(سبه‌ی):
له چواره‌مین کۆبونه‌وه‌ی نێوان ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵاتدا که له ته‌لاری په‌رله‌مانی کوردستان به‌ڕێوه‌چو، یه‌کێتی و پارتی پڕۆژه‌یه‌کیان به‌ناونیشانی (پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی نوێبونه‌وه و ئاینده‌سازی) ئاراسته‌ی ئۆپۆزسیۆن کرد، له ئێستاشدا چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامی ئۆپۆزسیۆن ده‌که‌ن.
جێی ئاماژه‌یه له‌پڕۆژه‌كه‌ی پارتی و یه‌كێتیدا ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر هه‌ندێك له داواكارییه‌كانی ئۆپۆزسیۆن پیشاندراوه، هاوکات هه‌ندێك له‌داواكانیان وه‌ک هه‌مواركردنی یاسای خۆپیشاندانه‌كان، ره‌تكراوه‌ته‌وه.
ده‌قی پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی نوێبوونه‌وه‌و ئاینده‌سازی ی.ن.ك و پ.د.ك بۆ ئۆپۆزسیۆن
ی.ن.ك - پ.د.ك
پاشئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ 27-6 چواره‌مین كۆبوونه‌وه‌ی نێوان حزبه‌كانی ئیئتیلافی حكومی و ئۆپۆزسیۆن له ته‌لاری په‌رله‌مانی كوردستان بهڕًێوهچوو، تیایدا چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگ گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.
له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان پڕۆژه‌یه‌كیان به‌ناوی (پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی نوێبوونه‌وه‌و ئاینده‌سازی ی.ن.ك و پ.د.ك) خسته به‌رده‌ست لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن كه بڕیاره له كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوودا وه‌ڵامی خۆیان له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه بخه‌نه‌ڕوو.
پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی نوێبونه‌وه‌و ئاینده‌سازیی یه‌كێتی - پارتی
(ته‌وه‌ره‌كان، راپۆرتی N.D.I، پاشكۆی خزمه‌ته‌كانی حكومه‌ت)
خۆپیشاندان و كۆبوونه‌وه‌ی ئاشتییانه
پوخته‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌ئه‌زموونی وڵاتان و رێوشوێنه په‌یڕه‌وكراوه‌كان
*پرنسیپی سه‌روه‌ری یاسا.
*رونكردنه‌وه‌یه‌كی یاسایی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی چاكسازی ئۆپۆزسیۆن.
*بیروڕا سه‌باره‌ت به‌هه‌مواركردنی پڕۆژه‌ی كوردستان
*راپۆرتی (N.D.I) له‌سه‌ر هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان.
*پاشكۆی پرۆژه جێبه‌جێكراوه‌كانی هاوپه‌یمانی كوردستانی (له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه).
به‌ڕێزان نوێنه‌رانی حیزبه تێكۆشه‌ره‌كانی:
گۆڕان، یه‌كگرتوی ئیسلامی، كۆمه‌ڵی ئیسلامی
پاش رێز‌و سڵاو..
دوای سێ كۆبونه‌وه‌ی خولی یه‌كه‌می گفتوگۆكانمان به‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ر لایهكتانداو دوای سێ كۆبوونه‌وه‌ش پێكه‌وه له‌خولی دووه‌می كۆبونه‌وه‌كانماندا، گفتوگۆكانمان، سه‌ره‌ڕای جیاوازیی رێبازی سیاسی و فه‌لسه‌فی و چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی كێشه پهنگخواردوهكانی ساڵانی رابردوو، بۆ چاره‌سه‌ركردنی تێكڕای كێشه‌كان، هه‌موو لایه‌كمان و هێزه تێكۆشه‌ره‌كانی دیكه‌ش، زۆرمان وتوه‌و نووسیوه‌و رێگای جۆراوجۆریشمان گرتۆته‌به‌ر. به‌ڵام له‌دوای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه (25/7/2009) به‌ره به‌ره ناكۆكییه‌كان زیاتر به‌ره‌و قوڵبوون و كه‌متر هاوكاری و بواری چاره‌سه‌ركردنیان دراوه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كاروانی ئاوه‌دانی و خزمه‌تگوزاری و په‌ره‌پێدانی ژێرخانی ئابووری و بازاڕی ئازاد، پێشكه‌وتووه‌و به‌رده‌وامیشه، له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا، ده‌ڵێین: گه‌ر هاوكاربوینایه، كاری زۆرتریش ده‌كرا.
ئێستا.. گفتوگۆكانمان، له‌سه‌ر كۆی پرۆژه‌كان، پێشنیازه‌كان، ره‌خنه‌و ناڕه‌زاییه‌كان چڕبوونهتهوهو خۆشبه‌ختانه‌ش كه‌شێكی شیاو بۆ چاره‌سه‌ر له‌باره. دوای ئه‌وه‌ی به‌ڕێز مام جه‌لال پڕۆژه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی حیزب و حكومه‌تی سێ سال له‌مه‌وبه‌ر پێشكه‌ش و كابینه‌ی پێنجه‌میش په‌سه‌ندیان كرد؛ هه‌روه‌ها په‌یمانی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌دوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری؛ (17) خاڵه په‌سه‌ندكراوه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و په‌سه‌ندكردنیان له‌لایه‌ن ههموولایهكیشمانهوه (سه‌ره‌ڕای چه‌ند تێبینیه‌كی گۆڕان) هه‌روه‌ها به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم په‌یامی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵی بۆ چاكسازی و چاره‌سه‌ری سیاسی راگه‌یاند. دوای چه‌ندین ته‌رح و بۆچوونی دیكه‌ش له‌لایه‌ن خۆپیشانده‌ران و ئۆپۆزسیۆنه‌وه، ئێمه، یه‌كێتی و پارتی، وه‌كو به‌رپرسیارێتی سه‌رشانمان، له‌سه‌ر هه‌موو ته‌وه‌ره‌كانی چاكسازی، ده‌ستوور، كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ره‌خنه‌و داخوازیه‌كانی خه‌ڵك، له‌م هه‌لومه‌رجه نوێیه‌ی جیهانی و ناوچه‌كه‌دا، كۆبهندێك له‌سه‌ر تێكڕا پرۆژه‌و ره‌خنه‌و پێشنیازه‌كان، وه‌كو پرۆژه‌ی هاوبه‌شمان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین و جه‌ختیش ده‌كه‌ینه‌وه كه:
ئه‌زموونی كوردستان، هێشتا له‌قۆناغی گوزه‌ری دیموكراسیدایه. ئه‌میش پرۆسه‌یه‌كه له‌ڕووی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و یاساییه‌وه، زۆری ماوه بنه‌ما داڕێژێ و سه‌قامگیر ببێ. ئه‌ركی ههموولایهكیشمانه، به‌ده‌سه‌ڵات و ده‌سه‌ڵاتدارو لایه‌نه جیاوازه‌كانی ئۆپۆزسیۆنیشه‌وه، خزمه‌تی پرۆسه‌كه هه‌تا ده‌یگه‌یه‌نینه ئامانجه دوور‌و نزیكه‌كانی، بكه‌ین. له‌ناو ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا، ئه‌ركه هاوبه‌شه‌كانمان دیاری بكه‌ین و ناكۆكیهكانیشمان، وه‌كو مافی دیموكراسی، له‌ڕووی بابه‌تییه‌وه، چ جۆره جیاوازی و ململانێیهكمان ده‌خاته به‌رده‌م، بۆ چاكسازی زیاتر، مافێكی یاسایی و دیموكراسی ره‌وایه.
به‌ڕێزینه!
وا یه‌كێتی و پارتی، له سێ به‌شدا:
1- پرۆژه‌ی هاوبه‌شی نوێبوونه‌وه‌و ئاینده‌سازی.
2- رونكردنه‌وه‌یه‌كی یاسایی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی چاكسازی یاسایی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ).
3- چه‌ند بیروڕایه‌ك سه‌باره‌ت به‌هه‌مواركردنی ده‌ستووری كوردستان.
ده‌خه‌ینه به‌رده‌ستی به‌ڕێزتان، هیوادارین، ئه‌م كۆبهندهی پرۆژه‌كانمان، له‌گه‌ڵ (17) خاڵه په‌سه‌ندكراوه‌كه‌ی په‌رله‌مان و پاكێجه‌كانی دوا پڕۆژه‌ی هاوبه‌شی هه‌رسێ لاتان، تاوتوێیان بكه‌ن و سه‌ره‌نجام له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئاینده‌دا، دوا بۆچوون و بڕیارتان ئاماده‌كردبێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئایا:
1- له‌سه‌ر پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش رێك ده‌كه‌وین، حكومه‌تی بنكه فراوان و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختیش بگرێته‌وه؟ یان:
2- رێككه‌وتنێكی سیاسی نوێ، به پرنسیپ و ئالیه‌تی زیندوو، مۆر ده‌كه‌ین؟ یاخود:
3- به‌رێوشوێنی گونجاو، له‌چوارچێوه‌ی یاسا‌و رێساكاندا، ئێوه وه‌كو ئۆپۆزسیۆنی دیموكراسی ده‌مێننه‌وه و ئێمه‌ش هه‌تا هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئاینده، درێژه به‌كاروان ده‌ده‌ین؟
له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێین: به‌ش به‌حاڵی پارتی و یه‌كێتی، رێككه‌وتن له‌سه‌ر خاڵی یه‌كه‌م، گرنگتره لامان. چاوه‌ڕوانیشین بۆچونهكانیشمان له‌سه‌ر خاڵی یه‌كه‌م یه‌كبگرێته‌وه‌و دڵی گه‌له‌كه‌مان خۆش بكه‌ین.
هیوادارین، به‌هه‌موومان، دۆخی ناوچه‌كه‌و عیراق و رووداوه‌كان و ئه‌گه‌ره‌كانی وه‌كو هه‌ن به‌لایه‌نی گه‌ش و خامۆشیانهوه له‌به‌رچاوبگرین و سه‌ره‌نجام، له‌سه‌ر ئه‌ركه هاوبه‌شه‌كانمان رێك بكه‌وین و ئاماده‌ی هه‌موو ئه‌گه‌رێك بین.
له‌گه‌ڵ رێز‌و هیوای رێكه‌وتن.
مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
26/ 6 / 2011
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م:
پره‌نسیپی سه‌روه‌ری یاسا
پابه‌ندبوون به پره‌نسیپی سه‌روه‌ری یاسا، له‌سه‌ر بنه‌مای حوكمڕانی دروست و شه‌فاف، ریزگرتنه له سه‌رجه‌م به‌ها مرۆیی و دامه‌زراوه دیموكراتییه‌كانی سیسته‌می سیاسی ده‌وڵه‌ت و بنچینه‌ی جێبه‌جێكردنی سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كانه، له‌پێناوی چه‌سپاندنی دیموكراسی، ده‌سته‌به‌ركردنی دادی كۆمه‌ڵایه‌تی، پیاده‌كردنی ماف و ئازادییه‌كانی كۆمه‌ڵ به گشتی.
هه‌رێمی كوردستان، به‌ده‌سه‌ڵات، رێكخراوه سیاسییه‌كان، رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، میدیاكان، سه‌رجه‌م پێكهاته‌و تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ، له‌م قۆناغه‌دا، زیاتر له هه‌موو كاتێك پێویستیان به جێبه‌جێكردنی یاسا‌و سه‌روه‌ری یاسا‌و ریزگرتن له ماف و ئازادییه‌كان هه‌یه. چونكه ته‌نها له‌م رێگایه‌وه ده‌توانین متمانه‌و دڵنیایی به‌یه‌كتر بژێنینهوهو یه‌كریزی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵ بپارێزین و ئه‌زموونی دیموكراتی له هه‌رێمی كوردستاندا، به‌ره به‌ره به‌ره‌و كه‌نارێكی ئارامتر رابه‌رایه‌تی بكه‌ین.
له روانگه‌ی پابه‌ندبوونی زیاتر به پرنسیپی سه‌روه‌ری یاسا‌و شه‌فافیه‌ت له‌كاروباره‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی كایه‌كانی ناو حكومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رجه‌م داموده‌زگاكان. له‌ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ستراتیژیه‌تێك بۆ كاری حوكمڕانی دروست و چاكسازی له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌زگاو فه‌رمانگانه‌ی پێویستن، هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆی به‌رپرسانه، نه‌خشه‌رێگای چه‌سپاندنی یاسا له كاروچالاكی ئاینده‌مان ده‌خه‌ینه به‌رده‌ست، وه‌ك:
ته‌وه‌ری دووه‌م:
هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره یاساییه‌كان
له بواره‌كانی: - پیاچونه‌وه - كۆمه‌ڵایه‌تی - دامه‌زراندن - ئه‌نجومه‌نی راژه - كه‌رتی تایبه‌ت - یاساكان - كاری بێگانه - پێشینه‌ی خانوبه‌ره‌و هاوسه‌رگیری - خانه‌نشینی بۆ ئه‌نفال، قوربانیان و تێكۆشه‌ران و ئاواره - پشتیوانی رێكخراوه‌یی.
1- له‌روانگه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رجه‌م كار‌و چالاكییه یاساییه‌كان، له‌ساڵانی رابردووی سیسته‌می حوكمڕانی و بۆ جێبه‌جێكردن و پێداچوونه‌وه‌ی یاسا‌و رێسا‌و بڕیار‌و رێنماییه‌كانی كارپێكراو، به پێویستی ده‌زانین داڕشتنه‌وه‌و هه‌مواركردنی پێویست به شێوازێك ئه‌نجام بدرێت، له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی سه‌رده‌م و بنه‌ما دیموكراتییه‌كان بگونجێت، هه‌روه‌ها ره‌چاوی بارودۆخی ژیانی ئێستای كۆمه‌ڵایه‌تی بكرێت، كه زۆرترین سوود و خزمه‌ت به چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ بگه‌یه‌نێت، وه‌ك:
أ- پابه‌ندبوون به سیسته‌می ئه‌نجوومه‌نی راژه، كه پێویسته له ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌م ده‌زگایه بۆ كۆنترۆڵكردن، دیاریكردنی ماف، ئه‌ركه‌كانی سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رو كارمه‌ندانی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت، پله وه‌زیفییه‌كان له شێوازی دامه‌زراندن، دانانی رێوشوێنی یاسایی دروست بۆ پڕكردنه‌وه‌ی میلاكی ساڵانه، ئه‌ژماركردنی راژه‌و مه‌رجه‌كانی پله‌به‌رزكردنه‌وه، خانه‌نشینكردنی فه‌رمانبه‌رو سه‌رجه‌م كارمه‌ندانی حكومه‌ت، به‌بێ جیاوازیكردن له نێوانیان به‌هه‌ر هۆیه‌كی سیاسی و عه‌قیده‌یی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه بێ له چوارچێوه‌ی یاسادا ، ده‌سته‌به‌ر بێ.
ب- كاندیدكردن بۆ پله تایبه‌تییه‌كانی داموده‌زگاكانی حكومه‌ت، ده‌بێ له‌رێگای دیاریكردنی چه‌ند پێوه‌رێك بێت و له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبڕكێ، یه‌كسانی، شه‌فافیه‌ت و دیاریكردنی ماوه‌ی مانه‌وه له‌م پۆستانه‌دا.
ج- پرۆژه یاسایه‌ك، یان دانانی سیسته‌مێكی گونجاو بۆ ئه‌ژماركردنی راژه له كه‌رتی تایبه‌ت و پاشان خانه‌نشینكردنی كارمه‌ندان، تاكو ده‌سته‌به‌رێك لای ئه‌و هاووڵاتیانه هه‌بێت، كه دوای ساڵانێكی زۆر، له خزمه‌تكردن له كه‌رتی تایبه‌ت، خانه‌نشین بكرێن.
د- وه‌زاره‌ته‌كانی په‌یوه‌ندار، سنوورێك بۆ هێنانی كرێكار و فه‌رمانبه‌رو شاره‌زای بیانی له به‌ڕێوه‌بردنی پرۆژه تایبه‌تییه‌كان دابنێن، كه هاوسه‌نگییه‌ك له نێوان هاووڵاتیانی كوردستان و ره‌خساندنی هه‌لی كار بۆیان، له‌گه‌ڵ شاره‌زاو كارمه‌نده بیانییه‌كان كه له كۆمپانیا‌و پرۆژه ئه‌هلییه‌كان كارده‌كه‌ن، رابگرێت.
ه- داڕشتنی پرۆژه یاسایه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی سیسته‌می سۆشیال، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌لی كاریان بۆ نه‌ڕه‌خساوه، به‌هۆی نه‌بوونی كار، یان خوێندن، یان په‌ككه‌وته‌ی جه‌سته‌یی و ده‌روونی، یاخود هه‌ر لێقهوماویهكی دیكه، یان بۆ ده‌ستگیرۆیی كرێی نیشته‌جێبون، یان به‌ساڵاچووان و لانه‌وازی، تاكو ئه‌وانه‌ش مافی ته‌واوی هاونیشتیمانێتی خۆیان له‌ناو هه‌رێمی كوردستان، ده‌سته‌به‌ر بكرێ.
و- به‌رده‌وامبوون له پێشینه‌ی خانووبه‌ره و هاوسه‌رگیری و دۆزینه‌وه‌ی رێگای باشتر بۆ پته‌وكردنی یه‌كه‌ی خێزانی له‌نێو كۆمه‌ڵدا.
س- دابین كردنی مافی خانه‌نشینی بۆ ئه‌و كه‌س و خێزان و پاشماوانه‌ی كه له ساڵانی خه‌باتی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌شداریان كردووه، یان بوونه‌ته قوربانی، به‌هۆی رووداوه‌كانی وه‌ك:
1-1/ مافی خانه‌نشین بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه له شۆڕشی ئهیلوول و شۆرشی نوێی كوردستان و شۆڕشی گوڵانی به‌رخودان، به‌شداریان كردووه‌و ئێستا به‌هۆی توانای جه‌سته‌یی و به‌ساڵاچوونیان ناتوانن كار بكه‌ن یان په‌ككه‌وته بوون.
2-1/ ئه‌و خێزانانه‌ی به‌هۆی خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان له‌ساڵانی 1961-1991 دووچاری دابڕان و ئاوه‌ره‌یی بوون و ئێستا هیچ داهاتێكی دیاریكراویان نییه، موچه‌یان بۆ دابین بكرێت، به نیشتهجێكردنیشهوه.
3-1/ خێزان و پاشماوه‌ی ئه‌نفال و كیمیابارانه‌كانی كوردستان ژیان و نیشته‌جێبونیان له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تدا بێ.
ك- ئه‌كتیڤكردنی رۆڵی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و به‌دواداچوونی كاروچالاكییه‌كانیان، به‌پێی یاسای نوێ و هاوكاریكردنیان تاكو بتوانن رۆڵی خۆیان ببینن له به‌هێزكردنی توانا‌و راهێنانی چین و توێژه‌كان و جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژه‌و به‌رنامانه‌ی ده‌بنه هۆكار بۆ پێشكه‌وتنی لایه‌نی وشیاری كۆمه‌ڵایه‌تی، یاسایی، رۆشنبیری گشتی و وه‌رزشی و ...هتد.
ل- بیمه‌ی ته‌ندروستی په‌ره‌پێبدرێ و بگه‌یه‌ندرێته ئاستێك، نه‌ك چاره‌سه‌ركردنی هاوڵاتی، به‌ڵكو لایه‌نی كه‌م دووجار جارێ ساڵانه چاودێری ته‌ندروستیش بكرێ و ئه‌مه‌ش بكرێته رێسای دڵنیایی ته‌ندروستی.
ته‌وه‌ری سێیه‌م:
چاكسازی یاسای وه‌زاره‌ته‌كان و چاودێریان
له بواره‌كانی: ده‌سته‌ی نه‌زاهه - چاودێری دارایی - نه‌هێشتنی دوو ئیداره‌یی - پرۆژه‌كان و لێپێچینه‌وه - نه‌وت و گاز‌و یاسا - هه‌مواركردنی یاسای پارێزگاكان - زه‌وی كشتوكاڵ و نه‌هێشتنی پێشێلكاری.
هه‌ڵسه‌نگاندن و چاكسازی ته‌واو له یاساكانی وه‌زاره‌ته‌كان، سیسته‌می كاری به‌ڕێوه‌بردنیان؛ ئاماده‌كردنی پلانێكی ستراتیژی بۆ نه‌هێشتنی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی؛ چه‌سپاندنی حوكمڕانیهتێكی شه‌فاف و به‌دواداچوون له‌سه‌ر كاره سه‌رپێچییه‌كان له‌رێگای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی یاسایی، وه‌ك:
أ- پرۆژه‌ی یاسای ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی هه‌رێم ، په‌سه‌ند بكرێت و بخرێته بواری جێبه‌جێكردن.
ب- ئه‌كتیڤكردنی رۆڵی چاودێری دارایی له هه‌رێم و به‌دواداچوونی كاره‌كانیان، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه.
ج- نه‌هێشتنی شوێنه‌واری دوو ئیداره‌یی له وه‌زاره‌ت و داوو ده‌زگاكانی حكوومه‌تدا، به‌پێی په‌یكه‌ره‌و یاسای وه‌زاره‌ته‌كان دابهشبكرێنهوهو رێكبخرێنه‌وه (وه‌زاره‌تی دارایی، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، وه‌زاره‌تی ناوخۆ، دیوانی چاودێری دارایی).
د- جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كان و به‌دواداچوونی قۆناغه‌كانی كاركردنیان، پێویسته به‌پێی یاسا‌و رێنماییه‌كانی حكومه‌ت بێت و به‌پێی بودجه‌ی ته‌رخانكراو ده‌سه‌ڵاتی كارگێڕی (رێنمایی ژماره 1 ی ساڵی 2011)ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بخرێته كار سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی ئاماده‌كردنی، راگه‌یاندنی پرۆژه‌كان، ته‌نده‌ر، شیكردنه‌وه‌ی ته‌نده‌ره‌كان، وه‌رگرتنی كاره‌كان دوای ته‌واوبوونیان؛ سه‌رپێچیكاریش له هه‌ر پله‌و پایه‌یه‌ك بێت، دووچاری سزای ئیداری و جینائی بكرێته‌وه.
ه- له گرێبه‌ستی تایبه‌ت به نه‌وت و گاز، ره‌چاوی رێوشوێنی یاسایی و ده‌ستووری له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ بكرێت و له‌ژێر چاودێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دیوانی چاودێری دارایی، كاره‌كان به‌ڕێوه‌بچێت.
و- ئاماده‌كردنی پرۆژه یاسای هه‌مواركراوی یاسای ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێم ژماره 3 ی ساڵی 2009 و هه‌مواركردنی یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا‌و قه‌زاو ناحییه‌كان ژماره (4 ی ساڵی 2009).
س- پێداچوونه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی یاسا‌و رێسا‌و رێنماییه‌كانی تایبه‌ت به زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كان، ئه‌وانه‌ی (حق التصرف) یان هه‌یه، یان به‌پێی گرێبه‌ستی كشتوكاڵی رێكخراون، چۆنیه‌تی به‌كارهێنانیان و دروستكردنی پرۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییانه‌و هه‌ڵگرتنی پێشێلكاریه‌كان و گونجاندنیان له‌گه‌ڵ ماسته‌ر پلانی شار‌و شاره‌دێیه‌كانی هه‌رێم، كه له‌لایه‌ن حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانه‌وه، بڕیاری له‌سه‌ر دراوه.
ته‌وه‌ری چواره‌م:
هه‌مواركردنی یاسای حیزب و رێكخراوه‌كان
وه‌كو:- یاسای حیزبه‌كان و سه‌رده‌م - قه‌ده‌غه‌كردنی میلیشیا - ده‌وامی ره‌سمی و كۆبونه‌وه‌ی ناڕێسایی - رێگرتن له كۆبونه‌وه‌ی حیزبی ناو هێزه‌كانی چه‌كدار - ئاشكراكردنی سه‌رچاوه‌ی دارایی حیزبه‌كان - په‌یوه‌ندی ده‌ره‌كی - یاسا‌و میدیا - نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی یاسای رێكخراوه‌كان.
بۆ رێكخستن و گرنگیدان به‌كاری رێكخراوه‌یی و به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی رۆشنبیری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له هه‌رێمی كوردستاندا، به‌باشی ده‌زانین ئه‌و یاسا‌و رێسا‌و رێنماییانه هه‌موار بكرێت، كه كار‌و چالاكییه‌كانی كاری سیاسی و رێكخراوه‌یی به‌ڕێوه ده‌بات، له رێگای:
أ- پێداچوونه‌وه‌یه‌ك به یاسای حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ژماره 17 ساڵی 1993 هه‌مواركراو، به شێوه‌یه‌ك، كه شێوازی كاری سیاسی و رێكخراوه‌یی له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی و دیموكراسی و ره‌چاوكردنی پێشهاته سیاسییه‌كانی جیهانی و ناوچه‌یی، رێكبخات، ئه‌ویش به:
1-1/ رێگا نه‌درێت هیچ حزب و رێكخراوێكی سیاسی میلیشیاو هێزی چه‌كداری زۆر‌و كه‌م، ئاشكرا‌و نهێنی بمێنێت و سه‌رجه‌م هێزو پێشمه‌رگه‌و چه‌كدار، له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و فه‌رمانده‌ی هێزی زێره‌ڤانی، به‌پێی یاسا‌و ڕێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، رێك‌بخرێن.
2-1/ نابێت كاروچالاكی حزبی له‌كاتی ده‌وامی فه‌رمی و له‌ناو یه‌كه‌ی سه‌ربازی و پێشمه‌رگه‌و هێزی ئاسایشی ناوخۆ، ئه‌نجام بدرێت.
3-1/ ئه‌و رێكخستنانه‌ی به‌ناوی رێكخستنی پێشمه‌رگه‌و كۆمیته‌و لیژنه‌ی ناوچه‌ی هێزی ناوخۆ، بۆ كاری رێكخستنی پارتایه‌تی كار‌و چالاكی ده‌نوێنن، نه‌مێنن.
4-1/ پێویسته سه‌رجه‌م حزبه‌كانی ناو هه‌رێمی كوردستان، سه‌رچاوه‌ی داهاتیان ئاشكرا‌و شه‌فاف بێت و بخرێته ژێر چاودێری دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێم.
5-1/ پێویسته په‌یوه‌ندی حزبه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه، به ره‌زامه‌ندی و له رێگای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بێت و ئاشكراش بێت.
ب- پرۆژه یاسایه‌ك بۆ رێكخستنی میدیا حزبیه‌كان و میدیای ئه‌هلی و رێكخستنی كاری راگه‌یاندن به هه‌موو شێوازه‌كانی بینراو، بیستراو، نوسراو، سایته‌كان، كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن و به ره‌چاوی بنه‌ماكانی دیموكراتیه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی هه‌رێمی كوردستان، ئاماده بكرێت.
ج- پێداچوونه‌وه‌و دارشتنه‌وه‌ی یاسای رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری كۆمه‌ڵه، یه‌كێتی، رێكخراو، سه‌ندیكاكانی كوردستان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌م رێكخراوه پیشه‌ییانه به‌شێوه‌یه‌ك بێت، زۆرترین خزمه‌ت به چین و توێژه‌كانیان بگه‌یه‌نن و به‌شداری له پرۆسه‌ی دیموكراتییه‌ت و سه‌روه‌ری یاسا بكه‌ن، وه‌ك هاندهرو چاودێرێكی ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی بن بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و داموده‌زگاكانی حكومه‌ت و مافه مه‌ده‌نییه‌كان له‌ناو كۆمه‌ڵا و كایه‌كانی حكومه‌تدا.
ته‌وه‌ری پێنجه‌م:
یه‌كخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌ت و ده‌زگاكان
په‌له‌كردن له یه‌كگرتنه‌وه‌ی ده‌زگاكانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی یاسای ده‌زگاكانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان ژماره (5)ی ساڵی 2011 و ئه‌گه‌ر هه‌ر تێبینییه‌ك له ناوه‌ڕۆكی یاساكه‌دا هه‌بێت، پرۆژه یاسای هه‌مواركردنی بۆ ئاماده‌بكرێت، له‌گه‌ڵ دیاریكردنی ئه‌رك و فه‌رمانه‌كانی ئاسایش، دوور له كاری لابه‌لا و جیاكردنه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌رك و فه‌رمانی پۆلیس و پێشمه‌رگه، به‌پێی یاسا و له‌پێناوی سه‌روه‌ری یاسا.
ته‌وه‌ری شه‌شه‌م:
یاسای نوێی رێككاری
ئه‌كتیڤكردنی یاسای رێككاری فه‌رمانبه‌رانی ده‌وڵه‌ت، ژماره 14 ساڵی 1991 هه‌مواركراو، به‌شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ قۆناغی ئێستای هه‌رێم بگونجێت و ئه‌گه‌ر پێویست به ههمواركردنهوهش هه‌بێت، پرۆژه یاسای بۆ ئاماده‌بكرێت، یان له رێگای ده‌ركرنی رێسا یان رێنمایی بۆ سزادان و به‌دواداچوونی سه‌رپێچییه‌كانی فه‌رمانبه‌ر و كارمه‌ندان.
رونكردنه‌وه‌یه‌كی یاسایی له‌سه‌ر
پرۆژه‌ی چاكسازی یاسایی ئۆپۆزسیۆن (گۆڕان، یه‌كگرتوو، كۆمه‌ڵ) له‌سه‌ر:
هێڵه گشتیه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ - په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان - پرۆژه‌یاسای ده‌سته‌ی باڵای هه‌ڵبژاردن - یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان - یاسای پارێزگاكانی كوردستان.
ته‌وه‌ری یه‌كه‌م:
سه‌باره‌ت به هێڵه‌گشتیه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان
-هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان بابه‌تێكه كه پێویست ناكات بكرێته بابه‌تی گفتوگۆی سیاسی و دانوستاندنی نێوان لایه‌ن سیاسیه‌كان له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه:
1- هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان، له‌ڕووی یاسایی و سروشتی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانانه‌وه كارێكی ته‌واو په‌رله‌مانیه و ده‌بێت له‌نێوان فراكسیۆنه‌كان و لێژنه‌كان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان گفتوگۆی یاسایی له‌سه‌ر بكرێت و له‌ڕووی مه‌بده‌ئیه‌وه، هه‌موو فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكن په‌یڕه‌وی ناوخۆ په‌رله‌مان هه‌موار بكرێت و پڕوَژهی هه‌موار كردنه‌كه‌ش گه‌ڵاڵه كراوه .
2- ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی هه‌مواركردنه‌كه‌ش NDI ئه‌مریكی راپۆرتێكی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر هه‌مواركردنی په‌یڕه‌وه‌ی ناوخۆی په‌رله‌مان ئاماده‌كردووه و ئێمه پشتگیری ده‌كه‌ین چونكه راپۆرتێكی بابه‌تی و پڕۆفیشناڵه وێنه‌یه‌ك له ده‌قی پرۆژه كه هاوپێچه.
( 5 ) ئه‌مه عه‌مه‌لی نیه‌و پێویست نییه.
ج. خاڵی ( 3 ) ده‌رباره‌ی سه‌رۆكایه‌تی لێژنه‌كان، ئه‌مه ئه‌نجامدراوه، به‌ڵام فراكسیۆنی گۆڕان خۆی ره‌تی كرده‌وه كه‌سه‌رۆكایه‌تی لێژنه‌كان وه‌ربگیرێت.
ته‌وه‌ری دووه‌م:
ده‌رباره‌ی پرۆژه یاسای ده‌سته‌ی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن
1. ده‌رباره‌ی خاڵی یه‌كه‌م: پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی ده‌سته، ئه‌مه‌ی خواره‌وه وهڵاممانه:
لیژنه‌یه‌ك له‌په‌رله‌مان پێكده‌هێنرێت، كه نوێنه‌ری سه‌رجه‌م فراكسیۆن و پێكهاته‌كانی په‌رله‌مانی تێدا ده‌بێت.
أ. ئه‌م لیژنه‌یه به ته‌وافوق (پێكه‌وه سازان) ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن كاندید ده‌كه‌ن.
ب. متمانه‌دان به ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن له‌ناو هۆڵی په‌رله‌مان به‌زۆرینه‌ی ڕه‌ها بێت، چونكه پێشتر سازان له‌سه‌ر كاندیدكردنی ئه‌ندامه‌كان كراوه و لێره‌دا بنه‌چه سازانهكهیه، نه‌ك شێوازی ده‌نگدانی ناو هۆڵی په‌رله‌مان.
2. خاڵی دووه‌م: ده‌رباره‌ی مه‌رجه‌كانی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی ده‌سته‌و به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌كانی، ئه‌و مه‌رجانه ئاسایین، چونكه له‌ده‌قی پرۆژه‌كه‌دا هاتووه و ئه‌م مه‌رجانه له بنه‌چه‌دا راو پێشنیاری خۆمان بووه (هاوپێچ ده‌قی راپۆرتی هاوبه‌شی لێژنه‌ی یاسایی و ناوخۆی په‌رله‌مانن له‌م باره‌وه):
3. خاڵی سێیه‌م : هه‌مان ڕه‌ئی خاڵی دووه‌مان هه‌یه.
4. ده‌رباره‌ی سه‌رۆك، جێگر، بڕیارده‌ر، ده‌ركردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، پێكهێنانی ستاف و نوسینگه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ی خواره‌وه بیروڕامانه:
أ- ئاساییه كه دانانی سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ری ئه‌نجوومه‌نه‌كه، له‌گه‌ڵ ستافی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان به سازان بێت، واتا بڕگه‌ی ( أ ـ ج ) ی خاڵی (4).
ب- به‌ڵام ده‌رباره‌ی بڕگه‌ی ( ب ) خالی ( 4 ) واتا دانانی په‌یڕه‌وی ناوخۆی ده‌سته‌ی باڵا، ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه نین كه به سازان بێت، چونكه له‌ناو په‌یڕه‌ودا كۆمه‌ڵێك پرنسیپ، بنه‌مای یاسایی، بابه‌تی ئیداری و ته‌كنیكی هه‌ن، كه سازان هه‌ڵناگرێ و رێسا‌و راستی چه‌سپاون.
تێبینی: كوَدهنگی له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌یه، شێوازی سازان بۆ دانانی ستافی سه‌ره‌كی ئه‌نجومه‌نه‌كه هه‌بێت، به‌ڵام بۆ دانانی ستافی ئیداری و هونه‌ری بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه بمێنێته‌وه.
ج- له‌مباره‌وه پێمان په‌سه‌نده كه ئاماده‌كردن و په‌سه‌ندكردنی په‌یڕه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی سازان بێت، كه خرایه ده‌ره‌وه‌ی سازان، راسته‌وخۆ ده‌چێته ژێر باری بڕیاردان به‌زۆرینه.
5- خاڵی (5) ئاساییه و ئێمه‌ش پێمان باشه.
6- ده‌رباره‌ی خاڵی (6و 7و 8): ئه‌م خاڵانه ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی كار‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ده‌سته، چونكه ئه‌وان به‌رپرسن له‌ده‌ركردنی سیسته‌م و رێنمایی تایبه‌ت به ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، به‌تایبه‌تی كه ده‌سته‌ی باڵا به ڕه‌زامه‌ندی هه‌موو فراكسیۆنه‌كان پێكدێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه ئه‌ندامانی ده‌سته، كه‌سانی شاره‌زا و تایبه‌تمه‌ندن له‌م بواره‌دا، بێگومان ئه‌وانیش به مه‌رج و پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و بێگه‌رد پابه‌ند ده‌بن.
ته‌وه‌ری سێیه‌م:
ده‌رباره‌ی هه‌مواركردنی یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان له‌هه‌رێمی كوردستان
1- ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین كه یاسای ژماره ( 11 ) ی ساڵی 2010 یاسای رێكخستنی خۆپیشاندان له‌هه‌رێمی كوردستاندا، به‌رده‌وام بێت وه‌ك خۆی و مه‌سه‌له‌ی مۆڵه‌تدان هه‌ر بمێنێ و پێویست ناكات خۆپیشاندانی له‌ناكاو بۆ یاسه‌كه زیاد بكرێت، له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه:
أ- ده‌ستووری عێراق مادده‌ی ( 38 ) جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌مه ده‌كات كه (ئازادی كۆبوونه‌وه و خۆپیشاندانی هێمنانه به یاسا رێكده‌خرێت) وه‌ك له بڕگه‌ی سێیه‌می مادده‌كه‌دا هاتووه، هه‌روه‌ها پێشه‌كی مادده‌كه‌ش جه‌خت ده‌كات كه نابێ خۆپیشاندان ببێته هۆی تێكچوونی یاسا‌و ئادابی گشتی. له‌هه‌مان كاتدا مادده‌ی ( 46 ) ی ده‌ستووری عێراق، ئاماژه‌ی داوه به‌وه‌ی ماف و ئازادیه‌كان به یاسا نه‌بێ، نابێ سنووردار بكرێت.
ب- له چه‌ندین وڵاتی دیموكراتی تری دنیا، رێكخستنی خۆپیشاندان به مۆڵه‌ت وه‌رگرتنه‌و پاساوی ناكاو له یاسادا شوێنی نابێته‌وه.
ج- یاسای ژماره (11)ی ساڵی 2010 به‌مه‌به‌ستی رێكخستی مافی خۆپیشاندانه، نه‌ك قه‌ده‌غه‌كردنی، واتا دانانی بنه‌ماو رێكاری یاسایی بۆ ئه‌وه‌ی به دروستی و ئاسایی ئه‌نجام بدرێ و ئامانجه ڕهواكان بپێكێت و دووربێت له قۆزتنه‌وه‌ی سلبی خۆپیشاندان و به‌لاڕێدابردنی. نمونه‌ش له جیهان و ناوچه‌كه‌و كوردستانیشدا، زۆرن.
ته‌وه‌ری چواره‌م:
هه‌مواركردنی یاسای پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان / عیراق
ده‌رباره‌ی خاڵی یه‌كه‌م: هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجوومه‌نی قه‌زاو ناحیه‌كان، هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان ئه‌نجام بدرێت، ئه‌مه پوخته‌ی بۆچونهكانمانه:
ئاساییه ئه‌گه‌ر له‌ڕووی ته‌كنیكی و پرۆسه‌ی ده‌نگدان بۆ پارێزگاكان و ئه‌نجومه‌نی قه‌زاو ناحیه‌كان، له‌یه‌ك كاتدا بكرێت.
ده‌كرێت به دوو قۆناغ پرۆسه‌كه ئه‌نجام بدرێت، واتا سه‌ره‌تا هه‌ڵبژداردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، پاشان زه‌مینه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی قه‌زاو ناحیه‌كان، خۆش بكرێت.
ده‌رباره‌ی خاڵی ( 3 ) كه چه‌سپاندنی پرنسیپی (ناناوه‌ندێتی ئیداریه) ئه‌وا له‌پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمدا و له‌مادده‌ی (103) به روونی ئاماژه‌ی پێدراوه و چه‌سپیوه.
ده‌رباره‌ی هه‌مواركردنی یاسای پارێزگاكان، كه چه‌ند بنه‌مایه‌ك له‌خۆ بگرێت، خاڵ به‌خاڵ رامان به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌یه:
یه‌كه‌م : ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا له‌ژێر چاودێری په‌رله‌مانی كوردستان بێ، ڕامان وایه كه: ده‌قی یاسای ژماره (3) ساڵی 2009 مادده‌ی 31 بڕگه‌ی چواره‌م وه‌ك خۆی بمێنێ.
دووه‌م : ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا له‌باره‌ی دانان و لادانی كه‌سه‌كان، له پۆسته‌كانی ناو پارێزگا یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌بن، له‌مباره‌وه وه‌ڵاممان ئه‌مه‌یه:
ئه‌گه‌ر بڕیاری ئه‌نجوومه‌ن، له‌مباره‌وه یه‌كلاكه‌ره‌وه بێت، ناكۆك ده‌بێت له‌گه‌ڵ مادده‌ی (100) له‌ده‌ستووری عێراق كه جه‌خت ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی (ده‌قه یاساییه‌كان بۆیان نیه هیچ كارێك یان بڕیارێكی ئیداری له ره‌خنه لێگرتن) دوور رابگرن.
ئه‌گه‌ر یه‌كلاكه‌ره‌وه بێت، مافی ئه‌و كه‌سه له په‌نابردن بۆ یاسا پێشێل ده‌كرێت، چونكه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه كه بڕیاری ئه‌نجوومه‌ن عادیلانه نه‌بێت.
سێیه‌م : ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌سه‌ڵاتی چاودێری و ده‌ركردنی یاسای خۆجێی و بڕیاری هه‌یه، پێمان وایه: (ئه‌نجوومه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ده‌ركردنی یاسای نه‌بێ)، له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه:
(له‌ناو هه‌رێمی فیدڕاڵ‌دا نابێ فره ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان هه‌بێت):
به‌پێی یاسای ژماره (3) ساڵی 2009 ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا، ده‌سه‌ڵاتی ده‌ركردنی بڕیار و سیسته‌م و رێنمایی، هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی چاودێری له‌سنووری چالاكی خۆی هه‌یه، ئه‌مه‌ش ته‌واو له‌گه‌ڵ پرنسیپی ناناوه‌ندێتی ئیداری كۆكه. به‌پێی ماده‌ی پێنجه‌م، له یاسای پاریزگا و یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نه‌كانی پارێزگا و قه‌زاو ناحیه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا (ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا ده‌سه‌ڵاتی چاودێرییه له‌ناو سنووری كارگێری پارێزگادا ده‌توانێ بڕیار و پێڕه‌وو ڕێنمایی ده‌ربچوێنێ، تاكو بتوانێ سه‌رپه‌رشتی به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری پارێزگا به‌پێی پرنسیپی ناناوه‌ندێتی به‌ڕێوه‌بردنی كارگێری بكات، به‌جۆرێكی وا كه له‌گه‌ڵ ده‌ستوورو یاسا كارپێكراوه‌كانی هه‌رێمدا ناكۆك نه‌بێ).
چواره‌م: ئاساییه و ده‌كرێت وا بێت و لاریمان نیه.
پێنجه‌م: ئاساییه و لاریمان نیه وه‌ك خۆی بێت.
شه‌شه‌م: ده‌رباره‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كان، ئه‌مه‌ی خواره‌وه بۆچونمانه:
1. ده‌رباره‌ی دامه‌زراندنی به‌ڕێوه‌به‌ره گشتیه‌كان، مه‌رج و رێنمایی پێویست له یاسای وه‌زاره‌ته‌كان هاتووه و به‌پێی یاسا ده‌كرێت، ئه‌نجوومه‌نیش بۆی هه‌یه، چاودێری وردی كاره‌كانی بكات و هه‌ڵیانسه‌نگێنێ و بیرورایان له‌باره‌وه بدات.
2. بۆ دامه‌زراندنی پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له سنووری پارێزگاكان، ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ یاسای تایبه‌ت به ئه‌نجومه‌نی ڕاژه له هه‌رێمی كوردستاندا، كه رێوشوێنی یاسایی ته‌واوی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دیاری كردووه‌و ئه‌م پۆستانه له ڕێگای ڕاگه‌یاندن و پێشبڕكێ ئه‌نجام ده‌درێت .
حه‌وته‌م : ئاساییه و لاریمان نییه.
هه‌شته‌م : ئاساییه.
چه‌ند بیروڕایه‌ك سه‌باره‌ت به هه‌مواركردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری كوردستان
رۆژی 16/6/2011 لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند به‌لێكۆڵینه‌وه لهپێشنیازهكانی ئۆپۆزسیۆن سه‌باره‌ت به‌هێڵه گشتییه‌كانی تێڕوانینی ئۆپۆزسیۆن سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان كۆبۆوه و پاش چاوخشاندنه‌وه‌ی لیژنه‌كه به ئه‌جێندای ئۆپۆزسیۆندا سه‌باره‌ت به هێڵه گشتییه‌كانی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان و له‌ئه‌نجامی گفتوگۆی دوورودرێژ و یاسایی لیژنه‌كه وای ده‌بینێت كه:
یه‌كه‌م-ناكرێت دوو حاڵه‌تی پێچه‌وانه‌و جیاواز پێكه‌وه كۆبكرێته‌وه كه بریتییه له (چاو پێداخشاندنه‌وه) كه له‌بڕگه‌ی یه‌كه‌می ئهجێنداكهی ئۆپۆزسیۆندا هاتووه و بڕگه‌ی دووه‌م كه په‌یوه‌سته به (هه‌مواركردن) چونكه چاوپێداخشاندنه‌وه واتا پیاچوونه‌وه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه و سه‌رتاسه‌ریی به‌كۆی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمدا كه ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی نا لۆژیكییه‌و عه‌مه‌لی نییه، چونكه له‌رووی یاساییه‌وه میكانیزمی ئاماده‌كردنی پڕۆژه ده‌ستووره‌كه له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ندی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی دامه‌زراندنه‌وه ئاماده‌كراوه له‌لایه‌ك و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌نگدان له‌سه‌ر یاسای په‌سندكردنی پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌ك گوژمه ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه نه‌ك ماده ماده به‌جیا، به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌بڕگه‌ی دووه‌م كه تایبه‌ته به هه‌مواركردنی پڕۆژه ده‌ستوور ئه‌وه گونجاوه له‌رووی یاساییه‌وه چونكه ئه‌وه به‌شێكه نه‌ك پێداچوونه‌وه به‌كۆی پڕۆژه‌ی ده‌ستووره‌كه‌دا.
دووه‌م-سه‌باره‌ت به‌بڕگه‌ی دووه‌م (ا) و (ب) ئه‌وه رێی تێده‌چێت كه ههمواركارییهك له‌پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمدا به‌شێوه‌یه‌كی كه‌م و سنووردار بكرێت به‌شێوه‌یه‌ك مادده‌و بڕگه‌ی دیاریكراو بگرێته‌وه و ئه‌وه‌ی له‌بڕگه‌ی دووه‌مدا هاتووه هه‌مه‌لایه‌نه‌و دیاریكراو‌و مۆركراو نییه له‌رووی یاساییه‌وه، بۆیه پێویسته ئه‌و به‌ندو بڕگانه دیاریبكرێن كه تاوتوێبكرێن بۆ هه‌مواركردن.
سێیه‌م: سه‌باره‌ت به‌بڕگه‌ی سێیه‌م، ده‌كرێت تاوتوێی دیباجه كه بكرێت و دووباره دابڕێژرێته‌وه به‌جۆرێك كه له‌گه‌ڵ تێڕوانینی هه‌موواندا بگونجێت.
چواره‌م: به‌وپێیه‌ی كه پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به‌یاسایی په‌سندكراوه، ئه‌وا هه‌مواركردنی پڕۆژه یاساكه له‌رووی یاساییه‌وه گونجاوه‌و به‌قانونێكی هه‌مواركراو و پێویسته هه‌مان میكانیزمی ده‌نگدان بگیرێته‌به‌ر بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و مادانه‌ی كه پێشنیازكراون بۆ هه‌مواركردن، واتا به‌زۆرینه‌ی دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگه‌كان.
پێنجه‌م: له‌حاڵه‌تێكدا ئه‌گه‌ر هه‌ر پێشنیازێك له‌لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنه‌وه خرایه‌ڕوو سه‌باره‌ت بهههمواركردنێكی سنووردار له ماده‌و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌ی ده‌ستووردا، لیژنه‌كه پێشنیاز ده‌كات كه ئه‌و ماددانه بخرێنه به‌رده‌م لیژنه‌یه‌كی یاسایی تایبه‌تمه‌ند بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و ده‌ربڕینی بیروڕای خۆی له‌باره‌یه‌وه.
تكایه راو سه‌رنجتان سه‌باره‌ت به پرۆژه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ ئۆپۆزسیۆن...