بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێزان مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان
دوای ئەوەی وەفدی بەڕێزتان سەردانی هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی کرد و سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان لەگەڵماندا دوان، هەر سێ لا ئەمڕۆ ١٦/ ٨/ ٢٠١١ کۆبووینەوە و، بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان پێشنیار دەکەین کە بەڕێز سەرۆکی هەرێم وەک باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و بەو سیفەتەی بەڕێزیان دەسپێشخەر بوون بۆ کۆبوونەوە پێنج قۆڵییەکان، ئەم بڕیار و فەرمانانە رابگەیەنێت:
1- سەبارەت بە کێشەی دادگایی کردنی تۆمەتبارانی روداوەکانی ١٧/ ٢ – ٢٨/ ٤ / ٢٠١١، سەرۆکی هەرێم بڕیارێکی هاوشێوەی بڕیاری ٢/ ٧/ ٢٠١١ دەربکات.
2- هەرچی پەیوەستە بە راوەدوونانی چالاکوانانی مەدەنی و بەشداربوانی ناڕەزایەتییەکان، بڕیار بدرێت کە کەس لە دەرەوەی رێوشوێنە یاساییەکان و بڕیاری دادگا نەگیرێن و ئازار نادرێن.
3- گێڕانەوەی مینحەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن کە مافێکی یاسایی و ئاساییە.
4- بڕیار بدرێت بە کۆتایی هێنان بە کێشەی سزادراوە سیاسییەکانی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بە دروست کردنی لیژنەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و نوێنەری ئۆپۆزسیۆن، کە لە ماوەی دوو هەفتە دا ئەم کێشەیە کۆتایی پێبهێنن..
لەگەڵ ڕێزماندا..
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان