(سبه‌ی):
له‌ناو کوتله جیاوازه‌کانی عێراقدا بۆچونی جیاواز هه‌یه له‌باره‌ی هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور و په‌رله‌مانتارێکی کوردیش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌دات، به هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور کورد هیچ زیانێکی لێناکه‌وێت. هاوكات ئه‌ندامێكی لیستی عێراقیه ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه لیسته‌كه‌یان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراق هه‌موار بكرێته‌وه تا به‌و هۆیه‌وه عێراق بگه‌ڕێته‌وه بۆ ریزی وڵاتانی عه‌ره‌بی و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده‌ی 140یش له ناو ده‌ستوردا، كۆده‌نگی لیستی عێراقیه‌و هاوپه‌یمانی نیشتمانی له‌سه‌ره.
سوهاد فازڵ عوبێدی، ئه‌ندامی لیستی عێراقیه له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له لێدوانێكدا به (سبه‌ی) راگه‌یاند: چه‌ند بڕگه‌یه‌ك له ده‌ستوردا هه‌یه، كه عێراق به‌ش به‌ش ده‌كات بۆ چه‌ند هه‌رێمێك، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له‌و بڕگانه‌ی كه ره‌تده‌كرێته‌وه.
هه‌ر له لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌ندامه‌كه‌ی لیستی عێراقیه هه‌مواركردنه‌وه‌ی ماده‌ی 140ی ده‌ستوری به پێویستزانی و ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه: لیستی عێراقیه‌و هاوپه‌یمانی نیشتمانی (شیعه‌كان)، یه‌كده‌نگن له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی ئه‌و ماده‌یه.
له‌تیف شێخ مسته‌فا، ئه‌ندامی فراکسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به (سبه‌ی) راگه‌یاند: تا ئێستا هیچ پرۆژه‌یه‌کی جدی نیه یاخود هیچ هه‌ڵمه‌تێک نیه له ناو په‌رله‌ماندا بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور، به‌ڵام له‌ناو کوتله‌کاندا بۆچونی جیاواز هه‌یه، لیستی عێراقیه به ئاشکرا داوای هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور و هه‌موارکردنه‌وه‌ی ماده‌ی 140 ده‌که‌ن، هه‌رچی ده‌وڵه‌تی یاساشه ده‌ڵێن ماده‌که ده‌ستوریه و ئێمه دژی نین، به‌ڵام له سه‌ر ئه‌رزی واقیع جێبه‌جێی ناکه‌ن.
وتیشی: به هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور کورد هیچ زیانێکی لێناکه‌وێت، چونکه له لایه‌که‌وه تا کورد رازی نه‌بێت ده‌ستور هه‌موار ناکرێته‌وه، له‌لایه‌کی تریشه‌وه میکانیزمی هه‌موارکردنه‌وه زۆر ئاڵۆزه، ده‌بێت دو له‌سه‌ر سێی په‌رله‌مانتارانیش ده‌نگی پێبده‌ن، ده‌بێت دو له‌سه‌ر سێی 3 پارێزگاش ره‌تی نه‌که‌نه‌وه، له‌به‌رئه‌وه 2 پارێزگای کوردستان ده‌توانێ هه‌ر هه‌مواکردنه‌وه‌یه‌ک ره‌تبکاته‌وه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فراکسیۆنی گۆڕان، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو: هه‌رچه‌نده ماده‌ی 140 له ده‌ستوریشدا هه‌یه، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و ده‌قه ده‌ستوریه وه‌ک ئاڵتونی ناو قاسه‌یه‌ک وایه که کلیله‌که‌ی ون بوبێت، چونکه هیچ هه‌نگاوێکی جێبه‌جێ نه‌کراوه، له‌به‌ر ئه‌وه ئێستا عه‌ره‌ب زۆر باسی ماده‌ی 140 ناکه‌ن، چونکه ده‌زانن که کورد داوای ئه‌و ماده‌یه ناکات، له‌ماوه‌ی رابردوشدا کورد خه‌می جێبه‌جێکردنی ئه‌و ماده‌یه و خه‌می نه‌ته‌وه‌ییان نه‌بوه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئێستا لایه‌نه عه‌ره‌بیه‌کان بۆیان ده‌رکه‌وتوه، کورد جدی نیه به‌رامبه‌ر ماده‌ی 140، چونکه به بودجه یاخود به پۆست رازی ده‌کرێن، تا ئێستاش که ساڵێک و 2 مانگ به سه‌ر ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی په‌رله‌ماندا تێپه‌ڕیوه، تائێستا هیچ داواکارییه‌کی جدی بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و ماده‌یه نه‌خراوه‌ته ڕو.
به‌ڕای تۆ:
1- داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوری عێراق له‌لایه‌ن هه‌ندێك لایه‌نی عه‌ره‌بییه‌وه به چ مه‌به‌ستێكه؟
2- له‌كاتی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوردا كورد چی بكات باشه و چ داوایه‌كی خۆی له ده‌ستوردا بچه‌سپێنێت؟
3- هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستور چی كاریگه‌رییه‌كی ده‌بێت له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه دابڕاوه‌كان و ماده‌ی 140؟
4- هه‌ر سه‌رنجێكی تر له‌وباره‌یه‌وه...