سیروان ره‌شید
پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م وتاره بنوسم له چه‌ندین هاوڵاتیی ساده‌م پرسیوه؛ ئایا حه‌زده‌كه‌ن هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن به گرژیی‌و توندوتیژیی به‌ڕێوه‌بچێت؟ ئایا حه‌زده‌كه‌ن پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن غهشو ته‌زویرو تۆقاندندی تێدا روبدات؟ له وه‌ڵامدا له تاقه یه‌ك كه‌سم نه‌بیست دژی ئه‌وجۆره ره‌فتارانه نهبێتو ئومێدی ئاشتی‌و ململانێیه‌كی دیموكراسییانه‌و شارستانییانه بۆ هێزه سیاسییه‌كان نه‌خوازێت.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌دو روه‌وه جیاوازه له‌هه‌ڵبژاردنی رابردوی په‌رله‌مانی كوردستان؛ یه‌كێكیان له رووی شێوازی سیستمی ده‌نگدانه‌وه، كه ئه‌مجاره به رێگه‌ی لیستی كراوه هه‌ڵبژاردنه‌كه ئه‌نجامده‌درێت، واته جگه له كێبڕكێی هاوپهیمانێتیو قه‌واره سیاسییه‌كان، له‌نێو هه‌ر لیستێكیشدا كاندیده‌كان ململانێی هاولیستهكانیان دهكهنو له‌ئێستاشدا هه‌ندێك له كاندیده‌كان ئه‌وه‌یان بیرچوه‌ته‌وه كه ململانێ له‌گه‌ڵ لیستی ركابه‌ریان بكه‌ن، بگره له هه‌وڵی ململانێدان له‌گه‌ڵ كاندیدی هاولیستهكهیاندا، ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ش كارێكی ته‌ندروسته.
هه‌روه‌ها جیاوازییه‌كی دیكه له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه‌یه كه به‌ته‌واوه‌تی لایه‌نه كوردستانییه‌كان قه‌باره‌ی راسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان بۆ دهردهكهوێتو ئه‌گه‌رێكی به‌هێزه كه ئه‌نجامی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر پێكهاته‌ی حوكمرانی هه‌رێمیش ههبێتو هاوكێشه‌ی سیاسیی كوردستان بگۆڕێت.
لیسته ركابه‌ره‌كان پێویسته به رۆحی به‌رپرسیارانه‌وه بانگه‌شه بۆ خۆیان بكه‌ن، چونكه ئه‌م هه‌ڵبژاردنه تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دیموكراسییانه‌ی قورسه بۆ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتدارو ئۆپۆزسیۆن، سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كه‌ش ئه‌وه نییه كه دو كورسی زیاتر مسۆگه‌ر بكه‌ن، به‌ڵكو سه‌ركه‌وتن له‌وه‌دایه پرۆسه‌كه به‌بێ توندوتیژیی‌و غه‌ش سه‌ربخه‌ین. چونكه ئێمه تائێستا له كوردستان نه‌مانتوانیوه پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنی دور له ته‌زویرو به‌كارهێنانی ئامرازی نامه‌شروع به‌ڕێبكه‌ین تاوه‌كو مۆدێلێكی جوان نیشانی هێزه عێراقییهكانو دنیای ده‌ره‌وه بده‌ین.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخیشه گومانده‌كرێت كه ئه‌مجاره هێزه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سیستماتیك كار بۆ ئه‌نجامدانی ته‌زویر بكهنو پرۆسه‌كه له‌كه‌دار بكه‌ن، سه‌یره‌كه‌ش له‌وه‌دایه هه‌ندێكیان وه‌ك واجبێكی نیشتمانیش ئه‌مجاره له‌مه‌سه‌له‌ی ته‌زویر ده‌روانن!.
له هه‌ڵبژاردنی رابردودا توندوتیژیی دژ به هه‌ڵسوراو باره‌گای هه‌ندێك لایه‌نی ئۆپۆزسیۆن‌و ته‌زویركردنی ده‌نگ له پارێزگاكانی هه‌ولێرو دهۆك ئه‌نجامدراو بوه هۆی ئابڕوچونی سومعه‌ی هه‌رێمه‌كه‌مان!، كه پێویسته ده‌سه‌ڵات سود له‌و عهیبانه وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌رنا شه‌رعییه‌تی دیموكراسیی هه‌رێم ده‌كه‌وێته ژێر پرسیاره‌وه!؟. به‌وپێیه‌ی دو پێوه‌ری جیهانیی هه‌یه بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردن، یه‌كه‌میان ئازادیی‌و دوه‌میان نهزیهییه، ئازادییه‌كه ئه‌وه‌یه كه رێگه له كه‌س نهگیرێتو نه‌خرێته ژێر فشاره‌وه‌و نهزیهییهكهش ئه‌وه‌یه كه لیسته‌كان غه‌ش نه‌كه‌ن‌و به‌شێوه‌یه‌كی پیشه‌ییانه كاربكه‌ن.
ئه‌گه‌ر لیستی ده‌سه‌ڵات ماوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن ته‌ندروستانه‌و بههێمنییو دور له توندوتیژیی پیاده‌بكات، بێگومان ئه‌م ره‌فتاره‌ی كاریگه‌رییه‌كی ئیجابیی ده‌بێت له‌سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستی‌و پێكه‌وه كاركردنی هه‌مو هێزه كوردییه‌كان له به‌غداو هاوكاریكردنیان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌وه ره‌فتاری توندوتیژو عه‌زیه‌تدانی ئۆپۆزسیۆن پیاده بكات، ئه‌وا ئۆپۆزسیۆنیش كه ده‌چێته به‌غدا هاوكاریی پارتی‌و یه‌كێتی ناكهنو به‌گژیاندا ده‌چنه‌وه.
هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره بۆ دهسهڵاتو ئۆپۆزسیۆن له هه‌رێمدا تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورسه، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه به ئاقاری توندوتیژیی ببه‌ن، ده‌كه‌ونه به‌ر نه‌فره‌تی مێژو. هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ر ئه‌م دۆخه بخولقێنرێت لایه‌نی ده‌سه‌ڵات (پارتی‌و یه‌كێتی) لێی به‌رپرسیارن، به‌وپێیه‌ی دهسهڵاتو هێزی چه‌كداریان به‌ده‌سته‌وه‌یه.
|