د.گۆران عه‌بدوڵا
له سایتی سبه‌ی، د. هێرش رواندزی وه‌ڵامی بابه‌تێکی به‌نده‌ی داوه‌ته‌وه که له هه‌مان سایتدا به ناوی "رێکخراوه نوستوه‌که که‌ی خه‌به‌ری ئه‌بێته‌وه؟" بڵاوبوه‌ته‌وه. د.هێرش، کۆمه‌ڵێک هێرشی بێبنه‌ما و به‌مه‌به‌ستی کردوه‌ته سه‌ر به‌نده و له‌ژێر ناوی ده‌رخستنی راستیه‌کان، چه‌ند راستیه‌کی تایبه‌ت به من و بابه‌ته‌که‌م و نوسینه‌کانی پیشوم چه‌واشه ئه‌کات و وه‌کو زانیاری ئهیانبهخشێت.
سه‌ره‌تا پێویسته بزانین ئایا کاک دکتۆر به‌چی سیفه‌تێکه‌وه ئه‌و هه‌مو هێرشه ناڕه‌وایه ئه‌کات؟ ئایا جه‌نابیان ئه‌ندامێکی ئاسایی سه‌ندیکایه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌ندامی ده‌سته‌یه‌کی باڵای سه‌ندیکایه، هی کامیانه؟ سه‌ندیکاکه‌ی سلێمانی یا هه‌ولێر یا دهۆک؟ ئه‌وه‌ی بۆمان ده‌رکه‌وتوه له بابه‌ته‌که‌ی به‌ڕێزیاندا ئه‌وه‌یه که ئه‌و ئه‌ندامی سه‌ندیکاکه‌ی سلێمانیه و حه‌ق نیه جه‌نابیان خۆی وه‌کو ده‌مڕاستی هه‌مو پزیشکان بزانێت و به ناوی هه‌مو سه‌ندیکاوه قسه بکات، چونکه سه‌ندیکای پزیشکان به رواڵه‌ت نه‌بێت یه‌کی نه‌گرتوه‌ته‌وه و به دانپێنانی د. هێرش خۆیدا، سه‌ندیکای پزیشکانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆک هه‌ن.
مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی بابه‌ته‌که‌ی پێشوی به‌نده که ئه‌م هه‌مو هه‌ڵایه‌ی ناوه‌ته‌وه و سه‌ندیکای پزیشکانی شڵژاندوه و هێرش له‌سه‌ر که‌سایه‌تی به‌نده و هه‌ڕه‌شه‌ی دانه دادگا ئه‌که‌ن ئه‌وه‌یه که من وتومه ئه‌م سه‌ندیکایه نوستوه و ناشه‌رعیه و پێویستی به خۆ نوێکردنه‌وه و کۆنگره به‌ستنه. کۆی قسه‌کانی جه‌نابی د. هێرشیش ئه‌گه‌ر هێرشه‌کانی له‌سه‌ر که‌سایه‌تی به‌نده لێده‌رکه‌یت جه‌خت کردنه‌وه‌یه له‌سه‌ر ناشه‌رعی بونی سه‌ندیکا و پێویستیی کۆنگره به‌ستن. ئه‌وه‌تا خۆیان ئه‌ڵێن: "به‌ڵێ راسته سه‌ندیكای پزیشكان شه‌رعیه‌تی یاسایی نه‌ماوه به‌وه‌ی كه واده‌كه‌ی به‌سه‌رچوه و خۆشمان دركمان پێكردوه"، باشه کاکه دکتۆر که خۆت ئه‌زانیت ئه‌و سه‌ندیکایه‌ی تۆ سه‌رسه‌ختانه داکۆکی لێئه‌که‌یت ناشه‌رعیه، ئه‌م هه‌مو هێرشه چیه ئه‌یکه‌یته سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی داوای ئه‌وه ئه‌که‌ن که سه‌ندیکا پێویسته له‌م قه‌یرانی ناشه‌رعیه‌ت و ئیفلیجیه ده‌رچێت و خۆی نوێ بکاته‌وه. به‌ڵام دیاره جه‌نابتان له جیاتی هه‌مو پزیشکان شه‌رعیه‌ت ئه‌ده‌یت به ده‌زگایه‌کی ناشه‌رعی و ئه‌ڵێت: "ئێمه ناشه‌رعیبونی سه‌ندیكا به‌هۆی واده به‌سه‌رچونیه‌وه زۆر به شه‌ریفانه‌تر ده‌زانین له شه‌رعیه‌تێكی ساخته"، جاری با بزانین "ئێوه" کێن؟ کێ شه‌رعیه‌تی پێداون به ناوی پزیشکانه‌وه قسه بکه‌ن؟ که ئێوه به هۆی ماوه بهسهرچونتانهوه ناشه‌رعی بن چۆن ماف به خۆتان ئه‌ده‌ن به ناوی هه‌مومانه‌وه قسه بکه‌ن؟.
د. هێرش له وه‌ڵامه‌که‌یدا گۆڕانی سیاسی له کوردستاندا ئه‌کات به پێشمه‌رجی هه‌ر گۆڕانێکی تر له کایه پیشه‌یه‌کانی تری کۆمه‌ڵگا. ئایا ئه‌مه خۆدزینه‌وه‌یه‌کی ساده نیه له به‌رپرسیارێتی؟. د.هێرش خۆی رازیبێت ئه‌ندامی ده‌زگایه‌کی ناشهرعیبێت و داکۆکی لێبکات چۆن چۆنی ئه‌توانێت له‌مه‌ودا گه‌وره‌که‌ی کۆمه‌ڵگا گۆڕانکاری ئه‌نجامبدات؟ که ئه‌و ده‌زگایه‌ی کاک دکتۆر به‌رگری لێئه‌کات دیواره‌کانی له شوشه‌یه بۆچی به‌رد له خه‌ڵکانی تر ئه‌گرێت؟ ئایا ئه‌مه سه‌رلێشێوان نیه تۆ بته‌وێت خۆت بێبه‌ری بکه‌یت له گۆڕان و چاکسازی به بیانوی ئه‌وه‌ی که زمینهکه له بار نیه؟ که‌واته جه‌نابتان پێتان وایه زه‌مینه بۆ گۆڕانکاریه گه‌وره‌کانی ئه‌م دواییه‌ی کوردستان له‌بار نه‌بو و نهئبوایه ئه‌نجامبدرایه؟ زۆر به‌داخه‌وه، له کاتێکدا جه‌نابتان وه‌کو ده‌سه‌ڵاتی سیاسی کوردستان بیرئه‌که‌نه‌وه و له باربونی زمینه ئه‌که‌نه بیانو بۆ به‌رده‌وامبونتان له ده‌سه‌ڵات، ئێمه و مانان به لایه‌نگری ده‌سه‌ڵات تۆمه‌تبار بکه‌ن.
له شوێنێکی تردا کاک دکتۆر ئه‌ڵێت: "چونكه خۆت ماسته‌ری سیاسه‌تی ته‌ندروستیت ته‌واو كردوه، باش ده‌زانیت كه ریفۆرمی ته‌ندروستی به‌بێ ریفۆرمی سیاسی ناكرێت و پزیشكانیش گوناهیان نییه له‌م بابه‌ته‌دا ئه‌وان خه‌ڵكانێكی پرۆفیشناڵن"، به‌ڵێ کاک دکتۆر، قسه‌کانت یه‌ک راستی تێیدایه و دنیایه‌ک هه‌ڵه، به‌ڵێ من ماسته‌رم له سیاسه‌تی ته‌ندروستی هه‌یه، به‌ڵام جه‌نابتان زۆر هه‌ڵه‌ن که ریفۆرمی ته‌ندروستی ئه‌به‌ستیته‌وه به رێفۆرمی سیاسیه‌وه. کامه ریفۆرمی سیاسی باس ئه‌که‌یت؟ ئایا تۆ ئه‌زانیت کوبا که یه‌کێکه له هه‌ره دکتاتۆرترین وڵاته‌کانی دنیا که خه‌ڵک له‌سه‌ر بیروڕای جیاواز زیندانی و ئیعدام ئه‌کرێت یه‌کێکی هه‌یه له باشترین سیسته‌مه ته‌ندروستیه‌کانی جیهان؟ من وه‌کو تۆ، پزیشکان بێ به‌ری ناکه‌م له که‌موکورتی و وه‌کو پزیشکێکی به‌رپرسیار و له‌خۆبردو ئه‌ڵێم، به‌ڵێ ئێمه‌ی پزیشکیش به‌شێک له به‌رپرسیارێتیه‌که هه‌ڵئه‌گرین. ئه‌مه به هیچ شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان سوکایه‌تی و ناوزڕاندنی که‌س نیه! جه‌نابتان ئه‌بێت باش له‌و راستیه بگات که‌وا نه‌ک من، به‌ڵکو هه‌مو تاکێکی ئه‌م وڵاته مافی ره‌خنه‌گرتن و بیرکردنه‌وه‌ی ئازادی هه‌یه و ئه‌بێت ره‌خنه‌گرتنی جددی و دڵسۆزانه له سوکایه‌تی و له‌که‌دار کردن جیابکه‌یته‌وه. ئه‌کرێت کاک دکتۆر پێمان بڵێت له کوێی نوسینه‌کی به‌نده له‌سه‌ر سه‌ندیکای پزیشکان من سوکایه‌تیم به پزیشکان کردوه؟ بۆچی کاک دکتۆر، بیروڕاکانی به‌نده له سه‌ر نه‌بونی چاودێری له‌سه‌ر کواڵیتی ئه‌و خزمه‌ته ته‌ندروستیه‌ی له کوردستاندا پێشکه‌ش به هاوڵاتیان ئه‌کرێت و نه‌بونی سیسته‌مێکی ته‌ندروستی که هاوڵاتی له چه‌قی گرنگیپێدانی سیسته‌مه‌که‌دا بێت به سوکایه‌تی بۆ سه‌ر پزیشکان ئه‌زانێت؟ ئایا بۆچی ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی ئێمه‌مانان له‌سه‌ر به بازرگانی بونی پیشه‌ی، وه‌کو د. هێرش ناوی ئه‌نێت "پیرۆز"ی پزیشکی سوکایه‌تی و ناوزڕاندنه؟.
که وه‌ڵامه‌که‌ی ئه‌م به‌ڕێزه ئهخۆێنیتهوه گومان دروست ئه‌بێت که ته‌نانه‌ت بابه‌ته‌کی به‌نده‌ی به باشی خوێندبێت. نازانم له کوێی بابه‌ته‌که‌مدا من ستایشی ده‌سه‌ڵاتم کردوه و "هه‌مو باری خراپی ته‌ندروستیم" داوه‌ته پاڵ پزیشک؟ کاکی برا ئێمه هه‌مومان، به ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسێون و پزیشک و کارمه‌ندانه‌وه، به‌رپرسیارین له‌م باره خراپه، ئه‌وه‌ی من ئه‌یکه‌م ته‌نها ده‌نگ ههڵبرینێکی ساده‌یه به‌رامبه‌ر به باری ناله‌باری ته‌ندروستی له کوردستاندا که پزیشکانیش پشکیان هه‌یه له خراپبونیدا.
نازانم کاک دکتۆر چۆن ماف به خۆی ئه‌دات به به‌نده بڵێیت پزیشک نیم. ئایا ئه‌زانێت من له چی زانکۆیه‌کی پزیشکی بڕوانامه‌ی پزیشکیم هێناوه؟ ئایا ئه‌زانێت به‌نده له یه‌که‌مه‌کانی کۆلێژه پزیشکیه‌که‌ی خۆم بوم؟ ئایا ئه‌زانێت به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کێک له بنکه ته‌ندروستیه‌کانی کوردستان بوم؟ من نامه‌وێت لێره‌دا سیڤی خۆم باسبکه‌م، به‌ڵام هێرشه ناڕه‌واکانی کاک د. هێرش ناچارمان ئه‌کات باسی ئه‌مانه به‌که‌م. بۆچی یه‌کێک که هاوڕا نه‌بو له گه‌ڵتاندا ئیتر ناسنامه‌ی پزیشکی و بڕوانامه‌که‌ی لێوهرئهگرنهوه و به ته‌نها خۆتان به خاوه‌ن بڕوانامه ئه‌زانن؟ ئه‌مه‌یه ئه‌و "پرۆفیشناڵبونهی" ئیدیعای ئه‌که‌ن؟ ئه‌گه‌ر ئێوه پرۆفیشناڵبونایه، رازی نه‌ئه‌بون ئه‌ندامی سه‌ندیکایه‌ک بن که وه‌کو هه‌مو رێکخراوه "حیزبیه" به ناو پرۆفیشناڵه‌کانی تر دو که‌رت و چه‌ند که‌رت نه‌ئه‌بون، ئه‌گه‌ر پرۆفیشناڵبونایه، رازی نهئبون له رێکخراوێک ئه‌ندامبن که به ته‌وقیتی هه‌ولێر 9 ساڵ و به ته‌وقیتی سلێمانی 6 ساڵ ناشه‌رعیه! به دڵنیایه‌وه، بڕوانامه و شه‌هاده هیچ قورسیی و مانایه‌کی نیه ئه‌گه‌ر له خزمه‌تی هاوڵاتی و نه‌خۆش نه‌بێت و ئه‌گه‌ر به پێی یاسا و رێساکان نهجوڵیتهوه.
ئیتر کاتی ئه‌وه هاتوه له بورجه عاجیهکانتانهوه بێنه‌خواره‌وه و به له خۆبردوی و دڵسۆزیه‌وه کاربکه‌ن و سه‌ندیکایه‌ک دروستبکه‌ن، که به راستی رێکخراوێکی پیشه‌یی و دیموکراسی و داکۆکیکاربێت له هه‌مو پزیشکان.
|