی پارتە بچوکەکاندایە چونکە دەبێتە هۆی زیادبونی پارتی سیاسی تر، کە ئەمەش بۆ خۆی کاریگەری هەیە لەسەر نا جێگیری سیاسی وڵات لەبەر ئەوەی هەر پارتێک بەتەنها خۆی ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت، بۆیە بە ناچاری ئەو پارتانەی کە لە ڕوی ئایدیا و بەرنامەوە نزیکن هەوڵدەدەن هاوپەیمانیەک پێکبهێنن بۆ دروستکردنی حکومەت ، بەشێوەیەک گەر یەک لە سەر سێ (1/3)ی کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنن بتوانن (1/3)ی کابینەی حکومەت لای ئەوان بێت ، بۆئەوەی لەکاتی کشانەوەی لایەنێک حکومەت هەڵبوەشێتەوە ، ئەمەش بە یەک لە سەر سێ (1/3)ی لەکارخەر  (ثلث المعطل) ناودەبرێت.

پاش پڕۆسەی هەڵبژاردن یەکەم کۆبونەوە بە سەرۆکایەتی بە تەمەنترین ئەندامی کنێست دەست پێدەکات، لەهەمان کۆبونەوەدا سەرۆکی کنێست و جێگرەکانی بە زۆرینەی دەنگ دیاری دەکرێن، هەمیشە پێنج جێگری سەرۆکی پەرلەمان دیاری دەکرێت کە زۆر لە پارتەکان یەک ئەندامیان وەک جێگری سەرۆک لە (کنێست) دا دەبێت، ماوەی دەسەڵاتی کنێست چوار ساڵە.

هەمو بڕیارێک بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبوان دەردەکرێت، دەگونجێ پەرلەمان لە کاتی پشوی فەرمیدا لەسەر داوای (20) لە ئەندامانی کنێست یان لەسەر داوای حکومەت کۆبونەوەی نائاسایی ببەسترێت.

2- دەسەڵاتەکانی کنێست:
سەرۆکی کنێست ڕۆژی کۆبونەوەکان دیاری دەکات یان دوایان دەخات یان کۆبونەوەی زیاد و پێویست بەڕەزامەندی ئەندامانی کنێست ئەنجامدەدات، ژمارەی ئەندامانی ئامادەبو هەرچەندبێت کۆبونەوەکە یاسایی دەبێت جگە لەو کۆبونەوانەی دەقی لەسەر داوەو پێویستی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان هەیە وەک بودجە، ئەمجۆرە دەنگدانە ناکۆکە لەگەڵ ئاسایترین ڕەوشی دیموکراتیەت کە بە مەرج دانراوە دەبێ زیاتر لە نیوەی ئەنجومەنی نوێنەرایەتی ئامادەبن تاکۆبونەوەکە شێوەی یاسایی وەربگرێت، لەم بوارەدا ئیسرائیل کاریگەری سیستمی ئینگلیزی لەسەرە کە مەرج نیە زیاتر لە نیوە ئامادەبن تاکۆبونەوەکان یاسایی بن.

3- کنێست و پڕۆژەی یاسایی:
کاتێک پڕۆژەیەک دەخرێتە بەردەم کنێست دەبێت بە (48) سەعات پێش هەر کۆبونەوەیەک پێشکەش بکرێت، لە کۆبونەوەکەدا ئەو وەزیرەی پێشنیارەکەی بەرزکردۆتەوە بۆ یەکەم جار لەبەردەم (کنێست) دا دەیخوێنێتەوە، لێرەدا ئەگەر ئەندامێک یان چەند ئەندامێک هەڵوێستیان دژ بە پڕۆژەکە هەبێت ئەوا وتوێژی لەسەر دەکەن و وەزیریش دەتوانێت بەرگری لە پێشنیارەکەی بکات، دواتر دەستدەکرێت بە دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکە، ئەگەر زۆرینەی دەنگی نەهێنا ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ حکومەت، بەڵام بۆ جارێکی تر هەمان پڕۆژە بەهەمان فۆڕم و شێوە ناخرێتە بەردەم کنێست، بەڵام ئەگەر ئەندامان ڕازی بون لەسەر پڕۆژەکە ئەوا ڕەوانەی لای لیژنەی تایبەت دەکرێت بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت جگە لەمەش ئەگەر پێویستی کرد دەستکاری بکرێت، دوای چاککردن دوبارە دەگەرێتەوە بەردەم کنێست و دەخوێنرێتەوە، پاش هەفتەیەک بۆ جاری سێهەم دەخوێنرێتەوە ئەگەر بەزۆرینەی دەنگ ڕازی بون، ئەوا سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان و دواتر سەرۆکی حکومەت واژۆی دەکەن لە کۆتاییدا پڕۆژەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، شایەنی باسە سەرۆکی دەوڵەت و سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان ناتوانن دژی یاساکە بوەستن پاش ئەوەی لەلایەن کنێستەوە بڕیاری لەسەر درابێت، دواتر وەزیری داد مۆری دەکات و مۆری دەوڵەتی لەسەر دادەنرێ و لە ماوەی (15) ڕۆژدا لە ڕۆژنامەیەکی فەرمیدا بڵاو دەکرێتەوە.

4- مافی پارێزراوی (حصانە)ی کنێست:
- نابێت هەندێک خۆپیشاندان و کۆبونەەو لە بەردەم تەلاری پەرلەماندا ئەنجام بدرێت بە بێوەرگرتنی مۆڵەتی پێشوەخت لە سەرۆکی کنێست، هەرخۆپیشاندەرێک ڕێز و سەروەری کنێست پێشێل بکات بۆ ماوەی دوو ساڵ زیندانی دەکرێت.
- ئەندامانی کنێست ملکەچ نابن بۆ هەرلێپرسینەوەیەکی یاسایی چ مەدەنی بێت یان جینائی لەسەر هەربیر و ڕایەک یان دەنگدانێک کە لەئەنجامی چالاکی ئەو ئەندامە بێت چ لە ناو کنێستدا بێت یان لەدەرەوەدا تا ئەو کاتەی کە ئەندامی کنێستە.

5- لیژنە هەمیشیەکان:
کنێست لە نێو ئەندامەکانیدا چەند لیژنەیەک دیاری دەکات، نوێنەرایەتی کردن لەو لیژنانەدا لەسەر بنەمای حیزبی دەبێت، پڕۆسەی دیاری کردنی لیژنەکان لە ئەرکە لە پێشینەکانی کنێستە، ئەم پڕۆسەیە ملکەچە بۆ یاسایەک بەناوی یاسای ژماردن (القانون عدد).

کنێست لە نۆ لیژنەی هەمیشەیی پێکدێت بەڵام پاش کنێستی هەشتەم لیژنەیەکی تر بە ناوی لیژنەی چاودێری دەوڵەت زیادکراوە و ژمارەیان بوە بە (10) لیژنە کە ئەمانەن:
1- لیژنەی کاروباری دەرەوە و ئاسایش.
2- لیژنەی دارایی.
3- لیژنەی دەستور.
4- لیژنەی کاروباری یاسایی.
5- لیژنەی پەروەردە و رۆشنبیری.
6- لیژنەی ئابوری.
7- لیژنەی کاروباری ناوخۆیی.
8- لیژنەی ئەنجومەن.
9- لیژنەی کار و خزمەتگوزاری گشتی.
10- لیژنەی چاودێری دەوڵەت.
سەرەڕای بونی لیژنە هەمیشیەکان کنێست بۆی هەیە لیژنەی کاتی دابنێت بۆ هەر بابەتێکی کتوپڕ.

دوەم/ ئەنجومەنی جێبەجێکردن:
حکومەت کۆڵەکەیەکی سەرەکی و گرنگی وڵاتی ئیسرائیلە، ئەو چالاکیانە رێکدەخات کە پەیوەندی بە کاروبارەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەوە هەیە واتە کاروبارەکانی وڵات بە هەموو بەشەکانیەوە ڕێکدەخات لەهەمان کاتدا پەیوەندی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوە دادەرێژێت، ئەرک و دەسەڵاتەکانی حکومەت بە پێی چەند یاسایەک دیاری کراوە وەک (سیستمی یاساو بەڕێوەبردنی وڵات ساڵی 1948 - یاسای گواستنەوە ساڵی 1949 تاکاتی دانانی یاسای بنەڕەتی حکومەت ساڵی 1968).

ماوەی یاسایی بۆ پێکهێنانی حکومەت (21) رۆژە و ئەتوانرێت جارێکیتر نوێبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر بە هەردو جارەکە نەگەیشتنە ئەنجام بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەوا سەرۆکی دەوڵەت کەسێکیتر بۆ ئەو مەبەستە رادەسپێرێت و ئەو کەسەش بەزۆری سەرکردەی پارتێکە کە زۆرترین نوێنەری هەیە لە کنێست، ئەگەر بەم رێگەیەش نەتوانرا ئەوا لەم کاتەدا کنێست بڕیاری هەڵوەشانەوەی خۆی دەدات و داوای هەڵبژاردنی نوێ دەکات.

حکومەتی ئیسرائیل لەم وەزارەتانە پێکدێت:
1- وەزارەتی بەرگری.
2- وەزارەتی پۆلیس.
3- وەزارەتی تەندروستی.
4- وەزارەتی پەروەردە و فێرکردن.
5- وەزارەتی ئابوری.
6- وەزارەتی کۆچ.
7- وەزارەتی کشتوکاڵ.
8- وەزارەتی دەرەوە.
9- وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
10- وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی.
11- وەزارەتی کار و خۆشگوزەرانی.
12- وەزارەتی داد.
13- وەزارەتی زانست و گەشەپێدان.
14- وەزارەتی گەشت و گوزار.
15- وەزاەرتی هاتوچۆ.
16- وەزارەتی دارایی.
17- وەزارەتی کاروباری ئاینی.
18- وەزارەتی وزە.
19- وەزارەتی ژینگە.

سێهەم/ دەسەڵاتی دادوەری
یاسای دادگا و دادوەری لە ئیسرائیلدا سەربەخۆ بونی دەسەڵاتی قەزایی و دادوەری لە هەردو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسا دانان دوپات دەکاتەوە، هاوڵاتی مافی هەیە داواکاری پێشکەش بکات بە دادگا بە هەمو جۆرەکانیەوە بە پێی چەند مەرجێک، لە ئەنجامی نەبونی دەستورێکی نوسراو دادگای باڵا رۆڵی گەورە دەبینێت لە بواری دادوەریدا، ئەم دادگایە دەسەڵاتی تەواوی هەیە سەبارەت بەکاروباری دەزگاکانی دەوڵەت و کەسەکان جگە لە کنێست و سەرۆکی دەوڵەت، لەگەڵ ئەمەشدا هیچ دادگایەک بۆی نیە دژی هەر یاسایەک بوەستێت کە کنێست پەسەندی کردوە.

- پارتە سیاسیەکانی ئیسرائیل:
لە ئیسرائیلدا پارتە سیاسیەکان بە بەردی بناغەی سیستمی سیاسی وڵات دادەنرێن، هەموو پایە گرنگە سەربازی و حکومیەکان سەر بە پارتە سیاسیەکانن، پارت یان بەشدارە لە بەڕێوەبردنی حکومەتدا یان لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندایە، مێژوی پەیدابونی پارتی سیاسی لەم وڵاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆنگرەی یەکەمی رێکخراوی جولەکە (1987).

لە دیارترین تایبەتمەندیەکانی سیستمی حیزبی لە ئیسرائیلدا بونی ژمارەیەکی زۆری پارتە، ئەم پارتانە هەندێکیان لەماوەی پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکاندا دەردەکەون، بەڵام لەماوەی چوار ساڵی دەسەڵاتی (کنێست)دا تا رادەیەک وندەبن، لە کۆمەڵگەی ئیسرائیلدا بەهۆی دیاردەی فرە حیزبیەوە بوارە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان دابەشبون.

أ- دابەشبونی پارت و بزوتنەوەکانی ئیسرائیل لەسەر بنەمای هێزو جەماوەرێتی:
1- پارتە گەورەکان:
* گروپی میعراخ.
* پارتی لیکۆد.

٢- پارتە مامناوەندیەکان:
* پارتی هتحیاه.
* پارتی دیموکراتی بۆ ئاشتی و یەکسانی (حداش)
* پارتی ئاینی و نیشتیمانی (مفدال)
* لیستی جوە ئاینیە رۆژهەڵاتیەکان (شاس)
* بزوتنەوەی شینوی.
* بزوتنەوەی یاحد.
* بزوتنەوەی کاخ.
* بزوتنەوەی خونەریتی ئیسرائیل (تامی)

ب- دابەشبونی پارت و بزوتنەوەکانی ئیسرائیل لەسەر بنەمای بیر و باوەڕ و ستراتیژ:
١- پارتی سۆشیالستی:
- پارتی کار.
- پارتی میرتس.
- پارتی سۆشیالستی جولەکە (میام)
- (راتس) لیستی مافی هاوڵاتیان.
- شینوی.

٢- پارتە سەرمایەدارەکان:
- لیکود.
- پارتی هتحیاه.
- پارتی تستومت.
- یعود (العهد)
- مولیدت (الوطن)
- کاخ.

٣- پارتە ئاینیەکان:
- مفدال.
- یەهوداد هتوارا.
- اغوداد یسرایل.
- دیغل هتوارا.
- شاس.
٤- پارتە عەرەبیەکانی ئیسرائیل:
- حداش (قائمة الشیوعیة جدیدة)
- لیستی پشکەوتنخوازانە بۆ ئاشتی.
- پارتی دیموکراتی عەرەبی.

- سیستمی هەڵبژاردن لە ئیسرائیل:-
لە وڵاتی ئیسرائیلدا سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی پەیڕەو دەکرێت لە پێناوی دیاریکردنی ئەندامانی کنێست، ئیسرائیل وڵاتێکی فرە پارتە ئەگەر چەند مەرجێکی دیاری کراو لە کەسێکدا یان لە گروپێکدا هەبو ئەوا بوار دەدرێت کە بەشداری هەڵبژاردن بکات، بەم پێیە ئەتوانن ببنە خاوەنی یەک کورسی یان چەند کورسیەک لە کنێستدا، هەڵبژاردن بە شێوەی لیست دەبێ بەجۆرێک هەر لیستێک ئەبێ ژمارەیەک (1500) هاوڵاتی پشتگیری و ئیمزای بکەن کە پێش هەڵبژاردن ئەخرێتە بەردەم لیژنەی تایبەت.

- سیستمی نوێنەرایەتی رێژەیی  (Representation system  Proportional)
 کاتێک لەناوی سیستمەكانی نوێنەرایەتی رێژەیی ورد دەبینەوە، لەو ئامانجە تێدەگەین كە لەپشت ناوەكەیەوە هەیە ئەویش بریتییە لە نوێنەرایەتییەكی رێژەیی قەوارە سیاسییەكان لەئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكاندا، واتە هەر قەوارەیەكی سیاسی بەپێی ئەو دەنگانەی بەدەستیدەهێنێت، رێژەیەك لەكورسییەكانی ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكانی دەستدەكەوێت تەنها ئەوانەیان نەبێت كە ژمارەی دەنگەكانیان ناگاتە بردنەوەی كورسییەك،  سیفاتە جیاكەرەوەكانی سیستمەكانی نوێنەرایەتی رێژەیی بریتین لە :
1- لەبازنەی فرە كورسیدا پیادە دەكرێت، واتە نابێت بازنەی هەڵبژاردنەكە لە یەك كورسی پێكهاتبێت.
2- زیاتر پشت بە لیستی فرە پاڵێوراو دەبەستێت‌و حاڵەتی باو ئەوەیە كە نابێت كۆی ژمارەی پاڵێوراوەكانی ناو هەر لیستێك لەكۆی كورسییەكانی بازنەی هەڵبژاردنەكە زیاتر بێت.
3- دەنگدان تێیدا بە یەك خول تەواو دەبێت‌و خولی دووەمی نییە.
4- هەر پارتێك بەشێوەیەكی نزیكەیی، بە ئەندازەی رێژەی دەنگەكانی، كورسی بەردەكەوێت.
- نۆزدە هەمین هەڵبژاردنی کنێست کە لە 22/1/2013 بەڕێوەچو:
لەم هەڵبژاردنەدا (5,656,133) هاوڵاتی مافی دەنگدانی هەبو، (3.834.136) بەشداری کردبو بەم شێوەیە رێژەی بەشداری گەیشتە (79.67%) هەروەها (31) لیست و پارتی سیاسی لە کێبڕکێدابون بۆ بە دەستهێنانی زۆرترین کورسیەکانی کنێست بەڵام لەو رێژەیە تەنها (12) لیست توانیان کورسی بە دەستبهێنن.

پەێی ئەو دەرئەنجامانەی کە راگەیەنرا بەرکەوتی پارتەکان لە (120) کورسی کنێست بەم شێوەیە بو:



* وا بڕیارە لە 17 ی مارسی 2015 پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی (کنێست) لە ئیسرائیل بەڕێوە بچێت، ئەو پارتانەی کە لەکێبڕکێدان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی بەم شێوەیە دابەشبون :-
* لیکود - بەسەرۆکایەتی بنیامین ناتانیاهو
* أیسرائیل بیتنا- بەسەرۆکایەتی افیجدور لیبرمان
* بیت الیهودی – بەسەرۆکایەتی نفتالی بنت
* شاس – بەسەرۆکایەتی ارییە درعی
* یهودیت هاتوارە
* یوجد مستقبل – بەسەرۆکایەتی یائیر لیبید
* کادیما
* الحرکة – بەسەرۆکایەتی تسیبی لیفنی
* العمل – استحق هرتسوغ
* میرتس – زهافا غلئون
* پارتە عەرەبیەکان

پیشبینیەکان :
- شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن کە پارتەکەی بنیامین ناتانیاهو دەتوانێت 21 کورسیی کنێست بەدەستبهێنیت و جارێکی تر ئەرکی پێکهێنانی حکومەت بگرێتە ئەستۆ، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لەو راپرسیانەی کە ئەنجام دراون ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوپەیمانێتی (معسکر الصهیونی)کە لەنێوان هەردو پارتی (الحرکة و العمل) بەسەرۆکایەتی هرتسوغ دروست بوە، دەتوانێت پێش پارتەکەی ناتانیاهو بکەوێت، بەبەدەستهێنانی 25 کورسی، بەڵام ئەوەی گرنگە بەدەست هێنانی زۆرترین کورسی لەلایەن هرتسوغ بەمانای بردنەوەی نایەت لە ناتانیاهو چونکە بۆ پێکهێنانی حکومەت پارتەکە پێویستی بەهاوپەیمانیە لەگەڵ پارتەکانی تر کەئەمەش ئەرکێکی ئەوەندە ئاسان نیە ، چونکە لە رابردودا پارتی کادیما توانی بە 3 کورسی پێش پارتی لیکود بکەوێت بەڵام ئەو پارتە بەسەرۆکایەتی تسیفی لیفنی کەراسپێدرا بو بۆ پێکهێنانی حکومەت نەیتوانی هاوپەیمانەتیەک پێکبهێنێت و بۆ کۆکردنەوەی 61 کورسی کە پێویست بو پێکهێنانی حکومەت، دواتر ئەرکی پێکهێنانی حکومەت درایە ناتانیاهو .


15/03/2015 بینین: 9808
 
زیاتر
 1      
نوێترین هه‌واڵ...
(سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ هەڵدەبژێردرێن
به‌رشه‌لۆنه‌ دوه‌م نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ده‌ستهێنا
داعش زیندانی تەدمور دەتەقێنێتەوە
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: دەستور دەبێت سەقامگیری بەدیبهێنێت
لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە
بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە
یەپەگە ئۆپەراسیۆنی دابڕینی داعش لە تورکیا و بەستنەوەی جزیرە و کۆبانی پێکەوە جێبەجێدەکات
بەڤیدیۆ؛ زەمینلەرزەیەک ژاپۆن دەهەژێنێت .. مەترسی تسۆنامییەکی دیکە دەکرێت
گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان دەدۆزرێتەوە .. تەرمی (20) ژن و (33) منداڵ و پیری تێدایە
بەڤیدیۆ؛ سیناریۆکانی دابەش بونی عێراق
داعش هێرش دەکاتە سەر شاری حەسەکە
عه‌بادی: جیاوازی له‌ نێوان کەوتنی رومادی و موسڵدا هه‌یه‌
عەلی باپیر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت
(20) سه‌ركرده‌ی داعش لە ئەنبار کوژران
پێشمەرگە شكست بە هێرشێكی داعش دەهێنێت
هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد
بیرلسكۆنی: میلان نافرۆشین
باندێکی (10) کەسى دەستگیر دەکرێن
شاندێکى گۆڕان بۆ پشتیوانی کورد دەچێتە باکور
''لە ساڵێکدا بیانیه‌كانی ناو داعش بەرێژەى (70%) زیادیان کردوە''
یەک ملیۆن نەمام لە بەردەم مەترسیی وشکبوندان
بریمه‌ر داوا دەکات چەک بە کورد بدرێت
حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت
ئێران دەستگیرکردنى چه‌ند تۆڕێكی‌ سه‌ر به‌ داعش رادەگەیەنێت
نەتەوە یەكگرتوەكان: 85 هەزار كەس لە رومادی هەڵاتون
واشنتۆن كوبای لە لیستی پشتیوانانی تیرۆر دەرهێنا
سەدان كۆچبەری نایاسایی لە كەناراوەكانی ئیتالیا رزگاردەكرێن
قەتەر لە بەغدا باڵیۆزخانە دەكاتەوە
پلاتەر بۆ جاری پێنجەم وەك سەرۆكی (فیفا) هەڵبژێردرایەوە
لەبارەی هەڵبژاردنەكەی (فیفا)وە
هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی فیفا كەوتە قۆناغی دوەم
مەرجەعیەتی شیعە: دورنییە جەنگێكی خوێناوی هەڵگیرسێت
''کۆمپانیاکانی نەوت ئامادەن بودجەی یەک ساڵی هەرێم بدەن''
سلێمانی؛ كۆنگرەی سێیەمی ئازادی ژنانی كوردستان بەڕێوەدەچێت
بەوێنە؛ سەردانی وەزیری دارایی بۆ لای خانەنشینان
هەولێر؛ سەندیكای پارێزەران بایكۆتی كۆنگرەی دادوەری دەكات
پسپۆڕێكی بواری تیرۆر: داعش تەنها لە شەڕی كۆڵان بە كۆڵان شارەزایە
سوریا؛ بەری نوسرە شاری ئیدلەب كۆنتڕۆڵ دەكات
كۆمەڵی ئیسلامی سێیەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت
هەڵەبجە؛ روداوێکی هاتوچۆ پێنج کەسی کردە قوربانی
حەویجە؛ داعش هێزێكی تایبەت بە سزادانی ژنان پێكدێنێت
لیبیا؛ داعش گەورەترین بنكەی ئاسمانی لە شاری سەرت کۆنتڕۆڵکرد
یەمەن؛ هۆزە میلیەكان شاخی عەریش-یان كۆنتڕۆڵ كرد
جۆش ئارنست: ئەمەریكا بەرپرس نیە لە ئاسایشی عێراق