نیشتیمان هەمو لێی بەرپرسین
|
فایەق سەرچناری
دیارە بەرپرسیارێتی نیشتیمان بەتەنها ئەوانە نین کە لەپۆستە باڵاکاندا کار ئەکەن و بەڕێوەی ئەبەن، بەڵکو بەرپرسیارێتی ئەکەوێتە سەرشانی تاك بەتاکی دانیشتوانەکەی و ئەبێ هەمومان خەمخۆری بین و وەکو چاومان پارێزگاری لێ بکەین، ئیتر هەر یەکەمان لەشوێنێکدا کار ئەکەین ئەبێ بە گیانی لەخۆبوردەیی و دڵسۆزی و پێشخستن و سەرخستنی کارەکانمان ئەنجامبدەین و نیشتیمان بکەینە ئامانجی سەرەکیمان لەکاتی کارکردندا.
خاڵێکی تریش کە زۆر گرنگە بیزانین، خزمەتکردنی نیشتیمانە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە، ئەوەش کە هەرچوار ساڵ جارێ ئەو هەلە ئەدرێتە خەڵك بۆ ئەوەی هەم لەچوارساڵی رابوردوی بەڕێوەبردن تێگەیشتبێ و لەملاشەوە لەهەڵبژاردنی نوێدا بڕیار بدات باشتر لەوەی پێشو خزمەتی خۆی و نەوەکانی و نیشتیمان بکرێ، بۆیە هەڵبژاردن زۆر گرنگەو دەنگدەر ئەو بەرپرسیارێتیە گەورەی ئەکەوێتە سەرشان و بەرپرسانی وڵاتیش ئەکەونە ژێر تاقیکردنەوەیەکی گەورەی خەڵك، لەم حاڵەتەدا بەشداریکردن لەهەڵبژاردن کاریگەری تەواوی ئەبێ بۆ پێشکەوتنی نیشتیمان و خزمەتکردنی.
بەداخەوە ئەگەر ئەم هەرێمە بکەینە نمونە بۆ هەڵبژاردن، ئەوا بۆمان دەرئەکەوێ کە نەك چوارساڵ بەڵکو 23 ساڵە، میللەتی ئێمە تەجروبەی پێشکەوتن و یەکسانی و عەدالەتی تەواوی لەم بەرپرسانە نەدیوە و کەچی تا ئەمڕۆش خەڵکێکی زۆر ماوە کە دەنگیان پێ ئەدەن، بەبێ ئەوەی بیر لەچاکسازی سیاسی ئابوری و کۆمەڵایەتی بکەنەوە، تا ئێستاش دەنگیان پێئەدەن بۆ بەرژەوەندیەکی کەمی خۆیان، بەبێ ئەوەی بیرلەوە بکەنەوە کە گۆڕانکاری دروستبکەن و بیکەنە ئامانج بۆ پێشکەوتنی نیشتیمان.
ئێمە پێویستە راستیەکانی رابوردوی ئەم حیزبانە بزانین لەحوکمڕانی ئەم ماوە دورو درێژەدا کە تا چاند کاریان بۆ ئەم نیشتیمان و خەڵکە کردوە، بێگومان لای هەمومان ئاشکراو رونە. هەر لەم ماوەی کە هەڵبژاردن کرا ئەوەتا بۆمان دەرکەوت کە نە خەمخۆرن و نە هەوڵی چاکسازیش ئەدەن. بەڵکو نایانەوێ دەسەڵاتیش بدەنەوە خەڵك بۆ ئەوەی خەڵک خۆی بڕیاردەربێ بۆ چاکسازی و پێکەوەژیان.
ئەویان لەوێ و لەباتی دروستکردنەوەی ئەو پردەی کە بەدرێژایی مێژوی نەتەوەکەمان دوژمنان تێکیان شکاندوە لەبەینی ئێمەو کوردانی پارچەکانی ترا، ئەوەتا خەندەقی پچڕانی کەلتورەکەشمان لێئەدەن و شکۆی کورد لاواز ئەکەن.
ئەمیشیان لەملاوە دەسەڵاتی خەڵك بە مافی رەوای خۆی ئەزانێ و پێی گرنگ نیە کێ دەنگی پێئەدا، بەڵکو گرنگ لەوەدایە کە حوکمڕانی ناوچە هەرخۆی بێ، بۆیە زۆر گرنگە خەڵك بیزانێ کە ئەم سیستەمی بەڕێوەبردنە کۆنبوە و پێویستی بە گۆڕانە. خوای گەورەش گۆڕانکاری پێخۆشە ئەگەر روە ئاینیەکەی وەرگرین.
بۆیە هیوادارم لەهەڵبژاردنەکانی 2014/04/30 دا هەمومان پێشخستنی نیشتیمان بکەینە ئامانجمان و پێکەوە بتوانین سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی بەرجەستە بکەین بۆ خۆمان و نەوەکانمان. بە پێچەوانەوە بەرپرسیارێتی هەر کەموکوڕیەك لەئەستۆی هەمواندایە.
|
|