وەزیرێکی باش لە سیستمێکی خراپدا

د.گۆران عه‌بدوڵا‌

هەرچەندە هێشتا زۆر زوە بۆئەوەی بڕیار لەسەر کارەکانی کابینەی حەوتەمی وەزارەتی تەندروستی و وەزیری تازە بدەین، بەڵام کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگی سەرەتایی یارمەتیمان دەدات بۆئەوەی هێڵە گشتیەکانی سیاسەتی تەندروستی لەماوەی داهاتودا دەستنیشان و دیاریی بکەین. لێرەدا قسە لەسەر جموجۆڵ و چالاکییەکانی وەزیری تازەی تەندروستی دەکەین و هەوڵ دەدەین لەژێر رۆشنایی ئەو چالاکیانەدا هەڵسەنگاندێکی سەرەتایی بۆ کارەکانی وەزارەتی تەندروستی بکەین.

ئاشکرایە کە گۆێگرتن و بەدەمەوەچونی کێشەکان یەکێکە لە هەرە گرنگترین ئەو کارەکتەرانەی کە پێویستە پێشڕەوی هەر بوارێکی ژیاریی و گرنگی وەکو تەندروستی هەڵگریبێت. وەزیری تەندروستی یا هەر سەرکردەیەکی بیروکراتیی بواری تەندروستی پێویستە پێش ئەوەی هیچ قسەیەک یا هەر هەنگاوێک بنێت، گوێ لە دەروبەرەکەی بگرێت و هەمو بیڕواڕاکان بخوێنێتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ هەمو ئەلتەرناتیڤەکان بکات. وەزیری تەندروستی یا هەر پێشڕەوێکی تری بوارکە پێویستە لە نزیکەوە لە کێشە تەندروستیکان بکۆڵێتەوە و ئەوەندەی لەسەر ئەرز و لەناو خەڵک و لە نزیکی دەزگا تەندروستیەکانەوە بێت، ئەوەندە لە پشتی مێز و کورسیەوە ئەمر و نەهی نەکات.

لەم ماوە کورتەی رابوردودا، وەزیری تەندروستی تازە، بەشێک لەو کارانەی سەرەوەی کردوە. ئەو سەرەتای کارکردنی بە کۆمەڵێک سەردانی مەیدانیی دەستپێکرد و پێدەچیت کە ئامادەی گوێگرتن و وەرگرتنی رای جیاواز و تەنانەت رەخنەی بنیاتنەر و دڵسۆزی خەمخۆرانی سیستمی تەندروستیش بێت. ئەم سیفەتانە، هەرچەندە سیفەتی ئاسایین و دەبێت لە هەمو وەزیرێک یا بەرپرسێک بەتایبەتی بۆ بوارێکی مرۆییانەی وەکو تەندروستی هەبێت، بەڵام بە بەراورد بە کابینەی پێشو پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکی گەورەیە.

لە پاڵ ئەو ئاماژە سەرەتاییە پۆزەتیڤانە، کۆمەڵێک ئاماژە و دەرکەوتی تر هەن کە ئومیدەکانمان بە ئەنجامدانی چاکسازیی و ریفۆرمی هەمەلایەنە و شۆڕشگێڕانە لەبواری تەندروستی کەم دەکەنەوە. راستە وەزیری تازە، خۆی یاخود حکومەتەکەی بەگشتی بەدەمی کۆمەڵێک داواکاریی کارمەندانی تەندروستی و پزیشکانەوە چون، بەڵام راستیگەلێکی گرنگیان لەیادکردوە سەبارەت بە چاکسازیی تەندروستی و ریفورم لە بواری تەندروستیدا. دواجار، ریفۆرمی تەندروستی تەنها بە سنگفراوانی و دەستبڵاویی و رەتنەکردنەوەی داواکارییەکانی کارمەندانی تەندروستی و پزیشكان ناکرێت (لەگەڵ گرنگی هەمو ئەوانەدا).

کێشەی گەورەی حکومڕانی تەندروستی، نەبونی بەرنامە و پلانە. وەزیرەکانی تەندروستی یەک لە دوای یەک دێن و دەڕۆن و رۆژێک لەڕۆژان بەرنامەیەکی کورتیش لە هیچ یەکێکیان نەبینرا کە پلان و ستراتیژەکانی وەزیرەکە یا حکومەتەکەی بۆماوەی حکومڕانیەکەی بخاتەڕو. نەبونی بەرنامە و پلان وای کردوە کە باشی و خراپی وەزیری تەندروستی ئێستاشی لەگەڵدا بێت تەنها لەڕێی روخۆشیی و دیبلۆماسیەت و دەستبلاویی و سنگفراوانی وەزیرەکەوە بپێورێت نەوەکو لەڕێی بەرنامە و پلان و ستراتیژەکانی بۆ سیستمی تەندروستی و تەندروستی هاوڵاتیان بە گشتی. هەر بۆیەشە خەسڵەتە تایبەتەکانی کەسایەتی وەزیر هەردەم کراوە بە پێوەری باشی و خراپی وەزیرەکە. بۆ نمونە ئەگەر فڵانە وەزیر کەسێکی توڕە و بێ حەوصەڵە و کەم تەحەمول بوبێت ئەوە وزیرێکی خراپە و ئەگەریش دەم بە پێکەنین و گوێگرێکی باش و هیچ داواکارییەکی نەگەڕاندبێتەوە ئەوا وەزیرێکی باشبوە. ئەو خەصڵەتانەی دوایی کۆمەڵێک خەصڵەت و سیفاتی باشن، بەڵام بە تەنها بەس نین بۆ ئەوەی سیستمێکی تەندروستی سەرکەوتومان هەبێت و پێویستیمان بە لەوە زیاترە.

هەر وەزیرێکی تەندروستی پێش ئەوەی دەست بە کارە تازەکەی بکات دەبێت وەڵامی کۆمەڵێک پرسیاری لە لا گەڵاڵە بوبێت. وەڵامی ئەو پرسیارانە گرنگن بۆ ئەوەی بەرچاوڕونی هەم بۆ خۆی و هەم بۆ تەواوی سیستمی تەندروستی هەبێت سەبارەت بە سیاسەتەکانی لە ماوەی دەستبەکاربونی وەکو وەزیر. شەش تەوەری سەرەکی هەن کە پرسیارەکانیان بەسەردا دابەش دەبێت و هیچێک لەو تەوەرانە لەوەی تر لە گرنگیدا کەمتر نیە. تەوەرەکان بریتین لە خەرجیی و هێزی کار و خزمەت و زانیاریی و کەرەستە و حکومڕانی تەندروستی. سەبارەت بە هەر یەکێک لەو تەوەرانە دەبێت وەزیری تەندروستی وەڵامی بۆ ئەم پرسیارانە هەبێت؛

لە بواری خەرجیی تەندروستیدا، دەبێت وەزیری تەندروستی بزانێت کە ئایا ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ تەندروستی لە کوردستاندا خەرج دەکرێت زۆرە یا کەمە؟ ئەگەر کەمە ئەو میکانیزمانە چین کە وەزیری تازە دەیانگرێتە بەر بۆئەوەی سەرچاوەکانی داهاتی تەندروستی زیاد کات و پارەیەکی زیاتر بۆ تەندروستی دابینبکات؟ ئەگەر داتا لاوازەکانی حکومەتی هەرێم بکەین بە سەرچاوە دەبینین کوردستان لە خوارەوەی زۆربەی وڵاتانی دنیانیە لە خەرجکردنی پارە بۆ تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها ٥%ی کۆی بودجەی خۆی لە تەندروستی خەرج دەکات کە بەپێی هەمو پێوەرەکان کارەساتێکی گەورەیە و دەبێت وەزیری تەندروستی وەڵامی هەبێت بۆ ئەم پشتگوێخستنەی تەندروستی لە لایەن حکومەتەکەیەوە. ئایا وەزیری تەندروستی هیچ سەرچاوەی تری داهات بۆ تەندروستی شک نابات وەکو بیمەی تەندروستی و هەبونی باج لەسەر جگەرە و مادە کحولیەکان و لەسەر کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل؟ ئایا وەزیری تەندروستی دەزانێت کە خەریکە خەرجیی لە قوربانیەکانی هاتوچۆ هەمو بودجەکەی حەپەلوش دەکات و بەشی چارەسەر و خزمەتە تەندروستیە گرنگەکانی تری نەهێشتوەتەوە؟ هەروەها دەبێت وەزیری تەندروستی وەڵامی هەبێت بۆ ئەوەی ئایا ئەو پارەیەی بۆ تەندروستی تەرخان دەکرێت چۆن خەرج دەکرێت و لە چیدا خەرج دەکرێت؟ ئایا رێژەیەکی زیاتری بودجەکە بۆ خۆپاراستن و پەرەپێدانی تەندروستی هاوڵاتیان دەچێت یا بۆ بە فیڕۆدانی بودجەی گەورە لە چارەسەری گرانبەها؟ ئایا  لە کوێی وەزارەتەکەی و سیستمی تەندروستی بە گشتی بەفێرۆدان رودەدات؟ لەڕێی گەندەڵیەوە یا لەڕێی بەکارهێنانی چارەسەر و خزمەتی بێکەڵک و گرانبەها و کەم بەرهەم؟ ئایا وەزیری تەندروستی بیری لەوە کردوەتەوە کە میکانیزمی جوراوجۆر هەیە بۆ پاداشتدانەوەی کارمەندانی تەندروستی و پزیشکان بە جۆرێک کە کوالیتی ئەو خزمەتە لە بەرچاوبگرێت کە پێشکەشی دەکەن و تەنها پشت بە موچەیەکی نەگۆڕی دیاریکراو نەبەستێت کە هیچ پاڵنەرێکی بۆ باشترکردنی ئاستی کوالیتی خزمەتەکە تیا نیە؟

ئەگەر ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە خەرجی تەندروستی لە کوردستاندا روبەڕوی وەزیری تەندروستی دەبێتەوە وای لێبکات شەوانە خەوی لێ نەکەوێت، ئەوا پرسیارەکانی تایبەت بە هێزیکاری تەندروستی لە سیستمی تەندروستی کوردستاندا، وا لە مرۆڤ دەکات نانیشی پێ نەخورێت. ئایا وەزیری تەندروستی دەزانێت چی نایەکسانیەک لە دابەشکردنی پزیشکان هەیە لە کوردستاندا؟ ئایا دەزانێت سەنتەری شارەکان جمەیان دێت لە پزیشکی پسپۆر و گوند و لادێ و شارۆچەکەکانی وڵاتەکەی بۆ پزیشكێکی پسپۆر گیانیان دەرچوە؟ ئایا دەزانێت گوندێکی وەکو شێخ وەسانانی کیمیاباران کراو و شارێکی وەکو کفری کە دور لە ئێستا جاران بە شاری وەزیران ناسراو بو پزیشكێکی پسپۆڕی تیا دەستناکەوێت؟ ئایا وەزیری تەندروستی بە ئەرکی خۆی نازانێت کە دڵنیا بێت لەوەی قوربانیەکانی ئەنفال و کیمیابارن ئەو خزمەتەی پێویستیان پێیەتی هەیانبێت؟ ئایا دەزانێت دەبێت کە یەکسانی و دادپەروەری لە دابەشکردنی جوگرافی هێزیکاری تەندروستی هەبێت و ناشێت و ناکرێت جیاکاری لە نێوان ناوچە جیاجیاکاندا هەبێت؟ دەبێت وەزیری بەڕێز ئەو راستیە بزانێت کە ئێمە هەمو کوردین و کوردێکی دانیشتوی شێخ وەسانان لەگەڵ دانیشتویەکی گەڕەکێکی دەوڵەمەندی هەولێر یا سلێمانی نابێت هیچ جیاوازییەکیان لەو خزمەتە تەندروستیەی وەریدەگرن هەبێت. ئایا وەزیری تەندروستی دڵنیایە لەو راهێنان و زانستەی کە کارمەندانی تەندروستی دەیخوێنن؟ ئایا دەتوانێت گەرەنتی هاوڵاتیان بکات کە ئەو خزمەتەی کارمەندان و پزیشکان پێشکەشی دەکەن باشترین خزمەتێکە کە دەکرێت پێشکەشبکرێت لە کوردستاندا؟ ئایا بیری لەوە کردوەتەوە کە سیستمێکی چاودێریی هەبێت لەسەر کاری پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی؟ ئایا دڵنیایە کە ئەو موچەیەی کە پزیشکان و کارمەندان وەریدەگرن شایانی ئەرک و ماندوبونیانە و هۆکارێک نیە بۆ ئەوەی پشت لە کارەکانیان لە کەرتی گشتی بکەن و روبکەنە کەرتی تایبەت؟ ئایا ناکرێت ژیانی پزیشکان و کارمەندان بە شێویەک مسۆگەر بکرێت کە تەنها لە خەمی نەخۆش و هاوڵاتیدا بن؟

سەبارەت بە خزمەتی تەندروستی دەبێت وەزیری تەندروستی قەناعەت بە خۆی و هەمومان بکات کە ئەو خزمەتەی کە لە کوردستاندا پێشکەشدەکرێت شایانی هاوڵاتی و مرۆڤی کوردن. دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە ئاخۆ هۆی چییە کە بەرپرس و خواپێداوەکانی کوردستان بۆ بچوکترین پشکنین و لابەلاترین چارەسەر رودەکەنە وڵاتانی دەرەوە و پشت لە نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی و پزیشک و کارمەندەکانی خۆمان دەکەن؟ ئایا وەزیری تەندروستی ئەو خزمەتەی کە سیستمی تەندروستی پێشکەشی دەکات بە شایانی بەرپرسەکان نازانێت و تەنها خزمەتێکی پلە دوی شایانی هاوڵاتیەکی پلە دوە؟ ئایا وەزیری تەندروستی دڵنیایە کە هەمو ئەو چارەسەر و دەرمانانەی کە پێشکەشی هاوڵاتیان دەکرێن پابەندن بە کۆمەڵێک بنەمای زانستی؟ ئایا چاودێری و بەدواداچون بۆ ئەو خزمەتانە دەکرێت؟ ئایا وەزیری تەندروستی هیچ سیستمێک شک دەبات کە بەدواداچون بۆ حاڵەتەکانی مردن و هەڵەی پزیشکیی بکات؟

بۆ زانیاریی تەندروستیش، ئەوا وەزیری تەندروستی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر قورسدایە. ئایا وەزیری تەندروستی هۆکاری نەبونی زانیاری لەسەر نەخۆشی و پێوەرە گرنگەکانی تەندروستی دەزانێت؟ ئایا وەزیری تەندروستی دەزانێت بۆچی نازانین چەند منداڵ لە کوردستاندا لە کاتی لەدایکبوندا گیان لە دەستدەدەن و چەند دایک لە کاتی منداڵبوندا دەمرن؟ ئایا وەزیر دەزانێت چەندێک منداڵ پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی پێنج ساڵ گیان لە دەستدەدەن لە کوردستاندا؟ ئایا زانیوەیەتی کە بە پێی هەندێک زانیاری پڕ کەموکورتیی وەزارەتەکەی خۆی رێژەکە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٠٣، ٣٠٠%دا زیادیکردوە؟ ئایا وەزیری تەندروستی دەزانێت هۆکارەکانی مردن لە کوردستاندا چین؟ دەزانێت خەڵک و هاوڵاتیانی کوردستان بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی دەکەن یاخود بە روداوی هاتوچۆ؟ ئاخۆ شێرپەنجەی سینگ زۆرترە یا هی خوێن؟ ئایا دەزانێت کە منداڵێک ئەمڕۆ لە کوردستاندا لە دایکبوبێت مەزەندەی چی تەمەنێکی بۆ دەکرێت؟ ئایا دەزانێت چەند کەس سەردانی بنکە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکانی دەکەن و بۆچی سەردان دەکەن و بە دەست چی جۆرە نەخۆشیەکەوە دەناڵێنن و چی جۆرە دەرمانێک زیاتر مەسرەف دەکەن؟ ئایا دەزانێت کە بەشێک گرنگی هەر سیاسەتێکی تەندروستی سەرەکەوتو هەبونی توێژینەوە و ڵێکۆڵێنەوەیە و قەت بیری لەوە کردوەتەوە کە هەماهەنگی و هاوکاریەکانی توێژەرەوەکانی بوارەکەوە و زانکۆ ناوخۆیی و جیهانیەکان وەرگرێت بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و ڵێکۆڵینەوە لەسەر سیستمی تەندروستی؟

 بە نیسبەت کەرەستە و دەرمانەوە پێ دەچێت وەڵامی کۆمەڵێک پرسیارمان دەستکەوتبێت و ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەتی ئەو بوارە پەنایان بۆ برابێت بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەکانی ئەو بوارە بکەن. بەڵام ئایا وەزیری تەندروستی دەزانێت کە کۆمپانیاکان یەک ئامانجیان هەیە کە قازانجە؟ ئایا ئەزمونە تاڵەکانی پێشوی سەبارەت بە کۆمپانیا بیانی و تایبەتەکانی بواری بیناسازیی نەخۆشخانەکان (٤٠٠ قەڕوێڵەیی سلێمانی) و ئامادەکردنی خواردنی نەخۆشخانەکان و خانەی پزیشکان و پاککردنەوەی نەخۆشخانەکانی لە یادە؟ ئایا دەزانێت ئەگەر پرۆسەیەکی ئاشکرا و شەفافی تەندەرین و گرێبەست نەبێت ئەو کۆمپانیانە دەبنە مۆڵگەی گەندەڵیی و بەفیڕۆدانی ماڵی گشتی؟

لە کۆتاییشدا، هیوادارین کە وەزیری تازە ئەوەندە لە پۆستەکەیدا مابوبێتەوە بۆ ئەوەی تێبگات کە حکومڕانی تەندروستی و بون بە پێشڕەو لە بواری تەندروستی زانستە و پێویستی بە فێربون و خوێندنەوە و پەرەپێدان هەیە؟ ئایا دەزانێت کە دەستنیشانکردنی ئەوانەی کە حکومڕانی سیستمی تەندروستی دەکەن لەڕیی میکانیزم و فیلتەرە حیزبیەکانەوە لەشکست زیاتر هیچی تری لێ سەوز نابێت؟ ئایا دەزانێت ئەو دەزگا حیزبی و سیاسیانەی بە ناوی تەندروستیەوە خزمەتی حیزبایەتی و سیاسەت دەکەن پەڵەی رەشن بۆ پیشەی پزیشکیی و نە لە دور و نە لە نزیکەوە ناشێت بە کاری شیاویان لەڕوی پیشەییەوە دابنرێت؟ ئایا دەزانێت کە لە وڵاتاندا بەشی تایبەت دادەمەزرێت بۆ خوێندن و فێرکردنی سیاسەتی تەندروستی و کارگێڕی تەندروستی و چۆنیەتی بەڕیوەبەردنی سیستمی تەندروستی؟ ئایا بیریان لەوە کردوەتەوە کە لە باتی دەستگرتنی کادیری حیزبیی بۆ بەڕێوەبردنی نەخۆشخانە و دەزگای تەندروستی، بەشی تایبەت بە خوێندنی بەڕێوەبردن و کاڕگێڕی تەندروستی بکەنەوە بۆ ئەوەی بوار بە کادرە حیزبیەکان بهێڵنەوە لە ناو حیزبەکاندا بەهەرەکانی خۆیان پەرەپێبدەن و تواناکانیان لە ناو سیستمی تەندروستیدا بەفیڕۆ نەدەن؟

سیستمی تەندروستی تەنها بە موجامەلە و قسەی خۆش و جێبەجێکردنی هەمو داواکارییەک نابرێت بەڕێوە. سیستمی تەندروستی جەنجاڵە بە پرسیاری جدی کە دەبێت ئەمڕۆ یا سبەی وەڵامبدرێنەوە و چارەسەر بکرێن. ئەگەر وا نەکەین ئەوا لە کۆتاییدا دەڵێین وەزیرێکی باشبو، بەڵام سیستمێکی خراپی بۆ بەجێهێشتین.


23/05/2012 بینین: 2827
وتاره‌کانی تری نوسه‌ر
کوردستان پێویستی بە بیمەی تەندروستی هەیە؟ نەخێرێکی گەورە و بەڵێیەکی بچوک...
ئاکامە تەندروستیەکانی قەیرانی دارایی و بەرپرسیارێتی وەزارەتی تەندروستی...
پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستی یا رەتاندنەوەی هاوڵاتیان؟...
ئەزمونی وڵاتان لەجیاکردنەوەی کەرتی گشتی و تایبەتی تەندروستی: تورکیا بە نمونە...
پاڵنەرە تەندروستیەکانی گۆڕانکاری ئیداریی لە پارێزگای سلێمانیدا...
کوردستان ٢٠٢٠: دیدگا یا رەچەتەیەک بۆ کارەسات...
پرۆژەیەک بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵەغی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان...
٢٠١٣: ساڵێکی ناخۆش بۆ سیستمی تەندروستی...
چی لە تەندروستی بکەین؟: نەخشەڕێگایەک بۆ ریفۆرمی تەندروستی لە کوردستاندا ...
بۆچی گۆڕان وەزارەتی تەندروستی وەرگرێت؟...
دەرمان خەڵک کوێر ناکات خەڵکی گەندەڵ کوێری کردوین!...
خەمەکانی بودجەی تەندروستی ساڵی ٢٠١٣...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانی کوردستان(٩)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانی کوردستان(٨)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانی کوردستان (٧)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان (٦)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان (٥)...
هۆتێل یا نەخۆشخانە؟...
ئەیدز لە کوردستانە!...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-٤-...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-٣-...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان -2-...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-1-...
رەنگ و بۆن و پلەی گەرمی وەزارەتی تەندروستی...
چۆن سەندیکایەک بۆ پزیشکان؟...
وەزارەتی کەرتی تایبەتی تەندروستی...
سەلاحەدین لە زەمەنی NDIدا...
تەندروستی کۆبونەوە پێنج قۆڵیەکە...
لە پەراوێزی بودجەدا: میکانیزمێکی جیاواز بۆ خەمڵاندنی بودجەی تەندروستی...
بیمه‌ی ته‌ندروستی نه‌ک شۆفێری!...
که‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌ست له‌ کارده‌کێشێته‌وه‌؟...
خۆپیشاندانی ته‌ندروستی و ته‌ندروستی خۆپیشاندان...
کارمه‌ندانی ته‌ندروستی کامیان هه‌ڵده‌بژێرن: سیاسه‌ت یا پیشه‌؟...
ئه‌گه‌ر بودجه‌ی ته‌ندروستی که‌مکرایه‌وه‌!...
بودجه‌ی ته‌ندروستی 2011...
کردار شه‌رته‌، به‌ڵام کام کردار؟...
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هی خه‌ڵکه‌!...
وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان!...
رێکخراوه‌ نوستوه‌که‌ خه‌به‌ری بوه‌وه‌!...
بڕیارێکی تری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی...
رێکخراوه‌ نوستوه‌که‌ که‌ی‌ خه‌به‌ریئه‌بێته‌وه‌؟...
زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌روندروستن!...
گه‌ردونی ته‌ندروستی له‌ 7 مانگی رابوردودا...
بودجه‌ی ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان...
نوێترین هه‌واڵ...
(سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە ...
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ هەڵدەبژێردرێن...
به‌رشه‌لۆنه‌ دوه‌م نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ده‌ستهێنا...
داعش زیندانی تەدمور دەتەقێنێتەوە...
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: دەستور دەبێت سەقامگیری بەدیبهێنێت...
لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە...
بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە...
یەپەگە ئۆپەراسیۆنی دابڕینی داعش لە تورکیا و بەستنەوەی جزیرە و کۆبانی پێکەوە جێبە...
بەڤیدیۆ؛ زەمینلەرزەیەک ژاپۆن دەهەژێنێت .. مەترسی تسۆنامییەکی دیکە دەکرێت...
گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان دەدۆزرێتەوە .. تەرمی (20) ژن و (33) منداڵ و پیری تێ...
بەڤیدیۆ؛ سیناریۆکانی دابەش بونی عێراق...
داعش هێرش دەکاتە سەر شاری حەسەکە...
عه‌بادی: جیاوازی له‌ نێوان کەوتنی رومادی و موسڵدا هه‌یه‌ ...
عەلی باپیر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت...
(20) سه‌ركرده‌ی داعش لە ئەنبار کوژران...
پێشمەرگە شكست بە هێرشێكی داعش دەهێنێت...
هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد...
بیرلسكۆنی: میلان نافرۆشین...
باندێکی (10) کەسى دەستگیر دەکرێن...
شاندێکى گۆڕان بۆ پشتیوانی کورد دەچێتە باکور ...
''لە ساڵێکدا بیانیه‌كانی ناو داعش بەرێژەى (70%) زیادیان کردوە''...
یەک ملیۆن نەمام لە بەردەم مەترسیی وشکبوندان...
بریمه‌ر داوا دەکات چەک بە کورد بدرێت ...
حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت ...
ئێران دەستگیرکردنى چه‌ند تۆڕێكی‌ سه‌ر به‌ داعش رادەگەیەنێت ...