د.گۆران عهبدوڵا
سیستمی ناوخۆی پێشنیارکراوی سەندیکا
جێگەی دەستخۆشی و پێزانینە کە لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی سەندیکا "سیستمی ناوخۆی سەندیکای پزیشكانی کوردستانی" ئاشکرا کرد و داوای لە پزیشکان کرد کە پرسیار و راسپاردەکانیان سەبارەت بەو سیستمە رەوانەی لیژنەکە بکەن. هەڵبەتە باشتربو ئەو کارە زوتر کرابا و پێویستە ژمارەیەکی زۆرتری پزیشكانی لێ ئاگاداربکرێتەوە و فراوانتر و چڕ تر گفتگۆی لەسەر بکرێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەکو فەیسبوک بەکاربهێنرێت بۆ دەستپێکردنی دایەلۆگێکی فراوانتر. سەقاڵکردنی پزیشکان بە ململانێ سیاسیەکان و نەهێشتنەوەی کات و بوار بۆ ئەنجامدانی پرۆسەیەکی فراوانی خۆئامادەکردن بۆ کۆنگرەکە ئۆباڵی دواکەوتنی ئەم پرۆسە پێویست و دیموکراتیەی دەکەویتە ئەستۆ.
لێرە بە دواوە و تا کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەکە ئەم زنجیرە وتارە هەوڵ دەدات کار لەسەر ئەو سیستمە پێشنیارکراوە بکات و لایەنە بەهێز و لاوازەکانی دەستنیشانبکات و ئەلتەرناتیڤ و پێشنیار و رێگەچارە بخاتەڕو. وتارەکان ئەم چالاکییە لە چوارچێوەی خوێندنەوەیەکی رەخنەیی راستگۆ دەکەن، کە ئەوەندەی مەبەست لێیان دەوڵەمەندکردن و کامڵترکردنی سیستمەکەیە، ئەوەندە بە هەند وەرنەگرتن و رێزنەگرتن و سوپاس نەگوتن نیە بۆ ئەو پزیشکە بەڕێز و هاوپیشە خۆشەویستانەی کە لەگەڵ ئامادەکردنی سیستمەکە ماندوبون و پێویستە دەستخۆشیان لێ بکرێت. لەم وتارە بە دواوە هەرجارە و بەشێک یا ماددەیەک یا بڕگەیەک دەکەینە بابەتی قسەکردن و گفتگۆ و رەخنە.
بەشی یەكەم :
بڕیارە سهرهکیهکان
ماددەی دوی ئەم بەشە دەکرا رونتر و رێکوپێکتر، ئۆرگانیزە کرابا. سەرەتا ماددەکە بە پێناسەی سەندیکای پزیشکان دەستپێدەکات بە بێ ئەوەی زنجیرەی بۆ ئەو پێناسەیە لە چوارچێوەی ماددەکە دانابێت. دواتر ماددەکە دەچێتە سەر ژمارە یەک و لەو بڕگەیەدا پێناسەی پزیشک دەکات و دوای ئەوە ژمارە دو بۆ پێناسی کاری پیشیی دەکات. باشتر و جوانتڕ و رێکتر دەبو ئەگەر سیستمەکە ژمارە یەکی بۆ پێناسی سەندیکا دانابا و ژمارە دو بۆ پێناسەی پزیشک...هتد. خۆ دەکرا لێرەدا پێناسەی دەستەواژەگەلێک و کۆنسێپت و دەزگا و ئامرازی دیاریکراوی تر کرابا کە لە کاری سەندیکایی و پیشەیی پزیشکاندا لە حاڵی حازردا یا لە داهاتودا گرنگن وە یا چالاک دەبن. بۆ نمونە دەکرێت پێناسەی ئەم دەستەواژانەی بکرێت: نەقیبی سەندیکای پزیشکان، سەرۆکی لقی سەندیکای پزیشكان، نورینگە و کارەکتەرەکانی ئەو نورینگەیە، یاریدەدەری پزیشک یا ئەو کەسەی کە لە نورینگەکەدا یارمەتی پزیشک دەدات ...هتد.
ئەگەر قسە لەسەر ئەو پێناسەیە بکەین کە بۆ سەندیکا کراوە دەبینین چەندان کێشەی یاسایی و دەستوریی و فەلسەفیی لەم پێناسەیەدا بەدی دەکرێت. سیستمی ناوخۆی پێشنیارکراو بەم شێوازە پێناسەی سەندیکای پزیشکانی کوردستان دەکات؛ " سهندیکای پزیشکان، رێکخراوێکی پیشهیی زانستی دیموکراتیه که نوێنهرایهتی پزیشکانی ههرێمی کوردستان دهکات. سهندیکای پزیشکانی کوردستان تاکه نوێنهری پزیشکانی کوردستانه . مهلبهندی سهرهکی له ههولێر، پایتهختی کوردستانه و دهتوانێ به پێویست لق له پارێزگا و قهزاکان بکاتهوه".
بەشی یەکەمی پێناسەکە، سەندیکای پزیشكانی کوردستانی بارگاویکردوە بە کۆمەڵێک دەستەواژە و پێناس کە بەرجەستەکردنیان لە کرداری پراکتیکی کارێکی زەحمەتە ئەگەر ئەستەم نەبێت. ئەزمونی پزیشكانی کوردستان لە گەڵ سەندیکاکەیان لە چەند ساڵی رابوردودا دەریخست کە سەندیکای پزیشکان نەیتوانی بە تەواوەتی رێکخراوێکی پیشەیی راستەقینە بێت کە بتوانێت نوێنەرایەتی پزیشکان بکات، چ جای ئەوەی لەگەڵ ئەوەشدا رێکخراوێکی زانستی و دیموکراسی بێت. لکاندنی دەستەواژەی وەکو 'زانستی' هیچ نیە جگە لە پێدانی بریق و باقێکی بێ ناوەڕۆک بە ریکخراوێک کە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دامەزراوە کە نوێنەرایەتی پزیشكان بکات و داکۆکی لە مافەکانیان بکات. ونکردنی ئەو ئامانجە و بزرکردنی ئەو مەبەستە، زەرەرێکی گەورە بە کاری رێکخراوەیی و سەندیکایی دەگەیەنێت. ئەگەر هێشتنەوەی دەستەواژەی دیموکراسی گەرەنتیەک بێت بۆ پابەند بونی سەندیکاکە بە یاسا و رێساکانی گەمەی دیموکراتی لە بەڕیوەبەردنی کارەکانیادا، ئەوە لکاندنی وشەی "زانستی" بەم رێکخراوەوە هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت کە نە رێکخراوەکە دەتوانێت کاری زانستی ئەنجام بدات و نەش بۆ ئەوە دروستکراوە کە ئاوەها کارێک بکات. بۆیە باشتر وایە دەستەواژەی "زانستی" لە پێناسەکە بکرێتەوە و بەتەنها پیشەییەکە بمێنێتەوە.
جگە لەوەی کە پێناسەکە لەوەی کە هەیە فراوانترە و کۆمەڵێک دەستەواژەی بەکارهێناوە کە شوێنی ئەوانە نیە، هەروەها گوتارێکی نادەستوری و نایاسایش برەودەدات و پێشنیار دەکات، کە دژە بەو دەستەواژانەی لە بەشی یەکەمی پێناسەکەدا بەکارهاتوە وەکو دەستەواژەکانی دیموکراسی و پیشەیی .بەشی دوەمی پێناسەکە دەڵێت: " سهندیکای پزیشکانی کوردستان تاکه نوێنهری پزیشکانی کوردستانه". ئەم پێناسەیە بارگاویە بە بۆن و رەنگ و دەرکەوتەکانی رێکخراوە پیشەیی و سەندیکایەکانی نەک تەنها ئەزمونی کۆمۆنیزم و یەکێتی سوڤێت و ستالینیزم، بەڵکو بەشێکی زۆری ئایدولۆژیاکانی زەمانی رژێمی بەعس و رژێمە دیکتاتۆرەکانی تری ناوچەکەی زیندوکردوتەوە. ئەم پێناسەیە لێوانلێوە لە دژایەتی و 'تناقض'. لە لایەکەوە سەندیکای پزیشکان بە رێکخراوێکی دیموکراتی لە قەڵەم دەدات و لە لاکەی ترەوە سەندیکاکە بە تاکە نوێنەری پزیشكان دەزانێت و ئەو سەندیکایە دەکاتە تاکە پێشڕەو و پێشەواو و بڕیاردەر و ئامیر و ناهی. پێشنیارکردنی سەندیکا وەکو تاکە نوێنەری هەمو پزیشکانی کوردستان لە جەوهەردا خنکاندنی سەرەتایترین بنەماکانی دیموکراسییە کە لە پلورالیزم و فرەدەنگی و فرەڕەنگیدا بەرجەستە دەبێت. ئەم پێناسەیە لە راستیدا کۆپیکردنەوەیەکی بێ تامی هەمان رەفتارە دیکتاتۆریەکانی زەمەنی بەعس و بەرجەستەکردنی ئایدۆلۆژیاکانی ستالینزمە کە خۆی لە هەوڵدانێکی بەردەوامی کۆنترۆڵکردنی هەمو کۆمەڵگادا دبینێتەوە، لە رێی دروستکردنی گروپێک لە ریکخراو و سەندیکا و کۆمەڵەوە کە 'تاکە' نوێنەری ئەو چین و توێژە بن کە 'نوێنەرایەتیان' دەکەن. ئەو سیاسەتانە لە بنەڕەتدا هیچ نین جگە لە هەوڵێکی هەژمونگەرا بۆ کۆنترۆڵکردن و دیسپلینکردنی تەواوی کۆمەڵگا. ئەگەر بڕیارە سەندیکای پزیشكانی کوردستان، رێکخراوێکی پیشەیی و دیموکراسی بێت، ناکرێت و ناشێت و ناگونجێت خۆی بە تاکە نوێنەری هەمو پزیشکان بزانێت. بەهەمان مانا، ئەگەر خۆی بە تاکە نوێنەری هەمو پزیشکان دەزانێت، ناکرێت و ناشێت و ناگونجێت رێکخراوێکی دیموکراسی بێت و دەبێت بەو دەعبا خۆ سەپێن رەزا گرانەی کە لە ١٣ ساڵی رابوردودا ئاشنای بوین.
پێشنیارکردنی پێناس و بەکارهێنانی پێناسە بۆ سەندیکای پزیشکانی کوردستان ناکرێت لە فەزایەکی بەتاڵدا ئەنجامبدرێت. فەزایەک کە رەهەندە یاسایی و دەستوریەکان لە پێش چاو نەگرێت. لە راستیدا دەبێت مەشقی ئامادەکردنی ئەم سیستمە بە راوێژ و پرس و راکردن بە شارەزاکانی بواری یاسا و دەستور کرابا و رای ئەوان لە هەمو گەورە و بچوکێکی سیستمەکە وەرگیرابا. عێراق و کوردستان چی تر ئەو وڵاتە دیکتاتۆرە سەربازییە کۆنترۆڵکراوە نیە، کە بەلای کەمەوە لەسەر قاغەز بڕوای بە تاکە نوێنەر و تاکە سەرۆک و تاکە حیزب و تاکە نەتەوە هەبێت. کۆنترۆڵکردن و لەغاوکردنی ئەو مەیلی تاک لایەنیە لە دەستوری عێراق و کوردستاندا چەسپاوە و ناکرێت و ناشێت و ناگونجێت هیچ پێناس و دەستەواژەیەکی ئەم سیستمە دژ بێت لەگەڵ هێڵە گشتیەکانی هەردو دەستورەکە.
هەرچەندە پێناسەکە راستەوخۆ وا ناڵێت، بەڵام پێشنیارکردنی سەندیکا وەکو تاکە نوێنەری پزیشكانی کوردستان، ناڕاستەوخۆ پێشنیاری ئەوە دەکات کە دەبێت هەمو پزیشکان ئەندام بن لەم 'تاکە' نوێنەرە. ئەندامبونی بە زۆری هەمو پزیشكان لە سەندیکای پزیشکانی کوردستاندا بە پراکتیکی و لەسەر ئەرزی واقیع بەرجەستە بوە. هیچ پزیشکێکی کوردستان یا دەرەوەی کوردستان ناکارێ هیچ شتێک بکات بێ ئەوەی ئەندامی سەندیکای پزیشكانی کوردستان بێت. ئەم ئەندامێتیە زۆرەملێیە، بە تەنها دەستەواژەکانی دیموکراسی و پیشەیی لە سەندیکاکە ناکاتەوە و هیچ مانایەکیشیان بۆ ناهێڵێتەوە، بەڵکو خۆی لە خۆیدا دژایەتی و بە قسەنەکردنێکی زەقی بڕگە و ماددەکانی هەردو دەستوری عێراق و پرۆژەی دەستوری کوردستانیشە. ماددەی ٣٧ی دەستوری عێراق لە بڕگەی دومیدا بە رونی دەڵێت: "نابێت کەس بەزۆر بکرێت بە ئەندامی هیچ حیزبێک یا کۆمەڵەیەک یا لایەنێکی سیاسی، یا زۆری لێبکرێت کە بەردەوام بێت لە ئەندامی تیایاندا".
پێناسەکردنی سەندیکای پزیشكانی کوردستان وەکو تاکە نوێنەری پزیشكان و ناچارکردنی پزیشکان بۆ ئەندامبون لە سەندیکادا، خاڵێکی نەرێنی گەورەیە. دەکرێت ئەم خاڵە لە لایەن هەر گروپێک یا رێکخراوێکی ترەوە، کە ناڕازیین لەسەر ئەوەی کە سەندیکا تاکە نوێنەرە و خۆیان بە نوێنەرێکی پزیشکان بزانن، بەکاربهێنرێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی سەندیکا. ئەو گروپ و رێکخراوە زۆر بە ئاسانی دەتوانن ئاوەها کارێک لە دادگا فیدرالیەکاندا بکەن. سەندیکای پزیشكانی کوردستان کاتێک دەتوانێت تاکە نوێنەری پزیشکان بێت کە هەمو هێز و توانای لەسەر ئەرزی واقیع بۆ داکۆکیکردن لە پزیشکان بەکاربهێنیت و بە پراکتیکی نوێنەرێکی راستەقینەی پزیشکان بێت، نەک بێت بە یاسایەک بیسەپێنێ بەسەر پزیشکاندا، کە ئەو تاکە نوێنەرە، ئیتر چۆن تاکە نوێنەرێکە؟ ئەوە گرنگ نەبێت!
|