دەسەڵاتی پەرلەمان گەڕاوەتەوە بۆ خەڵك؟
|
فایەق سەرچناری
پەرلەمان دەزگایەکی تەشریعییە، کە کۆی بڕیارە چارەنوسسازەکانی وڵات و میللەتی لێوە دەرئەچێ و ئەبێتە کۆڵەکەیەکی گرنگ و بە هێز بۆ تێکڕای دامەزراوەکانی تری بەڕێوەبردن، هەر پرۆژە یاسایەك کە پێشنیار ئەکرێ و دوای تاوتوێکردنی ئەوکاتە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران ئەبێتە یاسای نوێ بۆ کارپێکردنی لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا.
لە هەرێمی کوردستاندا پێشتر پەرلەمان بونی هەبوە و کاری کردوە، تێکڕای خولەکانی تری پەرلەمان زۆرینەی هەرە زۆری پەرلەمانتارەکانی سەر بە دوو حیزبی دەسەڵاتدار بون، هەتا بەشکردنی دو ساڵ بە دوساڵ، کە هەر بڕیارێك دەرچوبێ هەرخۆیان جێبەجێیان کردوە و دەنگی زۆرینەش بون بۆ ئەوەی زۆر بە ئاسانی بکرێتە یاسا، ئیتر نەگەڕاونەتەوە بۆ رای خەڵك و بڕیاری خەڵکیش تەنها دەنگدان و گوێڕایەڵی بوە و هیچی تر.
هەرچەندە هەندێ خەڵکی دڵسۆز و کەسایەتی شارەزا هەوڵی خۆیانداوە لە ئاست هەر کەموکوڕیەك کە هەبوە، جاری واش هەبوە لەسەر دەرچونی یاسایەك خۆپیشاندان ئەنجامدراوە و قوربانیشی لێ کەوتۆتەوە، بەڵام بەداخەوە کە ئەم هەوڵانەش بێسود بون و ئەمانیش گوێیان لێ نەگیراوە.
ئەوەی ئەمڕۆ بوەتە جێی سەرنجی زۆرینەی خەڵك کڕینی ئەو ئۆتۆمۆبێلانە بو کە ئەکڕدرێ بۆ پەرلەمانتاران، بەڵام پێچەوانەی خولەکانی تری پەرلەمان کە جگە لە کڕینی ئۆتۆمۆبێلی گرانبەها تێکڕای تێچونەکەشی لەسەر بودجەی گشتی و قوتی خەڵك بوە، جگەلەوەش لە کۆتایی کارەکانی پەرلەماندا بۆ هەر ئەندام پەرلەمانێك بڕێك پارەی خەیاڵی وەکو دیاری و بەخشیش پێشکەش کراوە و جگە لە زۆر شتی شاراوەی تریش.
سەرهەڵدانی بزوتنەوەی گۆڕان و دروشمی کارکردن لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری تاك ئەو رێگایەی خۆشکرد بۆ کۆمەڵگا، کە خۆیان ئەتوانن چۆن دەنگیان داوە و بەکێ، ئاواش ئەتوانن بەدوای چارەنوسی خۆیان و داهاتوی نیشتیمانەکەیاندا بڕۆن و ببنە چاودێر بەسەر پەرلەمان و حکومەتەوە.
ئەم بزوتنەوەیە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە هەڵبژاردنەکانی 2009 دا بوە خاوەنی 25 کورسی، کە چوارساڵی یەکەم لەدەرەوەی حکومەتدا وەك ئۆپۆزسیۆن زۆر بە جدی کاری تەوای خۆی کرد و دەستنیشانی تێکڕای کەموکوڕیەکانی کرد لە سیستەمی سیاسی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردوستاندا. پێشتر جگەلەوەی کە کەس بەتەواوی ئاگای لە داهاتی ووڵات نەبو، بەڵکو خەڵك ئاگایان لە بڕیارەکانی پەرلەمانیش نەبو تا ئەوکاتەی کە ئەبو بەیاسا، چونکە قۆرخی دەسەڵاتەکان لەژێر فشاری حیزبدا کۆنترۆڵکرابو، هەر ئەم هۆکارەش بو کە پردی نێوان خەڵك و حکومەت یان پەرلەمان و خەڵك بەتەواوی پچڕابو.
بۆیە پێویستە ئەوە بڵێین، کە بەڵێنی بزوتنەوەی گۆڕان بەدەنگدەرانی کە بەشداری بکات لەم کابینەیەدا و شەریکبێ لە بەڕێوەبردنی حکومەتی بنکەفراواندا، سەنگی هێزو دەسەڵاتی گۆڕی و ئەم بزوتنەوەیە بوە ئەو کارئەکتەرەی کە سەرنجی هەمو خەڵکی بردە ناو پەرلەمان و تێکڕای دامودەزگاکانی حکومەتەوە، هەمیشە گەڕاوەتەوە بۆ رای خەڵك و رێگا خۆشکەریش بوە بۆ ئەوەی تێکڕای خەڵکی کوردستان ببنە چاودێر بەسەر تێکڕای کارەکانیانەوە، هەر لەم روانگەشەوە کە لەسەر داوای زۆرینەی پەرلەمانتاران و فشارخستنەسەر سەرۆکایەتی پەرلەمان بۆئەوەی هەر وەك کابینەکانی پێشو بە مافێکی رەوای خۆیان زانی ئەو ئۆتۆمۆبێلانەیان بۆ بکڕدرێ، هەرچەندە پێشنیاری یەکەم و دوەم لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە رەتکرایەوە، کە ئەبوە هۆی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، بەڵام خاڵی سێیەم کە بڕیاربو خۆیان قستەکەبدەن و لە دانی باج ئازاد بکرێن، دیارە ئەمەش هەر بوە جێی ناڕەزایی زۆری خەڵك و دەنگدەر ئەوەشی رەتکردەوە.
وەك چۆن بزوتنەوەی گۆڕان پشتی بە خەڵك بەستوە و هەمیشەش لە هەوڵدایە بۆئەوەی خەڵك دەنگی خۆی لەسەر تێکڕای بڕیارە چارەنوسسازەکان بدات، گەڕایەوە بۆ رای خەڵك و خەونی ئەوانەی تێکشکاند کە ئاواتیان ئۆتۆمۆبێلی مۆدێل بەرز و گرانبەها بو نەك خزمەتی گەل و نەتەوە. سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا کە ئەو ئۆتۆمۆبێلانە نەکڕدرێ بۆ پەرلەمانتاران.
پێویستە لەمەودوا پەرلەمان کار لەسەر ئەو یاسایانە بکات کە رەهەندی نیشتیمانیان لەسەرە و هەوڵیش بدات بۆ هەموارکردنەوەی ئەو پرۆژە یاسایانەی کە لە قازانجی خەڵك و دەنگدەردا نین و لە خولەکانی پێشوی پەرلەماندا سەپێنراون و کاریان پێ ئەکرێ، هەرچەندە ئەمە کارێکی زۆر قورسە بۆهەموارکردنەوەیان، بەڵام پێویستە میللەت پشتگیریان بکات.
سەرۆکایەتی پەرلەمان سەلماندی کە دەسەڵاتی پەرلەمان گەڕایەوە بۆ خەڵك و هەر خەڵکیش ئەتوانێ دەنگی خۆی بدات لەسەر بڕیارە چارەنوسسازەکانی داهاتوی خۆی و میللەتەکەی، سەلماندی کە خەڵك راستەوخۆ بەشدارە لە بڕیارە چارەنوسسازەکاندا، کە بەڵێنی بزوتنەوەکەبو بۆ دەنگدەرانی.
|
|