حكومه‌تی هه‌رێم... حكومه‌تێك به‌بێ ئاسایشه‌كان
|
محه‌مه‌د سه‌فه‌ر
له‌وانه‌یه حكومه‌تی هه‌رێم نغرۆی نه‌زانی و لێنههاتوی بوبێت، یان له‌ڕێره‌وی راسته‌قینه‌ی حوكمڕانی هه‌رێمه‌كه‌دا روبهڕوبێت له‌گه‌ڵ كه‌مته‌رخه‌می و نه‌بونی ئه‌زمونێكی تۆكمه له به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمه‌كه‌دا، یان به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ بێت یان نا، هۆكاره بۆ كه‌ڵه‌كه‌بونی كێشه و داڕوخانی ئاسایشه هه‌مو جۆره‌كان له‌م هه‌رێمه بچكۆله‌یه‌دا، ده‌نا حكومه‌تی هه‌رێم به كه‌مترین ئه‌ركی هه‌ستایه له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، مێژوی نه‌هامه‌تییه‌كانی له‌ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیدا ده‌هێشته‌وه.
ده‌نگ هه‌ڵبڕینی نیشتیمانییانه له په‌رۆشیدا بۆ زاڵبون به‌سه‌ر كێشه‌كاندا، به‌رزبونه‌وه‌ی ناڕه‌زایی گه‌ل، رۆشنبیران، دڵسۆزان، راسته‌وخۆ مه‌حكومن به پۆڵێنكردنیان به دوژمنانی گه‌ل، هه‌بونی ده‌ستێكی ده‌ره‌كی له پشتیانه‌وه، ئیدی كاردانه‌وه‌كانی حكومه‌ت بێ به‌زه‌ییانه له دژیان ده‌كه‌وێته‌كار، خۆ ژینگه‌كه‌ش له‌باربێت، ئه‌وا كاردانه‌وه‌كان سنوری خۆیان تێده‌په‌ڕێنن و هیچ هێزێكیش ناتوانێت له‌به‌رامبه‌ریاندا خۆڕاگریی بكات.
له بیرمانە ساڵی 2009 له ئێران‌دا، لایه‌نگرانی باڵی سه‌وز كه په‌رۆشی چاكسازیبون له سیسته‌می حوكمڕانی وڵات‌دا، بۆ یه‌كه‌مجار نه‌خێریان له‌دژی حكومه‌ته‌كه‌ی (ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد) به‌رزكرده‌وه، به ده‌نگێكی به‌رز هوتافیان له‌دژی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یان ده‌كێشا. له وەڵامدا سه‌رۆكه‌كه‌یان (ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد) له‌بری به‌ڵێندان به چاكسازیی و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌ت و گه‌ل، خۆپێشاندانه‌كانی گه‌لی ئێرانی به‌ده‌ستی ده‌ره‌كی و راسته‌وخۆش ئه‌مەریكا و ئیسرائیلی به وه‌ستان له پشتی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه، تاوانباركرد.
له‌وه‌ش كۆمیدیا تر ئه‌وه بو، (ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد) بۆ راكردنی له واقیعێك كه به‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی گرتوه، وتی ئه‌مەریكا ناتوانێت كێشه‌ی ئابوریی و بێ بازاڕیی جیهانی و بێكاریی له ئه‌مەریكادا كه له ساڵی 2008ه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه چاره‌سه‌ر بكات. له‌بری ئه‌وه‌ی پلانێكی بۆ چاره‌سه‌ریان هه‌بێت، ناچاره به پشێوینانه‌وه له‌ناو ئێران‌دا، بیانویه‌ك بۆ راكردن له كێشه‌كان بدۆزیته‌وه.
له‌ڕاستیدا، (ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد) ئه‌و پهسنهی كه بۆ سه‌رۆك و حكومه‌تی ئهمەریكایكرد. كت‌و مت، به‌سه‌ر خۆیدا ده‌شكایه‌وه، چونكه خۆیشی كه په‌نای بۆ وه‌ها قسه‌یه‌ك برد، هیچ نه‌بو جگه له راكردن له راستییه‌ك كه له‌به‌رامبه‌ریدا هیچ پلانێكی بۆی نه‌بو، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت ویستی به‌م كاره‌ی بیانویه‌ك بۆ سه‌ركوتكردن بدۆزێته‌وه و پێگه‌ی خۆی پێ قایم بكات.
له‌به‌ر رۆشنایی روداوه‌كان كه له وڵاتانی جیهاندا روده‌ده‌ن، له چه‌شنی وڵاتانی ئێران و فه‌نزویلا و سوریا و وڵاتگه‌لێكی دیكه‌ی دیكتاتۆریی، ناتوانین كاردانه‌وه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێم به مافێكی راسته‌قینه‌ی خۆی بزانین، به‌تایبه‌تیی كه ده‌بینین له ئاسایشی نیشتیمانییه‌وه بگره و به‌نێو به ئاسایشی خۆراكی و ته‌ندروستی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كاری دادگاییه‌وه گوزره بكه تا ده‌گاته ئاسایشی ئابوریی، له‌ژێر به‌زه‌یی وڵاتانی نەیارانی ههرێمهكهماندایه.
كه ئاسایشه‌كان له‌م هه‌رێمه‌دا مردون، ئه‌وه‌نده‌ی په‌یوه‌ندی به كه‌مته‌رخه‌می و نا دڵسوزی هه‌ڵسوڕێنه‌ر و بكه‌ره‌كانی هه‌رێمه‌كه‌وه هه‌یه، به هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی به سه‌ركه‌وتنی سیاسه‌تی وڵاتانی دوژمنی هه‌رێمه‌كه‌وه نییه. له ئه‌نجامی نه‌بونی پلانێكی ههمولایهنهی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه بۆ به‌هێزكردنی ئاسایشه هه‌مو جۆره‌كان، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه بوه، ئاسایشی هه‌رێمه‌كه، بكه‌وێته ژێر هه‌ژمونی سیاسه‌تی بێ به‌زه‌ییانه‌ی وڵاتانی دراوسێوه.
مادام، بكه‌رانی سیاسی هه‌رێمه‌كه ده‌سته‌وه‌ستانن له‌ئاست چاره‌سه‌ركردنی كێشه گه‌وره‌كانی هه‌رێم، كاردانه‌وه‌كان هه‌رچییه‌ك یان هه‌ر چۆنێك بوبن، جگه له خۆ قایمكردن و شه‌رعییه‌تدان به‌مانه‌وه‌ی زیاتر له ده‌سه‌ڵاتدا، بڕوا ناكه‌م خوێندنه‌وه‌ی دیكه هه‌ڵبگرێت.
|
|