گۆڕان و رێكخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی
|
به‌ختیار شاره‌زوری
یه‌كێك له گرنگترین هێزی گۆڕان له هه‌ناوی كۆمه‌ڵگادا بونی رێكخراوی مه‌ده‌نی و پیشه‌ییه، كه بتوانرێ به‌پێی جۆر‌و چۆنیه‌تی كار‌و پیشه له چوارچێوه‌یه‌كدا وه‌ك جڤاتێكی زیندو هه‌ر رێكخراوێك گوزارشت له دیدو كاره‌كانی خۆی بكات، هه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه هه‌ر رێكخراوێك وه‌ك یه‌كه‌یه‌ك له پێكهاتی كۆمه‌ڵگا ده‌توانێت زویندوبونی خۆی بسه‌لمێنی، هه‌ر تاكێك له رێگه‌ی ئه‌م رێكخراوه‌وه ئالیه‌تی په‌یوه‌ندی خۆی و حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانی تر دیاری بكات، ده‌توانێت ماف و ئه‌ركی خۆی رێك بخات، به‌ڵام كاتێك حیزب دێت و سه‌راپای رێكخراوه‌كانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی داگیر ده‌كات و دایده‌ماڵێ له ماناكانی خۆی و وێنه‌یه‌كی خۆی ده‌داتێ، ئه‌وكات سه‌رجه‌م تاكه‌كانی ناو ئه‌و رێكخراوانه ده‌بنه كۆیله‌ی حیزب و كار بۆ ئه‌و سه‌رانه ده‌كات كه حیزب دای ناون، ئا لێره‌وه جۆرێك له خاڵی بونه‌وه له ماناكانی خۆی وه‌رده‌گرێ.
تائێستا له هه‌رێمی كوردستاندا رێكخراوه‌كان درێژكراوه‌ی حیزب بون و متمانه‌ی لای تاكی خۆی نه‌ماوه، بۆ به‌رگری كردن له مافی ئه‌ندامانی بۆیه له سه‌ر بناغه‌ی پێكه‌وه‌به‌ستن و ناچاركردن ئه‌ندامانیان دروست كردوه، واتا ئه‌و ناتوانێت ببێت به خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك مافی تایبه‌تی خۆی ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و رێكخراوه بێت، كاتێك ده‌بێته ئه‌ندام ده‌بێت ستایشی ئه‌و حیزبه بكات بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافه‌كانی، كه‌واته حیزب له‌سه‌ر مافی تاكی ناو رێكخراوه مه‌دنیه‌كان خۆی بونیاد ناوه، ئه‌مه‌ش دیسانه‌وه هه‌مان دیدی ستالینی و به‌عسیانه‌یه، كه حیزب سه‌راپای كۆمه‌ڵگا داگیر ده‌كات، ئێسته به‌هه‌مان شێوه ئه‌و دیو دێگه‌ڵه و ئه‌م دیو دێگه‌ڵه پڕه له رێكخراوی دیموكراتی سه‌وز و زه‌رد، تائێستاش نه‌توانراوه له دو به‌شی رێكخراوه‌كان رزگارمان ببێت، به‌شێكی بریتیه له نه‌بونی پاشخانێكی رۆشنبیری لای تاكی ناو ئه‌م رێكخراوانه، به‌شێكی تری له رێگه‌ی پاوان كردنی موچه‌وه ناچاری ملدان بۆ داخوازییه‌كانی حیزب كراوه، ئیتر هه‌ر له (پیشه‌وه‌ران و كاسبكاران و مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و پزیشكان و ژنان و ...هتد)، به‌هۆی ئه‌م پاوان كردنه‌وه كۆمه‌ڵگا توشی ئیفلیجیه‌كی ته‌واو بوه، كه ده‌زانین نیشانه‌ی زویندویتی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك به‌نده به سه‌ربه‌خۆی و كارا بونی رێكخراوه مه‌ده‌نی دیموكراتیه‌كانیه‌وه.
له دوای 25/7وه دروست بونی ئۆپۆزسیۆنی هه‌قیقی، ئه‌م رێكخراوه مه‌ده‌نیانه ده‌كه‌ونه به‌رده‌م كۆمه‌ڵێك پرسیاره‌وه، كه بتوانرێ بۆ رزگاربونی هه‌مو رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان و سه‌ربه‌خۆ بونیان كار له‌سه‌ر پیشه‌یی بكرێ بۆ به‌رگری كردن و داواكاری مافه‌كانیان، پرسیاره‌كه لێره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ئایا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌ك چالاك ترین ئۆپۆزسیۆن ئه‌توانێ كار له‌سه‌رجه‌م رێكخراوه‌كاندا بكات، بۆ سه‌ربه‌خۆ بون و گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه بۆ ئه‌ندامه‌كانی به‌رگری كردن له‌ڕوی یاسای و گوشاره‌وه بۆ لایه‌نی به‌رپرس ئازاد كردنی هه‌ر كه‌سێك، كه ئه‌ندام بێت یان نا تا رێكخراوێكی ته‌ندروست بونیاد بنرێ.
ئێستا به‌هۆی فشاری ده‌نگه ناڕازیه‌كان به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره كاركردنه رێكخراوه‌كان روبه‌ڕوی كۆنگره و هه‌ڵبژاردن بونه‌ته‌وه، تا چه‌ندێ ده‌توانرێ رێ له ساخته و حیزب بگیرێ كه نه‌توانێ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كاری له‌سه‌ر بكات، ئه‌ركی گرنگی ئۆپۆزسیۆنه كه كار بكات تا رێكخراوه مه‌ده‌نیه‌كان سه‌ربه‌خۆ بێت بۆ بونیاد نانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ته‌ندروست.
|
|