دواخستنی موچە قەیرانێکی مەترسیدارە
|
فایەق سەرچناری
دیارە لە هەمو وڵاتێکدا چینێکی زۆری خەڵك موچەخۆرن، ئیتر بەپێی کار و جێگە و پێگەی کەسەکان، کە ئەم چینەی کۆمەڵگا هەمیشە لە هەوڵدان و ناوەستن، بۆئەوەی هەم ئیش و کاری وڵات بە ئەندازەیەکی باش بەرن بەڕێوە و لەملاشەوە بۆئەوەی خاوەنی داهاتێك بن بۆ بەڕێوەبردنی بژێوی خۆیان و مناڵ و تێکڕای خێزانەکانیان، بێگومان موچەخۆر هەر ئەوانە نین کە رۆژانە کار ئەکەن لە فەرمانگەکاندا، بەڵکو بەشێکی زۆری کۆمەڵگان هەر لە سەرباز و پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایش و مامۆستا و خانەنشین و ...هتد.
ئەم بەشە زۆرەی کۆمەڵگا هەمیشە لە چاوەڕوانی سەری مانگدان بۆئەوەی کە موچەیان پێبدرێ و بتوانن پێی بژین، چونکە بەشی هەرەزۆری موچەخۆر ناتوانێ لە جێگایەکی ترەوە بژێوی ژیانی خێزانەکەی دابین بکا، بەڵکو تەنها دەروازەیەك بۆ ژیانی هەبێ موچەکەیەتی و هیچی تر، بەڵام لێرەدا پلانی حکومەت ئەبێ چی بێ بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەك ئەم قەیرانە سەرهەڵنەدا و دروست نەبێ لەناو کۆمەڵگادا. بێگومان پلانی هەر حکومەتێك لەهەر جێگەیەکی دونیادا سەیر بکەین ئەوا ئەبینین کە لە 25 ی هەمو مانگێکدا موچەی تێکڕای فەرمانگە حکومی و نا حکومی یەکان ئەبێ بدرێ و بە هیچ شێوەیە قبوڵ ناکرێ بۆ دواکەوتنی، ئیتر ئەم فەرمانبەرە لە دەزگاکانی حکومەتدا کار بکات یان دەزگای ئەهلی هیچ جیاوازیەکی نیە، ئەگەر رۆژی پشو کەوتە 25 ی مانگەوە ئەوا ئەبێ رۆژێك یانی 24ی مانگ موچەی درابێ. بۆ ئەوەی خەڵکەکە بتوانن لە کاتی خۆیدا ئەوەی کرێ نشینە بۆ نمونە کرێکەی بدا، یان ئاو کارەبا و ئەو قەرزانەی کە پەیوەندیان بەم موچەخۆرانەوە هەبێ لەکاتی خۆیدا فریا ئەکەون و کارەکانیان ئاسایی ئەڕۆن بەڕێوە و کێشەش هەم بۆ حکومەت و هەم بۆ موچەخۆرەکان دروست نابێ و نابێتە ئاستەنگ.
بێگومان ئەگەر ئەم موچەیە لەکاتی خۆیدا بدرێ ئەوا وڵاتەکەش توشی قەیران نابێ و بازاڕەکان ناوەستن و ئاڵوگۆڕی دراو کاڵاکان بە بەردەوامی لە جوڵەدان. لەملاشەوە بێکاری و بێزاری لەناو خەڵکا دروست نابێ و ژێرخانی ئابوریش پەرەسەندنی زیاتر بەخۆوە ئەبینێ، هەروەها لەسەر حکومەت پێویستە ساڵانە بڕە پارەیەکی باش خەزن بکات و دەستکاری نەکرێ و ساڵانەش زیاد بکرێ، ئەمەش بۆ حاڵەتی نائاسایی وڵات وەك بومەلەرزە، لافاو، قەیرانی هەڵگیرسانی شەڕ لە وڵاتدا یان بۆ هەر روداوێکی لەناکاوی ترهەڵگیرێ، بۆئەوەی لەم حاڵەتانەدا حکومەت بتوانێ تا ماوەیەکی زۆرباش خزمەتی هاوڵاتیانی بکات، ئەمە بە کورتی، بەڵام بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان و لە سایەی حوکمڕانی خۆماڵیدا، لە ساتە ئاساییەکاندا و لەو کاتەی کە رۆژانە جگە لە داهاتی ئەم هەمو فەرمانگەیە و فرۆشتنی نەوتی ئەم هەریمە بە راست و چەپدا و گومرگی خاڵە سەرسنورییەکان و ...هتد، ئەوەتا گەورەترین ئەزمەش دروست ئەبێ کە نەخوازراون، لەم لاوە پارە لە بانکەکاندا نامێنێ و لەم لاشەوە موچەی ئەم هەمو خەڵکەی کە هیچ روناکیەکی تریان نیە بۆ ژیان ئەوەستێنن، بەبێ ئەوەی باکیان هەبێ. گوێ نادەنە ئەوەی ئەم قەیرانە دروستکراوە مەترسیدارە چەندە زەرەرمەندە بۆ خەڵکە موچەخۆرەکە دو ئەوەندە زەرەر لە ئابوری وڵات ئەداو کاری تێدا ئەوەستێنێ. ئێستا کاتی ئەوە نیە بۆ نمونە مامۆستایەك خۆبەخشانە دەوام بکات، بەڵێ سەردەمێك بو میللەت خۆی وڵاتی لە قەیرانی ترسناك رزگار ئەکرد و شەو و رۆژیان ئەخستە سەریەک و بەبێ موچە دەوامیان ئەکرد، نمونەش مامۆستایانن.
ئەمڕۆ و لەسایەی حکومەتی حیزبیدا ئەم هەمو داهاتە زۆر بەداخەوە، کە ناتوانن تەنها خزمەتی 3 شار بکەن و خەڵکەکەی ئاسودەکەن. بۆیە ئەگەر حکومکردن بەم شێوەیە بڕوات و بەردەوامبن لەسەری ئەوا ئەبێ میللەت چاوەڕێی قەیرانی زۆر لەوە گەورەتر بکات و وڵاتیش هەر بۆ دواوە دێت، ژێرخانی ئابوریش بەرەو قۆناغێکی وا دەڕوات کە زۆر مەترسیدارە و لە داڕماندایە، بۆیە ئەبێ میللەت ئەم جۆرە حکومکردنە لە هیچ کەس ولایەنێك قبوڵ نەکەن و ڕیگە بگرن کە یاری بە چارەنوسی وڵات و قوتی مناڵانی ئەم هەرێمەوە بکەن. چونکە باجی بێ پلانی و کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبردنی وڵات هەر میللەت ئەیدا و زەرەرمەندی یەکەمیشە.
|
|