پاڵنەرە تەندروستیەکانی گۆڕانکاری ئیداریی لە پارێزگای سلێمانیدا
|
د.گۆران عهبدوڵا
کاندیدکردنی پزیشكێک بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە لایەن یەكێتی نیشتیمانی کوردستانەوە و قسەکردنی ئەو کاندیدە لەسەر باشترکردنی دۆخی پارێزگای سلێمانی لەڕوی تەندروستیەوە، بۆ خۆی ئاماژەیەکە لەسەر دڵنیابونی یەکێتی بە دۆخی تەندروستی لەپارێزگاکە و گوایە ئەو دۆخە یارمەتیدەرە بۆ کاندیدە پزیشکەکەی ئەو حیزبە. بەڵام خوێندنەوەیەکی وردی دۆخی تەندروستی پارێزگای سلێمانی، بۆمانی دەردەخات کە دۆخی تەندروستی لەپارێزگای سلێمانی لە قەیراندایە و حیساباتەکانی یەکێتی لەم بارەیەوە هەڵەیەو مێژوی ئەو حیزبە لەگەڵ سیستمی تەندروستیدا یارمەتیدەری نیە بۆ بردنەوەی پارێزگای سلێمانی. لە خوارەوە هەوڵئەدەین پیشانی بدەین بۆچی گرەوی یەکێتی نیشتیمانی لەسەر پشت بەستن بە دۆخی تەندروستی لە پارێزگاکەدا گرەوێکی دۆڕاوە.
1. خزمەتی تەندروستی:
هەرچەندە کاربەدەستانی ئیداری و بەرپرسانی سیاسی حکومەت لەپارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بانگەشەی ئەوە ئەکەن کە سلێمانی لەپێش شارەکانی تری عێراقە لەڕوی تەندروستیەوە، بەڵام خەڵکی پارێزگای سلێمانی بەدەست ژمارەیەکی زۆری کێشە و گرفتی تەندروستیەوە دەناڵێن. بە گوێرەی توێژینەوەک کە لە لایەن (یەکەی هاوبەشی هەڵسەنگاند)ی سەر بە نەتەوەیە یەکگرتوەکان کراوە، ئەم راستیانەی خوارەوە پیشاندراوە :
• ٤٦.٥% خەڵکی پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەبونی کەرەستەی پزیشکیەوە لەخزمەتی تەندروستی بێبەشن.
• ٤٢.٨%خەڵکی پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەبونی پزیشکەوە لەخزمەتی تەندروستی بێبەشن.
• ٤٠.٦%خەڵکی پارێزگای سلێمانی بەهۆی گرانی ئامرازەکانی هاتوچۆەوە لەخزمەتی تەندروستی بێبەشن.
• ٣٧%خەڵکی پارێزگای سلێمانی بەهۆی نەبونی پزیشکی ژنەوە لەخزمەتی تەندروستی تایبەت بە ژنان بێبەشن
• ٣٧% خەڵکی پارێزگای سلێمانی پارەی تەواویان نیە بۆ ئەوەی خزمەتی تەندروستی بکڕن و لەو خزمەتە بێبەشن.
• ٢٤.٣%خەڵکی پارێزگای سلێمانی متمانەیان بەو خزمەتانە نیە کە لە دەزگا تەندروستیەکاندا پێشکەش دەکرێت.
• ١٧.٨%خەڵکی پارێزگای سلێمانی پێیان وایە کە ئەو شوێنەی خزمەتی تەندروستی پێشکەش دەکرێت شوێنێکی ئارام و ئاسایش نیە و بەهۆی ئەوەوە لە خزمەتی تەندروستی بێبەشن.
• بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵ کە لە پارێزگای سلێمانی بە زیندوی لەدایکدەبن ٢٤ یان ئەمرن پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی یەک ساڵ کە بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتوەکان نابێت لە ١٧یان زیاتر بمرن.
• بۆ هەر ١٠٠٠ منداڵ کە لە پارێزگای سلێمانی بە زیندویەتی لەدایکدەبن نزیکەی ٤٠یان ئەمرن پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی ٥ ساڵ (کە ئەم رێژەیە لەپارێزگای هەولێر نزیکەی ٣٠ منداڵە).
• نزیکەی ٢٠% هەموو منداڵانی پارێزگای سلێمانی لەدژی یەکێک لەنەخۆشیە گرنگەکان کە سیرۆژەیە ناکوترێن.
• نزیکەی ١٥% ژنانی پارێزگای سلێمانی لەکاتی منداڵبوندا لەخزمەتی تەندروستی بێبەشن.
• لە ساڵی ٢٠١٢ و بەهۆی کۆلێراوە ١٦٠٥ کەس داخڵی نەخۆشخانە کران کە زیاد لە ١٠کەسیان بەهۆی نەخۆشیەکە گیانیان لەدەستدا، زۆربەی ئەوانەی کە بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە رەوانەی نەخۆشخانە کران لەپارێزگای سلێمانی بون. ئەم پەتایە کە تەنها لەوڵاتە ئەفریقیایەکاندا رودەدا بەهۆی تێکەڵبونی ئاوی دوکان بەئاوی پیسی زێرابەکانەوە و بەهۆی گەندەڵی و بەهەدەردان لە پرۆژەکانی ئاوی دوکانەوە رویان دا.
• ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان بە هۆی نەبوون یا نزمی کواڵیتی خزمەتی تەندروستی لە شارەکانی تری سەر بە پارێزگای سلێمانی، رەوانەی شاری سلێمانی دەکرێن و لە ڕێگادا گیان لەدەستدەدەن. نزیکترین نمونە گیان لەدەستدانی کچێکی ١٦ ساڵان بە ناوی زریان لەقەزای شارەزور کە بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە گیانی لەدەستدا و بەهۆی نەبونی دەرزی دژە ژەهرەوە رەوانەی شاری سلێمانی کرا.
• بڕێکی زۆری دەرمانی ئکسپایەرو کواڵیتی خراپ و قاچاخ دێتە کوردستانەوە و بوەتە هۆی گیان لەدەستدانی و نوقستان بونی هاوڵاتیان وەکو مردنی هاوڵاتی کەژاوە عبدالباقی بەهۆی لێدانی دەرزییەوە.
• منداڵانی پارێزگای سلێمانی لەهەمو منداڵانی کوردستان زیاتر توشی نەخۆشی سیرۆژە دەبن.
• خەڵکی شاری سلێمانی لەپارێزگاکانی تری کوردستان زیاتر توشی نەخۆشیەکانی گرانەتا، هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر و تای ماڵتا ئەبن.
• نەخۆشخانەکانی پارێزگای سلێمانی بە بەراورد بە هەمو پارێزگاکانی تر زیاتر قوربانیەکانی هاتوچۆ دەبینن و چارەسەریان بۆ دەکەن، واتە ژمارەی قوربانیەکانی هاتوچۆ لەپارێزگای سلێمانی بە بەراورد بە پارێزگاکانی تر زیاترە.
2- هێزیکاری تەندروستی:
• نزیکەی ٨٠% بنکە تەندروستیەکانی پارێزگای سلێمانی پزیشکیان نیە و تەنها لەڕێی کارمەندی تەندروستیەوە بەڕێوەدەبرێن.
• لەپارێزگای سلێمانیدا نزیکەی ١٣ پزیشك هەیە بۆ هەر 10.000 هاوڵاتیەک کە بە بەراورد لەگەڵ وڵاتەکانی ناوچەکە کەمە (لوبنان٣٣، قەتەر ٢٨، ئەردەن ٢٦، میسر ٢٤، کویت ١٨، عومان ١٨، سعودیە ١٦، ئیمارات ١٥، تورکیا ١٥). بەڵام ئەگەر هەمو جیهان وەرگرین ئەوە ١٤ پزیشک بۆ هەر 10.000 هاوڵاتیەک هەیە کە وادەکات ژمارەیەکی پارێزگای سلێمانی کەم نەبێت، بۆیە دەتوانین بڵێین کە هۆکاری سەرەکی خراپی دۆخی تەندروستی نزمی کوالێتی خزمەتی تەندروستیە.
• لەپارێزگای سلێمانیدا نزیکەی ١٤ کارمەندی تەندروستی هەیە بۆ هەر 10.000 هاوڵاتیەک کە لەسەرانسەری جیهاندا ٢٨ و ئەوەی پارێزگای سلێمانی کەمترە لەزۆربەی وڵاتەکانی ناوچەکە (قەتەر ٧٤، ئیمارات ٤٦، عومان ٣٩، میسر ٣٤، ئەردەن ٣٢، کویت ١٨).
• لەپارێزگای سلێمانیدا تەنها ١.٢ پزییشکی ددان هەیە بۆ هەر 10.000 هاوڵاتیەک کە بە گوێرەی ستانداردە جیهانیەکان زۆر کەمە.
• لەپارێزگای سلێمانیدا تەنها ٠.٤٩ پزیشکی دەرمانساز هەیە بۆ هەر 10.000 هاوڵاتی کە بە گوێرەی ستانداردە جیهانیەکان زۆر کەمە.
• نایەکسانیەکی گەورە هەیە لەدابەشبونی پزیشکان و کارمەندان و دەرمانسازان و پزیشکانی ددان لەنێوان سەنتەری شارەکان و لادێکاندا.
• موچەی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و پزیشکانی ددان و دەرمانسازان بەشی ئەوەیان ناکات کە هەمو کاتەکەیان لەناو نەخۆشخانە و بنکە تەندروستی و دەزگاکانی تری کەرتی گشتی ببەنە بەر و ناچار کراون کە پەنا ببنە بەر کەرتی تایبەت.
• دابەشکردنی پزیشکان بەسەر شارو شارۆچکەکاندا بەهۆی فاکتەری حیزبی و سیاسی جیا لە فاکتەری زانستی و پەیداویستی خەڵك دەکرێ.
3- ژێرخانی تەندروستی:
لەماوەی ٢٣ ساڵی رابوردودا، راستە ژمارەیەک لەبینای نەخۆشخانەو بنکەی تەندروستی و دەزگای تری تەندروستی دروستکراون بەڵام ژمارەیەکی زۆری ئەو پرۆژانە یا لەیادکراون یا بە نیوەناچڵی ماونەتەوە یاخود گەندەڵییەکی زۆریان تێدا کراوە ئەم نمونانەی خوارەوە تەنها چەند نمونەیەکی زەقن و مشتێکن لە خەروارێک:
• نەخۆشخانە ٤٠٠ قەڕەوێڵەیەکەی شاری سلێمانی: ئەم نەخۆشخانەیە دوای ساڵی ١٩٩٤ و لەڕێی بەرنامەی نەوت بەرامبەر بە خۆراک بیر لە دروستکردنی کراوە. بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی کە گروپی ٤٠٠ (کە گروپێکە لە ٥٠ رێکخراو و کەسایەتی پێکدێت) دەستیانکەوتوە دەرکەوتوە کە نزیکەی ٢٢ ملیۆن دۆلار لەو پرۆژەیەدا بە هەدەر دراوە لەگەندەڵی و ئیهمالیدا و تاوەکو ساڵی رابوردوش نەخۆشخانەکە نەکرایەوە. دوای کردنەوەی نەخۆشخانەکە، ئێستاش بەدەست چەندان کێشەوە دەناڵێنێت و هێشتا چەند بەشێکی گرنگی نەکراوەتەوە و خزمەت بە هاوڵاتیان ناکات بە تایبەتی بەشی فریاکەوتن. هاوکات ئەو کۆمپانیا کۆرییەی کە بڕیار بو نەخۆشخانەکە دروستکات و بەجێی هێشت لە کۆریا توشی بە دواداچونی یاسایی هاتوە و ئێستا سەرۆکەکەی لەبەردەم دادگایە بەهۆی ئەو گەندەڵییانەی لەپرۆژەی نەخۆشخانەکە کراوەو هەروەها بەهۆی گەندەڵییەکانی لەپرۆژەی وێستگەی ٣٠٦ میگاواتی سلێمانی. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی دوای ئەوەی داوای ٢٢ ملیۆن دۆلاریان لەکۆمپانیا کۆرییەکە کردو لەدادگا کەیسەکەیان بردەوە بەڵام دادگا کەیسەکەی بە کراوەیەی هێشتەوەوە کاتێکی دیاریکراوی دانەنا بۆ ئەوەی کۆمپانیاکە پارەکە بگەڕێنێتەوە.
• لەماوەی ٢٣ ساڵی رابوردودا دەسەڵاتی ئیداری لەپارێزگای سلێمانی نەک گرنگی بە پرۆژە تەندروستیەکان نەداوە و پشتگوێیانی خستوە و گەندەڵی زۆرکراوە لەپرۆژەکاندا، بەڵکو پارەو داهاتیشی بۆ پرۆژەی تر لەپارێزگاکانی تر خەرجکردوە بۆ مەبەستی حیزبی و بنەماڵەیی تەسک. بۆ نمونە لە رۆژی ٢١/٩/٢٠١٠ و بەپێی گرێبەستێک لەنێوان وەزارەتی تەندروستی کە ئیمزای وەزیری پێشوی تەندروستی لەسەرە، بڕی نزیکەی ٦ ملیۆن دۆلار لەپارەی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی خەرج کراوە بۆ کڕینی ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی پاری تایبەت لەشاری هەولێر بە بیانوی ئەوەی کە ئەو نەخۆشخانەیە خزمەتی بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەکات. لەکاتێکدا کە ئەو نەخۆشخانەیە موڵکی بەرپرسێکی باڵای حیزبیە و لەحاڵی حازردا نەک ئەو نەخۆشخانەیە خزمەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ناکات بەڵکو نرخی نەشتەرگەرییەکانی بەهەزارەها دۆلارە کە تەنانەت خەڵکی هەژاریش ناتوانن سودی لێوەرگرن.
• ماوهی زیاتر له ٤ ساڵه بڕیاری جێبهجێكردنی پرۆژهی نهخۆشخانهیهكی گهوره لهقهزای رانیه دهرچوهو چهندینجار بودجهی بۆ تهرخان كراوه، بهڵام تائێستا كاری تێدا نهكراوه. نهخۆشخانهكه پێكدێت لهنزیكهی 300 قهرهوێڵه. كۆی گشتی ئهو پارهیهی كه تائێستا بۆی تهرخانكراوه، زیاتره له 156 ملیارو نیو دینار. كۆی ئهو پارهیهی بۆی تهخانكرا، بڕی سیانزه ملیارو 500 ملیۆن دیناری بو. ههردو رۆژ بهر لهههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق كه له 7/3/2010 ئهنجامدرا؛ بهردی بناغهكهی دانرا. هاوشێوەی نەخۆشخانە ٤٠٠ قەڕەوێڵەیەکەی سلێمانی ئەو پرۆژەیەش توشی هەمان دەرد بوە.
• نەخۆشخانەی چارەسەری بریندارانی چەكی كیمیایی لە 16/3/2008 بەردی بناغەی دانراوە و بودجەی پرۆژەكە 12 ملیۆن و 100 هەزار دۆلارە، دەبو لەماوەی 450 رۆژ ئەو نەخۆشخانەیە تەواو بكرێت، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت بە تەواوەتی نەخراوەتە خزمەتی قوربانیای کیمیابارانی هەڵەبجەوە و قوربانیەکان رۆژ لەدوای رۆژ باری تەندروستیان بەرەو خراپتر دەچێت و بەهۆی نەبونی خزمەتی تەندروستیەوە گیان لە دەست دەدەن.
ئەم وتارە ویستی بە داتا و ژمارە و بەڵگە بیسەلمێنێت کە کاتی گۆڕینی ئیدارەی پارێزگای سلێمانی هاتوە. پێویستە لەچوار ساڵی داهاتودا ئەم ژمارانە گۆڕانیان بەسەربێت و بەرەو باشتر بچن.
|
|