کوردستان ٢٠٢٠: دیدگا یا رەچەتەیەک بۆ کارەسات

د.گۆران عه‌بدوڵا‌


پێشەکی:
وەزارەتی پلاندانان دۆکۆمێنتێکی بڵاوکردوەتەوە لەژێر ناونیشانی "هەرێمی کوردستانی عێراق ٢٠٢٠، دیدگایەک بۆ ئایندە". ئەم راپۆرتە باسی دیدگای حکومەت دەکات تاوەکو ساڵی ٢٠٢٠. راپۆرتەکە لە چوار بەش پێکهاتوە و بەشی یەکەمی بەناوی "خەڵک لە پێش هەمو شتێکەوە"یە. ئەوەی مەبەستی ئەم وتارە بێت دیدگای وەزارەتی پلاندانانە بۆ سیستمی تەندروستی کە لە بەشی یەکەمەدا باسکراوە و دەستنیشانی دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ کەرتی تەندروستی تاوەکو ساڵی ٢٠٢٠.

پێش ئەوەی دەستبکەین بە رەخنەکردنی ئەم 'دیدگایە'، دەبێت ئەوە بڵێین کە چەند شتێکی پۆزەتیڤ هەیە لە دیدگاکەدا کە پێویستە بوترێت. بڵاوکردنەوەی دیدگایەک لە لایەن وەزارەتێکی حکومەتەوە بۆ خۆی بەرەوپێشەوەچونە و بە بەراورد بەو بێسەروبەری و بێدەدگاییەی پێشو پێشهاتێکی خراپ نیە. هاوکات وتنی شتگەلێکی وەکو 'خەڵک پێش هەمو شتێکەوەیە' بۆی خۆی قسەیەکی خراپ نیە. هاوکات بەکارهێنانی داتا (بە هەمو ئەو تێبنیانەی کە لە خوارەوە باسیان دەکەین) لە راپۆرتێکی تایبەت بە حکومەت روداوێکی دەگمەنە و پێویستە چاوی لێبکرێت. لەگەڵ ئەوانەشدا، وەزارەتی پلاندان کۆمەڵێک ئەولەویەتی دەستنیشانکردوە کە بۆ حکومەتێکی بێ ئەولەویەت و بێ ستراتیچ دەستکەوت و بەرەوپێشەوەچونێکی گەورەیە.

لەم چەند شتە 'باشە' زیاتر، ئەوەی لە دیدگاکە هەیە لەمسەرەوە بۆ ئەو سەری پێاهەڵدانە بە حکومەتی هەرێم و هێنانەوەی بیانوە بۆ بەتایبەتکردنی سیستمی تەندروستی. دیدگاکە بە دەستی کۆمەڵێک کێشە و ئیشکالیەتەوە دەناڵێنێت. چەند تێنگەیشتنێکی هەڵە دەربارەی تەندروستی پێشکەش دەکات و بانگەشیان بۆ دەکات. لە پاڵ ئەمانەشدا، دیدگاکە جیهانێک لە کێشەی داتای هەیە و یاریکردنێکی ئاشکرا هەستی پێدەکرێت بەو داتایانەی کە پشتی پێ بەستون. هاوکات، دیدگاکە ژمارەیەک قسە و دنیابینی دژبەیەکی تێدایە کە پێویستی بە کەسێک نیە کە ماستەرێکی هەبێت لە سیاسەتی تەندروستیدا بۆئەوەی ئەو دژیەکانەی بۆ دەرکەوێت. ئەولەویەتەکانی دیدگاکەش لەسەر هیچ بنەمایەکی زانستی بنیانتنەنراون و ئەوەندەی بۆ ئەوە نوسراون کە خزمەت بە بازرگانەکان و بەرپرسەکانی تەندروستی بکەن ئەوەندە پەیوەندی بە خەڵکەوە نیە (وەکو ئەوەی دیدگاکە ئیدعای دەکات).

تێگەیشتنی هەڵە لە کۆمەڵێک چەمکی بنەڕەتی:
لە پێشەکی دیدگاکەدا هاتوە "ویستمان خەڵکەکەمان بزانێت دیدگای ئێمە چییە بۆ پەرەپێدانی هەرێم". ئەم تاقە رستەیە دەریدەخات کە حکومەتی هەرێمی کورستان بە گشتی و وەزارەتێکی گرنگی وەکو پلاندانان چی تێگەیشتنێکی پڕ لە ئیشکالیەتی هەیە بۆ دیموکراسی و مافی هاونیشتیمانیان لە بەشداری سیاسی. بە گوێرەی وەزارەتی پلاندان و دیدگاکەی، ئەوەی بڵاویکردوەتەوە بۆ ئەوە نیە کە هاوڵاتیان بیروڕای خۆیان لەسەر ئەو دیدگایە دەرببڕن و رەخنەی بکەن و باشتری بکەن، بەڵکو تەنها بۆ یەک مەبەستە، کە ئەویش ئەوەیە کە خەڵک ئاگایان لێبێت کە حکومەت چی دەکات. لە وڵاتێکی دیموکراستیدا، هاوڵاتیان بە تەنها ئاگایان لەوە نیە کە حکومەتەکەیان چی دەکات، بەڵکو بەشدارییەکی راستەوخۆش دەکەن لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەو پلانەی حکومەتەکە هەیەتی بۆ تەواوی کایەکانی ژیانیان بە تایبەتیش ئەوانەی کە پەیوەندی راستەوخۆییان بە ژیانی رۆژانەوەیانەوە هەیە وەکو تەندروستی و پەرەوەردە و کارکردن هتد. لە وڵاتە دیموکراسیەکاندا، حکومەت پێش ئەوەی دۆکۆمێنتێک بڵاوبکاتەوە و ناوی لێبنێت دیدگای خۆی، چەندین راپۆرتی تر پێشەوخت بڵاودەکاتەوە و داوای هەڵوێست و پێشنیاری هاوڵاتیان و رۆشنبیران و میدیا و شارەزاییان دەکات (بۆ نمونە ئەوەی لە بەریتانیا پێی دەگوترێت پەڕەی سەوز و پەڕەی سپی).

ئەم تێگەیشتنە نوقستانە بۆ دیموکراستی پەلدەهاوێژێت بۆ تێگەیشتنێکی سەقەت لە تەندروستی وەکو ئەوەی لە بەشی تایبەت بە سیستمی تەندروستی باس کراوە. لەو بەشەدا، دیدگاکە ئاوەها باسی گرنگی تەندروستی دەکات "تەندروستی خەڵکی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنی ئابوری و کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی دانیشتوان". ئەم ئەرگومێنتەی وەزارەتی پلاندان بە تەواوەتی دژە بە پێناسە دانپێنراوەکانی تەندروستی لە جیهاندا وەکو مافێکی بنەڕەتی هاوڵاتیان. وەزارەتی پلاندان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێی ئەم رستەیەوە پێمان دەڵێن کە ئەوەی تەندروستی دەکات بە شتێکی پێویست و گرنگ ئەوە نیە کە تەندروستی بۆ خۆی گرنگە و شتێکی باشە، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوە گرنگ و پێویستە، چونکە کەسانی تەندروست دەتوانن کار بکەن و لە ئەنجامیشدا دەتوانن خزمەت بە ئابوری وڵات بگەینن. واتە تێگەیشتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پلاندان بۆ تەندروستی تێگەیشتنێکی بازرگانی و ئابوری و بەرژەوەندخوازانەی روتە. وەزارەتی پلاندانان لەم دیدگایەدا پێمان دەڵێت کە ئەوان تا ئەو ئەندازەیە تەندروستیی هاونیشتیمانیانی بەلاوە گرنگە کە ئەو تەندروستییە بتوانێت مسۆگەری ئەوە بکات کە هێزێکی کاری کاریگەر دروستبکات کە بتوانێت پارە بۆ کۆمەڵگاکە دابینبکات. ئەم تێگەیشتنە (ئەگەر راستەوخۆ باسیش نەکرابێت) کاریگەری و دەرئەنجامی کوشندە و کارەساتاویی هەیە بۆ تەندروستی ئەو هاونیشتیمانیانەی کە بەهۆی تەمەن، یا تەندروستی یا رەگەز یا هەبونی کەمئەندامییەکەوە ناتوانن سودی ئابوریان هەبێت. واتە ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تەندروستی وەکو مافێکی بنەڕەتی تەماشا نەکات و بە شایانی هەمو هاوڵاتیەکی نەزانێت، ئەوانەی کە کار ناکەن و سودیان بۆ ئابوری وڵات نیە (وەکو لە تێگەیشتنەکەی حکومەتدا دەردەکەوێت) شایانی خزمەتی تەندروستی نین! ئەمە تێگەیشتن و دنیابینی و دیدگایەکی نامرۆڤانەیە و تەنها لێکەوتەیەکی بچوکی ئەو سیاسەتی بەتایبەتکردنە کە وەزارەتی پلاندانان زۆر بە ئاشکرا لە پێشەکی دیدگاکەدا بانگەشەی بۆ دەکات و دەڵێت: "لە دیدگای هەرێمی کوردستان ٢٠٢٠ دا، کەرتی تایبەت رۆڵی سەرەکیی دەگێڕێت لە دابینکردنی کار و گەشەی ئابوریدا".

کێشەکانی داتا:
کێشەکانی دیدگاکە تەنها لەوێدا کۆتاییان پێنایەت کە تێگەیشتنێکی سەقەت و نوقستان پێشکەشدەکات بۆ مافی بەشداریکردنی هاوڵاتیان و مافی تەندروستی و پەیوەندی نێوان تەندروستی و ئابوری، بەڵکو کۆمەڵێک کێشەی تری تایبەت بە پێشکەشکردنی داتاوە لە دیدگاکەدا دەبینرێت، کە ئەم دۆکۆمێنتە فەرمییەی حکومەت نزیکدەکاتەوە لە تەزویرکردن و پێشکەشکردنی داتای هەڵە (کە دەشێت لێکەوتەی یاساییاشیان هەبێت و بە تۆمەتی پێشکەشکردنی داتا و زانیاری هەڵە، شایانی بەدواداچونی یاسایی بێت).

لە دیدگاکەدا سێ گراف هەیە کە یەکێکیان رێژەکانی مردنی منداڵی تەمەن یەک ساڵە لە کوردستان و عێراق و چەند وڵاتێکی جیهان و ناوچەکە بۆ ساڵی  ٢٠١٠ پشکەشدەکات و ئەوی تریان هۆکارە سەرەکییەکانی مردنە لە کوردستان بۆ خوار و سەروی تەمەنی پێنج ساڵ و ئەوەی سێیەمیشیان رێژەی پزیشکە بۆ هاوڵاتیان لە کوردستان و عێراق و چەند وڵاتێکی ناوچەکە و جیهان. لە گرافی یەکەمەدا (لاپەڕە ژمارە ٦) سەرەتاییترین مەرجەکانی گرافی تیا نیە کە سەرچاوەی داتاکانە. ئەو گرافە پێیمان ناڵێت کە ئاخۆ وەزارەتی پلاندانان ئەو ژمارە و داتایانەی لە کوێیەوە هێناوە کە گوایە لە کوردستاندا 'تێکڕای' مردنی منداڵی پێش یەک ساڵ لە 'تێکڕای' جیهان و عێراق کەمترە. سەرەتا دەبێت ئەوە بوترێت کە بەکارهێنانی دەستەواژە و وشەکان لە لایەن وەزارەتی پلاندانانەوە هەژاری و نەخوێندەوارییەکی کوشندە پیشاندەدات لە سەرەتاکانی تەندروستی کۆمەڵ. ئەوەی کە لێرەدا باس دەکرێت 'تێکڕا' نیە بەڵکو ناوەندی ژمارەی ئەوانەی کە لە هەمو جیهاندا لە خوار تەمەنی یەک ساڵیدا دەمرن. هاوکات، وەزارەتی پلاندانان هەڵایەکی گەورەی دروستکردوە گوایە کە مردنی منداڵی خوار یەک ساڵ لە کوردستاندا لە عێراق کەمترە لە کاتێکدا (ئەگەر بە ژمارەکانی وەزارەتی پلاندانان بڕوا بکەین) جیاوازی مردنی منداڵ لەنێوان عێراق و کوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٠ تەنها ٣ منداڵ بوە. هەروەها وەزارەتی پلاندانان پێیمان ناڵێت کە ئاخۆ ئەو ژمارانەی کە بۆ عێراقی بەکارهێناوە کوردستانیش دەگرێتەوە یا کوردستانی تێدا دەرهێنراوە.

ئەگەر گریمان ئەوانەی کە لە سەرەوە باسمان کرد تەنها شەڕفرۆشتن بێت بە وەزارەتی پلاندانان و دیدگاکەی، دەبێت وەزارەتەکە وەڵامێکی قەناعەتپێکەریان هەبێت بۆ ئەوەی بۆچی ژمارە و داتای هەڵەیان پێشکەشکردوە. سەرچاوەی سەرەکی هەمو داتاکانی تایبەت بە تەندروستی لە جیهاندا رێکخراوی تەندروستی جیهانییە. بەڵام جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەو داتایانەی کە وەزارەتی پلاندانان پێشکەشی کردوە و ئەوەی کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاویاندەکاتەوە لە پێگەی ئیلکترۆنی خۆییدا.

ئیشکالیەتی دژبەیەکەکان:
سەرباری ئەو هەمو کێشەیە لە تێگەیشتن بۆ چەمکەکانی تەندروستی و پەیوەندی نێوان تەندروستی و ئابوری و چەمکی مافی تەندروستی و کێشەی گەورە لە پێشکەشکردنی داتاو زانیاری، دیدگاکەی وەزارەتی پلاندانان کۆمەڵێک دژەبەیەکی زەقی تێدایە کە تەنها خوێندنەوەیەکی سەرپێی پێویستە بۆ ئەوەی ئاشکرا بکرێن. بۆ نمونە سەبارەت بە ژمارەی بنکە تەندروستیەکان دیدگاکە دەڵێت "ئێستا ژمارەیەکی گونجاوی بنکەی تەندروستی بنەڕەتی هەیە" (لاپەڕە ٦)، بەڵام هەر هەمان دیدگا لە شوێنێکی تردا دەڵێت "هەوڵ دەدەین ژمارەی بنکە و خزمەتگوزارییە تەندروستییە بنەڕەتییەکان زیادبکەین لە سەرانسەری هەرێمدا" (لاپەڕە ٧). پرسیارە سادەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئەگەر ژمارەی بنکە تەندروستیەکان گونجاوە، چی پێویست بە زیادکردنیان دەکات؟ وەزارەتی 'پلاندانان' چۆن بیانو بۆ ئەو مەسرەفە دەکات لە بودجەی گشتی کە لە زیادکردنی بنکە تەندروستیەکاندا خەرج دەکرێت لە کاتێکدا هەر خۆی لە لاپەڕەیەک پێشتر دەڵێت کە ژمارەکەیان گونجاوە.

دژبەیەکەکانی وەزارەتی پلاندان لە دیدگاکەیدا تەنها لەوەدا ناوەستێت کە سەر لە ئێمە و خۆیشی تێکداوە کە ئاخۆ ژمارەی بنکەکان گونجاوە یا پێویستیان بە زیادکردنە، بەڵکو هەستی پێدەکرێت لە یاریکردنیش بە کۆمەڵێک دەستەواژە دژی بە یەک و لەبنەڕەتدا جیاواز. بۆ نمونە لە دیداگاکەدا وەکو سیستمێک بۆ تەمویلی دارایی سیستمی تەندروستی هاتوە کە حکومەت هەڵدەستێت بە "...جێبەجێکردنی سیستمێکی بیمەی کۆمەڵایەتی..."، بەڵام هەر چەند رستەیەک دوای ئەم قسەیە، دیدگاکە دەڵێت "هاندانی دروستکردنی کۆمپانیای بیمەی تەندروستی تایبەت...". ئەم دو قسەیە لە بنەڕەتدا دژ بەیەکن. لە وڵاتێکدا کە بیمەی کۆمەڵایەتی بونی هەبێت (کە زۆرجار بۆ قازانج نیە و حکومەت و یا دەزگای قازانج نەویست دروستی دەکات و بەڕێویدەبات) پێویستیەکی ئەوتۆ بە کۆمپانیای بیمەی تەندروستی تایبەت بونی نابێت. تەنها هۆکارێک بۆ دروستکردنی کۆمپانیای بیمەی تایبەتی تەندروستی ئەوەیە کە بەرپرسان و کاربەدەستان (لە نیوانیشاندا ئەوانەی وەزارەتی پلاندانان) لە کۆمپانیا تایبەتەکانی بیمە قازانج بکەن، وەکو چۆن لە دروستکردن و بەڕیوەبردنی نەخۆشخانەی تایبەت و هێنان و بردنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی و خراپ بەکارهێنانی ماڵی گشتیدا قازانجیان کردوە (نمونە سەنتەری نەشتەرگەری دڵ لە هەولێری پایتەخت).

ئەمەش دەمانباتەوە سەر گەورەترین دژبەیەکی نێو ئەم دیدگایە کە ئیدعای ئەوە دەکات کە "خەڵک لە پێش هەمو شتێکەوە" (لاپەڕە ٥) لە کاتێکدا لە هیچ شوێنێکی دیدگاکە شتێک نابینیت کە بە قازانجی خەڵک بشکێتەوە و تەبا بێت لە گەڵ پرنسیپ و بنەماکانی دانانی هاوڵاتیان و هاونیشتیمانیان لە جەقی گرنگیدانی سیستم و کەرتی تەندروستیدا. ئەوەی کە هەیە لەم دیدگایەدا، دانانی قازانج و کەرتی تایبەتە لە جەقی گرنگیدانی سیستمەکە و هەرچی زیاتری بە بازاڕکردن و بەتایبەتکردنی سیستمەکەیە.

ئەولەویاتەکان:
جگە لە بەتایبەتکردنی سیستمی تەندروستی و دانانی قازانج لە سەنتەری گرنگیدانی سیستمەکە و دامەزراندنی کۆمپانیای تایبەتی بیمەی تەندروستی (کە تەنها لە خزمەت و قازانجی کۆمەڵێک سیاسی گەندەڵ و بازرگانی چاوچنۆک و شەریکەکانیان لە کاربەدەستانی وەزارەتەکانی حکومەت دەشکێتەوە وەکو ئەوەی لە بواری دەرمان و دروستکردنی نەخۆشخانە و بازرگانی کەرەستەی پزیشکیدا کردویانە)، جگە لەمانە هەندێک ئەولەویاتی تر باسکراون کە دیسان دەڕژێنە خزمەتی بازرگانەکانی ناو سیستمی تەندروستی و زەرەر و شەپازڵەیەکی ئازاربەخشن بۆ هاوڵاتی و نەخۆش.

دیدگاکە وەکو ئەلەویەتێک پێی وایە دەبێت پارەی زیاتر لە نەخۆشخانە و خزمەتە تەندروستیە ناوەندییەکان خەرجبکرێت. دیدگاکە دەڵێت "لە سیستمی تەندروستی ئایندەدا، پێویستە تەمویل و کارایی کەرتی تەندروستی زیاد بکەین، بە تایبەتی لە بواری چاودیری بەرز (دواناوەندی)دا." (لاپەڕە ٦). ئەم رستەیە دژە بە هەمو ئەو تێگەیشتن و توێژینەوە و فەلسەفەیەی کە سیاسەتی تەندروستی لە جیهاندا پێی گەیشتوە و درکی پێکردوە لە ماوەی ٣٥ ساڵی رابوردودا. لە گۆنگرەی (ئەلما ئەتا) کە لە ساڵی ١٩٧٨دا بەسترا تاوەکو ساڵی ٢٠٠٥ کە ساڵی بەستنی کۆنگرەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بو و لە راپۆرتەکانی ئەو رێکخراوەش لە ساڵی ٢٠١٠، هەمویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە خزمەتی تەندروستی سەرەتایی کۆڵەکەی بنەڕەتی هەمو سیستمێکی سەرکەوتوە. هەمو ئەو توێژینەوە و ئامۆژگاری و سیاسەتانەی بە راست دادەنرێن لەم بوارەدا ئاماژە بە زەرورەتی گرنگیپێدانی زیاترە بە خزمەتی تەندروستی سەرەتایی نەک ناوەندی و بەرز وەکو ئەوەی کە وەزارەتی پلاندانان داوای دەکات. هەمو ئەو ئامۆژگارییانە دەڵێن ئەگەر هاتو وڵاتێک رازی نەبو کە بودجەی تەندروستی زیادبکات بۆ ئەوەی پارەیەکی زیاتر لە خزمەتی تەندروستی سەرەتایی خەرجبکرێت، ئەوا دەبێت ئەو داهاتەی کە بۆ خزمەتی تەندروستی ناوەندنی و بەرز تەرخاندەکرێت، بگوازرێتەوە بۆ خزمەتی تەندروستی سەرەتایی. ئەمە بۆ شوێنێکی وەکو کوردستان کە حکومەتەکەی و بە تایبەتی وەزارەتی پلاندانانەکەی رازی نیە کە بودجەی تەندروستی زیاد بکات. بۆیە وەزارەتی پلاندانان دو جار تاوانبارە، جاری یەکەم بەوەی کە رازی نیە بودجەی تەندروستی زیادبکرێت و جاری دوەمیش بەوەی کە ئەو بودجە کەمەی کە بۆ تەندروستی تەرخاندەکرێت، دەیەوێت لە شوێنێکدا خەرجبکات کە بە گوێرەی هەمو یاسا و رێسا جیهانییەکان ئەلەویەت نیە. ئەم ونکردنەی ئەولەویەتەکان تەنها یەک تەفسیر و لێکدانەوە هەڵدەگرێت ئەویش ئەوەیە کە بەرپرسانی وەزارەتی پلاندان (کە خۆیان نەخۆشخانەی تایبەت و گشتیان هەیە کە مشەخۆرن بەسەر بودجەی گشتیەوە) بۆ خۆیان قازانج دەکەن لەم جێگۆڕکێکردنەی ئەولەویەتەکان.

وەزارەتی پلاندانان بەوەوە ناوەستێ کە ئەو بودجە کەمەی کە بۆ تەندروستی تەرخاندەکرێت بۆ خزمەتی ناوەندی و بەرز (کە هەر خۆیان قازانجی لێدەکەن) خەرجدەکات، بەڵکو دیەوێت بە یاسا ئەو خزمەتانە سنوردار بکات کە هاوڵاتیان لە سیستمی تەندروستی سەرەتایی و گشتیدا وەریدەگرن. وەزارەتی پلاندان بۆ یەکەم جارە دەستەواژە و تێگەیشتنی (بەستەیەک لە خزمەتی تەندروستی) دەهێنێتە ناو قامۆسی سیاسەتی تەندروستی لە کوردستاندا. هەڵبەتە وەزارەتی تەندروستی مەبەستی لە کۆمەڵێک خزمەتی تەندروستیە کە بەیەکەوە دەبەسترێنەوە و لە بنکە تەندروستیەکدا پێشکەشدەکرێن. ئەمە لە ئینگلیزیدا پێی دەگوترێت Basic Health Services Package. . زۆر بە ئاشکرایی وەزارەتی پلاندان دەڵێت کە ئەم کۆمەڵە خزمەتە هەر ئەوەندەیە کە حکومەت پێشکەشی دەکات و ئەو خزمەتانەی کە لەو بەستەیدا نەبێت، پێویستە هاوڵاتیان خۆیان پارەکەی بدەن. هەڵبەتە، بوارمان نیە بە وردی باسی ئەمە بکەین، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین کە ئەم بەستەیە بۆ وڵاتگەلێک دەشێت بەکاربهێنرێت کە بودجەیەکی کەمیان هەیە. بۆ نمونە لە ئەفغانستان و غانا و باشوری سودان و مەلاوی...هتد بەکارهێنراوە. بەڵام بۆ وڵاتێکی وەکو کوردستان لە رەتداندنەوەی هاوڵاتیان و سەرەتاییەک بۆ بیمەی تەندروستی تایبەت هیچی تری لێ سەوز نابێت. رەنگە هەن بڵێین باشترە کە هاوڵاتیان بزانن لەڕوی یاساوە ئەو خزمەتانە چین کە دەبێت پێشکەشیان بکرێت و ئەگەر ئەوانە پێشکەشنەکرا دتوانن داوای یاسایی دژی حکومەت بەرزبکەنەوە، بەڵام لە کوردستاندا ئەوە خەونێکی خۆشە و جێبەجێکردنی قورسە ئەگەر مەحاڵ نەبێت. بە کورتی وەزارەتی پلاندانان دەیەوێت تا بتوانێت ژمارە و جۆری ئەو خزمەتانەی کە لە کەرتی گشتیدا پێشكەشدەکرێن کەمبکاتەوە و ئەوانەی کە لەو بەستەیەدا نین خەڵک پارەکەی بدات. هەڵبەتە ئەوەیش قازانج بە بازرگانەکانی بواری تەندروستی و دارودەستەکانیان دەگەیەنێت.

دەرئەنجام:
ئەو دیدگایەی لێرەدا شرۆڤەمان کرد، رەچەتەیەکی کوشندەیە بۆ کارەساتێکی گەورەتر لە بواری تەندروستیدا کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە نوسراوە. دیدگاکە نەخۆشە بە کۆمەڵێک تێگەیشتنی هەڵە لە مافی تەندروستی و پەیوەندی تەندروستی بە ئابوریەوە. هاوکات کۆمەڵێک ئیشکالیەتی قوڵ هەن لە پێشکەشکردنی داتا و بەکارهێنانی ژمارە لە دیدگاکەدا. لە پاڵ ئەوەشدا دیدگاکە تەنها بەشێکە لە هەوڵێکی گەورەتر و ستراتیژێکی فراوانتر بۆ بەتایبەتکردنی سیستمی تەندروستی کوردستان بۆ ئەوەی بازرگانەکانی بوارەکە قازانجی زیاتر بکەن و 'بەستەیەک' لە خزمەتی تەندروستی کواڵیتی نزم بۆ هاوڵاتیان بمێنێتەوە کە وەزارەتی تەندروستی لەوە زیاتر بە شایانی هاوڵاتیان نەزانێت. هەرچی زوترە پێویستە هاوڵاتیان و رۆشنبیران و خەمخۆرانی میللەتەکەمان رێگە لەم دیدگا کوشندەیە بگرن و پەرلەمان و دەزگا پەیوەندییدارەکانی لێی ئاگاداربکرێتەوە و نە‌هێڵن کە ببن بە هەنگاوی عەمەلی (هەرچەندە هەندێکیان بە پراکتیکی جێبەجێکراون).

  http://www.mop.krg.org/resources/MoP%20Files/Newsletter/haremi_kurdistaniIraq_didy_2020.pdf

 
 http://apps.who.int/gho/data/node.main.ChildMort-1?lang=en
 
03/02/2014 بینین: 11972
وتاره‌کانی تری نوسه‌ر
کوردستان پێویستی بە بیمەی تەندروستی هەیە؟ نەخێرێکی گەورە و بەڵێیەکی بچوک...
ئاکامە تەندروستیەکانی قەیرانی دارایی و بەرپرسیارێتی وەزارەتی تەندروستی...
پڕۆژەیاسای بیمەی تەندروستی یا رەتاندنەوەی هاوڵاتیان؟...
ئەزمونی وڵاتان لەجیاکردنەوەی کەرتی گشتی و تایبەتی تەندروستی: تورکیا بە نمونە...
پاڵنەرە تەندروستیەکانی گۆڕانکاری ئیداریی لە پارێزگای سلێمانیدا...
پرۆژەیەک بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵەغی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستیەکان...
٢٠١٣: ساڵێکی ناخۆش بۆ سیستمی تەندروستی...
چی لە تەندروستی بکەین؟: نەخشەڕێگایەک بۆ ریفۆرمی تەندروستی لە کوردستاندا ...
بۆچی گۆڕان وەزارەتی تەندروستی وەرگرێت؟...
دەرمان خەڵک کوێر ناکات خەڵکی گەندەڵ کوێری کردوین!...
خەمەکانی بودجەی تەندروستی ساڵی ٢٠١٣...
وەزیرێکی باش لە سیستمێکی خراپدا...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانی کوردستان(٩)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانی کوردستان(٨)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشكانی کوردستان (٧)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان (٦)...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان (٥)...
هۆتێل یا نەخۆشخانە؟...
ئەیدز لە کوردستانە!...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-٤-...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-٣-...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان -2-...
بەرەو کۆنگرەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان
-1-...
رەنگ و بۆن و پلەی گەرمی وەزارەتی تەندروستی...
چۆن سەندیکایەک بۆ پزیشکان؟...
وەزارەتی کەرتی تایبەتی تەندروستی...
سەلاحەدین لە زەمەنی NDIدا...
تەندروستی کۆبونەوە پێنج قۆڵیەکە...
لە پەراوێزی بودجەدا: میکانیزمێکی جیاواز بۆ خەمڵاندنی بودجەی تەندروستی...
بیمه‌ی ته‌ندروستی نه‌ک شۆفێری!...
که‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌ست له‌ کارده‌کێشێته‌وه‌؟...
خۆپیشاندانی ته‌ندروستی و ته‌ندروستی خۆپیشاندان...
کارمه‌ندانی ته‌ندروستی کامیان هه‌ڵده‌بژێرن: سیاسه‌ت یا پیشه‌؟...
ئه‌گه‌ر بودجه‌ی ته‌ندروستی که‌مکرایه‌وه‌!...
بودجه‌ی ته‌ندروستی 2011...
کردار شه‌رته‌، به‌ڵام کام کردار؟...
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هی خه‌ڵکه‌!...
وه‌زاره‌تی ده‌وڵه‌مه‌نده‌کان!...
رێکخراوه‌ نوستوه‌که‌ خه‌به‌ری بوه‌وه‌!...
بڕیارێکی تری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی...
رێکخراوه‌ نوستوه‌که‌ که‌ی‌ خه‌به‌ریئه‌بێته‌وه‌؟...
زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان ده‌روندروستن!...
گه‌ردونی ته‌ندروستی له‌ 7 مانگی رابوردودا...
بودجه‌ی ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان...
نوێترین هه‌واڵ...
(سبەى) خۆى نوێ دەکاتەوە ...
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ و سه‌ركردایه‌تی‌ و ئه‌میری‌ كۆمه‌ڵ هەڵدەبژێردرێن...
به‌رشه‌لۆنه‌ دوه‌م نازناوی ئه‌م وه‌رزه‌ی به‌ده‌ستهێنا...
داعش زیندانی تەدمور دەتەقێنێتەوە...
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان: دەستور دەبێت سەقامگیری بەدیبهێنێت...
لیژنەی دەستور هەفتەی چوارجار كۆدەبێتەوە...
بان كی مۆن: 25 هەزار بیانی چونەتەناو گروپە تیرۆرستییەكانەوە...
یەپەگە ئۆپەراسیۆنی دابڕینی داعش لە تورکیا و بەستنەوەی جزیرە و کۆبانی پێکەوە جێبە...
بەڤیدیۆ؛ زەمینلەرزەیەک ژاپۆن دەهەژێنێت .. مەترسی تسۆنامییەکی دیکە دەکرێت...
گۆڕێکی بە کۆمەڵی ئێزیدییەکان دەدۆزرێتەوە .. تەرمی (20) ژن و (33) منداڵ و پیری تێ...
بەڤیدیۆ؛ سیناریۆکانی دابەش بونی عێراق...
داعش هێرش دەکاتە سەر شاری حەسەکە...
عه‌بادی: جیاوازی له‌ نێوان کەوتنی رومادی و موسڵدا هه‌یه‌ ...
عەلی باپیر لە کۆنگرەی حیزبەکەیدا رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت...
(20) سه‌ركرده‌ی داعش لە ئەنبار کوژران...
پێشمەرگە شكست بە هێرشێكی داعش دەهێنێت...
هەرێم و بیلاروسیا پرۆتۆکۆڵێکیان واژۆ کرد...
بیرلسكۆنی: میلان نافرۆشین...
باندێکی (10) کەسى دەستگیر دەکرێن...
شاندێکى گۆڕان بۆ پشتیوانی کورد دەچێتە باکور ...
''لە ساڵێکدا بیانیه‌كانی ناو داعش بەرێژەى (70%) زیادیان کردوە''...
یەک ملیۆن نەمام لە بەردەم مەترسیی وشکبوندان...
بریمه‌ر داوا دەکات چەک بە کورد بدرێت ...
حوسیەکان پارێزگارى سەنعایان کوشت ...
ئێران دەستگیرکردنى چه‌ند تۆڕێكی‌ سه‌ر به‌ داعش رادەگەیەنێت ...