بەرژەوەندی حیزبی یان مادەی 140
|
فایەق سەرچناری
دیارە نەتەوەی کورد قەد حەزی بە شەڕ و داگیرکاری نەکردوە و هەمیشە لەسەنگەری بەرگریدا بوە، هەمیشە داگیرکەرە یەك لەدوای یەکەکان ویستویانە مافەکانی زەوت بکەن و خاکەکەی داگیر بکەن، بۆیە هەمیشە لە سەنگەردا خەباتی خۆی درێژە پێداوە و لەم پێناوەشدا بە هەزاران شەهیدی داوە و چەندین کارەساتی دڵتەزێنی، وەك ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی هەزاران گوندی بەسەر هاتوە و لەسەرو ئەمانەشەوە هەر کۆڵی نەداوە.
بێگومان خەڵك دەبێت بپرسێت لە ساڵی 1991وە کوردستانی باشور بەشێکی هەرەزۆری رزگاری بو و کەوتەوە ژێر دەستی کورد و هەر کوردیش حوکمڕانی خۆی بو، حوکمڕانەکان تا چەند هەوڵیاندا بۆ مافەڕەواکانی خەڵك.
ئێمە ناچینە ناو قوڵایی باسەکەوە کە لەدوای ساڵی 1991وە کورد چۆن حوکمڕانی خۆی کرد و تا چەند بەیەکگرویی مایەوە و هەوڵەکانی چڕ کردەوە، بۆ داواکاری رەوای میللەتەکەی خۆی و گەڕانەوەی ئەو ناوچانەی کە بەداگیرکراوی یان وەکو ئێستا ناویان لێناوە جێناکۆکەکان بگەڕێننەوە سەر هەرێمی کوردوستان.
تا ئێرە لای هەمومان رونە کە لە دوای ساڵی 2003 و نەمانی سەرانی رژێمی پێشو پێگەی کورد هەر لە سەرۆکی عێراق و چەند وەزیر و بەشداری کورد لە پەرلەمانی عێراقدا، بێگومان بەشدارییەکی کاریگەر و بڕیاردەرە لە ئاستی سیاسەتی عێراق و ناوچەکە.
بەڵام لای هەموان ئاشکرایە، کە کورد خەمخۆری ناوچە دابڕاوەکان و کەرکوك بوایە، بێگومان دەتوانرا کاری باشی بۆ بکرێت و ئێستا لەسەر هەرێمی کوردستان بونایە و خەڵکەکەشی ئاسودە بکرایە کە نەکرا.
ئێستا دەپرسین، ماوەیەك پێش ئێستا هەمو هێزی پێشمەرگە خرانە حاڵەتی ئامادەباشی، زۆری هێزەکانیش رەوانەی ئەو ناوچانە کران و پەرلەمانتارەکانی کورد گەڕانەوە کوردستان و داوای بەپەلەی دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق کرا، رەخنەی زۆریشتان لە ئۆپۆزسیۆن گرت کە گوایا لە پرسە نەتەوەییەکاندا بەشداری ناکات، بەتایبەتی پرسی ئەم ناوچانە.
بەڵێ لێرەدا ئێمەش لەگەڵ ئەو شەڕەدا نەبوین و نابین، چونکە هیچ کێشەیەك شەڕ چارەسەی ناکات، چونکە ئەگەر بەم هەمو دەسەڵاتدارانەی کورد لە بەغدا هیچیان پێ نەکرابێت، ئەوا زۆر زەحمەتە بەشەڕ چارەسەری کێشەکان بکرێت، بۆیە دەڵێین ئەم ئاشتیەی ئەمڕۆ و فەرشی سور بۆ هەمان ئەو سەرۆکەی کە دوێنێ پێتان دەوت دەبێت دەستلەکار بکێشێتەوە، ئەگەر بۆ گەڕانەوەی ناوچە کوردوستانییە داگیرکراوەکان بێت و کۆتاییان هێنابێت بە جێبەجێ کردنی مادەی 140 ئەوا ئێمەش پێشوازی لەم جۆرە رێکەوتنانە دەکەین.
ئەم کێشەیە زۆری نەمابو بە سەدان پێشمەرگە کە هەژارترین چینی ئەم کۆمەڵگایەن بکاتە قوربانی بەرژەوەندی هەندێک دەسەڵاتداری کورد، ئەگەر رێکەوتنی ژێربەژێر بێت بۆ فرۆشتنی سامانی نەوت و قوتی ئەم میللەتە و هەندێک بەرژەوەندی حیزبی، ئەوا ئیتر ئەبێت میللەت هۆشیار بێت و رێگە نەدات پێیان و بڕیاریش لە هەمو دونیادا لای میللەتە نەك دەسەڵاتداران.
|
|