(گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمی كوردستاندا)
(سبه‌ی):
دیباجه:
خۆپیشاندانه‌كانی ئه‌م ماوه‌یه‌ی رابردوی شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان كه ئه‌زمونێكی مه‌ده‌نیانه‌ی نوێیه و مامه‌ڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به هه‌رسێ سهرۆكایهتیهكهوه له‌گه‌ڵ روداوه‌كاندا ئاشنایان كردین به چه‌ندین راستی له‌وانه:
یه‌كه‌م: ئێمه‌ی هاونیشتمانیانی ئه‌م هه‌رێمه سه‌رسام بوین له ئاست ئه‌م هه‌مو تاوان و بێڕێزیه‌ی به‌رامبه‌ر به مرۆڤ و هاونیشتمانیان ده‌كرێت. ئێمه به هۆی ناعه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و به هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانی هه‌رێم و پابه‌ند نه‌بونی ده‌سه‌ڵات به یاسا كارپێكراوه‌كانه‌وه، بڕیارمانداوه چیدی رازی نه‌بین له ژێر سایه‌ی ئه‌م شێوازی حوكمڕانێتیه ناعادل و نادیموكراته درێژه به ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیمان بده‌ین.
دوه‌م: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته سیاسیه نه‌ك ئیراده‌یه‌كی نیه بۆ جێبه‌جێكردنی داواكاریه ره‌واكانی هاونیشتمانیان و خۆپیشانده‌ران، به‌ڵكو ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌رده‌وامه له پێشێلكردنی یاسا و داڵده‌دانی تاوانباران و درێژه‌دان به په‌یڕه‌وكردن له سیاسه‌تی ترس و تۆقاندن و چه‌واشه‌كاری و خۆدزینه‌وه له لێپرسراوێتی یاسایی و سیاسی و ئه‌خلاقی. به‌مه‌ش هیچ ئه‌گه‌رێكی له مه‌ڕ جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كانی خۆپیشانده‌ران نه‌هێشته‌وه.
سێیه‌م: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته شه‌رعیه‌تی یاسایی و نوێنه‌رایه‌تی و دیموكراتی خه‌ڵكی كوردستانی ئه‌و كاته له ده‌ستدا كه هاوڵاتیانی له سه‌ر ساده‌ترین مافی یاسایی خۆیان كه خۆپیشاندانه خه‌ڵتانی خوێن كرد.
چواره‌م: ئه‌و راستیه بۆ هه‌مو لایه‌ك ده‌ركه‌وت كه ده‌سه‌ڵات له‌م هه‌رێمه‌دا به دوره له بونی ویستێكی راسته‌قینه بۆ چونه پای سه‌روه‌ر راگرتنی یاسا، فه‌راهه‌مكردنی پێكه‌وه‌ژیانێكی ئاشتیانه و مه‌ده‌نیانه، وه دوره له نوێنه‌رایه‌تیكردنی راسته‌قینه‌ی سه‌رجه‌می هاونیشتمانیانی كوردستان، له جیاتی ئه‌مه نوێنه‌رایه‌تی هێزێك ده‌كات كه سه‌ر له به‌ری گشت كایه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوریه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی داگیركردوه. ئه‌م ده‌سه‌ڵاته حیزبیه ته‌نها به زمانی هێز قسه ده‌كات نه‌ك زمانی عه‌قڵ و دایه‌لۆگ.
پێنجه‌م: به ته‌نگه‌وه نه‌هاتنی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ داواكاریه‌كانی هاونیشتمانیان وه ده‌رك نه‌كردن به سه‌ختی قه‌یرانی حوكمڕانی سیاسی له كوردستان و پێشێلكردنی یاسا و پابه‌ند نه‌بون به پرنسیپه ئه‌خلاقیه گه‌ردونیه‌كان له داكۆكیكردن له عه‌داله‌ت و ئازادی و یه‌كسانكردنی ئه‌و كه‌سه‌ی خۆپیشاندان ده‌كات به ئه‌و كه‌سه‌ی خۆپیشانده‌ر ده‌كوژێت، گه‌یاندینیه ئه‌و قه‌ناعه‌ته كه ئێمه له غیابی سه‌رۆكێكی خاوه‌ن لێپرسراوێتیدا ژیان ده‌به‌ینه سه‌ر.
شه‌شه‌م: په‌رله‌مانی كوردستان له‌م ماوه درێژه‌دا نه‌یتوانیوه ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ناچار بكات به جێبه‌جێكردنی حوكمی یاسا و راپێچكردنی وه‌زیره تێوهگلاوهكان به تاوانی كوشتن و برینداركردن و گرتنی هاوڵاتیان بۆ به‌رده‌م په‌رله‌مان به مه‌به‌ستی لێپێچینه‌وه لێیان، و بێده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مان له ئاست جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاره‌كانی خودی په‌رله‌مان.
حه‌وته‌م: له په‌یوه‌ند به حكومه‌ته‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم له رێگای به‌كارهێنانی هێزه ئه‌منیه‌كان و هێزه چه‌كداره دهمامكدارهكانیهوه بۆ سه‌ركوتكردنی هاونیشتمانیانی ئه‌م هه‌رێمه و گوێنه‌گرتن له داواكاریه ره‌واكانی هاونیشتیمانیان، سه‌لماندی كه ئه‌م حكومه‌ته ئامڕازه به ده‌ست حیزبه‌وه نه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ. بۆ ئێمه‌ی هاونیشتمانیان حكومه‌ت ئه‌و كاته شه‌رعیه‌تی له ده‌ستدا كه په‌یوه‌ست نه‌بو به جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی دادگا له ده‌ستگیركردنی ئه‌و تاوانبارانه‌ی دادگا فه‌رمانی گرتنیانی ده‌ركردبو.
هه‌شته‌م: ئه‌و راستیه ئاشكرا بو كه حوكمڕانێتی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا به دور له بونی په‌یمانێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌نها قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و حوكمی بنه‌ماڵه و شه‌ڕی ناوخۆ به‌رهه‌م دێنێت. بونی په‌یمانێكی له‌و جۆره سه‌ره‌تای پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی ده‌بێت كه سه‌رجه‌م هاونیشتمانیان و هێزه سیاسیه‌كان له سه‌ر خوانی كۆمه‌ڵێك پرنسیپی دیموكراتی و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی كۆده‌كاته‌وه.
له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه، ئێمه وه‌ك جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ری كوردستان نه‌خشه‌ڕێگای "چاره‌سه‌ری ریشه‌یی قه‌یرانی سیاسی و حوكمڕانی له كوردستان" به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه راده‌گه‌یه‌نین:-
یه‌كه‌م:- ده‌ستبه‌جێ ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌ی بێ قه‌ید و شه‌رتی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.
دوه‌م:- ده‌ستبه‌جێ ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌ی بێ قه‌ید و شه‌رتی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
سێهه‌م:- ده‌ستبه‌جێ ده‌ست له كار كێشانه‌وه‌ی بێ قه‌یدوشه‌رتی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئێستای په‌رله‌مانی كوردستان و راسپاردنی یه‌ك ئه‌ندامی تری په‌رله‌مان ته‌نها بۆ سه‌رۆكایه‌تیكردنی كاتی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان تا راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات به‌ڕه‌سمی له‌هه‌رێمی كوردستان بۆ قۆناغی گواستنه‌وه بۆ حكومه‌تێكی كاتی نیشتمانی بێلایه‌ن بۆ قۆناغی گواستنه‌وه (كه پاڵێوراوانی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی جه‌ماوه‌ری كوردستان دیاری ده‌كرێن).
به‌و پێیه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان له ئێستادا له باری نه‌بونی ده‌ستور و ئه‌نجومه‌نی ده‌ستوری یاخود دادگای ده‌ستوریدایه، هێشتنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ته‌نها وه‌ك هه‌نگاوێكی قۆناغبه‌ندی ده‌بێت له‌و مانگه‌دا بۆ زامنكردنی گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ی بێ قه‌ید و شه‌رتی ده‌سه‌ڵاته فه‌رمیه‌كان بۆ حكومه‌تی كاتی قۆناغی گواستنه‌وه له‌هه‌رێمی كوردستان. پاش ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌م ئه‌ركه هه‌ڵده‌ستێت (ئه‌ركی راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات بۆ حكومه‌تی كاتی بۆ قۆناغی گواستنه‌وه)، راسته‌وخۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستبه‌جێ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه.
ماوه‌ی قۆناغی گواستنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمی كوردستاندا (ماوه‌ی نێوان ده‌ست له كاركێشانه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیه‌كان و واده‌ی راده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بۆ حكومه‌تی كاتی قۆناغی گواستنه‌وه)
كابینه‌ی شه‌شه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی هه‌ڵوه‌شاوه بۆ به‌ڕێكردنی كاروباری هه‌رێم ده‌مێنێته‌وه ( واته حكومه‌تی كار راپه‌ڕاندن – حكومه تصریف الاعمال) بۆ ماوه‌ی ئه‌و مانگه تا راده‌ستكردنی فه‌رمی ده‌سه‌ڵات له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بۆ حكومه‌تی كاتی قۆناغی گواستنه‌وه.
له‌گه‌ڵ گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، حكومه‌تی كاتی قۆناغی گواستنه‌وه له هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌كاره‌كانی خۆی ده‌كات له‌ژێر چاودێری ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی جه‌ماوه‌ری كوردستان (كه له نوێنه‌ری هێزه نیشتمانیه‌كان و نوێنه‌رانی ئه‌نجومه‌نه كاتیه‌كانی خۆپێشانده‌رانی هه‌رێمی كوردستان پێكدێت و مه‌رجه ئه‌ندامانی واژۆی پابه‌ندبون به په‌یماننامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌رێمی كوردستانیان كردبێت، ئه‌و په‌یماننامه‌یه‌ی كه له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌خشه رێگایه راده‌گه‌یه‌نرێ و به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه لێی). نوێنه‌رانی ئه‌م ئه‌نجومه‌نه وه‌ك چاو‌دێر له‌سه‌رجه‌م كار و كۆبونه‌وه‌كانی حكومه‌تی كاتیدا ئاماده ده‌بن و به نوسین رای گشتی و حكومه‌ته كاتیه‌كه له پڕۆسه‌كه و له كه‌موكوڕیه‌كان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه.
حكومه‌تی كاتی قۆناغی گواستنه‌وه له هه‌رێمی كوردستان له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگ لهدهستبهكاربونیهوه له پاڵ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری هاونیشتمانیاندا پێویسته ئه‌م كارانه‌ی خواره‌وه جێبه‌جێبكات:-
1- جێبه‌جێكردنی بێ قهیدو شه‌رتی داواكاریه هه‌نوكه‌ییه‌كانی خۆپیشانده‌رانی كوردستان.
2- پابه‌ندبون به"په‌یماننامه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له هه‌رێمی كوردستان"، له ژێر رۆشنایی ئه‌م په‌یماننامه‌یه‌دا چاوپیاخشاندنه‌وه به ره‌شنوسی ده‌ستوری هه‌رێمدا بكرێت به به‌شداری سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان به مه‌به‌ستی داڕشتنی ده‌ستورێكی هاوچه‌رخی دیموكرات كه تێیدا گشت مافه مه‌ده‌نی و سیاسی و یاساییه‌كانی هاونیشتمانیان به ره‌سمی ناسرابن و ده‌سه‌ڵاته‌كان به ئاشكرا جیاكرابنهوه و سه‌ربه‌خۆییان پارێزراو بێت، وه سیستێمی حوكمڕانی له هه‌رێمی كوردستاندا په‌رله‌مانی بێت و سه‌رۆكی هه‌رێم له لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه هه‌ڵبژێردرێ.
3- به نیشتمانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه و دام و ده‌زگاكانی ئاسایش و هه‌واڵگری و پۆلیس ئه‌ویش به سپاردنی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه به كه‌سانی پسپۆڕ و بێلایه‌ن و له‌سه‌ر كارلابردنی به‌رپرسی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌زگاكانی پۆلیس و ئاسایش و هه‌واڵگری له هه‌مو پارێزگا و شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و راده‌ستكردنی ئه‌م دام و ده‌زگایانه به كه‌سانی بیٍَلایهن و شایسته، پێویسته به كرده‌وه حیزبایه‌تی له‌و ده‌زگایانه‌دا قه‌ده‌غه بكرێت.
4- گێڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و موڵك و ماڵه گشتی و تایبه‌تیانه‌ی كه راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرابێت یاخود به نرخی ره‌مزی فرۆشرابن به كه‌س و لایه‌نی دی به‌ده‌ر له یاسای فرَشتن و به‌كرێدانی موڵك و ماڵی ده‌وڵه‌ت ژماره 32 ی ساڵ 1986.
5- داڕشتنی پلانێكی تۆكمه بۆ دابینكردنی سه‌ربه‌خۆیی دادوه‌ری و سه‌روه‌ری یاسا.
6- جیاكردنه‌وه‌ی حیزب له حكومه‌ت ئه‌ویش به:
ا- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی میلیشیاكانی حیزب و دابڕاندنی ده‌زگا هه‌واڵگری و سیخوڕیه‌كان لێیان به یاسا و نه‌هێشتنی پاسه‌وانی دام و ده‌زگا و باره‌گای حیزبی و ئه‌مانیش هه‌روه‌ك ماڵی ئاسایی هاوڵاتیان سه‌لامه‌تییان له لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆوه بپارێزرێ.
ب- به‌یاسا قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌مو جۆره ده‌ستێوه‌ردانێكی حیزب له ئابوری وڵات‌دا و نابێت حیزب خاوه‌نی كۆمپانیا و به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانی بێت.
ج- لێكۆڵینه‌وه له سه‌روه‌ت و سامانی حیزبه‌كان و لێپرسراوانی حیزبی و حكومی وه گێڕانه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و داهاتانه‌ی كه‌به شێوه‌ی نایاسایی به ده‌ستیان هێناوه بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت به چه‌سپاندنی بنه‌مای ئه‌مه‌ت له كوێوه هێناوه (من این لك هژا؟)
د- بڕینی هه‌ر مینحه‌یه‌ك كه‌سه‌رچاوه‌كه‌ی دارایی گشتی بێت بۆ سه‌رجه‌م دام و ده‌زگا حیزبی و نا ره‌سمیه‌كان و راگه‌یاندنه‌كان و رێكخراوه‌كانیان.
7- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سیستمی خانه‌نشینكردنی ئه‌ندام په‌رله‌مان و وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كان و ئه‌نجومه‌نه‌كانی شاره‌وانی كه به پله‌كانی خزمه‌ت و ساڵی كاركردندا تێنه‌په‌ڕیون و كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌كانیان به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو.
8- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای خۆپیشاندانی هه‌رێمی كورستان و كار بۆ ده‌رچواندنی یاسایه‌كی نوێ بكرێت كه په‌یڕه‌و له بنه‌ما دیموكراتیه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤ بكات و وه‌ڵامده‌ربێت بۆ داخوازیه‌كانی رای گشتی هه‌رێمی كوردستان.
9- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و شاره‌وانیه‌كان و كاركردن بۆ ده‌رچواندنی یاسای نوێ بۆیان ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای كۆده‌نگی چین و توێژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به له‌به‌رچاوگرتنی بنه‌ما سه‌ره‌كیه‌كانی دیموكراسیه‌ت.
10- دامه‌زراندنی ده‌سته‌ی نه‌زاهه له هه‌رێمی كوردستان به یاسا له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و په‌رله‌مان، وه سپاردنی كاركردنی ئه‌م ده‌زگایه به كه‌سانی بێلایه‌ن كه دیاریكرابن له‌سه‌ر بنه‌مای لێهاتویی. ئه‌م ده‌سته‌یه ده‌ستبه‌جێ كار به راپۆرته‌كانی چاودێری دارایی ده‌كات و ئه‌وانه‌ی به گه‌نده‌ڵی تۆمه‌تبارن حه‌واڵه ده‌كرێن بۆ دادگای تایبه‌تمه‌ند.
سه‌رجه‌م ئه‌مانه‌ش له‌پێناوی زه‌مینه‌سازی بۆ ئه‌نجامدانی راپرسی له‌سه‌ر ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و شاره‌وانیه‌كان له ماوه‌ی 3 مانگ له به‌دیهێنانی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسیان لێكراوه.
هه‌مو ماوه‌ی گواستنه‌وه له 9 مانگ زیاتر نابێت له واده‌ی ده‌ستبه‌كاربونی حكومه‌تی كاتی له هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم بۆ قۆناغی گواستنه‌وه.
"په‌یماننامه‌ی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان"
دیباجه:
به‌بێ كۆده‌نگی و گرێبه‌ستێكی سیاسی، كه ده‌رهاویشته‌ی په‌یمانێكی گشتی و فراوانتری كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، پێكه‌وه‌ژیان بنه‌ما و رێسای دامه‌زراوی نابێت و ته‌نیا لۆجیكی هێز به‌ڕێوه‌ی ده‌بات ئێمه چه‌ندین ساڵه ئه‌م راستییه به چاوی خۆمان ده‌بینین ئه‌م دۆخه‌ش كه له‌دوای 17 ی شوباته‌وه له هه‌رێمی كوردستان هاتۆته‌كایه‌وه به‌ڕونی ئه‌و راستییه‌مان پێده‌ڵێت كه شه‌رعییه‌تی ده‌سه‌ڵات و پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی و هاوڵاتیبون له كوردستان له به‌رده‌م مه‌ترسیی گه‌وره‌دان.
ئه‌زمونی هه‌رێمی كوردستان به‌رهه‌می خه‌بات و ره‌نج و قوربانیی گه‌وره‌ی خه‌ڵكی كوردستانه، به‌رهه‌می هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال و كۆڕه‌و و خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌لی كورده و خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی ئه‌م ئه‌زمونه خه‌ڵكی خۆڕاگری كوردستان و هاونیشتمانیانن، هه‌ربۆیه ته‌نیا ئیراده‌ی گشتیی ئه‌وان ده‌توانێت مانا به كۆی ئه‌زمونه‌كه و داهاتوی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوریی ئه‌م هه‌رێمه ببه‌خشێت.
ئه‌م په‌یماننامه‌یه وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه به ئیراده‌ی عه‌داله‌تخوازیی خه‌ڵكی كوردستان و نه‌وه‌ی نوێ و به پشتبه‌ستن به سه‌ره‌كیترین مه‌رجه‌ع و دۆكیۆمێنته‌كانی یاسا و مافه‌كانی مرۆڤ و به گه‌ڕانه‌وه بۆ واقیعی كوردستان و داخوازیی ره‌وای هاوڵاتیان و گفتوگۆكانی په‌رله‌مان گه‌ڵاڵه‌كراوه.
ئامانج له‌م په‌یماننامه‌یه دروستكردنی كۆده‌نگیی نیشتمانی و نه‌خشه‌ڕێگایه بۆ ئاڕاسته‌كردنی ئیراده‌ی پێكه‌وه‌ژیان له‌م هه‌رێمه‌دا و بۆ ده‌رچون له كۆی ئه‌و كێشه و بنبه‌ستانه‌ی كه دوای تێپه‌ڕبونی چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر ئه‌زمونێكی نوێی سیاسیی‌دا له هه‌رێمی كوردستان دروستبون و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌گشتی و نه‌وه‌ی نوێ به‌تایبه‌تی دوچاری ده‌ره‌نجامه ناله‌باره‌كانی هاتون، له‌وانه قه‌یرانی ده‌سه‌ڵات و شه‌ڕی ناوخۆ و ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵیی كه هه‌ڕه‌شه له دیموكراسیه‌ت و ئازادی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و كۆی ئه‌زمونه‌كه ده‌كه‌ن.
هه‌ربۆیه داوا له هه‌مو لایه‌نه سیاسیی و نیشتمانییه‌كان ده‌كه‌ین پابه‌ندبن به‌م په‌یماننامه‌یه‌وه تا بتوانین پێكه‌وه كۆی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوری و شارستانی له‌م نیشتمانه‌دا به ئاقارێكی نوێ‌دا به‌رین.
هه‌ر لێره‌شه‌وه به هه‌مو جیهانی راده‌گه‌یه‌نین كه هاونیشتمانیان له هه‌رێمی كوردستان به پێی ئه‌م په‌یماننامه‌یه بڕیار له بون و داهاتوی خۆیان ده‌ده‌ن و ئیراده‌ی ئازادی ئه‌وان ده‌بێت ڕێزی لێبگیرێت.
ئه‌م په‌یماننامه‌یه له سیانزه به‌ند پێكهاتوه.
به‌نده‌كان:
1ـ هاونیشتمانیان خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی تاكه‌كه‌سی و ئیراده‌ی گشتی و مافی چاره‌ی خۆنوسین و ده‌سه‌ڵات و بڕیارن، كه‌رامه‌ت و ئازادی و ئاسایشیان پارێزراوه. هه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌یه‌كی دابه‌شنه‌كراوی خاوه‌ن سه‌روه‌رییه.
2ـ كۆبونه‌وه و خۆپیشاندان، پێكهێنانی حیزب و رێكخراوی سیاسی، دامه‌زراوه‌ی كلتوری و مه‌ده‌نی، ئازادی راده‌ربڕین، رۆژنامه‌گه‌ری و به‌ده‌ستهێنان و به‌كارهێنانی زانیاریی، مافی بنه‌ڕه‌تیی و پارێزراون، نابێت به هیچ پاساوێك رێگریی له ده‌سته‌به‌ركردنیان بكرێت.
3ـ هه‌موان له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌كسانن، جیاكاریی ره‌گه‌زیی (نێر و مێ)، ئاینی، نه‌ته‌وه‌یی، پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی یان جیاكاریی به‌هه‌ر پاساوێكی دی، هه‌روه‌ها جیاكاریی له نێوان كه‌سی مه‌عنه‌وی و كه‌سی سروشتی‌دا، قه‌ده‌غه‌یه.
4ـ ره‌خساندنی هه‌لی یه‌كسان و بنبڕكردنی جیاكاریی دژ به ژنان ئه‌ركی نیشتمانی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تین و ده‌بێت كۆی ژیانی مه‌ده‌نی له‌م نیشتمانه‌دا به‌و ئاڕاسته‌یه‌دا بڕوات.
5ـ بۆ به‌شداریی سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كلتوریی سه‌رجه‌م حیزب و رێكخراو و دامه‌زراوه سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان له ژیانی سیاسی‌دا، پابه‌ندبون به مانا راسته‌قینه‌كانی كاری سیاسی و مه‌ده‌نی، ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات، ده‌ستوه‌رنه‌دان له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن و دارایی هه‌رێم و رێكه‌وتن و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه، نه‌هێشتنی هه‌ر هێزێكی چه‌كدار و هه‌ر جۆره ئامڕازێكی دیكه‌ی توندوتیژیی له به‌شداریی و چالاكیی سیاسیی‌دا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر ده‌زگایه‌كی هه‌واڵگریی حیزبیی، مه‌رجی سه‌ره‌كین.
6ـ سیستمی فه‌رمانره‌وایی له‌م هه‌رێمه‌دا سیستمێكی دیموكراتی په‌رله‌مانییه، هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ریی و یاسادانان و جێبه‌جێكردن لێكجیاكراونه‌ته‌وه و سه‌روه‌ریی یاسا پارێزراوه.
7ـ حكومه‌ت دامه‌زراوه‌ی جێبه‌جێكاریی فیعلییه و له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتی داده‌وریی و هاونیشتمانییاندا به‌رپرسه له ئاسایش و پاراستنی نیشتمان و سه‌روماڵی هاوڵاتیان و دامه‌زراوه كلتوری و سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان و رێكخستنی ژیانی ئابوری و سیاسی، مه‌رجه‌عی سه‌ره‌كیشی هاونیشتمانیان و په‌رله‌مانه.
8ـ سامانی ئه‌م هه‌رێمه موڵكی هاونیشتمانیانه، ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی رون و ئاشكرا بۆ به‌دیهێنانی دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌ره‌پێدانی مرۆیی و خۆشگوزه‌رانیی ئه‌وان به كاربهێنرێت.
9ـ بڕیاردان له پرسه چاره‌نوسسازه‌كان و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی ناوچه دابڕێنراوه‌كان به‌رپرسیارێتی په‌رله‌مانه، جوڵاندنی هێز و به‌كارهێنانی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه نیشتمانییه‌كان ته‌نیا به كۆده‌نگیی (اجماع) په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بێت. هه‌ر جموجوڵێكی سیاسی و سه‌ربازیی دژ به به‌رژه‌وه‌ندیی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان خیانه‌تی نیشتمانییه.
10ـ داموده‌زگا نیشتمانییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه، دامه‌زراوه‌یی و مه‌ده‌نین، په‌روه‌رده و زانكۆ و دامه‌زراوه كلتوریی و زانستییه‌كان سه‌ربه‌خۆ و نیشتمانیی و خاوه‌ن رێزی خۆیانن، ته‌نیا دیدگای شارستانیی هاونیشتمانیان و ئه‌و یاسایانه‌ی ئه‌م بنه‌مایه مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن، نه‌خشه‌رێگای كار و ئامانجیان بۆ دیاریی ده‌كه‌ن.
11ـ ئه‌م په‌یماننامه‌یه بناغه‌ی ژیانی سیاسی و ده‌ستورییه له هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر یاسایه‌ك پێچه‌وانه‌ی به‌نده‌كانی بێت هیچ ره‌وایه‌تییه‌كی نییه.
12ـ نابێت هیچ به‌ندێكی ئه‌م په‌یماننامه‌یه به جۆرێك لێكبدرێته‌وه كه پێچه‌وانه‌ی به‌نده‌كانی جاڕنامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه بنچینهییهكان بێت.
13ـ پرۆسه‌ی واژۆكردنی ئه‌م په‌یماننامه‌یه به هه‌مو ئه‌و رێوشوێنه یاساییانه‌دا ده‌ڕوات كه له به‌رده‌م دادگا نیشتمانی و دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و رای گشتیدا له هه‌رێمی كوردستان پابه‌ندی و ئۆباڵی ئه‌خلاقی و یاسایی له سه‌ر كهسو لایه‌نی واژۆكار دروستده‌كات.
ئه‌نجومه‌نی كاتی مه‌یدانی ئازادی
10/4/2011