د.گۆران عه‌بدوڵا
هه‌رچه‌نده ناردنی بودجه‌ی خه‌مڵێنراوی ساڵی 2011 له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه بۆ په‌رله‌مانی کوردستان له وادهدهکهی خۆی دواکه‌وتوه، به‌ڵام زو بێت یا دره‌نگ ئه‌و بودجه‌یه ده‌گاته په‌رله‌مان. به‌هۆی نه‌بونی بارودۆخێکی ئاڵۆزی وه‌کو هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن، ئه‌مجاره‌یان ره‌نگه مشتومڕه‌کانی ئوپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات مه‌ودایه‌کی عه‌قڵانی زیاتر وه‌ک له‌وه‌ی ساڵی پێش‌و به‌خۆیه‌وه ببینێت و له ده‌ره‌نجامدا هیوادارین بودجه‌که تۆکه‌مه‌تر و که‌موکورتی که‌متری تێدا بێت. ئه‌م وتاره هه‌وڵێکه بۆ سودوه‌رگرتن له شاره‌زایی و زانیاریه جیهانیهکان بۆ فراوانکردنی سه‌رچاوه‌کانی داهات بۆ سیستمی ته‌ندروستی کوردستان.
گله‌یه‌کانی هاوڵاتیان و رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵێ مه‌ده‌نی و که‌سانی پسپۆڕ له سیستمی ته‌ندروستی کوردستان و ئه‌و خزمه‌ته‌ی پێشکه‌شی ده‌کات، گرنگی به شوێن و پێگه و بڕی پاره‌ی ته‌رخانکراو بۆ ته‌ندروستی له بودجه‌ی ساڵی 2011 هێنده‌ی تر گه‌وره‌تر ده‌کات. ئه‌مه له کاتێکدایه که هێشتا سیستمی ته‌ندروستی به‌ده‌ست کۆمه‌ڵێک کێشه‌ی ناوه‌کی وه‌کو دنیابینینی سیستمه‌که بۆ ته‌ندروستی، توانای بۆ بهدهمهوچونی پهیداویستیه ته‌ندروستیه‌کانی هاوڵاتیان و گه‌یشتنی ئه‌مانه‌ی دوای به‌و خزمه‌ته‌ی پێویستیانه به شێوازێک که کار نه‌کاته سه‌ر ته‌ندروستی ئابوریانه‌وه ده‌ناڵێنێت. بۆیه یه‌کێک له هه‌ره گرنگترین هه‌نگاوه‌کانی سه‌رکه‌وتن به سه‌ر ئه‌و کێشه‌گه‌له، زیادکردنی به‌شه بودجه‌ی ته‌ندروستیه له بودجه‌ی گشتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه به ته‌نها به‌س نیه بۆ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر کێشه ئاڵۆزه‌کانی سیستمه‌که، چونکه له دواجاردا، هه‌بوی عه‌قڵیه‌تێکی زانستی بۆ مامه‌ڵه‌کردن له‌گه‌ڵ داهاتی ته‌ندروستی و ئاماده‌بونی نیه‌تی به‌رپاکردنی دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی له سیستمی ته‌ندروستی و که‌مکردنه‌وه‌ی په‌راوێزخستنی هاوڵاتیان له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ر، ته‌مه‌ن، ئاستی ئابوری و هه‌بون یا نه‌بونی نه‌خۆشی پێشمه‌رجێکی گرنگی هێنانه‌کایه‌ی سیستمێکی ته‌ندروستی هاوچه‌رخن له کوردستاندا.
رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی (WHO) راپۆرتی ئه‌م ساڵی خۆی بۆ سیستمی مه‌سره‌فی ته‌ندروستی له جیهاندا ته‌رخان کردوه و هانی وڵاتانی دنیا ده‌دات بۆ بیرکردنه‌وه له میکانیزمی شیاوی ئه‌وتۆ، که له‌گه‌ڵ بارودۆخه ناوخۆیه‌کانی ئه‌و وڵاتانه بگونجێت بۆ زیادکردنی سه‌رچاوه‌کانی داهات بۆ مه‌سره‌فی ته‌ندروستی. ئه‌م داوایه‌ی رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی له کاتێکدا دێت، که رێکخراوه‌که هه‌ست به زیادبونی پهیداویسته ته‌ندروستیه‌کانی دانیشتوانی جیهان ده‌کات، که به‌هۆی به‌رزبونه‌وه‌ی ته‌مه‌ن و ته‌شه‌نه‌کردنی نه‌خۆشیه نه‌گوازراوه‌کان له بابه‌تی شه‌کره و نه‌خۆشیه‌کانی دڵ و شێرپه‌نجه ده‌کات. ئه‌و گۆڕانه دیمۆگرافی و ته‌ندروستیانه له کاتێکدان که جیهان روبه‌ڕوی قه‌یرانی ئابوری گه‌وره بوه‌ته‌وه و تواناکانی حکومه‌ته‌کان بۆ دابینکردنی بودجه بۆ ته‌ندروستی لاواز بوه. هه‌ر بۆیه رێکخراوه‌که کۆمه‌ڵێک ئامۆژگاری و راسپارده ئاراسته‌ی وڵاتان، به ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاره‌وه، ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م گۆڕانانه نه‌بنه هۆی دروستبونی کێشه‌ی ته‌ندروستی گه‌وره له‌سه‌ر ئاستی وڵاتان و جیهاندا.
رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی جگه له‌وه‌ی که رێنمایی له سه‌ر کۆکردنه‌وه‌ی داهات بۆ سیستمه ته‌ندروستیه‌کان پێشکه‌ش ده‌کات، هه‌روه‌ها میکانیزم و رێگای گونجاویش ده‌خاته به‌رچاو بۆ چۆنێتی سود وه‌رگرتن له‌و داهاته‌ی که وڵاتان بۆ ته‌ندروستی کۆیده‌که‌نه‌وه و چۆنێتی مه‌سره‌ف کردنی ئه‌و داهاته به شێوازێک که هه‌مو هاوڵاتیان، به‌بێ جیاوازی، له خزمه‌تی ته‌ندروستی به‌هره‌مه‌ند بن. لێره‌دا هه‌وڵده‌ده‌ین به ته‌نها راسپارده‌کانی رێکخراوه‌که بۆ کۆکردنه‌وه‌ی داهات بخه‌ینه به‌رچاو و له ده‌رفه‌تێکی تردا میکانیزمه‌کانی مه‌سره‌ف له سیستمی ته‌ندروستی تاوتوێ بکه‌ین.
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ی داهات که رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی ئاماژه‌یان پێ ده‌کات له‌م خاڵانه خواره‌وه وردیان ده‌که‌ینه‌وه.
هه‌بونی باج له‌سه‌ر جگه‌ره و خواردنه کحولیه‌کان: هێنانه‌کایه‌ی باج له‌سه‌ر جگه‌ره‌و خواردنه کحولیه‌کان یه‌کێکه له هه‌ره کاریگه‌رترین میکانیزمه‌کانی کۆکردنه‌وه‌ی داهات بۆ سیستمی ته‌ندروستی. ئه‌م هه‌نگاوه نه‌ک ته‌نها سه‌رچاوه‌یه‌کی به‌هێزی داهاته، به‌ڵکو توێژینه‌وه‌کان ده‌ریانخستوه که هه‌بونی باج له سه‌ر فرۆشتنی ئه‌م به‌رهه‌مه زه‌ره‌رمه‌ندانه بۆ ته‌ندروستی، خزمه‌تێکی گه‌وره‌ی به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی ته‌ندروستی و پاراستن له نه‌خۆشی ده‌کات. رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی له رێی توێژینه‌وه‌یه‌که‌وه که له 49 وڵاتی جیهاندا ئه‌نجامی داوه، بۆی ده‌رکه‌وتوه که به‌رزکردنه‌وه‌ی باج له سه‌ر جگه‌ره به رێژه‌ی 50% ده‌بێته هۆی کۆکردنه‌وه‌ی زیاتر له 1.5 ملیار دۆلار که ئه‌گه‌ر ته‌رخانبکرێت بۆ سیستمه ته‌ندروستیه‌کانی ئه‌و وڵاتانه، بهرهوپێشهوچونێکی به‌رچاو دروست ده‌بێت له ته‌ندروستی هاوڵاتیانان، ئاشکرایه له کوردستانی خۆشمان‌دا، بڕێکی زۆری جگه‌ره و ماده کحولیه‌کان ئاڵوێری پێ ده‌کرێت و ژماره‌یه‌کی زۆری هاوڵاتیان به‌کاریان ده‌هێنن. جێگای دڵخۆشیه که وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌ڵمه‌تێکی که‌مکردنه‌وه‌ی کێشانی جگه‌ره و نهرگیلهی له ماوه‌ی رابوردودا به‌ڕێوه‌برد، به‌ڵام ده‌رکه‌وت که هه‌ڵمه‌تی هۆشیارکردنه‌وه به ته‌نها به‌س نیه و ده‌بێت ئامرازی ئابوری، وه‌کو به‌رزکردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر جگه‌ره و ماده کحولیه‌کان و به‌کارهێنانی ئه‌و داهاته بۆ سیستمی ته‌ندروستی، به‌کاربهێنرێت.
هه‌بونی باج له سه‌ر خواردنه ناته‌ندروسته‌کان: رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی وڵاتی رۆمانیا وه‌کو یه‌کێک له سه‌رکه‌وتوترین وڵاته‌کانی دنیا ئه‌ژمارده‌کات، که توانی 20% باج له‌سه‌ر ئه‌و خواردنانه دابنێت که‌وا رێژه‌یه‌کی زۆر خوێ و چه‌وری و شه‌کریان تێدایه. ئه‌م هه‌نگاوه ههوروهکو ئه‌وه‌ی له مه‌ڕ جگه‌ره و ماده کحولیه‌کان ئامژه‌مان پێدا، ده‌بێته هۆی هه‌بونی سه‌رچاوه‌یه‌کی گه‌وره‌ی داهات بۆ سیستمی ته‌ندروستی و که‌مکردنه‌وه‌ی به‌کارهێنانی ئه‌و خواردنانه‌ی زیانێکی گه‌وره به ته‌ندروستی به‌کاربه‌ران ده‌گه‌یه‌نن. له کوردستانیشدا، به هۆی کرانه‌وه‌ی ده‌رگاکانی هه‌رێمه‌که به‌سه‌ر ده‌ره‌وه و هێنانه ژوره‌وه‌ی جۆره‌ها خواردنی ناته‌ندروست و که‌م سود، هه‌بونی باج له‌سه‌ر ئه‌و خواردنانه‌ی سودیان که‌مه یه‌کێکه له هه‌ره کاریگه‌رترین رێگاکانی که‌مکردنه‌وه‌ی زه‌ره‌ره‌کانی ئه‌و خواردنانه له رێی که‌مکردنی به‌کارهێنانیان له لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه.
ئابونه‌ی کۆمپانیاکانی مۆبایل: رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی پێشبینی ئه‌وه ده‌کات که ئه‌گه‌ر کۆمپانیا ناوداره‌کانی مۆبایلی جیهان بتوانن 1% داهاته‌کانیان پێشکه‌شی ته‌ندروستی بکه‌ن ئه‌وا سیستمه‌کانی ته‌ندروستی له جیهاندا ده‌بنه خاوه‌نی 75 ملیار دۆلار که ئه‌مه‌ش پاره‌یه‌کی که‌م نیه بۆ بهرهوپێشهوبردنی ته‌ندروستی و پاراستن له نه‌خۆشی. لای خۆشمان کۆمپانیاکانی مۆبایل یه‌کێکن له هه‌ره پڕقازانجترین بزنسه‌کان و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ده‌توانێت داوای یارمه‌تیان لێبکات و له به‌رامبه‌ردا خزمه‌تگوزاریه‌کانیان، بۆ نمونه، له کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری ته‌ندروستی یا له هێنانه‌کایه‌ی هۆتلایهنی تایبه‌ت به ته‌ندروستی به‌کاربهێنێت.
رێکخراوی ته‌ندروستی جیهای هانی وڵاتان ده‌دات که ده‌ستبه‌رداری سه‌رچاوه باوه‌کانی داهاتی ته‌ندروستی وه‌کو بڕی ته‌ندروستی له بودجه‌ی گشتی و باجی ته‌ندروستی یا به‌شداری هاوڵاتیان له بیمه‌ی ته‌ندروستی نه‌بن و ئه‌م میکانیزمانه‌ی خواره‌وه وه‌کو سه‌رچاوه‌ی تری داهاتی ته‌ندروستی به‌کاربهێنن.
جگه له‌م سه‌رچاوانه‌ی کۆکردنه‌وه‌ی داهات بۆ سیستمی ته‌ندروستی، رێکخراوی ته‌ندروستی جیهانی رێگای تریش پیشانی وڵاتانی جیهانده‌دات که لێره‌دا ده‌رفه‌ت نیه هه‌مویان باس بکه‌ین و هه‌ندێکیشان بۆ هه‌رێمی کوردستان شیاو نین. ئه‌و سێ میکانیزمه‌ی سه‌ره‌وه، گرنگیه‌کی زۆریان بۆ کوردستان هه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌و راستیه له پێشچاوبگرین، که رێژه‌ی بودجه‌ی ته‌ندروستی له بودجه‌ی گشتی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له 5% زیاتر نیه. ئه‌و رێژه‌یه به هه‌مو پێوه‌ره جیهانیهکان زۆر که‌مه بۆ ته‌ندروستی و حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پێویسته چاوی پیابخشێنێتهوه و به‌لای که‌مه‌وه بۆ 8%ی بهرزیکاتهوه. له لایه‌کی تره‌وه، به ته‌نها پشتبه‌ستن به بودجه‌ی گشتی حکومه‌ت که ئه‌ویش به زۆری پشت به 17% که‌ی حکومه‌تی فیدرالی ده‌به‌ستێت، شێوازێکی ناسه‌قامگیری داهاتی ته‌ندروستیه‌وه ده‌بێت بیر له فراوانکردنی سه‌رچاه‌کانی داهاتی ته‌ندروستی بکرێته‌وه. ئه‌مه له کاتێکدایه که گۆڕانه دیموگرافی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی کوردستان روبه‌ڕوی کێشه‌ی ته‌ندروستی گه‌وره‌ترو ترسناکتر و جیاوازتر له رابوردومان ده‌کاته‌وه.
هه‌رچه‌نده پێکانی ئه‌و ئامانجه ههنگاوێکی گرنگه بۆ به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی سیستمی ته‌ندروستی، به‌ڵام به‌بێ هه‌بونی ئیراده‌یه‌کی سیاسی بۆ جێکردنهوی ته‌ندروستی له نێو ئه‌وله‌ویاته‌کانی ده‌سه‌ڵات و بیرکردنه‌وه‌یه‌کی جیددی له رێگاکانی کۆکردنه‌وه‌ی داهات بۆ سیستمی ته‌ندروستی و جێبه‌جێکردنی ئه‌و هه‌نگاوانه، سیسستمی ته‌ندروستی کوردستان دوای تێپه‌ڕاندنی بودجه‌ی 2011 پێشکه‌وتنی ئه‌وتۆ به‌خۆه‌وه نابینێت. ئه‌گه‌ریش سیستمی ته‌ندروستی وه‌کو حاڵی حازر بمێنێته‌وه ئه‌وا ده‌بێته یه‌کێک له ئامرازه هه‌ره به‌هێزه‌کانی کۆکردنه‌وه‌ی ده‌نگ و ده‌ستنیشانکردنی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتو.
|