كۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌و بایه‌خی لیژنه نیشتیمانییه‌كه
|
عومه‌ر عه‌بدوڵڵا گوڵپی
"Be Useful Better Than Beautiful" واته: "باشتره به‌سود بیت له‌وه‌ی جوان بیت"(1)
لەرۆژانی 9 تا 11ی ئه‌م مانگه، وه‌زاره‌تی پەروەردە به ئاماده‌بونی 196 ئه‌ندام، پێنجه‌م كۆنگره‌ی خۆی له شاری هه‌ولێری پایته‌خت گرێدا، وه‌ك درێژكراوه و كۆتا وێستگه‌ی ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ی پێشتر بۆی كرابون.
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی له‌م كۆنگره‌یه هه‌مانه نابێت له‌و ئاسته زیاتر بێت كه له كۆنگره‌و كۆنفرانسه‌كانی وڵاتانی تازه پێگه‌یشتو یان ئه‌وانه‌ی له‌م ناوچه‌یه گرێ دەدرێن، زیاتر بێت، چونكه رۆشنبیریی به‌ستنی كۆنگره‌و كۆنفرانسه‌كان و ئه‌و میكانیزمانه‌ی به‌هۆیانه‌وه ده‌مانه‌وێت بمانگه‌یه‌ننه ئامانج، لێره ته‌واو جیاوازن، بۆ نمونه؛ ژماره‌ی به‌شداربوان و شێوازی دیاریكردنیان و شێوازی به‌ڕێوه‌چونی گفتوگۆكان و ئه‌و رۆژانه‌ی له دیبه‌یته‌كاندا به‌سه‌ر ده‌برێن، هه‌تا ده‌گاته چۆنییه‌تی گه‌شتن به ده‌رئه‌نجامه‌كان، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای بونی چه‌ندین كێشه‌ی قوڵی تر كه له‌م ده‌ڤه‌رو هه‌رێمه‌ی خۆماندا ڕێگری لە گۆڕانکارییەکان دەکات.
بۆ شهنوكهوكردنی كۆنگره‌كه، كه دەبێت بڵێین به‌هۆی گرنگی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه بۆ ژیانی مرۆڤ، دەێت ئه‌و كۆنگره‌یه‌ش به‌لای هه‌مومانه‌وه جێگه‌ی بایه‌خ بێت، چ ئه‌وه‌ی به دڵی هه‌مومان بێت و چ به پێچه‌وانه‌شەوه،بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به پێویستی ده‌زانم ته‌وه‌ر و باسی وتاره‌كه به‌مشێوه‌یه پله‌به‌ندی بكه‌م: (یه‌كه‌م: خاڵه ئه‌رێنییه‌كان، دوه‌م: خاڵه نه‌رێنییه‌كان، سێیه‌م: لیژنه نیشتیمانییه‌كه).
یه‌كه‌م: (خاله ئهرینییهكان - واته الايجابية).
هیچ كارێك به‌بێ خاڵی باش و ئه‌رێنی نییه، ئه‌م كۆنگره‌یه‌ش كۆمه‌ڵێك خاڵی به‌هێز و باشی هه‌بو كه ده‌كرێت به‌مجۆره بیانخهینهڕو:
1- به‌هۆی كێشه‌ی دارایی و دۆخی نائاسایی شه‌ڕی تیرۆریستانه‌وه بۆ سه‌ر كوردستان، به‌ستنی كۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌یی خاڵێكی به‌هێزی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه، ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوێنرێته‌وه كه ئه‌گه‌ر چی كوردستان له‌دۆخێكی نا ئاساییدایه، به‌ڵام ئیراده‌ی پێشكه‌وتن نه‌وه‌ستاوه و هه‌نگاو بۆ پێشه‌وه به‌رده‌وامه.
2- ژماره‌ی به‌شداربون: ژماره‌ی به‌شداربوانی كۆنگره، كه بریتبو له (196) ئه‌ندام، ئه‌گه‌رچی زۆره به‌ڵام به به‌راورد به گه‌وره‌یی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ئه‌و په‌یكه‌ره گه‌وره‌ی هه‌یه‌تی و ئه‌و ململانێ جۆراو جۆرانه‌ی له كوردستان هه‌ن، هه‌روه‌ها به به‌راورد به‌و كۆنگره و كۆنفرانسانه‌ی تر كه له‌م وڵاته به‌ڕێوه ده‌چن، ئازایه‌تییه وه‌زاره‌تی په‌روه‌ده توانیویه‌تی ژماره‌كه له ئاستێكی باش‌دا راگرێت و نه‌هێڵێت هێنده زۆر بێت و ببێته رێگر له‌به‌رده‌م باش به‌ڕێوه‌چونی كۆنگره‌دا.
3- هۆڵ و شوێنی كۆنگره و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی پێشكه‌شده‌كران له خواردن و خزمه‌تگوزاریی حه‌وانه‌وه و ئاماده‌بونی وه‌رگێڕ بۆ بیانییه بهشداربوهكا له ئاستێكی باشدابون،له‌م روه‌وه كۆنگره خاوه‌نی ده‌ستكه‌وته.
4- ئاماده‌كردنی رێبهرو په‌رتوك و په‌ڕاوی چاپكراو و كاری میدیایی و ده‌نگ و وێنه بۆ به‌جێهێنانی كاره تهكنییهكییهكان به‌باشی به‌ڕێوه ده‌چون.
5- ئاماده‌بونی خودی وه‌زیری په‌روه‌رده و به‌شداریكردنی له ته‌وه‌ره‌كان و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی بۆ هه‌ر كێشه‌و كه‌موكوڕییه‌ك كه روبه‌ڕوی ستافی بەڕێوەبردنی كۆنگره ده‌بویه‌وه خاڵێكی تری ئه‌رێنی بو كه جێگه‌ی ئاماژه‌یه.
6- گرنگیدان به راهێنان و كردنی به ته‌وه‌رێكی سه‌ره‌كی له كۆنگره‌كه‌دا خاڵێکی ئه‌رێنییه، به‌تایبه‌ت جیهانی تازه زۆر گرنگی به پرۆسه‌ی راهێنان و گه‌شه‌پێدان ده‌دات و به پرۆسه‌یه‌كی دانه‌بڕاو داده‌نرێت، هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك خاوه‌نی ستراتیژی تایبه‌ت به خۆیه‌تی له‌مباره‌یه‌وه، به‌تایبه‌ت بوارێكی گرنگی وه‌ك په‌روه‌رده، له‌گه‌ڵ زانینی ئه‌و راستییه‌ی كه له هەندێک وڵات راهێنان ئه‌ركی خودی كه‌س و تاكه‌كانه نه‌وه‌ك دامه‌زراوه‌كان، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده راسته تا ئه‌و كاته‌ی كه‌رتی په‌روه‌رده وه‌ك كه‌رتێك ده‌مێنێته‌وه كه به ته‌واوه‌تی مهركهزییانه له‌لای حكومه‌ت بمێنێتەوە.
دوه‌م: خاڵه نه‌رێنییه‌كان
هه‌روه‌ك خاڵی به‌هێزمان هه‌یه، به هه‌مانشێوه خاڵی لاواز و نه‌رێنیمان هه‌یه، ده‌كرێت به‌جۆره‌ی خواره‌وه بیانخهینهرو:
1- كۆنگره‌كه درێژكراوه‌ی كۆنگره‌كه‌ی پێشوبو (كۆنگره‌ی چواره‌م - ساڵی 2007)، ئه‌و كۆنگره‌یه‌ی نه‌یتوانی بنه‌مایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ری كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌روه‌رده له كوردستان بونیات بنێت، له هێندێك روه‌وه كێشه‌كان ئاڵۆزتریش بون، راسته هەندێک هه‌نگاوی نا له روی هەندێک چه‌مكی په‌روه‌رده‌یی و گۆڕین و چاپكرنی كتێب و كردنی خوێندكار به سه‌نته‌ر له روی تیۆرییه‌وه، به‌ڵام نه كۆنگره‌كه‌ی پێش‌و و نه ئه‌م كۆنگره‌یه‌ش سه‌ركه‌وتو نه‌بون له‌وه‌ی كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌روه‌رده دیاریبكه‌ن و چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ بدۆزنه‌وه، ئه‌گه‌ر كێشه‌كانیش دیاریكرابن، ئه‌وا له پێشنیاركردنی چاره‌سه‌رو دهستنیشانكردنیدا سه‌ركه‌وتو نه‌بون، به‌تایبه‌ت چ ئه‌ندامانی كۆنگره‌و چ ئه‌وانه‌ی هه‌ژمونیان هه‌بو له‌سه‌ر كۆنگره، له ژێر كاریگه‌ریی ژینگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی كوردستاندا هەندێک بڕیار و هه‌ڵوێست و گۆڕانكارییان پێشنیاركرد كه له‌گه‌ڵ به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و ژینگه‌ی ئابوری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستاندا نه‌گونجاون.
ئه‌م كێشه‌یه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌وه ده‌بینم كه هه‌ر له بنه‌مادا نابێت بڕیاری گۆڕین یان لابردنی پڕه‌نسیپێك، بنه‌مایه‌ك، شێوازی به‌ڕێوه‌بردن، سیستمی تاقیكردنه‌وه، وانه بێژی و سیستمی سه‌رپه‌رشتیاریی و هه‌ر شتێكی تر له بواری په‌روه‌رده‌دا له‌سه‌ر بنه‌مای بۆچونی تاك و حه‌ز و مه‌یلی كه‌سێك و دواندا بێت، یاخود بینینی هه‌ڵوێستێكی سه‌ركه‌وتو له وڵاتێك و كتومت گواستنه‌وه‌ی بۆ كوردستان، چونكه ئه‌زمونی هه‌ر گه‌ل و وڵاتێك له‌بواری په‌روه‌رده و فێركردن وابه‌سته‌یه به بنه‌ما كلتوری و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه ئابوری و سیاسی و رۆشنبیرییه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته، ئه‌و وڵاته‌ی كه ته‌واو جیاوازه له كوردستان.
2- میكانیزمی سه‌رپه‌رشتیكردنی كۆنگره‌و كۆنفرانسه‌كانی پێشوش هه‌تا رۆژی گفتوگۆی ته‌وه‌ره جیاجیاكانیش، میكانیزمێكی به ته‌واوه‌تی راست و دروست نه‌بو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی كۆنتڕۆڵكردنی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه، به رادده‌یه‌ك هه‌ر شه‌ش ته‌وه‌ره‌كه له‌لایه‌ن راوێژكار‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كانی ناو وه‌زاره‌ته‌وه به‌ڕێوه ده‌بران و سهرپهرشتیدهكران، ناڵێین ده‌رفه‌تی ده‌ربڕین و بۆچون نه‌بو، به‌ڵكو سه‌رپه‌رشتیكردنی ته‌وه‌ره‌كان له كۆنفرانس و كۆنگره‌كان و ئیداره‌دانی رۆژانه‌ی ته‌وه‌ره‌كانیش له كۆنگره له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه خاڵێكی لاوازه و نه‌ده‌بو به‌وجۆره بێت، چونكه له كوردستان ده‌یان خه‌ڵكی شایسته و به ئه‌زمون و نیشتیمانی و بێلایه‌نمان هه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، یاخود خه‌ڵكی شاره‌زاو پسپۆڕ ئاماده‌ییان هه‌بو له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه، بۆیە باشتر بو رۆڵ به‌وانه‌ش بدرێت.
3- شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و گفتوگۆی ته‌وه‌ره‌كان سه‌ركه‌وتو نه‌بو، به‌ڵكو جۆرێك له خۆسه‌پاندن و زاڵکردنی رای به‌رپرسه‌كانی په‌روه‌رده‌ی پێوه دیاربو، ئه‌وانیش له روی گۆڕنكاریی و ئاسۆی بیركردنه‌وه‌یان وابه‌سته‌ی ئه‌و سیستمه‌ن كه تیایدا ده‌ژین، هه‌ر بیروڕایه‌كی تازه مه‌حكوم بو به‌و بیروڕایانه‌ی كه ئه‌وان هه‌یانه.
4- كۆنگره سه‌ركه‌وتو نه‌بو له دیاریكردنی كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌روه‌رده له كوردستان، سه‌ركه‌وتو نه‌بو له‌وه‌ی ره‌گی كێشه‌كان بدۆزێـته‌وه و چاره‌سه‌ری گونجاویان بۆ ده‌ستنیشانبكات، هێندێك له‌و گۆڕانكارییانه‌ی پێشنیاركراون هه‌ر ماکیاژن بۆ ئه‌وه‌ی كه ئێستا هه‌یه، هەندێکی دیکە ئه‌گه‌ر چی باشیشن، به‌ڵام ته‌نها گۆڕانكارییهكن له میكانیزمدا نه‌وه‌ك رۆچونه نێو واقیعی تاڵی په‌روه‌رده و ئاستی په‌روه‌رده و فێركردن له كوردستان، هەندێکی دیکەیان به‌هۆی دۆخی خراپی ئابوری و دارایی كوردستان و توانای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌ر به پێشنیاریی جوان ده‌مێننه‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌رچی قسه‌ی جوان و پێشنیاری باش و سیستمی تازه هه‌یه ده‌بێت كه‌سانێك بۆمانی وه‌ربگێڕنه سه‌ر زمانی كردار کە زۆرینه‌یان ئه‌و توانایه‌یان نییه، به‌تایبه‌ت ئه‌و له‌شكره له شاره‌زا و به‌رپرسانه‌ی له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده هه‌ن و چه‌ندین ساڵه په‌روه‌رده گیرۆده‌ی ئه‌و ده‌م و چاوانه‌یه، (بێگومان له‌گه‌ڵ رێزی زۆرماندا بۆیان)، به داخه‌وه له كوردستان ده‌یان شاره‌زاو پسپۆڕی گه‌وره‌مان هه‌یه به بڕوانامه‌ی به‌رزه‌وه له بواری په‌روه‌رده‌و فێركردن‌و به‌ڕێوه‌بردندا، چ له‌ناو خۆی وڵات و چ له ده‌ره‌وه، به‌ڵام كه‌مترینیان له وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده نابینین، ئه‌وانه‌ی هه‌ن زۆر ئاستێكی خراپیان هه‌یه له‌م روه‌وه و نه‌یانتوانیوه به لێكۆڵینه‌وه‌كانیان، نوسین و كۆڕ و سیسمیناره زانستییه‌كانیان، تواناكانی خۆیان پیشانبده‌ن و بۆمانی بسه‌لمێنن كه ئه‌وان شایسته‌ن به‌و پله‌و پۆسته‌ی له‌و وه‌زاره‌ته هه‌ستیاره‌دا هه‌یانه.
به‌بڕوای به‌نده كۆنگره زیاتر سه‌ركه‌وتو ده‌بو ئه‌گه‌ر :
1- سیستمی به‌ڕێوه‌بردن له خوێندنگه‌كان و په‌روه‌رده‌كان بكاته نا ناوه‌ندگیریی و ده‌سه‌ڵاتی فراوانی به به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه و به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌كان بدایه و له به‌رانبه‌ردا سیستمی چاودێریی و سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌هێز بكردایه، هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێك له ئامانجه‌كانی كۆنگره‌كه‌ش ئه‌مه بو.
2- رێگایه‌ك، یان شێوازێك، یان میكانیزمێك پێشنیاربكرێت و كاری پێبكرێت له‌وه‌ی ده‌ستی حیزب و ئایدۆلۆژیا له خوێندنگا و ناوه‌ند و فه‌رمانگه‌كانی په‌روه‌رده بكاته ده‌ره‌وه، له هه‌ر شوێنێك له‌گه‌ڵ په‌روه‌رده و فێركردن حیزبایه‌تی و ئایدۆلۆژیا ئاماده‌یی هه‌بو، ئه‌وه نابێت چاوه‌ڕێی هیچ به‌ره‌وپێشچونێك بكرێت و ببینین ئامانجی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده دێته دی، بۆیه یه‌كێک له كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی په‌روه‌رده له كوردستان بریتییه له هه‌یمه‌نه‌ی حیزب به‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی خوێندن‌و په‌روه‌رده‌وه، كارنه‌كردن به پێوه‌ری بابه‌تی‌و شیاوێتیو په‌روه‌رده‌یی له دیاریكردنی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگه‌كان‌و سه‌رپه‌رشتیارو به‌رپرسانی په‌روه‌رده به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.
3- فه‌لسه‌فه‌ی خوێندن: یهكێكیتر له كێشه‌كانی په‌روه‌رده له كوردستان ئه‌وه‌یه كه حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده دیدگایه‌كی قوڵ و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی دیاری‌یان نییه له پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردن، له ناوه‌نده‌كانی خوێندندا هیچ كه‌س به‌رچاوی رون نییه کە ده‌مانه‌وێت چ جۆره مناڵێك دروست بكه‌ین؟ ئه‌گه‌رچی كۆنگره نه‌یتوانی له‌مباره‌یه‌وه كارێك بكات، به‌ڵام كارێكی زۆر باشی كرد كه دیاریكردنی فه‌لسه‌فه‌ی خوێندن و پڕۆگرامه‌كانی په‌روه‌رده‌ی دایه ده‌ست لیژنه‌یه‌كی نیشتیمانی هه‌میشه‌یی كه ئه‌و ئه‌ركه راپه‌ڕێنێت له داهاتودا.
سێیه‌م: لیژنه نیشتیمانییه‌كه
وه‌ك له‌سه‌ره‌وه باسمانكرد راسپاردنی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و دامه‌زراوه به‌رپرسه‌كان به دروستكردنی لیژنه‌یه‌كی نیشتیمانی بۆ فه‌لسه‌فه و پرۆگرامه‌كانی په‌روه‌رده كارێكی ئه‌رێنی و باش و به‌هێزی كۆنگره‌كه بو، له‌م روه‌وه پێویسته ده‌ستخۆشی له وه‌زیری په‌روه‌رده و به‌رپرسانی هاوڕێی بكه‌ین كه كارێكی گرنگی له‌مجۆره‌ی نه‌هێنایه ناو ململانێ سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه له دوای ئه‌م راسپاردهیهوه ده‌ستپێده‌كات، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، ئه‌و لیژنه‌یه كێن و چۆن دیاریده‌كرێن؟ به چ میكانیزمێك كارده‌كه‌ن و ئایا ده‌توانن له ئاست به‌رپرسیارێتی و گه‌وره‌یی كاره‌كه‌یاندا بن یان نا؟.
چونكه ده‌بێت له‌و راستییه چاوی خۆمان نه‌گرین كه له‌م وڵاته‌دا هه‌میشه پله‌و پۆسته‌كان به رێككه‌وتن و به‌ش به‌شێنه‌ی حیزبیانه پڕ ده‌كرێنه‌وه، لایه‌نه سیاسییه‌كان هێنده‌ی خه‌می پشكی خۆیانه له‌و جۆره شوێنانه‌دا هێنده خه‌می وڵات و به‌رژه‌وه‌ندی گشتییان نییه، بۆ سه‌ركه‌وتنی ئه‌و كاره‌ش ئومێده‌وارین:
1- وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده زۆر به وریایی و دانایی و نیشتیمانییانه ئه‌و لیژنه‌یه ده‌ستنیشان بكات.
2- لیژنه‌كه وه‌ك به ناوه‌كه‌یه‌وه ده‌یناسینه‌وه، پێویسته هه‌م نیشتیمانییانه و هه‌م دڵسۆزانه و خه‌مخۆرانه بۆ كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی بیربكه‌نه‌وه، حیزبایه‌تی نه‌كه‌ن و خه‌ڵكی پسپۆڕ و شاره‌زاو مرۆڤی نا ئایدۆلۆجی بن.
3- زۆر گرنگه له داڕشتنی فه‌لسفه‌ی پهروهردهییو پڕۆگرامه‌كاندا به وریاییه‌وه مامه‌ڵه بكرێت، له‌لایه‌ك پێشكه‌وتنی گه‌لان و هۆكاره‌كانی پێشكه‌وتن ره‌چاوبكرێن و له لایه‌كی تره‌وه كلتور‌و ئاین‌و رۆشنبیریی خه‌ڵكی كوردستان و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی به هه‌ند وه‌ربگیرێت، واته له‌روانگه‌ی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌و پڕۆگرامانه‌وه مناڵێك بۆ كوردستان په‌روه‌رده بكه‌ین له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه زانستییه‌كانی سه‌رده‌م هه‌ڵبكات، له‌لایه‌كی تره‌وه دیدو روانینێكی راست‌و دروستی هه‌بێت بۆ ژیان، بۆ چاكه‌و خراپه، بۆ مرۆڤ‌و ده‌وروبه‌ری، بۆ زانست‌و پێشكه‌وتن، بۆ خودی خۆی‌و په‌یوه‌ندییه جۆراو جۆره‌كانی به خێزان‌و كۆمه‌ڵگه‌و ره‌گه‌زی جیاوازه‌وه، به واتایه‌كی تر پێویسته په‌روه‌رده‌ی ئێمه نه‌وه‌یه‌ك پێبگه‌یه‌نێت خودی خۆی ون نهكاتو ناسنامه‌ی خۆی‌و گهلو كلتور‌و زمان‌و نه‌ته‌وه‌و ئاین‌و ره‌وشته به‌رزه‌كان بپارێزێت‌و دیدو روانینێكی مرۆڤانه‌ی بۆ هه‌مو چه‌مكه‌كانی ژیان هه‌بێت، هەروەها توانای هه‌نگاونانی له‌گه‌ڵ جیهانی نوێ‌دا هه‌بێت.
ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ره‌تا بۆ لای په‌نده ئهمەریكییهكه، سه‌ره‌ڕای كهمو كوڕییه‌كان له كۆنگره‌ی په‌روه‌رده‌یی، به‌ڵام شتی جوان كرایه راسپارده، به‌ڵام گرنگه بزانین چه‌ندیان سودی ده‌بێت بۆمان، چه‌ندیان بۆ نه‌ته‌وه‌و كوردستان‌و ئاینده‌كه‌ی جێگه‌ی بایهخنو ده‌بنه هۆی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و نه‌وه‌یه‌ی چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ین؟.
|
|