خۆپیشاندانی ته‌ندروستی و ته‌ندروستی خۆپیشاندان
|
د.گۆران عه‌بدوڵا
دواجار ترس و دڵه‌ڕاوکێکانی رۆشنبیران و ئۆپۆزۆسێون و خه‌ڵکی ناڕازی له کورستان‌دا سه‌بارت به یاسای "ڕێکخستنی خۆپیشاندان" هاتنه‌دی. ئه‌وه‌ی که ئه‌م ده‌سته ناڕازیانه له‌سه‌ر یاساکه ئه‌یانوت هه‌موی راست ده‌رچو. ئه‌وه راست بو که ئه‌وترا، یاساکه هه‌وڵێکی ده‌سه‌ڵاته بۆ کۆتوبه‌ندکردن و په‌ڕوباڵکردنی ئازادی. هه‌مویان راستیان کرد که ئه‌یانوت ده‌سه‌ڵات له رێی به‌کارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی مطاطی وه‌کو "نیزام و ئادابی گشتی"، که له هیچ قاموسێکدا پێناسه‌یه‌کی رونیان نیه، ئه‌یه‌وێت به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئازادی بیروڕا و ناڕه‌زایه‌تی ده‌ڕبڕین دروست بکات. ئه‌مانه هه‌موی راستن، چونکه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له کورستان‌دا نایه‌وێت هاوڵاتی بکاته سه‌نگی مه‌حه‌کی سه‌رکه‌وتنی یا فه‌شه‌لی له به‌ڕێوه‌بردنی وڵات، نایه‌وێت و نیه‌تی نیه جه‌ماوه‌ر بکات به ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ی ته‌ماشای خۆی تیا بکات، نایه‌وێت و نیه‌تی نیه ره‌زامه‌ندی یا ناڕه‌زایه‌تی هاوڵاتیان بکاته ئه‌و ته‌رازوی کاره‌کانی خۆی تیا سه‌نگ بکات.
له یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه‌دا، ده‌سه‌ڵات هه‌ره‌سی هێنا له پشتراستکردنه‌وه‌ی ئه‌و دڵنهوایانهی پێشکه‌شی جه‌ماوه‌ری ناڕازی به‌رامبه‌ر به یاساکه ئه‌یهێنایه‌وه، ئه‌وه‌تا سه‌رۆکی یه‌که‌ی ئیداری له شاری سلێمانی مۆڵه‌ت به چالاکه‌وانانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی و پزیشک نادات کۆبونه‌وه‌یه‌کی هێمن ئه‌نجامبده‌ن، کۆبونه‌وه‌یه‌ک که بۆ هه‌ره‌سهێنانی حکومه‌تێکی گه‌نده‌ڵ نه‌بو، بۆ له خهوههڵستاندنی کۆمه‌ڵک کاربه‌ده‌ستی ته‌مه‌ڵ نه‌بو، بۆ ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر به شیعرێکی ئیرۆتیکی یا په‌خشانێکی مولحید یا وشه‌یه‌کی دژ به که‌لتور نه‌بو. کۆبونه‌وه‌که ته‌نها بۆ ناڕه‌زایه‌تی به‌رامبه‌ر دواکه‌وتنی پرۆژه‌یه‌کی ته‌ندروستی بو که دواکه‌وتنی زه‌ره‌ری هاوڵاتیانی تیایه، بۆ هاندانی ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستی بو له‌م هه‌رێمه نه‌خۆشه‌دا بۆ خستنه‌کاری نه‌خۆشخانه چوارسه‌د قه‌ڕوێڵه‌یه‌کی سلێمانی، که ئه‌کرا ئه‌گه‌ر تهواوکرابا، ژیانی چه‌ندان خه‌ڵکی له مردن و نه‌خۆشی رزگارکردبایه، هه‌لی کاری بۆ ده‌یان پزیشک و سه‌دان کارمه‌ندی ته‌ندروستی فهراههمکردبا، ئه‌کرا نه‌خۆشخانه‌که فریادڕه‌سی منداڵه‌کانی خودی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌م هه‌رێمه ببوایه ئه‌گه‌ر فریای ئوردن و ئێران نه‌که‌وتنایه بۆ چاره‌سه‌ر، ئه‌کرا خزمه‌تی پێشکه‌ش به هاوڵاتیانی کیمیابارانکراو و ئه‌نفالکراوی کوردستان کردبا، به‌ڵام به بیانوی ئه‌وه‌ی که ئه‌م کۆبونه‌وه‌یه دژه به "ئاداب و نیزامی گشتی" سه‌رۆکی یه‌که‌ی ئیداری پارێزگای سلێمانی به باشی نازانێ مۆڵه‌تی پێببخشێت.
ئه‌پرسین، ئه‌گه‌ر له بوارێکی وه‌کو ته‌ندروستی ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ق به هاوڵاتیانی خۆیان نه‌ده‌ن قسه‌بکه‌ن و رای خۆیان ده‌ڕببڕن و خۆپیشاندان و کۆبونه‌وه بکه‌ن، ئه‌ی پێمان ناڵێن سه‌باره‌ت به کێشه‌ی گه‌وره‌تر و هه‌ستیارتر چۆن چۆنی مۆڵه‌ت ئه‌ده‌ن؟ ئایا نه‌ئه‌کرا بۆ پیشاندانی نیه‌ت سافی به‌رامبه‌ر به جه‌ماوه‌ری خۆی، ده‌سه‌ڵات ئه‌م هه‌له‌ی بقوستایهتهوه و مۆڵه‌تی به‌خشیبا و دڵهڕاوکێهکانی جه‌ماوه‌ر و ئۆپۆزوسێونی بنبڕکردبا؟ به‌ڵام پێ ئه‌چێت ده‌سه‌ڵات ته‌نانه‌ت له گه‌مه سیاسیه‌کانیشدا کڵۆڵه و نازانێت ئازایانه مه‌سه‌له‌یه‌کی وه‌کو ته‌ندروستی بۆ ئامانجی سیاسی به‌کاربهێنت.
نه‌خۆشخانه 400 قه‌ڕوێڵه‌یه‌که وه‌کو ئه‌وه‌ی بوته مۆرکی شکستهێنانی سیستمی ته‌ندروستی کوردستان هه‌روه‌هاش شه‌ره‌فی ئه‌وه‌ی به‌رکه‌وت، که ببێت به به‌ڵگه‌یه‌ک له‌سه‌ر سوربونی ده‌سه‌ڵات له‌سه‌ر گهندهڵبونی و پێداگرتنی له‌سه‌ر سنوردارکردنی ئازادیه‌کان. سیستمێکی ته‌ندروستی که نه‌توانێت له ماوه‌ی 7 ساڵی ره‌به‌قدا پرۆژیه‌ک جێبه‌جێبکات، چۆنی چاوه‌ڕوانی گۆڕانکاری و چاکسازی و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چونی ته‌ندروستی هاوڵاتیانی لێئه‌کرێت؟ ئه‌یا ئه‌مه باشترین به‌ڵگه نیه له‌سه‌ر بێناوه‌ڕۆکی ئه‌و ئیدیعیانهی ده‌سه‌ڵاتدارانی ته‌ندروستی بۆ "گۆڕینی" سیستمه‌که له‌ڕێی کۆنگره‌که‌ی مانگی داهاتوه‌وه، رۆژانه ئه‌یده‌ن به گوێماندا؟ ئایا حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆچی له باتی مۆڵه‌تنه‌دان به ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی خه‌ڵک له‌سه‌ر دواکه‌وتنی پرۆژه‌که، به‌رپرسانی به‌هه‌ده‌ردانی بودجه‌ی گشتی له پرۆژه‌که‌دا و دواکه‌وتنی روبه‌ڕوی دادگا ناکاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ببن به عیبره‌ت بۆ گه‌نده‌ڵکارنی تر؟.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ده‌سه‌ڵاتی ته‌ندروستی له‌ناویدا، زۆری پێباشتره خه‌ڵک نه‌خۆش بێت له‌وه‌ی که خه‌ڵک ناڕه‌زایی ده‌ڕببڕێت، پێباشتره که ئازادیه‌کانی خه‌ڵک کۆتوبهندبکات له‌وه‌ی که ته‌ندروستی خه‌ڵک بهرهوپێشهوهببات، پێ گرنگتره خۆی له ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه له‌وه‌ی که هاوڵاتیان ژیانێکی ته‌ندروست و به‌خته‌وه‌ر ببنه سه‌ر، لای کێشه نیه پرۆژه‌یه‌کی ته‌ندروستی دوابکه‌وێت و گه‌نده‌ڵی تیا بکرێت و خۆی شهریکبێت له‌هه‌مو ئه‌ماندا، به قه‌د ئه‌وه‌ی به‌لایه‌وه گرنگه مێش میوانی نه‌بێت و که‌س پێ نه‌ڵێت پشتی چاوت برۆیه.
|
|