عه‌بدوڵای مه‌لا نوری
سه‌رۆكایه‌تی ئێستای په‌رله‌مان، هاوشێوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی پێش‌و جارێكی دیكه بابه‌تی میوانداری وه‌زیره‌كانی خستوه‌ته كارنامه‌ی خۆیه‌وه، له‌كاتێكدا پێشتر ئه‌زمونمان كرد، ئه‌م بابه‌ته جگه‌له‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی یاسایی نیه، ده‌ریشكه‌وت ته‌نها بۆ خۆبادان (عه‌رز)ی حكومه‌ته.
له په‌یڕوی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ته‌نها لێپرسینه‌وه هه‌یه، له په‌رله‌مانی هه‌ندێك وڵات میوانداریش هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌یه كاتێك له بابه‌تێكی دیاریكرا و سنورداردا لێكتێنه‌گه‌یشتن هه‌بێت له‌نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌تدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت یان وه‌زیر یان هه‌ر كاربه‌ده‌ستێكی دیكه كه یاسا رێگه‌ی بدات میوانداری ده‌كرێت و رونكردنه‌وه‌ی پێویست ده‌داته په‌رله‌مانتاران، واته میوانداری بۆ ئه‌وه‌نیه ئه‌ندامی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن له‌سه‌ر كۆی كاری ده‌زگاكه‌ی قسه بكات.
له كوردستاندا گه‌نده‌ڵی تا بینا قاقایه، میوانداری هیچ مانایه‌كی نیه، ئه‌مه هه‌وڵێكه بۆ به‌تاڵكردنه‌وه جه‌وهه‌ری لێپرسینه‌وه، بۆئه‌وه‌یه میوانداری بكرێته به‌دیلی لێپرسینه‌وه، له لێپرسینه‌وه‌دا داوای متامانه لێ سه‌نده‌وه‌ی به‌دوادا دێت، به‌ڵام له میوانداریه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستاندا كاتێك وه‌زیر وه‌ڵامی پرسیاری په‌رله‌مانتاران ده‌داته‌وه، دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌موكورتی و گه‌نده‌ڵی له چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌یدا هه‌یه، كه‌چی له كۆتایدا سوپاسی په‌رله‌مانتاران ده‌كات و ده‌ڕوات، وه‌ك ئه‌وه‌ی كۆبونه‌وه‌ی به په‌رله‌مانتاران كردبێت.
له‌ڕاستیدا میوانداری وه‌زیره‌كان وه‌كو گه‌ردن ئازادی جه‌ژنانی لێهاتوه، وه‌زیر دێت بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مان لێی خۆشبێت، به كورتی له‌م رێگه‌یه‌وه ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت ئه‌و په‌یامه به خه‌ڵك بدات كه گوایه په‌رله‌مان به ئه‌ركی چاودێری و لێپرسینه‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌ڵده‌سێت، كه وانیه، هه‌روه‌ك له‌م رێگه‌یه‌وه كار بۆ ئه‌وه ده‌كرێت وه‌زیره‌كان له لێپرسینه‌وه رزگاریان بێت.
كاتێك له ئاست دانپێدانانه‌كانی وه‌زیردا په‌رله‌مان هه‌ڵویستێكی نابێت، ئیدی جارێكی دیكه جه‌نابی وه‌زیر شه‌رعه‌یتی نوێ ده‌بێته‌وه، ئه‌و په‌یامه‌ش به خه‌ڵك ده‌گات كه په‌رله‌مان له جه‌نابی وه‌زیر رازیه و كه‌موكورتی و گه‌نده‌ڵی وه‌زاره‌ته‌كه‌شی له ده‌سه‌ڵاتی جه‌نابی وه‌زیردا نیه، بێگومان ئه‌مه‌ش هۆكارێكی باشه بۆئه‌وه‌ی هه‌رگیز حكومه‌ت سڵ نه‌كاته‌وه له‌وه‌ی رۆژێك له رۆژان روبه‌روی لێپرسینه‌وه‌ی جدی ده‌بێته‌وه.
بۆیه هه‌ڵه‌یه‌كی ستراتیجیه ئه‌گه‌ر ئۆپۆزسیۆن میواندای وه‌زیره‌كان قبوڵ بكات به‌و شێوه‌یه‌ی كه سه‌رۆكایه‌تی نه‌خشه‌ی بۆ كێشاوه، چونكه ئه‌مه به‌شداریكرنه له ره‌خساندنی زمینه‌ی گه‌نده‌ڵی، ئه‌گه‌ر قبوڵیشی كرد پێویسته له چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆدا بێت و ناوی لێپرسینه‌وه له بانگهێشتی وه‌زیره‌كان بنرێت، بۆئه‌وه‌ی بنه‌مایی یاسایی هه‌بێت و به تێروته‌سه‌لی پرسیار ئاڕاسته بكرێت، هه‌روه‌ك ئه‌و مافه به په‌رله‌مانتاران بدرێت داوای متمانه لێسه‌ندنه‌وه له هه‌ر وه‌زیرێك بكه‌ن كه ده‌ركه‌وت هه‌ڵه یان كه‌مته‌رخه‌می هه‌بوه.
ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت میوانداری وه‌زیره‌كان له كاتێكدایه پێشتر چه‌ندین جار داوای بانگهێشتی به‌شێك له وه‌زیره‌كانمان كردوه، به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تی ئاماده نه‌بوه بانگهێشتیان بكات!
ئه‌گه‌ر سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی هه‌یه هۆڵی په‌رله‌مان به شه‌قام و هاوڵاتیانه‌وه گرێبدات، ئه‌وا پێشنیار ده‌كه‌م له هه‌مو هه‌فته‌یه‌كدا رۆژێك دابنێت بۆئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاران به ئازادی بتوانن كێشه‌ی هاوڵاتیان له په‌رله‌ماندا بخه‌نه‌ڕو، له‌م رۆژه‌دا هه‌ر په‌رله‌مانتارێك ئازاد بێت بۆئه‌وه‌ی بابه‌تێكی دیاری كراوی ناوچه‌یی یان له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێم له هۆڵی په‌رله‌ماندا بخاته‌ڕو، دواتر ئاڕاسته‌ی وه‌زیر یان لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیار بكرێت به‌پێی سروشتی بابه‌ته‌كه، وه‌ك پرنسیپیش ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك دیاری بكرێت بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی هه‌ر كێشه‌یه‌ك.
|