محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه له‌به‌رده‌م پرسگه‌لێكی ناخوازراودا راوهدهوستێنێت، كه هه‌ر یه‌كێك له پرسه‌كان به ئه‌ندازه‌ی خۆیان كاریگه‌ریان له سه‌ر ئه‌زمونی سیاسی هه‌رێمه‌كه‌مان داناوه به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر ده‌بێت له‌و روانگه‌یه‌وه شیكاریی بۆ بكه‌ین، پرسه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه خۆی له كێشه‌ی به ههرێمبون و فیدراڵیه‌ت و كێشه‌ی سنوردا نابینێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به دورن له ململانێی سیاسی و شه‌ڕی پرۆژه بۆ باشتركردنی سیسته‌می سیاسی و ئیداریی كه له نه‌بونیدا پاشه‌ڕۆژی هه‌رێمه‌كه‌ی له به‌رده‌م چه‌ند رێگایه‌كی فره ئاراسته‌دا به‌ره‌و قوڵبونه‌وه و تۆخكردنه‌وه‌ی كێشه و ئاڵۆزییه‌كان، داناوه.
پرسی بێده‌سه‌ڵاتی په‌رله‌مانی كوردستان، دیكتاتۆرییه‌تی تێپه‌ڕاندنی بڕیاره‌كانی ناو په‌رله‌مان به زۆرینه‌ی ده‌نگ، به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌ی په‌نجا به په‌نجا، نادیاریی و ناشه‌فافیی بودجه‌ی هه‌رێم و گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كاندا، هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رپرسانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ كێشه و گرفته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ناوه‌نددا به‌شێوه‌ی شه‌خصی و دور له نه‌ریتی دیبلۆماسی و ئه‌ته‌كێتی حكومه‌تداری.
كه‌واته ده‌بێ بڵێین چی؟ ئه‌زمونێكمان هه‌یه له‌بێ ئه‌زمونی یان دیموكراسییه‌ك به پێناسه‌ی كوردیی؟ گه‌ر دیموكراسی به پێناسه‌ی كوردیمان قه‌بوڵكرد، ئه‌ی ده‌بێ پێوه‌ر و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی چی بن؟ ئه‌ی شه‌رعییه‌تی له چییه‌وه وه‌رگرتوه؟ گه‌ل، حیزب یان چه‌ند كه‌سێك كه هه‌ڵگری پێناسه‌ی شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕین؟
با لێره‌وه یه‌ك به یه‌كی پرسیاره‌كان شیكار بكه‌ین تا بزانین ئه‌م شیكاركردنه له كوێوه سه‌رمان ده‌رده‌هێنێت، گه‌ر كه‌ناڵه‌كانی میدیا و قسه‌ی سه‌ر زاره‌كی به‌رپرسه‌كان وه‌ربگرین ئه‌وا ده‌ڵێین هه‌رێمه‌كه‌مان خاوه‌نی یه‌ك په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و ته‌واو ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه، كه‌واته تابلۆیه‌كی نه‌خشێنراومان له به‌رده‌سته كه وێنه‌ی سێ قه‌ڵای مه‌زنی له‌سه‌ر كێشراوه، قه‌ڵایه‌ك بڕیاره‌كانی لێوه ده‌رده‌چێت، یه‌كێكی دیكه‌یان جێبه‌جێیان ده‌كات، ئه‌ویتریان (سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم) ده‌وری دادوه‌ریی ده‌بینێت، له یه‌كه‌میاندا قه‌ڵاكه ده‌گۆڕرێت بۆ مه‌یدانی زۆرانبازیی، چ بڕیارێك هه‌بێت به زۆرینه تێده‌په‌ڕێنرێت و كه‌مینه له‌به‌رده‌م لێشاوی زۆرینه‌دا چۆك داده‌دات، ئیدی خوله‌كانی په‌رله‌مان كاته‌كانی خۆی به هێرشكردن و به‌رگریی لهخۆكرن، ته‌واو ده‌كات، هه‌میشه‌ش زۆرینه براوه و كه‌مینه‌ش دۆڕاوه‌یه، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی به‌شێوه‌یه‌كی تیۆریی و زانستی سیاسییش به‌شێوه‌یه‌كی پراكتیكیی زۆر ده‌مێكه چه‌مكی (زۆرینه و كه‌مینه)یان به كوشتنی رۆحی دیموكراسی داناوه، گه‌ر هه‌رشتێك له‌م بونه‌دا له‌گه‌ڵ له‌دایكبونیدا فاكته‌ری له‌ناوبردنی خۆی له هه‌ناویدا هه‌ڵگرتبێت، ئه‌وا چه‌مكی (زۆرینه) نه‌فه‌سی دیموكراسی ده‌بڕێت و زه‌نگی مردنی لێده‌دا. ده‌رئه‌نجامیش ئه‌وه‌یه ئه‌زمونی دیموكراسی توشی په‌تایه‌كی كوشنده بوه‌ته‌وه، پێویستی به چاره‌سه‌ره.
له قه‌ڵای دوه‌مدا (حكومه‌تی هه‌رێم)، دۆڕاوه‌كان له مه‌یدانی زۆرانبازییهكهدا كراوه‌نه‌ته ده‌ره‌وه، براوه‌كان ئاماده‌ییان هه‌یه، پله‌ی گه‌رمی ململانێكان دابه‌زیوه بۆ خواری پله‌ی سفری سه‌دی، به‌پێچه‌وانه‌وه كێرڤی بێمتمانه‌یی به‌رزترین پله‌ی تۆمار كردوه، هاوپه‌یمانی زۆرینه‌ی قه‌ڵای یه‌كه‌م لێره‌دا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، پاره‌كان، ده‌سه‌ڵاته‌كان، سنوره‌كان، هه‌مویان به‌سه‌ردا دو دا دابه‌شده‌كرێن.
بینای سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، نابێته قه‌ڵای جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان، به‌ڵكو ده‌بێته دادگایه‌كی دادپه‌روه‌ر بۆ دابه‌شكردنی سه‌روه‌ت و سامانی گشتی له‌نێوان هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداردا. ئیدی نه فیكری سیاسی و نه زانستی سیاسی ناتوانن له تاقیگه‌كانی خۆیاندا وه‌ها نه‌خۆشییه‌ك شیكاربكهن. كه‌وابو چۆن چاره‌سه‌ر ئه‌دۆزرێته‌وه؟
قه‌ڵای سێیه‌م: شوێنێكی ئیجگار سارد و سڕه، چونكه خاڵییه له كێشمه‌كێش و مشتومڕی سیاسیی، لێره‌دا دۆڕراو و براوه‌كانیش له‌مه‌یدانه‌كه‌دا نین، تاقه كه‌سێك بینای سه‌رۆكایه‌تییه، بینای حكومه‌ته، بینای په‌رله‌مانه، واته خۆی به‌ته‌نها وێنای هه‌مو قه‌ڵاكان ده‌كات، هه‌ر خۆی به‌ته‌نها به خاوه‌نی هه‌مو قه‌ڵاكان ده‌زانێت كه‌چی ناشزانێ چۆن قه‌ڵا به‌ڕێوه ده‌برێت؟ حه‌زی له زۆریی ژماره‌كانه، ژماره‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان، شاره‌كان، داموده‌زگاكان، به‌ڵام زۆریی ژماره‌ی حیزبه‌كان، بونی دو كه‌س له بینای سه‌رۆكایه‌تی، ناڕه‌حه‌تی ده‌كات.
كه‌واته له كوردستاندا به‌پێی شوێن و كات پێوه‌ره‌كان دهگۆرڕێت، له‌هه‌ندێ كات و شوێندا كه‌سه‌كان، له هه‌ندێكی تردا حیزب، پێوه‌ری یه‌كه‌م و ئه‌به‌دییه، هه‌ندێجاری تر هه‌مو شته‌كان ده‌گۆڕڕێن، نه كات، نه شوێن، نه قه‌ڵا، هیچ نین، به‌ڵكو كه‌سه‌كان شتن، چونكه له فیكری سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا كه‌سه‌كان گرنگترن.
|