عه‌بدوڵای مه‌لا نوری
په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، له یه‌كه‌م خولی ههڵبژاردنیداو له بارودۆخێكی سیاسی تایبه‌تدا دانراوه، هه‌نوكه ته‌مه‌نی له دو ده‌یه نزیك ده‌بێته‌وه‌و هێشتا بڕگه‌و ماده سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و په‌یڕه‌وه، گۆڕانیان به سه‌ردا نه‌هاتوه، له‌كاتێكدا گۆڕانكاری گه‌وره له مه‌یدانی سیاسی كوردستان‌و عێراق‌و جیهاندا رویانداوه‌و بێگومان، ئه‌مه‌ش رۆڵی به‌رچاوی هه‌یه له سه‌ر لاوازی ئه‌دای په‌رله‌مان. یه‌كێك له كه‌موكورتییه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و په‌یڕه‌وه، ئه‌وه‌یه كه ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانی داوه به ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كه ده‌توانن ده‌زگای په‌رله‌مان به ئاره‌زوی خۆیان هه‌ڵسوڕێنن، به تایبه‌ت كه دانانی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان له ده‌سه‌ڵاتی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تییه، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردوه كه به‌رنامه‌ی زۆربه‌ی دانیشتنه‌كان له‌گه‌ڵ خواستی به‌شێكی گرنگی په‌رله‌مان یه‌كنه‌گرێته‌وه، كه ئۆپۆزسیۆنه، بۆیه لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم، تیشك بخه‌مه‌سه‌ر كه‌موكورتییه‌كانی مه‌بده‌ئی دانانی به‌رنامه‌ی كار له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا‌و هاوكات هه‌وڵده‌ده‌م، پێشنیازی به‌دیل بخه‌مه‌ڕو.
له به‌رنامه‌ی كاردا، بابه‌تی گفتوگۆی دانیشتنه‌كان دیاری ده‌كرێت، جا ده‌شێت به‌رنامه‌ی كار بۆ گفتوگۆكردن بێت له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسا، یاخود بابه‌تێك كه بچێته خانه‌ی چاودێركردنی حكومه‌ت، یان هه‌ر كێشه‌یه‌كی تری كتوپڕ‌و گشتی ...هتد. له ماده‌ی (20)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا كه ده‌سه‌ڵاته هاوبه‌شه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی به چوار خاڵ دیاریكردوه، له بڕگه‌ی(1)دا ده‌سه‌ڵاتی دانانی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی سپاردوه به ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، له بڕگه‌ی(1)ی مـــادهی (54)دا هاتوه "هیچ دانیشتنێك به‌بێ به‌رنامه‌ی كاری پێشوه‌خت نابه‌سترێت"و له بڕگه‌ی (3)ی هه‌مان ماده‌دا هاتوه "نابێت هیچ بابه‌تێك بخرێته‌ڕو و گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت كه له به‌رنامه‌ی كاردا نه‌هاتبێت".
له ماده‌ی (59)دا به سێ بڕگه، سزا دانراوه بۆ هه‌ر ئه‌ندام په‌رله‌مانێك كه سه‌رۆك پێی وابێت قسه‌و كرداره‌كانی كار ده‌كاته سه‌ر رێكوپێكی به‌ڕێوه‌چونی دانیشتنه‌كان، به‌م شێوه‌یه قسه‌كردن له سه‌ر هه‌ر بابه‌تێك كه له به‌رنامه‌ی كاردا ئاماژه‌ی پێ نه‌درابێت، ده‌چێته خانه‌ی سهرپێچیو پێشێلكردنی سیستمی گفتوگۆكان له‌ناو هۆڵی په‌رله‌ماندا، كه دواجار ئه‌مه سزای له سه‌ره، واته ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك له ده‌ره‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كاره‌وه شتێك بخاته‌ڕو و بیه‌وێت داكۆكی له سه‌ر بكات، به ده‌رچون له به‌رنامه‌ی كار ئه‌ژمار دهكرێتو سه‌رۆك بۆی هه‌یه به ده‌نگی زۆرینه‌ی په‌رله‌مانتاران، بێبه‌شی بكات له دانیشتنه‌كان. دیاره كه ئه‌م ماده‌یه به شێوه‌یه‌ك داڕێژراوه كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان داتوانێت وه‌كو تیغێكی دوسه‌ر، به كاری بهێنێت.
بۆیه دیاریكردنی ده‌سه‌ڵاتی دانانی به‌رنامه‌ی كار له پهیإهوی ناوخۆی په‌رله‌مانی هه‌ر وڵاتێكدا، ئه‌گه‌ر به هاوبه‌شی هه‌مو لایه‌نه‌كانی ناو په‌رله‌مان نه‌بێت، ده‌شێت بۆ مه‌به‌ستی خراپ كه‌ڵكی لێوه‌ربگیرێت، له خولی ئێستای په‌رله‌مانی كوردستاندا كه ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی له هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌و زۆرینه‌ی په‌رله‌مان پێكده‌هێنن، بۆ خۆیان به‌شێكن له‌و ململانێ سیاسییه‌ی له كوردستاندا هه‌یه، له دۆخێكی وادا زه‌حمه‌ته ئه‌و به‌ڕێزانه بتوانن بێلایه‌نی خۆیان بپارێزن‌و من پێم وایه، نه‌یانتوانیوه، چونكه دواجار ههرشكستێكی حكومه‌ت، یان زۆرینه‌ی په‌رله‌مان، واته شكستی حیزبه‌كانی ئهوانو به دڵنیاییه‌وه، هه‌رسكردنی ئه‌مه ئه‌سته‌مه، به‌ڵگه‌ی زۆر هه‌یه كه بێلایه‌نی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ده‌خاته‌ژێر گومانه‌وه، بۆ نمونه، زۆرجار ئۆپۆزسیۆن چ له‌ناو هۆڵی پهرلهمانو چ له ده‌ره‌وه، ره‌خنه‌ی ئه‌وه ده‌گرن كه پرۆژهیاساكانیان ناخرێنه به‌رنامه‌ی كاره‌وه، یان چه‌ندین جار ئۆپۆزسیۆن داوای كردوه كه چه‌ند پرسێكی گرنگی وه‌كو تیرۆری رۆژنامهنوسانو پرسی به‌قاچاخبردنی نهوتو زۆر دۆسیه‌ی تری گرنگ، بخرێنه به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانه‌وه، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و داواكارییانه‌ی ئۆپۆزسیونی پشتگوێخستوه.
هه‌ر بۆیه له زۆر وڵات‌دا بۆ رێگری له خراپ به‌كارهێنانی، یاخود بۆ دانانی باشترین‌و پێویستترین بابه‌ت له به‌رنامه‌ی كاردا، ده‌سه‌ڵاتی دانانی دراوه به ده‌سته‌یه‌كی فراوانتر.
له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی عێراقداو له ماده‌كانی (9 و37)دا، ده‌سه‌ڵاتی دانانی به‌رنامه‌ی كاری سپاردوه به سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند، ئه‌مه بۆ ئه‌نجومه‌نی شورای وڵاتی سعودیه‌ش وایه، به‌ڵام له په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی ئومه‌ی وڵاتی جه‌زائیردا، ده‌سه‌ڵاتی دانانی به‌رنامه‌ی كار به‌شێوه‌یه‌كی وردتر رێكخراوه بۆ دو به‌شی سه‌ره‌كی، یه‌كه‌م: (خشته‌ی كاری خولی گرێدان)، دوه‌م: (به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كان)، له ماده‌ی(47)دا دانانی خشته‌ی كاری خولی گرێداندا، هاتوه كه داده‌نرێت له‌لایه‌ن (دهسـتـهی سه‌رۆكه‌كان)ه‌وه، كه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی ئومهو پێنج ئه‌ندامی سه‌ر به فراكسیوَنهكانو سه‌رۆكی لیژنه‌كان له‌خۆده‌گرێت كه پرۆژه‌یاسا، یاخود هه‌ر پرسێكی گرنگ كه به پێویست بزانرێت، ده‌شێت له خشته‌ی كاری خولی گرێدان دیاری بكرێت‌و ئه‌م ده‌سته‌یه (15 رۆژ جارێك یاخود به بانگێشتی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن كۆده‌بێته‌وه‌و كۆنوسی دانیشتنه‌كانی به لایه‌نی كه‌مه‌وه پێش (72)كاتژمێر به‌سه‌ر ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ندا دابه‌ش ده‌كرێت، دیاره بابه‌ته‌كانی ناو خشته‌ی كاری خولی گرێدان، رێگر نییه له‌وه‌ی كه هه‌ر بابه‌تێكی تری پێویست‌و كتوپڕ بخرێته به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانه‌وه، هه‌ر بۆیه له ماده‌ی (48)دا ده‌سته‌یه‌كی دیكه به ناوی (ده‌سته‌ی ته‌نسیق) هه‌ڵده‌سێت به دانانی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنهكانو ئه‌م دهسهتهیهش پێكدێت له ده‌سته‌ی سه‌رۆكه‌كان كه پێشتر ئاماژه‌مان پێداو هه‌روه‌ها سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان (مجموعه)ی ناو په‌رله‌مان، لێره‌دا ده‌بینین له ئه‌نجومه‌نی ئومه‌ی جه‌زائیردا، هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی ئهنجومهنو پێنج ئه‌ندامی سه‌ر به فراكسیۆنهكانو سه‌رۆكی لیژنهكانو سه‌رۆكی فراكسیوَنهكان، رۆڵیان هه‌یه له دانانی به‌رنامه‌ی كاری ئه‌نجومه‌ندا.
له‌م روه‌وه‌و بۆ به‌شداریكردنی هه‌مو فراكسیوَنهكانی په‌رله‌مانی كوردستان له دانانی به‌رنامه‌ی كاردا، ده‌كرێت به هه‌ندێك گۆڕانكارییه‌وه سود له په‌یڕه‌وی ناخۆی ئه‌نجومه‌نی ئومه‌ی وڵاتی جه‌زائیر وه‌ربگیرێت، به تایبه‌ت زۆر پێویسته په‌رله‌مانی كوردستان خشته‌ی كاری خولی گرێدانی ههبێتو له‌و خشته‌یه‌دا ئه‌و پرۆژه‌یاسایانه بخاته‌ڕو كه ده‌شێت له خولی گرێداندا كه چوار مانگه، گفتوگۆیان له باره‌وه بكات‌و ده‌توانرێت ئه‌و خشته‌یه له رێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنه‌وه بڵاوبكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سانی پسپۆڕ‌و رێكخراوه‌كان‌و هه‌ر لایه‌نێكی تر پێش گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساكان خوێندنه‌وه‌و سهرنجو پێشنیازیان هه‌بێت، به‌مه‌ش ده‌توانرێت راسته‌وخۆ به‌شداری به خه‌ڵك بكرێت له ده‌وڵه‌مه‌ندكردن‌و دانانی یاساكاندا.
لێره‌دا بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا خۆی بگونجێنێت، پێویسته هه‌وڵی گۆڕینی په‌یڕه‌وی ناوخۆكه‌ی بدات‌و له‌مڕوه‌وه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رپرسیاری یه‌كه‌مه، چونكه دواجار هه‌ر پرۆژه‌یه‌ك بۆ گۆڕینی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، تا ئه‌و كاته‌ی ئۆكه‌ی ئه‌وانی له سه‌ر نه‌بێت، ناخرێته به‌رنامه‌ی كاره‌وه.
|