سیروان ره‌شید
جارێكی تر‌و له سایه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان پارتی‌و یه‌كێتی، كه نزیكه‌ی دوساڵه بۆته ته‌وقێك به گه‌ردنی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌و بارێكی قورسی سیاسی له‌گۆره‌پانه‌كه‌دا به‌رپاكردوه، سه‌ركردایه‌تی هه‌ردولا به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ خه‌ڵكی كوردستان‌و گوێنه‌دان به ئیراده‌ی میلله‌ت، به‌نیازن هه‌رله‌ئێستاوه زه‌مینه سازبكه‌ن بۆ دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كه 18ساڵه ته‌نها 2 جارهه‌ڵبژاردن له هه‌رێم ئه‌نجامدراوه.
ئه‌و رێككه‌وتنه ستراتیژیه‌ی كه له مانگی ته‌موزی 2007، له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی پارتی‌و یه‌كێتی بۆ ماوه‌ی دو خولی هه‌ڵبژاردن ئیمزای له‌سه‌ركراو له راستیشدا ئێستا گومانی ئه‌وه ده‌كرێت جارێكی دیكه‌ش نوێبكرێته‌وه، بۆیه ئه‌و رێككه‌وتنه مه‌ترسیدارترین جۆری گه‌نده‌ڵیی سیاسیی به‌رهه‌م هێناوه و كۆسپ‌و رێگره له‌به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنی پرۆسه‌ی دیموكراسی له‌هه‌رێمی كوردستان.
هۆكاری ئه‌نجامدانی ئه‌و رێككه‌وتنه نه‌بونی ئیراده‌ی پێكه‌وه‌ژیان بو له‌نێوان پارتی‌و یه‌كێتیدا، سه‌ڕه‌رای به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی بازنه‌ی سیاسی‌و زیاتر قۆرخكردنه‌وه‌ی باری ئیداری‌و سیاسی هه‌رێم بۆ خۆیان، به‌ڵام بیانوی یه‌كێتی‌و پارتی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و رێككه‌وتنه "هه‌ستیاری قۆناغه سیاسیه‌كه‌و مه‌ترسی‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌كی بو، كه وای لێكردین هاوپه‌یمانی ستراتیژی ئه‌نجام بده‌ین".
هه‌رچه‌نده ناتوانین نكۆڵی له‌وه بكه‌ین كه رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان ئه‌و دو هێزه ده‌سه‌ڵاتداره لایه‌نی ئیجابی تێدایه، به‌ڵام رێككه‌وتنه‌كه سه‌د له سه‌د ته‌وافوقێكه له‌سه‌ر حسابی دواكه‌وتنی پرۆسه‌ی دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستان، به‌جۆرێك ئێستا:
* په‌رله‌مانی كوردستان به‌هۆی كاریگه‌ری ده‌ستوه‌ردانی پارتی‌و یه‌كێتیه‌وه ئیفلیج كراوه‌و سه‌دان نمونه‌ش له‌م باره‌یه‌وه به‌رچاوه، هه‌روه‌ك گه‌وره به‌رپرسێكی سیاسی پێیوتم" له‌كاتی ناردنی بودجه‌ی 2008ی هه‌رێم بۆ په‌رله‌مان، به‌رپرسێكی باڵای پارتی به عومه‌ر فه‌تاحی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی وتوه، ئه‌گه‌ر لیستی سه‌وز ئه‌وه‌نده سوربن له‌سه‌ر موناقه‌شه‌كردنی بودجه‌و له ورد‌و درشتی چۆنیه‌تی بڕیارلێدانی بكۆڵنه‌وه ، ئێمه رێكه‌وتنی ستراتیژی هه‌ڵده‌وه‌شێنینه‌وه.
* له بواری كاروباری حكومه‌تیشدا، هیچ نیشانه‌یه‌كی حكومه‌تی ئیئتیلافی بنكه فراوان به كابینه‌ی پێنجه‌وه هه‌ستی پێناكرێت‌و هه‌یمه‌نه‌ی پارتی‌و یه‌كێتی به روخساری حكومه‌ته‌كه‌وه دیاره‌و به‌شداریپێكردنی (5) وه‌زیر ی حیزبه‌كان له كابینه‌كه‌دا ته‌نها شتێكی روكه‌شه‌و وه‌زیره‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی‌و پارتی له مه‌سائیله گرنگ و چاره‌نوسسازو گرنگه‌كاندا هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت، بگره له‌كاتی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشدا مه‌سه‌له هه‌ستیاره‌كان باس ناكرێ‌و پێشتر له كۆبونه‌وه‌ی بچوكی نهێنیدا، سه‌رۆكی حكومه‌ت‌و جێگره‌كه‌ی چه‌ند وه‌زیرێكی وه‌زاره‌ته سیادیه‌كان بڕیار له مه‌سه‌له‌كان ده‌ده‌ن.
* به‌گشتی له بواری پرۆسه سیاسیه‌كه‌شدا هه‌ردولا كۆكن له‌سه‌ر به‌گژداچونه‌وه‌ی هه‌مو جۆره هه‌وڵێك بۆ دروستبونی ئۆپۆزسیۆنێكی كارا له كوردستان، وه‌ك له خاڵی سێیه‌می به‌شی حه‌وته‌می رێككه‌وتنه ستراتیژیه‌كه‌یاندا سه‌باره‌ت به دروستبونی ئۆپۆزسیۆن هاتوه "نابێت وا بكرێت كه ئه‌م رێككه‌وتنه ببێته ئه‌گه‌ری به‌هێزبونی ئۆپۆزسیۆنی سلبی له كوردستاندا".
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌مو ململانێیه‌كیش له‌نێوان ئاسته‌كانی خواره‌وه‌ی ئه‌و دولایه‌نه‌دا له‌ناو (حكومه‌ت، په‌رله‌مان، رێكخستنی حیزبی) ده‌بێت سنوری رێكه‌وتنه‌كه نه‌به‌زێنێ‌و سه‌قف دانراوه بۆ هه‌مو جوڵه‌و هه‌نگاوه‌كان‌و هه‌موشتێك ده‌بێت له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و رێكه‌وتنه‌دا بێت‌و به‌جۆرێك له جۆره‌كان رێكه‌وتنی "سه‌روه‌ر" له هه‌رێم هه‌یه‌و ئه‌و رێكه‌وتنه ستراتیژیه به‌رزتره له قانون‌و ده‌ستوری ئه‌م وڵاته‌و له جیاتی ئه‌وه‌ی قانون‌و ده‌ستور سه‌روه‌ر بێت، رێكه‌وتنه ستراتیژیه‌كه سه‌روه‌ره، چونكه شته‌كان ئه‌بێت له‌ژێر ساباتی ئه‌م رێكه‌وتنه‌دا بێت‌و بچێت.
بۆیه ئه‌و رێكه‌وتنه له‌نێوان دو لایه‌ن دایه له دژی چه‌ند لایه‌نێكی دیكه، ته‌وافوقێكه بۆ دواخستنی پرۆسه‌ی دیموكراسی له هه‌رێمی كوردستاندا‌و پێویسته هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه.
|