وەزارەتی کەرتی تایبەتی تەندروستی
|
د.گۆران عهبدوڵا
ئەگەر تەمەنی دو ساڵی رابوردوی وەزارەتی تەندروستی کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەک وشەدا پێناسەبکەین، ئەوا "بەتایبەتبون" براوەی بێ رەکابەرە. وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم، بەبێ رەچاوکردنی تایبەتمەندیەکانی تەندروستی، میکانیزمەکانی بازاڕی ئازادی لەم کایە ژیاریەدا چالاککرد و کارەساتی گەورەی بۆ سیستمەکە دروستکرد و دەکات. هەڵبەت پێویست بە نمونەی زۆر ناکات بۆ ئەوەی ئەو دەستینشانەی سەرەوە بسەڵمێنین و لە خوارەوە هەندێک لەو هەنگاوانەی وەزارەت کە بەڵگەن لەسەر سیاسەتی بەتایبەتکردنی سیستمی تەندروستی کوردستان ریز دەکەین:
1. بەرزکردنەوەی نرخی نورینگەکانی کەرتی تایبەت لە لایەن خودی وەزارەتەوە و بەپێی فەرمانی وەزاری ١٩٧٢ی رۆژی ٢٧/٤/٢٠١٠.
2. تەرخانکردنی ماڵی گشتی و بودجەی تەندروستی بۆ پرۆژەی تەندروستی تایبەتی سەر بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان. بەپێی گرێبەستێک کە لە گەڵ کۆمپانیایەکی دیاریکراودا لە ١٩/٩/٢٠١٠ ئیمزاکراوە وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە ٦ ملێون دۆلار بۆ تەجهیزکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت تەرخانکردوە.
3. گرنگینەدانی وەزارەتی تەندروستی بە داواکاریەکانی تەواوکردنی نەخۆشخانەی ٤٠٠ قەڕوێڵەیی سلێمانی و دواجار سەندنەوەی پرۆژەکە لە وەزارەتی تەندروستی و بەرپسیارکردنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لە جێبەجێ کردنی.
4. قەدەغەکردنی ریکلامکردن لە پزیشکان کە چاودێران بۆ ئەوەی دەگەڕێننەوە کە دەسەڵاتدارانی وەزارەت دەیانەوێت لەڕێی ئەم کارەوە سنورێک بۆ کێبڕکێی پزیشکە بیانی و عەرەبەکان دابنێن، کە مەترسیان لەسەر ژمارەی نەخۆشی دەسەڵاتدارانی تەندروستی و دەوروبەرەکەیان دروستکردوە.
5. کۆبونەوەی وەزیری تەندروستی لەگەڵ بەڕێوەبەری نەخۆشخانە تایبەتەکان لە ١٨/٧/٢٠١١ و بەڵێندان بە پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ ئەو نەخۆشخانانە.
6. بڕیاری داخستنی نورینگەکانی شەوانە رۆژ کە بەشێکی زۆری نەخۆشەکانی کەرتی تایبەت و بە دیاریکراوی نورینگە تایبەتەکانیان بۆ خۆیان دەبرد.
دیارە هۆکارگەلێک لەپشتی ئەم هەنگاوانەی وەزارەت و هەنگاوی هاوشێوەی کە دەشێت لە داهاتودا بیانێت، هەن و چالاکن. دەکرێت ئەو هۆکارانە لەم خاڵانەی خوارەوە چڕ بکەینەوە:
1. هەبونی ئیشکالیەتێکی گەورە لە تێگەیشتنی وەزارەت بۆ چەمکی تەندروستی وەکو مافێکی سەڵمێنراوی جیهانی و تەماشاکردنی ئەم چەمکە وەکو ئەگەر و هەلێک بۆ قازانجی ئابوری و بەرژەوەندی تاکەکەسی. لەم تێگەیشتنەدا، نەخۆشی دوژمنێک نیە کە دەبێت ململانێ و دژایەتی و شەڕی لە تەک بکرێت، بەڵکو هەلێکە بۆ قازانج. بە کورتی سیستمی تەندروستی ئێمە نەک تەنها نەخۆشیی خۆشدوێت بەڵکو بازرگانی و ئاڵوێریشی لەگەڵدا دەکات.
2. نەبونی چاودێری بەهێز لەسەر کارو ئەدای وەزارەتی تەندروستی. ئەم وەزارەتە رەنگە یەکێک بێت لەو دەزگایانەی کە کەمترین چاودێری لەسەرە. جا ئەو چاودێریە لەڕێی یاساکان و دادگاکانەوە بێت، یا لەڕێی کەرەستەکانی کۆمەڵی مەدەنی و دیموکراسیەوە بێت، وەکو میدیا و رێکخراوەکان و میکانیزمی وەکو هەڵبژاردنەوە. بۆ نمونە وەزیری تەندروستی وەکو زۆربەی وەزیرەکانی تر لەڕێی هەڵبژاردنەوە دەستنیشان ناکرێت، بۆیە لە خەمی رازیبون یا ناڕەزایی هاوڵاتیان نیە. بەهەمان شێوە، یاساکان کەمترین گرنگیان بە بواری تەندروستی داوە و نەیانتوانیوە ببن بە ئاستەنگێک لەبەردەم خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکان لەلایەن کاربەدەستانی وەزارەتەوە.
3. هەبونی دژایەتی گەورەی بەرژەوەندیەکان (Conflict of Interests) لە هەلومەرجی حکومڕانی سیستمی تەندروستی کوردستاندا، سادەترین نمونەیەک لەسەر ئەم هۆکارە ئەوەیە کە خودی وەزیری تەندروستی بۆ خۆی نورینگە و نەخۆشخانەی تایبەتی هەیە لە بازاڕدا و ئەمە بۆخۆی دژە بە لانیکەمی بێلایەنی لە دەرکردنی بڕیارەکاندا، بۆ تیشکخستنی زیاتر لەسەر ئەم هۆکارە، خەیاڵبکە وەزیری نەوت و سامانە سروشتیەکان بۆ خۆی کۆمپانیای نەوتی هەبێت، یا وەزیری پەروەردە کۆمپانیای تایبەتی وانەوتنەوەی دەرەکی هەبێت، یا وەزیری گواستنەوە کۆمپانیای تایبەتی مۆبایلی هەبێت ...هتد.
4. بڵاوبونەوەی ئایدیاکانی بازاڕی ئازاد و کەرتی تایبەت لەدوای رزگارکردنی عیراق و بەتایبەتی بە پشتگیری و هاندانی ئەمهریکیەکان. ئەگەر ئەم میکانیزمانە بۆ بوارگەلێکی ئابوری سودبەخشبن ئەوا بۆ تەندروستی زەرەریان لە قازانجیان زیاترە و مرۆڤ دەتوانێت بە تەماشاکردنێکی سەرپێی باری نالەباری سیستمی تەندروستی ئەمهریکا لە خراپی ئەم سیاسەتانە بۆ کەرتی تەندروستی دڵنیا بێت.
5. هەوڵدانی حکومەت بۆ گرتنەبەری هەرچی سیاسەتێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی مەسرەف لە تەندروستی هاوڵاتیان و سوککردنی باری سەرشانی خۆی و گواستنەوەی ئەرکەکە بۆ خودی هاوڵاتی خۆی.
وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دروشمی "هاندان و یارمەتیدانی کەرتی تایبەت"ی کردوەتە دروشمێکی سەرەکی خۆی و بەجیددی کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات. لە رواڵەتیشدا ئەم دروشمە دژە بە قسەکانی خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەت کە لە کردنەوەی کۆنفرانسی سیاسەتی تەندروستی لە کوردستاندا وتی "دەبێت سیستمێکی تەندروستیەک دروستبکرێت کە نەخۆش لە سەنتەردا بێت". بەڵام پێ دەچێت، وەزارەتی تەندروستی گوێ لە سەرۆک وەزیرانیش ناگرێت، چ جا هاوڵاتیان یا شارەزایانی بوارەکە.
|
|