د.گۆران عه‌بدوڵا
وه‌زیری ته‌ندروستی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ڕێز د.طاهیر هه‌ورامی چاوپێکه‌وتنێکی رۆژنامه‌وانی له‌گه‌ڵ کوردستانی نوێی ژماره 5407 ی رۆژی پێنجشه‌مه رێکه‌وتی 17/2/2011 ئه‌نجامداوه، به پێویستمان زانی چه‌ند سه‌ره‌قه‌ڵه‌مێکی له‌سه‌ر بنوسین. پێویسته ئه‌وه بوترێت که ئه‌م دیمانه‌یه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی جارێکی تر سه‌لماندنی له ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی وه‌زیری ته‌ندروستی زیاتر هیچ چاره‌سه‌رێکی دیکه بۆ سیستمی ته‌ندروستی له حاڵی حازردا به‌دی ناکرێت و پێویسته یه‌کێک له داواکاریه‌کانی خه‌ڵکی خوپیشانده‌ر گۆڕینی سیستمی ته‌ندروستی و وه‌زیری ته‌ندروستی بێت.
زۆربه‌ی پرسیاره‌کانی دیمانه‌که سه‌باره‌ت به‌و کۆنگره‌یه‌یه که وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له رۆژانی 2-4 شوبات به‌ستی. وه‌زیری ته‌ندروستی له وهڵامدانهوهکانیدا له ته‌نها یه‌ک شت‌دا سه‌رکه‌وتوبو ئه‌ویش خۆدزینه‌وه‌یه له پرسیاره جددیه‌کان سه‌باره‌ت به کۆنگره‌که و راسپارده‌کانی. جه‌نابی وه‌زیر به‌جۆرێک سه‌رکه‌وتوبو که ته‌نانه‌ت به یه‌ک رسته‌ش پێمان ناڵێت تاقه راسپاردهیهکهی ئه‌و کۆنگره "نێوده‌وڵه‌تیه" چی بو که ماڵی گشتی و بودجه‌یه‌کی زه‌به‌لاحیان تیا خه‌رج کرد، کۆنگره‌یه‌ک که به‌پێی لێدوانه رۆژنامه‌وانیه‌کانی سه‌رپرشتیارانی نزیکه‌ی 270 ملێون دۆلاریان له قوتی ئه‌م میلله‌ته بڕیه‌وه بۆ به‌ستنی، کۆنگره‌یه‌ک که سه‌دان پسپۆری ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی تیا به‌شداربوه، به‌ڵام جه‌نابی وه‌زیر پێمان ناڵێت بڕیاره‌کان چی بون و راسپارده‌کان چی؟
ئه‌م فه‌شه‌له‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له خستنه‌ڕوی بڕیار و راسپارده‌کان له کاتێکدا دێت، که پێش به‌ستنی ئه‌م کۆنگره‌یه بنی زمان و سه‌ری زمانی ده‌سه‌ڵاتدارانی سیستمی ته‌ندروستی کوردستان ئه‌و کۆنگره‌یه بو. که‌س نه‌یده‌وێرا ده‌مبکاته‌وه و ته‌نانه‌ت به باشیش باسی سیستمه‌که بکات بێ ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی وه‌زاره‌ت قسه‌کان ببڕن و بڵێن "له شوباتدا سیستمی ته‌ندروستی دهگوڕین" ئیتر قسان مه‌که‌ن و چاوه‌ڕوان بن. ئه‌وه‌تا شوبات هاتی و رۆیشت و سیستمی ته‌ندروستی وه‌کو خۆیه‌تی، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین به هۆی ئه‌و گولانه‌ی له ده‌مانچه دیاریه‌کان و بیکهیسیهکانهوه ژماره‌ی مردو و بریندار و نه‌خۆشی کوردستان زیادی نه‌کردبێت و ده‌سه‌ڵاتداران له که‌مکردنه‌وه‌ی نرخی عیاده میللیه‌کان زیاتر هیچی تریان نه‌کردبێت.
وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌ڵێت: مه‌به‌ستیان له به‌ستنی ئه‌م کۆنگره‌یه ئه‌وه بو که "سیستمێکی نوێ دابهێنن له پێناو پێشکه‌شکردنی خزمه‌تگوزاری باشتر به هاوڵاتیان". ئێمه هیچ قسه‌یه‌کمان له‌سه‌ر ئه‌م وه‌ڵامه نیه و ئه‌مه ره‌نگه په‌یوه‌ندی به نیه‌تی وه‌زاره‌ته‌وه هه‌بێت بۆ باشترکردنی سیستمه‌که. به‌ڵام ئه‌وه‌ی قسه‌مان له‌سه‌ری هه‌یه وه‌ڵامی پرسیارێکی تری رۆژنامه‌که‌یه به‌وه‌ی که "راسپارده‌کانی کۆنگره چی بون؟"، جه‌نابی وه‌زیری بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ته‌نها یه‌ک رسته‌ی تاقانه‌ی هه‌یه که له ته‌واوی دیداره رۆژمانهوهکانیدا له‌سه‌ر ئه‌م کۆنگره‌یه دوباره‌ی ده‌کاته‌وه؛ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که "راسپارده‌کان زۆرن"، ئیتر دوابه‌دوای ئه‌م وه‌ڵامه گشتیه‌ی، که هیچ واتایه‌ک نادات به ده‌سته‌وه، خۆدزینه‌وه له خستنه‌ڕوی راسپارده‌و بڕیاره‌کان ده‌ستپێده‌کات.
جه‌نابی وه‌زیر له وه‌ڵامی هه‌مان پرسیاردا ده‌ڵێت که "له سه‌ر شه‌ش ته‌ور کارمانکردوه". ئه‌گه‌ر له‌وه خۆشبین که جه‌نابی وه‌زیر باسی ته‌وه‌ره‌کان ناکات یا ره‌نگه هه‌ر نه‌شزانی ته‌وه‌ره‌کان چی بون، مه‌حاڵه له‌وه خۆشبین که جه‌نابیان پێمان بڵێت ئه‌و کۆنگره چۆنی دنیابینین و سیاسه‌ت و پلان و ستراتیژه‌کانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی گۆڕین. وه‌زیری به‌ڕێز له‌سه‌ر ته‌مومژاوی کردنی ئه‌و کۆنگره‌یه، که ده‌بوایه له رێی سه‌رچاوه‌ی نهێنێهوه بمانزانییایه چی تیا ده‌گوزه‌رێت، به‌رده‌وام ده‌بێت و باسی کۆمه‌ڵێک شت ده‌کات که سیستمه‌که خۆی هه‌یه‌تی و پێویست ناکات ده‌ستیان لێبدات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کو ئه‌و بوارانه‌ی کابینه‌که‌ی دهستکاریکردون خراپیان نه‌کات. بۆ نمونه وه‌زیر باسی "کوتان و لقاح" ده‌کات (که هه‌ردوکیان یه‌کشتن، وه‌زیر بۆ ئه‌وه‌ی دیمانه‌که‌ی به وشه‌ی هاوشێوی "بسم الله و ناوی خوا" پڕکاته‌وه ئاماژه‌یان پێده‌دات. ئه‌و بواره‌ی باسی ده‌کات پێش به‌ستنی کۆنگره و پێش ئه‌وه‌ی جه‌نابیشی ببێت به وه‌زیری ته‌ندروستی یه‌کێک بون له شانازیه که‌مه‌کانی سیستمه‌که و پێویست ناکات کۆنگره له‌سه‌ر ئه‌م بوارانه ببه‌ستن، ئه‌گه‌ریش بیانه‌وێت ئه‌و باشیانه‌ی سیستمه‌که نه‌هێڵن ئه‌وه باسێکی تره.
دوای ئه‌وه‌ی ره‌نگه وه‌زیری به‌ڕێز هه‌ست به فهشلهێنانی له خستنه‌ڕوی راسپارده و بڕیاره‌کانی کۆنگره‌که‌ی ده‌کات، خۆی له قه‌ره‌ی بابه‌تێک ده‌دات که زۆر باشده‌زانێت وه‌زاره‌ته‌که‌ی ته‌نها ده‌توانێت قسه‌یه‌کی خێری تیا بکات. ئه‌وه‌تا وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌مو کێشه‌کانی سیاسه‌تی ته‌ندروستی له کورستان‌دا پشتگوێده‌خات و باسی روداوی هاتوچۆ و باشی و خراپی رێگاوبانه‌کانی کوردستان ده‌کات. ئاخر ئه‌مه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیه یا وه‌زاره‌تی شاره‌وانی؟ جه‌نابتان وه‌زیری ته‌ندروستین یا به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌یه‌کی هاتوچۆ؟
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئایا هاوڵاتی و نه‌خۆش سه‌نته‌ره له سیستمی ته‌ندروستی یاخود نا، جه‌نابی وه‌زیر دیسان وه‌ڵامه لاستیکیهکانی به‌کارده‌هێنێت و ده‌ڵێت: "ده‌کرێت وا بڵێین". ئه‌و وه‌ڵامه ده‌کرێت خوێندنه‌وه‌یه‌کی گه‌شبینانه‌ی بۆ بکرێت و تۆزێک هیوامان بداتێ که به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی دواجار هه‌ستیان به خۆبه‌زلزانین و لوتبه‌رزی خۆیان به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و هاوڵاتیان کردوه، به‌ڵام هه‌ر زو وه‌زیر به ئاگادێته‌وه و بیریدێتهوه که ئه‌و وه‌زیره و ده‌بێت هاوڵاتیان پۆلێن بکات، دێت و باسی نه‌خۆشی گوازراوه‌وه و نه‌خۆشیی نه‌گوازراوه ده‌کات. کاک دکتۆر، پرسیاره‌که ئه‌وه نیه که نه‌خۆشیه‌کانی خه‌ڵک چین، پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئێوه بۆچی ئه‌وه‌نده به کێشه ته‌ندروستیه‌کانی هاوڵاتیان نامۆن و گۆێ له که‌س ناگرن؟ پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه بۆچی له باتی ئه‌وه‌ی کۆتایی به ئیهانه‌کردنی مرۆڤه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه له نورینگه تایبه‌ته‌کاندا بێنن دێن نرخه‌کانیان زیاد ده‌که‌ن؟ پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه ئایا تۆ وه‌زیری خه‌ڵکیت یا وه‌زیری پزیشکان؟ دیسان وه‌زیری ته‌ندروستی خۆی له‌هه‌مو ئه‌و پرسیارانه ده‌دزێته‌وه و ده‌ڵێت "بونی هاوڵاتی ساغ و خاوه‌ن ته‌ندروستی باش ته‌نیا کاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی نیه، به‌ڵکو ئیشی چه‌ند وه‌زاره‌ت و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار و هاوڵاتیان خۆیانن". ئه‌گه‌ر ئه‌مه ته‌نها خۆدزینه‌وه له به‌رپرسیارێتی نه‌بێت ده‌کرێت چی ناوبنرێت؟. ده‌ی کوا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به ئه‌رکه‌کانی خۆی هه‌ڵساوه تا یه‌خه‌ی وه‌زاره‌تی تر و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری دیکه و هاوڵاتیان بگرین؟ که‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه له شوێنه گشتیه‌کاندا جگه‌ره نه‌کێشرێت یا خاوه‌ن چێشتخانه و خواردنگه‌کان ده‌سته‌وانه و کڵاو له‌سه‌ر بکه‌ن...هتد بۆ ئه‌وه‌ی که هاوڵاتیان ته‌ندروستیان باش بێت؟ وه‌زیرێک که له خه‌می ئه‌وه بێت که براو خزمه‌کانی خۆی له جێگه چه‌وره‌کانی وه‌زاره‌تدا دابمه‌زرێنێ و ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌یان بکات، چۆن به‌لایه‌وه ئاساییه باسی خه‌ڵکی تر بکات؟
له وه‌ڵامی پرسیارێکی تردا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئه‌و گۆڕانانه‌ی که نمایشه بازرگانیه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هێنایه‌کایه‌وه، چه‌ند له‌سه‌ر حکومه‌ت که‌وتوه، وه‌زیر دیسان هیچی پێ نیه. کاره‌ساته‌که به‌وه کۆتایی نایه‌ت و ده‌ڵێت "گروپی Rand مان راسپاردوه بۆ ئه‌وه‌ی بزانین چه‌ند له‌سه‌ر حکومه‌ت ده‌که‌وێت". وه‌زیری ته‌ندروستی له درێژی وه‌ڵامه‌که‌یدا ناوه‌ی ئه‌وه‌نده ده‌وڵه‌ت و گروپ و رێکخراو ده‌هێنێت که ده‌کرێت بڵێین، کاکینه پێمان ناڵێن ئیتر ئێوه رۆڵتان چیه له‌م وه‌زاره‌ته‌دا، که‌وابو بهجێبهێڵن و با کارمه‌ندانی ئه‌و رێکخراوه بیانیانه‌ی ملێونه‌ها دۆلارتان پێ به‌خشیون ببن به وه‌زیری ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه و نه‌خۆشخانه و بنکه‌ی ته‌ندروستی.
له باره‌ی که‌رتی گشتی و که‌رتی تایبه‌ته‌وه، جه‌نابی وه‌زیر ئه‌و قسه‌یه دوباره ده‌کاته‌وه که خه‌رێکه ده‌بێت به دروشمی سه‌ره‌کی کابینه‌که‌ی و ئه‌و ئامانجه تاق و ته‌نهایه‌ی هه‌وڵی بۆ ده‌دات ئه‌ویش "ئێمه هانی که‌رتی تایبه‌ت ده‌ده‌ین و هه‌وڵده‌ده‌ین پێشبکه‌وێت". جه‌نابی وه‌زیر، پێویست به‌وه ناکات ئه‌و زانیاریه‌مان پێبڵێت، کاره‌کانی جه‌نابتان له به‌رزکردنه‌وه‌ی نرخی عیاده‌کان زۆر به رونی نیشانیده‌دات که ئێوه ده‌تانه‌وێت ئه‌م میلله‌ته هه‌ژاره هه‌ژارتر بکه‌ن و به‌ناوی هاندانی که‌رتی تایبه‌ته‌وه، پرۆژه بازرگانیه‌کانی خۆتان و شه‌ریکه‌کانتان "هانبده‌ن" و "پێشیانبخه‌ن". لای هه‌مو که‌سێک ئاشکرایه که جه‌نابتان و ئه‌وانه‌ی سه‌رپرشتی ئه‌م کۆنگره شکستخواردوهت ده‌که‌ن، عیاده‌ی تایبه‌ت و نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت و ته‌نانه‌ت گه‌راجی ئۆتۆمبیلیشتان له ته‌نیشت نه‌خۆشخانه‌کانه‌وه هه‌یه. ئیتر عاجیباتی نیه که ئه‌وه‌نده‌ی خه‌می که‌رتی تایبه‌تانه، گیرفانی هاوڵاتیتان له یادکردوه و ده‌تانه‌وێت ئه‌وه‌نده‌ی تره ئه‌م میلله‌ته تاڵانبکهن.
ئه‌وه‌ی زۆر به ئاشکرا له‌م دیمانه‌یه‌ی وه‌زیری به‌ڕێزدا دیاره ئه‌وه‌یه که ته‌نانه‌ت خودی خۆشی یه‌ک سود چیه له‌م کۆنگریهی نه‌بینیوه. وه‌زیری ته‌ندروستی به‌رده‌وامه له‌سه‌ر عاده‌ته‌کانی خۆی به پێدانی زانیاری و ژماره‌ی هه‌ڵه و بێبنه‌ما و ده‌ڵێت؛ "که‌رتی تایبه‌ت له نێوان 10% بۆ 20% کاره‌کانی ته‌ندروستی ده‌کات" به بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێت چۆنی ئه‌م ژمارانه‌ی بۆ ده‌رکه‌وتوه و که‌ی و کێ و له کوێ تویژینه‌وه کراوه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی داخۆ که‌رتی تایبه‌تی ته‌ندروستی رێژه‌ی چه‌ندێکی به‌رده‌که‌وێت له "خزمه‌تگوزاریه" ته‌ندروستیه‌کان. ئایا وه‌زیر له‌وه بێئاگایه که نه‌خۆشخانه و بنکه ته‌ندروستیه‌کان و مه‌ڵبه‌نده‌کان بون به فیلته‌ری ره‌وانه‌کردنی نه‌خۆش بۆ نورینگه تایبه‌ت ونه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌کان، له‌وه بێئاگایه که وای لێهاتوه ته‌نانه‌ت نه‌شته‌رگه‌ریه کت‌وپڕ و فریاگوزاریه‌کانیش خه‌ریکه له نه‌خۆشخانه تایبه‌ته‌کاندا ده‌کرێن؟ له‌وه بێئاگایه که بازرگانانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌کو داڵ به‌سه‌ر قوربانیه‌کانی روداوه‌کانی هاتوچۆی ئه‌و باسیان ده‌کات، ده‌نیشن و پاره‌کانیان ده‌مژن؟ کۆنگره‌یه‌کی ته‌ندروستی به توێژینه‌وه بۆی دهرنهکوتبێت پشکی که‌رتی گشتی به به‌راورد به که‌رتی تایبه‌ت له خزمه‌ته ته‌ندروستیه‌کان چه‌نده و ئاوا به‌و شێوه باسی بابه‌تێکی گرنگی ته‌ندروستی له زاری وه‌زیری ته‌ندروستیه‌وه باس بکرێت، پێمان ناڵێن ئیتر ئه‌و خۆدهرخستنهتان به به‌ستنی کۆنگره له چی؟ ده‌بوایه ته‌نها وانه‌یه‌ک که وه‌زیری ته‌ندروستی له‌و پسپۆره ئه‌مریکی و فه‌ره‌نسی... وهتد یانه‌ی که جه‌نابیان میوانداری کردبون فێربویایه ئه‌وه‌یه که ناکرێت به گوتره قسه بکه‌یت و ده‌بێت به توێژینه‌وه راکانت له‌سه‌ر سیستمه‌که بسه‌لمێنیت.
وه‌زیری ته‌ندروستی فه‌شه‌ل ده‌هێنێت له‌وه‌ی که تاقه ده‌ستکه‌وتێک بۆ کابینه‌که‌ی تۆماربکات و دیسان خۆی له دابینکردنی بیمه‌ی ته‌ندروستی بۆ هاوڵاتیان ده‌دزێته‌وه و بیانوگهلێکی لاواز بۆ دابینه‌کردنی ئه‌م کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌ی سیستمی ته‌ندروستی ده‌هێنێته‌وه. کاره‌ساته‌کانی نه‌زانی به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به بنه‌ماکانی سیاسه‌تی ته‌ندروستی له‌گه‌ڵ هه‌ر دهمکردنهوهیهکدا به رونی ده‌رده‌که‌وێت. له لایه‌که‌وه وه‌زیری ته‌ندروستی پێمان ده‌ڵێت سیستمی خه‌رجی ته‌ندروستی له کوردستاندا "وه‌کو باج وایه، به‌ڵام حکومه‌ت پاره‌که‌ی ده‌دات". ره‌نگه ئابوریناسێکی نه‌وێت ئه‌وه بزانێت که پاره‌یه‌ک حکومه‌ت له هاوڵاتی وه‌رینه‌گرێت و بیدات به پهیداویستیهک پێی ناوترێت باج و به‌ڵکو ناوی تری هه‌یه. جه‌نابی وه‌زیری به‌ڕێز ئه‌وه‌ی تۆ باسی ده‌که‌یت پێی ناڵێن باج، ئه‌وه به‌شه بودجه‌ی ته‌ندروستیه له داهاتی گشتی کوردستان که هه‌موان ده‌زانین له کوێه‌وه دێت. ئه‌گه‌ر جه‌نابت ده‌زانیت که باج هه‌یه له‌سه‌ر هاوڵاتیان بۆ ته‌ندروستی، فه‌رمو پێمان بڵێ جهندێک باجیان لێوه‌رده‌گرن و بۆچی مه‌سره‌فیان ده‌که‌ن؟
ته‌نها بیانویه‌ک که وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌هێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که خویان ماندونهکهن بۆ بیمه‌ی ته‌ندروستی ئه‌وه‌یه "به پێی ده‌ستور ئێمه پارچه‌یه‌کین له عیراق". جه‌نابی وه‌زیر ئه‌م قسه‌یه ده‌کات و پێشمان ناڵێت له کوێی ده‌ستوری عێراقدا به حبری سور نوسراوه که هه‌رێمێکی فیدرالی بۆی نیه ده‌ستکاری سیستمی ته‌ندروستی خۆی بکات؟ له کوی ده‌ستوردا هاتوه بۆ ئه‌وه‌ی ته‌ندروستی هاوڵاتیانی هه‌رێمی کوردستان پێشبکه‌وێت پێویسته پێش ئه‌وه ته‌ندروستی دانشتوانی به‌غدا و شاره‌کانی تری عێراق پێشبکه‌ون ئه‌نجا بوارتان ده‌ده‌ینێ که بیمه‌ی ته‌ندروستی بۆ هاوڵاتیانتان دابین بکه‌ن؟ کاره‌ساته‌که له‌وێدایه که وه‌زیری ته‌ندروستی له کاتێکدا ئه‌م قسانه ده‌کات که ئه‌ندامێکی خودی حیزبه‌که‌ی خۆی و کوردێکی ئه‌م هه‌رێمه وه‌زیری ته‌ندروستی عێراقه. ئاخر ئه‌گه‌ر ئێوه ئێستا نه‌توانن سود له پۆسته‌کانتان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌ندروستی هاوڵاتیان وه‌رگرن که‌ی ده‌توانن؟ تکاتان لێده‌که‌ین بیمه‌ی ته‌ندروستیش مه‌که‌ن به مادده‌ی 140 و هه‌ر باسیشی مه‌که‌ن!! وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌ڵێت که بیمه‌ی ته‌ندروستیمان هه‌بو "ئێمه ناتوانین به هاوڵاتیانی عێراق بڵێین ناتوانین چاره‌سه‌رت بکه‌ین" وئه‌وه‌ی بیر چوه که هه‌مو ئه‌و وڵاتانه‌ی هاوڵاتیه‌کانی خۆی له ده‌ست که‌موکورتیه ته‌ندروستیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ئوردن و ئێران و تورکیا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک له سیستمی بیمه‌ی ته‌ندروستی له‌و وڵاتانه به‌هه‌ره‌مه‌ند نابن و له خه‌رجی گیرفانی خۆیان مه‌سره‌ف له خزمه‌تی ته‌ندروستی ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ریش ده‌ڵێن ئێمه هێشتا ده‌وڵه‌ت نین و به‌شێکین له عێراق ئه‌وا پێویسته ئه‌وه بزانن که ته‌ندروستی مه‌سه‌له‌یه‌کی نیشتمانی نیه و ده‌کرێت نه‌ک هه‌رێمێک به‌ڵکو پارێزگایه‌کیش سیستمی ته‌ندروستی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت.
گه‌نجانی میسر له ماوه‌ی 18 رۆژدا رژێمێکی 30 ساڵییان روخان و ره‌وانه‌ی یاده‌وه‌ریی مێژویان کرد، به‌ڵام وهزراتهێکی گه‌وره‌ی حکومه‌ت ئه‌وه زیاتر له 20 رۆژه کۆنگره‌ی ته‌ندروستی به‌ستوه، به‌ڵام که‌س نازانێت راسپارده و بڕیاره‌کانیان چیه. ئه‌مه ده‌بێت ته‌نها هۆکار بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م کابینه‌یه‌ی وه‌زاره‌ت ماڵئاوای بکات و به راشکاوی پێمان بڵێت که فه‌شه‌لی هێناوه له‌وه‌ی که وه‌زاره‌تی هاوڵاتیان بێت.
|